پەکەکە و ئاسایشی وزەی کوردستان

خستنەڕووی پرس

لە مانگی ١٢ی ٢٠١٦دا لە "کۆنفڕانسی سەربەخۆییی کوردستان" لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بە زمانێکی ئاشتی و بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و دوور لە بێنەوبەردەی سیاسی، بە هێزە چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی گوت، کە پێویستە و وا باشترە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات. ئەم پەیامەی سەرۆکی حکوومەت پێش نزیکەی سێ مانگ، لەخۆوە نەبوو؛ بێ گومان بەرەنجامی تێگەیشتن بوو لە گۆڕانکارییە سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە. چونکە پەکەکە، سەرەڕای ئەوەی هاوکارییەکانی جێگه‌ی دەستخۆشییە کە لە جه‌نگی دژی داعش پێشکەش بە هەرێمی کوردستان و ناوچەی شنگالی کردووە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانێت کە لە ڕووی سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە، تا ئێستا پەکەکە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، چەندین دەوڵەت و حزبی نەیاری هەیە و، هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەوە زیاتر لەناو خاکی باشووری کوردستان وا بەئاسانی جێگه‌یان بکاتەوە. ئەگەرچی بۆ چەندین جار پەکەکە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان دروست کردووە، لە بەرامبەردا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زمان و ڕێگەی ئاشتیی بەرامبەریان هەڵبژارد.

هەروەها بۆ چەندین جار هەرێمی کوردستان ئەو نامەیەی ئاراستە دەکردن، کەوا چۆن ئێمە لە کاتی شەڕی کۆبانیدا، هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستانمان ئاراستە کرد، پاشان کە پێویستان بەو هێزە نەما، بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییانە هێزەکانمان کشاندەوە، بە هەمان شێوە داواتان لێ دەکەین ئێوەیش هێزەکانتان بکشێننەوە. هەروەها ڕێگە بدەن کە هێزی براکانی خۆتان، کە خەڵکی ڕۆژاوان و ئێستا لە چوارچێوەی هێزی "ڕۆژ" ڕێک خراون، بگەڕێنەوە خاکی ڕۆژاوای کوردستان. بەڵام بەبێ گوێدانە نامەکانی حکوومەت و حزبەکانی ناو هەرێمی کوردستان، پەکەکە سوورە لەسەر نەکشانەوەی هێزەکانی لە خاکی باشووری کوردستان. هەروەها لە ئێستادا پارتی کرێکارانی کوردستان، بانگەشەی ئەوە دەکات کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە پلانی تورکیا هێز دژیان دەجووڵێنێ؛ کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە، چونکە سەرۆکی هەرێم بۆ ماوەی چەندین ساڵە هەوڵی ئاشتی و ئەنجامدانی یەکڕیزی لە نێوان لایەنەکانی ڕۆژاوا و پارچەکانی تری کوردستاندا دەدات، کە دانیشتنەکانی لایەنه‌ کوردییەکانی ڕۆژاوا لە دهۆک باشترین بەڵگەن.

بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: پێشتر، پەکەکە چۆن مەترسیی لەسەر ئاسایشی وزەی کوردستان دروست کردووە؟ بۆچی لە ئێستادا هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی، سوورە لەسەر کشانەوەی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان؟

ناوەڕۆک

ئەگەر هێرشەکانی په‌كه‌كه،‌ لە چوارچێوەی ئاسایشی وزەی باشووری کوردستاندا هەڵسەنگێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە بە هیچ شێوەیەک زەرەرمەندی یەکەم، دەوڵەتی تورکیا نییە، وەکوو پەکەکە بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکوو مانەوەی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا مەترسییە و، لە دوورمه‌ودایشدا ئەو مەترسییە بۆ سەر هەرێم و ئاسایشی وزەکەی، زیاتر دەبێت. چونکە پەکەکە و باڵەکانی، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی زنجیرەیەک سنووری هەرێمی کوردستانیان داوە، کە لە ئاییندەدا ئاسایشی وزەکەی لە ئاستی هەرێمی دەخاتە مەترسییەوە؛ بێ گومان دەوڵەتی تورکیا وا بەئاسانی ڕێگە نادات پەکەکە، بە شێوەیەکی ئاشکرا لەو سنوورانە جموجووڵی سەربازی و سیاسیی هەبێت.

هەروەها بۆ هەرێمی کوردستان گونجاو  نییە کە هێزێکی سەربازی لەناو خاکەکەیدا بن، کە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە تا ئێستا بە گرووپێکی تیرۆریستی دانرابن. چونکە پەکەکە وەک حزبێکی کوردی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی، وەک گرووپێکی چەکدار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، تا ئێستا ناوی لە لیستی تیرۆری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (NATO)دایە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بەپێی ماددەی ٢١٢ی یاسای کۆچ و ناسنامە و گۆڕنکارییەکانی(The Immigration and Nationality Act (INA) ، پەکەکەی بە شێوەیەکی فەرمی، خستوویه‌تییە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانەوە (Foreign Terrorist Organizations). یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناساندنی پەکەکە وەک گرووپێکی تیرۆریستی بەپێی یاسای ٢١٢، لێدانە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانانی، هەروەها دروستکردنی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچە جوگرافییە جیاجیاکانی جیهان؛ ئاسایشی وزەیش یەکێکە لەو کۆڵەکە سەرەکییانەی دەکەوێتە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتە زلهێزەکانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

مێژووی مەترسیی پەکەکە لەسەر ئاسایشی وزە

بە درێژاییی مێژووی دروستبوونی لە ساڵی ١٩٧٨ه‌وە تا ئێستا، چەندین جار بە ماوە و کاتی جیاجیا، لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئەو بۆڕییانەی كه‌ لە ڕووی وزەوە بەرژەوەندیی تورکیا بە وڵاتانی جیهانەوە دەبەستێتەوە، هەوڵی داوە ئامانجە سیاسییەکانی بپێکێت. بۆ نموونە، پەکەکە چەندین جار بۆڕیی باکۆ-تەبلیس- جیهان و، بۆڕیی غازی نێوان ئێران- تورکیا و، بۆڕیی نەوتی کەرکووک-جیهانی تەقاندۆتەوە، بەڵام بۆ جارێکیش لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، نەیتوانیوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن زەرەری ستراتیژی لە تورکیا بدات. سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە خۆی ڕاستەوخۆ زەرەرمەندی یەکەم بووە، ناڕاستەوخۆیش زەرەری لە بەرەوپێشچوونی دۆزی ڕەوای کورد داوە؛ بەوەی بەرژەوەندیی کۆمەڵێک دەوڵەت و کۆمپانیای نێودەوڵەتیی خستۆتە ژێر مەترسییەوە.

هەروەها تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی کوردستان لە مانگی ٧/٢٠١٥ لە لایەن باڵێکی پەکەکەوە، یان هەر گرووپ و کۆمەڵێک کە کەوتۆتە ژێر ئەو بیرکردنەوەیەی کە ئەو بۆڕییەی نەوتی کوردستانی پیادا دەگوێزرێتەوە بۆ بەندەری جیهان، تەنیا لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکیادایە، ئەوە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە، چونکە زەرەرمەندی یەکەم، دانیشتووانی کوردستان بوون؛ بەو پێیەی ڕاستەوخۆ داهاتی ئەو بۆڕییە، بەستراوەتەوە بە قووتی خەڵکی کوردستانەوە و، لە ڕووی سیاسیشەوە لاوازکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە بەرامبەریشدا، سوودمەندی یەکەم لە ڕووی سیاسی و پیشەسازی و وزەوە، حکوومەتی بەغدا و ئەو دەوڵەتانەن کە دژی هاتنەناوەوەی نەوتی کوردستانن بۆ ناو بازاڕی نێودەوڵەتیی وزە. بۆ نموونە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ململانێکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەربارەی پرسی نەوت، هەموو هەوڵی دەوڵەتی حکوومەتی بەغدا، دوورخستنەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وزە و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بووە؛ کە لە هەر دوو پرسەکەدا حکوومەتی بەغدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی فەشەلی هێنا. بەڵام پەکەکە و باڵە نافەرمییەکانی، بەو جۆرە کردەوانە هاوکارییەکی ناڕاستەوخۆی حکوومەتی عێراقی دەکەن؛ چونکە سەرەڕای ئەوەی، وەک گوشارێک بۆ سەر حکوومەتی هەرێم، زەرەریان لە داهاتی خەڵکی باشووری کوردستان دا، لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی کاتی توانییان ترسێک بخەنە ناو دڵی بەشێک لەو کۆمپانیایانەی کە لە کوردستان کار دەکەن، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی بواری وزە؛ لە ڕووی سیاسیشەوە دووبارە باڵادەستیی حکوومەتی عێراقی بەسەر حکوومەتی هەرێم و خاکەکەیدا زیاتر دەکەن.

بۆچی حکوومەتی هەرێم پێی وایە پەکەکە هەرێم چۆڵ بکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین مانگە لە ڕێگەی سەرۆکی حکوومەتەوە، داوا لە پەکەکە دەکات کە خاکی هەرێمی کوردستان و شنگال چۆڵ بکات؛ کە بە ڕای من تەنها هۆکار ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان نییە کە لە ژێڕ دەسەڵاتی پەکەکەدان، بەڵکوو ئەم داواکارییەی سەرۆکی حکوومەت بۆ سێ هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە:

یەکەم: پەکەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا، لە لایەن حکوومەتی بەغدا و ئێرانی شیعەوە پاڵپشتیی دارایی و سەربازی دەکرێن. بەشێکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە عێڕاقین یان ناسنامەی عێراقییان وەرگرتووە و خاکی عێراق جێ ناهێڵن. واتا وەک دژایەتییەکی حکوومەتی هەرێم، سووربوونی خۆیان لەسەر مانەوە لەسەر خاکی عێراق دووپات دەکەنەوە.

دووەم: مانەوەی پەکەکە، مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان دروست دەکات. کاتێک حکوومەت و هێزی سەربازیی تورکی بڕیار بدات لەناو خاکی عێراقدا دژی په‌كه‌كه‌ بجەنگێت، زەرەرمەندی یەکەم ژێرخانی نەوتیی کوردستان دەبێت، کە لە لایەک ناتوانرێت وزە هەناردە بکرێت و داهات بۆ هەرێم پەیدا بکرێت. لە لایەکی تریش بەشێک لە ژێرخانی وزەی کوردستان لە ڕووی ماددییەوە ئەگەری لێدانی هەیە، وەک: تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوتی کوردستان و لێدانی کێڵگە نەوتییەکان؛ کە لە دەرەنجامدا کشانەوەی بەشێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی لێ دەکەوێتەوە.

سێیەم: ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، زنجیرەیەک کێشەی ئابووری و سیاسیی بەیەکەوە گرێ داوە، بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکە پڕ لە نەوتییەکان لە نموونەی، کەرکووک، مووسڵ، خانەقین، شنگال؛ کە لە هەمان کاتدا سنووری جێناکۆکی نێوان شیعە و سوننەکانن. حکوومەتی هەرێم، پێی باشترە کە کورد لەو ناوچانەدا یەکهەڵوێست بێت و، هیچ هێزێک لەو ناوچانەدا نەبێت کە کێشەی سیاسی و ئابوورییان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەم قۆناغەدا بۆ دروست بکات.

دەرەنجام

پەکەکە و باڵەکانی، وا باشترە لەو ڕاستییە تێ بگەن کە ئەوان بەم کارانەیان، ناڕاستەوخۆ دەبنە داردەستی ئەو وڵاتانەی کە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دژی گەلی کوردستانن. ئەگەر لە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر خاکی هەرێم و ئاسایشی وزەکەی بەردەوام بن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی بە دەستی خۆیان مەترسییەکی گەورە بۆ چالاکی و داهاتووی سیاسیی خۆیان دروست دەکەن، لە هەمان کاتیشدا سەرجەم گەلی کوردستان زەرەرمەند دەبن.

لە کۆتاییدا وا باشترە پەکەکە و سەرجەم حزبە سیاسییە کوردییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بیر لە ڕێگەچارەی ئاشتییانەی سیاسی-ستراتیژی بکەنەوە، کە سەرجەم خاکی کوردستان و ئاسایشی وزەکەی، لە مەترسیی دووبارەبوونەوەی جه‌نگی ناوخۆ و کورد بەرامبەر کورد بپارێزن؛ کە تەنیا وڵاتانی نەیاری کوردستان لەم جه‌نگەدا سوودمەند دەبن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples