ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ڕاستييه‌كان وه‌ك چۆن هه‌ن، ببينين
ئاسۆ كه‌ريم، نووسەر، وەرگێڕ و پەرلەمانتارى خولى سێى پەرلەمانى کوردستان (٢٠٠٩-٢٠١٣)
تێبينى:
يه‌كه‌م، ئه‌م داتايانه‌م له سايتى https://www.yenisafak.com وه‌رگرتوون.
دووه‌م، هێشتا هه‌ده‌په (HDP) شرۆڤه‌يه‌كى بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانى خۆى به‌فه‌رمى بڵاو نه‌كردۆته‌وه.
سێيه‌م، هه‌ڵبژاردن له ناوچه كوردنشينه‌كاندا له ساى بارى له‌ناكاو و گرژى و تێكهه‌ڵچووندا به‌ڕێوه چووه و له‌به‌ر هۆى ئه‌منى، به‌پێى ڕێوشوێنه‌كانى ده‌سته‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردن، مه‌ڵبه‌نده‌كانى ده‌نگدان له هه‌ندێ ناوچه‌دا گواستراونه‌ته‌وه.
چواره‌م، هه‌ده‌په حزبێكى كوردى يان كوردستانى نييه، به‌ڵكه حزبێكى سه‌رانسه‌ریى توركيايه و خه‌ڵكى ئاسوورى و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب و تورك و عه‌له‌وى و...ى تێدايه و حزبێكى چه‌په؛ هه‌رچه‌ند زۆرينه‌ى بنكه ده‌نگده‌ره‌كه‌ى كوردن، جا چ له ويلايه‌ته زۆرينه كوردنشينه‌كاندا بن و چ له ميترۆپۆڵه‌كانى وه‌ك ئيستانبۆڵ و ئيزمير و ئانكارا و ويلايه‌ته‌كانى ديكه‌دابن، يان له ده‌ره‌وه‌ى توركيا بن. له ميدياى ناوخۆى توركيا و ده‌ره‌كيیشدا به هه‌ده‌په ده‌گوترێ Pro-Kurdish Party و، به كوردييه‌كه‌ى واته پارتيا ديموكراتيكا گه‌لان- پارتێكى تام كورده.
پێنجه‌م، به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كان و به لانى كه‌مه‌وه له نێوان 15- 20%ى دانيشتووانى توركيا كوردن. به‌م پێيه، ده‌بێ له نێوان 8,900,000 تا 11,870,000 ده‌نگده‌رى كورد له ته‌واوى توركيا و ده‌ره‌وه هه‌بێ.
شه‌شه‌م، توركيا، پێڕه‌ویى له سياسه‌تى "په‌رت كه و زاڵ به" كردووه؛ له نێوان كرمانج و زازاييدا، له نێوان سوننه و عه‌له‌ويدا و، له‌م سۆنگه‌يه‌وه هه‌ندێ له زازاكان له ڕووى ئيتنييه‌وه، خۆيان به جيا له كورد ده‌زانن.
- ڕێژه‌ى به‌شداريكردن له ده‌نگدانى 24ى حوزه‌يراندا له توركيا، 86.2% بوو؛ له ساڵى 2015دا ڕێژه‌كه 87.7% بووه.
- له 15 ويلايه‌تى زۆرينه كوردنشيندا: قارس، ئيغدير، ئاگرى، وان، هه‌كارى، شرنا‌خ، مێردين، ئۆرفه، دياربه‌كر، بتليس، باتمان، موش، بينگۆل، تونجه‌لى، سێرت، ڕێژه‌ى به‌شداريكردن 83.34% بووه؛ واته له خوار ڕێژه‌ى ته‌واوى توركيا بووه. ئه‌مه‌یش مانا و مه‌غزاى خۆى هه‌يه: مسۆگه‌ر خه‌ڵكێك له‌به‌ر شه‌ڕوشۆڕ و تێكهه‌ڵچوون، ماڵوحاڵى خۆيان گواستۆته‌وه و ناوى خۆيان تۆمار نه‌كردووه، يان له‌وانه‌يه ڕێگرى له خه‌ڵكێ كرا بێ ده‌نگ بده‌ن، يان وه‌ك گوته‌بێژى هه‌ده‌پ ده‌ڵێ "هاوينان خه‌ڵكانێك بۆ كار و كاسبى ده‌چنه شاره‌كانى ڕۆژاواى توركيا و، پێيان ناكرێ بگه‌ڕێنه‌وه و ده‌نگ بده‌ن"، يان ئه‌وه‌تا خه‌ڵكێك پێيان گرنگ نه‌بووه ده‌نگى خۆيان بده‌ن و بايكۆتيان هه‌ڵبژاردووه، يان ئه‌وه‌تا پێيان وا بووه سندووقه‌كانى ده‌نگدان هيچ له ڕه‌وشه‌كه ناگۆڕێ، يان له ترسان و خۆنه‌بانكردن هاتووه.
- كۆى ئه‌وانه‌ى ده‌نگيان داوه 51,178,630 و، ده‌نگى ڕاست 50,125,400 بووه. كه‌واته ده‌نگى سووتاو 1,053,230 بووه و ڕێژه‌ى ده‌نگى سووتاو له سه‌رتاسه‌رى توركيا2% بووه.
- كۆى ئه‌وانه‌ى مافى ده‌نگدانيان له‌و 15 ويلايه‌ته‌ى سه‌رێ هه‌بووه، 5,554,830 كه‌س بووه، به‌ڵام 4,629,519 (ده‌كاته 9.24% كۆى ئه‌وانه‌ى له سه‌رانسه‌رى توركيادا به‌شداريى ده‌نگدانيان كردووه) به‌شداريى ده‌نگدانيان كردووه و، ده‌نگى سووتاو له‌و 15 ويلايه‌ته‌ى سه‌ره‌وه‌دا 139,738 ده‌نگ بووه، كه ده‌كاته 3%. له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ى2% به‌راوردى بكه. ئه‌و ده‌نگه سووتاوانه زێتر هى كام لايه‌ن بوون، ديار نييه. هه‌رچه‌ند گوته‌بێژى هه‌ده‌په ده‌ڵێ زۆرترينى ئه‌و ده‌نگه سووتاوانه هى ئێمه بوون!
- هه‌ر سێ حزبى ئاكه‌په (AKP)ى ئه‌ردۆغان و مه‌هه‌په (MHP)ى باخچه‌لى و جه‌هه‌په (CHP)ى كه‌مالى له ته‌واوى توركيادا، ڕێژه‌ى ده‌نگه‌كانيان به به‌راورد به هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى 1ى نۆڤه‌مبه‌رى 2015، كه‌مى كردووه: ئاكه‌په له 49.5%ه‌وه بووه‌ته 42.6%، جه‌هه‌په له 25.3%ه‌وه بووه‌ته 22.6% و، مه‌هه‌په له 11.9%ه‌وه بووه به11.1%؛ كه‌چى هه‌ده‌په (HDP) كه له‌سه‌ر كورد حسێبه، له 10.76%ه‌وه بووه به 11.7% و به‌گشتى 718,949 ده‌نگ له سه‌رانسه‌رى توركيا زيادى كردووه.
- هه‌ده‌په له ويلايه‌ته‌كانى قارس، وان، دياربه‌كر، شرنا‌خ، موش، سێرت، ماردين، ئيغدير، ئاگرى، بيتليس، هه‌كارى، 117,767 ده‌نگ كه‌مى كردووه و، له ويلايه‌ته‌كانى ئۆرفه، بينگۆل، باتمان و تونجه‌لییش 22,673 ده‌نگ زيادى كردووه؛ واته له 15 ويلايه‌تى زۆرينه كوردنشيندا هه‌ده‌په 95,094 ده‌نگ كه‌مى كردووه. به‌گشتى هه‌ده‌په له‌و 15 ويلايه‌ته‌دا، 2,351,776 ده‌نگى هێناوه كه ڕێژه‌كه‌ى ده‌كاته 50.8%.
- له كاتێكدا ئاكه‌په له ويلايه‌ته‌كانى قارس، وان، دياربه‌كر، شرنا‌خ، سێرت، ماردين، ئاگرى، تونجه‌لى، بتليس، هه‌كارى، 72,124 ده‌نگ زيادى كردووه‌و له ويلايه‌ته‌كانى ئۆرفه، موش، بينگۆل، ئيغدير، باتمان-يش 97,661 ده‌نگ كه‌مى كردووه، واته ئاكه‌په له‌و 15 ويلايه‌ته‌دا 25,537 ده‌نگ كه‌مى كردووه. ئاكه‌په به‌گشتى له‌و ويلايه‌تانه‌دا 1,496,696 ده‌نگى هێناوه كه ده‌كاته 32.33%. وه‌ك سه‌رنج ده‌درێ له‌و ويلايه‌تانه‌ى كه ده‌كه‌ونه سه‌ر سنوورى عێراق، ئێران و ئه‌و ويلايه‌تانه‌ى شه‌ڕ و پێكداچوونيان تێدايه، ده‌نگه‌كانى ئاكه‌په زياديان كردووه. كه‌واته شه‌ڕ و توندوتيژى به قازانجى هه‌ده‌په نييه.
- له به‌رانبه‌ردا مه‌هه‌په له‌و 15 ويلايه‌ته‌دا 57,816 ده‌نگ زيادى كردووه و له هه‌ندێك ويلايه‌تى زۆرينه كوردنشينى وه‌ك وان و موش و دياربه‌كر و هه‌كارى و شرنا‌خ و مێردين، دووقات و سێ‌قات ده‌نگه‌كانى زياد بوون. به‌گشتى مه‌هه‌په 207,152 ده‌نگى هێناوه كه ده‌كاته 4.47%... ئه‌وه‌یش بووه‌ته مايه‌ى سه‌رسووڕمان كه چۆن حزبێكى توندڕۆى نه‌ته‌وه‌يیى تورك و هه‌نده دژه‌كورد، له ناوچه كوردنشينه‌كاندا به‌م شێوه‌يه ده‌نگه‌كانى زياد ببێ؟ ئايا ئه‌و زيادبوونه له‌سه‌ر حيسابى چ لايه‌نێك بووه؟ به قسه‌ى ڕۆژنامه‌نووسێكى تورك به‌شێكى ئه‌و زيادبوونه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌نگى پاسه‌وانانى گوند، كه له‌نێو كوردانى ئه‌وێ "جه‌رده" و "قوروچی"يان پێ ده‌گوترێ و، به كوردييه‌كه‌ى خۆیشمان "جاش" و، به‌شێكيشى بۆ ئه‌و ژماره زۆره‌ى كارمه‌ند و سوپا و پۆليس و هێزه تايبه‌ته‌ى له ناوه‌ڕاستى 2015ه‌وه هێنراونه‌ته ناوچه‌كه و، به‌شێكى ئه‌و هێزه ئه‌منیيانه، له برى ده‌نگدان به ئاكه‌په، ده‌نگيان بۆ مه‌هه‌په داوه؛ ئه‌مه بێ له گواستنه‌وه‌ى سندووقه‌كانى ده‌نگدان له هه‌ندێ بنكه‌كانى ده‌نگدان به بڕوبيانووى نه‌بوونى ئه‌منيیه‌ت و... به قسه‌ى ڕۆژنامه‌نووسێكى ناوچه‌كه، مه‌هه‌په له‌و ويلايه‌تانه‌دا هه‌ڵمه‌تێكى ئه‌وتۆى پرۆپاگه‌نده‌ى نه‌كردووه تا خه‌ڵكى قه‌ناعه‌ت به به‌رنامه‌كه‌ى بكه‌ن و ده‌نگى بۆ بده‌ن.(١)
يان ئه‌و زێده‌بوونه‌ى ده‌نگى مه‌هه‌په، وه‌ك به‌رپرسێكى ئه‌و حزبه ده‌ڵێ ئه‌نجامى نه‌مانى هێژموون و باڵاده‌ستيى په‌كه‌كه‌يه له‌و ناوچانه‌دا كه وای كردووه خه‌ڵكى كورد به‌ئازادانه ده‌نگى خۆيان بده‌ن!(٢)
له كاتێكدا ئاكه‌په له ويلايه‌ته‌كانى وان، دياربه‌كر، شرنا‌خ، سێرت، ماردين و هه‌كارى ده‌نگه‌كانى زيادى كردووه؛ هه‌ر له‌و ويلايه‌تانه‌دا ده‌نگه‌كانى مه‌هه‌په‌یش زياد بوون. كه‌واته ئه‌و زيادبوونه له‌و ويلايه‌تانه‌دا له‌سه‌ر حيسابى ئاكه‌په نه‌بووه، به‌ڵكه له‌سه‌ر حيسابى هه‌ده‌په بووه. به‌ڵام له ويلايه‌ته‌كانى ئۆرفه و بينگۆل و باتمان و موش و ئغدير، ئاكه‌په ده‌نگه‌كانى كه‌م بوونه‌ته‌وه، له كاتێكدا له‌و ويلايه‌تانه‌دا ده‌نگه‌كانى مه‌هه‌په هه‌ڵكشاون. له‌به‌ر ئه‌وه ڕێى تێده‌چێ له‌م ويلايه‌تانه‌ى دوايێ، به‌شێكى ده‌نگده‌رى پێشووى ئاكه‌په ده‌نگى به مه‌هه‌په دابێ.
- جه‌هه‌په له‌و 15 ويلايه‌ته‌دا، 160,307 ده‌نگ و ئیى پارتى (IYI) كه حزبێكى نه‌ته‌وه‌په‌رستى توركه، 104,309 ده‌نگ و، حزبى سه‌عاده‌تى ئيسلامى 55,480 ده‌نگ و، حزبى وه‌ته‌نى توركى 8,337 ده‌نگی هێناوه، كه به‌يه‌كه‌وه ده‌كه‌نه 328,163 ده‌نگ و ڕێژه‌كه‌يان ده‌كاته 7.1%. واته به‌شێكى به‌رچاوى ده‌نگده‌ر له‌و ويلايه‌تانه بايان داوه‌ته‌وه سه‌ر حزبه‌كانى ديكه‌ى توركيا. بۆ نموونه جه‌هه‌په‌ى كه‌مالى له ويلايه‌ته‌كانى هه‌كارى، شرنا‌خ، ماردين، ئۆرفه، دياربه‌كر، باتمان، سێرت، وان، ئاگرى، ئيغدير، موش، بنگۆل، تونجه‌لى، ده‌نگه‌كانى زيادى كردووه و ته‌نيا له دوو ويلايه‌تى قارس و بتليس ده‌نگه‌كانى كه‌م بوونه‌ته‌وه؛ به‌ڵام به‌گشتى جه‌هه‌په له‌و ويلايه‌تانه‌دا 37865 ده‌نگ زيادى كردووه. كه‌واته وه‌ك هه‌ندێ نووسه‌ر ده‌ڵێن، هه‌ده‌په نه‌يده‌توانى به‌ربه‌ستى 10% تێ بپه‌ڕێنى ئه‌گه‌ر جه‌هه‌په و ليبراڵه‌كان ده‌نگيان پێ نه‌دابووايه. لێ ئه‌وه ڕاست نييه چونكه له ويلايه‌ته كوردنشينه‌كاندا بنكه‌ى ده‌نگده‌رى جه‌هه‌په ده‌نگيان به هه‌ده‌په نه‌داوه؛ به‌و ده‌ليله‌ى ده‌نگه‌كانى جه‌هه‌په له‌و ويلايه‌تانه‌دا زياديان كردووه.(٣)
- هه‌ده‌پ له 11 ويلايه‌تدا يه‌كه‌م ده‌نگى هێناوه: تونجه‌لى، موش، ئيغدير، ئاگرى، وان، دياربه‌كر، هه‌كارى، شرنا‌خ، ماردين، سێرت، باتمان و، به‌پێش هاوپه‌يمانێتيى جمهور ئيتيفاقى، حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان و مه‌هه‌په، كه‌وتووه. له‌م 11 ويلايه‌ته‌دا هه‌ده‌په 37 كورسیى هێناوه، له به‌رانبه‌ردا جمهور ئيتيفاقى 15 كورسیى هێناوه، به‌ڵام له چوار ويلايه‌تى ديكه‌دا: قارس، شانلى ئۆرفه، بنگۆڵ، بتليس، هه‌ده‌په دووه‌م بووه و 7 كورسیى بردووه و، جمهور ئيتيفاقى يه‌كه‌م بووه و 15 كورسیى بردووه. واته له‌م 15 ويلايه‌ته‌دا له كۆى 76 كورسى، هه‌ده‌پ 44 كورسیى بردووه‌ته‌وه و به به‌راورد به 2015 له‌و ويلايه‌تانه‌دا 1 كورسیى كه‌مى كردووه، كه‌چى جمهور ئيتيفاقى بووه‌ته 30 كورسى (28 يان هى ئاكه‌په‌يه و 2يان هى مه‌هه‌په‌يه)؛ كه‌چى له 2015دا ئاكه‌په و مه‌هه‌په 26 كورسييان هه‌بووه. به‌م جۆره 4كورسييان زياد كردووه. جه‌هه‌په‌یش 2 كورسیى له‌و ويلايه‌تانه‌دا به‌ده‌ست هێناوه. هه‌ده‌پ له‌و 15 ويلايه‌ته‌دا، زێتر له 855080 ده‌نگ له پێش ئاكه‌په‌يه و، به نزيكه‌ى 647928 ده‌نگ له‌پێش جمهور ئيتيفاقیيه؛ واته حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان و هاوپه‌يمانه‌كانى.
- هودا-پار كه حزبێكى ئيسلاميى كوردييه نزيكه‌ى 160000 ده‌نگى هێناوه كه به‌ته‌نيا هاتبووه خوارێ، به‌ڵام بۆ سه‌رۆكايه‌تى ده‌نگى به ئه‌ردۆغان دا. واته ئه‌گه‌ر ده‌رده كورد له باكووريش نه‌بوايه، ئه‌وه كورد كورسيى زێتريان ده‌هێنا.
- سه‌ربار، ديسان ئه‌ردۆغان به ساى ده‌نگى كوردان، بۆ جارى دووه‌م بووه سه‌رۆككۆمارى توركيا كه ده‌سه‌ڵاتێكى زۆرى ته‌نفيزیى هه‌يه. له وتارێكى ديكه‌دا له‌سه‌ر يه‌كه يه‌كه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه قسه ده‌كه‌م. ئايا ئه‌ردۆغان ئه‌وه له‌به‌رچاو ده‌گرێ كه ديسان كورد بێ هيچ چاوه‌ڕوانييه‌ك ئه‌ويان كرده‌وه سه‌رۆككۆمار...؟ به‌ڵام به مه‌زه‌نده‌ى خۆم، جارێ ئه‌ردۆغان ده‌ست به هاوپه‌يمانێتيى حزبه‌كه‌ى و مه‌هه‌په‌ى نه‌ته‌وه‌په‌رستى توركه‌وه ده‌گرێ، چونكه حزبه‌كه‌ى 295 كورسیى هه‌يه و له هه‌ندێ باردا پێويستى به كورسييه‌كانى مه‌هه‌په ده‌بێ و ڕه‌نگه هه‌وڵى وه‌ده‌ستهێنانى كورسیى ديكه‌ى ئه‌ملا و ئه‌ولایش بدا؛ جا چ له ئیى پارتى بێ، چ له جه‌هه‌په بێ، يان هه‌ده‌په، بۆ ئه‌وه‌ى 360 ده‌نگى ناو ئه‌نجومه‌نى گه‌وره‌ى توركياى پێ ته‌واو بكات. له‌خۆڕا نييه كه باخچه‌لى له دواى ده‌رچوونى ئه‌نجامه‌كان گوتى: "گه‌لى توركيا ئه‌ركى به‌ديهێنانى به‌لانسڕاگرتن و چاودێرى له پارله‌ماندا خسته ئه‌ستۆى ئێمه." واته ده‌بێ ئه‌ردۆغان دڵى باخچه‌لى و حزبه‌كه‌ى ڕابگرێ و ئه‌وه‌یش ئه‌ركيكى سه‌خته!(٤)
- له‌و ژماره و داتا و ئامارانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، كه ده‌نگده‌رى كورد له توركيا به‌ته‌نيا له‌سه‌ر بنه‌ماى ئيتنى، واته كوردبوون ده‌نگ به‌م حزب و ئه‌و حزب نادا، به‌ڵكه فاكته‌رى ئايديۆلۆژى، فاكته‌رى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى و سياسيیش ڕۆڵێكى گرنگيان هه‌يه. به‌ڵام ده‌كرێ بڵێين ئه‌م جاره‌یش له ڕێگه‌ى سندووقه‌كانى ده‌نگدانه‌وه، هه‌ده‌په نوێنه‌رايه‌تیى 50%ى خه‌ڵكى ئه‌و 15 ويلايه‌ته زۆرينه كوردنشينه ده‌كا و له ويلايه‌ته‌كانى ديكه‌ى وه‌ك: ئاديامين، ئه‌نتاپ، ئارداهان، ئه‌رزه‌رۆم، ئه‌رزنجان، مه‌لاتى، مه‌ره‌ش، ئالازيگ، كيلس كه ڕێژه‌يه‌ك كورديان تێدايه، هه‌ده‌په حزبى چواره‌مه و زۆر له دواى ئاكه‌په و مه‌هه‌په و جه‌هه‌په‌وه دێ.
- ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو وڵاته به نموونه وه‌ربگرين كه ڕه‌وه‌ندى توركیيان تێدايه وه‌كوو ئه‌ڵمانيا و ئه‌مريكا، نزيكه‌ى نيوه‌ى ڕه‌وه‌ندى توركى له ئه‌ڵمانيادان و به‌شێكى زۆريان له په‌نجاكان و شه‌سته‌كانه‌وه بۆ پاڵه‌يى چوونه‌ته ئه‌ڵمانیا و به قسه‌ى هه‌ندێ سه‌رچاوه، له بنه‌ڕه‌تدا زۆربه‌يان خه‌ڵكى ناوه‌ڕاستى ئه‌نادۆڵ و ناوچه كوردنشينه‌كانى توركيان و 1,443,585 كه‌س هه‌قى ده‌نگدانيان هه‌بووه و، ته‌نيا 659,132 (45.7%) به‌شدارييان له ده‌نگداندا كردووه و، ئاكه‌په 362,543 (55.7%)ى ده‌نگه‌كانى بردۆته‌وه و، جه‌هه‌په 101,294 (15.6%)ى ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ست هێناوه و، هه‌ده‌په‌یش 96,306 (14.8%) ده‌نگه‌كانى بردۆته‌وه و باقیى ده‌نگه‌كان به‌سه‌ر حزبه‌كانى ديكه‌دا دابه‌ش بوونه. له ويلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكادا كه 106,301 كه‌س هه‌قى ده‌نگدانيان هه‌بووه، ته‌نيا 31,416 كه‌س (29.6%) به‌شداريى ده‌نگدانيان كردووه. جه‌هه‌په له‌وێ يه‌كه‌م بووه و 14,977 (47.9%)ى ده‌نگه‌كانى بردووه و، هه‌ده‌په 6,676 (21.4%)ى ده‌نگه‌كان و، ئاكه‌په‌ى حوكمڕان ته‌نيا 4,782(15.3%)ى ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌گه‌ر سه‌رنجى ده‌نگدانى ده‌ره‌وه بدرێ، هه‌ده‌په له سه‌رووى 17%ى هێناوه كه به‌رزتره له ڕێژه‌ى ده‌نگدانى ناوه‌وه‌ى توركيا. ئه‌مه‌یش له سۆنگه‌ى ئه‌و ڕاستييه‌وه‌يه كه ده‌نگدان له ده‌ره‌وه‌ى توركيا ئازادانه‌تر به‌ڕێوه چووه.
- ئايا هه‌ده‌په ده‌توانێ له چوار ساڵى دادێ، حيسابێكى ديكه بۆ ده‌نگده‌رى كورد بكا و وه‌ك ده‌ڵێن زێتر ده‌ستوپه‌نجه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ واقعدا نه‌رم بكا و، كه‌متر ڕووى ئايديۆلۆژى بداته خيتاب و جووڵه و بزاوه سياسييه‌كانى؟ تۆ بڵێى ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى ديكه‌ى كورددا وه‌ك: پارتى ديموكراتى كوردستان- باكوور، حزبى سۆسياليستى كوردستان (PSK)، حزبى ئازادیى كوردستان (PAK) و حزبى ماف و ئازادى (HAK-PAR)، پلاتفۆرمێكى هاوبه‌شى هه‌بێ و خه‌ڵكه ئيسلامييه-نه‌ته‌وه‌ييیه‌كانى كورديش خۆيان له حزبێكدا ڕێك بخه‌ن، ڕێژه‌ى ده‌نگه‌كانى كورد و ژماره‌ى كورسييه‌كانيان زۆرتر نه‌بێ؟