هێزی وزەی ئەمریکی لە هەڵبژاردنی "ترامپ "دا

کاریگەریی کۆمپانیاکانی وزە بەگشتی و نەوت و گاز بەتایبەتی، لەسەر سەرۆک و هەڵبژاردنی ئەمریکا زۆر بەهێز و بەرچاوە، چ لە پێش هەڵبژاردن، چ لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ. لەبەر ئەوەیش كه‌ ڕۆڵی سەرۆکی ئەمریکا تەنیا لە بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەمریکا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو دەسەڵاتی سەرۆک، بەتەواوەتی لە بوارە دارایی و ئابوورییەکان لەناو  بازاڕە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەیش هۆکاری سەرەکییە وا لە کۆمپانیاکان بکات، لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی کاندیدەکانی کۆماری و دیموکراتەکانەوە هەوڵی جێکردنەوەی ئامانجەکانیان بدەن. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا کاریگەریی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز لە هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپدا چییە و چۆن بوو؟ ئایا پاش هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، چ گۆڕانکارییەک لە بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی وزە دێتە ئاراوە؟ لەوەیش گرنگتر، ئەی بۆ هەرێمی کوردستان و داهاتووی وزەکەی، کاریگەری و دەرەنجامەکەی چی دەبێت؟

سەرۆک و هێزی کۆمپانیاکانی وزە

سەرەتا دەبێت لەو ڕاستییە سیاسییە دەستورییە تێ بگەین، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاڵۆزترین سیستەمی سیاسیی هەیە لە جیهاندا و، سەرۆک لەناو ئەو سیستەمە سیاسییەدا، بە تەنیا ئەو دەسەڵاتەی نییە کە بڕیار لەسەر بابەت و کێشە ستراتیژییە گرنگەکان بدات بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیی بە ئاسایشی ئابووری و سیاسیی گەلی ئەمریکاوە هەیە. بەڵکوو لە پاڵ سەرۆکدا، چەندین ناوەند و دامەزراوەی دەوڵەتی و نادەوڵەتی هەن کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر دروستکردنی بڕیار لە ناو ئیدارەی ئەمریکیدا هەیە لە نموونەی: کۆنگرێس بە هەردوو ژوورەکەیەوە کە لە ٥٣٨ کاندید پێک دێت  (ئەنجوومەنی نوێنەران٤٣٥ دەنگ  و، سینا ١٠٠ دەنگ و واشنگتۆن دی سی ٣ دەنگ)، دادگه‌ی فیدراڵی *(Supreme court)، گرووپە فشارکەرە بەرژەوەندیخوازەکان (Lobbies)، (بەتایبەتی کۆمپانیا گەورەکانی چەک و وزە). بەڵام ڕۆڵ و کاریگەریی سەرۆک و هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، سەرەڕای ناوەندەکانی تری کە لە دروستکردنی بڕیاردا بەشدارن، هەر بەهێز و فراوانە.

بەڵام لێرەدا جەخت لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریی کۆمپانیاکانی وزە دەکەینەوە، کە دەکەوێتە ناو بەشی گرووپەکانی فشارەوە. دەتوانین بڵێین ڕۆڵ و کاریگەریی کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکی بەگشتی و، کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بەتایبەتی، لەناو سیستەمی سیاسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دوولایەنەیە. واتا لە لایەک کۆمپانیاکانی وزە، کاریگەریی ناڕاستەوخۆیان لە دیاریکردنی سەرۆکەکانی ئەمریکا و هێنانەدیی ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانی گەلی ئەمریکا  لە  ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا هەیە و، لە لایەکی تریش سیاسەت و ستراتیژییه‌تەکانی سەرۆک و سیستەمە نوێیەکەیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر  کار و بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانی وزە بەگشتی، لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا بە هەمان شێوە.

هەروەک ئۆستن نۆرین لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناوی "هێزی نەوتی خاو- سیاسەت و بازاڕی نەوت" باس لەوە دەکات کە چۆن کۆمپانیاکانی نەوت و گاز، هاوکارن بۆ هێنانەدیی ئامانجە باڵاکانی دەوڵەتەکان بەتایبەتی لە دەره‌وەی وڵات؛ بە هەمان شێوە، حکوومەتەکانیش باشترین دروستکەری بازاڕن بۆ کۆمپانیاکانی وزەی وڵاتەکانیان، لەناو ئەو وڵات و هەرێمانەی کە نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەی فەرمییان تیادا کردۆتەوە. بە دیوێکی تردا، واتا کۆمپانیاکان، پەیوەندییە بازرگانییەکانیان بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی وڵاتەکانیان بەکار دێنن و، لە بەرامبەریشدا وڵاتەکان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەخەنە خزمەت کۆمپانیا وەبەهێنەرەکانی نەوت و گازەوه‌.   

بەڵام ئەوەی جێگه‌ی هەڵوەستەکردنە، کۆمپانیاکانی وزە بە درێژاییی مێژووی ئەمریکا، هێزە دارایییەکانی خۆیان خستۆتە خزمەت کاندیدەکانی کۆماری و دیموکراتەکان. بەو هیوایەی ئەگەر کاندیدەکان لە ململانێی هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، بتوانن پاڵپشتیی ئەو پڕۆژە و وەبەرهێنانە بکەن کە بەنیازن لە ناوەوه‌ و دەرەوەی وڵاتدا قازانجەکانیانی پێ زیاد بکەن. کەواتە بە دوو ئاراستە کۆمپانیاکان هێزی خۆیان دەخەنە گەڕ:

ئاراستەی یەکەم: پێش هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوکاریی دارایی و لۆبیکردن بۆ ئەو کاندیدانە دەکەن کە خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا یان کۆنگرێس دەپاڵێون و، بەرنامەکانیان لە خزمەت کۆمپانیاکانە. بێ گومان هاوکاریکردنی کاندیدەکان، چ لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی بێت یان ئاستی کۆنگرێس، ڕێوشوێنی تایبەتی خۆی هەیە. واتا ئەو کاندیدەی کە پاڵپشتییە دارایییەکەی بۆ دەچێت، ئەو پارەیە ناچێتە سەر حسابی کەسیی خۆی، بەڵکوو بە چەند ڕێوشوێنێکی یاساییی تایبەت بە ئەمریکا، بۆ پاڵپشتیی ئەو کاندیدە خەرج دەکرێت.

ئاراستەی دووەم: دوای هەڵبژاردن، لە ڕێگەی نوێنەرەکانەوە لەناو کۆنگرێس بە هەردوو ژوورەکەیەوە، پرۆژەی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندیی ئەو کۆمپانیایانە پێشکەش دەکرێت، تا لە دواجاردا بە شێوەیەکی سیستەماتیکی و یاسایی، سەرۆکی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر ئەو پرۆژانە دەردەبڕێت.

ترامپ و پاڵپشتیی کۆمپانیاکانی وزە

ڕٶڵی کۆمپانیاکان بەتایبەتی کومپانیاکانی نەوت و گاز و وزە بەگشتی، لە خولی ئەم جارەی هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا و دەرچوونی دۆناڵد ترامپدا زۆر گەورە بوو، بەتایبەتی لە یەکلاییکردنەوەی دەرەنجامەکاندا. هۆکاری ئەو کاریگەرییە بەهێزەیش بۆ دوو خاڵ دگەڕێتەوە:.

یەکەم: سروشتی کاندیدەکان جیاواز بوو: ئەو کاندیدانەی کە خوازیار بوون ببن بە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، تەواو جیاواز بوون. بازرگانێکی گەورە لە نموونەی دۆناڵد ترامپ، لە بەرامبەر "هیلاری کلینتۆن"ی سیناتۆر و کەسێکی سەرقاڵ، بە درێژاییی ژیانی بە سیاسەت و کارکردن لە ناوەندەکانی وەرگرتنی بڕیار لە ئەمریکا، کە دیارترین پۆستی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو.

دووەم: سیستەمی ئابووریی ئەمریکا، کە سیستەمێکی سەرمایەدارییە. بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ئەمریکی، دەستی کارن لەناو کۆمپانیا جۆربەجۆرەکاندا، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی وزە. بەرژەوەندیی دارایی و ئابووریی ئەمریکییەکانیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ڕوو لە مەترسی بوو. کە لێرەدا ئەگەر کەرتی نەوت و گاز وەربگرین، کە ترامپ لە ڕێگەی کارنامەکەیەوە بەڵێنی بە زۆربەی کۆمپانیاکان دابوو کە:

١- کەمکردنەوەی باج لەسەر کۆمپانیاکان. دۆناڵد ترامپ بە کەمکردنەوەی باج بە ڕێژەی ١٥%، باسی لەوە دەکرد کە لەو ڕێگەیەیشەوە کۆمپانیاکان دەتوانن ئاستی وەبەرهێنان بەرز بکەنەوە و، لە بەرامبەریشدا ڕێژەی دەستی کارکەر زیاد بکرێت.

٢- بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی وزە بەگشتی و، نەوتی خاو بەتایبەتی، کە پێشبینی دەکرێت ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستا زیاد بکرێت، کە ئاستی بەرهەمی ئێستا نزیکەی ٨ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیلە. لە بەرامبەریشدا گرنگیی بەرچاو بە وزە نوێبووەکان (Renewable Energy) نادات.

  ٣- ژمارەی پاڵاوگە و بۆڕیی گواستنەوەی نەوت و گاز لە ناوخۆی ئەمریکا و بە ئاراستەی دەرەوە، زیاد دەکات. کە ئەمەیش وا دەکات سەرەتا ئەمریکا لە ڕووی نەوتی خاوەوە، پشت بە خۆی ببەستێت self-dependence، پاشان لە ڕێگەی کەمکردنەوەی هاوردە و زیادکردنی هەناردەوە، یاری بە نرخی نەوت و وزەوه‌ بکات.

کەواتە دەتوانین بڵێین، مێژوو و سروشتی ئەو دوو کاندیدە و بارودۆخی نێودەوڵەتی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، وای کرد ئەم جارەی هەڵبژاردن لە ئاست چاوەڕوانیی زوربەی ئەو شیکەرەوە سیاسییانەدا نەبێت کە لە ڕووی بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەها ئەخلاقی و پرنسیپە دیموکراتییەکانەوە، هەڵسەنگاندن بۆ وتە و بانگەشەکانی ترامپ و هیلاری دەکەن. بەڵام بۆ ئەو شیکەرەوانەی کە لە ڕووی بەرژەوەندیی سیستەمی ئابووریی ئەمریکا و کۆمپانیاکانewe                          خوێندنەوەیان بۆ ئەو دوو کاندیدە دەکرد، چاوەڕوانی دەرەنجامێکی لەم شێوەیە بوون.  بەتایبەتی کاتێک هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو پارە زەبەلاحە دەکرد کە کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بۆ پاڵپشتیی ترامپ خه‌رجیان دەکرد.

بۆ نموونە، بەپێی داتاکانی Center for Responsive Politics، لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦، زۆربەی کۆمپانیاکانی وزە بەگشتی و، نەوت و گاز بەتایبەتی، لەناو ئەمریکادا نزیکەی ١٨٢ ملێۆن دۆلاریان بۆ لۆبیکردن بەکار هێناوە. لەو ڕێژە پارەیەیش، بەشی هەرە زۆریان لە بەرژەوەندیی کۆمارییەکان و پارێزگارەکان (کۆنسێرڤاتیڤەکان) خەرج کردووە. کە بێ گومان بەشێکی زۆری بانگەشەکانی ترامپ لە بەرژەوەندیی دەوڵەمەندەکان و دەستی کار بوو، کە زۆربەی سپیپێستەکان و خاوەن کۆمپانیاکانن لەگەڵ بەشێک لە ڕەشەکان. لەبەر ئەوەیش كه‌ ترامپ خۆیشی کەسێکی کۆنسێرڤاتیڤە و بەشێکی زۆری دەنگدەرانی لە بەتەمەنە کۆنسێرڤاتیڤەکان پێک هاتبوو و، بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن  لە %٥٣ زیاتر بوون.

 بێ گومان ئەمە بەو مانایە نایەت کە ترامپ دەستەی ڕاوێژکاری هەڵبژرادنی بەهێزی نەبوو، بەپێچەوانەوە سەرەڕای ئەوەی کە ترامپ لە ڕووی سیاسییەوە مێژوویەکی زۆر لاوازی هەبوو، بەڵام لێزانیی ڕاوێژکارانی هەڵبژاردنی ترامپ و، بە پشتبەستن بە شێوازی بانگەشەی نەرێنی    (Negative Campaign)[i]  لە بەرامبەر نەیارەکەیدا کە کلینتۆنە، توانیی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

"ترامپ" و وزەی کوردستان

هەرێمی کوردستان لەناو نەخشەی بەرژەوەندییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی ئەمریکادا زۆر دیار و سەرنجڕاکێشە. بە پشتبەستنیش بەو کۆمپانیایانه‌ی کە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی کۆمارییەکان بە گشتی و، ترامپ بەتایبەتی هەبووە، دەتوانین بڵێین لە ئاییندەیشدا کاریگەرییان لەسەر سیاسەتەکانی کۆنگرێس و سەرۆک ترامپ دەبێت، ئەگەر یاسا و تێگەییشتنەکانی نۆرین ئوستن بەکار بهێنین وەک لە کتێبی "هێزی نەوت و خاو- سیاسەت و بازاڕی نەوت" بەکاری هێناوە، بۆمان دەردەکەوێت کە بەرژەوەندییەکانی ئیدارەی ئاییندەی ئەمریکا، بە هەمان شێوە بە نەخشەی وزەی هەرێمی کوردستانەوە بەسراوەتەوە. بۆ نموونە، لەو ٢٠ کۆمپانیایەی کە لە ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦، پاڵپشتیی داراییی کۆمارییەکانیان کردووە، دەبینین لە هەمان کاتدا بەشێکیان گرێبەستی بەرهەمی هاوبەشیان (Production Sharing Contracts) لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژوو کردووە، کە دیارترینیان بریتین لە کۆمپانیاکانی (ئێکسۆن مۆبیل، شێڤرۆن، هەنت و ماراسۆن). بۆیە دەتوانین بڵێین پاڵپشتیی سیاسی و سەربازی لە لایەن ئیدارەی نوێی ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر لە داهاتوودا زیاتر نەبێت، ئەوا کەمتر نابێتەوە.

پوختە

هێز و کاریگەریی کۆمپانیاکانی وزە لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا و دوای هەڵبژاردنیشی، لەسەر بەرنامەی کاری سەرۆک، دیار و بەرچاوە. سەرەڕای ئەوەی ستراتیژی و بەرنامەی ترامپ، لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا بەرامبەر هیلاری کلیننتۆن، ژیرانە بوو، بەڵام بەبێ پاڵپشتی و هێزی دارایی و مرۆییی کۆمپانیاکان، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز، نەیدەتوانی ئەو سەرکەوتنە بەدەست بهێنێت. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە بۆ کوردستانییانی ناو هەرێمی کوردستان، ئەوەیە کە بەشێک لەو کۆمپانیانەی کە پاڵپشتیی کۆمارییەکانیان کردووە و، بە شێوەیەک لە شێوەکان بوونەتە هۆی سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان لە ڕێگەی وزەوە، بە کێڵگەکانی نەوت و گازی ناو هەرێمی کوردستانەوە گرێ داوە. کە ئەمەیش یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە وا دەکات لە ئاییندەدا پاڵپشتییە سیاسی و سەربازییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.

 

 [i] لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دوو شێواز بە شێوەیەکی گشتی بەکار دەهێنرێت یەکەمیان: "بانگەشەی نەرێنی Negative campaign": واتا جەختکردنەوە لەسەر لایەنی خراپ و لاوازی بەرامبەرەکەت. دۆناڵد ترامپیش لەبەر ئەوەی پاشخانێکی سیاسیی بەهێزی نەبوو، هەر جەختی لەسەر خاڵە سیاسییە لاوازەکانی هیلاری کلینتۆن دەکردەوە. لە نموونەی ناردنی کۆمەڵێک نامەی فەرمی و نهێنی لە ڕێگەی ئیمێڵی شەخسیی خۆیەوە.

دووەم: بانگەشەی ئەرێنی، یان ئیجابی (Positive complain)، کە لێرەدا ڕکابەرەکان زیاتر پشت بە خاڵی بەهێز و مێژووی کاری سیاسیی خۆیان دەبەستن. ئەوەی شایەنی باسە، لەم خولەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ترامپ زیاتر ئاراستەی بانگەشەی، بەرەو هەڵمەتی هەڵبژاردنی سلبی بردبوو.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples