لە عێراقی سوننەی سەددامییەوە تا عێراقی شیعەی نووری مالکی، گەورەترین چەکی ئابووری و سیاسی بۆ سەرکوتکردنی پێکهاتەکانی ناو عێراق، داهاتی نەوت و گازی عێراقی بووە. لە لایەک دەوڵەتێکی شکستخواردووی دروست کردووە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی بەزۆرەملێ، کراون بە عێراقی، لە لایەکی تریشەوە کۆمەڵێک دەستەبژێری سیاسیی هێناوهتە سەر تەختی دەسەڵات، کە خۆیان بە خاوەنی وڵات نازانن.
خستنەڕووی پرس
کاریگەریی کۆنتڕۆڵکردنی داهاتی نەوت بە درێژاییی مێژووی عێراق، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دروستبوونی سیستەمی سیاسیی دیکتاتۆر و نادیموکرات هەبووە. هەروەها دروستبوونی حکوومەتە یەک لە دوای یەکە نادیموکراتەکانی عێراقیش، گەورەترین ماڵوێرانی بوون بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی ناو ئەم وڵاتە، بە کورد و سوننە و شیعەوە.
دەتوانین بڵێین، بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئاستی کاریگەریی نەوت و گاز لەسەر وڵاتان، جیاوازە، چونکە بەشێک لە میللەتانی بەرەو وەبەرهێنان و بنیادنانی سیستەمێکی دیموکراتی و پێشکەوتوو بردووە، پاش گۆڕینی سیستەمی ئابوورییان، لە نموونەی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، بەڵام لە بەرامبەردا، داهاتی نەوت بۆ بەشێکی تر لە نەتەوە و میللەتەکان، بووە بە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەت و ماڵوێرانی، لە نموونەی بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ناویاندا عێراق. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایە سروشتی دەوڵەتی شکستخواردوو چۆنە؟ چۆن لە هەر دوو قۆناغی فەرمانڕەواییی سەددام حوسێنی دیکتاتۆر و نووری مالکیی نادیموکرات، داهاتی نەوت، دەوڵەتی عێراقی بەرەوە داڕووخانێکی سیاسی و ئابووری برد؟
ناوەڕۆک
ئەگەر بمانەوێت لە سروشتی دەوڵەتانی شکستخواردوو لە نموونەی عێراق تێ بگەین، باشترین ناساندن بۆ دەوڵەتی شکستخواردوو، تێگەیشتنەکەی فەیلەسووفی ئەمریکی "نۆوام چۆمسکی"یە. چۆمسکی لە پەرتووکی دەوڵەتی شکستخواردوودا، پێناسەیەکی قووڵی سروشتی دەوڵەتی شکستخواردوو دەکات و دەڵێت، ئەو دەوڵەتانەن کە ناتوانن، یان نایانەوێت هاووڵاتیانی وڵاتەکەیان لە توندوتیژی و ماڵوێرانی بپارێزن و، هەموو کاتێک بەرپرسەکانی دەوڵەت وا مامەڵە دەکەن، وەک بڵێی لە سەروو یاساوە بن. هەروەها لە ڕێگەی دیموکراتییەتێکی شکلییەوە، کەس و گرووپی یەکەمی فەرمانڕەوای ناو سیستەمی سیاسی، سەرجەم دامودەزگه و سەروەت و سامانی وڵاتەکەی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە؛ ئەوەی بۆ ئەو گرووپە دەسەڵاتدارە گرنگە، خۆشیی خۆی و سەروەت و سامانی وڵاتە، نەک خۆشگوزەرانیی گەل و وڵاتەکەی.
ئەوەی شایەنی باسە، عێراق بە درێژاییی مێژووی، لە ڕێگەی ئەو ڕژێمە یەک لە دوای یەکانەی کە حوکمڕانیی عێراقیان کردووە، وەک دەوڵەتێکی شکستخوادوو دەرکەوتووە. چونکە لە لایەک تەنیا یەک گرووپ و لایەن و پێکهاتەی سیاسی، کۆنتڕۆڵی زۆربەی دەسەڵاتە دارایی و سیاسییەکانی عێراقیان کردووە، لە لایەکی تریش داهاتی نەوت، بۆتە هاوکارێکی سەرەکی بۆ بەردەوامیی ماوەی فەرمانڕەوایەتیکردنیان. بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینییە، داهاتی نەوت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەرییەکەی لەسەر باڵادەستیی ئەو گرووپ و لایەنە سیاسییانەی جڵەوی دەسەڵاتیان لە عێراقدا گرتۆتە دەست، زیاتر بووە. بۆ تێگەیشتن لەم بابەتەیش، وا باشترە دوو ماوەی حوکمڕانی وەربگرین: یەکێکیان ماوەی حوکمڕانیی سەددام حوسێنی دیکتاتۆرە لە عێراقی کۆن، ئەوەی تریان ماوەی فەرمانڕەواییی نووری مالکی لە عێراقی نوێ و بەناو دیموکراتیدا.
ڕۆڵی نەوت لە ماوەی فەرمانڕەواییی "سەددام حوسێن"دا
ئەم قۆناغە، لە ساڵەکانی سەرەتای گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن سەددام حوسێنەوە تا کاتی پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراق (١٩٧٩تا٢٠٠٣)، دەگرێتەوە. کاتێک سەددام حوسێن دەسەڵاتی گرتە دەست، ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت لە عێراق لە ماوەی یەک ساڵدا (١٩٧٩-١٩٨٠)، گەیشتە زیاتر لە (3,200,000) سێ ملیۆن و دوو سەد هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە لەو ماوەیەدا نرخی نەوت بە (٣١,٥١) سی و یەک دۆلار و نیو بووە. کە داهاتی فرۆشتنی نەوتی دەوڵەتی عێراقی لەو ساڵەدا، زیاتر بووە لە ٣٦ ملیار دۆلار.
بەڵام گەمژەترین ماوەی سەرکردایەتیکردن لە عێراقدا لە ڕووی ستراتیژییەتی ئابووری و سیاسییەوە، ماوەی ساڵانی حوکمڕانیی "سەددام حوسێن"ی دیکتاتۆرە؛ چونکە دوای ئەوەی سەددام حوسێن و بەعسییەکان بەتەواوەتی لە ساڵی ١٩٨٠وە هاتنە سەر تەختی دەسەڵات، سەرەڕای ئەوەی دەستیان کرد بە لەناوبردنی نەیارەکانیان لە سەرجەم پێكهاتەکان لەناو عێراقدا، هەروەها عێراقیان خستە ناو چەندین جهنگی یەک لە دوای یەکەوە، لە نموونەی جهنگی ئێران - عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) کە بە جەنگی کەنداوی یەکەم ناسرابوو، جەنگی داگیرکاریی وڵاتی کوێت (١٩٩٠) و، جەنگی کەنداوی دووەم (١٩٩١). بەڵام ئەوەی بۆ عێراقییەکان جێگەی باسە، سەددام و بەعسییەکان، بە شێوەیەکی گشتی، بۆ سەرکوتکردنی عێراقییەکان و بەهێزکردنی دەزگه ئاسایش و هەواڵگرییەکان، پشتیان بە داهاتی نەوتی عێراقی بەستبوو. سەرەڕای ئەوەی پارەیەکی زۆری داهاتی نەوت، بۆ کڕینی چەکی قورس و فراوانکردنی هێزی سەربازیی عێراق بەکار دەهێنرا.
بۆ نموونە، بە کۆی گشتی لە ماوەی حوکمڕانیی سەددام حوسێندا، لە نێوان ساڵانی (١٩٨٠تا١٩٩٠)، بەتایبەتی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق – ئێران لە ساڵی ١٩٨٨دا، عێراق نزیکەی ١٤٥ ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی خەرج کرد بۆ سەرکوتکردنی هاووڵاتیانی عێراقی لە لایەک و، خەرجی تێچووی جەنگی ئێران- عێراق لە لایەکی تر. دوای کۆتاییی ئەو جەنگە، دەوڵەت زیاتر لە ١٢٠ ملیار دۆلاریش قەرزدار بوو.
دوای کۆتاییی جەنگی ئێران-عێراق، دووبارە بە هۆکاری ململانێ لەسەر نەوت و نەدانەوەی بەشێک لەو قەرزانەی لە وڵاتی کوێتی کردبووی، سەددام حوسێن "کوێت"ی داگیر کرد. ئەو جەنگەیش دووبارە عێراقی خستەوە ژێر قەرزێکی زۆر گەورەوە. بە واتایەکی تر، جەنگی کوێت و گوشارە ئابووری و سیاسییەکانی سەر عێراق، تا کۆتاییی دەسەڵاتی سەددام حوسێنی دیکتاتۆر لە ساڵی ٢٠٠٣دا، ئەوەی لە سەرخان و ژێرخانی دەوڵەتی عێراقیدا بۆ عێراقییەکان مابووەوە، تەنیا قەرزێکی زۆری نێودەوڵەتی بوو. بەشێکی ئەو قەرزانەیش بۆ سووتاندنی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەگەڕێتەوە، کە سەددام و هێزە سەربازییەکەی لە وڵاتی کوێت سووتاندبوویان.
هەموو ئەو ڕووداوانەیش بۆ لەخۆباییی داراییی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی، بە سەرۆکایەتیی سەددام حوسێن دەگەڕێتەوە، کە بە هۆی ئەو داهاتە زۆرەوەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستی دەکەوت. واتا زۆریی داهاتی نەوت، وای لە ڕژێمی سەددام حوسێن کرد هێژموونیی سیاسیی خۆی بەسەر ناوخۆ و دەرەوەی وڵات زیاد بکات؛ هەر ئەوەیش وای کرد، کە سەددام و دارودەستەکەی، لە پێناوی کۆنتڕۆڵی سیاسیدا، پلانە ستراتیژییە ئابوورییەکان پشتگوێ بخەن. کە ئەمەیش لە ڕووی ئابوورییەوە، بووە هۆی فرۆشتنی بەشی زۆری کەرتە گشتییە وەبەرهێنەرەکانی دەوڵەتی عێراقی و، لە لایەکی تریش تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت بۆ دابینکردن پێداویستیی هاووڵاتیانی عێراقی، هەروەها دانەوەی قەرزەکانی بە هەمان شێوە لەسەر فرۆشتنی نەوتەکەی.
لە ڕووی سیاسیشەوە، عێراقی بەرەو داڕووخانێکی گەورە و لێکترازانێکی نەتەوەیی و تائیفی و دیمۆگرافی برد، چونکە لە لایەک کوردەکان لە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١دا، توانییان بەشێک لە خاکەکەی خۆیان لە عێراقی عەرەبی، بگەڕێننەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣یشهوه، شیعەکان پاش وەرگرتنی جڵەوەی دەسەڵات، تۆڵەی خۆیان لە ڕووی دارایی و سیاسی و جیۆپۆلیتیکییەوە، لە سوننەکان کردەوە.
ڕۆڵی نەوت لە ماوەی فەرمانڕەواییی نووری مالکی و عێراقی نوێدا
لە دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراق، دەتوانین ماوەی حوکمڕانیی "نووری مالکی"، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەربگرین لە نێوان ساڵەکانی (٢٠٠٦-٢٠١٤). ئەوەی پەیوەندیدارە بە ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی عێراقی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣، هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان و هاتنی ڕێژەیەکی زۆری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق، گەورەترین هۆکار بوو بۆ ئەوەی هەناردە و بەرهەمی نەوتی عێراقی، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕووی لە زیادبوون بکات، کە تا ساڵی ٢٠١٤ گەیشتە زیاتر لە ٣ ملێۆن و، پاشانیش لە ساڵی ٢٠١٧ هەناردەی نەوتی عێراقی گەیشتە زیاتر لە (3,500,000) سێ ملیۆن و نیو بەرمیل لە ڕۆژێكدا؛ بێ گومان بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە.
هەروەها لە ڕێی پرۆسەی دیموکراتییەوە و زۆریی داهاتی نەوتەوە، سەرۆکوەزیرانێکی عەرەبی شیعە و خاوەن دەسەڵاتێکی زۆری وەک نووری مالکی دروست بوو. بەڵام بەداخەوە بە هەمان شێوەی حکوومەتەی سەددام حوسێن، داهاتی نەوت خراپ بەکار هێنرا، بەڵام بە شێوازێکی تر. لە لایەک پێگە و دەسەڵاتی خۆی و حزب و پێکهاتەکەی پێ بەهێز کرد؛ لە لایەکی تریش، دووبارە کەرتەکانی تری ئابووری، زۆر گرنگیی پێ نەدرا و، بەپێچەوانەوە بەشێکی زۆری بودجەی وڵات، پشتی بە داهاتی فرۆشتنی نەوت بەست. ئەمە وای کرد ئەو هێز و لایەنەی کە داهاتی نەوتی لەژێر دەسەڵاتدا بێت، وەک مالکی و شیعەکان، لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەهێز دەربکەوێت. ئەمەیش دووبارە، بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو ململانێ و جهنگانەی لە ناوخۆی عێراقدا دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراق ڕووی دا، بەتایبەتی جهنگی تائیفی و جهنگی تیرۆر، هەروەها قووڵبوونەوەی ململانێ سیاسییەکان لە نێوان پێکهاتەکانی سوننە و شیعە و کورددا.
ئەو ڕووداوانەی سەرەوە، کە لە ڕووی لەدەستدانی داراییشەوە، دووبارە حکوومەتەکەی نووری مالکی، عێراقی خستە ژێر قەرزێکی زۆر؛ کە بە نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. لە ڕووی سیاسیشەوە بەتەواوەتی عێراقییەکانی، لە ڕووی سیاسی و دیمۆگرافییەوە، لێک دوور خستەوە. بەتایبەتی دوای کۆنتڕۆڵکردنی چەند شارێکی عێراق لە لایەن گرووپی تیرۆریستیی "داعش"هوە. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە داهات و کۆنتڕۆڵکردنی نەوتی، بەتەواوەتی نەخستە ژێر دەسەڵاتی عێراقییەکان، بەڵکوو بەبێ گوێدانە سیستەمی نوێی عێراقی، کە سیستەمێکی فیدراڵی دیموکراتە، هەموو دهسهڵاته دارایی و سیاسییەکانی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندا کۆ کردەوە.
کۆبەند
ڕۆڵی نەوت و داهاتەکەی لە دروستبوونی دیکتاتۆرییەت و هەڵگیرساندنی جهنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا، ئەوە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ دەرکەوتنی دەوڵەتێکی شکستخواردوو بە ڕوون و ئاشکرا لە عێراقی کۆن و نوێدا لە سێبەری داهاتی نەوتدا. ئەگەر بەراوردی ڕێژەی خەرجکردنی داهاتی نەوتی خاو بکەین بۆ بەهێزکردنی هێزی سەربازی عێراقی و یەک لایەن و گرووپی سیاسی، لە نێوان سەردەمی حوکمڕانیی سەددام حوسێنی عەرەبی سوننەوە، تا ماوەی هەشت ساڵی حوکمڕانیی مالکی و شیعەکان، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە داهاتی نەوت، کاریگەرییهكی بەرچاوی لە بەهێزکردنی هەر دوو پێکهاتە و گرووپی سیاسیدا هەبووە، بەڵام لە ماوە و کاتی جیادا؛ کە لە دەرەنجامدا، جگە لە دەوڵەتێکی شکستخواردوو و قەرزار، هیچی تری بۆ عێراقییەکان بەجێ نەهێشت.