گرنگیی ئیسڕائیل بۆ ئاسایشی وزەی کوردستان

ئیسڕائیل دەوڵەتێکی بە قەبارە بچووک و بە بەرژەوەندی دەوڵەمەندە. تاکە دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە بە درێژاییی نزیکەی ٧٠ ساڵی ڕابردوو، توانیبێتی سەرەڕای ئەو ململانێ و دوژمندارییە سیاسی و ئابووری و ئایینییانەی بەرامبەری ئەنجام دەدرێن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەهێزبووندا بێت و، زۆرترین بەرژەوەندیی ئابووری، سیاسی، کولتووری و تا دەگاتە وزەیش، بە خاکەکەیەوە ببەستێتەوە. کە ئەمەیش وای کردووە ئاییندەی بەرژەوەندییەکان لە نێوان دوژمنەکانی لە ڕۆژهەڵات و دۆستەکانی لە ڕۆژاوا، تا ڕاددەیەکی باش ڕێک بخات.

لە کاتی ئێستادا جگە لە وڵاتانی ڕۆژاوا، چەندین دەوڵەتی ئیسلامی و عەرەبی لە نموونەی تورکیا و میسر و ئوردن، باشترین پەیوەندییان لەگەڵ ئیسڕائیل، بەتایبەتی لە ڕووی ئاڵوگۆڕی وزەوە، بنیاد ناوە. کەواتە بۆ هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە کاتی هاتووە، لە ڕێگەی بەهێزکردنی ئاسایشی وزەکەیەوە، هەوڵ بدات لە پاڵ پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکاندا، پەیوەندییە ئابووری و سیاسییە قەدەغەکراوەکانی نێوان کوردستانی باشوور و دەوڵەتی ئیسڕائیل پتەو و بەرەو پێش بەرێت.

تێگەیشتنێکی مێژووییی کورت و پێویست

کورد و جوو، دوو گەل بە مێژوو و کەلتوور نزیک لە یەکتر و، بە ڕواڵەت دوور. دوو گەل کە لەژێر گوشاری گرووپ و نەتەوە جیاوازە بەرژەوەندیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە هەموو شێوەیەک لە یەکتر دوور خرانەوە؛ لە کاتی ئێستادا هەنگاوەکانی لێكنزیکبوونەوە تا ئاستێکی باش بەرەو پێش چووە. مێژووی پێکەوەژیانی کورد و جوو، لە ڕووی کومەڵایەتی و ئابووری و که‌لتوورییەوە، لە سەردەمی ئاشوورییەکانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. لە دوای ساڵی شەستەکان و بەهێزبوونی بیری ناسیۆنالیستیی عەرەبی و لەبەر بەرژەوەندیی چەند نەتەوەیەکی ناوچەکە، توانییان پەیوەندیی نێوان گەلی کورد و جوو بە بیانووی ئایینی، "بڤە" بکەن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازی بکەن.

بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا، یەکەم هەنگاوی فەرمی نزیکبوونەوەی نێوان ئەو دوو گەلە بە شێوەیەکی ئاشکرا، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێ کرد، ئەویش بە کردنەوەی نوێنەرایەتییەک بۆ کوردە جووەکان لە وەزارەتی ئەوقاف؛ دەتوانین بڵێین ئەمەیش، لە دوای دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە مافی کەمە نەتەوایەتییەکان لە ساڵی ٢٠١٥دا. هەروەها ڕۆڵی دەزگه‌ی ئیسڕائیل-کورد، پاش دامەزراندنی بەفەرمی لە ساڵی ٢٠٠٩دا، بۆ ئەم لێکنزیکبوونەوەیە گرنگ بوو. کە دەتوانین بڵێین ئەو هەنگاوانە، هێمای پێکەوەژیانی ڕاستەقینە دەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی، پاش عێڕاقی دوای سەدام حوسێن، بوێرانە توانیبێتیان بینێن بۆ ئەوەی کوردستان بکەنە خاکێکی ئازاد کە سەرجەم ئایینەکان بتوانن بەئاشتییانە پێکەوە بژین؛ بەتایبەتی مسوڵمان و مەسیحی، جوو، کاکەیی و ئێزدییەکان.

هێز و پێگەی وزەی ئیسڕائیل

لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٤٨ه‌وە تا ئێستا، بە شێوەیەکی بەرنامەبۆدانراو، گرنگییەکی بەرچاوی بە سەرچاوە سروشتییەکان داوە، بەتایبەتی سامانە سروشتییەکانی نەوت و گاز. گرنگیی پێگەی ئیسڕائیل لە ڕووی وزەوە بۆ چەندین هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانە:

یەکەم: هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافیای سیاسی و ئابووریی ئیسڕائیل

ئیسڕائیل، بە هۆی گرنگیی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافییه‌کەیەوە، لە لایەک بۆتە پردێک بۆ گەیاندنی وزەی نەوت و گاز لە  نێوان دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، لە لایەکی تریش ئاڵوگۆڕی وزە لە نێوان خۆی و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ئاسیایی لە ڕێگەی چەندین بۆڕیی نەوت و گازەوە. گرنگترین ئەو بۆڕییانەیش بریتین لە:

  • بۆڕیی گازی میسر-ئیسڕائیل-ئۆردن
  • بۆڕییی نەوتی ئیلات-عەسقەلان
  • بۆڕیی گازی ڕۆژهەڵاتی ناڤین؛ عەریش-عەسقەلان
  • پرۆژەی بۆڕیی نەوتی جیهان-عەسقەلان

گرنگترین بۆڕیش، کە بۆ ئیسڕائیل بە هێڵێکی ستراتیژی دادەنرێت، بۆڕیی نەوتی ئیلات-عەسقەلانە (Eilat-Ashkelon Pipeline)، کە هەر دوو دەریای سوور و ناوەڕاست بەیەک دەگەیەنێت. ئەو بۆڕییەیش پرۆژەیەکی هاوبەشی نێوان ئیسڕائیل و ئێران بوو کە لە ساڵی ١٩٦٨ لە سەردەمی حوکمڕانیی شا (محەمەد ڕەزا پەهلەوی) بنیاد نرا[i]. ئەوەی شایەنی ئاماژەپێکردنە ئەوەیە کە، ئەو بۆڕییە چەندین بۆڕیی پێوەگرێدراوە بۆ گواستنەوەی مشتەقاتی نەوت، گاز و نەوتی خاو.

دووەم: یەدەگی وزەی ئیسڕائیل

ئیسڕائیل لە ڕووی وزەوە تا ڕاددەیەک دەوڵەمەندە، بەتایبەتی لە ڕووی گازی سروشتییەوە. هەروەها  کاری وەبەرهێنان لە ناوچە وشکانییەکانی جۆلان و ناوچە ئاوییەکانی دەریای مردوو و دەریای ناوەڕاستدا دەکات. لە ڕووی یەدەگیشەوە، ئیسڕائیل تا ڕاددەیەک خاوەنی نەوت و گازە. بەڵام ئەوەی شایەنی باسکردنە، یەدەگی گازی سروشتیی ئیسڕائیلییە، کە بە نزیکەی ١٤٨٠ ملیار مەتر مکعب (سێ جا)[ii] دەخەمڵێنرێت و، بەپێی یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان، کە لە پەیمانگه‌ی لێکۆڵینەوە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی لە زانکۆی تەلئەبیب بڵاو کراوەتەوە، دەری خستووە کە بەشی هەرە زۆری ئەو وزەیەیش لە کێڵگەکانی لیڤیسان، تنین، شلشون، و قریش کۆ بۆتەوە. ئەو کێڵگانەیش بە شێوەیەکی گشتی، دەکەونە ناو دەریای ناوەڕاستەوە و، گەورەترین یەدەگی گازیش کەوتۆتە کێڵگەی لیڤیسانەوە[iii].   

سێیەم: بوونی کۆمپانیای بەهێز و زەبه‌لاحی ئیسڕائیلی، بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕووی وزەوە وەبەرهێنان دەکەن

ئیسڕائیل خاوەنی چەندین کۆمپانیای گەورەیە، کە لە بواری نەوت و گازدا کاری وەبەرهێنان ئەنجام دەدەن، لە ڕووی دەرهێنان و پاڵاوتن و گواستنەوەوە. کە ئەوەیش هێزێکی تری بە دەوڵەتی ئیسڕائیل بەخشیوە تا بتوانێت لە ڕێگەی کۆمپانیا ئیسڕائیلییەکانەوە، بەرژەوەندیی وزەی لە لایەک بە خاکی ئیسڕائیلەوە ببەستێتەوە و، لە لایەکی تریشەوە بەرژەوەندیی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوایان ڕێک بخەن. چەند نموونەیەکیش لە گرنگترین کۆمپانیا ئیسڕائیلییەکان کە لە بواری وزەدا کار دەکەن، بریتین لە:

  • کۆمپانیای ئیلات- ئەسقەلان (Eilat-Ashkelon Pipeline)
  • گرووپی کۆمپانیاکانی دلیلک (Delek Group)
  • کۆمپانیای وزەی مودعین (Modiin Energy)
  • کۆمپانیای ئیسرامکۆ (Isramco Negev)
  • کۆمپانیای سۆنۆڵ (Sonol Israel)
  • چەندین کۆمپانیای تایبەتی ئیسڕائیلی هەیە لە نموونەی کۆمپانیای زایۆن (Zion Oil& Gas).

ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە، کە ئیسڕائیل لە ڕێگەی ئەو هێڵی بۆڕی و کۆمپانیا و وزەیەی کە هەیەتی، توانیوێتی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان دروست بکات. هەروەها ئەو بەرژەوەندییانە تەنیا پەیوەندیدار نییە بە وڵاتانی ڕۆژاوا و نامسوڵمان، بەڵکوو چەندین وڵاتی عەرەبی، بێ گوێدانە هەستی نەتەوایەتی و ئایینی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل بەرەو پێش دەبەن، بەتایبەتی لە ڕووی وزەوە. بۆ نموونە وڵاتانی ئۆردن و میسر لە ڕێگەی چەندین ڕێکكەوتننامەوە بۆ چەندین ساڵە بازرگانی و ئاڵوگۆڕی نەوت و گاز لە نێوانیاندا بەردەوامە، بەتایبەتی لە ڕێگەی بۆڕیی گازی میسر-ئیسڕائیل-ئۆردن و بۆڕیی نەوتی ئیلات-عەسقەلانەوە.

گرنگیی پێگەی ئیسڕائیل بۆ ئاسایشی وزەی کوردستان

نووسەران و ڵێکۆڵەرانی بواری ئاسایشی وزە (بيرت كرويت، دی فريس، ديتليف پی، فان ڤیورن، و هيلين گرونبێرگ)، لە نووسینێکیاندا سەبارەت بە پایەکانی ئاسایشی وزە، دەڵێن: "گرێدانی ناوچەکانی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز، بە بەندەر و بازاڕەکانی فرۆشتنی وزەوە، بە یەکێک لە گرنگترین پایەکانی ئاسایشی وزە دادەنرێت، بە مەرجێک لایەنی ئاسایشەکەی پارێزراو بێت". ئەمەیش پەیوەندیدارە بە لایەنی جیۆپۆلیتیکی وزە و بەستنەوەی بە بازاڕە جیهانییەکانی ئاڵوگۆڕی وزەوە. واتا تا چ ڕاددەیەک دەتوانرێت وزەی بەرهەمهاتوو، جا لە ڕێگەی بۆڕییەوە بێت، یان کەشتی، یان تەنکەر، بەدڵنیایی و به‌بێ کێشە، لە ڕێگەی دەرچە و ڕێڕەوی نوێوە، بە بازاڕ و و بەکارهێنەر و کڕیارانی وزەوە دەبەسترێتەوە.

 هەرێمی کوردستانیش لە کاتی ئێستادا، دووچاری پرسیارێکی گرنگ بۆتەوە، ئەویش ئەوەیە ئایە تەنیا ڕێڕەو و دەرگه‌ بۆ هەناردەکردن و فرۆشتنی وزەکەی، دەبێت لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستان -جیهان بێت و،  تەنیا تورکیا تاکە ڕێڕەوی فرۆشتنی وزەکەی دەبێت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە؟

ئەگەرچی تورکیا تا ئێستا لە ڕووی پیشەسازیی پتڕۆلیۆمەوە، باشترین و ئاسانترین بژارده‌یە بۆ هەرێمی کوردستان، تا نەوتەکەی لێوە هەناردە بکات؛ کە دەتوانین بڵێین حکوومەتی هەرێم لە سوودوەرگرتن لەو ڕێڕەوە سەرکەوتوو بوو، سەرەڕای ململانێ و ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان بیر لە ڕێڕەوی نوێ نەکاتەوە، ئەوا ئاسایشی وزەکەی لە مەترسیدا دەبێت. ئەگەرچی بەشێکی زۆر لە سیاسییەکان و ڕۆژنامەنووسان باس لە ڕێڕەوی ئێران دەکەنەوە بۆ کردنەوەی دەرگه‌یەکی تر بۆ هەناردەکردنی وزەی کوردستان؛ هەرچەندە بەربەستی ئابووری و سیاسی و تەکنیکی لە بەردەم ئەو پرۆژەیەی کوردستان-ئێران تا ئێستا کۆتایی نەهاتووە. بەڵام لەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئێمە جەخت لەسەر گرنگیی پێگەی ئیسڕائیل دەکەین بۆ وزەی هەرێمی کوردستان و، دەکرێت ئیسڕائیل ببێت بە دەرگه‌یەکی تر بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕوویەکەوە:

یەکەم: بازرگانی و کڕین و فرۆشتنی وزە

یەکێک لە پێویستییە سەرەکییەکانی هەر هەرێمێک و کێڵگەیەکی نەوت و گازی نوێ، بابەتی داواکار و کڕیارە. بە واتایەکی تر، هەر کێڵگەیەکی نوێی نەوت و گاز، کاتێک لە سەرەتاوە دەیەوێت بەرهەمەکەی بخاتە ناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەوە، پێویستیی بە کڕیاری تایبەتی هەیە. چونکە نەوت و گاز وەک بەرهەمەکانی تر نییە، بەڵکوو تاقیکردنەوەی جۆرەکەی (کواڵێتی) لە ڕووی پیشەسازیی وزەوە، پێویستیی بە کات و ناساندن هەیە. نەوتی کوردستانیش بۆ یەکەم جار کە خرایە بەردەم کڕیارانی بە ڕێژەیەکی فراوان لە ساڵی ٢٠١٣دا، نەوتێکی نەناسراو بوو. نەوتی نەناسراویش پێویستیی بە کڕیاری تایبەت و ناساندن هەیە. ئەمە سەرەڕای ئەو کێشە سیاسی و یاسایییانەی کە حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا، لە سەرەتاوە وەک بەربەستێک خستبوویە بەردەم پڕۆسەی بەبازاڕکردنی نەوتی کوردستان.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئیسڕائیل، دەتوانین بڵێین هەر لە سەرەتاوە بۆتە کڕیارێکی باشی نەوتی کوردستان و، ئەم پاڵپشتییەی دەوڵەتی ئیسڕائیل بۆ ئاسایشی وزەی کوردستان، لە سەرەتاوە زۆر گرنگ و بەرچاو بوو. سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەفەرمی ڕەتی کردۆتەوە، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نەوتی بە ئیسڕائیل فرۆشتبێت، بەڵام بەپێی داتا و ڕاپۆرتەکانی فاینانشاڵ تایمز و ئۆرشەلیم پۆست و ڕۆیتەرز، بۆ چەند مانگێک لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە %٧٧ پێداویستیی وزەی ئیسڕائیل بە نەوتی کوردستان پڕ کراوەتەوە[iv]، هەروەها بۆ چەند جارێک بەشێکی نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە لەناو بەندەری پترۆلیۆمی عەسقەلان (Ashkelon petroleum port)، لە لایەن کۆمپانیای ئیلات-عەسقەلانەوە (Eilat-Ashkelon Pipeline Company) ئەمبار کراوە و دووبارە بۆ مەبەستی بازرگانی بەکار هێنراوەتەوە. کە ئەم زانیارییانەیش بە شێوەیەک لە شێوەکان لە زاری د. ئاشتی هەورامییەوە، لە باسکردنی چۆنێتیی شکاندنی بەربەستەکاندا، جەختی لێ کراوەتەوە[v]. کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە ئیسڕائیل، هەم بۆ پێداویستیی ناوخۆی خۆی و، هەروەها بۆ کاری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کۆمپانیاکانی سوودمەند بووە، لە بەرامبەریشدا، لە سەرەتاوە دەرفەتێک و پاڵپشتییەکی باش بووە بۆ بەبازاڕکردنی نەوتی کوردستان. لە کاتی ئێستایشدا، بەردەوامبوونی ئەم بازرگانییە، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان گرنگە.

دووەم: هێزی کۆمپانیا و کاری وەبەرهێنان

ئەو کۆمپانیا ئیسڕائیلییانەی لە سەرەوە ناومان بردوون، کۆمپانیای گەورەی وزەن کە لە چەندین ڕووەوە لە بواری پیشەسازیی پترۆلیۆمدا وەبەرهێنان دەکەن. هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت سوود لە توانای ئەو کۆمپانیایانە وەربگرێت، چونکە لە توانایاندایە لە ڕووی بەدواگەڕان و دۆزینەوە و پاڵاوتنەوە، هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن و هێز و سەرمایەکانیان لە کەرتی وزەی کوردستان بخەنە گەڕ.

سێیەم: کردنەوەی ڕێڕەوی نوێ (ڕاکێشانی بۆڕیی نەوتی هەولێر- حەیفا)

کردنەوەی ڕێڕەوێکی نوێ بۆ هەناردەکردنی وزەی کوردستان لە پاڵ بۆڕیی نەوتی کوردستان-جیهان، یەکێکی ترە لەو بابەتانەی کە کار دەکاتە سەر بەهێزبوونی ئاسایشی وزەی کوردستان. هەرچەندە لە کاتی ئێستادا زۆرترینی گفتوگۆکان دەربارەی کردنەوەی ڕێڕەوێکی ترە لە ڕێگەی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سەرەڕای بەربەستە ئابووری و سیاسی و تەکنیکییەکان، ئەوە کارێکی باشە ئەگەر بکرێت. بەڵام کوردستان تەنیا ئەو دوو ڕێڕەوەی نییە، بەڵکوو دەکرێت سوود وەربگیرێت لە بۆری نەوتی (مووسڵ-حەیفا) کە نزیکەی ٦٩ ساڵە لەکار خراوە و، هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی پرۆژەیەکی نوێی بە ناوی (هێلی بۆری نەوتی کوردستان- ئۆردن –ئیسڕائیل)، یان (بۆڕیی نەوتی هەولێر-حەیفا) زیندووی بکاتەوە.

بۆڕیی نەوتی مووسڵ- حەیفا لە ساڵی ١٩٣٢ بەکار خرا، كه‌ نەوتی کێڵگە دەوڵەمەندەکانی پارێزگای کەرکووکی لە ڕێگەی بۆڕییەکی (٩٤٢کم)ه‌وە بە ڕێگه‌ی ئۆردندا بۆ شاری حەیفا و بەندەری حەیفا دەگواستەوە، لەوێیشەوە دەیگەیاندە بازاڕەکانی جیهان. ئەم بۆڕییە لە ساڵی ١٩٤٨، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیلی لە لایەن حکوومەتی عێڕاقی ئەو کاتەوە پەک خرا و ڕاوەستێنرا[vi]، کە دەکرێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی دەوڵەتی ئۆردن و ئیسڕائیل ئەم پڕۆژەیە دووبارە بە شێوازێکی تر زیندوو بکەنەوە. کە ئەم هەنگاوەیش دەبێتە گەورەترین هەنگاو بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی کوردستان و کەمکردنەوەی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەییی کوردستان.   

دەرەنجام

بارودۆخ و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وای کردووە سەرجەم وڵات و گەل و نەتەوەکان لەگەڵ دۆست و نەیارەکانیان بەتایبەتی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، چاو بە پەیوەندییەکانیاندا بخشێننەوە. هەرێمی کوردستانیش پاش چەندین ساڵ لە خەباتی شۆڕشگێڕانە، مامەڵەی دیپلۆماسی لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، کاتی هاتووە چاو بە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییە ئاشکرا و نهێنییەکانیدا بخشێنێتەوە، بەتایبەتی پاش جه‌نگی گرووپی تیرۆریستیی داعش. دەوڵەتی ئیسڕائیل و گەلی "جوو"یش سەرەڕای ئەو هاوبەشییانەی لەگەڵ گەلی کوردستان هەیانە و، ئێستا لە ڕێگەی چەند دامەزراوەیەکی مەدەنی و ئایینییەوە دەیانەوەێت بەرەو پێشی بەرن. بەڵام وا باشترە لە ڕووی ئابووری و ئاسایشی وزەیشەوە، ئەو دوو گەلە پەیوەندییەکانیان بەئاشکرا بەرەو پێش بەرن. چونکە لە کاتێکدا جگە لە وڵاتانی ڕۆژاوا، چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئیسڕائیل بەهێز کردووە، لە نموونەی تورکیا، ئۆردن، و میسر. کەواتە لە پێناوی بەهێزکردنی ئاسایشی نەتەوەی کوردستان، وا باشترە گەلی کوردستانیش بە بوێرییەکی زیاترەوە کار لەسەر ئەو پەیوەندییانە بکات؛ بێ گومان بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حزب و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکانی ناو ئەم هەرێمە. 

 

[i]  سەبارەت بە پەیوەندیی ئێران و مافی بە بۆڕیی نەوتی ئیلات-عەسقەلان، ئێران پاش شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی ١٩٧٩، بەتەواوەتی مافی پێوەی پچڕا و، لەسەر ئەم پرسەیش تا ئێستایش کێشە هەیە لە نێوان ئیسرائیل و حکوومەتی ئێرانی لەسەر ئەو نەوتەی لەناو ئەو بۆڕییەدا بووە لە لایەک و، هەروەها مافی ئێران لەو بۆڕییە لە لایەکی تر. کێشەكه‌یش تا ئێستا بەردەوامیی هەیە و، لەناو دادگه‌ نێودەوڵەتییەکاندا یەکلایی نەبۆتەوە.

[ii]  شموئيل إيفن ،عوديد عيران. ثورة الغاز الطبيعي في إسرائيل. مؤسسة الدراسات الفلسطينيى.٢٠١٥.

[iii] سەبارەت بە نەوتی خاو: ئیسرائیل خاوەنی یەدەگێکی زۆر نییە، بەپێی گۆڤاری نەوت و گاز (Oil & Gas Journal) کە جۆڕناڵێکی باوەڕپێکراوی جیهانییە، یەدەگی نەوتی خاوی ئیسرائیل زۆر نییە و بەڵکوو تەنیا ١١.٥ ملێۆن بەرمیلە.  

Sharon Udasin, Herb Keinon. Majority of Israeli oil imported from Kurdistan. The Jerusalem Post. 2015. [iv]

[v]  Dmitry Zhdannikov. How Kurdistan bypassed Baghdad and sold oil on global markets. Reuters, London. 2015.

[vi]  Ronald W. Ferrierg, J. H. Bamber. The History of the British Petroleum Company. Cambridge University Press. 2009.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples