پاش بڵاوکردنەوەى ئەنجامى کۆتاییى ڕیفراندۆمەکەى 16ى نیسان لە تورکیا، قسە لەوە دەکرێ کە تورکیا دەچێتە قۆناغێکى نوێوە؛ چ لەناوخۆ و چ لە دەرەوەى، سیاسەتى ئەو وڵاتە گۆڕانى بەسەردا دێ و لەم بارەوە چەندین سیناریۆ دەخرێنە ڕوو. لەم وتارەدا، تا ئەو جێیەى دەکرێ قسەیەک لەبارەى سیاسەتى تورکیا لە بەرانبەر کوردستانى باشووردا دەکەین کە داخوا بە چ ئاڕاستەیەکدا دەچێتە پێش.
لەوەتهى حکوومەتى حزبى داد و گەشەپێدان (AKP) لە نۆڤێمبەرى 2002وە هاتووەتە سەر کار، ئەم حزبە بەتەنیا حکوومەت بەڕێوە دەبا و پێوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا خوار و ژووریان تێ کەوتووە، لێ دەکرێ بڵێین لە 2008- 2009 بهم لاوه، پێوەندییەکان بەرفرەتر بوون و بوارەکانى ئابوورى (بازرگانى و وەبەرهێنان) و تەناهى (ئەمنى) و سیاسییان گرتووەتەوە.
بە مەزەندەى خۆم، چەند فاکتەرێک لە پشت بردنەوەى لەسەریەکى ئەم حزبە بووە لە چواردەورەى هەڵبژاردنى (2002، 2007، 2011، 2015)دا؛ هەر لەبەر ئەوە نەبووە کە توێژێکى بەرفرەوانى خەڵکى تورکیا کۆنسەرڤاتیڤ و دیندارن و، وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر مۆدێرنیتەدا دەنگیان بە ئاکەپەى پاشخان ئیسلامیی سوننەگەرا داوە. هەر ئەوەیش نییە کە جۆرێ لە سەقامگیریى حوکمڕانیى لە بوارى جێبەجێکردندا هێناوەتە ئاراوە. ئاخر یەک حزب، نەک ئیئتلافێک، کابینە بەڕێوە ببا، جۆرێ لە سەقامگیرى لە بڕیاردان و جێبەجێکردندا دێنێتە ئاراوە و، خەڵکیش خۆى چاودێری دەکا کە داخوا ئەو حزبە وڵاتی خراپ هەڵسوڕاندووە، یان نا؟ هەر ئەوەیش نییە کە سەرکردەیەکى کاریزمایى و بەدەنگودەهۆ و پراگماتیستى وەک ئهردۆغانى هەیە. ئەوەتا بە قسەى سەرۆکى کۆمپانیاى ئاندى ئاڕ، 35%ى ئەوانەى دەنگیان بە "بەڵێ" لە ڕیفراندۆمەکە داوە، لەبەر خاترى ئهردۆغان بووە. بەڵام بە مەزەندەى خۆم بەرەوسەربردنى ستانداردى ژیان و بژێو و نەشونماپێکردنى ئابووریى تورکیا، بە ڕاددەیەک کە بچێتە ناو گرووپى 20، کە گرووپێکى پێشکەوتووى ئابووریى 20 وڵاتى جیهانییە، هۆکارێکى بنەڕەتى بووە لە بردنەوەى هەڵبژاردنەکاندا. ئەم خاڵە، پێوەندیى بە هەرێمى کوردستانەوە هەیە و، دواتر دەگەڕێمەوە سەرى.
ڕاستە ئێستە ئابووریى تورکیا، بە بەراورد بە 2012 لە دواى ساڵى 2015وە، جۆرێ لە گەڕانەوە بۆ دواوەى پێوە دیارە. ئەوەتا ڕێژەى نەشونماى ساڵانە بۆ کەمتر لە 2,9% دابەزیوە، ڕێژەى هەڵاوسان لە مانگى ئادارى ئەمساڵدا بۆ 11,29% بەرز بووەتەوە، ڕێژەى بێکارى لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا بۆ 12,7% زیادبووە، ئاستى ژیانیش بۆ نیوەى ساڵى 2006 دابەزیوە، بەهاى لیرەى تورکى لەچاو دۆلار بە ڕێژەیەکى بەرچاو هاتووەتە خوارێ، وەبەرهێنانى بیانى لە تورکیا بۆ 50% دابەزیوە، جۆرێ لە بێبازاڕى لە ئارادایە و کەرتى گەشتوگوزاریش زەبرێکى گەورەى بەرکەوتووە. لەگەڵ ئەوەیشدا پێگەى جیۆ-ستراتیژى، پێگەى جیۆ-ئابوورى، پێگەى جیۆ-سیاسیى تورکیا فاکتەرى گرنگن لە خۆڕاگرتنى تورکیا؛ ئەوە سەربارى ڕێبازى پراگماتیکانەى ئهردۆغان کە لێرە بەدواوە دەستى لە سیاسەتە دەرەکییەکانیدا کراوەتر دەبێ.
بە بڕواى خۆم، ئەو ڕێچکە پراگماتیکەى تورکیا لەسەر دوو پرەنسیپى گشتى ڕاوەستاوە و تا ئێستە لە سیاسەتى دەرەکیى تورکیادا کاریان پێ کراوە: یەکەمیان تا ڕاددەیەک جیاکردنەوەى بوارى سیاسەت بووە لە بوارى ئابوورى؛ دووەمیان ڕاگرتنى جۆرێ لە هاوسەنگییە لە نێوان پێوەندیى دووقۆڵى و تەوەرکاریى هەرێمایەتى. سەرنج بدەن لە دواى 2003وە هەست بە جۆرێ لە پێداچوونەوە بە ستراکتورى پێوەندییەکان و سەربەخۆیینواندن لە سیاسەتى دەرەکیى تورکی کە ئەندامى ناتۆیە، دەکرێ و، هەندێ جار سیاسەتى تورکیا، هاوئاهەنگى سیاسەتى گشتیى ناتۆ و واشنتۆن نییە؛ وەک لە ئادارى 2003دا پهرلەمانى تورکیا ڕێگەى بە پەڕینەوەى هێزەکانى ئەمریکا نەدا کە لە خاکى تورکیاوە پەلامارى عێراق بدەن. بۆ پشتڕاستکردنەوە، با نموونە بۆ ئەو دوو پرەنسیپەى سەرهوه، بە پێوەندیى نێوان ئێران و تورکیا بهێنینەوە.
وەک دەزانرێ ئێران و تورکیا، وەک دوو وڵاتى هەرێمایەتیى هاوسنوور و دەستڕۆیشتوو، هەم لە بارى مێژوویییەوە بۆ ماوەیەکى دوورودرێژ نەیار و ناحەزى یەکدى بوونە، هەمیش ئێستە لەسەر ناوچەى نفووز، بەتایبەتى لە عێراق و سووریا پێکناکۆک و، لەسەر وڵاتانى قەوقاز و ئاسیاى ناوەڕاست: ئازەربایجان، تورکمهنستان، قرقیزستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان، قهزاقستان، ئەرمەنستان، کە زۆربەیان لە ڕووى زمان و کهلتوور و ئیتنیکەوە لە تورکیاوە و، لە ڕووى جوگرافییشەوە لە ئێرانهوه نزیكن، ڕکابەرى یەکدین.
ئێران وڵاتێکە، سیستەمە سیاسییەکەى "تیۆکراتی"یه و، مەزهەبى شیعە، مەزهەبى فەرمیییە و، لە دواى 1979وە خۆى بە پارێزەر و سەنتەرى جیهانى شیعەمەزهەب دەزانێ. لە بەرانبەردا تورکیا، وڵاتیکى زۆرینە موسڵمانە و، سیستەمە سیاسییەکەى کە لێرە بەدواوە دەبێتە سەرۆکایەتى و حزبێک حوکمڕانى دەکا کە باکگراوندێکى ئیسلامیى سوننەگەراى حەنەفى و کۆنەپارێزى هەیە؛ واتە دوو سیستەمى جیاواز. لە زۆر ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوهڕاستدا ئەو دوو وڵاتە بەرژەوەندییەکانیان بەریەک دەکەون؛ بەتایبەتى لە سووریا و عێراقدا.
ڕەنگە تورکیا، پاش شکستهێنانى "بەهارى عەرەبى" و ئیسلامى سیاسيى ئیخوان لە میسر، خولیاى ڕابەرایەتیکردنى جیهانى سوننەى لە بەرانبەر جیهانى شیعەدا بە ڕابەرایهتیی ئێران، لا کاڵ بووبێتەوە و تاى ناسیۆنالیستییەکەى قوڕستر كردبێتەوە و، ڕەنگە لەوەیش گەیشتبێ کە خولیاى تورکیا بۆ ڕابەرایەتیکردنى جیهانى سوننە، هەم پەسندکراوى ئەمریکا و ئەوروپا نابێ و، هەم نادیدەگرتنى ڕۆڵى هەر یەک لە میسر و سعوودیایە لەناوچەکەدا.
تەنانەت لە بارى سیاسى و تەناهییشەوە، هەم تورکیا و هەم ئێران لەبەر پێکهاتەى ئیتنى و مەزهەبیى خۆیان، هەم لێک بەپارێز و هەم جاروبار ڕێکیش دەكەونەوە. لە ئێراندا ڕێژەیەکى بەرچاوى "ئازەر" و "تورکمەن" هەن، لەناو تورکیایشدا ئازەر و "عەلەوى- قزلباش"، کە لە بارى زمان و بنەچەکەوە بەشێکیان لە تورک نزیک و، لە بارى مەزهەبییشەوە لە فارسان و، هەندێکیشیان لەبارى ئیتنییەوە کوردن. کەواتە دەکرێ لە هەمبەر یەکدیدا بەکار بهێندرێن. هەمان شت بۆ کورد ڕاستە، کە هەم هەڕەشەن بۆ سەر تەناهیى هەر دوو وڵات و، لێرەوە دەکرێ ئەو دوو وڵاتە دژى کورد هاوئاهەنگ بن و، هەم دەکرێ لە دژى یەکدى، کورد بەکار بهێنن.
لە عێراقدا، تورکیا لەبەرانبەر نفووزى ئێران لە عێراقدا، پشتى سوننەکان دەگرێ، ڕێکیان دەخاتەوە، داڵدەیان دەدا و هاوکارییان دەکا. لەم کەینوبەینەدا، تورکیا هەوڵى ئەوەیش دەدات کوردى بەناو عێراق بەو پێیەى زۆرینەیان سوننەمەزهەبن، بخاتە ناو ئەم هاوکێشەى ململانێی مەزهەبى و هەرێمایەتییەوە. ئەمە لە سووریایشدا ئاشکرا و ڕوونە، کە تورکیا سپۆنسەرى زۆرینەى گرووپە سوننەگەرا و ناسیۆنالیستە توندڕەوهکانى سووریایە؛ لە ئادارى 2011ەوە دژى نیزامى عەلەویى بەشار ئەسەده، کە هاوپەیمانێکى نزیکى ئێرانە لە سەردەمى جهنگى عێراق- ئێران 1980- 1988ەوە.
لێ وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، ناکرێ فاکتەرى ئابوورى، بەتایبەتى بوارى وزە (نەوت و گاز) و ڕەنگدانەوەى بەسەر پێوەندییەکانى تورکیا- ئێراندا نادیدە بگیرێ. بە قسەى ڕۆژنامەى "خەبەر تورک" لە پاش ڕووسیا، ئێران بە پلەى دووەم دێ کە گازى سروشتى بۆ تورکیا دەنێرێ (لە نێوان 16%- 19%ى سەرجەم گازى هاوردەکراو لە ئێرانەوەى بۆ دێ) و، دیسان ئێران لە پاش عێراق بە پلەى دووەم دێ کە نەوت بە تورکیا دەفرۆشێ و بە نرخێکى هەرزانتر لە نرخى باوى بازاڕى جیهانى (لە نێوان 22%- 28%ى نەوتى هاوردەکراو بۆ تورکیا لە ئێرانەوە دێ). هەڵبەت پێگەى تورکیا وەک پردێکى نێوان وڵاتانى بەرهەمهێنی نەوت و گاز و وڵاتانى بەکاربەرى ئەوروپا، وای کردووە کە تورکیا چاوى لەوە بێ، نەوت و گازى ئێرانیش لە ڕێگەى تورکیاوە هەناردە بکرێ و، بەمەیش قازانجێکى زۆرى پێ ببڕێ. لە 2013ەوە تا بەرکاربوونى ڕێککەوتننامەى 5+1 لە سەرەتاى کانوونى دووەمى 2016دا، کە لە لایەن ئەمریکا و یەکێتیى ئەوروپاوە سزا خرابووە سەر ئێران، ئێران سوودێکى زۆرى لە تورکیا بینى، هەم لە پێفرۆشتنى گاز و نەوت (39%ى کۆى نەوتى هاوردەکراوى تورکیا لە ساڵى 2012دا هى ئێران بووە، ڕاستە ئەو ڕێژەیە لە ماوەى نێوان 2013- 2016دا کەمتر بووەوە) و، هەم لە دەسکەوتنى هەندێ کاڵاى پێویست کە لەناو خۆى ئێراندا دروست ناکرێن.
سەربارى ئەوەیش، ڕێککەوتننامەیەکى بازرگانى لە 2014ەوە لە نێوان هەر دوو لادا مۆر کراوە کە بە دەیان کەلوپەل و کاڵا لە هەر دوو لاوە، تاریفەى گومرکیى کەمتریان لەسەر دانراوە؛ لە تەکیدا بە سەدان کۆمپانیاى تورکى لە ئێراندا کار و وەبەرهێنان دەکەن و، بەپێچەوانەیش بزنسمانى ئێرانى لە تورکیادا کار دەکەن. بەگشتى ئێران لە لیستى ئەو وڵاتانەى کە کەلوپەل و کاڵاى تورکییان بۆ دەنێردرێ، لە ڕیزبەندیى "دەیەم"دایە و قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان هەر دوو لادا، لە ساڵى 2012دا گەیشتە 22 ملیار دۆلار و، پاشان لە ئەنجامى سزاکانى سەر ئێران لە ساڵى 2013دا، بووە 13,5 ملیار دۆلار و، دەکرێ بڵێین لەو ئاستە، یان کەمێ کەمتر ماوەتەوە. پێم وایه، داچۆڕینى ئابووریى تورکى لەبەر کۆمەڵێک هۆکار و ئەو گرفتانەى بەرۆکى تورکیایان گرتووە، پێ ناچێ وا زوو بە زوو هەستێتەوە؛ وا دەکەن تورکیا سەربارى جیاوازیى مەزهەبى و ئایدیۆلۆژى و پێکناکۆکیى سیاسى، درێژە بەو سیاسەتە ئابوورییەى خۆى لەگەڵ ئێران و هەرێمى كوردستان و ڕووسیا و... بدا، مەگەر جهنگ و کێشەى هەرێمایەتیى گەورە، لە پاش کۆتاییى داعش، لەناوچەکەدا ڕوو بدەن کە ئێران تەرەفێکى کێشەکان بێ و بوارێک بۆ مانۆڕى تورکیا نەمێنێتەوە. دەنا بە مەزەندەى خۆم ململانێی تورکیا، حاڵى حازر لەگەڵ ئێراندا هەر لەو چوارچێوە پراگماتیكییەدا، نەک دوژمنایەتیى تونددا، دەمێنێتەوە.
بنەماى دووەم؛ وەک دەزاندرێ ئێران لە بەرانبەر تەوەرەى سعوودیایە. عەرەبستانى سعوودیش خۆى بە داکۆکیکارى دنیاى ئیسلامى سوننە دادەنێ. تورکیا پێوەندییەکى گەرموگوڕى لەگەڵ سعوودیا و قەتەر و وڵاتانى دیکەى کەنداودا هەیەو ئەو دوو وڵاتە کۆمەکى زۆرى داراییان بە تورکیە کردووە؛ وەک دەبیندرێ تورکیە پێوەندیى خۆى تا ڕاددەیەک لەگەڵ ئیسڕائیلیشدا ئاسایى کردووەتەوە، پاش ڕووداوەکەى 2010 کە ئیسڕائیل تەقەى لە کەشتییەکى تورکیا کرد و 10 هاووڵاتیى تورکیى کوشت. لەگەڵ ئەوەیشدا، پێوەندیى دووقۆڵیى تورکیا- ئێران، هێندە کاریگەریى دۆستایەتیى تورکیا و وڵاتانى کەنداو و ئیسڕائیلى لەسەر نییە و، تا ڕاددەیەک لە ئاستى خۆیدا ماوەتەوە. لەم دوو قزگەیەوە، دێمە سەر پێوەندییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان.
لە ڕووى سیاسییەوە:
ئەمە لە کاتێکدا، هەرێمى کوردستان و حزبە سەرەکییەکانى، دیارە بە ڕاددەى جیاجیا، پێوەندییان لەگەڵ ئێرانیشدا هەیە و تەنانەت نوێنەرایەتیى حکوومەتى هەرێم لە تاران هەیە و، ئێرانیش دوو كونسڵگەریى ههیه: یەک لە هەولێر و یەکێکى دیکەیش لە سلێمانى.
لە ڕووى تەناهییەوە:
لە ڕووى ئابوورییەوە:
بۆ ڕاست و دروستیى ئەم هەقیقەتە، لە 2007دا، تورکیا بایى 1,4 ملیار دۆلار کاڵا و شتومەکى بۆ بازاڕى هەرێم ناردووە و، ئەودەم بازاڕى هەرێم بە نسبەت تورکیاوە لە ڕیزبەندى نۆیەمدا بووە. لە 2011دا، بایى کاڵا و کەلوپەلى تورکى، بووەتە 5,1 ملیار دۆلار و، بازاڕى کوردستان ڕیزبەندى شەشەمى گرتووە. ئەو قەبارەیە لە 2013دا بووەتە 8 ملیار دۆلار و، کوردستان بۆ تورکیا لە ڕیزبەندى سێیەمدا بووە. لە کاتێکدا، نەوت و گازى لێ دەرکەى، بایى هەناردەى عێراق، بە کوردستانیشەوە، بۆ تورکیا لە ماوەى نێوان 2007- 2014دا، لە نێوان 87 ملیۆن دۆلار تا 153 ملیۆن دۆلاردا بووە.
وەک لە سەرهوه ئاماژەم پێ دا، پێ ناچێ ئابووریى تورکیا وا زوو بەخۆ بکەوێتەوە؛ بۆیە تورکیا لە ڕێگەى سۆفتپاوەرەوە (ئابوورى و بزنس، کهلتوور و زمان و خوێندنى تایبەت...)، درێژە بە پێوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمى کوردستان دەدا. بۆیە ئەو پێوەندییانە، پێوەندیى کاتى و وەرزى نین. خۆ ئەگەر لەناو تورکیایشدا پرۆسەى دیالۆگ و ئاشتەوایى لە نێوان کورد و حکوومەتى تورکیادا دەست پێ بکاتەوە، ئەوا فاکتەرێکى دیکەى گەرموگوڕبوونى پێوەندییەکان دەبێ.