بەستنەوەی کێشەی "دانا گاز" بە ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەکانەوە

کێشە و گرفتەکانی نێوان کۆمپانیای دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک کێشەی دارایی، تەکنیکی و یاساییی چاوەڕوانکراون، کە لە نێوان زۆربەی کۆمپانیا و دەوڵەتەکاندا ڕوو دەدات. واتە هەر دەوڵەت و هەرێمێکی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز لە ماوەی پرۆسەی دەرهێنانەوە تا هەناردەکردن و فرۆشتن، لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی گرێبەستیان لەگەڵدا واژوو دەکەن، دوچاری کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی و دارایی دەبێتەوە، کە ئەو کێشە و گرفتانەیش زۆربەی جار لە ڕێگەی یاساوە لەنێو دادگه‌ نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانەوە یەکلا دەکرێنەوە. ئەمەیش کارێکی ئاسایییە و، ناکرێت بخرێتە ناو ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەکان و، لە بەرامبەریشدا نابێت ململانێ ناوخۆیییەکانیش کار بکاتە سەر پەیوەندی و ئاستی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان لەناوچە جوگرافییە جیاجیاکانی ناو هەرێمی کوردستان.

خستنەڕووی پرس

ناکۆکییەکانی نێوان کۆمپانیای دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ماوەی چەند ساڵێکە لە لایەن دادگەی ناوبژیوانی لە لەندەن بڕیاریان لەسەر دراوە و دەدرێت، قسە و باس و ناتێگەشتنی زۆری لێ کەوتۆتەوە، بەتایبەتی لەناو میدياکانی سەر بە حزبە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان. زۆر جار لێکدانەوەکان بە شێوازێک ئاراستە دەکرێن، کە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان وا هەست بکەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی وزەدا، تووشی گیروگرفتی نامۆی وا دەبێتەوە، کە وڵاتانی تری خاوەن نەوت و گاز ڕووبەڕووی نابنەوە. لە واقعی پیشەسازی، بازرگانیی نەوت و گازدا ئەمە ڕاست نییە، چونکە ئەو کێشانەی کە حکوومەتی هەرێم تووشی دەبێتەوە، زۆربەی وڵاتانی نەوت و گاز ڕووبەڕووی بوونەتەوە و دەبنەوە. بەڵام ناکرێت لە پێناوی ململانێ سیاسییە نێوخۆیییەکان، لە ڕێگەی کەناڵە میدیایییە بینراو، بیستراو، نووسراو و ئەلکترۆنییەکانەوە، لەبەر مەرامی سیاسی، پشتی کۆمپانیا بیانییەکە بگیرێت دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە لە ڕووی بازرگانیی وزەوە سەرەتا کۆمپانیاکە قازانج دەکات و لەناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزەدا دەبێتە ڕیکلام و پرۆپاگەندەیەکی بازرگانی بۆ ئەو کۆمپانیایە، لە دەرەنجامیشدا تەنیا هاووڵاتیان و کەرتی وزەی کوردستان زەرەرمەند دەبێت.

ناوەڕۆک

سەرەتا ڕاستە هەرێمی کوردستان لە ڕووی مێژووی پیشەسازیی نەوت، گاز و بازرگانیی وزەوە بە بەراورد بە وڵاتانی تر پاشخانێکی مێژووییی بەهێزی نییە، بەڵام لەناو پیشەسازی و بازرگانیی نەوت و گازدا، دروستبوونی کێشە و گیروگرفت لە نێوان وڵاتانی خاوەن نەوت و گاز و ئەو کۆمپانیایانەی کە لەو بوارەدا وەبەرهێنان دەکەن، حاڵەتێکی زۆر ئاسایییە. واتە کاتێک چەندین کۆمپانیای گەورە، لە کەرتی وزەی هەر وڵاتێکدا دەست بە کارکردن دەکەن، هەر لە سەرەتای بەدواگەڕانەوە تا بەرهەمهێنان و هەناردەکردن، هەر دوو لا ڕووبەڕووی چەندین گیروگرفت دەبنەوە و هەندێ جاریش ئەگەر لێکتێنەگەیشتنەکان گەورە بووە،  زۆر ئاسایییە کێشەکە لە لایەن دادگه‌کانەوە یەکلا بکرێنەوە.

هەروەها گیروگرفتەکانی نێوان دەوڵەتانی نەوت و گاز و کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی کەرتی وزە، زۆر و جۆراوجۆرن. بەشێک لەم گیروگرفتانە بە هۆی جۆری ئەو گرێبەستانەوە سەر هەڵدەدات کە لە نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وڵاتانی خاوەن وزەدا واژوو کراوە؛ جا گرێبەستی هاوبەشەکان بێت، یان گرێبەستی خزمەتگوزاری، یان هەر جۆرێکی تری گرێبەست بێت. جاری وایش هەیە بە هۆی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵات و کۆمپانیانەوە، ئەو کێشە و گیروگرفتانە لە نێوان کۆمپانیاکان و دەوڵەتەکانی خاوەن نەوت و گازدا سەر هەڵدەدەن.

زۆر جاریش گیروگرفتەکان بەبێ مەبەست بە هۆی ڕووداوی تەکنیکی و پەیوەندیدارە بە لایەنی تەندروست و ژینگەوە سەر هەڵدەدەن؛ کە جار هەیە دەوڵەتان داوای قەرەبوو دەکەنەوە، جاریش هەیە کۆمپانیاکان. بۆ نموونە، سزادانی کۆمپانیای British petroleum  بە هۆی ئەو زیانەی لە ژینگەی کەنداوی مەکسیکیی دابوو، لە نزیک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە هۆی لێڕۆیشتنی ئەو نەوتەی لە ئەنجامی تەقینەوەی یەکێک لە سەکۆکانی پاڵاوتنی نەوت و گازە ڕووی دابوو بەناوی Deepwater Horizon لە کەنداوی مەکسیک لە ساڵی ٢٠١٠دا. بە هۆی ئەم ڕووداوەوە، کۆمپانیای Bp بە ١٨.٧ ملیار لە لایەن وەزارەتی دادی ئەمریکییەوە سزا درا. پاشتر سزاکەی لە لایەن وەزارەتی دادەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و بووە هۆی بەرزبوونەوەی پشکەکانی.

لە لایەکی دیكه‌وه‌، جۆرە کێشەیەکی تر کە دوچاری وڵاتانی خاوەن نەوت و گاز دەبێتەوە، پێدانی شایستە دارایییەکانی کۆمپانیاکانە، کە زۆر جار بە هۆی کەڵەکەبوونی ئەو شایستە دارایییانەوە، دەچێتە خانەی قەرزەوە لەسەر دەوڵەتانی خاوەن نەوت و گاز. سەبارەت بەوەی ئایە دەکرێت بە هۆی بارودۆخی سیاسییەوە قەرزەکان دوا بخرێت؟ وەک ئەوەی کە ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شایستە دارایییەکانی کۆمپانیای دانا گازی، بە هۆکاری قەیرانی دارایی و سیاسی دوا خستووە؟ بەڵێ زۆر ئاسایییە ئەگەر لە نێوان هەر دوو لادا لە ڕووی قازانجەوە هەماهەنگی هەبێت، بەڵام بەشێک لە کۆمپانیاکان بە هۆی خراپیی بارودۆخی ئابوورییانەوە چاوەڕێی حکوومەتەکان ناکەن. لە نموونەی ئەو وڵاتانەی کە وەک کوردستان تووشی گرفت بوونەتەوە، زۆرن. بەڵام لە نموونەی خراپیی بارودۆخی سیاسی و ئابووری، کە کاری کردبێتە سەر دواخستنی شایستە دارایییەکان، نزیکترین نموونە وڵاتی "میسر"ە. میسر بە هەمان شێوە تووشی گرفتی دواخستنی پێدانی شایستە دارایییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز بۆتەوە. ئه‌ویش بە هۆی نائارامیی سیاسی و ئەو بارودۆخە قورسە ئابوورییەی کە تێی کەوتبوو، بەتایبەتی بە هۆی شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری ساڵی ٢٠١٣ و ئه‌و گۆڕانکارییە سیاسییە یەک لە دوای یەکانەی لە سیستەمی سیاسیی میسردا ڕووی دا، وای کرد شایستە دارایییەکانی کۆمپانیای دانا گاز و چەندین کۆمپانیای تری کەرتی وزە نەدات و دوای بخات؛ کە لە دەرەنجامدا بەشێک لە کۆمپانیاکان لە نموونەی دانا گاز کێشەکەیان بردۆتە دادگه‌، تا بتوانن لە ماوەیەکی نزیکدا بە شایستە دارایییەکانیان بگەن، کە وەک قەرز لای حکوومەتی میسرە.

مێژووی کاری دانا گاز لە هەرێمی کوردستان: براوە، یان دۆڕاوی بەردەم دادگه‌

مێژووی کارکردنی دانا گاز لە هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی ٢٠٠٧ دەگەڕێتەوە، کە ئەو کاتە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای نەفت هیلالی ئیماراتی، بۆ پێشخستن و ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی خۆرمۆر و چەمچەماڵ، گرێبەستێکی ٢٥ ساڵەیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژوو کرد؛ پاشان هەر دوو کۆمپانیای(OMV)ی نەمساوی و (MOL)ی هەنگاری، هەریەکە بە ڕێژەی %١٠ لەو پرۆژەیەدا، بوون بە هاوبەش. پاشان لە ماوەی نێوان ٢٠٠٧ تا ٢٠١٤ چەندین جۆری مامەڵە لەناو گرێبەستەکەی دانا گاز و هاوبەشەکانی کراوە و، چەند کۆمپانیایەک ئەو گرێبەستەی فرۆشتەوە و، چەند کۆمپانیایەکی تر بەشێک لە پشکەکانیان کڕییەوە، لەوانە کۆمپانیاکانی "پيرل پترۆلێۆم" و "هیلال بۆ پتڕۆڵ". هەموو ئەو ئاڵوگۆڕی پشکانە و چەند مامەڵەیەکی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی گازی سروشتی لەو دوو کێڵگەیە، بووە هۆی سەرهەڵدانی چەند کێشەیەک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانا گاز، کە لە دەرەنجامدا کۆمپانیای دانا گاز بەهۆی زیادبوونی ڕێژە و جۆری کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا  کێشەکانیان بە ڕەزامەندیی خۆیان بردە بەردەم دادگە.

سەبارەت بەوەی ئایە دانا گاز براوەیە یان حکوومەتی هەرێم، لە ڕاستیدا تا ئێستا دانا گاز بە براوە دانانرێت، چونکە کێشەکان لە دوو بەش پێک هاتوون:

یەکەم: پەیوەنددارە بە شایستە دارایییەکانی دانا گازەوە، کە نزیکەی ١.٩٨ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و، دەبێت لە ماوەیەکی دوورودرێژدا لە چوارچێوەی گرێبەستی بەرهەمی هاوبەش بدرێتەوە (کە ئەوەیش سەرجەم شایستە دارایییەکانی دانا گاز و سزای دواخستنی ئەو مافە دارایییانە دەگرێتەوە، کە دانا گاز لە وەبەرهێنانی کێڵگەکانی خۆرمۆر و چەمچەماڵ و ڕاکێشانی گازی سروشتی بۆ هەر دوو وێستگەی کارەبای بازیان و هەولێر خەرجی کردووە). چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی پچرپچڕدا ئەو بڕە پارەیە بەش بەش لە ڕێگەی دادگه‌وە، وەرگرتنەوەی پێش بخات؛ بۆ نموونە، ئەو ١٠٠ ملیۆن دۆلارەی لە ساڵی ٢٠١٥ دادگه‌ بڕیاری لەسەر دا. سەبارەت بەو ١٢١ ملێون دۆلارەی لە مانگی ٢ی ٢٠١٧ دادگه‌ لە بەرژەوەندیی دانا گاز بڕیاری لەسەر دا، لە بری ئەو بڕە گازە سروشتییە شلکراو و کۆندێنسەیتەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان ٣٠/٧/٢٠١٥ تاوەکوو ٣١/٣/٢٠١٦ وەری گرتووە؛ کە ئەمە جیاوازە و وەک مافێکی خۆی داوای دەکات. بەڵام سەبارەت بەو ١٩ ملیار دۆلارەی کە دانا گاز داوای دەکات و، میدیاکان لێکدانەوەی جۆربەجۆری بۆ دەکەن، لە ڕووی پیشەسازیی پترۆلیۆم و ئەو کێڵگانەی کە دانا گاز وەبەرهێنانی تیادا دەکات، نالۆژیکییە دادگه‌ وا بەئاسانی لە بەرژەوەندیی کۆمپانیای دانا گاز بڕیار لەو بڕە پارەیە بدات.

 دووەم: بەڵام ئەوەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کوردستانیان گرنگە، ئەوەیە لە بەرامبەردا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوە سکاڵای یاسایی لەسەر دانا گاز و هاوبەشەکانی کە بریتین لە کۆمپانیاکانی (پيرل پترۆلێۆم و هیلال بۆ پتڕۆڵ) تۆمار کردبوو، بۆ وەرگرتنەوەی قەرەبووەکانی کە بە ٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا؛ لە بەرامبەر ئەوەی کە دانا گاز و هاوبەشەکانی بەتەواوی، خزمەتگوزارییەکانی کێڵگە گازییەکانی خۆرمۆر و چەمچەماڵیان لە کاتی خۆیدا و بەپێی ستانداری جیهانی تەواو نەکردووە، سەرەڕای بوونی کۆمەڵێک کێشەی تر. بەپێی بڵاوکراوەکانی کۆمپانیای سایتی فەرمیی دانا گاز، دادگه‌ی ناوبژیوانی لە لەندەن لە کاتی ئێستادا داواکاریی حکوومەتی هەرێمی ڕەت کردۆتەوە، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەردا وەڵامی دانا گازی لە ١٤/٢/٢٠١٧دا دایەوە و، باس لەوە دەکات کە هێشتا ئەو بابەتە لە دادگه‌ بەتەواوەتی یەکلایی نەبۆتەوە و، بەپێی عورفی نێودەوڵەتیش تا دادگه‌ بڕیای کۆتایی نەدات، ناکرێت هیچ لایەنێک بانگەشەی بردنەوە بکات و نهێنییه‌کانی ناو ئەو بڕیارە ئاشکرا بکات.

لە وەڵامەکەیدا وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەڵێت: "سەرەتا دادگە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت، لە ١٩ داواكاری ١٨ یان ڕەت كراونەتەوە کە پەیوەندیدارە بە هەردووڵاوە (حکوومەتی هەرێم و دانا گاز)، هەروەها دادگه‌ چەندین بڕیاری لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێم دەرکردووە، لەوانە دادگه‌ی ناوبژیوانی ڕەتی کردەوە کە ئەو ١.٧ ملیار دۆلارەی کە دانا گاز بانگەشەی بۆ دەکرد کە مافی ئەوە لەو گازە زیادەی کە هەیە وەری بگرێت، بەڵام بەپێی بڵاوکراوەی فەرمیی حکوومەتی هەرێم، دادگه‌ بڕیاری داوە کە حکوومەتی هەرێم مافی خۆیەتی سەرجەم ئەو گازە زیادەیەی لە کێڵگەی خۆرمۆر و دامەزراوەکانیدا هەیە بەدەستی بهێنێتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەکی زیاتر بدات. هەروەها دادگه‌ ڕەتی کردەوە کەوا کۆمپانیای دانا گاز و هیلال ٣.٣ ملیار دۆلاریان زەرەر کردبێت، لە بەرامبەر ئەوەی کە حکوومەتی هەرێم پارەی درەنگ پێ دابن و ئەوانیش لە بەرامبەردا نەیانتوانیبێت پارەی چەند گرێبەست و پێداویستییەک بده‌ن؛ لەوەیش زیاتر، دادگه‌ ڕەتی کردەوە کەوا حکوومەتی هەرێم ٢٤ ملیۆن دۆلاری تر بدات بە دانا گاز، بەرامبەر بەوەی کە دانا گاز بانگەشەی بۆ دەکرد لەبەر باری لەناکاوی دارایی هەندێ لە پشکەکانی یان سامانەکەی فرۆشتووە بۆیە زەرەر مەند بووە. ئەم وه‌ڵامانە و چەندین وەڵامی تریش کە حکوومەتی هەرێم لە دادگه‌ی بازرگانی لە ئینگلتەراوە پێی گەیشتووە."[i]

گرێدانی ململانێ ئابوورییە دەرەکییەکان بە ململانێ سیاسییە ناوخۆیییەکانەوە

یەکێک لە هەڵە گەورەکانی حزبە سیاسییە کوردییەکان، ئەوەیە کە بێ ئەوەی خۆیان لە ڕووی واقعی و تەکنیکی و یاسایییەوە لەناو کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بن، ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، دژی حکوومەتی هەرێم هەڵمەتی ڕاگەیاندن دەست پێ دەکەن. ڕاستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستیی بە ڕاوێژی زیاترە لەگەڵ ناوەندەکانی بیرکردنەوە و که‌سانی پسپۆری تایبەت لە بواری پیشەسازی، بازرگانیی نەوت و گازدا، بەڵام ئەو ڕەخنانە، دەبێت بە شێوەی ئه‌کادێمی و زانستی بن و، نابێت لەگەڵ ململانێ سیاسییە نێوخۆیییەکاندا تێهەڵکێش بکرێن. چونکە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو بڕیارانە و پرۆپاگەندەکردن لە بەرژەوەندیی دانا گاز، جگە لەوەی ئەو کۆمپانیایە قازانجی لێ دەکات و نرخی پشکەکانی لەناو بازاڕی نێودەوڵەتی وزەدا بەرز دەبێتەوە، هیچی تری بۆ حکوومەتی هەرێم و کوردستانیان لێ سەوز نابێت.

کۆبەند

کێشە تەکنیکی و دارایییەکانی نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتی و نێوخۆیییەکانی بواری وزە لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵات و هەرێمانەی وەبەرهێنانی تیادا دەکەن، لەناو پیشەسازی و بازرگانیی نەوت و گازدا کارێکی ئاسایییە؛ چونکە پرۆسەی دۆزینەوە و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گاز، پرۆسەیەکی دوورودرێژی ئاڵۆز و پڕ لە بەرژەوەندییە، کە ئەو بەرژەوەندییانەیش چەندین پشکی جۆربەجۆری لێ دەبێتەوە. سەرەڕای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مێژوویەکی دوورودرێژی لە پیشەسازی و بازرگانیی وزەدا نییە، بەڵام وا باشترە بە پلان و ستراتیژییه‌کی بەهێزترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەدا بکات. لە بەرامبەریشدا حزبە سیاسییە کوردیبەکان، دەبێت هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن، چونکە ناکرێت لەبەر ئەوەی ئەوان لە دەسەڵاتی حوکمڕانی و فەرمانڕەواییی ئەم هەرێمەدا نین، لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتگیری له‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان بكه‌ن. چونکە دەرەنجامی ئەو کارە، لە لایەک دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە کەرتی وزەی کوردستان دوچاری تووڕەیی دەکات، لە لایەکی تریشەوە کۆمپانیا بیانییەکان ئەو مامەڵە سیاسییانە لە بەرژەوەندیی داراییی خۆیان دەقۆزنەوە؛ لە هەر دوو بارەکەیشدا ئاسایشی وزەی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە. 

سەبارەت بە کێشەی نێوان کۆمپانیای دانا گاز و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە ئەو کێشەیە تا ئێستا لە لایەن دادگه‌وە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەک یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام وا باشترە حکوومەتی هەرێم بە کۆمەڵێک بەڵگەی نوێوە دووبارە داواکارییەکەی بخاتەوە بەردەم دادگه‌. لە لایەکی تریشەوە بەجیا لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز هەوڵی گفتوگۆ و دانوستاندنی نوێ بدات، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی هاوسەنگ لە بەرژەوەندیی هەر دوو لا بدۆزنەوە.

 

 

سەرچاوەی زانیارییەکانی ناو ئەم لێکدانەوە سیاسی و ئابوورییە بریتین لە:

  • سایتی فەرمیی کۆمپانیای دانا گاز

http://www.danagas.com/en-us/operations/iraq

  • وه‌ڵامی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
  •  
 

[i] بۆ خوێندنەوەی تەواوی وڵامی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تکایە بگەڕێوە بۆ سایتی فەرمیی ئەو وەزارەتە لە ڕێگەی ئەم لینکەوە.

http://mnr.krg.org/index.php/en/press-releases/585-statement-regarding-dana-gas-third-partial-final-award-dated-30-january-2017

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples