شیکردنەوەی ئیمێڵەکەی "د. ئاشتی هەورامی"، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ناردووە، ئەگەر تەنیا لە گۆشەنیگای ململانێی سیاسییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ئەوا تێگەیشتنێکی نادروست و ناتەواومان پێ دەبەخشێت.
خستنەڕووی پرس
ماوەیەکە نامەیەکی ئەلکترۆنیی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ڕێگەی سایتی فەرمیی ویکیلیکسەوە بڵاو بۆتەوە، بووهتە باس و خواسی بەشێکی زۆر لە ئەندام پەرلەمان و میدیاکانی هەرێمی کوردستان و عێڕاقی عەرەبی. ئەوەی جێگهی ئاماژەپێدانە ئەوەیە کە، سەرەڕای ئەوەی کە ناوەڕۆکی ئەم ئیمێڵە تا ئێستا لە بواری گفتوگۆدایە و نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەوەندەی بە شێوەیەکی سیاسیی ناتەندروست، خوێندنەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەوەندە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و دوور لە بەرژەوەندیی سیاسی و حزبی، هەڵسەنگاندن و ڕەخنەی ئاراستە ناکرێت. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین زۆر ئەکادیمییانە و بێلایەنانە، باس لە ناوەڕۆکی ئەو ئیمێڵە بکەین کە لە ١٩/٣/٢٠١٦ "د. ئاشتی هەورامی"، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ هاوتاکەی، "بێرات ئەلباتراک"، وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا ناردووە، بەتایبەتی لەناو زانستی سیاسەتی وزەدا، کە زانستێکە دەکەوێتە هەردوو بواری ئابووری و سیاسییەوە.
ناوەڕۆک
سەرەتا بۆ تێگەیشتن لەو ئیمێڵەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە ناوەڕۆک و بارودۆخ و کاتی ناردنی ئەو نامە ئەلکترۆنییە لەبەرچاو بگیرێت و، لێرەدا ئێمە لەسەر سێ ئاست خوێندنەوەی بۆ دەکەین:
ئاستی یەکەم: ئاستی تێگەیشتن لەناو زانستی پیشەسازیی نەوت و گازدا
سەرەتا، ئەم ئیمێڵە پێشنیاری فرۆشتنی کێڵگەی نەوتی ناکات، بەڵکوو یەکێک لە پێشنیارەکان باس لە فرۆشتنی بەشێک لە پشکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان دەکات و، ئەگەر لە ڕێگەی زانستی پیشەسازیی پترۆلیۆمەوە، چاو بە ناوەڕۆکی ئەو نامە ئەلکترۆنییەی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بخشێنین، ئەوا دەتوانین بە شێوەیەکی گشتی، بیکەین بە پێنج بەشەوە:
لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی، جەخت دەکەینە سەر ئەو سێ پێشنیارەی کە وەزیری سامانە سروشتییەکان کردوویەتی، بەرامبەر بە وەرگرتنی ئەو هاوکاری و قەرزەی کە لە نامە ئەلکترۆنییەکەدا هاتووە. دەتوانین بڵێین ئەو سێ پێشنیارە لە ڕووی زانستی پیشەسازیی نەوت و گازەوە، دەکەوێتە ناو ئاڵوگۆڕ و فرۆشتنی پشکەکان لە چوارچێوەی گرێبەستی بەرهەمی هاوبەشەوە (Production Sharing Contract)، بەڵام لە چەند ئاستێکدا دەپەڕێتەوە بۆ گرێبەستی هاوبەشی مەترسی (Risk Sharing Contract)؛ بەوەی کە دەکرێت حکوومەتی هەرێم لە ئاییندەدا لە بەرامبەر بە پشکەکانی، بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکان هەڵبگرێت. لەو سێ پێشنیارەدا وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەر وەرگرتنی (٣،٧٤٠،٠٠٠،٠٠٠) سێ ملیار و حەوت سەد و چل ملیۆن دۆلاردا، سێ پێشنیار دەخاتە بەردەم وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا؛ کە دەکرێت بەشێکیان لە ڕێگەی کۆمپانیای وزەی تورکی (Turkish Energy Company) جێبەجێ بکرێت. هەرچەندە باس لە چەند بڕە پارەیەکی تریش دەکات، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە زیاتر سەنتەری داواکارییەکانی ناو ئیمێڵەکەیە، کە بە بژاردەکانەوە بەستراوەتەوە. سێ هەڵبژاردەکەیش بریتین لە:
هەڵبژاردەی یەکەم: وەک چۆن پێشتر حکوومەتی تورکی، قەرزی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوە، ئەو بڕە قەرزە نوێیەیش، (٣،٧٤٠،٠٠٠،٠٠٠)، بدات بە حکوومەتی هەرێم و، بەپێی خشتەیەک لە ساڵی ٢٠١٩وە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە دانەوەی قەرزەکە دەکاتەوە.
هەڵبژاردەی دووەم: وەزیری سامانە سروشتییەکان داوای کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو قەرزە نوێیە، لە داهاتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بەپێی میکانیزمێک، بڕێک بۆ دانەوەی ئەو قەرزە دیاری بکرێت.
هەڵبژاردەی سێیەم: داوا لە لایەنی تورکی دەکات ئەو پارەیە وەک قەرز ئەژمار نەکرێت و تورکیا بەپێی 3 سیناریۆ، پشکدار بێت لە بەشێک کێڵگەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا، بە کڕینەوەی پشکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. نموونەی کێڵگەکانیش بریتین لە کێڵگەکانی (تەقتەق، تاوکی، شێخان، بنەباوێ، میران).
ئەم پێشنیارانە لە ڕووی ئاڵوگۆڕ و فرۆشتنی پشکەوە لە چوارچێوەی گرێبەستی بەرهەمی هاوبەش، بەپێی بەشی چوارەمی یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی ٢٠٠٧ تایبەت بە نەوت و گاز، کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، شتێکی ئاسایییە. هەروەها سەبارەت بە کڕینەوەی پشکەکان لە لایەن کۆمپانیای "تورکش پترۆلێۆم"ەوە، ئەوەیش کارێکی ئاسایییە، چونکە وڵاتانی بەرهەمێنەر و هەناردەکاری نەوت و گاز، کارێکی ئاسایییە کە لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتیی تایبەتمەند، یان کۆمپانیای نیشتمانیی وڵاتان گرێبەست بکهن و پشکەکانیان پێ بفرۆشن. بەڵام لە ڕووی داواکردنی قەرزێکی زۆر، بەرامبەر بەو پشکانە، لێرەدا دەسەڵات و شیکردنەوەکان دەکەوێتە ئاستی دووەمەوە، کە بابەتی کارکردنی حکوومەتە بە شێوهیهكی دامەزراوەیی؛ چونکە ئەو داواکاری و گرێبەسته، لە گرێبەستێکی بەرهەمی هاوبەشی تایبەت بە وزە دەردەچێت و، دەچێتە چوارچێوەی گرێبەستێکی ئابووری و داراییی گەورەوە.
ئاستی دووەم: ئاستی شەفافییەت و کارکردنی دامەزراوەیی
ئەم ئیمێڵ و داواکارییە، ئەگەر لە چوارچێوەی کارکردنی دامەزراوەییدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئەوا ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری هەستیار دەبێتەوە. چونکە ئەو پێشنیارانەی وەزیری سامانە سروشتییەکان پێشکەش بە وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیای کردووە، دەکەوێتە چوارچێوەی گرێبەستێکی دارایی و ئابوورییەوە، کە دەبێت کۆی حکوومەتی هەرێم، بە بەشداریی وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و پلاندانان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە سەرپەرشتیی ئەنجومەنی نەوت و گاز و ڕەزامەندیی پەرلەمانی کوردستان، ئەو کارە جێبەجێ بکەن. بێ گومان بە هاوکاریی کەسانی پسپۆری بواری وزە، دارایی، ئابووری و ناوەندەکانی بیرکردنەوە.
بەڵام ئەوەی لە ڕوونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، ئەو کارە بە ڕەزامەندیی سەرۆکی حکوومەت بووە، کە ئەگەر لە هەر وڵاتێکی دامەزراوەییدا ئەو وەڵامە هەبوایە، دەکرا بگوترایە بە ڕەزامەندیی کۆی حکوومەت و یاساکان بووە. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەو وەڵامە بۆ ئەو ململانێ سیاسییە توندەی ناو هەرێمی کوردستان، بەس نییە. کەواتە ئەگەر لە ڕووی دامەزراوەیی و شەفافییەتەوە خوێندنەوە بکەین، ئەوا وەڵامەکانی وەزیر و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێم بەس نییە و، پێویستیی بە ڕوونکردنەوە و وەڵامی زیاتر و ڕوونتر هەیە.
ئاستی سێیەم: ئاستی ململانێی سیاسی و نێودەوڵەتی
لە ڕووی سیاسی و ململانێ نێودەوڵەتییەکانەوە، دەکرێت خوێندنەوەیەکی تر بۆ ئەم ئیمێڵە بکەین؛ ئەویش پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەهێزکردنی ئاسایشی وزەی کوردستانەوە. بە واتایەکی تر، ئایە وەزیری سامانە سروشتییەکان لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە داوای لێ کراوە کە بە شێوەیەکی بەپەلە، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جهنگی دژ بە گرووپی تیرۆریستیی داعش، هەوڵ بدات هەرچی لە دەسەڵاتیدایە بیکات، بۆ تێپەڕاندنی هەرێمی کوردستان لەو بارودۆخە دارایی و ئابوورییە سەختەی کە تێی کەوتووە؟ ئەگەر وەڵامی وەزیری سامانە سروشتییهکان بەڵێ بێت، ئەوا دەکرێت بڵێین بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حکوومەتی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتییەکان لەناو ململانێیەکی سیاسیی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار دەکەن و، لە ڕێگەیەکی نیشتیمانی، لایان نەداوە.
کۆبەند
نامە ئەلکترۆنییەکەی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئەگەر لە چەندین گۆشەوە خوێندنەوەی بۆ نەکرێت، ناگەینە خاڵی تێگەیشتنی نیشتمانیی دروست. بۆیە وا باشترە، تەنیا لە گۆشەی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندییه حزبییەکانەوە لەو پێشنیارانە نەڕوانین، کە وەزیری سامانە سروشتییەکان بە ئاگاداریی سەرۆکی حکوومەت لە پێناوی وەگرتنی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان کردوویەتی. لە بەرامبەریشدا، سەرەڕای ئەوەی لە بەشی سێیەمی بژاردەکانی نامە ئەلکترۆنییەکهدا، باس لە فرۆشتنی پشک دەکات، نەک کێڵگەی نەوتی، بەڵام وەزیری سامانە سروشتییەکان، وا باشترە ئەو داواکارییە بە هاوکاریی وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و پلاندانان، لە پاڵ ڕەزامەندیی گشتیدا، بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕوون پێشکەش بە حکوومەتی تورکی بکات. بۆ ئەوەی لە لایەک، خوێندنەوەیەکی هەڵە بۆ کار و چالاکییەکانیان نەکرێت، لە لایەکی تریش ڕەزامەندی و پشتگیریی سەرجەم پێکهاتە و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەدەست بهێنێت.