ڕوانگەی گەنجان بۆ پرسە سیاسی و کۆمـەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا

د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان

پێشەکی

مەبەست لە گەنج بەپێی زۆربەی ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بریتییە لە تەمەنی ١٥-٢٤ ساڵ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە تەمەنی گەنجی وەک فاکتەرێکی دیمۆگرافی، ئەو تەمەنەیە کە دەکەوێتە نێوان ١٦-٣٠ ساڵ. زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین تێگەیشتن لە توێژی گەنجان و چۆنێتیی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانیان، تێگەشتنە لە کۆی کایە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، جەنگ، ئاشتی و  خۆشگوزەرانی لە ڕۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاستدا. هەرێمی کوردستانیش دوور و نزیک وابەستەی ئەم دۆخە سیاسی و ئابوورییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت لە ئێستا و ئاییندەدا؛ ئەمە جگە لەوەی کە خودی ستراکتۆری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کورستانیش هەمان ئەو بونیادەی هەیە کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. زیاتر لە 28%ی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 29 ساڵدایە؛ ئەم ڕێژەیە نوێنەرایەتیی زیاتر لە 108 ملیۆن گەنج دەکەن، کە لە مێژووی ناوچەکەدا ئەمە زۆرترین ژمارەی گەنجانە. گەنجانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵ نزیکەی ٢٠%ی دانیشتووانی میسر، عێراق، لوبنان، لیبیا، مەغریب، عومان، سوودان، سووریا، تونس، یەمەن، ئوردن، جەزائیر و سعوودیا پێک دەهێنن. لە دانیشتووانی وڵاتانی عەرەبیدا، گەنجان خێراترین توێژن لە گەشەکردن؛ نزیکەی ٦٠%ی دانیشتووان تەمەنیان لە خوار ٢٥ ساڵەوەیە. ئەمەیش وای کردووە ئەم ناوچەیە یەکێک بێت لە گەنجترین ناوچەکانی جیهان، کە تێکڕای تەمەنیان ٢٢ ساڵە بە بەراورد بە تێکڕای تەمەنی گەنجان لە جیهاندا کە ٢٨ ساڵە.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕێژەی خۆتۆمارکردن بۆ خوێندن، بەرزە؛ بە جۆرێک کە دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، لە ئاستی سەرەتاییی ناوچەکانی تری جیهانە؛ لە ئاستی خوێندنی ناوەندییشدا ڕێژەی خۆتۆمارکردن (٧٠%)ه‌. لە نێوان ساڵانی ١٩٦٥ بۆ ٢٠٠٣، حکوومەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتێکڕا نزیکەی ٥%ی داهاتی نیشتمانییان بۆ پەروەردە خەرج کردووە. سەرەڕای زیادبوونی دەرفەتی دەستڕاگەیشتن (access) بە خوێندن، بەڵام کوالێتیی پەروەردە و فێرکردن هەر بەنزمی دەمێنێتەوە. بەکارهێنانی ئینته‌رنێت لە هەر ١٠٠ کەسێکدا ١٣،٨ کەسە، بەڵام گەنجان بە بەراورد بە گەورەکان زیاتر ئینته‌رنێت بەکار دێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی UNDP بۆ گەشەپێدانی مرۆیی لە وڵاتانی عەرەبیدا لە ساڵی 2009، ڕێژەی بێکاری  لە 44% نزیک بۆتەوە. هەموو وڵاتانی ناوچەکە شاهیدی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی گەنجان بوون لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٠٤، جگە لە وڵاتانی مەشریق (میسر، ئوردن، لوبنان، سووریا، فەلەستین). بۆ نموونە لە سووریا ڕێژەی بێکاری لەنێو گەنجان (تەمەن 15 بۆ 24 ساڵ) زیاترە لە شەش هێندە بە بەراورد بە کەسانی پێگەیشتوو. جگە لەوەش ماوەی بێکاری بۆ دەرچووانی نوێ لەڕادەبەدەر درێژە و لە وڵاتانی وەک مەغریب و ئێران تا سێ ساڵ دەخایەنێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوسەرگیری و پێکهێنانی خێزان ڕێوڕەسمێکی سەرەکی لە ژیانی گەنجان. کەچی ئێستا نزیكەی 50%ی گەنجان (پیاوان) تەمەن 25 بۆ 29 ساڵ هاوسەرگیرییان نەکردووە. تێچووی دارایی پەیوەست بە هاوسەرگیری (خانووبەرە، مۆبیلیات، ئاهەنگی هاوسەرگیری و... هتد) و نەبوونی ئامرازی ئابووری بەشدارە لە دواخستنی پێکهێنانی خێزان. ئەم دۆخە نوێیەی گەنجان بێ گومان لێکەوتەی سیاسی و کۆمەلایەتی ڕۆشنبیری و ئابوورییشی دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

  • دەرەنجامی ڕاپرسییەکان چیمان پێ دەڵێن؟

دەرەنجامی یازدە ڕاپرسیی نوێنەرایەتیی نیشتمانی کە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەلایەن دامەزراوەی بارۆمەتری عەرەبی کە لە نێوان  مانگی ئەیلوولی 2018 - نیسانی 2019 ئەنجام دراون لە ڕێگه‌ی چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زیاتر لە 25 هه‌زار گەنج لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵدایە نزیکەی لەسەدا ٣٠ی دانیشتووانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA) پێک دەهێنن.  بیروباوەڕ و هەڵوێست و ئارەزووەکانی ئەم بەشە گەورە و گەشەسەندووەی دانیشتووان، لە توانایدایە داهاتووی ئەم ناوچەیە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە. ناڕەزاییی بەربڵاوی گەنجان سەبارەت بە ئاسۆی ئابوورییان، ئاڵنگاری (تەحەدا)یەکی بەرچاو دروست دەکات. ڕێژەی بێکاریی گەنجان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەبەرزی دەمێنێتەوە و، بێزارییەکی بەرفراوانیش لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار هەیە. هەرچەندە ڕەزامەندی لە سیستەمی پەروەردەی دەوڵەت لە سەرانسەری وڵاتان زۆر جیاوازە، بەڵام لەچاو نەوەکانی پێش خۆیان، گەنجان لەو دۆخەی کە هەیە، کەمتر ڕازین. هەروەها گەنجان پرسیار دەکەن کە ئایا توانای ئەوەیان هەیە بێزارییەکانیان بۆ حکوومەت دەرببڕن؟

تەوەرێکی تر کە لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە ئەوەیە کە، گەنجان لە سەرانسەری ناوچەی MENA، زۆر زیاتر لە نەوەکانی بەتەمەنتر لە خۆیان، بیر لە کۆچکردن ده‌کەنەوە؛ بە پلەی یەکەم بۆ ئەوروپا، ئەمریکای باکوور، یان وڵاتانی کەنداوی عەرەبی (GCC. زۆربەیان هۆکاری ئابووری وەک پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ جێهێشتن دەهێننەوە. بەڵام گەنجان لە هاوتا بەتەمەنەکانیان جیاوازن، نەک تەنیا لە ڕووی بێزاریی زیاترەوە لە سیستەمی سیاسی و ئابووری، به‌ڵكوو بە بەراورد بە نەوە بەتەمەنەکان، گەنجانی ئێستا کەمتر ئاییندارن، کەمتر ئارەزووی سیاسەت دەکەن و زیاتر سەرقاڵی سۆشیال میدیا دەبن.

جیاوازیی نەوەکان، بەتایبەتی لە مەغریبدا زۆر زەقتر دیارە؛ هەڵوێستی گەنجان بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازن و، ناڕازیبوون لە دۆخی گشتی و کارەکانیان تەواو دیارە. لە پرسەکانی جێندەردا، زۆربەی گەنجان زیاتر پشتگیری لە مافی یەکسانیی ژنان دەکەن. زۆرینە دەڵێن، ژنان مافی ئەوەیان هەیە سەرۆکی حکوومەت بن و بخرێنه‌ به‌ر خوێندن؛ بەڵام هەمان شت بۆ مافی میراتی یەکسان بۆ ژن و پیاو بەگونجاو نابینن. لە بەرامبەردا کەمینەیەک دەڵێن، ژنان دەبێ به‌ هەمان شێوه‌ وەک پیاوان مافیان هەبێت. سەرەڕای ئەوەیش، ئەم نەوەیە کەمتر  پشتیوانی  لە ژنان دەکات کە ڕۆڵی یەکسان لە کۆمەڵگه‌دا دەگێڕن؛ زۆربەیان دەڵێن پیاوان سەرکردەی سیاسیی باشترن و، دەڵێن دەبێت پیاو قسەی کۆتایی لە بابەتە خێزانییەکاندا هەبێت. پێ دەچێت گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا بەتایبەتی، مەیلیان زیاتر بەرامبەر دۆستایەتیی "چین" هەبێت، بە بەراورد بە زلهێزەکانی دیکەی جیهان. زۆرینە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، لایەنگری پەیوەندیی ئابووریی نزیکترن لەگەڵ چین، لە کاتێکدا کەمتر لە نیوەیان لایەنگری پەیوەندیی ئابوورین لەگەڵ ئەمریکا.

  • گەنج و ئایینداری

 لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەنجان بە بەراورد بە هاوتا بەتەمەنەکانیان، کەمتر مەیلی ئایینییان هەیە. ڕاستییه‌كه‌ی، هەر وڵاتێک کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە کەمتر لە نیوەی گەنجان خۆیان بە ئایینی ناساندووه‌. بەتایبەتیتر، کەمتر لە یەک لەسەر پێنجی گەنجان لە جەزائیر (لەسەدا ١٥)، تونس (لەسەدا ١٦)، و لیبیا (لەسەدا ١٨) و، کەمتر لە چارەکێکی گەنجانی ئوردن (لەسەدا ٢٢)، لوبنان (لەسەدا ٢٣) و مەغریب (لەسەدا ٢٤) خۆیان بە ئاییندار دەزانن. ڕێژەی بەرزتری ئایینداریی گەنجان لە فەلەستین (لەسەدا ٢٨)، سوودان (32%)، یەمەن (33%)، میسر (36%)، عێراق  (42%). دەبینرێت. بەڵام ڕەوتەکان بە تێپەڕبوونی کات وێنەیەکی ئاڵۆزتر لە سەرانسەری ناوچەکەدا دەکێشن.  لە کاتێکدا کە لە ڕاستیدا کەمتر لە نیوەی گەنجانی MENA وەک ئاییندار خۆیان دەناسێنن، لە هەندێک وڵاتدا ئەم ڕێژانە نوێنەرایەتیی زیادبوونێک دەکەن، لە کاتێکدا لە هەندێکی تردا کەمبوونەوە. بۆ نموونە ڕێژەی ئایینداری لە ساڵی ٢٠١٩دا زیادی کردووە: لە میسر (+12)، یەمەن (+7)، تونس (+6)، عێراق (+6)، مەغریب (+2)، لیبیا(+2) . لە بەرامبەردا گەنجان بە ڕێژەیەکی کەمتر لە سوودان     (-12)، فەلەستین (-9)، ئوردن (-7)، جەزائیر (-3) و لوبنان (-2) وەک ئاییندار خۆیان دەناسێنن.

 

 گەنج و سیاسەت

بۆچوونەکان لەسەر سیاسەت، جگە لە ئاستی ئایینداری، بەگشتی نزمن؛ گەنجان کەمتر بایەخ بە سیاسەت دەدەن، چ بەگشتی و چ کاتێک بە نەوە بەتەمەنەکان بەراورد دەکرێت. تەنیا سێ لە هەر دە گەنج، لە لوبنان (لەسەدا ٣١)، یەمەن (لەسەدا ٢٩)، فەلەستین (لەسەدا ٢٩)، سوودان (لەسەدا ٢٨) و، میسر (لەسەدا ٢٧) دەڵێن ئارەزووی سیاسەت دەکەن ، لە کاتێکدا لە چارەکێک زیاتر لە ئوردن (لەسەدا ٢٥)، مەغریب (لەسەدا ٢٣)، عێراق (لەسەدا ٢١) و لیبیا (لەسەدا ٢١) هەمان شت ناڵێن. گەنجانی تونس و جەزائیر کەمترین ئارەزووی سیاسییان هەیە و کەمتر لە دوو لە دە کەس ئارەزووی سیاسەت دەکەن (بە ڕێژەی لەسەدا ١٧ و لەسەدا ١٥).

جگە لە گەنجانی میسر و لوبنان، گەنجانی ناوچەکە بەگشتی بە بەراورد بە تەمەنی سەرووی خۆیان، کەمتر گرنگی بە سیاسەت دەدەن. جیاوازیی نێوان گرووپەکانی تەمەن لە تونس و فەلەستین فراوانترینە (١٠٪ خاڵ)؛ لە شوێنەکانی دیکەدا، هەرچەندە جیاوازییەکان بچووکترن، بەڵام هاووڵاتیانی بەتەمەن زیاتر ئارەزووی سیاسەت دەکەن وەک لەوەی گەنجان. لە لوبنان گەنجان تەنیا بە شێوەیەکی پەراوێزخراو زیاتر حەزیان لە سیاسەتە ( ١٪ خاڵ)، لە کاتێکدا لە میسر ئارەزووی گەنجان بۆ سیاسەت بە ڕێژەی ٦٪ خاڵ زیاترە لە هاووڵاتیانی بەتەمەن. بایەخنەدانی لاوان بە سیسته‌می سیاسی، دەشێ بەشێکی پەیوەندیی بە تێڕوانینیان بۆ دادپەروەریی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەبێت. ئەگەر گەنجان دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە نادادپەروەرانە سەیر بکەن- بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئایا دەنگیان داوە یان تەنانەت مافی دەنگدانیان هەبووە-، ئەوا لەوانەیە ڕەنگدانەوەی بێهیوایی بێت لە پرۆسەی سیاسیی وڵاتەکەیان‌. جگە لە شام، گەنجان زیاتر لە گرووپەکانی تەمەنی گەورەتریش، دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە لە وڵاتەکەیان بەڕێوە چوو، بە نە ئازاد و نە دادپەروەرانە هەڵدەسەنگێنن. لە هەندێک وڵاتی ڕاپرسییەکەدا ئەم جیاوازییە زۆر گەورەیە. بۆ نموونە لە مەغریب، ٤ لە ١٠ گەنج، هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانییان بە نادادپەروەرانە ناوەزه‌د کردووە.

  • گەنج و ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا

 لە سەرانسەری ناوچەکەدا، بەکارهێنانی ئینته‌رنێت وا پێناسە دەکرێت کە بە لانی کەم جارێک لە هەفتەیەکدا ئۆنلاین بێت. بەکارهێنانی ئینته‌رنێت لەنێو گەنجاندا بە شێوەیەکی بەرچاو، زیاترە لە نەوە بەتەمەنەکان. لە ڕاستیدا لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە (جگە لە یەمەن)، زیاتر لە ٩٠%ی گەنجان ئینته‌رنێت بەکار دەهێنن، لە کاتێکدا لە نێوان نەوەی بەتەمەندا بەکارهێنانی ئینته‌رنێت بە هیچ شێوەیەک لە ڕێژەیەکی لەو شێوەیە نزیک نابێتەوە. زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی ئینته‌رنێت لە لوبنانە بە ڕێژەی لەسەدا ٩٩، لە دوای ئەویش ئوردن بە ڕێژەی ٩٦%، فەلەستین بە ڕێژەی ٩٥٪، جەزائیر بە ڕێژەی ٩٣٪، مەغریب بە ڕێژەی ٩٣٪، تونس بە ڕێژەی ٩١٪، میسر بە ڕێژەی ٩٠٪، سوودان (٩٠٪)، عێراق (٪٨٩)، لیبیا (٪ ٨٨).

کەمترین ڕێژەی بەکارهێنانی ئینته‌رنێت لەنێو گەنجان لە یەمەن دەبینرێت، کە کەمتر لە هەشت لە دە گەنج دەڵێن لانی کەم چەند هەفتەیەک جارێک ئینته‌رنێت بەکار دەهێنن (لەسەدا ٧٧). سەرنجڕاکێشترین جیاوازیی نەوەکان لە بەکارهێنانی ئینته‌رنێت لە یەمەن و باکووری ئەفریقا (بەبێ لیبیا) دەبینرێت، کە بەکارهێنانی ئینته‌رنێت لە نێوان گەنجاندا بە لایەنی کەمەوە ٣٠ خاڵ لە گرووپەکانی بەتەمەن زیاترە. لە بەرامبەردا  کەلێنی نێوان نەوەکان لە بەکارهێنانی ئینته‌رنێتدا لە وڵاتانی شام (لوبنان، ئوردن، فەلەستین) کەمتر دیارە، کە لە ٢٠ خاڵ تێ ناپەڕێت. ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە لەنێو بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتدا، بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لە سەرانسەری ئەو وڵاتانەدا زۆر بەرزە. لە ڕاستیدا گەنجان لەم ڕووەوە ئەوەندە لە هاوتا بەتەمەنەکانیان جیاواز نین. هەرچەندە گەنجانی یەمەن کەمترین ڕێژەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە ناوچەکەدا تۆمار دەکەن، گەنجانی یەمەن کەمترین ڕێژەی بەکارهێنانی ئینترنێت لە ناوچەکەدا تۆمار دەکەن، لەم رێژەیەش زۆرترین بەکارهێنەرانی هەواداری سۆشیال میدیان، واتا سەرقاڵی بەکارهێنانی سۆشیال میدیان . نزیکەی هەموو ئەو گەنجانەی یەمەنی کە لەسەرهێڵن (لەسەدا ٩٩) لە ڕۆژێکی ئاساییدا سۆشیال میدیا بەکار دەهێنن.  بەڵام زۆربەی گەنجانی ئۆنلاین لە سەرانسەری ناوچەکەدا لە ڕۆژێکی ئاساییدا بەشداریی سۆشیال میدیایش دەکەن: ئوردن (لەسەدا ٩٨)، لوبنان (لەسەدا ٩٧)، عێراق (لەسەدا ٩٧)، فەلەستین (لەسەدا ٩٦)، لیبیا (لەسەدا ٩٦)، میسر ( لەسەدا ٩٦)، تونس (لەسەدا ٩٦)، مەغریب (لەسەدا ٩٦)، سوودان (لەسەدا ٩٤)، جەزائیر (لەسەدا ٩٤). بەگشتی، گەنجان بەردەوام زیاتر لە نەوە بەتەمەنەکان دوو کاتژمێر یان زیاتر لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بەسەر دەبەن؛ هەرچەندە قەبارەی ئەم جیاوازییە زۆر جار لە باشترین حاڵەتدا پەراوێز خراوە. وەک نموونەیەک فراوانترین بۆشاییی نەوەکان لە مەغریب دەبینرێت کە گەنجان بە ڕێژەی ١٠ خاڵ زیاتر لە بەتەمەنەکان سۆشیال میدیا بەکار دەهێنن. بەڵام جیاوازییەکە لە یەمەن (١ خاڵ) و ئوردن (٢ خاڵ) زۆر کەمترە؛ لە فەلەستین هەر بوونی نییە.

لە ئاستی متمانەکردن بە سۆشیال میدیا، گەنجانی ناوچەکە جیاوازییەکی گەورەیان هەیە. بەرزترین ڕێژەی متمانە لە نێوان گەنجان: لە مەغریب (77%) و میسر (74%)، لە دوای ئەویش لوبنان (67%)، فەلەستین (56%)، عێراق (53%)، سوودان (51%). لە بەرامبەردا کەمتر لە نیوەی گەنجانی جەزائیر (٤٩%)، یەمەن (٤٧%) و تونس (٤٧%)، لیبیا (٤١%) و ئوردن (٣٦%) زیاتر متمانەیان بە سەرچاوەی سۆشیال میدیا هەیە لەچاو ڕۆژنامە و تەلەڤزیۆنەکان و هەواڵەکان. هەروەها گەورەییی جیاوازییەکان لە سەرانسەری گرووپەکانی تەمەندا زۆر جیاوازە؛ لە جیاوازیی تاکژمارەیی لە ئوردن (2 خاڵ)، لیبیا (5 خاڵ)، یەمەن (3 خاڵ لەسەدا)، و سوودان (3 خاڵ لەسەدا)، بەڵام بۆشاییی نێوان نەوەکان زۆر زیاترە لە لوبنان (16 خاڵ)، میسر (18 خاڵ)، مەغریب (32 خاڵ). بەڵام بەگشتی لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە گەنجان، بە بەراورد بە هاووڵاتیانی لە خۆیان بەتەمەنتر، زیاتر متمانەیان بەو زانیارییانە هەیە کە لە سۆشیال میدیاوە وەری دەگرن. جێگه‌ی ئاماژەیە، فەیسبووک لە نێوان گەنجان لە سەرانسەری ناوچەکەدا زۆرترین پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا پێک دێنێت؛ جگە لە یەمەن نەبێت، کە گەنج  بە ڕێژەی ٤٦٪ وەتسئاپ بەکار دەهێنن بەرامبەر ٣٦٪ فەیسبووک. بەڵام بەپێچەوانەوە لە جەزائیر (لەسەدا ٩١)، مەغریب (لەسەدا ٩٠) و لوبنان (لەسەدا ٩٠) زۆرترین ڕێژە، فەیسبووکیان هەیە. زیاتر لە هەشت لە هەر دە گەنج لە سوودان (85%)، لیبیا (82%) و ئوردن (81%)، هەروەها زیاتر لە حەوت لە دە گەنج لە عێراق (74%) و فەلەستین (73%) فەیسبووک بەکار دەهێنن.

گەنج و ئازادییە مەدەنییەکان

 لە کۆی ئەو وڵاتانەی کە بارۆمەتری عەرەبی لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون، تونس تاکە وڵاتێکە کە لەلایەن "فریدۆم هاوس"ەوە بە "ئازاد" پۆلێن کراوە و ئەوەی ماوەتەوە ئەو وڵاتانەن کە نیمچەئازادن یان ئازاد نین. بەم پێیە، سەیر نییە کە گەنجان لە تونس زیاتر متمانەیان بە ئازادییە مەدەنییەکانیان هەیە، وەک ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ناڕەزاییی ئاشتییانە وەک لە گەنجانی وڵاتانی دیکەی ڕاپرسییەکەدا. بەڵام سەرەڕای ئەوەی بە بەراورد زیاتر متمانەیان بە پاراستنی ئازادییە مەدەنییەکانیان هەیە، گەنجانی تونس هێشتا تەواو لە گەنجانی باقیی ناوچەکە دەچن کە بەگشتی متمانەیان بە ئازادیی قسەکردن و مافی ناڕەزایەتیدەربڕین بە شێوەیەکی ئاشتییانە هەندێک لاوازە. یەکەم جار سەیری ئازادیی قسەکردن دەکەین؛ گەنجانی تونس لە ڕاستیدا زۆرترین متمانەیان بە ئازادیی ڕادەربڕین هەیە و زیاتر لە شەش لە دە دەڵێن کە ئەو مافەیان بە ڕێژەیەکی گەورە یان مامناوەند لە وڵاتەکەدا گەرەنتی کراوە (لەسەدا ٦٣). زیاتر لە نیوەی گەنجانی ئوردن (56%) و لوبنان (51%) هەمان شت دەڵێن. لە باقیی وڵاتەکانی تردا کەمتر لە نیوەی بەشداربووان هەست دەکەن ئازادیی ڕادەربڕینیان مسۆگەرە. نزیکەی نیوەی گەنجانی یەمەن (لەسەدا ٤٩)، نزیکەی چوار لە هەر دە گەنج لە فەلەستین (لەسەدا ٤٢)، میسر (لەسەدا ٤٠) و مەغریب (لەسەدا ٣٩)، نزیکەی یەک لەسەر سێی گەنجانی جەزائیر (لەسەدا ٣٥) و عێراق (لەسەدا ٣٣) ئەوە دەڵێن ئازادیی ڕادەربڕین تا ڕاددەیەکی گەورە یان مامناوەند گەرەنتی دەکرێت. ئەوانەی کە کەمترین متمانەیان بە ئازادیی ڕادەربڕین هەیە، گەنجانی سوودان (٢٥%) و لیبیا (٢٤%).  لە کاتی بەراوردکردنی تێڕوانینەکانی گەنجان بۆ ئازادیی قسەکردنیان لەگەڵ تێڕوانینەکانی گرووپەکانی تەمەنی گەورەتر، جیاوازییەکە زۆر ڕوون نییە.  بۆ نموونە جیاوازییەکە لە گەنجانی لوبنان (+10 خاڵ)، ئوردن (+3 خاڵ)، یەمەن (+4 خاڵ) و فەلەستین (+4 خاڵ) زیاتر متمانەیان بە ئازادیی ڕادەربڕین هەیە وەک لە هاووڵاتیانی بەتەمەن. بەڵام ڕەوتی پێچەوانە لە مەغریب (-16 خاڵ)، میسر (-5 خاڵ)، و تونس (-4 خاڵ) دیارە.  لە پاشماوەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە (لیبیا، سوودان، عێراق، جەزائیر) گەنجان و هاووڵاتیانی بەتەمەن لە خاڵێک زیاتر جیا نابنەوە و ئازادیی ڕادەربڕینیان بە هەمان شێوە هەڵدەسەنگێنن.

هەروەها تێڕوانینی گەنجان بۆ ئازادیی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە ناڕەزایەتیی ئاشتییانە لە سەرانسەری ناوچەکەدا کەمە؛ هەرگیز لە نیوەی گەنجان لە هیچ وڵاتێکدا تێپەڕ ناکات. هەرچەندە نزیکەی نیوەی گەنجانی تونس (لەسەدا ٤٩)، لوبنان (لەسەدا ٤٩)، ئوردن (لەسەدا ٤٧) و یەمەن (لەسەدا ٤٦) هەست دەکەن ئازادیی خۆیان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتییانە تا ڕاددەیەکی مامناوەند یان زۆر گەرەنتی کراوە، بەڵام لە ناوچەکانی تر کەمتر گەنجان ئەم باوەڕەیان هەیە.  لە دە گەنجی فەلەستینی، چواریان و سێیەکی گەنجانی مەغریب و سێیەکی گەنجانی عێراقی بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی ئاشتییانەدا، متمانەیان بە ئازادیی خۆیان هەیە. لە لایەکی دیکەوە، نزیکەی چارەکێکی گەنجانی جەزائیر (لەسەدا ٢٧)، لیبیا (لەسەدا ٢٤) و میسر (لەسەدا ٢٤) و کەمتر لە دوو لە دە کەس لە سوودان (لەسەدا ١٩) هەمان شت دەڵێن.

هەڵوێستی گەنجان لەسەر جێندەر

هەڵوێستی گەنجانی عەرەب لە بۆچوونەکانیاندا لەسەر یەکسانیی جێندەری، دەکەونە دوو بەرەوە؛ لە لایەکەوە زۆربەیان پاڵپشتی مافی یەکسانیی ژنانن، جگە لە میرات، بەڵام  کەمتر پشتگیری بۆ ژنان هەیە کە ڕۆڵی یەکسانیان لە کۆمەڵگه‌دا هەبێت. ئەمەیش بەئاشکرا لە کایەی سیاسیدا دیارە. لە سەرانسەری ناوچەکە کەمتر لە یەک لەسەر سێی گەنجان دەڵێن کە، خوێندنی زانکۆیی بۆ پیاوان گرنگترە لە ژنان.  پشتگیری لە خوێندنی زانکۆ بۆ پیاوان بە بەراورد لەگەڵ ژنان لە یەمەن و سوودان زۆرترینە (لەسەدا ٢٧، هەریەکەیان)، دواتر بە نزیکەی دوو لە هەر دە گەنج لە ئوردن (لەسەدا ٢٣)، میسر (لەسەدا ٢٢)، جەزائیر (لەسەدا ٢٠)، پلەی دووەمیان هەیە لە عێراق (19%) و تونس (17%) و لیبیا (17%) بە رێژەیەکی کەمتر پشتگیریی جیاوازیی خوێندن و پەروەردەی نێوان ژن و پیاو دەکەن، بۆ نموونە لە فەلەستین (لەسەدا ١٤)، لوبنان (لەسەدا ١٣) و مەغریب (لەسەدا ١٢) پشتگیری ئەم جیاوازییە جێندەرییە دەکەن.

 

گەنجان بەگشتی بۆچوونی لیبڕاڵیان هەیە لەسەر ئەو پرسیارەی کە ئایا ژنان دەبێ لە بڕیاری جیابوونەوەدا مافی یەکسانیان هەبێت؟ جگە لە سوودان، کە پشتگیری لە مافە یەکسانەکانی ژنان لە بڕیاردان لەسەر جیابوونەوە لە خوار پێنج لە دە (لەسەدا ٤٦) دادەبەزێت. زۆرترین پشتیوانی لە: لوبنان بە ڕێژەی 87%، لە دوای ئەویش عێراق بە ڕێژەی 81%، ئوردن بە ڕێژەی 80%، تونس بە ڕێژەی 78%، مەغریب بە ڕێژەی 78%، فەلەستین بە ڕێژەی 76%، لیبیا بە ڕێژەی 75% و جەزائیر لەسەدا ٧٢. هەرچەندە هێشتا زیاترە لە نیوە، بەڵام ڕێژەی پشتیوانی کەمتر لە میسر بەدی دەکرێت (64 ٪) و یەمەن (لەسەدا ٥٥). جێگه‌ی سەرنجە، لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، ئەو بۆچوونانەی کە گەنجان سەبارەت بە مافی جیابوونەوە لە ژناندا هەیانه‌، جیاوازییەکی بەرچاویان نییە لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی کە هاووڵاتیانی بەتەمەن هەیانە.

لە ڕاستیدا جۆڕیک لە جیاوازی لە بۆچوونە لیبراڵەکان سەبارەت بە مافەکانی ژنان هەیە؛ بە شێوەیەک کە کەم گەنج لە ناوچەکەدا هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پشکی ژنان لە میراتدا، دەبێ یەکسان بێت بە پشکی پیاوان. سەرەڕای ئەوەیش، لوبنان ئاوارتەیە لە ناوچەکەدا؛  بە جۆرێک کە زیاتر لە شەش لە دە گەنج دەڵێن ئەوان هاوڕان یان بەتوندی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە میرات دەبێت لە نێوان ڕەگەزەکاندا یەکسان بێت (لەسەدا ٦٢). لە بەرامبەردا لە شوێنەکانی دیكه‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر کەمتر لە گەنجان بەو شێوەیە پشتیوانی دەکەن. بە نزیکەی سێ لە دە گەنج لە عێراق (لەسەدا ٣٠) و میسر (لەسەدا ٢٨) و نزیکەی یەک لەسەر چواری گەنجانی مەغریب (لەسەدا ٢٦) و تونس (لەسەدا ٢٤) پشتگیری لە میراتی یەکسان دەکەن. هێشتا گەنجان لە جەزائیر (لەسەدا ١٨)، ئوردن (لەسەدا ١٨)، لیبیا (لەسەدا ١٦)، سوودان (لەسەدا ١٣) و فەلەستین (٨%) هەمان شت دەڵێن.

هه‌روه‌ها زۆرینەی گه‌نج له‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا پێیان وایه‌ كه‌ ده‌بێت پیاو له‌ هه‌موو بڕیاره‌ خێزانییه‌كاندا قسه‌ی كۆتاییی هه‌بێت. زۆرترین پشتگیری بۆ ئەم هەستە لە سوودان (73%) و جەزائیر (73%) و عێراق (70%) و لە دوای ئەویش میسر (66%) و لیبیا (66%) دێت. گەنجان لە سەرانسەری تونس (لەسەدا ٥٦)، یەمەن (لەسەدا ٥٥) و شام بۆچوونی هاوشێوەیان هەیە سەبارەت بە ژنان و بڕیاردانی خێزان. لە لوبنان و ئوردن لە سەدا ٥٥ی گەنجان لەگەڵ ئەوەن کە پیاوەکان دەبێ قسەی کۆتایییان لە هەموو بڕیارەکانی خێزاندا هەبێت، لە کاتێکدا لە فەلەستین لە سەدا ٥٠ هەمان شت دەڵێن. هەرچەندە گەنجانی مەغریب کەمترین ئەگەری پشتگیریی سنووردارکردنی ڕۆڵی ژنان لە بڕیاردانی خێزاندا دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا نزیکەی چوار لە دە کەس دەڵێن کە دەبێ مێردەکان قسەی کۆتایییان لە هەموو بڕیارەکانی خێزاندا هەبێت (لەسەدا ٣٨).

هەرچەندە گەنجان لە مەغریب زۆر کەمتر لە نەوەکانی گەوەرەتر لە خۆیان پشتگیری لەم چەمکە دەکەن (-15)، بەڵام گەنجان لە ئوردن (+6)، لوبنان (+7)، لیبیا (+5) و تونس (+2) زیاتر پشتگیری لە هاوتا بەتەمەنەکانیان دەکەن. لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، جگە لە مەغریب، زیاتر لە نیوەی گەنجان لەسەر ئەوە کۆکن کە، بەگشتی، پیاوان لە سەرکردایەتیی سیاسی، باشترن لە ژنان. نزیکەی هەشت لە هەر دە گەنج لە سوودان (لەسەدا ٨٠) و ئوردن (لەسەدا ٧٨) و نزیکەی سێ لەسەر چواری گەنجانی جەزائیر (لەسەدا ٧٤) ئەم باوەڕەیان هەیە. لە زۆربەی  وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕێژەیەکی هاوشێوە ئەم بۆچوونەیان هەیە. بۆ نموونە، نزیکەی حەوت لە دە گەنج دەڵێن پیاوان لە سەرکردایەتیی سیاسی، باشترن لە ژنان؛ لە میسر (لەسەدا ٧٠)، عێراق (لەسەدا ٦٩)، یەمەن (لەسەدا ٦٨)، فەلەستین (لەسەدا ٦٨) و لیبیا (لەسەدا ٦٧) لایەنگری ئەو بۆچوونەن. هاوکات لە تونس و لوبنان و مەغریب کەمتر دەڵێن پیاوان لە سەرکردایەتیی سیاسی، باشترن لە ژنان (بە ڕیژەی لەسەدا ٥٢، لەسەدا ٥١ و لەسەدا ٣١).

 

ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە، سەرەڕای بەراوردکردنی دۆخی سەرکردە سیاسییە ژنەکان بە پیاوان و ڕەخنەگرتن لە ڕۆڵی ژنان وەک بڕیاردەر لە بنەماڵەدا، زۆر جار گەنجانی عەرەب هەم بەرامبەر بە بیرۆکەی ئەوەی کە ژنێک سەرکردەی وڵاتێکی موسڵمان بێت، هەم بۆ تەرخانکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە هەڵبژاردنەکان بۆ ژنان وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی نوێنەرایەتیی سیاسیی دادپەروەرانەتر، زیاتر لە نیوەی گەنجان پشتگیری لە چەمکی سەرۆک یان سەرۆکوەزیرانی ژن لە نەتەوەیەکی موسڵمان دەکەن لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، بەبێ جەزائیر (لەسەدا ٣٧). نزیکەی نیوەی گەنجانی سوودان (٥١%) و لیبیا (٥٤%)، شەش لە دە گەنج لە یەمەن (٥٧%)، ئوردن (٦٠%) و فەلەستین (٦٤%) و نزیکەی حەوت لە دە گەنج لە تونس (لەسەدا ٦٧)، میسر (لەسەدا ٦٨) و عێراق (لەسەدا ٦٩) دووپاتی دەکەنەوە کە ژنان دەتوانن ببنە سەرۆکوەزیران یان سەرۆکی وڵاتانی موسڵمان. گەنجانی مەغریب و لوبنانی (لەسەدا ٧٧ و لەسەدا ٧٩) زۆرترین پاڵپشتی ئەم مافەی ژنانن.

هەروەها زۆرینەی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا پێیان وایە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بەدەست بهێنرێت، پێویستە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە پۆستە هەڵبژێردراوەکان بۆ ژنان تەرخان بکرێت. نیوەی زیاتر لەوانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکادا کردووە، پشتگیریی ئەم مافە بۆ ئافرەتان دەکەن. گەنجان لە عێراق و لوبنان (لەسەدا ٧٩، هەر یەکەیان) زۆرترین پشتیوانییان هەیە، لە دوای ئەویش سوودان دێت کە (٧٦٪)ه‌؛ فەلەستین لەسەدا ٧٢ و یەمەن (لەسەدا ٦٩). بەدەر لە سوودان، گەنجانی باکووری ئەفریقا کەمترین پشتگیری بۆ پشکی ژنان لە پۆستە هەڵبژێردراوەکاندا نیشان دەدەن کە کەمتر لە دوو لەسەر سێی گەنجان لە میسر (٦٦%)، لیبیا (٦٥%)، تونس (٦٣%)، مەغریب (٦٢%) و جەزائیر (لەسەدا ٥٣) دەڵێن لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەداین یان بەتوندی هاوڕان.

  • ڕوانگەی گەنجان بۆ پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لەگەڵ چین و ئەمریکادا

زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، گەنجان زۆرترین پشتگیری لە پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ چین دەکەن و کەمترین، ئارەزووی پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ ئەمریکا دەکەن. گەنجان لە ئوردن (70%)، تونس (65%)، سوودان (62%)، لیبیا (61%)، یەمەن (50%)، فەلەستین (49%) و عێراق (47%) پێیان باشە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین بەهێز بکەن بە ڕێژەیەکی زیاتر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، بریتانیا، یان ڕووسیا. جگە لە گەنجانی مەغریب کە کەمێک زیاتر حەزیان لە پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ بریتانیا هەیە (لەسەدا ٦٣)، کەچی گەنجانی لوبنان و جەزائیر زیاتر پشتگیری لە پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ ڕووسیا  دەکەن (لەسەدا ٣٨ و لەسەدا ٤٢) و، گەنجانی میسر کە بە هەمان شێوە پشتگیری لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا دەکەن (لەسەدا ٤١، هەر یەکەیان). لە زۆرینەی ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، پشتگیریی گەنجان بۆ پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ ئەمریکا نەک هەر لە خوار لەسەدا ٥٠ دادەبەزێت، بەڵکوو کەمترە لە پشتیوانیی گەنجان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی جیهان؛ جگە لە یەکەمیان بریتین لە سوودان (لەسەدا ٦٠)، مەغریب (لەسەدا ٥٧) و ئوردن (لەسەدا ٥٥) کە پشتگیریی گەنجان لە نیوە زیاترە. لە بەرامبەردا، کەمتر لە نیوەی گەنجانی تونس (لەسەدا ٤٧) و، نزیکەی یەک لەسەر سێی گەنجانی لیبیا (لەسەدا ٣٦)، عێراق (لەسەدا ٣٤)، فەلەستین، لوبنان و جەزائیر (لەسەدا ٣١، هەر یەکەیان) دەڵێن کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، پێویستە بەهێزتر بێت. لە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، گەنجانی یەمەن نەک هەر کەمترین ئارەزووی پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا نیشان دەدەن (لەسەدا ٢٢)، بەڵکوو کەمترین ئارەزووی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیادا هەیە (لەسەدا ٢٦) بە بەراورد بە گەنجانی وڵاتانی دیکە.

 

بە ئاوڕدانەوە لە زلهێزە ناوچەیییەکان، یەکێک لە ڕەوتە ڕوونەکان ئەوەیە کە لاوانی عەرەب بەگشتی کەمتر گرنگی بە پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ ئێران دەدەن و زیاتر ئارەزووی باشترکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا دەکەن. هەرچەندە پشتیوانی بۆ پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ ئێران هەرگیز لە چوار لە دە گەنج زیاتر نییە لە هەر وڵاتێکدا کە بەشداریی لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، بەڵام پشتیوانی لە لوبنان بەرزترینە (لەسەدا ٣٨)، لە دوای ئەویش سوودان (٣٦%)، فەلەستین (٣٤%)، عێراق (٣٢%) تونس (لەسەدا ٣١). لە لوبنان و عێراقدا، ڕەنگە دابەشکارییە تائیفییەکان پشتگیریی زیاتری بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران ڕوون بکاتەوە، کە وڵاتێکە زۆرینەیەکی بەهێزی شیعەی هەیە. بە نزیکەی دوو لە هەر دە گەنج لە مەغریب (٢٢%)، ئوردن (٢١%)، یەمەن (٢٠%)، جەزائیر (٢٠%) و لیبیا (١٨%)، پێیان باشە پەیوەندیی بەهێزتر لەگەڵ ئێراندا هەبێت، لە کاتێکدا  تەنیا ٨%ی میسرییەکان هەمان شت دەڵێن.

بە بەراورد لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی ناوچەکە (سعوودیا، قەتەر و ئێران)، گەنجانی عەرەب زیاتر پێیان باشە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەهێز بکەن. گەنجان لە ئوردن (82%)، فەلەستین (75%)، تونس (64%)، یەمەن (61%)، مەغریب (56%)، جەزائیر (53%)، عێراق (45%)، هەموویان ئەگەری ئەوە زیاترە دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا باشتر بێت نەک لەگەڵ سعوودیا، قەتەر، یان ئێران. گەنجان لە سوودان پێیان باشە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعوودیا و تورکیا و قەتەر بە ڕێژەیەکی هاوشێوە بەهێز بکەن (بە ڕێژەی لەسەدا ٧٠، لەسەدا ٧٣ و لەسەدا ٧٤)، هەروەک چۆن گەنجانی لوبنان (لەسەدا ٤١، لەسەدا ٤١ و لەسەدا ٤٢)؛ کەچی  لە لیبیا و میسر گەنجان بەدووری دەزانن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعوودیا باشتر بکەن (لەسەدا ٥٥ و لەسەدا ٥٨).

  • لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان

بەو پێیەش کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی گەنجە؛ واتا گەشەی دیمۆگرافیی، نیمچەبەرزە. بەگوێرەی ڕووپێوی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری دانیشتووان (UNFPA)   لە ساڵی ٢٠١٨، ڕێژەی تەمەنی ١٥ ساڵ و بەرەو خوار نزیکەی ٣٧%ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنێن و هەمان ڕێژەیش لە عێراقدا ٤٠% تێپەڕ دەکات. لە هەرێمی کوردستاندا مەزه‌ندە دەکرێت ڕێژەی گەنجان نزیکەی ٤٠٪ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێک بێنن. 

هەڵبەتە ئەم داتا مەترسیدارانە کەم تا زۆر بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاستن. هەڵاوسانی گەنجان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، خەریکە سەر دەکێشیت بۆ تووڕەبوون و بێمتمانەبوونی گەنجان بە حکوومەت و پەرلەمان و دامەزراوە نیشتمانییەکان و بەها سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان؛ کە ئەمەیش دواجار سەر دەکێشیت بۆ توندوتیژیی سیاسی و زیادبوونی ڕێژەی تاوان و چەندان مەترسیی تر کە ئێستا ئاماژەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوونتر دەردەکەون. ڕاستە لە دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆم جۆرێک لە نائومێدیی سیاسی لەسەر ئاستی کۆمەڵگه‌ دروست بووە، بەتایبەتیش لە بێهیوابوونی خەڵک بە بەشداریکردنی سیاسی (کە بەپێی داتاکانی لە ساڵی ٢٠١٨ ٥٠٪ گەنجانی هەرێمی کوردستان متمانەیان بە سیاسەت نەماوە) و دواجار پاسیڤبوون و بێهەڵوێستبوون لە بەرامبەر دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا؛ هەر بۆیە لە ٢٠١٧ تا ئێستا  خەڵک تاقەتی خۆپیشاندان و ناڕەزاییشی نەماوە لە هەرێمی کوردستاندا؛ ئەمە لە کاتێکدا کە پارێزگاکانی تری عێراق لە دۆخێکی ناڕەزاییی جەماوەریی بەردەوامدا بوون. ئەم قۆناخی پاسیڤبوون و بێدەنگییەی گەنجان تا سەر ناکێشێت و تەواو دەبێت. بزوێنەری خێرابوونی ئەم قۆناغە تازەیەیش زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسانی گەنجانی بێکار و بێهیوایە لە هەرێمی کوردستاندا، کە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەکەیان لە بەرزبوونەوەدایە؛ بە جۆرێک تەنیا بابەتێکی سیاسیی سادە، دەکرێت بیانهێنێتە سەر شەقام و بەئاسانیش سەر بکێشێت بۆ توندوتیژی. ئێستا ٧٢%ی گەنجان و لاوانی هەرێمی کوردستان تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنن کە هاوکاریانە بۆ ڕێکخستن و کۆدەنگی لەسەر هەر پرسێکی سیاسی و ئابووری و هتد. بۆیە ئەوەی لە هەڵەبجە و کەلار و ڕانیە و زاخۆ و شارەکانی تری کوردستانیش بینیمان، سەرەتای ئەو دووکەڵەیە کە هێشتا نەبۆتە ئاگر؛ بەڵام ئەگەر بووە ئاگر، توندوتیژی و قوربانیی زۆری لێ دەکەوێتەوە تا ئاستی پەکخستنی حکوومەت و دەزگه‌ خزمەتگوزارییەکان. واته لە ئێستادا ئەوەی توانای ورووژاندن و هەژاندنی دەسەڵات و حکوومەتی هەیە، نە حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانن، نە هێزە سیاسییەکان، بەڵکوو زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسانی ئەو گەنجانەیە کە هەتا دێت بێهیوا و بێکار و توندوتیژتر دەبن. بەتایبەت ئەو دۆخەی ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پێیدا تێ دەپەڕێت لە قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە و ململانێ سیاسییەکان و بێکاری و...، گشتیان هاندەرن بۆ تووڕەکردنی گەنجان و ئاراستەکردنیان بەرەو توندوتیژیی سیاسی.

دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە هەرێمی کوردستان و  ناڕەزایییەکانی تشرین لە عێراق، ساڵ بە ساڵ متمانە بە پڕۆسەی سیاسی و دامەزراوە سیاسییەکان  لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا لاوازتر دەبێت. بەپێی ڕاپرسییه‌ک لە عێراقدا کە لە بەهاری (٢٠٢١) کراوە، تەنیا ١٤٪ی سوننەکان و ١١٪ی شیعەکان و ٣١٪ی کورد، پێیان وایە کە لە ڕێگه‌ی هەڵبژاردنه‌وه‌ دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بڕیاری سیاسی هەبێت. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ داڕمانی متمانە بە پرۆسەی سیاسی لە تەواوی عێراقدا. لە دوای ٢٠٠٣ ئەمە یەکەم جارە نائومێدیی خەڵک، بەتایبەتییش شیعە و کورد دەگاتە ئەم ئاستە؛ واتە بیرکردنەوە لە ئەنجامدانی گۆڕانی سیاسی لە ڕێگه‌ی توندوتیژیی سیاسی و هەڵکوتانە سەر دامودەزگه‌کانی حکوومەت، کە چەند جارێک لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بینیومانە.

لە لایەکی تر ساڵانە هەزاران گەنج دەچنه ناو هێزی كار و لە زانکۆکان دەردەچن و خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆریان له دۆزینەوەی كار شكست دەهێنێن. زانکۆ و پەیمانگه‌ تەکنیکییە حکوومییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چوار ساڵی خوێندنی ڕابردوودا ١٦٧ هەزار و ٦٨٣ خوێندکاریان وەرگرتووە، لە هەمان کاتدا دەیان هەزاریان لە زانکۆ و پەیمانگە تەکنیکییە ئەهلییەکان وەرگیراون. لە ئەنجامدا ساڵانە پێویستی بە ڕەخساندنی ٥٠ هەزار هەلی کار دەبێت بۆ یەکخستنی گەنجان بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ٢٠١٦دا بڵاو کراوەتەوە. گەنجانی دەرچووی زانکۆ کە تەمەنیان لە خوار ٣٥ ساڵەوەیە، بەهۆی داڕمانی ئابووریی هەرێمەوە لە ئەنجامی بڕینی بوودجەی فیدراڵی، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە؛ حکوومەتی هەرێم لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە هەلی کار بۆ خزمەتگوزاریی شارستانی دروست بکات. سەرباری کەڵەکەبوونی قەرزەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، لە هەمان کاتدا نەیتوانی قەرەبووی کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومی بکاتەوە. ئەمە جگە لەوەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، چاکسازیی ئابووریی بەرچاوی لەگەڵدا نەبوو کە ببێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە کەرتی تایبەتدا. هەرچەندە ئەم پرسە پێویستی بە توێژینەوە و وردەکاریی زیاتر هەیە، بەڵام تا زووە دەبێت لایەنە سیاسییەکان و حکوومەت بەجددی وەری بگرن تا لەدەست دەرنەچووە. لەدەستدەرچوونی ئەم دۆخە ناهەموارە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکی سیاسییدا نییە، چونکە توێژی گەنجان لە ئیستادا بەتەواوی وابەستە و پاشکۆی هیچ لایەنێکی سیاسی نین لە هەرێمی کوردستاندا. ڕاستە تووڕەبوونەکە زیاتر ئاراستەی دوو حزبە سەرەکییەکەی کوردستانە، بەڵام هیچ کام لە هێزە سیاسییەکانی تریش جێگه‌ی متمانەی ئەم توێژەی گەنج نین کە چاویان لەوە بێت وەبەرهێنانی سیاسیی تێدا بکەن.

 

  • سەرچاوەکان:
  1. Daniella Raz (August 2019). Youth in Middle East and North Africa. Arab Barometer – Wave V, University of Michigan. <<https://www.arabbarometer.org/wp-content/uploads/ABV_Youth_Report_Public-Opinion_Middle-East-North-Africa_2019-1.pdf>>.
  2. Leila Austin (2011) The Politics of Youth Bulge: The SAIS Review of International Affairs , Summer-Fall 2011, Vol. 31, No. 2, The Young and the Old: Demography and Generations in International Relations (Summer-Fall 2011), pp. 81-96. <<https://www.jstor.org/stable/27000256>>.
  3. Mera Jasm Bakr (May 2022) Escaping form duopoly rule: How a Two-party System Drives Iraqi Kurdish Migration En Masse? Konrad Adenauer Stiftung.
  4. MIDDLE EAST AND NORTH AFRICA: YOUTH FACTS. Available at: <<https://www.youthpolicy.org/mappings/regionalyouthscenes/mena/facts/>>.
  5. Middle East Youth Initiative. Available at: <https://www.meyi.org/ >
  6. UNDP Arab Human Development Report 2009, see http://www.arab-hdr.org/contents/index.aspx?rid=5.
  7. UNDP IN THE ARAB STATES. Available at: https://www.undp.org/arab-states?spid=12 .
  8. “World Bank Middle East and North Africa Factsheet”; available at <<http://go.worldbank.org/DT45JDVOK0 >>.
  9. زوبێر ڕەسووڵ، (28-08-2020) هەڵاوسانی ڕێژەی گەنجان، دووکەڵێک پێش ئاگر. ڕووداو، https://www.rudaw.net/sorani/opinion/28082020 .
  10. زوبێر ڕەسووڵ، ( 15-05-2022 ) کودەتای شوقەکان، مەترسیێک لە ئێستا و ئایندەدا! ڕووداو، https://www.rudaw.net/sorani/opinion/150520221 .

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples