هەڵوێستی تورکیا لە نێوان ئاڵای کوردستان و بەرژەوەندیی نەوتدا

خستنەڕووی پرس

لەسەر هەڵکردنی  ئاڵای کوردستان لە کەرکووک و سه‌باره‌ت به‌ هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی سیاسیی تورکیا، زۆر قسە و باس و لێکدانەوەی ناستراتیژی کران. لێکدانەوەکان ناڕیالستی و نائەکادیمی بوون، چونکە سەرەڕای ئەوەی دەمارگیرییان پێوە دیار بوو، سەرجەم ئەو شیکەرەوە سیاسییانە هاتن هەڵوێست و وشە توندەکانی سەرکردە سیاسییە تورکەکانیان خستە چوارچێوەی شیکردنەوەکانیان؛ کە ئەمەیش لە ڕووی لۆژیکی زانستی سیاسییەوە ناتەدروستە. بۆیە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت گفتوگۆی لەسەر بکەین، هەڵوێستی کۆمەڵێک لە سیاسەتمەدار و سەرکردەی سیاسیی تورکی نییە، لە نموونەی: ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا و مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەسەر ئاڵای کوردستان. چونکە ئەو گوتارانە، زیاتر دەکەونە چوارچێوەی بانگەشەی ڕاپرسییەکەی تورکیا بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی؛ بەڵکوو لێرەدا ئێمە باس لە چۆنێتیی گۆڕینی ستراتیژییەتی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و حکوومەت و ئاڵاکەی.

بە واتایەکی تر، ئایە ئەو گوتارانەی دەسەڵاتدارانی سیاسیی تورکی لەسەر ئاڵای کوردستان، چەندە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە جددین و جێگەی مەترسین؟ ئایا بۆ ناکرێت بە شێوەیەک بیر بکەینەوە، کە حکوومەتی کوردی و دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان، لە مامەڵە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ حکوومەتەکەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغاندا دۆڕاون؟

ناوەڕۆک

مێژووی دۆستایەتیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی سیاسی لە تورکیا زۆر کۆن نییە، بەتایبەتی لە ڕووی کاری سیاسی و مامەڵە دیپلۆماسییەکانەوە. دەتوانین بڵێین بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ  کاتی هاتنەسەردەسەڵاتی حزبی داد و گەشەپێدان بەگشتی[i] و، لە ڕووی مێژوویییەوە بە شێوەیەکی پراکتیکی بۆ کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٩ دەگەڕێتەوە. چونکە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی تورکیای کەمالییەوە لە ساڵی ١٩٢٣ تا ساڵی ١٩٩١یش، دەوڵەتی تورکیا دانی بە مافی گەلی کوردا نەدەنا، نەک تەنیا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، بەڵکوو لە ڕووی کەلتووری و مافە نەتەوایەتییەکانیشەوە.

هەروەها پاش ئەوەی تورکیای کەمالی، دوای جەنگی جیهانیی دووەم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ  بەرەو بەهێزی دەچوو، لە ساڵی ١٩٦٠ هاوپەیمانێتییه‌کی لەگەڵ حکوومەتەکانی دراوسێی واژوو کرد، بەتایبەتی لەگەڵ ڕژێمی بەعسی عێراق، بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی و بە بیانووی پاراستنی سنوورەکانیان، هەر یەک لە تورکیا و عێراق بتوانن گەلی کورد لەو دوو وڵاتە و لەسەر سنوورەکانیان سەرکوت بکەن؛ کە پاشتر ئەم سیاسەتە حکوومەتی ئێران و سووریای عەرەبیشی گرتەوە.

بەڵام لە دوای کۆچڕەوە مێژوویییەکەی ساڵی ١٩٩١ و دروستبوونی ناوچەی ئارام لە باشووری کوردستان، هەروەها هاوکاریی هاوپەیمانان بەتایبەتی فەڕەنسا و بریتانیا، ئەو ڕووداوانە وایان کرد قۆناغی پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ کوردەکانی باشووری کوردستان، تا ڕاددەیەکی کەم گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و، بە شێوەیەکی سنووردار حکوومەتەکەی "تورکوت ئۆزال"، لە ڕووی ئابووری و که‌لتوورییەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات. هەرچەندە لە دوای ساڵی ١٩٩٢ و دامەزرادنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار، چەند جارێک دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان کردووە. بەڵام پەیوەندییەکان بەو شێوەیە مانەوە، تا ڕووخانی ڕژێمی سەددام لە ساڵی ٢٠٠٣ و دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراقی لە ساڵی ٢٠٠٦دا.

هەرچەندە مامەڵەی تورکەکان دوای ساڵی ٢٠٠٦، لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، تا ڕاددەیەک بەرامبەر هەرێمی کوردستان لە ڕووی بازرگانی بەگشتی و بازرگانیی وزەوە بەتایبەتی، لە ڕێگه‌ی کۆمپانیاکانی "گەناڵ ئینێرژی" و "تاپکۆ"وە بەرەو پێش چووبوو؛ بەڵام دەسەڵاتدارانی سیاسیی تورکی بەگشتی، هەر بەو هیوایە بوون حکوومەتی نوێی بەغدای دوای سەددام حوسێن، بەپێی بەرژەوەندیی ئەوان بڕوات و، تا بکرێت لە کوردەکانی کوردستانی باشوور دوور بکەونەوە. بۆ نموونە: لە ساڵی ٢٠٠٧دا، "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو، سەردانی بەغدای کرد و، لە یەکێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکاندا یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان لێی پرسی "ئایە سەردانی هەرێمی کوردستان و  سەرۆکی هەرێم، "مەسعوود بارزانی" دەکەیت؟" ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە وەڵامدا گوتی: "من لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووری مالکی، کۆ بوومەوە، نامەوێت لەگەڵ سەرکردەیەکی عەشیرەت کۆ ببمەوە؛ من نه‌ لەگەڵ مەسعوود بارزانی، نە لەگەڵ هیچ کەسێکی تر کۆ نابمەوە؛ هەروەها پ. د. ک (پارتی دیموکراتی کوردستان)، پشگیریی پەکەکە دەکات."

ئەم قسانەی ئەردۆغان زۆری پێ نەچوو، تەنیا دوای دوو ساڵ، بە دیاریکراوی لە کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٩دا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هات؛ بەتایبەتی دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نە دژی ئەوانە و نە دژیان پشگیریی پەکەکەیش دەکات، بەڵکوو حکوومەتی هەرێم تەنیا دەیەوێت مامەڵەیەکی دۆستانەی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هەبێت.

نەوت و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان

بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و خاک و حکوومەتەکەی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووه‌و فراوانبوونە، بەتایبەتی دوای کۆتاییی جه‌نگی داعش و ڕووداوە پێشبینیکراوەکانی دوای ئەو جه‌نگە.  بۆیە ئەگەر لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە، کە ئایە هەڵوێستەکانی تورکیا دەربارەی ئاڵای کوردستان جددین، بە هەڵوێستە نوێیه‌کەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانیشەوە، لە وەڵامدا دەڵێین: نەخێر، ئەو گوتارانە جێگەی مەترسی نین، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٩وە بە شێوەیەکی ستراتیژی، دەسەڵاتدارانی تورکیا سیاسەت و هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئاڵاکەی گۆڕیوە، کە دەتوانین ئەوەیش بۆ سێ هۆکاری سەرەکی بگەڕێنینەوە:

یەکەم: بەرژەوەندیی تورکیا لەناو کەرتی وزەی باشووری کوردستاندا زۆر زۆرن، کە لە چەندین ڕوانگەوە سوود لە سامانە سروشتییەکانی باشووری کوردستان وەردەگرێت، لەوانە:

  • تورکیا بەشێک لە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە پێداویستیی ناوخۆدا  بەکار دەهێنێت؛ کە ئەو نەوتەیش تەنیا بریتی نییە لە نەوتی پارێزگه‌ی کەرکووک، بەڵکوو تورکەکان باش دەزانن کە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەو نەوت و گازەی تیایدا کۆ بۆتەوە، چەندین جار زیاترە لە نەوت و گازی پارێزگه‌ی کەرکووک.
  • کۆمپانیا تورکەکانی بواری وزە، لە نموونەی گەنەڵ ئینێرژی، زۆرترین قازانج لە کەرتی وزەی کوردستاندا دەکەن؛ ئەوەیش لە ڕێگەی ئەو وەبەرهێنان و بازرگانییەی بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە دەیکەن.
  • تورکەکان لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی کوردستان - جیهانەوە، لە بەرامبەر ڕۆیشتنی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، پارەیەکی باش وەردەگرن، سەرەڕای وەرگرتنی پارەی ئەمبارکردنی نەوتی خاوی کوردستان لە ئەمبارەکانی بەندەری جیهان؛ کە ئەمەیش دووبارە و سێبارە قازانجە.
  •   تورکیا لە ڕێگەی پشتبەستن بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستانەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گوشارە ئابووری و سیاسییەکانی ئێران و ڕووسەکان دوور دەکەوێتەوە؛ کە لە ڕێی فرۆشتنی گازەوە دەیخەنە سەری.

دووەم: ڕۆڵ و دەسەڵاتی ئێرانییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەناو عێراقدا زیاتر دەبێت، بەتایبەتی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣دا. بە دیوێکی تردا، عەرەبە شیعەکانی ناو عێراق زۆربەی خاک و دەسەڵاتە سیاسی و ئابوورییەکانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، بە شێوەیەک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ عەرەبە سوننە و هاوپەیمانەکانی تورکیاشیان لەناو عێراقدا دەخەنە دەرەوەی بازنە سیاسی و ئابوورییەکانەوە، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی بێت، یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش؛ کە ئەمەیش، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و تائیفی و کۆمەڵایەتییشەوە لە بەرژەوەندیی تورکەکاندا نییە.

سێیەم: لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانکاریی نوێی سیاسی و ئابووری، بەتایبەتی لە بواری ئاسایش و وزەدا بەڕێوەیە. تا ئێستا باشترین هاوڕێ بۆ دەوڵەتی تورکیا، کوردستانی باشوور و حکوومەتەکەیەتی؛ کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دەکرێت پێکەوە هەوڵ بدەن بە کەمترین زەرەر و زۆرترین قازانج لەو جه‌نگانە بێنە دەرێ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە.

سەرەڕای ئەو هۆکارانەی سەرەوە، چەندین هۆکاری نهێنیی پڕ لە بەرژەوەندی هەن، کەوا لە تورکەکان بکەن لە ڕووی ستراتیژییەوە حکوومەت و خەڵکی باشووری کوردستان، نەکەن بە دووژمنی ئاییندەیان.

کۆبەند

هەڵوێستی دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا بەرامبەر بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان جددی نییە، بەڵکوو ئەوەندەی بۆ کۆکردنەوە و نمایشکردنێکی سیاسییە، ئەوەندە لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە مەترسی نییە بۆ سەر ئاییندەی حکوومەت و هەرێمی کوردستان؛ چونکە ئەو بەرژەوەندییانەی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەتایبەتی لە بواری وزەدا، دەوڵەتی تورکیا بە خاک و حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە، زۆر زیاترە لەو بەرژەوەندییەی کە بە بەشێک لە تورکمانەکانی کەرکووکی بەستۆتەوە. هەروەها تورکیا وا بەئاسانی سەرجەم ئەو بەرژەوەندییانە، بە قوربانی هەڵکردن، یان داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ناکات؛ لە کاتێکدا خۆی مانگێک پێش ئێستا، ئاڵای کوردستانی لەناو خاکی تورکیا لە پاڵ ئاڵای تورکیا و عێراقدا لە کاتی پێشوازیکردنی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هەڵکردبوو.

 

 

[i]  حزبی داد و گەشەپێدان لە ساڵی ٢٠٠١، لە لایەن کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمانەوە، بە سەرۆکایەتیی "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" دروست بوو، کە لە حزبی فەزیلەی ئیسلامی جیا ببوونەوە، پاش ئەوەی بە بڕیاری دادگه‌ی دەستووریی تورکی ئەو حزبە هەڵوەشایەوە. یەکەم بە شداریشی هەڵبژاردنی لە ساڵی ٢٠٠٢دا بوو، کە ئەو حزبە توانبی زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت  و ٣٦٣ کورسیی پەرلەمانی بباتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples