بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە سیسته‌مى سیاسى، مامۆستاى زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر
پێشەکى
دیموکراسى تەنیا هەڵبژاردن و دەستاودەستى دەسەڵات نییە. جگە لەوەى جیاکارى و هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان دەسەڵاتە فەرمییەکانى دەوڵەت ڕەگەزێکى سەرەکیى دیموکراسییە وەکوو ڕێکارى چاودێریى یەکتر و ڕێگرى لە دروستبوونى تاکڕەوى و دیکتاتۆرى، دامەزراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى وەکوو ڕەگەزێکى تر‌ى کاریگەر و گرنگى دیموکراسى و دەوڵەتى پێشکەوتوو، ڕۆڵى سەرەکى دەگێڕن لە چاودێریى سیاسەتى دەسەڵات و کۆمەڵگە بۆ فەراهەمکردنى بنەما و پڕەنسیپەکانى یەکسانى و دادپەروەرى لە لایەک و پێشکەوتنى وڵات لە هەموو بوارە جیاوازەکان لە لایەکى ترەوە. لەم پەڕاوەدا دەپڕژێینە سەر ناساندنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى، بارودۆخى ئەم ڕێکخراوانە لە هەرێمى کوردستان و بەربەستەکانى بەردەم ئەداى کارکردنیان و ڕێکارەکانى چالاکبووونیان بۆ بەهێزبوونى هەرێمى کوردستان.
یەکەم: ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى کێن؟
کۆبوونەوەى چەند تاکەکەسێک لە دەورى بیرۆکەیەکى هاوبەش بۆ خزمەتکردن و دروستکردنى ئەجێندایەکى کارکردن و پرۆگرامێکى ناوخۆیى بۆ ڕێکخستن و دەرهاوێشتەى ئەداى کارەکانیان، دەبێتە هەوێنى هێنانەکایەوەى ڕێکخراوێک کە بە "ڕێکخراوى کۆمەڵى مەدەنى" یان "کۆمەڵگەى مەدەنى" ناو دەبردرێ. ئەم ڕێکخراوانە دەشێ سەربەخۆ بن یان لەلایەن حزبێکى سیاسى یان دامەزراوەیەکى فەرمییه‌وه بێنە کایەوە. ڕێکخراوە ناحکوومییەکان (NGOs)، سەربەخۆییى تەواویان هەیە و خاوەن چەندین کەسى خۆبەخش و داهاتێکى سەربەخۆن. ئه‌م دامه‌زراوانه زۆر جار وەکووو گرووپى گوشار يان گوشارخستنه سه‌ر ده‌سه‌ڵات كار ده‌كه‌ن و ئامانجيان گۆڕينى سياسه‌تى حکوومه‌ت و ده‌وڵه‌ته، نه‌وەکوو گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات، كه لێره‌وه له حزبى سياسى جيا ده‌بنه‌وه.
لە ھێنانەکایەوەى کۆمەڵگەیەکى مەدەنى و دەسەڵاتێکى دیموکراسى و پێشکەوتوو لە وڵات‌دا نکۆڵى لە ڕۆڵى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى ناکرێت. بەهۆى ئەوەى ئەم ڕێکخراوانە هەر یەکەو یان هەر دەستەیەک لەم ڕێکخراوانە لە بوارێکى تایبەت و جیاواز کار دەکەن و زانیاریى باشیان لەبارەى جۆرى کارەکەیان هەیە؛ ئاسانتر دەگەنە کون و کەلەبەرەکانى کۆمەڵگە و کاریگەرى ده‌نوێنن. بۆیە لە زۆربەى وڵاتانى پێشکەوتوو لەپێناو گەیاندنى هۆشیارییەکى گشتگیر بە تاکەکان و کۆمەڵەکان، بایەخى زۆر بەم ڕێکخراوانە دەدرێـت. به لاى "فرانسیس فۆكۆياما"وه، ئه‌و سيسته‌مه سياسيیانه‌ى ئاستێكى به‌رزى متمانه‌ى سياسیيان هه‌يه، په‌يوه‌سته به ماوه‌يه‌كى درێژى كاركردنى کۆمەڵى مه‌ده‌نى؛ تا گه‌يشتۆته ئه‌و ڕادده‌یه‌ی كه، زۆرترين خه‌ڵك به‌شداریى سياسى بكات. به‌پێچه‌وانه‌وه، هۆكارى نزمیى متمانه‌ى سياسى له هه‌ندێك كۆمه‌ڵگه، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ نائاماده‌يیى کۆمەڵى مه‌ده‌نى، وەکوو له يه‌كێتیى سۆڤيه‌تى پێشوو هه‌بوو.
دامه‌زراوەکانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى يان ناحکوومى، ده‌رهاوێشته‌ى زه‌مه‌نى مۆدێرنيته‌ن و له سه‌رده‌مى شۆڕشى پيشه‌سازى له ئه‌وڕوپا جه‌ختيان له‌سه‌ر مافه‌كانى كرێكاران ده‌كرده‌وه له به‌رامبه‌ر سيسته‌مى سه‌رمايه‌دارى كه دواتر وەکوو گرووپى گوشار له‌بريتانيا و فه‌ڕه‌نسا ياساى تايبه‌تيان بۆ ده‌رچوو. ئێستا ئه‌مانه ده‌سه‌ڵاتێكى فراوانتريان هه‌يه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له چه‌شنى لۆبى و گرووپى گوشارى به‌هێز، ده‌توانن ڕۆڵى سه‌ره‌كى ببينن له‌سه‌ر سياسه‌تى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى وڵاتان، وەکوو كاريگه‌ريیه‌كانى لۆبیى جووله‌كه له‌سه‌ر سياسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ویلايه‌ته يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مريكا. ئەم ڕێکخراوانە وەکوو کەناڵێکى بەهێز و کاریگەرى نێوان خەڵک و دەسەڵات دەتوانن لە هەمان کات کار لەسەر هۆشیاریى کۆمەڵگە و چالاکبوونى دەسەڵاتى سیاسى بکەن. ئەمەیش لە وڵاتێکە بۆ وڵاتێکى تر گۆڕ‌انى بەسەردا دێت. لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ئەم ڕێکخراوانە بەهۆى لاوازیى که‌لتوورى دیموکراسى و ملنەدانى دەسەڵاتى سیاسى بۆ کارى ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کاریگەرییه‌كی ئەوتۆیان نییە.
دووەم: بارودۆخى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان
لە سەرەتاى دروستبوونى هەرێمى کوردستانەوە (1992)، سەرەتا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییه‌كان ڕۆڵیان هەبوو لە چالاکیی مرۆڤی و، ئەمە دواتر کاریگەریى لەسەر بیرکردنەوە لە دروستکردنى هەزاران ڕێکخراوى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان هەبوو. هەرچەندە لە دواى کارى ڕێکخراوەکان، پەرلەمان لە ساڵى 1999 و ساڵى 2001 یاساى تایبەتى بۆ دەرکردن، بەڵام دواتر لە ساڵى 2011 یاسایەکى پێشکەوتوویان بۆ دەرچوو و حکوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان فه‌رمانگه‌يه‌كى تايبه‌تى به ناوى "فه‌رمانگه‌ى ڕێكخراوه ناحکووميیه‌كان" دامه‌زراند بۆ جێبەجێکردنى كاروباره‌كانى ڕێكخراوه ناحکووميیه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ياساى ژماره (1)ى ساڵى 2011ى په‌رله‌مانى كوردستان تايبه‌ت به ڕێكخراوه ناحکوومیيه‌كان لە هەرێمى كوردستان. له ياسا‌كه‌دا ڕێگه به ڕێكخراوه‌كان دراوه كه هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ن بۆ دامودەزگه‌كانى ده‌وڵه‌ت، گه‌يشتن به زانياریيه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕاپۆرت و زانيارى و له‌مانه‌یش گرنگتر، خۆپيشاندان و مانگرتن و ناڕه‌زايى وەکوو گوشار به شێوه‌ى چالاكیى مه‌ده‌نى. تاوەکوو ساڵى 2018، (3795) ڕێكخراو تۆمار كراون، به شێوه‌يه‌ك كه (3305) ڕێكخراوى ناوخۆيى (لۆكاڵى)، (337) ڕێكخراوى بيانیى نێوده‌وڵه‌تى، (47) تۆڕ و (106) ڕێكخراوى عێراقى كه لە هەرێم تۆمار كراون، له‌كاردان. لە دواى ئەم یاسایه‌وه، ڕێژەى دروستبوونى ڕێکخراوەکان لەڕاددەبەدەر زیادى کردووە و بەردەوام لە بەرزبوونەوەیە. پرسیارى جەوهەرى لێرەدا ئەوەیە، ئایا بۆچى لە هەرێمێکى بچووکى وەکوو هەرێمى کوردستان ئەو لێشاوە ڕێکخراوە ناوخۆیى و نێودەوڵەتییانە نەیانتوانیوە کاریگەرییه‌كی ئەوتۆ بنوێنن و ببنە جێگەى متمانە و بایەخى هاووڵاتیان؟
پێش ئەوەى وەڵامى ئەو پرسیارەى سەرەوە بدەینەوە، پێویستە سەرەتا ڕێژەى متمانە و باوەڕى خەڵک بەم ڕێکخراوانە نیشان بدەین تاوەکوو بزانین هاووڵاتیان چۆن دەڕواننە ئەم ڕێکخراوانە. ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى نەیانتوانیوە وەکوو ڕێکخراوەکانى مەدەنى لە وڵاتانى پێشکەوتوو کار بکەن، بەهۆى ئەوەى بەشێکى زۆرى ئه‌م ڕێكخراو، دامه‌زراوه و گرووپانەى هەرێمى کوردستان دروستكراوى حزبه سیاسییە‌كانن و وا خۆيان نيشان داوه كه سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام له كاته هه‌ستياره‌كاندا وەکوو ئۆڕگانێكى حزبه سیاسییە‌كان ده‌رده‌كه‌ون و به‌ڕاسته‌وخۆ و يان ناڕاسته‌وخۆ و به‌نهێنى په‌يوه‌ندیيان به حزبه‌كانه‌وه هه‌يه. جگە لەمەیش، هەندێک جار ئه‌م گرووپانه وەکوو گوشار له دژى يه‌كتر به‌كار دێن؛ واته حزبه سیاسییە‌كان له دژى يه‌كتر به‌كاريان ده‌هێنن نه‌ك له دژى ده‌سه‌ڵات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى خه‌ڵك؛ ئه‌گه‌رچيش له‌سه‌ر بابه‌تێكى هه‌ستيارى خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌یش بێ، ده‌ره‌نجام هه‌ر بۆ خزمه‌تى ئه‌جێنداى حزبه سیاسییە‌كه‌يه كه ئاراسته‌ى كردوون.
ئەم هۆکارانەیش وای کردووە کە لە لایەک كاريگه‌ريیه‌كى كه‌ميان له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى سياسیى هه‌رێم هه‌بێت و، لە لایەکى ترەوە نەتوانن ببنە پردى پەیوەندیى نێوان خەڵک و دەسەڵاتى فەرمى. له توێژينه‌وه‌يه‌كى مه‌يدانیدا، خه‌ڵك هۆكارى ناچالاكى يان به‌شدارنه‌بوونى ئه‌م دامه‌زراوه نافه‌رميیانه‌يان له دروستكردنى متمانه له نێوان هاووڵاتى و ده‌سه‌ڵات، به ڕێژه‌ى (54%) گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ لاوازیى چالاكيیه‌كانيان و (40%)يش بۆ ڕێگریى حکوومه‌ت له كارى ئازادانه‌ى ئه‌م ڕێكخراوانه.
هه‌رچه‌نده له وڵاتان ئه‌م ڕێكخراوانه كاريگه‌ریى ئه‌رێنيیان له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنى سياسى هه‌يه، به‌ڵام لە هەرێمى كوردستان له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه، نه‌بوونه‌ته جێگه‌ى متمانه‌ى هاووڵاتيان و، له ماوه‌ى ڕابردوودا سه‌باره‌ت به ئاستى متمانه‌ى خه‌ڵك به‌م ڕێكخراوانه پرسيار كراوه، به‌ڵام هيچ كات نه‌بوونه‌ته جێگه‌ى باوه‌ڕى به‌رزى هاووڵاتيان. له ساڵى 2008 ته‌نیا (23%)يان متمانه‌یان هه‌بووه ببنه ئه‌ندام له‌م ڕێكخراوانه و، ته‌نیا (5%)ى به‌شداربووان كه زياتر له پێنج هه‌زار بوون، متمانه‌يان به ڕێكخراوه ناحکوومیيه‌كان كردووه. له لايه‌كى تره‌وه، نزيكه‌ى (80%)ى هاووڵاتيان له تێزى دكتۆرايه‌ك، پێيان وايه ئه‌م ڕێكخراوانه به ئاماژه‌ى حزبه سیاسییە‌كان ده‌جووڵێن و زۆربه‌یشيان ته‌نیا ڕواڵه‌تن. ڕێژه‌ى (40%)ى خه‌ڵكى هه‌رێم له ماسته‌ر‌نامه‌يه‌ك، پێيان وا نیيه دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى، به‌شدار بن له دروستكردنى متمانه‌ى نێوان هاووڵاتى و ده‌سه‌ڵات. هه‌مان ڕێژه‌یش بڕيارى تا ڕادده‌يه‌كيان هه‌ڵبژاردووه و (19%)يش به‌ئه‌رێنى وه‌ڵاميان داوه‌ته‌وه.
لە دوایین ڕاپرسیى (2018) سەبارەت بە بیروڕاى خەڵکى هەرێمى کوردستان دەردەکەوێت، کە زياتر له نيوه‌ى هاووڵاتیانى هەرێم بەتەواوى ئەم ڕێکخراوانە ڕەت دەکەنەوە و پێیان وایە زۆربه‌ى سه‌نديكا، ڕێكخراوه‌كان و دامه‌زراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى، ده‌ستكردى حزبه سیاسییە‌كانن و ئه‌وانه‌ى تريش له فه‌رمانى كه‌سانى ناو حزبه سیاسییە‌كان ده‌رناچن. بەگشتى (72%)ى خه‌ڵك متمانه‌ى نیيه به سه‌ربه‌خۆبوون و دروشمه‌كانى ئه‌م پێكهاتانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات، كه ناويان له خۆ ناوه سه‌نديكا و ڕێكخراوه ناحکوومیيه‌كان. ئەمانەیش ئەوە دەردەخەن کە ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لە بەردەم کۆمەڵێک کێشەى ناوخۆیى و دەرەوەى ڕێکخراوەکانیانن کە لە خوارەوە زیاتر لەبارەیانەوە دەدوێین.
سێیەم: هۆکارەکانى خراپیى ئەداى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى
چوارەم: ڕێکارەکانى چالاکبوونى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان
کۆبەند
بەهۆى ئەوەى کۆمەڵگەى هەرێمى کوردستان لە سەرەتاى قۆناغى ڕاگوزەرى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورییە بۆ کۆمەڵگەیەکى مۆدێرن و پێشکەوتوو، ناکرێت بە هەزاران ڕێکخراوى کۆمەڵى مەدەنى دەستەوەستان بێت لە بونیادنانى کوردستانێکى بەهێز و کۆمەڵگەیەکى مەدەنیى پێشکەوتوو. ئەرکى هەمووانە کە کار لەسەر هەستانەوەى ئەم ڕێکخراوانە بکەن بۆ ئەوەى هەر یەکەو لە چوارچێوەى پسپۆڕى و ئامانجى ڕێکخراوەکەى، خزمەت بە چارەسەرکردنى کێشەکانى کۆمەڵگە و بەرچاوڕوونیى دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان بکات.