زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست- زانکۆی ئێکسیتر و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان- زانکۆی سەڵاحەددین
پرسی شۆڕش و تێكۆشان و چاكسازی و كوده‌تا و چه‌ندان چه‌مكی تری نزیك له‌م فۆرمه، به‌شێكی گه‌وره‌ی مێژووی فیكری سیاسی‌یان له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوادا داگیر كردووه؛ ئه‌مه بێجگه له‌و جهدهڵ و كێشهزایەی كه له‌سه‌ر شه‌رعییه‌تی ئه‌نجامدان و فه‌لسه‌فه‌ی شۆڕش هه‌یه؛ واتا په‌نابردنه به‌ر توندوتیژی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان. شۆڕشه‌كان هه‌رچه‌نده خاڵی وه‌رچه‌رخان و دروستكردنی مێژوو و گۆڕانی گه‌وره‌ن له جیهاندا، به شێوه‌یه‌ك كه ڕێڕه‌وی ژیان و ئاییندە و سروشتیان گۆڕیوه، وه‌ك شۆڕشی پیشه‌سازی و شۆڕشی ئه‌مریكی و شۆڕشی فهڕەنسی و شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ١٩١٧، نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی نێوه‌خۆی ئه‌و شوێنانه‌ی كه شۆڕشه‌كه‌یان تیا ئه‌نجام دراوه به‌ڵكوو كاریگه‌رییه‌كی به‌رفراوانیشی هه‌بووه له ده‌رەوه‌ی ژینگه‌ی ناوه‌خۆدا، كه تا ئێستایش سیمبولی ویست و هێزی گه‌وره‌ی مرۆڤن له گۆڕانی ڕێره‌وی مێژوودا؛ كه‌چی له هه‌مان كاتیش‌دا شۆڕشه‌كان هۆكاری سه‌ره‌كیی به‌كوشتدان و قه‌تلوعامكردنی چه‌نده‌ها مرۆڤ بوونه له جیهاندا، تا ئه‌و ئاسته‌ی ئه‌نجامی خراپیشی لێ كه‌وتۆته‌وه. له بڕی ئه‌وه‌ی مژده‌ی ژیانێكی باشتری پێ بێت، مێژووی چه‌ندان وڵاتی سه‌راوژوور كردۆته‌وه و دیكتاتۆرێكی گه‌وره‌ی به‌رهه‌م هێناوه كه به چه‌ندان شۆڕش و دژه‌شۆڕش نه‌توانراوه لا بدرێ؛ هه‌روه‌ك چۆن بینیمان كه شۆڕشی پیشه‌سازی بووه هۆی له‌دایكبوونی نازیزم و، "هیتله‌ر"ی به‌رهه‌م هێنا، یاخود له ئیتاڵیا "مۆسۆلینی"ی لێ كه‌وته‌وه؛ شۆڕشی فه‌ڕه‌نسا "ناپلیۆن" و شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1917ش له ڕووسیا "ستالین"ی لێ كه‌وته‌وه.
ئه‌گه‌رچی ئه‌مه ته‌نیا لایه‌نێكه له دیوه نێگه‌تیڤه‌كانی شۆڕشه جیهانییه‌كان، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بڵێم شۆڕشه‌كانیش به‌ده‌ر نین له تاوان و خۆینڕشتن و دڕندایه‌تی. بۆ لێكۆڵینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی فه‌لسه‌فه‌ی شۆڕش، به شێوه‌یه‌ى گشتی له فه‌له‌سه‌فه‌ی خۆراوادا ده‌توانین ئاماژه به دوو قوتابخانه‌ی سه‌ره‌كی بده‌ین له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی گۆڕانی سیاسی و شۆڕش: قوتابخانه‌ی یه‌كه‌میان "قوتابخانه‌ی فه‌ڕه‌نسی"یه، به‌تایبه‌ت بیرمه‌ندانی وه‌ك "دیكارت" و "ڕۆسۆ" و "ڤۆلتێر" و "كوندوروسیه"، كه پێشڕه‌وی ڕۆشنگه‌ری بوون له ئه‌وروپادا. ئه‌مانه باوه‌رێكی ته‌واویان به ئه‌نجامدانی شۆڕش و گۆڕان هه‌بوو ئه‌گه‌رچی له ڕێگه‌ی توندوتیژیژیشەوە بێ، چونكه پێیان وابوو عه‌قڵی مرۆڤ هێز و ویستی ئه‌وه‌ی هه‌یه ماناكانی چاك و خراپ له یه‌كتر جیا بكاته‌وه. هه‌رچی قوتابخانه‌كه‌ی تریانه، "قوتابخانه‌ی ئینگلیزی" و "سكۆتله‌ندی"یه كه به هه‌مان شێوه‌ی قوتابخانه‌ی فه‌ڕه‌نسی، دوو قوتابخانه‌ی بواری بزاڤی ڕۆشنگه‌ری بوون. ئه‌ندامانی ئه‌م قوتابخانه‌یه بریتین له بیرمه‌ندانی وه‌ك "ده‌یڤید هیوم"، "ئاده‌م سمس" و "ئیدمۆند بێرك". له نێوان ئه‌م دوو قوتابخانه‌یه‌دا جیاوازییه‌ك به‌دی ده‌كرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه، ئه‌گه‌ر قوتابخانه فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ی ڕۆشنگه‌ری، ته‌ركیزی له‌سه‌ر هێزی عه‌قڵ كردبێت، ئه‌وا ئه‌ندامانی بزاڤی ڕۆشنگه‌ریی ئینگلیزی ته‌ركیزیان كردۆته سه‌ر سنووره‌كانی ئه‌و عه‌قڵه.
ئه‌م دوو ڕوانگه‌یه دوو ئاڕاسته‌ی جیاوازیان به‌رهه‌م هێناوه بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانی سیاسی له كۆمه‌ڵگه‌دا، كه له توێژینه‌وه‌یێكی ئه‌كادیمیدا "یۆڤال لیڤین" له زانكۆی شیكاگۆدا له‌ژێر ناونیشانی "یاسای گه‌وره‌ی گۆڕان (The big law of change) ئاماژه به‌وه ده‌دات كه "تۆماس پین" باوه‌ڕی وابوو كه كۆمه‌ڵگه‌كان له "ئێستایه‌كی سه‌رمه‌دی"دا" ده‌ژین، كه ئه‌مه‌یش به درێژاییی سه‌رده‌مه‌كاندا له ئارادا بووه. بۆیه پێویسته له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی زیندوون، هێزه‌كانی خۆیان له شیكردنه‌وه‌ی دیارده‌كاندا به‌كار بێنن بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و سیسته‌مانه‌ی كه ماوه‌كه‌یان به‌سه‌ر چووه و ده‌مێكه له ئارادان؛ دواتر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی جیهان له خاڵێكی نوێوه. هه‌روه‌ك ئاماژه‌یشی به‌وه داوه كه پێویسته پاش ٣٠ ساڵ ده‌سه‌ڵاتی یاساكان كۆتایی پێ بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك بتوانێت له سەرەتایهکی تازه‌وه ده‌ست پێ بكات له‌گه‌ڵ یاسا و ڕێسایه‌ك كه بتوانێت گوزارشت له واقع و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان بکات؛ هه‌ر بۆ نموونه‌یش شۆڕشی ئه‌مریكی و شۆڕشی فه‌ڕه‌نسی، دوو نموونه‌ی گۆڕانی ڕیشه‌یی بوون، به جۆرێك كه شۆڕشگێره‌كان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێیان دروست كرد كه له‌گه‌ڵ پڕهنسیپهكانی شۆڕش بگونجێت .
بۆیه ده‌توانین بڵێین "بێرك" دیدێكی جیاوازی هه‌بوو بۆ گۆڕان، چونكه پێی وا بووه هه‌ر نه‌وه‌یه‌ك به‌شێكی بچووكه له زنجیره‌یه‌كی گه‌وره‌ی مێژوودا. ئەمه‌یش وه‌ك په‌یامێك ده‌بێت بهدهستپاكییهوه ئه‌م لۆژیكه به شێوه‌یه‌كی دروست بۆ نه‌وه‌كانمان بگوازینه‌وه، چونكه دامه‌زراوه كۆن و كلاسیكه‌كانیش به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ جۆرێك له لۆژیكیان تیادا هه‌یه كه ئه‌سته‌مه بتوانرێت تاكه‌كان ده‌ركی پێ بكه‌ن. كه‌واته قوتابخانه‌ی دووه‌م، به‌تایبه‌تیش "ئیدمۆند بێرك"، باوه‌ڕی به چاكسازیی به‌رده‌وام هه‌بووه، به شێوه‌یه‌ك كه نه‌بێته هۆكاری گۆڕینی جه‌وهه‌ری بنه‌ڕه‌تیی هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك؛ به واتای گۆڕانكاری له ناوه‌وه‌دا و هه‌مواركردنی ئه‌و كارانه‌ی كه ڕێگرن له به‌رده‌م هاتنه‌ئارای سه‌ركه‌وتن له پڕۆژه‌ی چاكسازیی به‌رده‌وامدا.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بێرك ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێت دووباره كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌مای پلانێكی ئه‌بستراكت ئاراسته بكه‌ینه‌وه، له‌وانه‌یه تووشی ئاسته‌نگی جۆراوجۆر ببین كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه، چونكه سیسته‌می كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر له‌وه ئالۆزتره كه ئێمه ده‌یبینین. بۆیه ئه‌سته‌میشه له سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی گۆڕانكاریدا به شێوه‌یه‌كی دروست ده‌رك به شته‌كان بكرێت."
له په‌راوێزی ئه‌م دوو تیۆره شیكارییه بۆ گۆڕانه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ده‌توانین بڵێین قوتابخانه‌ی فه‌ڕه‌نسی له ئێستادا تووشی جۆرێك له پاشه‌كشێكردن هاتووه، چونكه تێڕوانینی شۆڕشی ڕیشه‌یی و ڕادیكاڵی به‌ر له‌وه‌ی قوربانیی گیانی و ماددی و كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێ بكه‌وێته‌وه، له هه‌مان كاتیش‌دا ناتوانین ئه‌نجامه پێشوهختهكانیشی بزانین. هه‌ر بۆیه ئێستا له جیهانی سیاسه‌تدا لۆژیكی شۆڕش و ئه‌نجامدانی گوڕانکاریی توندوتیژانه، خه‌ریكه ده‌چێته قاڵبێكی ناشه‌رعییه‌وه، ئه‌گه‌رچی پاڵپشتیی جه‌ماوه‌ریشی له‌گه‌ڵدا بێت؛ ئه‌وه‌ی له ئێستادا باوه شێوازێكه لە گۆڕانی پله به پله و میانڕەو و هاوسه‌نگ و چاکسازیی بەردەوام كه ئه‌نجامه‌كانی گه‌ره‌نتییه‌كی ڕوونیان هه‌بێت.
له گۆشه‌نیگای ئه‌م ڕوانگه هزری و سیاسییانه‌ی ئاماژه‌مان پێ دا، ده‌مه‌وێت بڵێم، ئایا ئه‌و "شۆڕش"ەی كه له ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ له عێراقدا ڕووی دا، وه‌رچه‌خانێكی سیاسیی ته‌ندروست بوو له مێژووی سیاسیی عێراقدا؟ ئه‌مه پرسیارێكه تا ئێستا كه‌سانێكی كه‌م ورووژاندوویانه. بۆیه من له‌گه‌ڵ ئه‌و كهمینهیهدا ده‌مه‌وێت بڵێم كه شۆڕشی ١٤ی تەمموز، ده‌كرێت وه‌ك لادانێكی مێژوویی له ڕێڕه‌وه‌ی پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی سیاسی له عێراقدا سه‌یر بكرێت. بە جۆرێک کە تاوه‌كوو ١٤ی تەمموز ڕێڕەوی گۆڕانكارییه سیاسییه‌كان لە عێڕاقدا هێڵێكی سروشتی و ئاساییی هه‌بوو؛ به جۆرێك كه ده‌توانرا پێشبینیی ئه‌نجامه‌كانی بكرێت، واتا قۆناغی پاشایه‌تی، چونكه له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی چه‌ند قۆناغێكی دیالێكتیكی به ئاستێكی چاكسازییانه گوزه‌ری ده‌كرد كه له‌سه‌ر ئاستی گشتیدا ده‌توانین بڵێین كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به‌گشتی ڕوو له پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنێكی مێژوویی‌دا بوو. چونكه ڕه‌وتی كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر ئاستی دامه‌زراوه‌كان و بونیاده خودییەکانی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه و بیر و ڕووناكبیری و ئابووری و پهرهوهردە بە ئاڕاستەی كه‌ڵه‌كه‌بوونێكی سروشتی هه‌نگاوی ده‌نا؛ به جۆرێك ئه‌گه‌ر گه‌شه‌كردنێكی دیموكراسی و قوناغێكی سه‌قامگیریی سیاسی له عێراقدا هه‌بووبێت، ئه‌وا له دوای ١٩٢١ه‌وه بووه تاوه‌كوو ١٤ی ته‌مووزی ١٩٥٨؛ واتا لە سەردەمی حوکمی پاشایەتی. ئیتر له‌مه به‌دواوه مێژووی عێراق و پڕۆسه‌ی سیاسی ده‌چێته قۆناغی ڕادیكاڵییهتێكی سیاسی كه به‌رهه‌مه‌كانی بریتین له كوده‌تای سه‌ربازی؛ به جۆرێك كه عێراق 39 كوده‌تای سەربازی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. دواتریش ده‌سه‌ڵاتێكی عه‌سكه‌رتاری دێته كایه‌وه و تاوه‌كوو ڕووخانی به‌عس له 2003 درێژه‌ی ده‌بێت. ئیتر لەو ساتەوەختەوە (١٩٥٨) به وێنه‌یه‌ك سروشتی مێژووییی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی سه‌راوژوور ده‌بێت و كۆمۆنیزم ده‌بێته بیرۆكه‌یه‌كی ئه‌بستڕاكت له خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ربازیدا.
له دوای ١٩٦٣یشدا، واتا دوای كوده‌تای به‌عسییه‌كان، بیرۆكه‌یه‌كی شۆڤێنیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته سیمبولی شۆڕش و تاوه‌كوو 2003 ئه‌م بیرۆكه‌یه درێژه‌ی ده‌بێت و، چه‌ندان تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی له پێناو ئه‌م وه‌همه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت، تا ده‌گاته جینۆسایدكردنی هه‌ر ناسنامه‌یه‌ك كه جیاواز بێت له ناسنامه‌ی شۆڤینیی عه‌ره‌بی. له دوای 2003یشدا كه دیسان گۆڕانێكی ناسروشتی و پێچه‌وانه‌ی شه‌رعییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی بوو، هه‌وڵ ده‌درێت ناسنامه‌ی عێراق له‌سه‌ر بیرۆكه‌یه‌كی ئایینی و مه‌زهه‌بگه‌رێتی بونیات بنرێته‌وه، كه چه‌ندان تاوانی تیرۆر و سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. بۆیه ئەوەی پێی دەڵێن شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨، لە دیدی مندا كوده‌تایه‌كی مێژوویی بوو به‌سه‌ر ئه‌و بزاڤ و هێڵه سروشتییه‌ی كه تاوه‌كوو به‌ر له ١٤ی تهمموز به ئاراسته‌یه‌كی دروستدا گوزه‌ری ده‌كرد؛ به‌ره‌و پێشكه‌وتنی پله به پله‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری و...؛ ئه‌مه جگه له‌و سه‌رنجانه‌ی كه له‌سه‌ر قۆناغی پاشایه‌تی هه‌مانه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێوانه‌ی بكه‌ین به قه‌باره‌ی ئه‌و گۆڕان و تاوان و كاره‌ساتانه‌ی كه شۆڕش و كوده‌تاكان له عێراقی دوای ١٩٥٨دا هێنایانه ئاراوه، ئه‌وا هه‌رگیز به‌راورد ناكرێت. بۆیه شۆڕشه‌كان ڕاسته خاڵی گۆڕان و وه‌رچه‌رخانن له مێژووی جیهاندا، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا خاڵی سهرواژووركردن و تاوان و كاره‌ساته مرۆیییهكانیشن، كه ئه‌مه‌ی عێراق له دۆخی ئه‌وه‌ی دووه‌میانه؛ ئه‌گینا دوور نییه ئێستا عێراق هاوشێوه‌ی وڵاتانی وەک كوێت و ئیمارات و قەتەر نه‌بوایه، كه ئێستا له ئاستی پێشكه‌وتنی ئابووری و گوزه‌ران و ژیان و سەقامگیریی سیاسی له ناوچه‌كه‌دا به‌روارد ناكرێن.
شۆڕشی ١٤ی ته‌مموزی ١٩٥٨ دۆخێكی ناسروشتیی وای لێ كه‌وته‌وه كه سه‌ركردایه‌تیی شۆڕش نه‌یتوانی پاریزگاریی لێ بكات. ئیتر هۆكاری ئه‌م دۆخه واقعێكی هێنایه كایه‌وه كه زیاتر له ٦ دەیەیە ئه‌و وڵاته خوێنی لێ ده‌ڕژێت، بێ ئه‌وه‌ی ئومێدێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌بێت. هه‌رچه‌نده ئه‌و ڕوانگەیەی ئێمە ته‌نیا پرسیارێكه بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت وردتر لێكۆڵینه‌وه و شرۆڤه‌ی ئه‌م بابه‌ته بكەن، نەک تەنیا بە شان و شه‌وكه‌تی شۆڕشێك هه‌ڵدەن كه خه‌ریكه سه‌ری نه‌وه‌كانی ده‌خوات!