جێگرەوەکانی نەوت و ستراتیژییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

جێگرەوەکانی نەوت لە ڕووی ئابوورییەوە، کارێکی قورسە بۆ وڵاتانی تازە پێگەیشتووی دەوڵەمەند بە نەوت، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام ئەگەر پلانی بەهێز و ستراتیژیی سیاسی و ئابووری هەبێت کارێکی ئەستەم نابێت، تا بەشێک لەو وڵات و هەرێمانەی کە لە سەرەتاوە پشتیان بە داهاتی نەوت بەستووە، بتوانن پشت بە داهات و بەرهەمی کەرتەکانی تری ئابووری ببەستن بەتایبەتی کەرتەکانی: کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، پیشەسازی و باج؛ کە ئەمەیش پێی دەگوترێت فرەڕەنگیی ئابووری، یان فرەچەشنیی ئابووری.

خستنەڕووی پرس

لە وڵاتانی تازە پێگەیشتووی پڕ لە نەوتدا، کاریگەریی داهاتی نەوت لەسەر ڕێژەی بوودجە و پێشخستنی کەرتەکانی تردا، هەر لە سەرەتای مێژووی دامەزراندنیانەوە ڕێژەکەی بەرز و بەرچاو بووە. بەشێک لەو وڵاتانە، بە پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار و... توانییان ڕێژەی داهات و بوودجەی وڵاتەکەیان لە مەترسیی بەرز و نزمیی نرخی نەوت دوور بخەنەوە؛ بەڵام بەشێکی تری وڵاتانی دەوڵەمەند بە نەوت و گاز، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تا ئێستا بە شێوازێک بوودجەی وڵاتەکەیان پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، کە نە تەنیا وای لەو وڵاتانە کردووە کە له‌ ڕووی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانییەوە لە ئاستێکی زۆر نزمدابن، بەڵکوو پشتبەستن بە داهاتی فرۆشتنی نەوت، وای لەو وڵاتانە کردووە کە سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتیان و وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەیان لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدابن، هەروەها وڵاتیش بەرەو نائارامیی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆیشتووە؛ دیارترین نموونەیش وڵاتانی عێراق، ڤەنزوێلا، لیبیا، سعوودیا، و ئێرانە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، لە کاتی ئێستادا و بەتایبەتی دوای قەیرانی دارایی، وەک بەشێک لەو حکوومەتانەی کە خاکەکەی نەوت و گازێکی زۆری تێدا کۆ بۆتەوە،  ماوەی دوو ساڵە گوتارێکی نوێ و پلانێکی نوێی گرتۆتە بەر، ئەویش ئەوەیە كه‌ بۆ ئەوەی چیتر پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت، کار بۆ فرەڕەنگکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکات. ئاخۆ ئەم گوتارەی حکوومەتی هەرێم بۆ واقعی سیاسی و ئابووری، چەندە دەتوانرێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ ئایا حکوومەتی هەرێم وا بەئاسانی لە ماوەیەکی کورتدا، دەتوانێت بوودجەکەی هەرێمی کوردستان وا لێ بکات کەمتر پشت بە داهاتی نەوت ببەستێت؟

ناوەڕۆک

فرەچەشنیی ئابووری و دوورکەوتنەوەی بوودجەی وڵات لە داهاتی نەوت، کارێکی پلانبۆداڕێژراوی ستراتیژیی ئابووری و سیاسییە. ئەو کارە ستراتیژییەیش لە ماوەی یەک دوو ساڵدا ئەنجام نادرێت، وەک ئەوەی بەشێک لە نووسەر و حزبە سیاسییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن. هەروەها تێگەیشتن و پلانداڕشتن بۆ فرەڕەنگیی ئابووری لە وڵاتە نەوتی و وڵاتە ئاسایییەکاندا، جیاوازە.

بۆ نموونە فڕەڕەنگیی ئابووری، بۆ وڵاتێک کە بوودجەکەی پشت بە داهاتی نەوت نەبەستێت، بریتییە لە: پرۆسەیەکی گشتگیر بۆ فرەڕەنگکردنی پەیکەری وەبەرهێنان و هێنانەئارای کەرتی نوێی پاڵپشت بۆ داهاتی وڵات، کە وا بکات پشتبەستن بە داهاتی کەرتی سەرەکی کەم بکاتەوە. ئەمه‌یش وا دەکات کە لە لایەک دەرفەتی کار لە وڵاتدا زیاد بکات و، لە لایەکی تریشەوە داهاتی وڵات تەنیا پشت بە داهاتی یەک کەرتی ئابووری نەبەستێت. بۆ نموونە وڵاتێکی وەک مالیزیا، ئابووریی وڵاتەکەی لە سەرەتاوە پشتی بە هەناردەی لاستیک و برنج دەبەست، بەڵام لە دوای چەندین ساڵ کارکردن، ئابوورییەکەی گۆڕانکاریی بەسەردا هات و، سیستەمێکی ئابووریی چالاکی فرەچەشنی بنیاد نا، کە کەرتەکانی گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازی، ڕۆڵی سەرەکییان تێیدا دەبینی لە پاڵ بازرگانی و بەرهەمی تەکنه‌ڵۆژی.

بەڵام بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، لە پاڵ ئەو تێگەیشتنەی سەرەوەدا، فرەچەشنیی ئابووری بریتییە لە: بەکارهێنانی داهاتی نەوت بۆ پاڵپشتی و پێشخستنی کەرتەکانی تری ئابووری، بەتایبەتی ئەو کەرتانەی کە دەتوانرێت لە ڕووی سەرچاوەکانی خۆشگوزەرانی و کارەوە پشتی پێ ببەسترێت، تا کەمتر ڕووبەڕووی مەترسیی گوشاری ئابووری، یان بەرز و نزمیی بازاڕی دەرەکی ببێتەوە، لەوانە کشتوکاڵ و پیشەسازی. هەروەها وەبەرهێنان لە بوارێکدا بکرێت کە بە هەمان شێوەی نەوت، داهات و دراوی بیانی بێنێتە ناو وڵاتەوە و، ببێتە پاڵپشتێکی تر بۆ بەرزکردنەوەی داهات و  بوودجەی وڵات. بۆ نموونە، وڵاتێکی وەکوو "ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی"، لەو کاتەوەی وەک دەوڵەتێک، سەربەخۆبوونی خۆی لە ساڵی ١٩٧١دا ڕاگەیاند، لە سەرەتاوە لە (٩٠%)ی بوودجە و داهاتی وڵاتەکەی، پشتی بە نەوت بەستبوو، بەڵام لە ئێستادا و پاش نزیکەی ٤٧ ساڵ، توانیی ئاستی پشتبەستن بە داهاتی نەوت دابەزێنێت بۆ لە سەدا (٢٥-٣٠). واتا پاش نزیکەی ٥٠ ساڵ، دوای داڕشتنی پلانێکی ستراتیژیی ئابووری، دوور لە تەنگژەی سیاسی، سەرکەوتنی لە بنیاتنانی فرەڕەنگیی ئابووریدا بەدەست هێنا.

لێرەدا دەتوانین بڵێین، لەسەر بنەمای ڕێکخستنی سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان لە پاڵ سیستەمێکی کارگێڕیی پێشکەوتووی دەستپاکدا، دەتوانرێت دەوڵەت، یان سیستەمی تەندروست، یان شکستخواردوو دەسنیشان بکرێت. واتە کاتێک دەتوانرێت بە سیستەمێکی ئابووریی سیاسی بگوترێت تەندروست، کە فرەڕەنگیی ئابووریی وڵات لە ڕێگەی سیستەمێکی سیاسیی پێشکەوتوو و شەفافەوە خۆشگوزەرانیی بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی فەراهەم کردبێت.

هەرێمی کوردستان و فرەچەشنیی ئابووری

لە ئێستا، زۆر لە خەڵکی کوردستان چاویان لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابوورییە، کە وەزارەتێکی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە هەموو دونیایشدا وەزارەتی دارایی گرنگە، بەڵام فرەچەشنیی ئابووری بە تەنیا بە وەزارەتی دارایی دابین ناکرێت، بەڵکوو فرەچەشنیی ئابووری، کار و پرۆسەیەکی هەمەلایەنەیە، کە سەرجەم دامودەزگه‌ فەرمی و نافەرمییەکان لە داڕشتنی پلانەکاندا تا جێبەجێکردنی، هاوکارن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت تەنیا بە هاوکاریی چەند یاسایەک کە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەردەچێت، سیستەمێکی ئابووریی فرەڕەنگ فەراهەم بکات، بەڵکوو سەرەڕای لەباریی ژینگە و کەشوهەوا و خاکی هەرێمی کوردستان، دەبێت سەرجەم چین، توێژ، لایەن و ناوەندەکانی بیرکردنەوە بۆ داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانی فرەچەشنیی ئابووری، هەماهەنگ بن.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ٢٥ ساڵەی واقعی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە حکوومەت و حزبە سیاسییە کوردییەکان کەمئەزموون بوون بۆ بابەتی بەڕێوەبردنی سیاسی و کارگێڕی و، هەروەها هاتبوونە سەر خاکێکی وێرانی بێخزمەت، بەڵام خاکی کوردستانی باشوور لە ڕووی کشتوکاڵەوە دەوڵەمەند بوو؛ هەروەها دەکرا لە ڕووی پیشەسازی و گەشتوگوزارەوە گرنگیی زیاتری پێ درابا. بەڵام ئەو واقعە سیاسییەی کە هەرێمی کوردستانی پیادا تێ پەڕی، بەتایبەتی جه‌نگی ناوخۆ، لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤تا ٢٠٠٧، هەرێمی کوردستانی کرد بە دوو ئیدارەی کارگێڕی و داراییی جیاوازەوە؛ کە دەتوانین بڵێین ئەوەیش هەموو چین و توێژ و وەزارەتەکانیشی گرتەوە. ئەمە وای کرد، نە پلانی ستراتیژی بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەتی هەرێم هەبێت و، نە کاری هەمەلایەنە لە نێوان دامەزراوە فەرمی و نافەرمی و لایەنه‌ سیاسییەکاندا هەبێت. ئەوەی دەکرا، کارکردنی وەزارەتەکانی هەر دوو حکوومەتەکە بوو؛ هەر لایەك لە سنووری کارگێڕیی خۆیدا. لە پاش ساڵی ٢٠٠٣شه‌وه‌ تەنانەت تا ساڵی ٢٠١٤ش، چونکە وەزارەتی داراییش بەشێک بوو لەو وەزارەتانەی لە هەر دوو ئیدارەکەدا بوونی هەبوو، ئەوە وای کرد ئەو لە ١٧%یەی کە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەهات، لە سەدا (٤٣) بۆ ئیدارەی سلێمانیی جاران بڕوات و، لە سەدا (٥٧)یش ئیدارەی هەولێر.

بەڵام لە ئێستادا لە سەدا (٩٥)ی پارەی هەرێم، ڕاستەوخۆ دەچێتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی و، ئه‌م وەزارەته‌، سیاسەتەکەی دادەڕێژێت، یان پلان دادەڕێژێت چۆن ئەو پارەیە خەرج بکرێت. بەڵام وەزارەتی دارایی، بەتەنیا ناتوانێت فرەچەشنیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بێنێتە ئاراوە؛ هەروەها پلانی فرەچەشنیی ئابووریش بە ساڵێک و دوو ساڵ جێبەجێ ناکرێت.

هەنگاوەکانی فرەچەشنیی ئابووری لە هەرێمی کوردستان

هەنگاوەکانی فرەچەشنیی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێراتر جێبەجێ دەکرێت، چونکە کوردستانی باشوور جگە لە نەوت، خاکێکی دەوڵەمەند و کەشوهەوایەکی لەباری هەیە لە ڕووی کشتوکاڵ و پشەسازییەوە؛ هەروەها لە ڕووی جوگرافییشەوە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لە توانایدایە لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە بە سنوورەکەیەوە بەستراون بەرهەمەکانی بخاتە ناو بازاڕە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانەوە. کەواتە، هەرێمی کوردستان وەک خاک، کێشەی گەورەی نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە پلان و پاڵپشتیی ئابووری و سیاسی بۆ جێبەجێکردنیان هەبن. لە سەرەتایشدا، دەبێت سەرجەم پلانەکان لە چوارچێوەی دوو ستراتیژییەت کۆ بکرێنەوە:

یەکەم- بنیادنانی ئابوورییەکی بەهێزی دوور لە نەوت بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو؛ کە تیایدا کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەری بیانی ڕۆڵێکی باشی تێدا ببینێت، بەڵام بە مەرجێک لە وەبەرهێنەری ناوخۆ و کەرتی گشتی بەهێزتر نەبێت، بۆ ئەوەی هێز و توانا و بەرهەمی ناوخۆ هەمیشە دیار و بەرچاو بێت.

دووەم- پێویستە گەشەکردنی ئابووری، لە نێوان سەرجەم چین و توێژەکاندا هاوسەنگ بێت، بۆ ئەوەی دادپەروەرییەکی کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە کە لە قازانجی سەرجەم کۆمەڵگەدا بێت.

ئەم دوو ستراتیژییەتەیش بە چەند هەنگاوێکی ئابووری و سیاسی، پێویستە کاری بۆ بکرێت:

  • دووبارە داڕشتەوە، یان چاکسازیکردن لە سیستەمی دارایی و کارگێڕیی حکوومەت و سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. چونکە بابەتی ئابووری، بەبێ بوونی سیستەمێکی کارگێڕیی پاک و بەهێز ناتوانرێت بەرەو پێش ببردرێت؛ هەرچەندە پارەیەکی زۆریش لەبەر دەستی حکوومەتی هەرێمدا بێت.
  • باش بەکارهێنانی داهاتی نەوت و سەرجەم سەرچاوە سروشتییەکانی تر لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە ببێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ پێشخستنی سەرجەم کەرتەکانی تری ئابووری.
  • بنیادنانی ژینگەیەکی کراوە بۆ کارکردن، کە دوور بێت لە هێژموونی و ململانێی حزبی سیاسی.
  • بەرزکردنەوەی توانای کارکردن لە بازاڕە جیاجیاکاندا؛ ئەویش لە ڕێگەی زانکۆ و پەیمانگه‌ی تایبەتی پیشەیییه‌وه‌. هەروەها کردنەوەی خول و مەشقی جوراوجۆر، کە بتوانێت بازاڕی هەرێمی کوردستان لەم شێوە کلاسیکییەی، بگۆڕێت بۆ شێوازێکی مۆدێرن. بۆ نموونە لە بواری کشتوکاڵدا، نابێت پەیوەندییەکی کەم هەبێت لە نێوان ئەو کەسانەی لە کێڵگەکاندا کار دەکەن، لەگەڵ ئەوانەی بڕوانامەی تایبەتیان لە بوارە جۆربەجۆرەکانی کشتوکاڵدا هەیە.
  • بنیادنانی سیستەمی بانکیی پێشکەوتوو، تا بتوانرێت ئاسانکارییەکی زۆر لە نێوان بازاڕە نێوخۆیی، هەرێمی و دەرەکییەکاندا بکات.
  • داڕشتن و جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژی بۆ بنیادنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز، کە سەرجەم کەرتەکان بگرێتەوە؛ بە مەرجێک سەرجەم لایەنە فەرمی و نافەرمی و ناوەندەکانی بیرکردنەوە تیایدا بەشدار بن، نەک تەنیا دەستەیەکی بچووکی ناو حکوومەت، یان پەرلەمان.

کۆبەند

فرەچەشنیی ئابووری، ڕۆڵی نەوت لە بوودجەی وڵات کەم دەکاتەوە، هەروەها نەرمونیانی و دەستفراوانییەکیش بە حکوومەتەکان دەبەخشێت، بۆ ئەوەی سیاسەتی ئابووری و داراییی وڵات و هەرێمەکانیان بەئاسانی و دوور لە گوشار و قەیرانی دارایی ڕێک بخەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، هەرچەندە لە کاتی ئێستادا بەشێکی زۆری بوودجەکەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت بەتایبەتی بۆ مەبەستی پێدانی مووچە، بەڵام بە جێبەجێکردنی پلانێکی تۆکمەی ئابووری و داراییی دریژخایەن، بە مەرجێک لە پاڵ پلانە ئابوورییەکەیدا چاکسازییەکی کارگێڕی لەناو سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرجەم وەزارەتەکانیدا ئەنجام بدات، دەتوانێت پاش چەندین ساڵ، بگات بە فرەچەشنیی ئابووری. بۆ ئەو مەبەستەیش خاک و کەشوهەوا و جوگرافیای هەرێمی کوردستان لەبارە، کە جگە لە نەوت پشت بە کەرتەکانی تری ئابوورییش ببەستێت، بەتایبەتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی. بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ هاتنەئارای فرەچەشنیی ئابووری، کاری هاوبەشی سەرجەم دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانە لە پاڵ ناوەندەکانی بیرکردنەوە، بۆ ئەوەی ئەو پاڵنەرە ستراتیژییەی کە دادەڕێژرێت، بەرپرسیارێتیی جێبەجێکردنەکەی بکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەک.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples