چه‌ند سه‌رنجێكى خێرا له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راييیه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ توركيا

چه‌ند سه‌رنجێكى خێرا له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌ به‌راييیه‌كانى هه‌ڵبژاردن له‌ توركيا

ئاسۆ كه‌ريم، نووسەر، وەرگێڕ و پەرلەمانتارى خولى سێى پەرلەمانى کوردستان (٢٠٠٩-٢٠١٣)


ئه‌م خوێندنه‌وه‌يه‌ به‌گوێره‌ى 99.9%ى ئه‌نجامه‌ نافه‌رمييه‌كانه‌ كه‌ له‌ سايته‌ توركييه‌كاندا بڵاو كراوه‌نه‌ته‌وه‌. وه‌ك ڕه‌چاو ده‌كرا، ئه‌ردۆغان جارێكى ديكه‌ پۆستى سه‌رۆكايه‌تیى برده‌وه‌ و تا ساڵى 2023 كه‌ 100 ساڵ به‌سه‌ر تێوه‌رسووڕانه‌وه‌ى كۆماردا تێ ده‌په‌ڕێ، له‌م پۆسته‌دا به‌ ده‌سه‌ڵاتێكى زۆرى ته‌نفيزييه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ.
ڕێژه‌ى به‌شداريكردن له‌ ده‌نگداندا له‌چاو ساڵى 2015 كه‌ 85.18% بوو، ئه‌م جاره‌ گه‌يشته‌ 86,7%
ئه‌وانه‌ى ده‌نگيان داوه‌ 51178630 كه‌سن و، ده‌نگى ڕاست بریتییه‌ له‌ 50125400؛ كه‌واته‌ ده‌نگى سووتاو له‌ مليۆنێك و په‌نجا هه‌زار زێتره‌. ئه‌م ژماره زۆره‌ى ده‌نگى ناڕاست، وه‌ك عه‌ره‌ب ده‌ڵێن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى توركيدا كه‌ له‌ 1950كانه‌وه‌ فره‌حزبیى تێدايه‌ و هه‌ڵبژاردنى تا ڕادده‌يه‌ك نيمچه‌ديموكراتیى تێدا ده‌كرێ، وەک دەڵێن ئەو ماستە موویێکی تێدايه‌!
جمهور ئيتيفاقى (هاوپه‌يمانێتييه‌كه‌ى نێوان AKP+MHP+BBP) كه‌ ئه‌ردۆغان پاڵێوراويان بووه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمار، 26900095 ده‌نگى هێناوه‌، له ‌كاتێكدا ئه‌ردۆغان 26324482 ده‌نگى هێناوه‌؛ واته‌ كه‌متر له‌ هاوپه‌يمانێتييه‌كه‌ى خۆى ده‌نگى هێناوه‌. ئه‌مه‌یش بۆ خۆى ده‌لاله‌تێكى هه‌يه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌نگيان به‌ هاوپه‌يمانێتييه‌كه‌ داوه‌، ده‌نگيان به‌ ئه‌ردۆغان نه‌داوه‌.
جمهور ئيتيفاقى 344 كورسى، واته‌ زۆرينه‌ى ڕه‌هاى كورسييه‌كانى برده‌وه‌، به‌ڵام نه‌گه‌يشته‌ دوو له‌سه‌ر سێ، واته‌ 400 كورسى. چونكه‌ ئه‌گه‌ر بگه‌يشتبايه‌ ئه‌و ژماره‌يه‌، ئه‌وجار ئه‌ردۆغان بۆ ده‌سكاريكردنى ده‌ستوور پێويستى به‌ ڕيفراندۆ‌م نه‌ده‌بوو.
كه‌چى ميلله‌ت ئيتيفاقى (هاوپه‌يمانێتيى نێوان CHP+IYI+SP)، 17013319 ده‌نگى هێناوه‌، به‌ڵام هه‌ر سێ پاڵێوراوه‌كه‌: موحه‌ڕه‌م ئينجه‌ و مه‌راڵ ئاكشنه‌ر و ته‌مه‌ل كه‌ره‌موڵڵا به‌يه‌كه‌وه‌ 19429593 ده‌نگيان هێناوه‌. واته‌ هه‌ر سێ پاڵيوراوه‌كه‌ى ئه‌و هاوپه‌يمانێتييه‌ زێتر له‌ دوو مليۆن و چوار سه‌د هه‌زار ده‌نگيان پتر له‌ هاوپه‌يمانێتييه‌كه‌ى خۆيان هێناوه‌.
موحه‌رم ئينجه‌ى پاڵێوراوى CHP ڕێژه‌ى‌ 30.6%ى ده‌نگه‌كانى هێناوه ‌و له‌ حزبه‌كه‌ى خۆى پتر ده‌نگى هێناوه‌ كه‌ ڕێژه‌كه‌ى 22.63%ه‌. له‌ كاتێكدا جه‌هه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 2015دا، ڕێژه‌ى 25.32%ى ده‌نگه‌كانى هێنابوو، ئه‌م جاره‌ كورتى هێناوه‌.
ئاكه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى نۆڤه‌مبه‌رى 2015دا، 49.5% ده‌نگه‌كانى هێنابوو، ئه‌م جاره‌ بۆته‌ 42.5%.
هه‌ده‌پ كه‌ سه‌ڵاحه‌ددين ده‌ميرتاش پاڵێوراوى بووه‌ بۆ سه‌رۆكايه‌تى، زێتر له‌ مليۆنێك و 650 هه‌زار ده‌نگ پترى له‌ ده‌ميرتاش هێناوه‌. ئه‌وه‌یش بۆ خۆى ده‌لاله‌تێكى هه‌يه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌نگيان به‌ هه‌ده‌پ داوه‌، ده‌نگيان به‌ ده‌ميرتاش نه‌داوه‌.
هه‌ده‌پ به‌پێچه‌وانه‌ى حزبه‌كانى ديكه‌ (ئاكه‌په‌ و جه‌هه‌په ‌و مه‌هه‌په‌ كه‌ هه‌ر هه‌موويان ڕێژه‌ى ده‌نگه‌كانيان كه‌م بووه‌ته‌وه‌)، هه‌م ڕێژه‌ى ده‌نگه‌كانى زياد بووه‌ له‌ (10.76%ه‌وه‌ بۆ 11.7%) و، هه‌م نزيكه‌ى 700000 ده‌نگى پتر هێناوه‌ به ‌به‌راورد به نۆڤه‌مبه‌رى‌ 2015. 
هه‌ده‌پ له‌ (11) ويلايه‌ت يه‌كه‌م ده‌نگى هێناوه‌: تونجه‌لى، موش، ئيغدير، ئاگرى، وان، دياربه‌كر، هه‌كارى، شڕناخ، ماردين، سێرت، باتمان و، به‌پێش هاوپه‌يمانێتيى جمهور ئيتيفاقى كه‌وتووه‌. له‌م 11 ويلايه‌ته‌دا  هه‌ده‌په‌ (37) كورسیى هێناوه‌ و له‌ به‌رانبه‌ردا جمهور ئيتيفاقى (15) كورسیى هێناوه‌؛ به‌ڵام له‌ چوار ويلايه‌تى ديكه‌دا (قارس، شانلى ئۆرفه‌، بنگۆڵ، بتليس) له‌ پاش جمهور ئيتيفاقى دێ و پله‌ى دووه‌مى هێناوه‌ و ته‌نيا (7) كورسیى هێناوه و،‌ له‌ به‌رانبه‌ردا جمهور ئيتيفاقى (15) كورسیى بردووه‌. واته‌ له‌م (15) ويلايه‌ته‌دا له‌ كۆى (77) كورسى، هه‌ده‌پ (44) كورسیى بردووه‌ته‌وه ‌و به‌ به‌راورد به‌ (2015) له‌و ويلايه‌تانه‌دا (1) كورسیى كه‌م كردووه‌، كه‌چى جمهور ئيتيفاقى بووه‌ته‌ (30)  كورسى ( 28 يان هى ئاكه‌په‌يه ‌و 2يان هى مه‌هه‌په‌يه‌)، كه‌چى  له‌ 2015دا  ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ 26 كورسييان هه‌بووه. به‌م جۆره،‌ 4 كورسييان زياد كردووه‌. هه‌ده‌پ له‌و (15) ويلايه‌ته‌دا، زێتر له‌  850000 ده‌نگ له‌ پێش ئاكه‌په‌يه‌ و به‌ نزيكه‌ى 630000 (شه‌ش سه‌د و سى هه‌زار) ده‌نگ له ‌پێش جمهور ئيتيفاقیيه‌؛ واته‌ حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان و هاوپه‌يمانه‌كانى. 
هودا-پار كه‌ حزبێكى ئيسلامیى كوردييه،‌ نزيكه‌ى 160000 ده‌نگى هێناوه‌ كه‌ به‌ته‌نيا هاتبووه‌ خوارێ، به‌ڵام بۆ سه‌رۆكايه‌تى ده‌نگى به‌ "ئه‌ردۆغان" دا. واته‌ ئه‌گه‌ر "ده‌رده‌ كورد" له‌ باكووريش نه‌بوايه‌، ئه‌وه‌ كورد كورسيى زێتريان ده‌هێنا.
له‌و 15 ويلايه‌ته‌ى سه‌ره‌وه‌ "ميلله‌ت ئيتيفاقى" (واته‌ جه‌هه‌په‌ و ئيى پارتى و حزبى سه‌عاده‌تى ئيسلامى)، زێتر له‌ 300 هه‌زار ده‌نگيان بردۆته‌وه‌. به‌م شێوه‌يه‌ ده‌بينين، به‌شێكى كورد بای داوه‌ته‌وه‌ سه‌ر حزبه‌كانى ديكه‌ى توركيا.
مه‌هه‌په‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى 1ى نۆڤه‌مبه‌رى 2015دا، ڕێژه‌ى 11.9%ى ده‌نگه‌كانى هێنابوو، ئێسته‌ بۆ 11.1% كه‌م بووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكه‌ بۆ مه‌هه‌په‌، پاش ئه‌وه‌ى مه‌رال ئاكشنه‌رى لێ بووه‌وه ‌و حزبێكى به ‌ناوى IYIى دامه‌زراند.
به‌كورتى هێشتا هه‌ده‌په‌ له‌ به‌رانبه‌ر "جمهور ئيتيفاقى و ميلله‌ت ئيتيفاقى و هوداپار"دا، له‌و 15  ويلايه‌ته‌دا كه‌ زۆرينه‌ كوردنشينن، ده‌وروبه‌رى 160000 ده‌نگ له ‌پێش هه‌موويانه‌وه‌يه‌. كه‌واته‌ هێشتا هۆشياریى نه‌ته‌وه‌يى له‌ ئاستێكى به‌رزدا نييه‌ له‌نێو كورده‌كانى توركيادا و، وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێ هۆكارى ديكه‌ى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و ئايديۆلۆژى، ڕۆڵێكى گرنگ ده‌گێڕن و له‌وانه‌يه‌ به‌شێكيشيان له‌نێو بۆته‌ى توركدا توابنه‌وه‌... به‌ڵام نابێ له‌بيریشمان بچێ كه‌ هه‌ده‌پ له‌ژێر گوشارێكى زۆرى ده‌وڵه‌تى توركيادا بووه‌ و به‌شێكى زۆرى سه‌ركردايه‌تييه‌ ديار و كاراكانى له‌ زينداندان و نزيكه‌ى سێ ساڵيشه‌ جه‌نگ ده‌ستى پێ كردووه‌ته‌وه ‌و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌ كوردنشينه‌كاندا كه‌م بۆته‌وه‌. بێ له‌وه‌، ڕێژه‌ى ده‌نگدانيش له‌ هه‌ندێ ئه‌ياله‌تى كوردنشيندا- وه‌ك دياربه‌كر- له‌چاو ناوچه‌كانى ديكه‌ى توركيا كه‌متر بووه‌ و زۆربه‌ى ئه‌و پێشێلكارييانه‌ى كه‌ له‌ ڕۆژى ده‌نگداندا كراون، به ‌قسه‌ى جه‌هه‌په‌ له‌ ناوچه‌ كوردنشينه‌كاندا بووه‌، به‌تايبه‌تى له‌ ڕوحا.
هه‌ده‌پ كه‌ ڕێژه‌ى 11.7%ى ده‌نگه‌كانى بردووه‌، ڕێژه‌ى كورسييه‌كانى له‌ په‌رله‌مانى توركيادا (67 له‌ 600)، ده‌بێته‌  11.16%. كه‌چى ئاكه‌په‌ كه‌ ڕێژه‌ى 42.5%ى ده‌نگه‌كانى بردووه‌، ڕێژه‌ى كورسييه‌كانى له‌ په‌رله‌ماندا (295 له‌ كۆى 600) ده‌كاته‌ 49.16%. ئه‌وه‌یش يه‌ك شت ده‌رده‌خا، كه‌ سيسته‌مى دابه‌شكردنى كورسى له‌ یاساى توركيدا، سيسته‌مى "دۆهندۆت"ى به‌لژيكى، سيسته‌مێكه‌ كه‌ ته‌رجه‌مه‌ى دادپه‌روه‌رانه‌ى ده‌نگه‌كان نييه‌ بۆ كورسيى په‌رله‌مانى.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples