- ڕاستە هێشتا ئەنجامە بەرایییەکانى ڕیفراندۆمى 16ى نیسانى تورکیا، بەفەرمى نەبوونەتە ئەنجامى کۆتایى، لێ پێم وا نییە گۆڕانێکى ئەوتۆ بەسەر ئەنجامى کۆتاییدا بێ؛ چونکە دەستەى هەڵبژاردنى ئەو وڵاتە داواى بەرەى "نەخێر"ى ڕەت کردەوە.
- وەک دەزانرێ بەرەى "بەڵێ" بە ڕێژەى 51،41% لە بەرانبەر بەرەى "نەخێر" به ڕێژهی 48،59%، بردییەوە. ئیدى وردە وردە گۆڕانکارییە دەستوورییەکان دەکەونە بوارى جێبەجێکردنەوە؛ بەتایبەتى ماددەى 159ى هەموارکراو، کە پێوەندیى بە هەڵبژاردنى "دەستەى باڵاى دادوەر و داواکارییە گشتییەکان"ەوە هەیە و، هەر زوو لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى کۆتایى، دێتە جێبەجێکردن و ماددەى 101 کە پێوەندیى بە حزبیبوونى سەرۆكکۆمارەوە هەیە، کە وێدەچێ ئەویش زوو بێتە جیبەجێکردن. وا هزر دەکرێ خێرا و بەفەرمى، ئەردۆغان بێتەوە ناو حزبى داد و گەشەپێدان و، پاشان کۆنفڕانسێکى گشتیى ئەو حزبە ببەسترێ و خۆى سوکانى حزبەکە بەدەستەوە بگرێ و، بۆ هەڵبژاردنى گشتيى پارلەمان و سەرۆکایەتى، ساز و ئامادەى بکاتەوە؛ کە بەگوێرەى دەستوورى تازە، دەبێ لە 3ى نۆڤامبەرى 2019دا بهەڤڕا بەڕێوە بچێ.
- تا ئێستە چەندین سەرۆک وڵات، بە سەرۆکى ئەمریکا و ڕووسیایشەوە، پیرۆزبایییان لە ئەردۆغان کردووە. وێدەچێ تا ڕاددەیەک ئەوروپا بەم ئەنجامە سەرگران بێ و، چاوەڕوانى ڕاپۆرتى OSCEى دەکا.
- کەواتە کورد گوتەنى "دۆڵ دڕا، تەقەى بڕا" و، قۆناخێکى تازە لە دەسەڵاتڕانیى تورکیا دەست پێ دەکا. لە سەرینى ئەمەیشەوە، هەقە بزووتنەوەى سیاسیى کوردستانى باکوور، بە هەموو ئاڕاستە سیاسى و ئایدیۆلۆژییەکانییەوە، وەک دەڵێن دەست و پەنجەى خۆیان لەگەڵ ئەو قۆناخە نوێیەدا نەرم بکەن. ئاخر بەگوێرەى ئەو گۆڕانکارییە دەستوورییانە، هەندێ لە یاساکانى تورکیایش لە ماوەى دادێ، گۆڕانکارییان تێدا دەکرێ تا لەگەڵ سیستەمى تازەدا تێک بکەنەوە. سیاسەتکردن لەسەر بنچینەى هەلومەرج و کاودانى کۆنکرێت، بەڕێوە دەچێ.
- کورد لە تورکیا، نزیکەى 20 ملیونێک دەبێ و نیوەى ئەو ژمارەیە لە بەشى ڕۆژهەڵات و باشوورى ڕۆژهەڵاتى تورکیادان، کە ئێمە "کوردستانى باکوور"ى پێ دەڵێین و، نیوەکەى دیکەیش لە میترۆپۆڵەکانى تورکیادا مینا "ئیستانبۆڵ، ئیزمیر و ئانكارا و هتد.
- هەڵبەت لە ماوەى 90 ساڵ زێترى دەسەڵاتڕانیى تورکان لە دواى ڕاگەیاندنى کۆمار، لە 1923ەوە، بەکردەوە سیاسەتى "یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان..." پێڕەو کراوە. لە سایەى ئەم سیاسەتەدا گۆڕانکارى بەسەر پێکهاتەى شار و ویلایەتە کوردنشینەکانى تورکیادا هاتووە. دکتۆر "عەبدوڵڵا غەفوور"، کە جوگرافیناسێکى شارەزایە، لە کتێبى "جوگرافیاى کوردستان"، چاپى چوارەم، ل 187، دبێژە: بەرزترین ڕێژەى تورک لە ساڵى 1985دا، لە پارێزگهى گازى ئانتەب بوو )90%(. یەکە ئیدارییەکانى دیکەیش بەو جۆرە ڕیزیان بەستووە: مەرعەش- 89%، ئەرزەڕۆم- 86%، موش- 86%، مەلاتیە- 68%، ئەرزنجان- 63%، ئەلازیغ- 69%، ئادیەمان- 47%، ئۆرفە- 37%، بینگۆڵ- 30%، ئاگرى- 29%، وان- 28%، دیاربەکر- 27%، دەرسیم- 21%، ماردین- 20%، بدلیس- 20%، هەکارى- 11%، سێرت 7%. هەر بە قسەى دکتۆر عەبدوڵڵا غەفوور، ڕێژەى عهرەب لە ئۆرفە 19% و، لە سێرت 14%. چەند ئەو ڕێژانە ڕاستن، جێگەى پرسیارن: ئایا ئەو ڕێژانە وەکوو خۆیان ماونەتەوە؟ هەڵبەت دکتۆر، پشتى بە چ سەرچاوەیەک بەستووە، دیار نییە! بەڵام دكتۆر "جەبار قادر"، کە ئاکادیمیسیەنێکى شارەزاى دیکەى تورکیایە دەڵێ: پێش هەموو شتێک، لە سەرژمێریی فهرميی تورکیەدا كە سەرژمێریى فەرمیى دانیشتووان دەکرێ، باسی ڕەچەڵهکی ئیتنیکیی دانیشتووان ناکرێت. بۆیە ئەو ژمارانەى سەرێ تا سەرژمێرییەکى دروست و زانستى دەکرێ، مەزەندەن. بەهەرحاڵ بە قسەى ڕۆژنامەنووسێکى کورد و شارەزاى تورکیا، کاک "مەحموود بۆزئەرسەلان"، لەم (13) ویلایەتەدا (ئاگرى، باتمان، بینگۆڵ، بتلیس، ئامەد، هەکارى، شەرناخ، ماردین، سێرت، تونجەلى، وان، ئۆرفە، موش) کورد زۆرینەیە و، لە هەر دوو ویلایەتى "ئیدیر" و "قارس"یش کورد و تورک، یان ئازەر، نیوە بە نیوە دەبن؛ بەڵام لەو ویلایەتانەیشدا لە تەک کورددا ژمارەیەکى بەرچاوى تورک، کەمینەى عهرەب و كلدان و سريان، ئەرمەن و ئازەر و قەوقاسى و ... هەن. بەم مانایە، مەرج نییە هەموو ئەوانەى لە ناوچە کوردنشینەکاندا دەنگیان بە ئاکەپە، جەهەپە، مەهەپە و... داوە کورد بن و، ڕێگەى تێ دەچێ خەڵکى غەیرە کوردیش دەنگى بە هەدەپ دابێ.
بۆ نموونە لە هەڵبژاردنى گشتیى 1ى نۆڤامبەرى 2015دا، لەو 15 ویلایەتەى ناوم لە سەرەوە هێناون، 5098247 کەس هەقى دەنگدانیان هەبووە، ڕێژەى دەنگدان 83.5% بووە و 2426005 کەس دەنگیان بە (هەدەپ داوە؛ واتە نزیک )57%)، 1457517 کەس بە ئاکەپە، واتە )34.24%) و 103643 کەس بە جەهەپە، واتە )2.43%) و 85365 کەس بە مەهەپە، واتە (2%) و حزب و لایەنەکانى دیکە 184377 دەنگیان هێناوە، کە دەکاتە ڕێژەى 4.33%.
- لە هەڵبژاردن و ڕیفراندۆمەکاندا، پۆلیس، ئەفسەر و سەرباز و "هێزى تایبەتى"یش، لەو شوێنەى خزمەتى تێدا دەکەن، دەنگى خۆیان دەدەن و سندووقى تایبەتیان پێش ڕۆژى هەڵبژاردن بۆ دادەنرێ و، دەنگەکانیشیان لەسەر ئەو ویلایەتە دێتە حیسابکردن کە دەنگیان لێ داوە. هەرچەند لە ماوەى ساڵ و نیوى ڕابردوودا، ژمارەى ئەوانە لە ویلایەتە کوردنشینەکاندا، بەهۆى شەڕوشۆڕەوە، دووقات و سێقات زیاد بوون، بەڵام وەک کاک "محەمەد سانرى"، کە ڕۆژنامەنووسێکى کوردى دانیشتووى ئیستانبۆڵە دەڵێ: "کاریگەرییەکى بەرچاویان لەسەر ڕێژەکانى دەنگدان نییە."
- با چاوێک لە ئەنجامەکانى بەرەى "بەڵێ" (ئاکەپە+ مەهەپە و هوداپار و حزبوڵڵاى کوردى و چەند لایەنێکى دیکە) و بەرەى نەخێر (هەدەپ+ جەهەپە و هاکپار و چەند لایەنێکى بچووکى دیکە) لە ڕیفراندۆمى 16ى نیساندا بکەین. لەو 15 ویلایەتەدا، 5300544 کەس مافى دەنگدانیان هەبووە و ڕێژەى دەنگدانیان تێدا 79.82% بووە. بەرەى "نەخێر" 2187546 دەنگى هێناوە، واتە بە ڕێژەى 51.7% و بەرەى "بەڵێ" 1927830 دەنگ و بە ڕێژەى 45.56% و 115887 دەنگیش سووتاوە و بەتاڵ کراوە، واتە بە ڕێژەى 2.73%. واتە بەرەى "بەڵێ" بە ڕیژەى 9.32% زیادى کردووە، کەچى بەرەى "نەخێر" بە بەراورد بە 2015، بە ڕێژەى 7.69% کەمى کردووە. لێرەدا دوو تێبینى هەیە: یەکیان ڕێژەى دەنگى سووتاو و بەتاڵکراوە و، دووەمیان ڕێژەى بایکۆتکردنە لەو ویلایەتانەدا کە هەر دوو "حزبی سۆسیالیستی کوردستان- باکوور" و "حزبی ئازادیی کوردستان" و لایەنى دیکە بانگەشەیان بۆ دەکرد؛ وەک دەبیندرێ ڕێژەى دەنگدان، 6.64% کەمتر بووە لە سەرانسەرى تورکیا و ئەوەیش بە قازانجى بەرەى "بەڵێ" شکاوەتەوە.
- بەرەى بەڵێ (تۆ بڵێ ئاکەپە) لە ڕیفراندۆمى 16ى نیساندا 384948 دەنگ بە بەراورد بە 1ى نۆڤامبەرى 2015 زیادى کردووە. بەڵام جیاوازیى نێوان دەنگەکانى بەرەى بەڵێ و بەرەى نەخێر لە سەرانسەرى تورکیەدا، 1,379,634 دەنگەو ئەگەر بەرەى بەڵێ ئەو دەنگە زیادەى لە سەرێ ئاماژەى پێ کرا، نەبردباو دەنگەکانى وەک 1ى نۆڤامبەر بمابانایەوە و بەرەى نەخێریش دەنگەکانى خۆى لە 1ى بهێنابایەوە، هێشتا جیاوازى نێوان بەرەى بەڵێ و بەرەى نەخێر، 610038 دەنگ دەبوو، واتە هێشتا بەرەى بەڵێ بە رێژەى 50,6% دەیبردەوە. بەڵام وەک بۆمان روون دەبێتەوە لە ڕێژەى 51,4%ى بەرەى بەڵێ، 7,66% هى ئەو 15 ویلایەتە زۆرینە کوردنشینە بووەو بە دەنگى کورد، بەرەى بەڵێ ریفراندەمەکەى بردووە، نەک بەو دەنگە زیادانەى کە لەو 15 ويلایەتەدا هێناویە. کەچى بەرەى نەخێر بە بەراورد بە 1ى نۆڤامبەرى 2015، 342100 دەنگ کەمى کردووە.(١)
- لێ وەک دەگوترێ، دوو ملیۆن و نیو کارتى مۆرنەکراو پڕ کراونەتەوە، کە دەکاتە ڕێژەى 5%؛ بەڵام دیار نییە کە ئەو کارتانە زێتر لە کام ویلایەت بەکار هاتوون. بەگوێرەى زانیارییەکانى من، بەشێکیان لە ویلایەتى ئۆرفە و ماردین و بینگۆڵ بەکار هاتوون؛ بەڵام بە قازانجى کێ و چۆن، دیار نییە.
- وەک لە سەرێ گوتم، لەو 15 ویلایەتەدا زۆرینەى دانیشتووان کوردن، بەڵام نە دەنگەکانى بەرەى "نەخێر" هەموویان هى خەڵکى کوردن و، نە دەنگەکانى بەرەى "بەڵێ"یش هەموویان هى کوردن. چونکە ناوچەیەکى تێکەڵاوە و، بەوردى نازانرێ ڕێژەى پێکهاتە ئیتنییەکان چەندە و چۆن دەنگیان داوە، بەڵام بە حوکمى گرژیی ئیتنى و بوونى بزووتنەوەیەکى بەهێزى کوردى لە تورکیادا، وێدەچێ زۆرینەى هەرە زۆرى دەنگەکانى بەرەى "نەخێر"، هى کوردان بن و دەنگەکانى بەرەى "بەڵێ"یش تێکەڵەیەک بێ؛ چونکە ئاکەپە لەناو قوروچى و بەشێکى عەشیرەت و ناوەندى کۆنزەرڤاتیڤ و دیندارى کورددا بوونێکى بەرچاوى هەیه. ڕەنگە یەکێک بڵێ ئاخر "هوداپار" کە لەگەڵ بەرەى "بەڵێ" بووە، کاریگەریى زۆرى هەبووە، بەتایبەتى لە دیاربەکر و باتمان؛ لێ لەبەرانبەریشدا "هاکپار" لەگەڵ بەرەى "نەخێر" بووە، کە لە هەڵبژاردنى 7ى حوزەیرانى 2015دا زێتر لە 100 هەزار دەنگێکى هێنا.
- بەرەى "بەڵێ" لە میترۆپۆڵە گەورەکانى تورکیا (ئیستانبۆڵ، ئیزمیر، ئانكارا و ...) نەیبردەوە، لە کاتێکدا پێشان دەگوترا: "کێ ئیستانبۆڵ بباتەوە، تورکیا دەباتەوە." دەرچوو ئەم قسەیەیش وا نییە. دەرچوو، کێ ئەنادۆڵى ناوەڕاست بباتەوە، ئەو دەیباتەوە. ئەم جارە، داوێن لە سەنتەرى بردەوە. وەک گوتم نیوەى کورد لە میترۆپۆڵەکان دەژى. با سەیرێکى ئیستانبۆڵ بکەین. لە هەڵبژاردنى 1ى نۆڤامبەرى 2015دا ئاکەپە 48.72%ى دەنگەکانى بەدەست هێنابوو، مەهەپەى هاوپەیمانیشى 8.59%، کە بەیەکەوە دەکەنە 57.31%؛ کەچى لە ڕیفراندۆمەکەدا، بوونە 48.56%. لە بەرانبەردا هەدەپ لە ئیستانبۆڵ 10.05% و جەهەپە 30.44%ى بەدەست هێنابوو، کە پێکەوە دەکەنە 40.49%؛ کەچى ئێستاکە بوونەتە 51.44%، واتە نزیک لە 11% زیادیان کردووە. لە ئانكارا ئاکەپە پێشتر 48.78%ی دەنگەکانى بردبوو، مەهەپە 14.2%، کە پێکەوە دەکەنە 62.98%؛ کەچى لە ڕیفراندۆمەکەدا بوونە 48.8%، واتە بە ڕێژەى 14.18% دابەزیون؛ لە بەرانبەردا، جەهەپە لە هەڵبژاردنى گشتیى 2015دا، 30.81%ى هێنابوو، "هادەپ"یش 4.05%، کە بەیەکەوە دەکەنە 34.86% و، لەم ڕیفراندۆمەدا بوونەتە 51.2%؛ واتە 16.34% زیادیان کردووە. ئەى ئەوە چۆن لێک دەدرێتەوە و چەندى بەبەر کورد دەکەوێ؟ هەڵبەت دیار نییە و نازانرێ. با بەشێک لەو دەنگانە هى ناسیۆناڵیستەکانى ناو مەهەپە بن، کە دەنگیان بە "نا" داوە.
- لە کۆتادا دەبێ ئەم پرسانە لێیان بکۆڵڕێتەوە:
ئایا کاریگەریى جهنگى ناوخۆ و جهنگى ناو شارەکان و دەربەدەربوون و ئاوارەییى سەدان هەزار کەس، چەند کاریگەریى نیگەتیڤیان بۆ سەر دەنگەکانى هەدەپ و بەرەى "نەخێر" هەبووە؟
ئایا ئەو خەڵکانەى ناوچەکە، کە هیوایەکیان لەسەر پرۆسەى ئاشتى و دیالۆگ و چارەسەرى مەدەنییانەى کێشەى کورد هەڵچنیبوو، بە دەسپێکردنەوەى جهنگ لە نێوان حکوومەت و پەکەکەدا وەک دوو لایەنى بەرپرس لەو جهنگە، چەندیان لە دەنگدان بە هەدەپە دوور کەوتوونەتەوە، یان بایکۆتى دەنگدانیان کردووە؟
ئایا ترس و تۆقاندن و گوشار و ساختەکارى، کە وەک ڕاپۆرتى "ڕێکخراوى تەناهى و هاریکاریى ئەوروپى OSCE و کۆمیسیۆنى ئەوروپى" ئاماژەى بۆ کردوون، چەند کاریگەریى هەبووە، بەتایبەتى لە ناوچە دوورەدەستەکاندا، بەتایبەتى بەکارهێنانى کارتى مۆرنەکراو لەو ناوچانەدا چەند بووە و بە قازانجى چ بەرەیەک بووە؟
ئایا لە بەرانبەردا، بەشێکى دەنگدەرى مەهەپە کە بە "نەخێر" دەنگیان داوە، چەندە؟ چونکە پێشتر ئەو حزبە لەسەر ئاستى هەموو تورکیا 11.9%ی دەنگەکانى لە هەڵبژاردنى گشتیى 1ى نۆڤامبەرى 2015دا هێنابوو، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێ کرد، پێگەى ئەم حزبە لەو 15 ویلایەتەدا، هەندە بەهێز نەبووە تا کاریگەریى بۆ سەر دەنگەکانى بەرەى "بەڵێ" هەبێ لەوێ.
- کەواتە بەکردەوە لەو 15 ویلایەتەدا، دوو ئەکتەرى سەرەکى، بەرەوڕووى یەکدى ببوونەوە: هەدەپ و ئاکەپە. هێشتا هەدەپ لەو 15 ویلایەتەدا بە چەند خاڵێک لەپێش ئاکەپەوەیە و، دەکارێ ئیدیعاى نوێنەرایەتیى زۆرینەى خەڵکى ناوچەکە بکا. بەڵام پێمان خۆش بێ یان نا، هەدەپ لەکورتیى داوە و ئاکەپەیش هەڵکشاوە و، وەک دوو ئەکتەرى سەرەکیى لەسەر نوێنەرایەتیکردنى خەڵکى ناوچەکە لە ڕکەدان و، بەرەى هەدەپ لەو 15 ويلايەتەدا تەنیا 259716 دەنگ لەپێش بەرەى ئاکەپەوەیە. لە سەرینى ئەمەوە، هەقە کورد لەناو خۆیاندا لەسەر پلاتفۆرمێک بۆ مافەکانى کورد ڕێک بکەون.
- ئایا "کوردەکانى ناو ئاکەپە"، پاش ئەوەى کە حزبەکەیان دان بەوەدا دەنێ كه کورد ڕۆڵى لە سەرخستنى بەرەى "بەڵێ" دا هەبووە، لەناو حزبەکەى خۆیاندا گوێیان زێتر لێ ناگیرێ؟ ئایا بۆ ئەو پێزانینە و دوورخستنەوەى ناوچەکە لە جهنگ و ماڵوێرانیى زێتر، پرۆسەى دیالۆگ و ئاشتى دەست پێ دەکاتەوە، بەتایبەتى کە بەرەى "بەڵێ" بە ڕێژەیەکى کەم بردوویەتییەوە و، هاوپەیمانیکردن لەگەڵ کورداندا دەسەڵاتڕانییان بۆ مسۆگەر دەکا؟ ئەمە ئەگەرێکە و، ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێ. بەڵام ئەگەرى دیکەیش هەیە کە ئەردۆغان لە تاکڕەوى پێ هەڵبڕێ و، درێژە بە سیاسەتى ناحەزانەى بەرانبەر کوردى ناوخۆى وڵاتەکەى و سووریا بدا و لەگەڵ یەکێتیى ئەوروپى بیگەیەنێتە بنبەست و، بازنەى ئازادییە دیموکراتییەکان تەسکتر بکاتەوە و...
(١) بۆ زانیاریی زیاتر، سەیرى ئەم لینکە بکە
http://referandum.ntv.com.tr