لە زۆربەی وڵاتانی خاوەنی سامانە سرووشتییەکاندا، کە پشکی گەورەی بوودجەی وڵاتەکەیان پشت بە داهاتی نەوت و گاز دەبەستێت، لە کاتی دروستبوونی هەر قەیرانێکی دارایی و تەنانەت سیاسیشدا، بەشی زۆری هاووڵاتیانی ئاسایی و پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەکانیان هۆکاری قەیرانە دارایی و ئابوورییەکان دەگەڕێننەوە بۆ خراپیی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز. سەرەڕای ئەوەی هۆکاری ئەم تێگەیشتنە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بەڵام بڵێی ئەم بیرکردنەوەیە تا چ ئاستێک بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست بێت؟
خستنەڕووی پرس
لە ساڵی ٢٠١٥دا زۆربەی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت و گاز بەهۆی دابەزینی چاوەڕواننەکراوی نرخی نەوتی خاو لە ١١٥ دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٢٨ دۆلار، دووچاری قەیرانێکی گەورەی دارایی بوون. سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەنێو ئەو وڵاتانەدا، قەیرانی ئابووری و تاکو ڕادەیەک سیاسیشی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا، کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی نەوت و گاز دەبەستن؛ لەوانە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێک[i] و دەرەوەی ئۆپێک، وەک عێراق، سعوودیە، ڤەنزوێلا، ڕووسیا و...هتد.
شیکردنەوە و گفتوگۆی پرس
بەشێک لەو وڵاتانەی بەهۆی دابەزینی لەناکاوی نرخی نەوتەوە دووچاری قەیرانی دارایی بوون، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و بەرگریکردن لە داڕمانی ئابووری و سیاسیی خۆیان، هەریەکەو بە جۆرێک دەستیان بە دانانی ڕێوشوێن و ستراتیژیی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانیان کرد. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چەند پلان و ستراتیژیی داڕشت تا بتوانێت ڕووبەڕووی ئەو قەیرانانە ببێتەوە. بەڵام حکوومەتی هەرێم جیاواز لە حکوومەتەکانی تر، تەنیا دووچاری قەیرانی دارایی نەببوو، کە بتوانێت وەک وڵاتانی دیکە بە یەک پلان و ستراتیژی کێشە دارایی و ئابورییەکانی چارەسەر بکات. بەڵکوو هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی، ماوەی چەندین ساڵ بوو لەنێو کۆمەڵێک قەیرانی سیاسی و دارایی و کارگێڕیی شاراوەدا ژیا بوو، کە بریتی بوون لە:
یەکەم: قەیرانی کارگێڕی (بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی دروستی کارگێڕییەوە)؛
دووەم: قەیرانی سیاسی (بەهۆی شەڕی خەمناکی نێوخۆ و نەبوونی دەستوورێک بۆ ڕێکخستنی پێکهاتە (ستراکچەر)ی سیستەمی سیاسی و ململانێی سیاسی و نەتەوەیی نێوان هەولێر و بەغدا)؛
سێیەم: قەیرانی ئابووری (بەهۆی نەبوونی ژێرخانێکی ئابووریی پتەو لەسەرجەم بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و پیشەسازی و... هتددا)؛
چوارەم: قەیرانی سەروەری (بەهۆی نەبوونی سەروەریی سیاسی و یاسایی نێودەوڵەتی، وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ)؛
پێنجەم: قەیرانی شەفافییەت و بوونی گەندەڵی (بەتایبەتی گەندەڵیی کارگێڕی و دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی).
ئەو پێنج قەیرانەی سەرەوە، پێش دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی بەغداوە و، دەستپێکردنی شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستیی داعش لە هەرێمی کوردستاندا هەبوون. کەواتە ئەوەی کە ئێستا بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان، خۆپێشاندەرانیان وا تێگەیاندووە، کە سەرجەم قەیرانەکان پێوەندییان بە دەرهێنانی نەوت و هەناردەکردنییەوە هەیە، بە شێوەیەکی ئەکادیمی و واقعی ڕاست نییە. بەڵکو بڕینی بوودجە لەلایەن حکوومەتی ناوەندی و دابەزینی لەناکاوی نرخی نەوت و شەڕی نەگریسی گرووپی تیرۆریستیی داعش، پەردەی لەسەر ئەو قەیرانانە هەڵدایەوە، کە ئاماژەمان پێ دان.
بەڵام ئەوەش بەو مانایە نایەت، کە بڕینی بوودجە و ئەو تێچووە زۆرەی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی نەبووە. بەڵکوو بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی سیاسیی نادەستووری و بە شێوەیەکی نایاسایی لەلایەن بەغداوە، بە شێوەیەک هەم پێوەندیی بە قەیرانی دارایی و دانانی سیستەمە نوێیە نادادپەروەکەی نیوە یان چارەگەمووچەوە هەیە و، هەمیش بە ڕاگرتنی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە. ئەمە ڕاستە؛ بەڵام ئەگەر ئەو پێنج قەیرانەی سەرەوە نەبووایەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیتوانی لە ماوەیەکی کورتتردا کێشە دارایییەکانی چارەسەر بکات.
کەرتی وزە و داواکاریی خۆپێشاندەران و تەوەرەی کارکردنی دواڕۆژ
ئەو دروشمە جیاوازانەی کە ماوەی چەند مانگێکە خۆپێشاندەران لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کردوویانە بە مەشخەڵی ڕێی فشارەکانیان بۆ سەر حکوومەت و بەشێک لە پارتە سیاسییەکان، بەتەواوەتی ململانێی سیاسی پێوە دیارە. وێ دەچێت چەند پارتێکی سیاسی بیانەوێت تاکە هۆکاری قەیرانەکان بخەنە سەرشانی کەرتی وزەی نەوت و گاز؛ کە ئەمە ڕاست نییە. چونکە حکوومەتی هەرێم تەنیا بەهۆی هەناردەکردنی نەوت و گازەوە دووچاری قەیران نەبووە، بەڵکوو ماوەی چەندین ساڵە لەنێو ئەو پێنج قەیرانەی سەرەوەدا ملە دەکات. ئەمەش بەو مانایە نایەت، کە بەشێک لە قەیران و ململانێ سیاسی و دارایییەکان پێوەندییان بە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە نییە، یان هیچ کەموکووڕییەک لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گازدا نییە، بگرە لە چەندین ڕوانگەوە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە چاکسازی و دانانی سیستەمێکی دروستی بەڕێوەبردن هەیە؛ هەر لە سەرەتای پڕۆسەی دەرهێنانەوە، هەتا هەناردەکردن و چۆنێتیی دابەشکردنی داهاتەکەیشی. بەڵام لەپاڵ چاکسازیی کەرتی نەوت و گازدا، حکوومەتی هەرێم و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، پێویستە بۆ دەربازکردنی ئەم هەرێمە لەو قەیرانە دارایی و سیاسییەی کە تێێ کەوتووە و، لەو هەڵەتێگەیشتنەشی کە بەشێک لە خۆپێشاندەران تووشی بوونە، لەسەر دوو تەوەرە کار بکەن:
یەکەم: تەوەرەی ئاشتبوونەوی نیشتمانی: بۆ ئەوەی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و خۆپێشاندەران تێگەیشتنێکی ڕاست و دروستیان بەلاوە دروست ببێت، پێویستە سەرجەم پارتە سیاسییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی ناوەندەکانی بیرکردنەوە، بە جیددی کار لەسەر دۆزینەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو پێنج قەیرانەی سەرەوە بکەن و، میکانیزمی تەواو بۆ چارەسەرکردنیان دابنێن. لەبری ئەوەیشی کە تاکە لایەنێک و تاکە کەسایەتییەکی سیاسی تاوانبار بکەن، سەرجەمیان بەپێی توانا و دەسەڵاتی کارگێڕی و سیاسیی خۆیان بەرپرسیارەتییەکان وەئەستۆ بگرن و، لەسەر بنەمای ستراتیژییەکی نیشتمانی و بەدوور لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و شارچییەتی، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بکەن.
دووەم: تەوەرەی کاری دامەزراوەی: ئەوەی جێی تێبینییە ئەوەیە کە ئێستا سەرجەم چاو و ڕەخنەکان بەتەنیا خراونەتە سەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کەرتی نەوت و گاز. بەڵام ئاخۆ لەنێو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، تەنیا یەک وەزارەت داهاتی هەیە؟ بێگومان نەخێر، بەڵکوو بەشی زۆری کەرت و وەزارەتەکانی تری حکوومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی داهاتن. بۆیە سەرجەم وەزارەتەکان لەپاڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا پێویستیان بە چاکسازی و دانانی سیستەمی گونجاوتر بۆ بەڕێوەبردنیان هەیە. چونکە لەپاڵ داهاتی نەوت و گاز و گومرکەکاندا، ئێستا بەشێکی زۆری وەزارەتەکان داهاتێکی زۆریان هەیە. بەتایبەتی دوای ئەوەی کە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتدا کۆمەڵێک بڕیاری بۆ سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی دەرکرد؛ بەشێک لەو بڕیارانە، کە بە واژۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەرکراون، دەسەڵات بە وەزارەتەکان و دامودەزگاکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، کە بەپێی ڕێوشوێنی گونجاو داهات پەیدا بکەن و لەڕووی دارایییەوە بارگرانی لەسەر حکوومەتی هەرێم کەم بکەنەوە[ii].
بەڵام کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە، سەرباری ئەوەی کە ئێستا بەشێکی زۆری وەزارەتەکان داهاتێکی باشیان بەهۆی ئەو بڕیارانەوە پەیدا کردووە، کە سەرۆکی حکوومەت واژۆی کردوون، کەچی پلانی گونجاو بۆ ڕێکخستن و چۆنێتیی خەرجکردنی ئەو داهاتانە نییە. بۆیە باشتر وایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ڕژدتر بیر لەو داهاتانە بکاتەوە و لەژێر چاودێریی لایەنی پێوەندیداردا، ئەو داهاتانەش لەپاڵ داهاتی نەوت و گومرک و باجەکاندا بەکار بێنێت. بەمشێوەیە دەتوانین بڵێن، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی سەرجەم وەزارەتەکان بکات، دەتوانێت لەپاڵ داهاتی نەوت و گاز و، بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەی چاکسازی و، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و، کەمبوونەوەی خەرجییەکانی شەڕی داعش، بە شێوەیەکی خێراتر ئەم هەرێمە لە قەیرانەکەی ڕزگار بکات و، داواکاریی ڕەوای خۆپێشاندەران وەدی بێنێت و کێشەی مووچەخۆران چارەسەر بکات.
[i] . ڕێکخراوی ئۆپێک، گەورەترین ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوتە، کە بەشی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عەرەبی تێێدا ئەندامن. ئەم ڕێکخراوەیە ساڵێ ١٩٦٠ لە بەغدا دامەزرا.عێڕاقیش وەک دەوڵەتێکی گەورەی خاوەن نەوت و گاز، وێڕای ئەوەی کە دەستەی دامەزرێنەری ئەو ڕێکخراوەەیە، بە سێیەم وڵاتی دەوڵەمەندی ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە دەناسرێت. وڵاتانی ئەندام لەو ڕێکخراوەیەدا بریتین لە: جەزایر، ئەنگۆلا، ئیکوادۆر، گابون، ئێران، عێراق، کوێت، ليبيا، نيجيريا، قەتەر، سعوودیە، ئیمارات و ڤەنزوێلا.
[ii] . زۆربەی ئەو بڕیارانەی کە لە چوارچێوەی سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهات دەرکراون و لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە واژۆ کراون، لە ڕۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستاندا، بە ناوی (وەقایعی کوردستان) بڵاوکراونەتەوە. بۆ زیاتر زانیاری لەسەر ئەو بڕیارانەی پێوەندییان بەم باسەوە هەیە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەو بڕیارانەی کە لە ژمارە (٢٠٢)ی وەقایعی کوردستان، ٢٨/٨/٢٠١٦دا بڵاو کراونەتەوە، کە ئەوانە نموونەیەکن لە بڕیارەکانی زیادکردنی داهاتی وەزارەتەکان.