هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق؛ بۆشایی و قەیران

هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق؛ بۆشایی و قەیران

 

ئاسۆ كه‌ريم، نووسەر، وەرگێڕ و پەرلەمانتارى خولى سێى پەرلەمانى کوردستان (٢٠٠٩-٢٠١٣)

خه‌ريكه‌ دوو مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانييه‌كه‌ى 12ى ئاياردا تێ ده‌په‌ڕێ و هێشتا ئه‌نجامه‌كانى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ سه‌رينى بڕياره‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و دواتر دادگه‌ى باڵاى فيدراڵييه‌وه‌ يه‌كلا نه‌بوونه‌ته‌وه ‌و، به ‌قسه‌ى سه‌رۆكى پێشووى كۆميسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌ربه‌ست مسته‌فا، "به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ مانگێكى ديكه‌ ده‌خايه‌نێ تا ئه‌و به‌ده‌ست ژماردنه‌وه‌ و لێككردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان، چ له‌ ناوخۆى عێراق و چ له‌ ده‌ره‌وه،‌ كۆتايیيان پێ دێ و پاشان له‌ لايه‌ن دادگه‌ى باڵاوه‌ پشتڕاست ده‌كرێنه‌وه‌."

داخوا ئه‌و ئه‌نجامه‌ به‌راييیانه‌ى پێشتر بڵاو كرانه‌وه‌، پاش ئه‌و به‌ده‌ست ژماردنه‌وه‌يه‌ گۆڕانێكيان به‌سه‌ردا دێ يان نا، به‌تايبه‌تى كه‌ له‌به‌رچاوى نوێنه‌رى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و نوێنه‌رى قه‌واره‌ سياسييه‌كاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و بوارێك بۆ بڕوبيانوو نامێنێته‌وه‌؛ هه‌رچه‌ند له‌ ميديادا  هه‌واڵى لێكجيا و قسه‌ و قسه‌لۆكى پێكناكۆك و دژبه‌يه‌كمان به‌رچاو ده‌كه‌وێ يان گوێ لێ ده‌بێ. به‌ڵام به‌ مه‌زه‌نده‌ى خۆم هزر ناكرێ گۆڕانێكى بنه‌ڕه‌تى به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كاندا بێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، تا ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن يه‌كلا نه‌بنه‌وه‌، هزر ناكه‌م ئه‌و هه‌وڵانه‌ى له‌ ئارادان بۆ لكنزيكبوونه‌وه‌ و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌يه‌كى "نيشتمانى" و "حكوومى" و دۆزينه‌وه‌ى ئامرازگه‌لێكى له‌بار بۆ پێكهێنانى "الكتلة النيابية الاكثر عددا" كه‌ كورد و سوننه‌ و شيعه‌ى تێدا بێ، له‌ زانينى بنزمانى يه‌كدى تێ ناپه‌ڕێ. ئه‌وه‌تا فازل ميرانى، سكرتێرى پارتى، له‌ ئاخاوتنێكى ڕۆژنامه‌وانيدا پاش كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ڤدى "ته‌حالوفى فه‌تح" و "ئيئتلافى ده‌وڵه‌تى یاسا"، ئه‌مڕۆ 7ى مانگ، ده‌ڵێ: ناتوانين هه‌نگاوى كرده‌نى بۆ پێكهێنانى كوتله‌ى هه‌ره‌ گه‌وره‌ بهاوێژين، تا ئه‌و ده‌مه‌ى به‌ده‌ست ژماردنه‌وه‌ و لێكجياكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان به‌ كۆتا نه‌يه‌ت و دادگه‌ى باڵاى فيدراڵى ئه‌نجامه‌كان پشتڕاست نه‌كاته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى بڕگه‌ى 1ى مادده‌ 56ى ده‌ستوور، عێراق له‌ 1ى ته‌مووزه‌وه‌، وه‌ك ده‌گوترێ كه‌وتووه‌ته‌ نێو بۆشايیى ده‌ستوورييه‌وه‌؛ واته‌ ده‌زگه‌يه‌ك به ‌نێوى په‌رله‌مان تا ده‌ستبه‌كاربوونى په‌رله‌مانى نوێ‌، له‌ گۆڕێدا نييه‌ و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق نه‌یتوانی ته‌مه‌نى ويلايه‌تى خۆى درێژ بكاته‌وه‌؛ ئاخر دادگه‌ى باڵاى ئيتيحادى له‌ 26ى 6دا پێشه‌بڕكه‌ى له‌ په‌رله‌مان گرته‌وه‌ و گوتى: "درێژكردنه‌وه‌ى ويلايه‌تى په‌رله‌مان، بێبنه‌مايه و ده‌ستوورى نييه‌‌." لێ ده‌سه‌ڵاتى ته‌نفيزى، به‌ هه‌ر دوو لقه‌كه‌يه‌وه‌، سه‌رۆككۆمار (به‌گوێره‌ى مادده‌ 72/ بڕگه‌ى دووه‌م-ب) و حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى، كارو ئه‌ركه‌كان به‌ڕێ ده‌كه‌ن تا هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمارێكى ديكه‌ و پێكهێنانى كابينه‌يه‌كى نوێ‌.

ماوه‌ى نێوان پشتڕاستكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان له‌ لايه‌ن دادگه‌ى باڵاى فيدراڵى و هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆككۆمار و پاشان پێكهێنانى كابينه‌ى نوێ‌ چه‌ند ده‌خايه‌نێ، ديسان ديار نييه‌. چونكه‌ هێشتا  كوتله‌ شيعييه‌كان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ و ئه‌جێندا و كه‌سايه‌تييه‌كى دياريكراو بۆ پۆستى سه‌رۆكوه‌زيران ڕێك نه‌كه‌وتوون و ناوى چه‌ند كه‌سێك لێره‌ و له‌وێ دێ، كه‌ ئه‌و پۆسته‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌.

 وێڕاى تا ئێسته‌ له ‌نێوان چه‌ند لايه‌نێكدا باس له‌ هاوپه‌يمانى و لێكحاڵيبوون كراوه‌ وه‌ك: "سائيرون" و "ته‌ييارى حيكمه‌" و "ئيئتلافى وه‌ته‌نيیه‌ى عه‌للاوى" و، "سائيرون" و "فه‌تح" و، دواجاريش 8 خاڵه‌كه‌ى نێوان "سائيرون" و "نه‌سر" له‌ 23ى حوزه‌يراندا. دواجاريش سه‌ردانى "فه‌تح" و "ده‌وڵه‌تى یاسا" بۆ هه‌ولێر كه‌ له‌گه‌ڵ پارتى كۆ بوونه‌وه‌ و ڕه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ يه‌كێتى و لايه‌نه‌كانى ديكه‌یشدا كۆ ببنه‌وه‌.

لێ ئه‌گه‌ر قسه‌كانى ئه‌مڕۆ، 7ى مانگ، ئيحسان شه‌مرى، گوته‌بێژى عه‌بادى به‌هه‌ند وه‌ربگيرێن، ئه‌وا پێده‌چێ به‌ هۆی ناته‌بايى له ‌نێوان شيعه‌كاندا، به‌تايبه‌تى له ‌نێوان "سائيرون"ى سه‌در و "ده‌وڵه‌تى یاسا"ى ماليكى هيچ هاوپه‌يمانێتييه‌ك نه‌كرێ و، ئاخاوتنه‌كانى موقته‌دا "ته‌حالوفى فه‌تح"ى "هادى عامرى"يشيان دڕدۆنگ كردبێ و كۆبوونه‌وه‌ى هه‌موو كوتله‌كانى شيعه‌ له‌ چوارچێوه‌ى يه‌ك هاوپه‌يمانێتى وه‌ك جارى جاران، كارێكى ئه‌سته‌م بێ. كه‌واته‌ ده‌بێ ئامراز و ميكانيزمێكى ديكه‌ بدۆزرێته‌وه‌ و، بۆ ئه‌مه‌یش وێده‌چێ "فه‌تح و ده‌وڵه‌تى یاسا" له‌ لايه‌ك و "ئيئتلافى نه‌سر و سائيرون"يش له ‌لايه‌كه‌ى ديكه‌وه‌ له‌ كاكه‌براله‌ و هاوپه‌يمانێتيى ديكه‌دا بگه‌ڕێن له‌ناو كوتله‌كانى سوننه‌ و كورددا...

به‌ڵام هه‌ر يه‌ك له‌و دوو به‌ره‌ شيعه‌يه‌ له‌گه‌ڵ چ هێزێكى سوننه‌ و كورددا ڕێك ده‌كه‌ون، ديار نييه ‌و ساغ نه‌بۆته‌وه‌، چونكه‌ سه‌در و عه‌بادى له‌ 8 خاڵه‌كه‌ى خۆياندا، باس له‌ "هاوپه‌يمانێتييه‌كى هه‌مه‌گيرى بان-مه‌زهه‌بگه‌رايى و ئيتنيگه‌رايى" له‌گه‌ڵ "هێزه‌ كاراكاندا" ده‌كه‌نه‌وه‌ و، ده‌يانه‌وێ "چه‌ك ته‌نيا به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێ" و، ده‌يانه‌وێ هيچ لايه‌نێ "له‌وديوى سنووره‌كانه‌وه‌ مايه‌ى خۆى له‌ كاروبارى ناو عێراقدا نه‌كا" و "يه‌كپارچه‌يیى عێراق چ وه‌ك خاك و چ وه‌ك گه‌ل بپارێزرێ..." كه‌ زێتر بۆن و تامى به‌هێزكردنه‌وه‌ى عێراقيان لێ دێ وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى سانتراليست. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش عه‌بادى به ‌ناوى "پرۆژه‌ى ديمانه‌ى نيشتمانى"يه‌وه‌، له‌ هه‌وڵى كۆكردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ براوه‌كاندايه‌. له ‌به‌رانبه‌ريشدا وه‌ك ده‌بيندرێ فه‌تح و ده‌وڵه‌تى یاسايش ده‌ستيان كردووه‌ به‌ ده‌ستپێشخه‌رینواندن و، له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شيعه‌ كۆ ده‌بنه‌وه‌...

چونكه‌ بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى حكوومه‌ت به‌گوێره‌ى مادده‌ 76/يه‌كه‌م، سه‌رۆككۆمار له‌ ماوه‌ى 15 ڕۆژدا پاش هه‌ڵبژاردنى خۆى، پاڵێوراوى ئه‌و فراكسيۆنه‌ په‌رله‌مانييه‌ ڕاده‌سپێرێ كه‌ به‌ ژماره‌ له‌وانى ديكه‌ زۆرتره‌. حاڵى حازر، ته‌حالوفى سائيرون كه‌ موقته‌دا سه‌در ڕابه‌رايه‌تیى ده‌كا، له ‌پێش هه‌موو كوتله‌كانى ديكه‌يه‌، به‌ڵام مه‌رج نييه‌ هه‌روا بمێنێته‌وه ‌و ڕه‌نگه‌ دوو كوتله‌، يان زێتر پێكه‌وه‌ هاوپه‌يمانێتييه‌ك پێش كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان پێك بهێنن و فراكسيۆنێكى په‌رله‌مانى پێك بهێنن كه‌ به‌ ژماره‌ پتر بێ. وه‌ك گوتم تا ئێسته‌ كوتله‌كانى شيعه‌  نه‌ له‌نێو خۆياندا گه‌يشتوونه‌ته‌ يه‌ك و نه‌ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه‌ى سوننه‌ و كورددا.

 به‌كورتى دوو ڕێگه‌ هه‌يه‌: يان ئه‌وه‌تا كوتله‌كانى شيعه‌ هه‌موويان يان هه‌ندێكيان هاوپه‌يمانێتيیه‌ك پێك ده‌هێنن و پاشان ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌كانى ديكه‌دا، يان ئه‌وه‌تا ئه‌م جاره‌يان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێشوه‌خته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ لايه‌نى ده‌ره‌وه‌ى شيعه‌، واته‌ كورد و سوننه‌كان، ڕێك بكه‌ون؛ چ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى حكوومه‌تى داهاتوو و چ له‌سه‌ر هه‌ر سێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كه‌، به‌تايبه‌تى له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سايه‌تييه‌ى كه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكى حكوومه‌ت.

ئه‌مه‌ له ‌كاتێكدايه‌، پێش چه‌ند ڕۆژێ هه‌ندێ لايه‌نى عه‌ره‌بى سوننه‌ له‌ ئيستانبۆڵ كۆ بوونه‌وه ‌و پێده‌چێ جۆرێ له‌ نزيكبوونه‌وه‌ له ‌نێوانياندا بووبێ. هه‌رچى كورديشه‌، پارتى و يه‌كێتى بڕياريان داوه‌، به‌بێ يه‌كتر نه‌چنه‌ ناو هيچ هاوپه‌يمانێتييه‌كه‌وه‌ بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت و، ديار نييه‌ لايه‌نه‌كانى ديكه‌ى كورد (گۆڕان، يه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ، هاوپه‌يمانى و نه‌وه‌ى نوێ) دوور له‌ پارتى و يه‌كێتى ده‌مێننه‌وه‌، يان هه‌ر لايه‌نه‌يان به‌ته‌نيا جووڵه‌ى خۆى ده‌كا.

ئه‌و هامشۆيه‌ى نێوان لايه‌نه‌كان، لێكنزيكبوونه‌وه‌ى ئه‌م كوتله‌يه‌ له‌وى ديكه‌، به ‌بڕواى خۆم هێشتا نه‌گه‌يشتۆته‌ ئاستى هاوپه‌يمانێتيى جددى بۆ پێكهێنانى "الكتلة النيابية الاكثر عددا" و، ناكرێ له‌و بزاو و هامشۆيانه‌دا، كاريگه‌ريى نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمايه‌تی به‌رچاو نه‌گيرێن. هه‌روا دۆخى‌ ناوچه‌كه‌ و گرژيى نێوان ئێران و ته‌وه‌رى "ئه‌مريكا- سعووديا‌- ئيسڕائيل"يش تيرتر بووه ‌و، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ ئه‌و دۆخه‌ كاريگه‌ریى له‌سه‌ر پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌ت له‌ به‌غدا و هه‌ڵوێستى لايه‌نه‌ سياسييه‌ كاراكانى شيعه‌ و سوننه‌ و كورد هه‌يه‌.

 ئه‌گه‌ر هه‌ڵكشانى كێرڤى تيرۆر و ته‌قينه‌وه‌ له‌ به‌غدا و شاره‌كانى ديكه‌ و‌ جموجووڵ و سه‌رده‌رهێنانه‌وه‌ى داعش، به‌تايبه‌تى له‌ پارێزگه‌كانى نه‌ينه‌وا، سه‌ڵاحه‌ددين، كه‌ركووك و دياله له‌به‌رچاو دابنرێ، ئه‌وا‌ ده‌كرێ هه‌م هۆكارێكى دنه‌ده‌ر بێ بۆ لێكنزيكبوونه‌وه‌ى‌ كوتله‌ سياسييه‌كان و زوو به‌ زوو پێكهێنانى حكوومه‌تێكى نوێ و، هه‌م ده‌كرێ ببێته‌ كۆسپێك له ‌به‌رده‌م حكوومه‌تى داهاتوودا و له‌ لايه‌ن نه‌ياره‌ سياسييه‌كانى ئه‌و به‌ره‌يه‌ى حكوومه‌ت پێك ده‌هێنێ بقۆزرێته‌وه‌ و، داعش وه‌ك ئامرازێك چ بۆ تێكدانى ئاسايش و سه‌قامگيرى له‌ عێراق و چ بۆ هه‌ڵبژاردنێكى ديكه‌ به‌كار بهێندرێ!

له‌م سۆنگه‌يه‌وه‌ ده‌كرێ بڵێین ديمه‌نى سياسى له‌ عێراقدا، ديمه‌نێكى بێسه‌روبه‌ر، پڕنيگه‌رانى و، دڕدۆنگه‌ و حكوومه‌تى ئایينده‌ دروستيش ببێ، خۆى له ‌به‌رده‌م ته‌حه‌دديياتى گه‌وره‌ى ناوخۆيى و هه‌رێمايه‌تى و نێوده‌وڵه‌تيدا ناگرێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و حكوومه‌ته‌ ته‌وافوق و شه‌راكه‌ت و به‌لانسى له ‌نێوان سێ پێكهاته‌ سه‌ره‌كييه‌كه‌ى عێراقى تێدا نه‌بێ؛ به‌ڵام ئه‌م جاره‌يان وه‌ك چنار سه‌عد، ئه‌ندامى سه‌ركردايه‌تیى پارتى ده‌ڵێ: "مه‌رج نييه‌ هه‌موو لايه‌نه‌كانى هه‌ر سێ پێكهاته‌كه‌ له‌ناو حكوومه‌تى ئایينده‌دا جێيان بكرێته‌وه‌‌!"

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples