عێراقی دوای هەڵبژاردن؛ ئەگەرێک بۆ ناسەقامگیری و توندوتیژی

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

لە پشت هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردندا، ئامانجێکی سیاسی و یاسایی هەیە، ئەویش بریتییە لە نوێبوونەوەی پڕۆسەی سیاسی و شەرعییەتبەخشین بە دەسەڵاتێکی سیاسیی نوێ؛ ئه‌وجا گەر بە ڕووکەشیش بێت، هەڵبژاردن هەر پێویستە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی سیاسی و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک. هەڵبژاردنی ئەم جارەی عێراق هەر لە بنەڕەتدا بۆ ئەو مەبەستەیه‌. لە دوای ٢٠٠٣، ئەوە یەکه‌م جارە کە حکوومەت نەتوانێت ماوەی یاساییی خۆی تەواو بکات لەبەر تووڕەیی و بێمتمانەییی خەڵک بە نوخبەی حوکمڕان و پرۆسەی سیاسی. بە واتایەکی تر، ئەوە یەکەم هەڵبژاردنە کە لەژێر گوشاری شەقام و ویستی خەڵكدا ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتیتریش ویستی خەڵكی شیعە لە پارێزگاکانی بەغدا و باشووردا، کە لە ناڕەزایییەکانی تشرینی ٢٠١٩ بەرجەستە بوو. بەڵام دوای نزیکەی دوو ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر ناڕەزایییەکاندا و بوونە قوربانیی ٦٠٠ کەسی خۆپیشاندەر و هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی "عادل عەبدولمەهدی"یش، کەچی هیچ لەو ئامانجانەی کە چاوەڕێ دەکرا بێنە دی، نەهاتنە دی. حکوومەتی "کازمی"یش نەیتوانی کەمترین بەڵێنی خۆی بباته‌ سەر. دیسان هەمان نوخبەی سیاسی بە هەمان میکانیزم و هەندێک ڕەنگی جیاوازەوە هاتوونەتەوە مەیدان و کاندیدی هەڵژاردنەکانن؛ نەک هەر ئەوە بەڵکوو هێزی میلیشیا چەکدارەکانی نزیک ئێران ئێستا زیاتریش بووە و، هاتوونەتە ناو حکوومەت و پرۆسەی سیاسییشەوە؛ دەنگی سیاسی، پارەی سیاسی و هێزی چەکدارییشیان هەیە.

بەپێی ڕاپرسییه‌کی ڕای گشتی لە عێراقدا کە لە بەهاری ئەمساڵدا (٢٠٢١) کراوە، تەنیا ١٤٪ی سوننەکان و ١١٪ی شیعەکان و ٣١٪ی کوردی پێیان وایە کە لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنه‌وه‌ دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەبێت. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داڕمانی متمانە بە پرۆسەی سیاسی لە تەواوی عێراقدا. لە دوای ٢٠٠٣ ئەمە یەکەم جارە نائومێدیی خەڵک، بەتایبەتییش شیعە و کورد دەگاتە ئەم ئاستە؛ واتە بیرکردنەوە لە ئەنجامدانی گۆڕانی سیاسی لە ڕێگه‌ی توندوتیژیی سیاسی و هەڵکوتانە سەر دامودەزگه‌کانی حکوومەت، کە چەند جارێک لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بینیومانە. بۆیە ئەم نووسینەی ئێمە، تیشکی سەرەکیی لەسەر ئەو ئارگیۆمێنتەیە کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ١٠، لە بری ئەوەی سەقامگیری و شەرعییەتی سیاسی ببەخشنە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا، کردنەوەی دەرگه‌یەکە بەسەر ناسەقامگیری و توندوتیژیی سیاسی، بەتایبەت لەناو شیعەکاندا، هەم لەسەر ئاستی خەڵک هەمیش لەسەر ئاستی لایەنە سیاسییەکان؛ بەتایبەت ئەو لایەنانەی کە میلیشیا و هێزی سیاسییان هەیە و لە بەرەی مانەوەی هەژموونی ئێرانن لە عێراقدا.

دیسان لە هەمان ڕاپرسیدا دەردەکەوێت کە متمانە نەک تەنیا بە حکوومەت، بەڵکوو بە تەواوی نوخبەی سیاسیی پڕۆسەی سیاسییش لە عێراقدا لەوپەڕی نزمیدایە. ئەوەی لەم ڕاپرسییەدا سەرنجڕاکێشه‌، بۆ یەکەم جار شیعەکان کەمترین متمانەیان بە نوخبەی ئێستای سیاسیی خۆیان هەیە کە ٣٩٪یە. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو مەترسییان لە خودی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش هەیە؛ تا ئەو ئاستەی لە چوار کەسی شیعە، سێ کەسیان پێیان وایە کە هەڵبژاردنی ئەم جارە کێشەی ئاسایشی و سیاسی لە ناوچەکانیان دروست دەکات. بە پشتبەستن بە چەند ڕاپرسییەکی باوەڕپێکراو کە دەزگه‌ی گالوپ ئەمساڵ ئەنجامی داوە، "نوخبەی سیاسی- ئایینی" کە تا ئێستایش لە پڕۆسه‌ی سیاسیدا بەهێزترینن، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی سیاسی و ئایینییان لە دابەزیندایە؛ بە جۆرێک تەنیا ٣٨٪ی خەڵک لە عێراقدا متمانەی بە دامەزراوه‌ ئایینییەکان ماوە. ئێستا ٩٠٪ی عێراقییەکان دەیانەوێت ئەو فۆڕمە سیاسییەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی لەسەر دامەزراوە، نەمێنێت. پرسێکی تر کە دیسان گومان دەخاتە سەر کاریگەریی هەڵبژاردن و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی سیاسی و ئابوورییشدا، پەیوەستە بە ڕێژەی بەشداریکردن؛ ئەم هەڵبژاردنەیش، دیسان ڕاپرسییەکان وای دەبینن  کە لە هی ٢٠١٨ خراپتریش دەبێت.

ئەمەیش گومانێکی لای خەڵک دروست کردووە- کە لە ڕووی زانستی سیاسییشەوە پشتڕاست کراوەتەوە- کە نەبوونی متمانە و کەمیی بەشداریکردنی هاووڵاتیان پرسیار لەسەر شەرعییەتی سیاسی دروست دەکات؛ نەبوونی شەرعییەتیش هۆکارێکە بۆ پەنابردنە بەر میکانیزمی ناڕەزایی، دواتریش بەکارهێنانی توندوتیژی دژی دەسەڵات. ئەمەیش لە ئێستادا لە عێراق ئامادەییی هەیە، بۆ نموونە ٦٠٪ی عێراقییەکان پێیان وایە کە دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکوومەتیش ڕاپەڕین و ناڕەزایییەکانی هاوشێوەی ڕاپەڕینی تشرینی ٢٠١٩ دووبارە دەبنەوە؛ کەچی لە پارێزگانانی باشووردا، واتە زۆرینە شیعەکان، ئەو ڕێژەیە زیاتریش دەبێت بۆ ٧٠٪. ئەمەیش گومانی زۆر ده‌خاته‌ سەر سەقامگیریی پرۆسەی سیاسی لە دوای هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکوومەت.

هەڵاوسانی گەنجان وەک فاکتەرێکی تری ناسەقامگیری لە دوای هەڵبژاردنەکان

بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ڕێژەی بێکاری لەم ساڵدا ٣٠٪یە، کەچی لە ساڵی ٢٠١٨ ئەم ڕێژەیە ٢٠٪ بووە. واتا نزیکەی ١١ ملیۆن کەس لە عێراقدا لە ئاستی هەژاریدان. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاتر لە ٤٠ ملیۆن کەسە، واتە دوو ئەوەندی ٢٥ ساڵ پێس ئێستا. ئەمە دەری دەخات کە ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە هەڵکشانێکی زۆر خێرادایە کە هەر ٢٥ ساڵێک ژمارەی دانیشتووانی دووئەوەندە زیاد دەکات؛ بە جۆرێک ئەگەر ڕێژەی گەشەکردنی دانیشتووانی عێراق بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، کە بەرزترینە بە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە بەدەست چەندان کێشەی تری سیاسی و ئابووری و ژینگەیییه‌وه‌ دەناڵێنێت. ئەم زیادکردنە خێرایەی دانیشتووان، بەردەوام گوشاری زیاتر لەسەر حکوومەت دروست دەکات؛ بە جۆریک کە دەبێت هەر ساڵێک نزیکەی یەک ملیۆن دەرفەتی کار بڕەخسێنێت. ئەمەیش زۆر ئەستەمە ڕوو بدات چونکە حکوومەتی عێراق ئەو توانایەی نییە. لە ئێستادا نزیکەی ٣ ملیۆن کەس فەرمانبەری بەردەوامن (نەک گرێبەست) بە پێی یاسای بوودجەی ئەمساڵ، کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو ژمارەیە هێشتا زیاد دەکات بەرامبەر نزیکەی ٩ ملیۆن کەس کە داهاتێکی ئاساییی ڕاستەوخۆ لە دەوڵەت وەرده‌گرن کە لە نێوانیاندا ٤ ملیۆنیان خانەنشین و، هەروەها ٤،١ ملیۆن خێزانیش هاوکاریی وەرزی لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن. ئەمە جگە لە هەزارن کەس کە کرێکاری گرێبەستن و بە کرێیەکی ڕۆژانە لە زۆربەی وەزارەتەکان کار دەکەن.

لەگەل ئەوەیشدا، نزیکەی یەک ملیۆن خێزانیش لە داتاکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون، کە چاوەڕێی هاوکاری و کۆمەکی مانگانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەکەن. واتا ٧٠٪ی بوودجەی عێراق بۆ مووچە دەڕوات؛ کەچی بارودۆخی حکوومەتی ئێستای عێراق هەرگیز لەو ئاساتەدا نییە کە بتوانێت هەلی کار لە کەرتی تایبەتدا دروست بکات. لە ئێستادا ساڵانە ٧٠٠،٠٠٠ گەنج دێنە ناو بازاڕی کار و داوای کار لە حکوومەت دەکەن؛ ئەمە بێجگە لە سەدان هەزار گەنجی خاوەن بڕوانامە کە زانکۆ تەواو دەکەن. ئەم قەبارە زۆرەی بێکاری و بەرامبەر ئەو هەڵاوسانەی کە لە ڕێژەی گەنجاندا هەیە، هەمیشە سەرچاوەیەکن بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان، چونکە دامەزرەوەکانی حکوومەتی عێراق توانایەکی زۆر سنوورداریان هەیە بۆ پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە سەرەتایییانە؛ لە هەموویشی گرنگتر دابینکردنی وزەیە بۆ شارەکان، بەتایبەتیش لە مانگەکانی هاویندا. ئەم فاکتەرانە لە ڕاستیدا هەموویان ڕۆڵیان هەبوو لە سەرهەڵدانی ناڕەزایییه‌کانی تشرین. سەرچاوی بنەڕەتیی سەرهەڵدانی ناڕەزایییەکانی تشرین، دەگەڕێتەوە بۆ بێتواناییی حکوومەت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان. بێتواناییی حکوومەت وای کرد، گرژی و پێکدادان لە نێوان حکوومەت و خۆپیشاندەران دروست ببێت، کە دواجار بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی و دابەزینی متمانە بە حکوومەت و نوخبەی سیاسی بۆ ئەوپەڕی، لە مێژووی دوای ٢٠٠٣ی عێراقدا. ئەو فاکتەرانەی کە ناڕەزایییەکانی تشرینی لێ کەوتەوە، ئێستا بە زیادەوەیش ئامادەن و چارەسەر نەکراون. ئەمەیش ئەگەرێکی کراوە بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا دێنێتە کایەوە.

لە زانستی سیاسیدا زیاتر لە تیۆرییه‌ک هەیە کە پەیوەندیی نێوان فاکتەری دیمۆگرافی و توندوتیژیی سیاسی لە کۆمەڵگەدا دیاری دەکەن. یەکێک لەو تیۆرییانەی کە لە زۆر ڕووەوە دەتوانێت ئەو دۆخەی ئێستای عێراق بخوێنێتەوە، تیۆریی هەڵاوسان (کەڵەکەبوون)ی گەنجانە (Youth bulge)، بەتایبەت دوای ئەوەی زیاتر لە توێژینەوەیەک گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە  "لە ساڵانی ١٩٧٠ تا ٢٠٠٧، ٧٠ ٪ی ململانێكانی جیهان لەو وڵاتانە بووە کە ڕێژەی گەنجانی  لە خوار ٣٠ ساڵ بووە"؛ واتە کۆمەڵگەی گەنج بوون. هەڵبەتە، مەبەست لە گەنج بەپێی زۆربەی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بریتییە لە تەمەنی ١٥-٢٤ ساڵ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە تەمەنی گەنجی وەک فاکتەرێکی دیمۆگرافی، ئەو تەمەنەیە کە دەکەوێتە نێوان ١٦-٣٠ ساڵ. بەو پێیەیش کۆمەڵگەی عێراقی کۆمەڵگەیەکی گەنجە؛ واتا گەشەی دیمۆگرافی، نیمچەبەرزە. ئەم تیۆرییە لە دوای ڕووداوەکانی ١١ سێپتەمبەر و دواتریش بەهاری عەرەبی، سەدایه‌كی باشی هەبووە بۆ تێگەیشتن لە ناسەقامگیرییەکانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، بەتایبەتیش لە بواری تێگەیشن لە پەیوەندیکردنی گەنجان بە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە. "فەرید زەکاریا" لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر، بەشێکی زۆری سەرهەڵدان و ناسەقامگیرییەکانی جیهانی ئیسلامیی، بۆ هەر یەکە لە فاکتەرەکانی هەڵاوسانی گەنجان و لاوازیی گەشەی ئابووری گەڕاندەوە. 

بەپێی ڕاپۆرتی PAI لە نێوان ساڵانی 1970 تا 1999دا لە سەدا 80ی ململانێی مەدەنی لەو وڵاتانەدا ڕووی داوە کە 60٪ی دانیشتووان یان زیاتریان تەمەنیان لە سی ساڵ کەمتر بووە. ئەمڕۆ شەست و حەوت هەرێم هەیە کە ڕیژەی بەرزی گەنجێتیی هەیە، کە 60یان تووشی نائارامی و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی بوون. دیمۆگرافیناسەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هەڵاوسانی گەنجان، تاكه‌ هۆکار نییە بۆ ناکۆکییە مەدەنییەکان، بەڵکوو گەندەڵی، گرژییە ئایینییەکان، هەژاری و ناکاراییی دامەزراوە سیاسییەکانیش ڕۆڵی هاوبەشیان له‌ ڕووداوه‌كاندا هه‌یه‌. ڕه‌هه‌ندی سه‌ره‌كیی ئه‌م تیۆرییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ وڵاتێكدا ڕێژه‌ی له‌دایكبوون زۆر بێت، ژماره‌ی گه‌نجان زیاد بكات، هه‌لی كار و دامه‌زراندن و خۆشگوزه‌رانی بۆ گه‌نجان نه‌بێت، هه‌ڵاوسان ڕوو ده‌دات، ئه‌وجا ئه‌م هه‌ڵاوسانه‌ ده‌بێته‌ هۆكاری په‌رچه‌كردار و توندوتیژیی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ جۆرێك له‌ پشێوی دروست ده‌كات كه‌ زۆر جار سیاسییه‌كان ناتوانن كۆنترۆڵی بكه‌ن. ئەمە ئەم دۆخەیە کە ئێمە پێشبینی دەکەین لە عێراقی دوای هەڵبژاردنەکاندا ڕوو بدات.

ئایا هەرێمی کوردستانیش لەناو بازنەی مەترسیی هەڵاوسانی گەنجاندایە؟

بەگوێرەی ڕووپێوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری دانیشتووان (UNFPA)  لە ساڵی ٢٠١٨، ڕێژەی تەمەنی ١٥ ساڵ و بەرەو خوار نزیکەی ٣٧%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنێن و هەمان ڕێژەیش لە عێراقدا ٤٠% تێپەڕ دەکات. لە هەرێمی کوردستاندا مەزندە دەکرێت ڕێژەی گەنجان نزیکەی ٤٠٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک بێنن. بوونی ئەو وزە زۆرە، حکوومەتێکی کارا و دەستکراوەی دەوێت کە بتوانێت ئەم وزەیە بگوازێتەوە بۆ کار، و وەبەرهێنانی تێدا بکات. لەم دۆخەدا حکوومەتی هەرێمیش، بەتایبەت لە ڕووی ئابوورییەوە، لەو ئاستەدا نییە ئەم پرسە کۆنتڕۆڵ بکات. ئەمەیش دواجار ئەگەری جۆرێک لە ناسەقامگیریی سیاسی و ناڕەزایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

بەپێی توێژینەوەیەک لەبارەی پەیوەندیی نێوان هەڵاوسانی گەنجان و توندوتیژیی سیاسی کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن ‌"هێنریک ئۆردال" ئەنجام دراوە، گەیشتۆتە چەند ئەنجامێکی گرنگ کە گشتیان بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستانه‌وه‌ هەیە؛ واتا ئەو قەیرانانەی کە ئێستا هەن، ئەگەری مانەوەیشیان لە دوای هەڵبژاردنەکان هەر هەیە. یەکێک لە دەرەنجامە گرنگەکانی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە، "ئەو وڵاتانەی هەڵاوسانی ڕێژەی گەنجانیان هەیە، ئەگەری توندوتیژییان زیاترە لەو وڵاتانەی کە ئەو ڕێژەیەیان نییە."  لەبەر ڕۆشناییی ئەم گریمانەیەدا دەتوانین بڵێین کە هەڵاوسان و کەڵەکەبوونی ڕێژەی گەنجان لە هەرێمی کوردستاندا بە هاوتابوون لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و لاوازیی گەشەسەندنی ئابووری، زەنگێکی مەترسیدارە لەسەر پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا؛ بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە زانکۆکان تەواو دەکەن و دەرفەتی کارکردنیان نییە، ڕێژەیان ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت. ئەمەیش بەرە بەرە سەر دەکێشی بۆ قەیرانی بێکاری و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری؛ چونکە ئەم دەرچووانە هەموو جۆرە ئیشێک ناکەن و بەردەوام لەژێر کاریگەریی سۆشیال میدیادان و زۆرتر کاریگەرن بە پرسە سیاسییەکان.

هەڵبەتە ئەم داتا مەترسیدارانە کەم تا زۆر بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاستن. هەڵاوسانی گەنجان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری لەوانەیە لە ئاییندەیەکی نزیکدا، سەر بکێشیت بۆ تووڕەبوون و بێمتمانەبوونی گەنجان لە دۆخی سیاسی و ئابووری؛ ئەمەیش دواجار سەر دەکێشیت بۆ توندوتیژیی سیاسی و زیادبوونی ڕێژەی تاوان و چەندان مەترسیی تر کە ئێستا ئاماژەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوونتر دەردەکەون. لە دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆم جۆرێک لە نائومێدیی سیاسی لەسەر ئاستی کۆمەڵگه دروست بووە‌، بەتایبەتیش لە بێهیوابوونی خەڵک لە بەشداریکردنی سیاسی (کە بەپێی داتاکان لە ساڵی ٢٠١٨، ٥٠٪ی گەنجانی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە سیاسەت نەماوە) و دواجار پاسیڤبوون و بێهەڵوێستبوون لە بەرامبەر دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. هەر بۆیە لە ٢٠١٧ تا کۆتاییی ساڵی ٢٠١٩ خەڵک تاقەتی خۆپیشاندان و ناڕەزاییشی نەمابوو، ئەمە لە کاتێکدا کە پارێزگاکانی تری عێراق لە دۆخێکی ناڕەزاییی جەماوەریی بەردەوامدا بوون. ئەم قۆناخی پاسیڤبوون و بێدەنگییەی خەڵک، پێدەچێت دوای هەڵبژاردن تەواو بێت؛ ئەگەر تەواویش نەبێت، کاریگەر دەبێت بە گوشاری سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە بەغدا. بزوێنەری خێرابوونی ئەم قۆناغە تازەیەیش زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسانی گەنجانی بێکار و بێهیوایە لە هەرێمی کوردستاندا کە دەتوانرێت بەئاسانی شەپۆلی ناڕەزایەتییه‌کان بیانگرێتەوە، یانیش لەلایەن لایەنێکی سیاسییه‌وه‌ ئاڕاستە بکرێن.

دەرەنجام

هەڵبژاردنی ئەم دوایییەی عێراق ئەگەرچی لەژێر گوشاری شەقام و خەڵکی ناڕازیدا بوو، بەتایبەت لە پارێزگا شیعییەکاندا، بەڵام دۆخی سیاسیی عێراق و توانا ئابووری و دامەزراوەیییەکانی عێراق و ئەو ڕێژە زۆرەی بیکاری و لە سەرووی هەموویشیان هەڵاوسانی ڕێژەی گەنجان، ئاماژەن بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایی و ناسەقامگیری و توندوتیژیی سیاسی لە عێراقدا. هەرێمی کوردستان ئەگەرچی هەندێک جیاوازترە لە عێراق، بەڵام دواجار ئاستی ناڕەزایییەکان هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. مەترسیی ئەم جارە لەسەر حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە ڕێگه‌ی لایەنە سیاسییەکان یان حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانه‌وه‌ نییە، چونکە ئەم لایەنانەیش جێگه‌ی متمانە نین؛ بەڵکوو لە ڕێگه‌ی ناڕەزایی و خۆپیشاندان و تووڕەییی ژمارەی ئەو گەنج و بێکارانەیە کە ڕێژەیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبووندایە و حکوومەتیش ناتوانێت دەرفەتی کاریان بۆ ناڕه‌خسێنێ.

 

سەرچاوەکان:

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples