ڕۆشنبیریی نەوت لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

خستنەڕووی پرس

یەکێک لە پرسیارە گرنگەکانی ئێستای هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە: ئایە ئەوەی لەناو میدیای کوردیدا، بە هەر چوار ڕووی چاپکراو، بیسرا، بینراو و ئەلکترۆنییەوە، سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەگوترێت، تا چ ڕاددەیەک دڵنیا بن کە بەشێک لە ڕاستی و دروستیی تێدایە؟ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ئاست و چۆنێتیی بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی نەوت، یان بە مانا زانستییەکەی ڕۆشنبیریی پتڕۆلێۆم، لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا.

هەرچەندە پرسی ڕۆشنبیریی نەوت بۆ کوردستانیان نوێیه‌ و، بە شێوەیەکی دیار ناتوانین بڵێین قسەکردن لەسەر پرسی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێکی دیاریکراو، چونکە کوردستانیان تا ڕاددەیەک لەسەر ئاستی چین و توێژە جیاجیاکان گرنگیی نەوتیان زانیوە، بەڵام لە دوای دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراقی، دەستپێکردنی ململانێکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٧ەوە، بابەتی نەوت و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی، بووە جێگه‌ی گفتوگۆیەکی گەورە لە ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکاندا. بەڵام لەناو هاووڵاتیانی هەرێمی کورستاندا، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدان و بەهێزبوونی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەناو پەرلەمان و شەقامی سیاسیی کوردیدا، بە دیاریکراوی لە ساڵی ٢٠٠٩وە. چونکە ئەوان وایان بانگەشە دەکرد کە لە ڕێگەی هەڵدانەوەی گەندەڵی لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز، دەتوانن زانیاری لەسەر نەوت بڵاو بکەنەوە. کە بەداخەوە ئەگەرچی باس و گفتوگۆ لەناو شەقامی کوردیدا سەبارەت بە کەرتی نەوت و گاز زۆر بوو، بەڵام هیچی پەیوەندیی بە ڕۆشنبیریی نەوتەوە نەبوو، بەڵکوو زیاتر باس و زانیارییەکان پەیوەندیدار بوو بە داهاتی نەوت و گازەوە. داهاتیش بەشێکی بچووکە لەو ڕۆشنبیرییە، بە مەرجێک زانیاریی ڕاست و دروست لەسەر ئەو داهاتە بڵاو بکرێتەوە، هەروەها نەخرێتە چوارچێوەی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتییەوە.

ڕۆشنبیریی نەوت چییە؟

بۆ زیاتر تێگەیشتن لە ڕۆشنبیریی نەوت، دەبێت بزانین کە ڕۆشنبیریی نەوت بە واتای چێژوەرگرتن و سوودوەرگرتن دێت لە زانین و زانیاری سەبارەت بە گرنگیی نەوت و داهاتەکەی؛ بەو ئامانجەی، بگەین بە ئاستێکی زانین (المعرفة) سەبارەت بە نەوت، تا بتوانین لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەوە سوود و زیانەکانی لێک جیا بکەینەوە، لە کاتی باش، یان خراپ بەکارهێنانی. ڕاستە بابەتی نەوت بۆ خۆی بابەتێکە زیاتر دەکەوێتە ناو زانستە سروشتییەکانەوە و، زیاتر تایبەتە بە زانستی زەویناسی، کە لێرەدا "جیۆلۆژییەکان" لە قۆناغی دۆزینەوەدا ڕۆڵێکی گەورەی تێدا دەبینن، هەروەها لە لایەکی تریش پەیوەندارە بە ئەندازیاریی نەوتەوە کە بتوانێت لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە ئەو نەوتە بهێنێتە سەر زەوی؛ لەوەیش زیاتر پسپۆری بواری پترۆکیمیایی و، هەروەها چەندین پسپۆری تر کە لە ڕووی تەکنیکی و ئیداری و ئابوورییەوە لەو کەرتەدا کار دەکەن.

بەڵام جگە لە توێژی ئەکادیمی و پسپۆر، دەبێت هاووڵاتیانیش تا ئاستێک زانیارییان لەسەر بابەتی نەوت هەبێت، کە میدیا جۆربەجۆرەکانی سەر بە حزبە سیاسییە کوردییەکان وا بەئاسانی ئاراستەی بیرکردنەوەکانیان نەگۆڕن، بەو ڕێگەیەدا کە دەیانەوەێت.

ڕۆشنبیریی نەوت لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا بە شێوەیەکی زانستی و تەندروست و دوور لە دەمارگیریی سیاسی، هەوڵ نەدراوە ڕۆشنبیریی نەوت بڵاو بکرێتەوە؛ کە ئەم ئەرک و ڕەخنەیە، بەشێکی بەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکەوێت، بەشەکەی تریشی بەر وەزارەتی ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا و پەروەردە، لە دوای ئەوانیش حزبە سیاسییە کوردییەکان. چونکە لە لایەک حزبە سیاسییە کوردییەکان بە شێوەیەک باسی نەوت و گازیان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەک بڵێیت گرنگیی نەوت تەنیا بریتییە لەو داهات و پارەیەی کە لێوەی دەست دەکەوێت؛ کە ئەم کار و بانگەشەیە هەڵەیە و، بۆ سەر ئاسایشی وزەی کوردستان جێی مەترسییە. لە بەرامبەریشدا، نە حکوومەت و نە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا و پەروەردە، لە پاڵ کەسە پسپۆرەکاندا، نەهاتن وەڵامی ئەو حزب و کەسایەتی و ئەندام پەرلەمانانە بدەنەوە، کە بە شێوەیەکی ناتەندروست باسی کەرتی وزەی کوردستانیان دەکرد. واتا ململانێی سیاسیی ناتەندروست، وای لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد کە نەک تەنیا چێژ لە زانیاریی تایبەت بە نەوت و گازوەرنەگر، بەڵکوو ڕقیان لە کەرتی نەوت و گازیش ببێتەوە.

هەروەها لایەکی تری کێشەکەیش ئەوەیە، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و نووسەری بواری کەرتی نەوت و گاز پەیدا بوون، کە جگە لەوەی لەو بوارەدا پسپۆر نین، هەروەها بە شێوەیەکی زۆر نازانستی و دوور لە کاری ڕۆژنامەوانی، لەسەر کەرتی نەوت و گاز ده‌نووسن و قسە دەکەن. زۆر جاریش کۆمەڵێک زانیاری و شیکردنەوەی ڕۆژنامەوانیی وا بڵاو دەکەنەوە، کە بە بیرکردنەوەی ئەوان دەکەوێتە چوارچێوەی ڕەخنەوە لە ڕێگەی دەسەڵاتی چوارەمەوە کە (میدیا)یە و، وەک گوشارێک دەیخەنە سەر حکوومەت و دەسەڵات، بەڵام لە بەرامبەردا دەکەوێتە ناو بازنەی ململانێی سیاسیی ناتەندروستەوە. بەداخەوە، ئەو کێشەیە هەر ڕۆژنامەنووسانی نەگرتۆتەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک کەسایەتیی ئەکادیمیی ناو زانکۆکانیشی گرتۆتەوە؛ کە جگە لەوەی ئەو بابەتەی کە قسەی لەسەر دەکەن پەیوەندیدار نییە بە پسپۆرێتیی خۆیانەوە، بەڵکوو تەنیا لەبەر ئەوەی بڕوانامەیەکیان هەیە، هەوڵ دەدەن لەسەر هەموو بوارێک قسە بكه‌ن و بنووسن.

دەرەنجام و چارەسەر

ڕۆشنبیریی نەوت، ئەرکێکی نیشتمانی و زانستییە؛ بۆیە بەرپرسیارێتیی بڵاوکردنەوەی ئەو ڕۆشنبیرییە دەکەوێتە سەر سەرجەم لایەنەکان، بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکان و، ئه‌وجا کەسە پسپۆرەکانی ناو دامەزراوە جیاجیاکان، بەتایبەتی زانکۆ و ناوەندەکانی بیرکردنەوە و میدیای کوردی بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسان. بۆیە ئەگەر بناغەی ڕۆشنبیریی نەوت، بریتی بێت لە گەیشتن بە ئاستێکی زانین سەبارەت بە گرنگیی نەوت و چۆنێتیی سوودلێوەرگرتنی لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، ئەوا ئەرکی گەیشتنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەو زانینە، بەشێکی کەمی دەکەوێتە سەر خودی خۆیان، لە بەرامبەردا بەشە گەورەکەی دەکەوێتە ئەستۆی سەرجەم ئەو لایەنە فەرمی و نافەرمییانەی کە باسمان کرد. بۆ ئەم مەبەستەیش، سەرەتا دەبێت حزبە سیاسییە کوردییەکان لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە، بە شێوەیەکی تەندروست باس و گفتوگۆ لەسەر کەرتی نەوت و گاز بکەن، بەتایبەتی لە کاتی قوڵبوونەوەی ململانێ سیاسییەکاندا. پاشان ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی ئەو بوارە، دەبێت کەسانی شارەزا و پسپۆر بن لە کەرتی نەوت و گازدا، تا بتوانن شیکردنەوە و داتا و زانیاریی ڕاست و دروست لەناو میدیای کوردیدا، بە هەر چوار ڕووی بینراو، بیسراو، نووسراو و ئەلکترۆنییەوە بڵاو بکەنەوە. هەر کاتێک ئەو بەرپرسیارێتییە لە لایەن سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بە شێوەیەکی تەندروست و ڕێکخراو مامەڵەی لەگەڵدا کرا، ئەوا ڕۆشنبیریی نەوتیش، بە شێوەیەکی تەندروست لەناو هەرێمی کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples