قۆناغێکی مەترسیدار لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

دەروازە

ئێران پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستانی ئێستا) هەبووە؛ له‌م باره‌یه‌وه‌ لە پێش هەموو ئەو وڵاتانەیە کە کوردیان بەسەردا دابەش کراوە. لە دوای ٢٠٠٣ واتە پڕۆسەی "ئازادکردنی عێراق/ داگیرکردنی عێراق"، ئێران یەکەمین وڵات بوو کە بەفەرمی نوێنەرایەتیی خۆی لە فۆرمی کۆنسوڵگەری لە هەرێمی کوردستاندا کردەوە. بەپێچەوانەی بەشێک لە وڵاتانی دەوروبەر، ئێران هەمیشە ڕوانگە و سیاسەتی تایبەتی خۆی هەبووە بەرامبەر هەرێمی کوردستان. ئەم سیاسەتە تا ئێستا بە قۆناغی جیاوازدا تێ پەڕیوە؛ بەڵام لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ فاکتەرێکی نوێ هاتۆتە ناو سیاسەتی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان کە، سەرەتای قۆناغیکی مەترسیدارە لە پەیوەندییەکانی هەردوو لا. ئێمە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین شیکردنەوەیەک بۆ ئەم قۆناغانەی سیاسەتی ئێران بکەین بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش ئەو قۆناغەی کە ئێستا پەیوەندییەکانی هەردوو لا پێیدا تێ دەپەڕێت.

ئێران چۆن دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان؟

سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەمبەر وڵاتانی دراوسێدا، سیاسەتێکە ڕەهەندێکی تەواو پڕاگماتییانەی هەیە؛ لەناو خودی ئەم پراگماتیزمەیشدا فاکتەری جیۆپۆلیتیک پاڵنەرێکی گرنگی سیاسەتی ئێرانە، بەتایبەتیش بەرامبەر دراوسێ نزیکەکانی. ئەم فۆڕمەی سیاسەتی ئێران، بەسەر هەرێمی کوردستانیشدا جێبەجێ دەکرێت؛ لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان پانتایییه‌کی بەرهەمدار نییە بۆ هێزی نەرمی ئێران کە خۆی لە ئایدیۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، واتە فەکتەری "شیعیزم"دا دەبینێتەوە. لەم سۆنگەیەوە پەیوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا فۆڕمێکه‌ لەو پەیوەندییانەی کە زیاتر ڕەهەندێكی ئاسایشی و سیاسی بەسەریاندا زاڵە، تا ڕەهەندی ئابووری و ئایدیۆلۆژی. پەیوەندیی هەرێم و ئێران لە هەمان کاتدا کاریگەریشن بە پرسە سیاسییە ناوچەیییەکانی تری وەک سیاسەتی ئێران بەرامبەر عێراق و سووریا و تورکیا و وڵاتانی کەنداو، ئینجا پرسی ئابووری و، بوارەکانی تر بە پلەی کەمتر دێن؛ ئەمەیش بەهۆی پێگەی سیاسی و جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان کە سنوورێکی درێژی (٥٠٠ کم)ی هەیە لەگەڵ ئێران و، "پرسی کورد"یش جەمسەری سەرەکیی ئاراستەکردنی ئەو پەیوەندییانەیە.

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستایش، سیاسەتی ئێران بەرامبەر هەرێم، سیاسەتێکی ئاسایشی و لەسەر بنەمای حزبی بووە نەک دامەزراوەیی. واتە ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە مامەڵە ناکات، بەڵکوو لە ڕێگەی سوپای قودس و "قەرارگای ڕەمەزان"، هەروەها لە ڕێگه‌ی حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانه‌وه‌، واتە بە شێوەیەکی نافەرمی مامەڵە دەکات. ئێران وەک هێزێکی هەرێمیی مامناوەند (Middle power) هەمیشە بە دوای دروستکردنی کایەیەکی کاریگەر یان گوشاردروستکەر (sphere of influence) لە هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێت. ئێران بە میکانیزمی چاودێریکردنی وردی هەرێم و دەستوەردان لە ئاراستەکردنی بڕیاری سیاسی لە هەرێمدا هەمیشە دەیەوێت پێگەیەکی باڵای هەبێت، کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا هەرێم لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت. سێ پرسی سەرەکی هەن کە هەمیشە جێگه‌ی گرنگیپێدانی سیاسەتەکانی ئێرانن لە هەرێمی کوردستاندا.

پرسی یەکەم پەیوەنددارە بە جیۆپۆلیتیکی ئیتنی لە عێراقدا (Iraq’s ethnic geopolitics) کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پێکهاتەی ئیتنی لە ئێراندا. ئەو فرەپێکهاتەیییەی کە لە عێراقدا هەیە، واتە کورد، عەرەب، شیعە و سوننە، هەمان پێکهاتە لە ئێرانیشدا هەیە؛ پەیوەندیی پتەویش لە نێوان پێکهاتەکانی هەردوو لادا هەیە. پرسی دووەم، بریتییە لە ململانێی هەرێمی (Regional Rivalry) کە ئێران وەک هێزێکی هەرێمیی سەرکێش هەمیشە ئەکتەرێکی سەرەکیی ئەو ململانێ هەرێمییانەیە و هەوڵ دەدات هەرێمی کوردستان ئەگەر هەر هیچ نەبێت بەشێک نەبێت لە بەرەی دژ بە ئێران. پرسی سێیەم، بریتییە لە ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، کە لە دوای ٢٠٠٣ بۆتە مەترسی لای ئێران. ئێران نیگەرانە لە بوونی سەربازی و سیاسیی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم سێ فاکتەرانە، ڕوانگەی ستراتیژیی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن بۆ هەرێمی کوردستان. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین کە ئێستا هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش دوای بوون بە بەشێک لە هاوپەیمانیی سێقۆڵی لەگەڵ موقتەدا سەدر و سوننەکان، لە ڕوانگەی ئێرانەوە لە هەرسێ پرسی (ناوخۆ، هەرێمی، نێودەوڵەتی) سنووری بەرژەوەندییەکانی ئێرانی بەزاندووە!

  • نیگەرانییە تازەکانی ئێران لەناوچەکەدا

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئێران تووشی کۆمەڵێک کێشە بۆتەوە کە بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانی و مەترسی بۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ لە سەرووی هەموویشیانەوە لاوازبوونی پێگەی جەماوەریی ئێرانە لەناو شیعەکانی عێراقدا. بەڵگەیشمان بۆ ئەوە، سووتاندنی کۆنسوڵگەری و بارەگای لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئێران بوو لە کاتی ناڕەزایییەکانی تشرینی ٢٠١٩، دواتریش دابەزینی پێگەی لایەنگرانی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ کە تا ئێستایش ئێران بەدەستییەوە دەناڵێنێت؛ هەڵبەتە ئەمە جگە لەو ئاڕاستە عێراقییەی کە موقتەدا سەدر سەکردایەتیی دەکات لەژێر دروشمی "نە ڕۆژهەڵاتی، نە ڕۆژاوایی و حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی" کە ڕاستەوخۆ مەبەستی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانە بەسەر جومگەکانی حوکمڕانی لە عێراقدا. ئەو هاوپەیمانییە سێقۆڵییەی کە موقتەدا سەدر سەرکردایەتیی دەکات، ڕاستەوخۆ دژی هەرسێ بنەماکەی سیاسەتی ئێرانە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و عێراقیش؛ واته‌ دژی ڕاگرتنی باڵادەستیی شیعەکانە بەسەر دەوڵەتی عێراقدا، بەتایبەت شیعەکانی نزیک لە ئێران؛ دووەمیش دژی ئەو سیاسەتە هەرێمییەی ئێرانە کە دەیەوێت کارتی عێراقی تێدا بەکار بهێنێت لە ململانێ هەرێمییەکاندا، بەتایبەت دژی وڵاتانی کەنداو و جارجارە تورکیایش؛ هەروەها لێدانیشە لە سەری ڕمی هێزی سیاسەتی ئێران کە میلیشیا سەربازییەکانی نزیک لە ئێرانن، کە موقتەدا دەڵێت دەبێت چەک بکرێن و بخرێنە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەوە. ئەمەیش لە ڕاستیدا واته‌ پەلوپۆکردنی هێزی سەرەکیی ئێران لە عێراقدا. بۆیە وەک پەرچەکردارێک بۆ ئەم نیگەرانییانە دواجار ئێران باڵیۆزەکەی، "ئیرەج مەسجدی"ی گۆڕی و "محمەد کازم ئال سادق"ی له‌ شوێنی دانا، کە بنەچەی لە خێزانێکی عێراقیی دیاری شاری نەجەفە و بەڕەوانی زمانی عەرەبی و شێوەزاری عێراقییش دەزانێت؛ چونکە سەرەڕای ئەزموونی زۆری مەسجدی، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە ئیدارەدانی هاوپەیمانێتییەکان و، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆیان.

هەڵبەتە، چەند پرسێکی تریش هەن کە بەشێکی گرنگن لە نیگەرانییەکانی ئێران لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیشدا؛ لە سەرووی هەموویانەوە ئاساییکردنه‌وەی پەیوەندییەکانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، بەتایبەتیش بەحرێن و ئیمارات؛ دیارە سعوودیایش بەناڕاستەوخۆ پاڵپشتییان دەکات. لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا (٢٠٢٢) بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵات (ئەمریکا، ئیسرائیل، بەحرێن، ئیمارات، میسر و مەغریب) لووتکەی نه‌قه‌ب  (Negev Summit) لە بیابانی نەقەب لە ئیسرائیل بەسترا. ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم لووتکەیە، تایبەت بوون بە دروستکردنی لیژنەی ئاسایشی لە نێوان ئەندامەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان، پێشکەشکردنی هاوکاریی لۆجستی و هەواڵگری، بەتایبەت لە ڕووی تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنی بە ئەندامەکان، هەروەها دانانی ستراتیژییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا؛ ئەمەیش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەری. فاکتەرێکی سەرکەوتنی ئەم لووتکەیە ئەوەیە، وەک بەشێک لە چاودێران دەڵێن لەوانەیە بتوانێ سیسته‌مێکی هەرێمیی نوێ (new regional system) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێتە کایەوە؛ هاوشێوەی ناتۆیەکی هەرێمی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتیش وڵاتە عەرەبییە سوننەکان.

تەوەرەێکی تر کە جێگه‌ی نیگەرانیی ئێرانە، بریتییە لە سستیی بەڕێوەچوونی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئێران چاوەڕوانی ئه‌وه‌ بوو ئەمریکا و ڕۆژاوا پەلە بکەن لە گەیشتن بە ڕێکكەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بۆ ئەوەی نەوت و گازی ئێران جێگەی بەشێک لەو کەلێنە گەورەیە بگرێتەوە کە ڕووسیا لە ڕووی وزەوە لە ئەوروپادا دروستی دەکات. بەڵام دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ، هێشتا دانوستاندنە ئەتۆمییەکان وەک پێویست بەڕێوە ناچن و، ئێران گەشبین نییە بە ئەنجامی ڕێکكەوتنەکە؛ واته‌ گەر ڕێکكەوتنەکەیش بكرێت، ئێران بەتەواوی لە گوشارەکانی ئەمریکا ڕزگاری نابێت.  

تەوەرێکی تری نیگەرانیی ئێران، گۆڕانی سیاسەتی هەرێمیی تورکیایە بە ئاراستەی نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل، ئیـمارات، سعوودیا و میسر. لە کۆتاییی مانگی نیسان ئەردۆغان سەردانی سعوودیای کرد؛ سەردانی هەر یەکە لە ئیمارات و، هەروه‌ها سەردانی سەرۆکی ئیسرائیلیش بۆ تورکیا، پێشهاتی نوێن و گوزارشت لەوە دەکەن کە ئەردۆغان دەیەوێت قۆناغێکی تر لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەست پێ بکاتەوە، بەتایبەت لەگەڵ دۆستەکانی ئەمریکا، بەتایبەتتریش ئەو وڵاتانەی گشتیان نەیاری سەرەکیی ئێرانن لە ناوچەکەدا. ئەمە لەوانەیە سیسته‌مێکی هەرێمیی نوێ بێنێتە کایەوە کە دواجار بەرەوڕووی ئێران بوەستێتەوە لە ناوچەکەدا، بەتایبەت کە ئەمریکا بەشێکە لەم بەرە نوێیە. ئەم دیزاینە سیاسییە هەرێمییە نوێیە لە عێراقیش، دەکرێت ببێتە کێشە و سەرئێشە بۆ ئێران، بەتایبەت کە تورکیا و وڵاتانی کەنداو پشتگیری لە سوننە و کورد و دواتریش لە هەر هەوڵێکی تری شیعەکان دەکەن کە عێراق لە ئێران و میلیشیاکانی دوور بخاتەوە. بۆ نموونە تورکیا نیگەرانە لەو دۆخەی ئێستای شه‌نگاڵ و پاڵپشتیی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە هێزەکانی پەکەکە (‌یەکینەکانی پاراستنی شەنگاڵ)؛ بۆیە ئێران لە ئێستادا هەست بە جۆرێک لە گەلەکۆمێ دەکات لە دژی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا.

هەرێمی کوردستان وەک مەیدانێک بۆ هەڕەشەکردنی ئێران لە نەیارەکانی

سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە لە دوای ٢٠١٠ هیچ حکوومەتێک لە عێراق پێک نەهاتووە بەبێ دەستوەردان و، هەروەها ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران. لە ستراتیژیی ئێران، عێراق بەرەی پێشەوەی ئێرانە لە ململانێدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و، وەک قەڵغانی خۆپاراستنی ئێران وایە بەرامبەر هەڕەشەی وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا. پێش کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئێران کاتێک دەیەویست گوشار لە ئەمریکا بکات، بەزۆری سەنتەری گوشارەکانی لە پارێزگای بەغدا و دەوروبەری بوو؛ هەندێك جاریش پارێزگاکانی باشووری عێراق. ئەمە وای کردبوو هەرێمی کوردستان دوور بێت لە مەیدانی شەڕ و ململانێکانی ئێران و ئەمریکا و نەیارەکانی؛ کە ئەمەیش لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکیی بووژانەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بوو لە ڕووی ئابووری و سەقامگیرییەوە، بەراورد بە بەشەکانی تری عێراق. بەڵام دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئێستا ئێران، هەولێر و هەرێمی کوردستانی کردووەتە ناوەندێک بۆ دژایه‌تیکردن و ناردنی پەیام بۆ نەیارەکانی؛ جارێک بە پاساوی بوونی ئەمریکییەکان، جارێكی تر بە پاساوی گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان کە لە بەرەی ئێران لا نەدات، جاری تریش بە پاساوی بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا. هەڵبەتە ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە و وا لە هەرێمی کوردستان دەکات کە لە دوو بژاردە زیاتری لەبەردەستدا نەبێت: یان تەسلیم بە گوشارەکانی ئێران بێت، واتە دەرفەتی هیچ جموجۆڵ و چالاکییه‌کی سیاسیی نەبێت کە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت؛ یانیش لە وڵاتانی هەرێمیدا بە دوای دڵنیایی و پاڵپشتیی دەرەکی بگەڕێت، ئینجا ئەمە چ تورکیا بێت، یان ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو و هەتا ئیسرائیلیش. لە درێژخایەندا تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نە لە بەرژەوەندیی تورکیایە نە لە بەرژەوەندیی ئێرانیش، چونکە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی عێراق و دراوسێکانی. هەرێمی کوردستان تا ئێستا توانیویەتی دڵنیایی و سەقامگیرییه‌کی ڕێژەیی بۆ ئێران دەستەبەر بکات؛ تا ئەو ئاستەی کە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕەچاوی دەکەن.

گۆڕانێکی تر لە سیاسەتی ئێران بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە، ئێران خەریکە ناوچە کێشەلەسەرەکان (disputed areas)ی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتە دەروازەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لە لایەک و، لە لایەکی تریش چەکدارکردنی پێکهاتەکانی ئەو ناوچانه‌ و کۆکردنەوەیان لە چوارچێوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی. لە ڕێگه‌ی پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە، ئێران دەیەوێت ڕێگه بگرێت‌ لە هەر ڕێکكەوتنێک بۆ چارەسەکردنی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠، جا چ عێراقی بێت یان نێودەوڵەتی؛ وه‌ك چۆن لە ڕێکكەوتنی شەنگاڵ لە نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بینیمان. بەڵام لەبەر جێگیرکردنی حەشد لەو ناوچانە و دروستکردنی گرووپی میلیشیا و چەکداری سەر بە خۆیان لە ئێزیدییەکان و پڕچەکردنیان، تا ئێستایش حکوومەت نه‌یتوانیوه‌ بگەڕێتەوە بۆ شەنگاڵ؛ بە جۆرێک کە ناوچەیەکی دابڕاویان دروست کردووە، نە دەوڵەتی عێراق دەسەڵاتی بەسەرەوە هەیە نە هەرێمی کوردستانیش؛ بۆ نموونە لە پارێزگای نەینەوا لیوای (٣٠)یان بۆ شەبەکە شیعەکان دروست کردووە، هەروەها لە تەله‌عفەریش لیوای (٥٣)یان بۆ تورکمانە شیعەکان دروست کردووە؛ ته‌نانه‌ت لە حەمدانییەیش لیوای (٥٠)یان بۆ ئاشوورییەکان دروست کردووه‌. ئەمە لە سنووری پارێزگای کەرکووکیش بە هەمان شێوەیە. ئامانجی دووەمی ئێرانیش ئەوەیە کە ئەو ناوچانە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بەکار بهێنێت؛ تا ئێستا چەندان جار لەو ناوچانە بە مووشەک هێرش کراواتە سەر هەرێمی کوردستان کە دواترینیان هی ڕۆژی یەکەمی جەژنی ڕەمەزان بوو (٢/٥/٢٠٢٢). ئەم سیاسەتەی ئێران بەرامبەر هەرێم و وێناکردنی وەک مەیدانی ململانێکان لە نیوان خۆی و نەیارەکانی، قۆناغێکی مەترسیدارە لە پەیوەندییەکانی هەردوو لادا؛ لە بەرژەوەندیی ئێرانیشدا نییە. ئێران خەریکە ئەو سەرمایە ڕەمزییەی کە لە عێراق لەناو کورد و شیعەدا هەیبوو، ڕۆژ بە ڕۆژ کەمی دەکاتەوە. هەرێمی کوردستان ڕاستە ئەڵقەیەکی لاوازە بەڵام دەتوانێت مەترسییش بۆ ئێران دروست بکات.

دەرەنجام

ئێران وەک هێزێکی هەرێمیی مامناوەند، هەمیشە بە دوای دروستکردنی بوارێکی کاریگەر یان گوشاردروستکەر (sphere of influence) لە هەرێمی کوردستاندا دەگەڕێت. ئێران بە میکانیزمی چاودێریکردنی وردی هەرێم و دەستوەردان لە ئاراستەکردنی بڕیاری سیاسی لە هەرێمدا، دەیەوێت پێگەیەکی باڵای هەبێت، کە بتوانێت لە کاتی پێویستدا، هەرێم لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت. پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەمیشە جۆرێک لە هەماهەنگیی بەرژەوەندیی هاوبەش ئاراستەی کردوون، بەڵام دوای کوژرانی قاسم سوله‌یمانی، ئێران وەک گۆڕەپانی جه‌نگ سەیری هەولێر دەکات؛ بە جۆریک گەر بیەوێت پەیامێک بۆ نەیارەکانی بنێرێت، ئەوە لە ڕێگه‌ی هەولێر و کردنەئامانجی هەولێر دەیکات، ئینجا ئەمە چ بە گوشاری سیاسی بێت یان لە ڕێگه‌ی بەکارهێنانی ئامرازی سەربازی و هێزە پرۆکسییەکانی لە عێراقدا. دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئێران لە ڕێگه‌ی دروستکردنی هێزی میلیشیایی و پڕچەکردنیان و بەکارهێنانیان لە دژی هەرێمی کوردستان بە شێوه‌یه‌كی ڕێکخراو، ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیش وەک کارتێک لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار دێنێت؛ هەروەها ده‌یه‌وێ ڕێگه‌ لە هەر ڕێکكەوتنێک بگرێت کە لە ئاییندەدا لەسەر ئەو ناوچانە بێتە کایەوە.  

 

سەرچاوەکان:

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples