کوردستان و نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سنوورە نێودەوڵەتییەکان هیچ کاتێک بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ وەک خۆیان نامێننەوە. لە ڕووی واقعییەوە لێکترازانی سنوورەکان و هەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکان، ئەوەندەی پەیوەندیدارە بە بەرژەوەندییە ئابووری، سیاسی و جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە، ئەوەندە پەیوەندیدار نییە بە ڕێکخستن و ستراکچەری یاساییی دەوڵەتەکانەوە.

خستنەڕووی پرس

زبيگنيو بريجنسكی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٩٧دا  لە کتێبی "The Grand Chessboard" باسی لە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشه‌ی جیهان دەکات، لە ڕێگەی تیۆری و پرۆسەی بەڵكانیزەیشنی بەشێک لە وڵاتانی جیهانەوە بە هۆی ململانێ و هێژموونیی بەشێک لە وڵاتە زلهێزەکانەوە.  بریجنسکی، باس لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەکانی وڵاتانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە چۆن کار دەکاتە سەر لێکترازانی سنوورە نێودەوڵەتییەکان. لەو چوارچێوەیەیشدا پێشبینیی نەخشەی نوێی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەوەی شایانی باسە، بە هەمان شێوە لە ساڵی ٢٠٠٦دا نەخشەیەک لە لایەن عەقید ڕوکنی خانەنشین "رالف پیتر" ئامادە کرا، لە ئەکادیمیای سەربازی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەگەڵ بابەتێک بە ناوی "سنوورەکانی خوێن"، یان "خوێن سنوورەکان دیاری دەکات" بڵاو کرایەوە. ئەو نەخشەیە باسی لە دووبارە هەڵوەشانەوەی بەشێک لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد، لەنێویاندا عێڕاق؛ کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا سنووری دەوڵەتی کوردستانی تێیدا دیاری کرابوو.

 بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە بەڵكانیزەیشن چیە و چۆن پەیوەندیدارە بە دروست بوونی دەوڵەتی کوردیەوە؟ هەروەها چۆن ئەو جەنگە مەترسیدارەی کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستی گرتۆتەوە، تەنها پەیوەندیدار نییە بە گرووپی تیرۆریستی داعشەوە. بەڵکوو گۆڕانکارییەکان لە ڕووی جیۆپۆلیتیکی و جیۆئیکۆنۆمییەوە زۆر گەورەتر و فراوانترە؟ 

ناوەڕۆک

چەمکی بەڵكانیزەیشن (Balkanization) زاراوەیەکی جیۆسیاسییە. لە ڕووی جوگرافیای سیاسییەوە بە واتای دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی ناوچە و وڵاتە گەورەکان دێت، بۆ چەند ناوچە و وڵاتی بچووکتر، بە هۆی بوونی كێشە و ناکۆکییه‌ سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی و تائیفییەکانی نێوان پێکهاتەکانی ناو ئەو وڵاتانە. سەرەتا ئەم زاراوەیە ئاماژەیەک بوو بۆ دابەشکردنی سەرجەم ناوچەکانی نیمچەدوورگەی بەڵكان پاش داڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەیەمدا. پاشتر وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو وڵاتە نوێیانە بەکار هێنرا، کە لە ئەنجامی ڕووخانی هەر دوو ئیمپراتۆرییەتی نەمسای مەجەر و ڕووسیای قەیسەری دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، دروست بوون.

پرۆسەی "بەڵكەنەکردن"ی وڵاتان بەپێی کات و شوێن

لە سەدەی بیستدا، بەڵكانیزەیشن لە ڕێگەی چەندین ڕێکكەوتننامەی نهێنی و بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا ئەنجام دراوە. کە دەتوانین بڵێین بوونی جیاوازیی زۆری نەتەوەیی، ئایینی، تائیفی و، جەنگی ناوخۆ  لەو ناوچانەدا، باشترین دەرفەت بووە بۆ سەرکەوتنی ئەو دابەشکارییە جیۆپۆلیتیکییەی، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی بەڵكانیزەیشنەوە بەرنامەڕێژیی بۆ کرابوو. بۆ نموونە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاش لاوازبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، کە بە "پیاوە نەخۆشەکە" ناسرابوو، لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی چەندین جۆری گەندەڵیی ئابووری و کارگێڕی و سیاسی، بووە هۆی دابەشکردنی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان، کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. لەسەر بنەمای چەندین ڕێکكەوتننامەی نێودەوڵەتی، ئەو دابەشکردنە ئەنجام درا، لەوانە: ڕێکكەوتننامەی "سایکس پیکۆ"ی ساڵی ١٩١٦ و،  "سیڤەر"ی ساڵی ١٩٢٠، پاشان "سان ڕیمۆن"ی ساڵی ١٩٢٠. ئەو ڕێکكەوتننامانە، بوونە هۆی دیاریکردنی سنووری ئیداریی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە کۆتاییدا بە ڕێکكەوتننامەی "ڵۆزان"ی ساڵی ١٩٢٣ سنوورەکان چەسپێنرا.

هەروەها پرۆسەی بەڵكەنەکردنی وڵاتان لە ناوچە جوگرافییەکانی تریشدا جگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەنجام دراوە، بەتایبەتتر دوای جەنگی جیهانیی دووه‌م، بە دابەشکردنی جوگرافیای سیاسیی ئەفریقا لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٦٠ دەستی پێ کرد. هەروەها پاش جەنگی ساردی نێوان یەکێتیی سۆڤیه‌ت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و، داڕووخانی یەکێتیی سۆڤیه‌ت لە ساڵی ١٩٩١دا، پڕۆسەی لێکترازانی سنوورەکانی یەکێتیی سۆڤیه‌ت و دابەشبوونی یوگسلاڤیا دەستی پێ کرد؛ کە بووە مایەی دروستبوونی پازدە دەوڵەتی سەربەخۆ. هەر لە ناوچەی بەڵكاندا جەنگی ناوخۆی درێژخایەن سەری هەڵدا. بۆ نموونە، پاش جەنگی یوگسلاڤیا کە بە جەنگی بۆسنی و ‌هێرزێگۆڤینی ساڵی  ١٩٩٠ دەستی پێ کرد و، تا بە جەنگی کۆسۆڤۆ لە ساڵی ١٩٩٩ کۆتایی هات. ئەوەیش بووە هۆی دابەشبوونی کۆماری یوگسلاڤیا بۆ چەندین وڵاتی تر، لەوانە جەبل ئەسوەد، کۆسۆڤۆ، بۆسنی و هێرزێگۆڤین.

لەوەیش زیاتر، پرۆسەی بەڵكەنەکردنی وڵاتان بەپێی بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان لە سەدەی بیست و یەکیشدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی تری جیهاندا بەردەوامیی هەیە. دیارترین نموونەیش کە هەوڵ دراوە لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە، بگەن بە سەربەخۆیی و دابەشکردنی سنوورەکان، تەیمووری ڕۆژهەڵاتە کە لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕاپرسیی ئەنجام دا و، هه‌روه‌ها باشووری سودانە لە ساڵی ٢٠١١ كه‌ بە هەمان شێوە، ڕاپرسیی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا. هەروەها ڕاپرسییەکەی نیمچەدوورگەی "كریمیا" لە ساڵی ٢٠١٤دا، شێوازێکی تایبەتی بەڵكەنەکردن بوو. لە ئەوروپایش سكۆتلەندا کە  لە ١٨/٩ /٢٠١٤ ڕاپرسیی کرد، تا بتوانێت لە شانشينى يەكگرتووی بریتانیا جیا ببێتەوە، بەڵام دەنگی تەواوی بەدەست نەهێنا. ئەم نموونانەی سەرەوە، بەشێکی کورتی پرۆسەی بەڵكەنەکردنن لە جیهاندا، کە سەرجەمیان دەکەونە چوارچێوەی سیاسەت و ستراتیژیی بەڵكەنەکردنی وڵاتانی گەورە و، دابەشکردن و هەڵوەشانەوەیان بۆ وڵات و ناوچەی جوگرافیی بچووکتر لەژێر هێژموونیی سیاسی و ئابووریی هێزە باڵادەستەکانی جیهان.

پرۆسەی بەڵكەنەکردن و دابەشکردنی خاکی کوردستان

١٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا، بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاکی کوردستانی گەورە لە ڕێگەی چەندین ڕێکكەوتننامەی نهێنی و بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز لەسەر بنەمانی سیاسەتی بەڵكەنەکردن دابەش کرا. بۆ نموونە، پاش لاوازبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئەو تێکشکاندنە سەربازییانەی کە بەسەر هێزی عوسمانییەکاندا هاتبوو، هەر لە ساڵی ١٩٠٨ تا ١٩٢٢، بەتایبەتی بە هۆی جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، بووە هۆی دابەشکردنی بەشێکی زۆری خاکی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، لەنێویشیدا خاکی کوردستانی گەورە، كه‌ لەسەر بنەمای ڕێکكەوتننامەی سایکس پیکۆی ساڵی ١٩١٦ لە نێوان وڵاتانی بریتانیا، فەرەنسا و ڕووسیای قەیسەری واژوو کرابوو. هەرچەندە پاشتر، ڕێکكەوتننامەی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠ی بەدوادا هات، کە ئەم ڕێکكەوتننامەیەیش بەڕوونی لە ماددەکانی ( ٦٢، ٦٣، ٦٤)، قەڵەمڕەو و سەربەخۆپپی کوردستانی تێدا دیاری کرابوو. بەڵام بەداخەوە، دواتر ڕێکكەوتننامەی سان ڕیمۆنی ساڵی ١٩٢٠ی بەسەردا هات کە لە نێوان (فەرەنسا، بریتانیا، ئیتاڵیا و یابان) واژوو کرابوو و، بووە هۆی دیاریکردنی سنووری ئیداریی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاکی کوردستان. کە دواتر لە لایەک بۆ ڕازیکردنی ئەتاتورک و دەوڵەتی تورکیای ئەو کاتە، لە لایەکی تریشه‌وه‌ لەبەر بەرژەوەندیی بریتانیا و فەرەنسا پرۆسەی دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناویدا خاکی کوردستان بە ڕێکكەوتننامەی ڵۆزانی ساڵی ١٩٢٣ کۆتایی هات.

پێکهێنان و دروستکردنی وڵاتە نوێیەکان پاش ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەپێی واقعی دیمۆگرافی، زۆر نالۆژیکییانە بوو، چونکە بە شێوەیەکی گشتی لە پێناوی کۆنتڕۆڵکردنی نەوت و گاز و، دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو کە لە ڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە گرنگیی گەوەرەیان هەبوو، بەبێ ڕەچاوکردنی پێکهاتەکانی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی لە عێڕاق، سووریا، لوبنان. بۆ نموونە، لەو کاتەدا زیاتر لە ٣٥ ملێون کوردیان بەسەر چوار وڵاتی سووریا، تورکیا، ئێران و عێراقی ئێستادا دابەش کرد و، شیعەی عەرەبیان بە هەمان شێوە بەسەر عێڕاق، سووریا و لوبناندا دابەش کرد. لە لایەکی تریش، عەلەوییە شیعەکانی بەسەر سووریا و لوبنان دابەش کرد و...هتد. ئەمە جگە لە پێکهاتەکانی تورکمان، ئاشوور، کلدان و مەسیحییەکان.

دووبارە بەڵكەنەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانێکی سەربەخۆ

پاش ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆریی سەددام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣دا ، بەتایبەتتر لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی، ئەوە دەرکەوتووە کە عێڕاق، سووریا، لوبنان و چەند وڵاتێکی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەند بە نالۆژیکییانە لە پێناو بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا دروست کراون و، بۆیە لە دەرەنجامدا سنووری ئەو وڵاتانە دووبارە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت. بەڵام گۆڕانکارییەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆوە نین، بەڵکوو چەندین پرۆژەی سیاسی و ئابووری سەبارەت بە چۆنیه‌تیی دابەشکردنەوەی ئەو سنوورانە لە ڕووی جیۆپۆلیتیکییەوە نووسراون و، کەم تا زۆر بەپێی بەرژەوەندیی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکانەوە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. بۆ نموونە "پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" لە لایەن "كونداليزا ڕايس وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە تەلئەبیبی پایتەختی ئابووریی ئیسرائیل خرایە ڕوو، کە زیاتر ئەو پرۆژەیە بە کێشەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین و لوبنانەوە بەسترابووەوه‌ و پاشان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی. هەر لەو ساڵەیشدا نەخشەی "خوێن، سنوورەکان دیاری دەکات" لە لایەن كوڵونيلى خانەنشین "رالف پیتر" لە ئەکادمیای سەربازی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بوو بە جێگه‌ی گفتوگۆی سیاسییەکان و ناوەندەکانی بیرکردنەوە. کە دەتوانین بڵێین ئەو پرۆژە و نەخشانە، لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، بوون بە هەوێنی دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەبارەت بە عێڕاق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی بەڵكەنەکردنی خاکی عێڕاق، بیرۆکەکەی لە پرۆژە و پلانەکانی ئیدارەی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی "جۆرج بۆشی کوڕ"، پاش کردەوە تیرۆریستییەکەی ١١ سپتێمبەری ساڵی ٢٠٠١ سەر هەڵدەدات، کە دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای  پڕۆژەکەی "جۆ بایدن"، جێگیری سەرۆکی ئەمریکا و دەستووری نوێی عێڕاقی ساڵی ٢٠٠٥ بەردەوامیی هەبوو؛ ئەویش بە دابەشکردنی عێڕاق بۆ سێ هەرێمی تایبەت بە  کوردەکان و سوننەکان و شیعەکان. بەڵام ئەو دابەشکردنە، لەبەر هێژموونیی ئێران و باڵادەستیی شیعەکان و لەخۆباییبوونی سیاسیی سوننەکان، سەرکەوتوو نەبوو. له‌ ئەنجامدا، جه‌نگی تائیفیی نێوان سوننە و شیعە و دوورکەوتنەوەی هەولێر لە بەغدا و سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستیی "داعش"ی لێ  کەوتەوە. کە دەتوانین بڵێین ئەو جه‌نگ و لێکترازانانەیش کە دەوڵەتی عێڕاقی گرتەوە، بەشی هەرە زۆری، بەرەنجامی حوکمڕانییە خراپە نالۆژیکییەکەی حکوومەتەکەی "نووری مالکی" بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦وە تا ساڵی ٢٠١٤، لە ڕووی سیاسی و کارگێڕی و دارایییەوە عێڕاقی بەرەو ئاقاری هەڵوەشانەوەی جیۆپۆلیتیکی برد.

بەڵام ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەیە کە گەلی کورد و سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە ساڵی ١٩٩٢وە تا ئێستا، هاوکارێکی بەهێزی جێبەجێکردنی ستراتیژیی پرۆسەی بەڵكەنەکردنی عێڕاق بوون، بە پاراستن و جیاکردنەوە و دیاریکردنی خاکی باشووری کوردستان. هەروەها ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز "مەسعود بارزانی"، زۆر بەرچاوە لە قووڵکردنەوەی ئەم پرۆسەیە. چونکە بە درێژاییی مێژووی دروستبوونی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم، بەتەواوەتی ویستوویەتی وا بکات سەرجەم وڵاتان بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ کێشەی نەتەوەی کوردا بکەن؛ بەتایبەتی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا. هەروەها تابعێکی نەتەوەییی وای بە هەرێمی کوردستان بەخشیوە، کە بە هەموو وڵاتان بڵێت کە گه‌لی کورد، لە سەرجەم نەتەوەکانی ناوچەکە جیاوازە؛ بە پێشمەرگەکانمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش، بە دروستکردنی گیانی پێکەوەژیان لە نێوان هەموو ئایین و پێکهاتەکان. هەروەها هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەوڵەمەندی و بازرگانیی وزەی نەوت و گازەوە، هیچی کەمتر نییە لە دەوڵەتانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دەرەنجام و سیناریۆکان

لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە و ماوەتەوە بگوترێت، ئەوەیه‌ کە بەپێی پرۆسەی بەڵكەنەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دروستبوونی دەوڵەتی کوردی، پەیوەندیدارە بە دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم پرۆسەیەیشدا، سەرجەم بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و، تا ڕاددەیەک ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە بەهەند وەردەگیرێت. سەبارەت بە بەڵكەنەکردنی عێڕاق، هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی واقعی، هەرێمێکی سەربەخۆی بۆ خۆی دروست کردووە. لە بەرامبەردا جه‌نگی گرووپی تیرۆریستیی داعش و ناتەندروستیی مامەڵەی شیعەکان لە عێڕاقی دوای "سەددام حوسێن"دا، بەتایبەتی دوای دروستکردن و بەیاساییکردنی سەرجەم هێزی میلیشیا شیعییەکان لەژێر ناوی "حەشدی شەعبی"، لە ئاییندەیەکی نزیکدا پرۆسەی بەڵكەنەکردنی عێڕاق دەگاتە کۆتا، بەتایبەتی ئەگەر ئەو جەنگە نەخوازراوەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە نێوان حەشدی شەعبی  و چەکدارانی هێز و پێکهاتە جیاوازەکانی عێڕاقدا ڕوو بدات.

سیناريۆکان بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان دوای کۆتاییهاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش

ئه‌و پرۆسەی بەڵكه‌نەکردنەی كه‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، زۆر مەترسیدارە و پێ دەچێت چەندین جەنگی یەک لە دوای یەکی گەورەی لێ بکەوێتەوە. بابەتەکە تەنیا گرووپی تیرۆریستیی داعش نییە، بەڵکوو لەوانەیە چەندین گرووپی لەو شێوەیە لە ئاییندەدا بە پاڵپشت بە وڵاتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان بە‌هێز بن، لە نموونەی هێزی میلیشیای شیعەکان (حەشدی شەعبی). کەواتە بە پێی تیۆریی بەڵكانیزەیشن سێ سیناریۆ (ئەگەر) بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکرێت، لەوانە:

ئەگەری یەکەم: دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ، پاش پارچەپارچەبوونی دەوڵەتی عێڕاق لە چوارچێوەی پرۆسەی بەڵكەنەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەپێی ئەم سیناریۆیە شیعەکان لە تاران، تورکەکان لە ئانكارا، جووەکان لە تەلئەبیب، عەرەبی سوننە لە سعوودیا و بە هاوکاریی تورکیا و، کوردەکانیش لە هەولێرەوە فەرمانڕەواییی بەشێکی زۆری خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. کە ئەم ئەگەرە ماوەی چەندین ساڵێکی تری پێویستە، چونکە پرۆسەی بەڵكەنەکردنی عێڕاق، بە ئاییندەی سووریا، لوبنان، فەڵەستین، تەنانەت تورکیا و ئێرانیشەوە بەستراوەته‌وه‌.

ئەگەری دووەم: گۆڕینی پەیوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سیستەمی فیدراڵییه‌وه‌ بۆ کۆنفیدڕاڵی. کە ئەم ئەگەرە  لە ڕووی واقعی سیاسی و ئابووریی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بە‌هێزە. کە ئەمەیش بەستراوەتەوە بە یەکگرتووییی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانه‌وه‌. ئەگەر حزبه‌ سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش یەکڕیزییان نەپاراست و، لە دەرەوەی کۆدەنگیی کوردیدا ڕێکكەوتننامەیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان ئەنجام دا، جا عەرەبی شیعە بێت، یان سوننە، ئەوا ئەگەری سێیەم، پێشبینیکراوە.

ئەگەری سێیەم:حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فیدراڵی دەمێنێتەوە، بە لەخۆگرتنی پارێزگای کەرکووک و بەشێک لە خاکی پارێزگای مووسڵ. لەم ئەگەرەیشدا کاتێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان براوە دەبێت، ئەگەر بە دوو مەرج لە پێکهێنانی حکوومەتی ناوەندیی عێڕاقدا بەشداری بکات: یەکەم؛ پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی ماددەی ١٤٠ لەژێر هێژموونیی سیاسی و ئەمنیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت. دووەم؛ حکوومەتی ناوەندیی بەغدا و هەرێم، بگەنە ڕێکكەوتنێکی گونجاو سەبارەت بە بودجە و چۆنیه‌تیی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لە عێڕاقدا.

سەرچاوەکان:

  • Ralph Peters, “Blood borders: How a better Middle East would look,” Armed Forces Journal (AFJ), June 2006.
  • Condoleezza Rice, Special Briefing on the Travel to the Middle East and Europe of Secretary Condoleezza Rice, Press Conference, U.S. State Department, Washington, D.C, 2006.
  • Nazemroaya, Mahdi. Plans for Redrawing the Middle East: The Project for a New Middle East. Research on Globalization (CRG). 2006.
  • Zbigniew Brzezinski, The Grand Chessboard: American Primacy and Its Geo-strategic Imperatives. New York City. 1997.
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples