هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکا لە گرتنەوەی مووسڵدا

پێشەکی

ئەمریکییەکان ماوەی چارەکە سەدەیەکە، بەتایبەتی لە کۆتاییی ساڵەکانی جەنگی ساردەوە تا ئێستا، بە شێوەیەکی ستراتیژی هەردوو هێزی نەرم و ڕەقی خۆیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەرژەوەندییەکانیان و فراوانکردنی هێژموونیی سیاسی و ئابووری و هزریی خۆیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خستۆتە گەڕ. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایە ئەمریکییەکان بە چ شێوازێک لە کاتی ئێستادا ئەو دوو هێزە بۆ تێکشکاندنی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵدا بەرجەستە دەکەن؟ ئایە لایەنی کاریگەر و هاوکاریش بۆ بەرجەستەکردنی هەردوو هێزی نەرم و ڕەق لەو شەڕەدا چ لایەنێکە؟ ئەگەر بیردۆزە سیاسییەکانی "جۆزێف نای"  سەبارەت بەهێزی نەرم و ڕەق بخەینه‌ بواری هەڵسەنگاندنی شه‌ڕی دەرهێنانی شاری مووسڵ لەژێر دەسەڵاتی داعش، دەگەینە دوو خاڵی سەرنجڕاکێش:-

یەکەم: کوردەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو هێزە کاریگەرەن کە هەردوو هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە شه‌ڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ و دوای شه‌ڕیش بەیەک دەگەیەنن، بەڵام چۆن و بە چ ڕێگهیەک؟

دووەم: ڕۆڵی وزە، بەتایبەتی نەوتی خاو، زۆر کاریگەرە بۆ گرێدانی هەردوو هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکییەکان لە لایەک و، تێکشکاندنی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە لایەکی تر. 

لایەنی تیۆریی ئەم باسە

سەبارەت بە چەمکی هێزی نەرم (Soft Power) پرۆفیسۆر و زانای زانستی سیاسی “Joseph Nye” (جۆزێف نای)، لە زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەدا کە نزیکەی دوو دەیەیەی خایاندووە، واتا هەر لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٨٠ تا ساڵی ٢٠٠١، بۆ گرنگیی هێزی نەرم و ڕەق(Soft& Hard Powers)، هەوڵی خوێندنەوەیەکی نوێ دەدات. ئەوەی بۆ ڕوون بۆتەوە کە چۆن بەشێکی زۆری وڵاتان بەتایبەتی زلهێز‌ێکی وەک ئەمریکا، لە بەرژەوەندییاندایە بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێ سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان، هەردوو هێزەکە لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، بەکار بهێنن.

جۆزێف نای، کە بە هاوکاریی ڕۆبرت کۆهین، قوتابخانەی ڕیالیستیی نوێیان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دامەزراند و، لەناو زانکۆ و ئیدارەی ئەمریکیدا چەندین پلە و پۆستی ئەکادیمی و سیاسیی باڵای هەبووە، دیارترین پلەی سیاسیی، سەرەڕای ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا، هاوکاری وەزیری بەرگری ئەمریکایش بووە بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی. نای، لە چەندین لێکۆڵینەوەیدا کە ئەنجامی داوە،  لەسەر چەمکی هێز (Power)، بەتایبەتی لە كتێبە بەناوبانگەکەی " هێزی نەرم،- ڕێگه‌یەک بۆ سەرکەوتن لە جیهانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا" و، بە پشتبەستن بە باكگراوندە ئەکادیمی و پیشەیییەکەی، بەو ڕاستییە گەییشتووە کە "هیچ کاتێک بە تەنیا هێزی ڕەق (هێزی سەربازی و فشاری ئابووریی توند)، لە یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان و تێکشکاندنی نەیارەکاندا بەتەواوەتی سەرکەوتوو نابێت.

لە بەرامبەردا، جۆزێف نای هەمیشە یەکێک لەو ڕاوێژ و ئامۆژگارییانەی کە پێشکەش بە کۆشکی سپی و هاوپەیمانەکانی ئەمریکای دەکرد ئەوە بوو کە دەیگوت "لە زۆر سووچی ململانێ سیاسییەکاندا بۆ سەرکەوتن بەسەر نەیارەکاندا، لە پاڵ هێزی ڕەقدا پێویستیمان بە هێزی نەرم هەیە ". دیارترین هێزە نەرمەکانیش کە نای دەستنیشانی کردوون بریتین لە: دیپلۆماسیی گشتی، بەیەکگەیاندن و کۆنتڕۆڵی هزری، تێکەڵبوونی که‌لتووری، هاوکاریی مرۆیی و...هتد. هەموو ئەمانەیش بە هاوکاریی میدیایەکی بەهێز و هاوپەیمان و دۆستێکی باش بەدی دەهێنرێت. کەواتە ئێستا با بزانین ڕۆڵی کوردەکان و وزە لە بەیەکگەیاندنی هەردوو هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکا و هەوپەیمانەکانی لە شه‌ڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵدا، چۆن کار دەکات.

كوردەکان و هەردوو هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکییەکان

ڕۆڵی کوردەکان بەتایبەتی کوردەکانی باشووری کوردستان لە بەیەکگەیاندنی هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکا لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ، زۆر گەورە و کاریگەرە. ئه‌وان بە دوو قۆناغ لە دوو کاتی جیاوازدا بەشدار دەبن.

قۆناغی یەکەم: قۆناغی گرتنەوەی شاری مووسڵ: بە بەکارهێنانی هێزی ڕەقی سەربازی، بۆ تێکشکاندنی توانای فیزیکیی گرووپی داعش لە شاری مووسڵ دەست پێ دەکات، کە بێ گومان مەرجی هەنووکەیی و پاڵپشت لە کاتی ئێستادا بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بوونی هێزێکی کاریگەری بەهێزی ڕێكخراوی کۆنترۆڵکراوە. بەپێی لێدوانی فەرمی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزارەتی پێشمەرگەیش بەڕێز فەریق "جەبار یاوەر"، ئەو هێزانەی بەشداری لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ دەکەن: هێزەکانی سوپای عێراق، پێك دێن لە (فرقەی 15 و 16، هێزی زرێپۆش و دژەتیرۆر، پۆلیسی فیدڕاڵی و هێزەکانی پۆلیسی نەینەوا، حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری. - هێزەکانی پێشمەرگە پێك دێن لە (لیواکانی پیادە، هێزەکانی 70 و 80، هێزەکانی پشتیوانیی یەک و دوو، هێزەکانی زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن). هێزی پشتیوانیی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا (هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە بەشدار دەبن و پشتیوانی دەکەن. لەکاتی پێویست، بۆ پەڕینەوەی هێزە عێراقییەکان لەو شوێنانەی کە پێویست دەکات، لەسەر ڕووبارەکان پرد دروست دەکەن).

ئەگەر لە مێژووی تەبایی و بەهێزی و کۆنتڕۆڵی ئەو هێزە عێراقییانەی کە لە شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵدا بەشدار دەبن، ورد ببینەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە جگە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی ستراتیژی پشت بە هیچ هێزێکی تر نابەستن. چونکە هێزی پێشمەرگە، لە چاو هێزە عێراقییەکانی تردا، لە لایەک  بەهێز و ڕێکخراون، لە لایەکی تر لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوه‌ کۆنتڕۆڵ کراون، لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز "مەسعوود بارزانی"، کە لە هەمان کاتدا فەرماندەی سەرجەم هێزە چەکدارەکانە لە کوردستان.

لەسەر بنەمای بیرۆکەکانی جۆزێف نای، ئەمریکا پێویستیی بە هێزێکی پەیوەندیدار هەیە بەو شوێنەی کە هێزە نەرم و ڕەقەکەی تیادا بەکار دەهێنێت. کەواتە، ڕاستە كه‌ ئەمریکییەکان توانای سەربازیی زەمینی و ئاسمانیی زۆر بەهێزیان هەیە. بەڵام ئەگەر تەماشا بکەین ئەوان و هێزەکانی هاوپەیمانان تەنیا لە ئاسمانەوە بەشدار دەبن و پشتیوانی دەکەن و لە کاتی پێویستیشدا، لەسەر ڕووبارەکان پرد دروست دەکەن. بەڵام ئەمریکییەکان باش دەزانن، هێزە ڕەقەکەیان تەواو و کامڵ نییە. بۆیە پێویستیی بە هێزێكی زەمینیی بەهێز هەیە، کە هاوپەیمانێکی ڕاستەقینەی بێت. لە لایەکی تریش، ئەم بڕیارەی ئەمریکییەکان باكگراوندێکی مێژووییی سەربازیی هەیە، کە وای لێ کردوون بە شێوەیەکی فراوان، هێزی سەربازیی زەمینی بەشداریی پێ نەکەن. هۆکارە مێژوویییەکەیش لە  بەشداریپێنەکردنی هێزی زەمینیی ئەمریکا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووە تاریکە‌ی، کە هێزی زەمینیی ئەمریکا لە جه‌نگی ڤێتنام لە ساڵی (١٩٥٧) و، جه‌نگی ئەفغانستان لە ساڵی (٢٠٠٢) و، جه‌نگی دووەمی کەنداو و، ئازادکردنی عێراق لە ساڵەکانی (١٩٩١) و (٢٠٠٣)دا هەیبووە. بەپێی ئامار و لێکۆڵینەوەکان هێزی ڕەقی ئەمریکییەکان مێژوویەکی سەکەوتووی نەبووە، چونکە هێزە ڕەقەکەی بۆ ماوەیەکی کورت، توانای بەردەوامبوون و مانەوەی هەبووە و، لە دواجاریشدا زیانی ڕاستەوخۆی لە هێزی نەرمی ئەمریکا و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی داوە.

کەواتە، ئەو لایەنەی دەبێتە تەواوکەری هێزی ڕەقی ئەمریکا، هێزی پێشمەرگەی کوردستانە؛ ئەمریکا دەتوانێت لە قۆناغی شەڕ و دوای شەڕی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، هەم پشتی پێ ببەستێت، هەم متمانەی پێ بکات. ئەمەیش، بە لەبەرچاوگرتنی سیاسەتی جیۆپۆلیتیکیی ناوچەکە بەتایبەتی لە نێوان ( ئێران، تورکیا. سعوودیا، ڕووسیا، ئەمریکا)، تا ئێستا لە بەرژەوەندیی باشووری کوردستانیشدایە.

قۆناغی دووەم: قۆناغی مانیفێستکردنی هێزی نەرمی ئەمریکا: بێ گومان قۆناغی دووەم، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ دەست پێ دەکات، کە ئەویش بەرجەستەکردنی هێزی نەرمی ئەمریکییەکانه‌ لە ناو مووسڵدا. هێزی نەرمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە دوو جۆر دەست پێ دەکات: یەکەم، ئاوەدانکردنەوە؛ دووەم، هۆشیاریی هزری و سیاسی و کۆمەڵایەتی. بۆ ئەوەی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ، دانیشتووانەکەی لە بیر و بۆچوونی توندڕەوی داعش بەدوور بن و، زیاتر لە ئەمریکا و ڕۆژاواوه‌ نزیک بن، ئەوا پێویستییان بە چەندین ڕێگه‌ی جۆراوجۆرە لە ڕێگه‌کانی هێزی نەرم؛ هەر لە (هۆشیارکردنەوە و کۆڕ و سمینار و ئاڵوگۆڕی کەلتووری و میدیایەکی تەندروست و پێگەیاندنی سەرکردەی لاوی میانڕەو). بێ گومان، بۆ بەپراکتیزەکردنی هەموو ڕێگه‌کانی هێزی نەرمیش، کوردەکانی باشووری کوردستان و نزیک لە مووسڵ، باشترین ئەڵتەرناتیڤ دەبن.

 دەتوانین بڵێین کوردستانییان دەتوانن، چ لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یان ناوەند و ڕێکخراوە مەندەنییە کوردییەکان، ئاسانکاریی تەواو بۆ بەرجەستەکردن و بڵاوکردنەوەی هێزی نەرمی ئەمریکییەکان بکەن، بەتایبەتی بۆ بڵاوکردنەوەی بیری دیموکراسی و مافی مرۆڤ. بێ گومان ئەمەیش، ڕۆڵ و باڵادەستیی کوردستانییانی باشووری کوردستان لە ئاییندەدا زیاتر دەکات.

ڕۆڵی وزە، لە سەرخستنی هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکییەکان

 ڕۆڵی وزە، بەتایبەتی نەوتی خاو، لە سەرخستنی هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکییەکان زۆر دیار و بەرچاوە، چونکە وزە، هەم پاڵپشتە بۆ بەهێزبوون و بەردەوامبوونی هێزی ڕەق(سەربازی)ی ئەمریکییەکان، هەم بەشداریشە لە بەستنەوەی هێزی نەرمی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییه‌وه‌ بە مووسڵ و عێراق بەگشتی، به‌شێوه‌یه‌كی بەردەوام. ئەوەی پەیوەندیدارە بەم باسەوە، ئەو وزەیەیە کە لە کێڵگە نەوتییەکانی شاری مووسڵدا کۆ بۆتەوە. ئەو کێڵگە نەوتییانەیش کە دەکەونە سنووری پارێزگای نەینەوا بەگشتی و، ژێر دەسەڵاتی کارگێڕیی شاری مووسڵ بەتایبەتی، بە سەرپەرشتیاریی ڕاستەوخۆی وەزارەتی نەوتی عێراقی، بریتین لە کێڵگەکانی (عەین زالە، عەلان، بەتمە، شاخی سنجار، جاون، گه‌یارە، نەجمە، قسیب، کوبر، ساسان، و وسفە). بەڵام کێڵگە بەرهەمهێنەرەکان، چوار کێڵگەی گەورەن کە بریتین لە (عەین زالە، گه‌یارە، بەتمە، و سەفیە)، کە لە کاتی ئێستادا بەشێکی زۆری ئەو چوار کێڵگەیە، لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و هێزی سەربازیی عێراقی فیدراڵدایە.

 کەواتە. لە لایەک بازرگانی و کۆنتڕۆڵکردنی وزە بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە ماوەی درێژدا، دەکەوێتە ناو  چوارچێوەی بەرژەوەندیی هێزی نەرمی ئەمریکا و، لە لایەکی تریشه‌وه‌ بەکارهێنانی ئەو وزەیە لە ڕووی دارایی و لۆجستییەوە، دەچێتە خزمەتی هێزی ڕەقی ئەمریکییەکانه‌وه‌، کە بێ گومان لایەنی سەربازییه‌کەیەتی.  کۆنتڕۆڵکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، واته‌ تێکشکاندنی داعش لە ڕووی دارایی و لۆجستییەوە.

لە بەرامبەردا ئەوەی جێگەی تێڕامانە، وه‌ك چۆن نەوتی خاو بۆ ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی گرنگە، بە هەمان شێوەیش بۆ گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ڕووی دارایی و لۆجستییەوە، پاڵپشتییەکی تەواوی هێزە ڕەقەکەی دەکات. بەپێی داتاکانی وەزارەتی گەنجینە و بەرگری ئەمریکی،  نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی بریتانیایش، کە دەزگه‌ی بەدواداچوونی CNNmoney بڵاوی کردۆتەوە، لە ساڵێ ٢٠١٤ دا، داهاتی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، نزیکەی ٢ ملیار دۆلار بووە، کە بەشێکی زۆری ئەو داهاتەیش بە هۆی بازرگانیی وزەوە بووە، بەتایبەتی نەوتی خاو.

داهاتی گرووپی تیرۆریستیی داعش بەگشتی، لە شەش سەرچاوەی سەرەکییەوە بە دەست دەهێنرێن:-

١- باج و سەرانە.

٢- فڕاندن و بارمتەیی ( بیانی و ناوخۆیی).

٣- داهاتی نەوت و گاز (بە فرۆشتنی ناوخۆ و هەناردەکردنی قاچاغ، بەتایبەتی لە ڕێگەی مووسڵەوە).

٤- دزینی بانکەکان ( بەتایبەتی بانکی ناوەندی لە مووسڵ).

٥- بازرگانیی نێوخۆیی، بەتایبەتی( گەنم و جۆ و چیمەنتۆ).

٦- بازرگانیی دەرمان و ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ.

ئەم داهاتانەیش، بە هۆی فشار و تێکشکاندنی داعش لە لایەن هێزی هاوپەیمانانەوە لە ساڵی ٢٠١٥دا، ڕێژەکەی دابەزی بۆ نزیکەی ملیارێك دۆلار.  بێ گومان، لە ساڵی ٢٠١٦دا زیاتر دابەزی، دوای ئەوەی لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش کۆنتڕۆڵ کرایەوە، بەتایبەتی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە نێوان مووسڵ و سووریا.

کەواتە بۆمان دەردەکەوێت، داعشیش بە هەمان شێوە، توانیبووی هەم وەک هێزێکی نەرم بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتیدا بوون،  هه‌م وەک هێزێکی ڕەق، بۆ بەرگریکردن لە خۆی، سوود لە وزە وەربگرێت؛ ئەویش لە ڕێگه‌ی دابینکردنی (پێداویستییە سەربازییەکان، زانیاریی هەواڵگری، خۆکوژی بیانی، ئامێر و ئامرازی گواستنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ و، سووتاندنی نەوتی ڕەش وەک تەکتیکی سەربازی لەکاتی جەنگدا).

 بێ گومان تواناکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە دوای گرتنەوی زیاتر لە ١٣ گوند لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەی گەیارە لە لایەن سوپای عێراقی،  هەروەها لە کاتی ئێستایشدا پلان و هێرشی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزی سەربازیی عێراق و هاوپەیمانان بۆ گرتنەوەی شاری مووسڵ، لە ڕووی توانا سەربازی و مادییەکانییەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە کەمبوونە.

 

پوختە

لە پێناوی سەرکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری مووسڵدا، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێویستییان بە خستنەگەڕی هەردوو هێزی نەرم و ڕەق هەیە، تا بتوانن لە کاتی شه‌ڕ و کۆتاییی شه‌ڕدا، ئەو شارە بەتەواوەتی لە ڕووی سەربازی و سیاسی و هزرییەوە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش لایەنی هاوکار و کاریگەری سەر ئەرزی واقع، کوردستانییان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، کە لە لایەک هاوکار و تەواوکەری هێزی ڕەقەکەیەتی بۆ ڕزگارکردنی شاری مووسڵ و، لە لایەکی تریش، لە توانایاندایە هێزە نەرمەکەیان، لە ڕووی هاوکاریی مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە و هۆشیارکردنەوە و ئارامیی سیاسییەوە، بەرجەستە بکەن. بەڵام ئەوەی شایەنی باسە، کاڵای جووڵێنەری هێزی نەرم و ڕەق بۆ سەرکەوتن بەسەر گرووپی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی پارێزگای مووسڵدا، وزەی نەوت و گازە؛ ئەو کاڵایە دەتوانێت بە شێوەیەکی  ستراتیژی، هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەیەکەوە ببەستێتەوە.

لە کۆتاییدا، ئەگەر بە هەر هۆکارێکی ناوخۆیی بێت، لە نموونەی "هێزی حەشدی شەعبی"، یان دەرەکی بێت لە نموونەی پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی (ئێران، تورکیا، سعوودیا، قەتەر، ڕووسیا، ئەمریکا، چین و وڵاتانی ئەورووپا)، ئەو دوو هێزەی کە لەسەرەوە باسمان کرد (هێزی کوردەکان و وزە)، لە گرتنەوەی شاری مووسڵدا کێشەیەکی تێ بکەوێت، ئەوا هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی سەرکەوتوو نابێت و، دەرەنجام، بەرژەوەندییەکانیان لەو ناوچەیە هەمیشە لەژێر مەترسیدا دەبێت. بەپێچەوانەیشەوە، بە سەرکەوتنی هێزی نەرم و ڕەقی ئەمریکییەکان، پێشبینی دەکرێت شاری مووسڵ بکەوێتە ناو هەرێمێکی نوێی ئارامتر، لە ڕووی جیۆپۆلیتیکی و کارگێڕییەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples