یەکێتیی ئەوروپا و تۆڕی جاڵجاڵۆکەی وزەی تورکیا

تۆڕی جاڵجاڵۆکەی وزەی تورکیا بە شێوازێک لە باڵای بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئاڵۆزکاوە، کە ئەو یەکێتییە، نە دەتوانێت پلەی ئەندامێتی بە تورکیا ببەخشێت، نە دەیشتوانێ هەڵوێستێکی توند بەرامبەر بەو مامەڵە ناتەندروستانەی کە حکوومەتی تورکیا لە ڕووی ماف و ئازادییە گشتی و سیاسییەکانەوە دژی لایەنە ئۆپۆزیسیۆن و پێکهاتەکانی ناو تورکیا ئەنجامی دەدات، وەربگرێت. بە واتایەکی تر، یەکێتیی ئەوروپا لە دووڕییانی بەرژەوەندیی وزە و سەرکێشییەکانی تورکیادا بە شێوازێک دەستەوەستان ماوەتەوە، کە نەتوانێت بەتەواوەتی بڕیاری دوورخستنەوەی تورکیا لەو یەکێتییە بدات.

خستەڕووی پرس

لە کاتی ئێستادا بەشێکی زۆری گفتوگۆکان باس لە ئەگەری دوورکەوتنەوەی بەئەندامبوونی تورکیا دەکه‌ن لە یەکێتیی ئەوروپا، پاش هەڵپەساردنی دانوستاندنەکانی بەئەندامبوونی تورکیا لە لایەن پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە ٢٤/١١/٢٠١٦دا. کە ئەوەیش کاردانەوەیەکی توندی لە لایەن ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لێ کەوتەوە، بە کردنەوەی سەرجەم دەرگه‌کانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا، بەڕووی پەنابەرە نایاسایییەکاندا. بەڵام پرسیاری گرنگ و جیاواز ئەوەیە، ئەی ئایە یەکێتیی ئەوروپا بە شێوەیەکی پراکتیکی و ڕیالیستی، دەتوانێت دەوڵەتی تورکیا لە خۆی دوور بخاتەوە؟ واتا ڕاستە لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاریی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەوروپا تا ئێستا، ئەو یەکێتییە دوو جار بڕیاری هەڵپەساردنی بەئەندامبوونی تورکیای داوە؛ بەڵام ئایە یەکێتیی ئەوروپا دژی مامەڵە ناتەندروستەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە پرسی (ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ، ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان، پرسی دیموکراسی، مافی سیاسیی کەمینە و پێکهاتەکان و سەروەریی یاسا)، لە بڕیاری هەڵپەساردنی بەئەندامبوون، بڕیاری بەهێزتری پێ دەدرێت؟

ناوەڕۆک و پێشینەی مێژوویی

تورکیا تا ساڵی ١٩٢٢، سەنتەری فەرمانڕەواییی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بوو. لە ساڵی ١٩٢٣-١٩٢٤ لەسەر دەستی "مستەفا کەمال ئەتاتورک" بەتەواوەتی کۆتاییی بە خەلافەتی عوسمانییه‌کان هات. پاش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی تورکیا، بەبەردەوام ئامانجی دەسەڵاتدارانی بەناو عه‌لمانیی تورکیا، دوورکەوتنەوە بوو لە جیهانی ئیسلامی و دنیای ڕۆژهەڵات؛ لە هەمان کاتدا نزیکبوونەوە بوو لە بیر و جیهانی ڕۆژاوایییەکان؛ کە دەتوانین بڵێین یەکێک لە ڕێگه‌کان بۆ نزیکبوونەوە و گەیشتن بە ڕۆژاوایییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا لە لای تورکیای کەمالی، بابەتی بەئەندامبوون بوو لە یەکێتیی ئەوروپا.

لە ڕووی مێژوویییەوە، پێشکەشکردنی داواکاریی فەرمی بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا لە لایەن تورکیاوە، بۆ ساڵی ١٩٨٧ دەگه‌ڕێتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی سروشتی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە ڕووی  سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئایینییەوە جیاوازبوو لە دەوڵەتی تورکیا؛ بەتایبەتی لە ڕووی سەروەریی یاسایی و بنەما دیموکراتییەکانەوە. ئەمەش وای کرد یەکێتیی ئەوروپا پاش مێژوویەکی دوورودرێژ لە ساڵی ١٩٩٩ پلەی پاڵێوراوی بە تورکیا ببەخشیت و لە ساڵی ٢٠٠٥دا بۆ یەکەم جار دەست بکات بە گفتوگۆ و دانوستاندن سەبارەت بە چۆنێتی بەئەندامبوونی تورکیا لەو یەکێتییە.

هەرچەندە لەو کاتەوە تا ئێستا، تورکیا هەوڵ دەدات بگات بە ئامانجی بەئەندامبوون، بەڵام مامەڵە هەڵە و ناتەندروستە سیاسی و یاسایییەکانی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر پێکهاتەکانی ناو تورکیا لە ڕووی ماف و ئازادییە گشتی و سیاسییەکانەوە، بەتایبەتی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لەو وڵاتە، وای کردووە، یەکێتیی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەردەوام بەئەندامبوونی تورکیا بخاتە ژێر پرسیارەوە. تا لە دواجاردا لە ٢٤/١١/٢٠١٦، پاش بێهیوابوونی یەکێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر پرۆسەی چاکسازییە سیاسییەکانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵپەساردنی بەئەندامبوونی دا. بەتایبەتی دوای کۆدەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە هێزی سەربازیی تورکیا، دژ بە حکوومەتەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و، کاردانەوە توندەکانی حکوومەتی تورکیا بەرامبەر کۆدەتاچییەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا.

هەرچەندە بەشێک لە چاودێرە سیاسی و ئابوورییەکان چاوەڕوانی وەڵامی توندی یەکێتیی ئەوروپا دەکەن بەرامبەر بە تورکیا، بەڵام پێگەی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئیکۆنۆمیی تورکیا، دەرفەتێکی وای بە تورکیا بەخشیوە، کە ئەگەر بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوخۆی تورکیا لە ڕووی سیاسی و مافی مرۆڤەوە چەندە خراپیش بێت، یەکێتیی ئەوروپا وا بەئاسانی نەتوانێت هەڵوێستی توند و یەکلاییکەرەوەی ئابووری و سیاسی بەرامبەر حکوومەتی تورکیا بگرێتە بەر؛ نه‌كا تورکیا سەرکێشی بکات و بارودۆخ و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتانی ئەوروپا بخاتە مەترسییەوە.

وزە و گرنگیی پێگەی تورکیا بۆ یەکێتیی ئەوروپا

پێگەی جوگرافیای ئابووری و سیاسی (جیۆئیکۆنۆمی، جیۆسیاسی)ی تورکیا وای کردووە، ببێت بە پردێک بۆ گەیاندنی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی نزیک دەریای قەزوین، بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیاریکراو لە گرنگیی پێگەی تورکیا لە ڕووی وزەوە بۆ یەکێتیی ئەوروپا تێ بگەین، وا باشترە سەرچاوە سروشتییەکانی نەوت و گاز وەک نموونە وەربگرین لەناو سامانە سروشتییەکانی تری وەک وزەی ئەتۆمی، خەڵوز، کارەبا و... تا بزانین ئاستی پەیوەندیداربوونی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا بە تورکیاوە لە ڕووی وزەوە، چەندە بەرزە. بۆ تێگەیشتن لەو گرنگییەیش دەتوانین لە دوو گۆشەوە وابەستەییی یەکێتیی ئەوروپا بە تورکیاوە دیاری بکەین:

گۆشەی یەکەم: گۆشەی ڕێڕەو و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە

تورکیا، بووه‌تە ڕێڕەوی گەورەترین تۆڕی گواستنەوەی نەوت و گاز لە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز. بۆ نموونە هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیی تورکیا، وای کردووە کە تۆڕێکی فراوانی بۆڕیی نەوت و گازی وڵاتانی نزیک دەریای قەزوین و ناوچەکانی ئەنادۆڵ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خاکەکەیدا تێپەڕ بێت و، وزەی پێویست ئاراستەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بکرێ. دیارترین هێڵ و بۆڕییەکانی گواستنەوەیش کە یەکێتیی ئەوروپای ناچاری تورکیا کردووە، بریتین لە:

  • هێڵی بۆڕیی گازی تاناپ (گواستنەوەی گازی سروشتی لە ناوچەکانی ئازربایجان لە ڕێگەی جۆرجیا و تورکیاوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا).
  • هێڵی بۆڕیی نەوتی کەرکووک- کوردستان جیهان (گەیاندنی وزەی نەوتی کەرکووک و کوردستان بۆ بەندەری جیهان و، لە وێیشەوە بۆ بازاڕە جیاوازەکانی جیهان و ئەوروپا).
  • هێڵی بۆڕیی نەوتی سامسونگ – جیهان (گواستنەوەی نەوتی ڕووسی بە دەریای ڕەشدا بۆ بازاڕی وڵاتانی ئەوروپا).
  • هێڵی بۆڕیی نەوتی باکۆ-تبلیس-جیهان (گواستنەوەی نەوتی ناوچەکانی نزیک چیای قەوقاز "ئازەربایجان و جۆرجیا' بۆ تورکیا و بازاڕەکانی ئەوروپا).
  •  تێرنیک لاین ٩ (گواستنەوەی گاز لە کێڵگەکانی باشووری ئێرانه‌وه‌ بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا).
  • هێڵی بۆڕیی گازی تەورێز-ئانكارا ( گواستنەوەی گازی ئێرانی بۆ تورکیا و، بەشێک لەو گازەیش بە وڵاتانی ئەوروپی دەفرۆشرێت).
  •  پرۆژەی هێڵی بۆڕیی سیل (بۆریی گازی ڕووسیا- تورکیا).
  •  پرۆژەی هێڵی بۆڕیی گازی قەتەر- تورکیا.
  • پرۆژەی نابۆکۆ            
  • پرۆژەی بلو ستریمی نوێ.

(پرۆژەکانیش بە هەمان شێوە لە ئاییندەدا گازی ناوچەکانی دەریای قەوقاز، ڕووسیا، قەتەر بۆ تورکیا و بەشی هەرە زۆریشی بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا).

گۆشەی دووەم: گۆشەی دراوسێی دەوڵەمەند و کۆگه‌ و بەندەرەکانی بە بازاڕکردنی وزە.

تورکیا تەنیا ڕێڕەوی گواستنەوەی وزە نییە بۆ یەکێتیی ئەوروپا، بەڵکوو دراوسێی کۆمەڵێک وڵاتی دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز. کە لەم ڕێگەیەیشەوە تورکیا لە توانایدایە، لە یەک کاتدا کاریگەری بکاتە سەر سیاسەتی وزەی ئەو وڵاتانە، هەروەها لە ڕێگەی کۆمپانیا تورکییەکانەوە وەبەرهێنان بکات. بە واتایەکی تر، کۆنتڕۆڵی بەرژەوەندیی وزەی ئەو وڵاتانە بکات. دیارترین دراوسێ دەوڵەمەندەکانی تورکیا، کە خاوەنی یەدەگی سەلمێنراوی گەورەی نەوت و گازن و کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بازاڕی وزەی ئەوروپا هەیە، بریتین لە:

  • ڕووسیا: ٨٠ بۆ ١٠٢ ملیار بەرمیل نەوتی خاو، ١٦٨٨ تریلێۆن کیوبیک فیت گازی سروشتی.
  • ئێران: ١٥٨ ملیار بەرمیل نەوتی خاو،١٢٠١ تریلێۆن کیوبیک فیت گازی سروشتی.
  • عێڕاق: ١٤٤ ملیار بەرمیل نەوتی خاو، ١١٢تریلێۆن کیوبیک فیت گازی سروشتی.
  • ئازربایجان: ٧ ملیار بەرمیل نەوتی، ٣٥ تریلێۆن کیوبیک فیت گازی سروشتی.

هەروەها تورکیا خاوەنی کۆگه‌ی گەورەی ئەمبارکردنی نەوتی خاو و بەندەری بەبازاڕکرنی نەوت و گازە. گرنگترین ئەو ڕێڕەوانەیش کە نەوت و گازی پیادا تێپەڕ دەبێت و بە تورکیاوە گرێدراوە، بریتییە لە: گەرووی بسفۆر و ڕێڕەوی دەریای قەزوین و بەندەرەکانی سەر دەریای ڕەشە و ناوەڕاست، بەتایبەتی بەندەری جیهان.

دەرەنجام

دوا بە دوای هەڵپەساردنی گفتوگۆکانی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، سەرەڕای ئەوەی ئەو بڕیارە بڕیارێکی (ئیلزامی) ناچاری نییە، دەتوانین بڵێین پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا جگە لەو جۆرە بڕیارانە، ناتوانێت هیچ هەڵوێست و بڕیارێکی کرداریی سیاسی و ئابووری، دژ بە تورکیا بگرێتە بەر. هۆکارەکەیش بۆ ئەو بەرژەوەندییە گەورە و فراوانە دەگەڕێتەوە، کە یەکێتیی ئەوروپای لە ڕووی وزەوە بە تورکیاوە بەستۆتەوە. کە دەتوانین بڵێین ئەو بەرژەوەندییانە لە ڕێگەی چەندین بۆریی نەوت و گازەوە، وەک تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە تورکیای لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواوە، بە یەکێتیی ئەوروپاوە بەستۆتەوە. ئەمەیش وای کردووە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا زۆر ئەستەم بێت ئەگەر ئەندامێتیش بە تورکیا نەبەخشن، بەڵام نەیشتوانن تورکیا بەتەواوەتی لەو یەکێتییە دوور بخەنەوە؛ سەرەڕای ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەکیش لە لایەن تورکیاوە بەرامبەر بە پرسەکانی مافی مرۆڤ، ئازادییە گشتییەکان و فرەییی سیاسی و پرسی کەمینەکان.

 

سەرچاوە:

  • سوود لە داتاکانی ڕێکخراوی ئۆپێک OPEC، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی جیهانی IEA، بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی وزەی ئەمریکی US-EIA، کۆمپانای BPوه‌رگیراوه‌.
  • Eugene Rogan. The fall of the Ottomans: The Great War in the Middle East: New York 2015
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples