بەلامەرکەزیکردنی نەوت و گازی کوردستان لە ڕێگەی بەلامەرکەزیکردنی کارگێڕیی پارێزگاکانەوە، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ پارچەپارچەکردنی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسی و دارایییەوە. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ لامەرکەزیەتی کارگێڕیی پارێزگاکان نەکەن، ئەوا نەک تەنیا ئەو بابەتە مەترسی لەسەر کەرتی وزەی کوردستان دروست دەکات، بەڵکوو بەلامەرکەزیکردنی نەوت و گازی کوردستان، لە ڕووی جێۆپۆلیتیکییەوە گەورەترین مەترسی دەبێت لەسەر یەکپارچەییی خاکی هەرێمی کوردستان.
سەرەتا، بەلامەرکەزیکردنی سامانە سروشتییەکان، بە خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی سیاسی و ئابوورییە بۆ سەرجەم ئەو وڵات و هەرێمانەی کە بە سامانە سروشتییەکانهوه دەوڵەمەندن، بەتایبەتی سامانە سروشتییەکانی نەوت و گاز و سەرچاوەکانی تری وزە. لە ڕووی زانستی دەوڵەتدارییەوە، بە شێوەیەکی گشتی دوو جۆر لامەرکەزیەت، یان دابەشکردنی دەسەڵاتمان هەیە:
یەکەم: لامەرکەزیەتی سیاسی Political decentralization. واتە دابەشکردنی دەسەڵاتە سیاسی، کارگێڕی و ئابوورییەکان لە نێوان حکوومەتی ناوەند و حکوومەتە هەرێمایەتییەکاندا؛ هەروەک ئەو پەیوەندییەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دەستووری نوێی عێڕاقەوە دروستی کردووە. هەرچەندە زۆر لە ڕووی پێکهاتە و ستراکچەری دامەزراوەکانی حوکمڕانیکردنەوە تەواو نییە، چونکە لە لایەک پێکهاتەی دەسەڵاتی یاسادانان و حوکمڕانی ناتەواوە، لە لایەکی تریشەوە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی ناوەندی و هەرێم و پارێزگاکان، پڕە لە کێشە و ململانێی سیاسیی ناتەندروست.
دووەم: لامەرکەزیەتی کارگێڕی Administrative Decentralization
واته، بەخشینی بەشێک لە دەسەڵاتە کارگێڕییەکان لە لایەن حکوومەتی ناوەندەوە بە هەرێم و پارێزگاکان. وەک ئەو دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایییانەی بەشێکی زۆر لە حکوومەتەکانی ئەورووپا بە هەرێم و پارێزگاکانیان بەخشیوە.
ئەوەی جێگهی ئاماژەپێدانە، بەلامەکەزیکردنی سامانە سروشتییەکان، دەکرێ لە ڕێگەی هەردوو جۆری لامەرکەزییەکەوە بێتە دی؛ بێ گومان، بە مەرج و ڕێکاری جیاوازەوە. بەڵام بۆ بەلامەرکەزیکردنی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان، پڕۆفیسۆر جێسی سی ڕیبوت Jesse C. Ribot لە نووسینی لامەرکەزیەتی دیموکراتی بۆ سامانە سروشتییەکان، دوو خاڵی گرنگ دەستنیشان دەکات کە ئەوانیش بریتین لە:
یەکەم: گواستنەوەی دەسەڵاتێکی کاریگەر Transferring efficient Power، بە شێوەیەکی پارێزراو، کە بتوانێت بڕیار لەسەر کەرتی سامانە سروشتییەکان بدات و بەڕێوەی ببات.
دووەم: بەرپرسیارێتیی نوێنەرایەتی Accountable Representation، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە لایەن نوێنەرانی ئەو هەرێم و ناوچانەی کە سامانە سروشتییەکانی تێدایە.
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەو دوو مەرجەی سەرەوە، خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی و ڕیالیستییانە بۆ بەلامەرکەزیبوونی کاڕگێڕیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (پەیوەندیدار بە کۆنتڕۆڵی نەوت و گازی ژێرخاکی پارێزگا جیاجیاکان) بکەین، بۆمان دەردەکەوێت گواستنەوەی دەسەڵاتێکی کاریگەر لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاکان، زۆر ئەستەمە. لە بەرامبەریشدا، نوێنەرانی پارێزگاکانیش ئەو هێز و توانایەیان نییە کە بەرپرسیارێتیی ئەو داهاته زۆرە بگرنە ئەستۆ، کە بە هۆی نەوت و گازەوە دەست پارێزگاکان دەکەوێت. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ململانێ سیاسی و ئابوورییە توندەی کە لە نێوان پارتە سیاسی و بازرگانە گەورە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا لەسەر نەوت و گازی کوردستان، دروست بووە.
لەوەیش زیاتر، ئەگەر بەوریایییەوە مامەڵە لەگەڵ داڕشتنەوی دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایییەکانی پارێزگاکانی ناو هەرێمی کوردستان نەکرێت و دادپەروەرییەکی دارایی و کۆمەڵایەتی نەگەڕێنرێتەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان، ئەوا ئەو کێشەیەی کە پێ دەچێت لە ئاییندەدا لەناو ئهم ههرێمهدا سەر هەڵ بدات، بە هۆی بەلامەرکەزیبوونی پارێزگاکان و سامانە سروشتییەکانەوە دەبێت.
هەروەها، ئەگەر ئەو لامەرکەزییە کارگێڕی و دارایییە، لەسەر بنەمای گواستنەوەی دەسەڵاتێکی کارگێڕیی داراییی کاریگەر نەبێت. ئاکامەکەی زۆر ترسناک دەبێت. چونکە بابەتی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن بە سامانە سروشتییەکانی نەوت و گاز لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، پرۆسەیەکی داینامیکیی پڕ لە بەرژەوەندیی گشتی و تایبەتی ئاڵۆزە Public and Private interests. ئەو بەرژەوەندییانەیش بە شێوەیەکی بەردەوام بەپێی هەڵکەوتەی شوێنی جیۆپۆلیتیکی و سیستەمە ئابووری و سیاسییەکان، کار دەکاتە سەر ڕێوشوێنەکانی کۆنتڕۆڵ و بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکان، بەتایبەتی نەوت و گاز.
لە کاتی ئێستادا، بابەتی داهاتی نەوت و گاز لە لایەک و، ئەو قەیرانە دارایییەی کە هەرێمی کوردستانی تێ کەوتووە لە لایەکی تر، وای لە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردووە، کە بابەتی لامەرکەزیەتی کارگێڕیی پارێزگاکان بورووژێنن. ئەم داواکاریەیش تەنیا مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان دروست ناکات، بەڵکوو مەترسییەکی چاوەڕواننەکراو دەبێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی کوردستان لە ئاییندەدا. چونکە، کێشە گەورەکە لەوەدا نییە کە دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایییەکەی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، بگوازرێتەوە یان نەگوازرێتەوە بۆ پارێزگاکان، بەتایبەتی پارێزگای سلێمانی، بەڵکوو کێشە گەورەکە ئەوەیە، کە کۆنتڕۆڵکردنی بەرژەوەندییەکانی پەیوەندیدار بە داهاتی نەوت و گازەوە زۆر ئەستەمە. جگە لەوەی نوێنەرانی پارێزگاکانیش لە ڕووی هێزی کۆنتڕۆڵ و لێپرسینەوەوە بەهێز نین و، ناتوانن بەرەنگاری ئەو بەرژەوەندییە جیاوازانە ببنهوه، هێز و گوشاری حکوومەتی ناوەندیی بەغدایش لەسەر مەلەفی نەوتی کوردستان، کەم نییە.
بەغدایش تا ئێستا، بە شێوەیەکی سیستەماتیک، بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکان ڕێک نەخستووە. کەواتە مەترسییەکانی پشت بەلامەرکەزیکردنی نەوتی کوردستان یەکجار گەورەن، چونکە سەربەخۆیی لە بەڕێوەبردنی نەوت و گازی کوردستان لە لایەن پارێزگاکانەوە، یەکەم، لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە گوشارێکی سیاسیی ناتەندروست دەکرێته سەری. دووەم، بەپێی ئەو شوێنە جیۆپۆلیتیکییانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە، گوشاری سیاسی و ئابووریی چاوەڕواننەکراو دەخوڵقێنرێت، کە پێ دەچێت کوردستانی یەکگرتوو لە ڕووی سیاسییەوە لاواز و دابەش بکات.
لە کۆتاییدا، ڕاستە کەموکوڕییەکانی ناو مەلەفی نەوتی کوردستان کەم نین، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی مامەڵە لەگەڵ کەرتی وزەی کوردستاندا نەکرێت، ئەوا ئهو كهرته، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات و، لەوانەیە لە لایەن هاووڵاتی و حزب و لایەنەکانی ناو هەرێمی کوردستانەوە، ڕووبەڕووی مەترسیی جددی ببێتەوە. ئەگەر بارودۆخ وا بڕوات، ئاسایشی وزەی کوردستان، ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.
تەقاندنەوەی بۆڕیی گازی نێوان کەرکووک ـــ هەولێر، کە لوولەی گازی پرۆژەکانی کۆمپانیای داناگاز و هاوبەشەکانی لە كێڵگەی كۆرمۆری سەر بە قەزای چەمچەماڵەوە گاز بۆ وێستگەی كارەبای هەولێر دەگوازێتەوە، یەکێکە لەو نموونانەی کە پێمان دەڵێت دەبێت، وریاتر مامەڵە لەگەڵ کەرتی نەوت و گازی کوردستان بکەین. وا باشترە لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان زۆر لەوە وریاتر بن کە کارتی نەوتی و گازی کوردستان لە پێناو هێنانەدیی بەرژەوەندییە سیاسی و دارایییەکانی خۆیان بەکار بهێنن. نابێ هەوڵ بدەن لە ڕێگەی سیستەمی بەلامەرکەزیبوونی کارگێڕیی پارێزگاکانەوە، مەلەفی نەوت و گاز بخەنە ناو ململانێ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستانەوە.
بۆیە، دابەشکردن و بەشبەشکردنی داهات و بەرژەوەندییەکانی پەیوەندیدار بە نەوت و گازی کوردستان، وا باشترە لە ڕێگەی سیستەمێکی ئابووریی یەکگرتوو، لە ڕێگەی کۆمپانیای دۆزینەوە و دەرهێنان و بەبازاڕکردنی نیشتمانیی یەکگرتووه ڕێک بخرێت، نەک هەر پارێزگایەک و پارتێکی سیاسی، بەسەربەخۆیی و بە گوێرەی سیاسەت و بەرژەوەندیی خۆی، هەوڵ بۆ بەشبەشکردنی داهاتی نەوت و گازی کوردستان بدات.