- هەوڵ دەدەم تا ئەو جێیەى دەکرێ، بابەتى بم و لە یەک گۆشەنیگاوە سەیرى ئەم پرۆسەیە و دەرەنجامەکانى نەکەم.
- چاودێران پێیان وایە کە پاش 16ى نیسان، تورکیا پێ دەنێتە ناو قۆناغێکى نوێوە؛ چ ئەنجامى ڕیفراندۆمەکە بە قازانجى "بەڵێ" بێ، یان "نا"...
- ئەگەر ئەنجامەکە بە قازانجى "بەڵێ" بێ، بەو گۆڕانکارییە دەستوورییە 18 ماددەیییە، سروشتى سیستەمى سیاسیى تورکیا دێتە گۆڕین. ئاخر بەلانس لە نێوان دەسەڵاتەکاندا بە قازانجى سەرۆكکۆمار تێک دەچێ، چونکە دەسەڵاتێکى زۆرى تەنفیزى و یاسایى و سوپایى و.. دەکەوێتە دەست سەرۆكکۆمارى ئێستەى تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و، دەرفەتى ئەوەى دەبێ تا 2029 لە دەسەڵات بمێنێتەوە و ڕۆڵێک بۆ پهرلەمانى تورکیا لە متمانەسهندنەوە لە حکوومەت، یان لە دانانى وەزیرەکانى کابینەدا نامێنێتەوە و، میکانیزمەکانى چاودێریى حکوومەت کز و لاواز دەبن.
بە مانایەکى دیکە، دەرگهیەک بۆ تاکڕەوى و ئیستبدادى سیاسیى بەدەستووریکراو دەکەوێتە سەرپشت، نەمازە تورکیا بە باکگراوندى دیرۆکیى کهلتوورى ئیستیبدادیى سوڵتانەکانى عوسمانلى و بە ئاوێتەبوونى زهینییەتى پەڕگیرانەى ناسیۆنالیزم و ئیسلامگەرایى سوننە لە وڵاتێکى فرەنەتەوە و ئیتنیى وەک تورکیا، کە پێناچێ لە یەکێتیى ئەوروپیش وەربگیرێ، هاتنەئاراى دیکتاتۆرییەتێکى ڕووهەڵماڵراو ئەگەرێکى چاوەڕوانکراوە. لەبارى "نا"یشدا، دیسان بە ئەگەرى زۆرەوە بێسەروبەرى، ناجێگیری و توندوتیژى بەردەوام دەبێ و بەئاسانى ئەردۆغان مل بۆ دۆڕان نادا و ئیدى تورکیا بکەوێتە گێژەنێکى نادیارەوە.
- 55 ملیۆن و 336 هەزار و 960 دەنگدەر لە ناوخۆى تورکیا، هەقى دەنگدانیان هەیە. بە قسەى سەرۆکى دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەکان لە تورکیا، سەعدى غۆفین، 2929389 دەنگدەر (نیوەیان لە ئەڵمانیا دەژین) لە تاراوگەن و لە (57) دەوڵەت و لە 120 ناوەندى دیپلۆماتیى تورکى و کۆمەڵێ خاڵى پەڕینەوەى سنوور دەنگ دەدەن و، لە 27ى ئادارەوە دەنگدان دەستى پێ کردووە و لە 9ى نیساندا بەکۆتا دێ. تا 2ى ئەم مانگە، بە قسەى چاودێرێکى ئاگادار، دەوروبەرى 143000 کەس دەنگیان داوە. بە بڕواى خۆم، ئەگەر ڕێژەیەکى کەمى دەنگدەران لە دەرەوەى تورکیا، بەتایبەتى لە ئەوروپا و ئەمریکا بچنە سەر سندووقەکان، ئەوە بە قازانجى بەرەى "بەڵێ" تەواو دەبێ. دێمەوە سەر ئەم خاڵە.
- بەگوێرەى هەندێ سەرچاوە، مەزەندە دەکرێ لە سەرووى 80%ى دەنگدەران بەشداریى هەڵبژاردن بکەن.
- ئەردۆغان چاوى لەوەیە زێتر لە 60%ى دەنگدەران بە "بەڵێ" دەنگ بۆ پاکێجى گۆڕانکارییە دەستوورییەکە بدەن و "چاوش ئۆغلوو"ى وەزیرى دەرەوەیش لەم ڕۆژانەدا گوتى: بەپێى ڕاپرسییەکان 63%ى دەنگدەران بە بەڵێ دەنگ دەدەن.
- دیارە ناکرێ پشت بەو ڕاپرسییانە ببەسترێ کە کۆمپانیا و ئاژانس و دەزگهکانى ڕاپرسى لە بابەتى (سۆنار، ماک، ئەى جى، ئاکام، گەنار، پۆلەتیک، گەزیجى و ...) تا ئێستە کردوویانە، چونکە ئەو ئاژانس و کۆمپانیایانە بێلایەن نین و زێتر لەژێر کاریگەریى ئایدیۆلۆژى و ئاراستە و سەمتى سیاسى و دوور و نزیکییان لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، ڕاپرسى دەکەن و ڕاپۆرت و پێشبینییەکانى خۆیان بۆ کاریگەریدانان لەسەر دەنگدەران، بڵاو دەکەنەوە. هەر بۆ نموونە دەزگەیەکى وەک "ئاکام"، کە نزیکە لە "جەهەپە- حزبى گەلى کۆمارى"، لە ڕاپرسییەکى خۆیدا لە سەرەتاى ئاداردا دەڵێ، دەنگى نەخێر 48.2% و دەنگى بەڵێ 35.6%، ئەوانەى هێشتا بڕیاریان نەداوە 16.2%؛ کەچى کۆمپانیاى "ماک" لە ڕاپرسییەکى خۆیدا دەڵێ 59.77%ى دەنگدەران دەنگ بە "بەڵێ" دەدەن و 40.23% بە "نا"؛ يان بە قسەى پۆلەتیکس لە 46.2% بەڵێ و لە 36.9% "نا" و لە 16.9% هیشتا بڕیاریان نەداوە. سەیرى جیاوازیى نێوان ئەمانە بکەن. کەواتە هزرێکى نزیک لە ڕاستیت دەست ناکەوێ. بەڵام بەپێى ڕاپرسییەکى کۆمپانیاى "کۆندا" لە 55% "نا" و لە 45% به بەڵێ دەنگ دەدەن.
- ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوا هەڵبژاردنى گشتیى تورکیا لە 1ى تشرینى دووەمى 2015دا، ئەوسا ئاکەپەى دەسەڵاتڕان 49.48% دەنگەکانى هێنابوو، مەهەپەى نەتەوەپەرستیش 11.9%، ئەو دوو حزبە بەشێوەیەکى سەرەکى بەرەى "بەڵێ" بۆ گۆڕانکارییەکانى دەستوور پێک دەهێنن، رێژەى دەنگەکانیان دەکاتە 61.4%. چوار حزبى دیکە، لەوانە BBP پشتیوانى لە بەرەى "بەڵێ" دەکەن.
دیارە لە هەمان هەڵبژاردنى گشتیى 2015دا، بەرەى "نا"، کە لە جەهەپە (حزبى گەلى کۆمارى) و هەدەپ (حزبی دیموکراتى گەلان) پێک دێ؛ جەهەپە 25.3% و هەدەپ 10.8%یان هێنابوو و، کە بەیەکەوە دەکەنە 36.1%. دیارە كۆمەڵێ حزبى دیکەى چەپ و عەلمانى و لیبراڵى، لە بەرەى "نا"دان.
- بەڵام ئایا ئەو ڕێژانە وەکوو خۆیان ماوەتەوە؟ ئایا هیچ گۆڕانێک بەسەر ئەو ڕێژانەدا نەهاتووە لەم ساڵ و نیوەى دواییدا کە گۆڕانکاریى گرنگ لە تورکیا ڕووی داوە و ڕیزبەندییەکى نوێ و توند هاتووەتە کایەوە، نەمازە لە پاش کۆدەتا سەرنەکەوتووەکەى 15ى تەمووزى 2016ەوە.
- با لە بنکەى دەنگدەرانى مەهەپەوە، کە باخچەلى ڕێبەرایەتیى دەکا و لەگەڵ ئاکەپەدا لەبارەى ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییانەوە هاوڕایە، ورد بینەوە. وەک گوتمان لە هەڵبژاردنى 1ى 11ى 2015دا، مەهەپە (11.9%) دەنگەکانى هێنابوو، بەڵام باڵێکى ئەو حزبە بە ڕابەریى "میرال ئاک شەنەر" دژایەتیى ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییە دەکەن، بە قسەى کۆمپانیاى "ماک"ى نزیک لە "ئاکەپە"، 40%ى بنکەى دەنگدەرانى مەهەپە بە بەڵێ دەنگ دەدەن. کەواتە دەوروبەرى 4.76% - 5% بنکەى ئەو حزبە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەدان و باقیى ڕێژەکە کە لە نیوە زیاترە دیار نییە و، ئەو پانتایییە خۆڵەمیشییەى بنکەى دەنگدەرانى مەهەپە، مایەى کارلەسەرکردنە.
- با قسەیەکیش لە بنکەى دەنگدەرانى ئاکەپە خۆى بکەین: دیسان بە قسەى ئاژانسێکى ڕاپرسى "سامەر"، دەوروبەرى 11%ى بنکەى دەنگدەرانى ئاکەپە خۆیان ساغ نەکردووەتەوە و، نازانرێ چۆن دەنگ دەدەن. هەندێ دەزگهى دیکە، ئەم ڕێژەیە دەگەیەننە 14% و، دەزگەیەکى دیکەى نزیک دەسەڵاتیش دەڵێ 5%ى بنکەى دەنگدەرانى ئاکەپە خۆیان ساغ نەکردووەتەوە. ئەگەر وابێ، کەواتە دەوروبەرى 10%ى بنکەى دەنگدەرانى ئاکەپە دەکەونە بازنەى خۆڵەمێشیەوە و دەکەونە بەر کاریگەریى جیاجیاوە. کەواتە ئەگەر دەنگە مسۆگەرەکانى ئەو دوو حزبە کۆ بکرێتەوە، دەوروبەرى 44.25- 49.5% دەبێ.
- ئەى بەرەى "نا"؟ پێناچێ جەهەپە شتێکى ئەوتۆ لەدەست بدا کە کاریگەریى بۆ سەر نفووزى ئەو حزبە هەبێ، بەڵام ڕاى جیاواز لەسەر دەنگى هەدەپ (کورد) هەیە. هەندێ ئاژانسى سەر بە دەسەڵات دەبێژن هەدەپ لە کورتیى داوە و ڕێژەى دەنگەکانى بۆ 7% کەم بووەتەوە و، دەزگهیەکى وەک ئاکام دەڵێ 40%ى خەڵکى کورد بە "نا" دەنگ دەدەن و 27%یش بە "بەڵێ" و ئەوى دیکە هێشتا بڕیاریان نەداوە. دەزگهیەکى وەک سامەریش دەڵێ 64% دەنگدەرانى کورد بە (نا) دەنگ دەدەن و، "مەسعوود تەک"ى سکرتێرى حزبی سۆسیالیستی کوردستان دەڵێ زۆرینەى خەڵکى کورد بە "نا" دەنگ دەدەن. بە مانایەکى دیکە، لەناو کورداندا هێشتا ڕێژەیەکى بەرچاوى دەنگ بڕیارى کۆتایییان نەداوە و دەکەونە ناو ناوچەى خۆڵەمێشیەوە و، دەکرێ هەموو لایەنەکان کاریان لەسەر بکەن.
- ڕاستە هەر دوو تەوژمى سەرەکیى ئیسلامگەرا و ناسیۆنالیستى تورک کەوتوونەتە یەک بەرەوە، بەڵام هەندێ لایەنى وەک حزبى سەعادەتى ئیسلامى و جەماعەتى فەتحوڵڵا گولەن، بە "نا" دەنگ دەدەن و لەناو ناسیۆنالیستەکانیش، باڵى "مەرال ئاک شینار" بە "نا" دەنگ دەدا. ئەوە، بێ لەو ڕابەرانەى ئاکەپە کە تا ئێستە بێدەنگن وەک: عەبدوڵڵا گویل، حوسێن چەلیک، بولەنت ئارینچ، سەعدەدین ئارگین و هتد. هەروا، گومان لە ئاکەپەیییەکانى کوردیش دەکرێ کە هەموویان دەنگ بە (بەڵێ) نەدەن، چونکە ئەو هەموو ماڵوێرانییە لە ناوچە کوردنشینەکاندا لەبەر چاوى ئەواندا دەکرێ؛ بۆیە جۆرێ لە بێدەنگییان پێوە دیارە. بۆیە ئاکەپە ڕووى لە سەرۆکخێڵە کوردەکان و قوروچییەکانە و بەڵێن بە خەڵکى کورد دەدا، بە چاکردنەوەى شار و شارۆچکە وێرانکراوەکان و باشترکردنى ئاستى بژێو و... بێ لەوە ئاکەپە، لە ڕووى پێکهاتەوە بەشێکى لە حزبى فەزیلەى ئیسلامییەوە هاتوون و بەشێکى دیکەیان لە خەڵکانى تەکنۆکرات و بەشێکیش لە حزبى نیشتمانیى دایکەوە هاتوون. سەربارى هەندێ توخمى ناو بزووتنەوەى خزمەت و تەوژمێکى "سۆفیگەریى نەقشبەندى". بەم مانایە ئاکەپە تێکەڵەیەکە لە توخمگەلێکى ئیسلامى-ناسیۆنالیستى-لیبراڵى، بەڵام وردە-وردە توخمە لیبراڵییەکەى ئەو حزبە کاڵ دەبێتەوە. بۆیەو مەرج نییە هەموویان دەنگ بە ئاکەپەو بە (بەڵێ) بدەنەوە.
- دەنگدەرانى تورکیا لە "دیاسپۆرا"، کە بەشێکى زۆریان لەژێر کاریگەریى ژیانى ئەوروپیدان، ڕەنگە وەک لە هەڵبژاردنە گشتییەکانى دیکەدا دەنگ بە ئاکەپە و بە "بەڵێ" نەدەن، بەتایبەتى لە ئەڵمانیا (جالییەکى گەورەى تورکى تێدایە)، هۆڵەندا، سوید، نەمسا، سویسرا. دانیمارک، بەلجیکا و... بەڵام بە بڕواى خۆم، ئەو گرژییەى نێوان تورکیا و ئەوروپا، لە ناوخۆى تورکیا بە قازانجى ورووژاندنى زێترى هەستى نەتەوەییى تورک و بەرەى "بەڵێ" بووە، چونکە ئەردۆغان خۆى هاتە سەرخەت و بەشێکى ئەوروپییەکانى بە نازى و فاشیست لە قەڵەم دا و، هەڕەشەى بە پەنابەران و شتى دیکە لێکردن و تێزى "ئیسلامۆفیا"ى بۆ قازانجى خۆى و هەڵمەتى "بەڵێ" قۆستەوە.
- کورد: بەرەى کوردیش یەکگرتوو نییە. سێ بەرە دەبیندرێ. بەرەى "بەڵێ"، کە پێک هاتووە لە: کوردە ئاکەپییەکان، هەندێ عەشایەرى کورد، قوروچییەکان، هوداپار و ... بە مەزەندەى زۆرەوە لە 30%ى زێتر نابن. بەرەى بایکۆت: کە حزبەکانى وەک حزبی ئازادیی كوردستان و حزبی سۆسیالیستی كوردستان و ... بانگەشەى بۆ دەکەن، ڕەنگە دەوروبەرى 5-6% پێک بهێنن. بەرەى "نا"، کە هەدەپە و دەبەپە و هاکپار و حزبی سۆسیالیستی میزۆپۆتامیا-ن. هەرچى "پارتى دیموکراتى کوردستان- تورکیا"یە، ئەوا جەماوەرى خۆى ئازاد کردووە چۆنیان دەوێ دەکارن دەنگ بدەن و، پارتى دیموکراتى کوردستان-باکووریش هەڵوێستى دیار نییە. بەرەى "نا" زۆرینە پێک دەهێنن و، بە مەزەندەى خۆم دەوروبەرى 60- 65%ى دەنگدەرانى ویلایەتە کوردنشینەکان دەنگ بە "نا" دەدەن؛ ویلایەتەکانى "شانلى ئۆرفە" و "بنگۆڵ" و "قارس"يان لێ دەرچێ کە بنکەى ئاکەپەیان لێ بەهێزە. بە هەر حاڵ دەنگى کورد ڕۆڵێکى گرنگ دەگیڕێ و، بە قسەى "عوسمان بایدەمیر" بێ، یەکلاکەرەوەیە، کەچى "ئالتان تان"ى پەرلەمانتارى هەدەپە و ئیسلامیستى کوردپەروەر، بایکۆتى دەنگدان لە ناوچە کوردنشینەکاندا، بە قازانجى ئاکەپە و بەرەى "بەڵێ" دادەنێ. کەچى ڕایەکى پێچەوانەیش هەیە کە پێی وایە دەبوایە کورد بە سەودایەک لەگەڵ ئەردۆغان ڕێک کەوتبا و، بە "بەڵێ" دەنگى بۆ هەموارکردنەوەى دەستوور بدایە و خۆى تێکەڵێ بەرەى ئۆپۆزیسیۆن، کە هیچ خێرێکیان بۆ کورد نەبووە، نەکردایە. بەم مانایە بێ، دیسان (هەدەپ و بەرەى "نا"ى ناو کوردان) هەڵەیەکى ستراتیژیک دەکەن، چونکە سیستەمى پەرلەمانى لە تورکیا لە ماوەى دەیان ساڵى ڕابردوودا هیچ خێرێکى بۆ کورد و مافەکانى نەبووە. لە سۆنگەى ئەم ڕایەوە، ڕەنگە بەشێک لە دەنگدەرى کورد، لە هەدەپە و سیاسەتەکانى دوور بکەونەوە و بایکۆتى سندووقەکانى دەنگدان بکەن. ئەو ڕێژەیە چەندە و چەند نییە، ڕەنگە زێتر لەنێو عەشایەرى کورد و هەندێ ناوەندى بەرتەسکى دیندار و حزبى بچووکدا ڕەواجێکى هەبێ؛ چونکە لە ماوەى ساڵ و نیوێکى ڕابردوودا خەڵکى کورد سیاسەتى هوڤییانەى هێزە ئەمنییە تایبەتەکانى تورکیایان بە چاوى خۆیان دیوە کە بە هەزاران خانوو و ماڵى کورد وێران و تەخت کران و، بە دەیان کەناڵ و دەزگە و سەنتەرى میدیایى و کهلتوورى و مەدەنیى کوردى داخران، بە هەزاران مامۆستا و کارمەندى کورد لە وەزیفەکانیان دوور خرانەوە و بە سەدان خەڵکى مەدەنیى بێسووچ و بێدیفاع کوژران و بە سەدان هەزار، لە ماڵ و حاڵى خۆیان هەڵکەنران. بە قسەى وەزیرى ناوخۆى تورکیا، 14516 هاووڵاتیى کورد و مەدەنى، بە بیانووى پەکەکەبوون گیراون؛ ئەمە سەرەڕاى گرتنى "سەلاحەددین دەمیرتاش"ى سەرۆکى هەدەپ و چەند پەرلەمانتارێکى دیکە و بەشێکى زۆرى سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکان.
ئەم ڕیفراندۆمە، وەک بایدەمیر دەڵێ، بۆ کورد ڕەتکردنەوەى سیاسەتى ئەنتى- کوردانەى ئاکەپەیە، بە مانایەکى دیکە ئەگەر دەنگى "نا" لە ناوچە کوردنشینەکاندا زۆرینە بێ، لە مانایەک زێتر بەو لاوە شتێکى دیکە ناگەیەنێ، کە ئەو ژى ساغبوونەوەى نوێنەرایەتیى خەڵکى کوردە...
- سەرباریش، لە دواى کۆدەتاى 15ى تەمووزەوە، لە سایەى ڕاگەیاندنى بارى لەناکاودا، مافەکانى مرۆڤ کەوتوونەتە بەر شاڵاوێکى توند و، بە بیانووى ئەو کۆدەتایەوە بە قسەى وەزیرى ناوخۆ، 113260 کەس لە تورکیا ڕێوشوێنى ئەمنییان لە بەرانبەردا وەرگیراوە و، لەو ژمارەیە 47155 کەسیان لێ بهند کراون. لەم ژمارەیە 26177 کەسیان مەدەنى و 10732یان پۆلیس و 7463 کەسیان سەر بە سوپان و، 2575 کەسیشیان دادوەر و داواکارى گشتین. ئەمە سەربارى وەدەرنان و دوورخستنەوەى دەیان هەزار کەس لە وەزیفە و فەرمانەکانیان... ئەم ڕەوشە، بمانەوێ و نەمانەوێ، ترسى لەبەر خەڵکیکى زۆر ناوە کە ڕێبازى ڕاونان و کوشتوبڕ و سەمتى دیکتاتۆرى لە تورکیادا پەرە بسێنێ، وەک پەرلەمانتارى ئێستەى هەدەپە و جێگرى پێشووى سەرۆکى حزبى داد و گەشەپێدان، میر محەمەد دەنگیر فورات، دەڵێ.
- بێ لەوەیش، وەک دەردەکەوێ بارى خراپى ئابووریى تورکیا و داڕمانى بەهاى لیرە و بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵامسان (11.29%) و بەرزبوونەوەى ڕێژەى بێکارى و هاتنەخوارەوەى داهاتى ساڵانەى تاکەس بۆ نیوەى ساڵى 2006 و کەمبوونەوەى بەرهەمهێنانى بیانى و ناوخۆ و چەندین نیشانە و ئاماژەى دیکە، لە پاڵ پێوەندیى خراپى تورکیا بە وڵاتانى ئەوروپى و درێژەپێدانى جهنگ لەگەڵ پەکەکە و ...،کاریگەریى چەوتى بۆ سەر چینەکانى خوارێ و ناوەڕاست لە تورکیا دەبێ و، ئاکەپە ئەو شانازییەیشى نامێنێ کە خۆى پێ هەڵدەدایەوە، واتە بەرزبوونەوەى ئاستى بژێوى تاکەکەس و بوونى تورکیا لەناو گرووپى 20دا.
- لە کۆتادا، هێشتا، پانتایییەکى خۆڵەمێشیى ساغنەبووەوە هەیە، کە نزیکەى 10- 16%ى دەنگدەران دەبن. با بزانین لە 10 ڕۆژى داهاتوودا ئەو 10-16%یە چۆن بەسەر هەر دوو بەرەى "بەڵێ" و "نا"دا دابەش دەبێ، يان ئەوەتا بەشێکیان بایکۆتى چوونەسەر سندووقى دەنگدان دەکەن.
- بۆیە وەک من دەیبینم بەرەى "بەڵێ" لە خراپترین حاڵەتدا نزیکەى نیوەى دەنگەکان دەبا و، لە باشترین حاڵیشدا نزیک لە 55%. ديارە هەندێ جار سندووقەکانى دەنگدان، دەرەنجامى چاوەڕوانکراویشیان تێدایەو بەقسەى راپرسییەکانى ئەم دوو رۆژەى دوایى، رێژەى (بەڵێ) و (نا) زۆر لێکدى نزیکن. شەوى 16 لەسەر 17ى نيسان، هەموو شتیک ساغ دەبێتەوە.