کۆماری کورستان، یەکەم کۆماری کوردی بوو، کە چەندین وانەی سیاسی و ئابووری بۆ کورستانیانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەجێ هێشت. کۆمارێک، کە تەنیا چوار مانگ لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی ڕاگەیەنرا، بەڵام وانەکانی پێوەندیدار بە هۆکاری دامەزراندن و کۆتاییهاتنی ئەو کۆمارە تا ئێستاش دەتوانرێت سوودی لێ وەربگیرێت.
خستنەڕووی پرس
بەرژەوەندیی وزەی نەوت و گاز، یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی لەلایەک کۆتایی بە ململانێکانی نێوان بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤییەت بێت، لەلایەکی تریشەوە دووبارە بنەماڵەی ڕەزاشای دیکتاتۆر بێنەوە سەر تەختی دەسەڵات. بەڵام بەداخەوە دووبارە ڕێکخستنەوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات لەلایەن بنەماڵەی شاوە، لەو کاتەدا لەسەر حیساب و بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد بوو، ئەویش بە کۆتاییهاتنی کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد، لە ساڵی ١٩٤٧دا. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، چۆن وزەی نەوت و گاز هۆکارێک بووە بۆ کۆتاییهاتنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد؟
ناوەڕۆک
سەرەتا ڕاگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد دوای چوار مانگ لە جەنگی دووەمی جیهانی (١٩٣٩ــ ١٩٤٥) بوو، کە جیهان لەنێو بارودۆخیکی ئاڵۆز و مەترسیداری سیاسی و سەربازیدا بوو، کە بەتەواوەتی بەرژەوەندییە ئابووری و جێۆپۆلیتیکییەکان لەنێوان زلهێزەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم یەکلایی نەببووەوە، بەتایبەتی لەنێوان بەریتانیا و ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤییەتدا. ئەوەش هۆکاری سەرەکی بوو بۆ دروستبوونی بۆشایییەکی جیۆپۆلیتیکی لەسەر خاکی ئێران، کە لە دەرەنجامی بوونی سوپای یەکێتیی سۆڤییەت لە چەندین ناوچەی ئێران و سوپای بەریتانیاش لە بەشێکی دیکەی ئێراندا. ئەم بارودۆخە هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی کوردەکانی ڕۆژهەڵات، بە هاوکاریی برا کوردەکانیان لە پارچەکانی تری کوردستان، بەتایبەتی باشوور، هەوڵ بۆ دامەزرانی کیانێکی سەربەخۆ بدەن. ئەوەبوو پاش دامەزراندنی چەندین گرووپ و ڕێکخراوی نەتەوەیی شۆڕشگێڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەتایبەتی حیزبی دیموکراتی کورستان، توانرا له ٢٢/١ی ساڵی١٩٤٦دا، لە شاری مەهاباد، به سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، کۆماری کوردستان ڕابگەیەنرێت.
ڕۆڵی وزە لە کۆتاییهاتنی کۆماری کوردستاندا
زیادبوونی پێداویستییەکانی وڵاتانی ئەورووپا و زلهێزەکانی ئەوکاتە بۆ نەوتی خاو لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە، لەڕووی ئابوورییەوە بەگشتی و، لەڕووی پیشەسازی و هیزی سەربازییەوە بەتایبەتی، وای کرد بەشی زۆری خاکی ژێردەسەڵاتی عوسمانییەکان لەلایەن فەرەنسا و بەریتانیاوە، بەهۆی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە دابەش بکرێت. هەروەها وزەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهەمان شێوە لەنێوان خۆیاندا دابەش بکەن. بەتایبەتی خاک و وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی پێوەندیداربوو بە خاکی ئێرانەوە، پاش ئەوەی لە درێژەی جەنگەکانی یەکەم و دووەمی جیهانییەوە بەشێکی زۆری خاکی ئێران کەوتبووە ژێردەسەڵاتی سوپای یەکێتیی سۆڤییەت و بەریتانییەکانەوە، بەڵام حکوومەتی ڕەزاشا توانی لە ساڵی ١٩٤٢دا ڕێککەوتنامەیەک لەگەڵ یەکێتیی سۆڤییەت واژۆ بکات، تا هێزی سووری یەکێتیی سۆڤییەت خاکی ئێران لە مەترسیی دابەشکاری بپارێزێت و، مەترسیی جەنگی دووەمی جیهانی لە هەردوولا دوور بخاتەوە. بەڵام ململانێ و بەرژەوەندییەکان لەو کاتەدا بەشێوەیەک قووڵ ببوونەوە، کە وای کرد یەکێتیی سۆڤییەت پابەند نەبێت بەو ڕێککەوتنامەیەی لە ساڵی ١٩٤٢دا لەگەڵ حکوومەتی پاشایەتیی ئێرانی ئەوکاتەدا واژۆی کردبوو. هەروەها وەک کاردانەوەیەکیش لەبەرامبەر ئەو سنوورە دەستکردانەی کە فەرەنسا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان لەدوای جەنگی یەکەمی جیهان لەڕێی ڕێککەتننامەکانی (سایکس پیکۆ و لۆزان)ەوە کێشابوویان و ببووە هۆی دامەزراندنی چەندین دەوڵەتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا، لە نێویاندا عێراق و سووریا، یەکێتیی سۆڤییەتیش پاڵپشتیی دامەزراندنی چەندین ناوچە و کۆماری نوێی لە ناوچەکانی قەوقاز کرد، لەوانە کۆمارەکانی (ئازهربایجان و جۆرجیا و ئەرمینیا) و، زۆربەی زۆریشیانی خستە چوارچێوەی سنووری فەرمانڕەوایی سیاسی و ئابووریی خۆیەوە. لەسەر خاکی ئێرانیش پاڵپشتیی دروستبوونی کۆماری کوردستانی کرد، بەڵام پاڵپشتیی یەکێتیی سۆڤییەت بۆ کۆماری کوردستان کاتی بوو.
بەڵام ڕەزاشا و حکوومەتی ئێران، هەوڵێکی زۆریان لەگەڵ مۆسکۆ دا، بۆ ئەوەی واز لە پشتگیریی کۆماری کوردستان بهێنێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێوەندیی دیپلۆماسی و ئابووری لەنێوان کۆماری کوردستان و ئازەربایجاندا دروست ببوو، بەڵام سوودی نەبوو. ئەوەبوو حکوومەتی ئێران داوای یارمەتی لە بەریتانییەکان و ئەمریکایییەکان کرد، کە هاوکاریی بکەن. پاشان یەکێتیی سۆڤییەت لەناکاو ڕایگەیاند، کە بەمەرج ئامادەیە لە ماوەی شەش هەفتەدا هێزە سەربازییەکەی لە خاکی ئێران بکشێنێتەوە، لەبەرامبەر وەگرتنی پشکی گەورە لەبەرژەوەندیی نەوت و گازی ئێران. لەبەرامبەردا (محەممەدڕەزاشا) ئامادەیی دەربڕی لە چوارچێوەی سیاسەتی مانەوە و خاک بۆ خۆی و، بەرژەوەندیی نەوت و گاز بۆ بەریتانیا و یەکێتیی سۆڤییەتدا، هەموو شتێک بکات. هەرچەندە لە دواجاردا سەرجەم پشکەکانی وزەی ئێران کەوتنە ژێردەسەڵاتی بەریتانییەکان، بەڵام ئەوە هۆکاری سەرەکیی کشانەوەی هێزی سووری یەکێتیی سۆڤییەت بوو لە خاکی ئێران.
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێن ئەوەی پێوەندیداربوو بە کۆماری ئازهربایجانەوە، سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی (محەمەدڕەزاشا) هێرشی سەربازی کردە سەر، بەڵام نەیتوانی لە ناوی بەرێت، بەڵکوو وەک یەکێک لە کۆمارەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤییەت مایەوە تا کۆتایی جەنگی سارد، ئەوەش بەهۆی ئەو بەرژەوەندییە ستراتیجییەی وزەوە بوو؛ کە لە خاکەکەیدا کۆ ببووەوە. کە وای لە یەکێتی سۆڤێت کرد بیپارێزێت وەک خاکێکی ژێر دەسەڵاتی خۆی.
سەبارەت بە کۆماری کوردستان، پاڵپشتیی ئەمریکایی و بەریتانییەکان بۆ سیاسەتی نوێی مۆسکۆ بەهۆی ئەوەوە بوو، کە لە لایەک، هێزی سوور لە خاکی ئێران دەکشێنێتەوە و، لە لایەکی تریشەوە پاڵپشتیی کۆماری (کوردستان) ناکات و، ئەمانەش هەمووی بەرامبەر بە خەڵات و بەرژەوەندیی نەوت و گاز بوو. ئەمە دەرفەتی بۆ (محەممەدڕەزاشا) ڕەخساند، کە لە مانگی ١٢ی ١٩٤٦دا هێرش بکاتە سەر کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کە حکوومەتی ئێرانی ئەوکاتە بە کۆماری فیتنەی ناو بردبوو. دەرەنجام کە هێزی سووری یەکێتیی سۆڤییەت بەتەواوەتی لە خاکی ئێران کشایەوە، حکوومەتی دیکتاتۆریی محەممەدڕەزاشا توانی کۆتایی بە فەرمانڕەواییی کۆماری کوردستان بهێنێت و، لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤٧دا پێشەوا قازی محمەد لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارە بدات.
دامەزران و کۆتایی کۆماری کوردستان و دوو وانەی لەبیرنەکراو:
یەکەم: سەرەڕای بوونی بۆشاییی جوگرافیای سیاسی لەسەر خاکی ئێران، بەهۆی بوونی ململانێی نێودەوڵەتییەوە، بەڵام خەبات و شۆڕشی پارتە سیاسییە کوردییەکان و یەکگرتوویی و هاوکاریی کوردەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان، بەتایبەتی ئەو هێزەی لەلایەن سەرکردەی گەورەی کوردستان (مەلا مستەفای بارزانی)یەوە ڕۆیشت بەرەو کوردستانی ڕۆژهەڵات، بوو بە پاڵپشتێک بۆ دامەزراندنی ئەو کۆمارە کوردییە. کەواتە ئێستاش ئەگەر سوود لە یەکڕیزی و یەکگرتووییی سەرجەم هێز و لایەن و کەسایەتییە کوردییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان وەربگیرێت، لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیجیی نەتەوایەتیدا، دووبارە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان کارێکی ئاستەم نابێت.
دووەم: بوونی بەرژەوەندیی وزە لەو کاتەدا یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کشانەوەی هێزی سوور و کۆتاییهاتنی پاڵپشتیی یەکێتیی سۆڤییەت بۆ کۆماری کوردستان. کە دەتوانین بڵێین لە سەدەی بیستویەکدا خۆشبەختانە کوردەکانی باشوور توانیان پلانێکی سیاسی ــ ئابووری دابڕێژن و بەرژەوەندیی وڵاتان لە نەوت و گازی کوردستانی باشووردا جێ بکەنەوە. هەروەها دەتوانین بڵێین، هەر ئەو بەرژەوەندییەش بوو کە کورستانی باشووری لەمەترسیی شەڕی داعش پاراست، لە ئایندەشدا ئەگەر لە چوارچێوەی سیاسەتێکی تەندروستدا کاری لەسەر بکرێت، ئەوە باشترین پاڵپشت دەبێت بۆ ڕاگەیاندنی کوردستانێکی سەربەخۆ.