زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرا لە سیاسەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاست- زانکۆی ئێکسیتر و مامۆستا لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان- زانکۆی سەڵاحەددین
ئەگەر بەوردی سهرنج بدەینە سەردانەکەی ئەم جارەی سەرۆکی هەرێم بۆ فەڕەنسا، دەتوانین کۆمەڵیک مەغزا و مانای لێ هەڵێنجێنین کە گوزارشت لە واقع و دۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات. سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین کە دیداری ئەم جارەی هەردوو سەرۆک، دیدارێکی تەشریفاتی نەبووە بەڵکوو دیدارێکی تایبەت و لەناکاو و لەسەر داواکاریی سەرۆک ماکرۆن بووە. دیدارەکە لە دۆخێکدا بوو کە کۆڕۆنا لە پاریس لەوپەڕی هەڵکشاندا بوو؛ بە جۆرێک هەر سێ ڕۆژ دوای سەردانەکە، فەڕەنسا بۆ ماوەی چوار هەفتە کەرەنتینەی ڕاگەیاند. بۆیە تەوەری سەرەکیی سەردانەکە پەیوەست بوو بەو دۆخە هەستیارەی کە ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت. دۆخی ئێستای عێراق لەلایەن ناوەندەکانی توێژینەوەوه پێشبینیی خراپی لێ دەکرێت؛ هەر هەفتەیەک پێش ئێستا میلیشیاکانی "ڕەبعوڵڵا"مان بینی کە چۆن بە چەکی سووک و مامناوەندی، نمایشی پیشاندانی هێزی خۆیان لەناو جەرگەی بەغدا کرد و هەڕەشەی "گوێبڕین"ی سەرۆکوەزیرانیان دەکرد، بێ ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت بتوانن کەمترین ڕێگرییان لێ بکەن.
مانگی ڕابردوویش هێزەکانی "سەدر" نمایشێكی هاوشێوەییان ئەنجام دا کە ڕاستییهكهی، ناردنی چەند پەیامێک بوو بۆ میلیشیکانی تری نەیاری خۆیان و حکوومهتیش؛ ئەمەیش دیسان بێ ئەوەی دەوڵەت بتوانێت هیچ ڕێگرییەکیان لێ بکات. ئهوهی ڕاستی بێ، ئەمانە گشتیان ئاماژەی ئەوەن کە عێراق بە دۆخێکی مەترسیداردا تێ دەپەڕێت؛ بە جۆرێک ئەگەری ئەوە هەیە جهنگێکی چەکداریی ناوخۆ لە عێراقدا ڕوو بدات. ئێستا لە عێراقدا نزیکەی ١٤٠ هەزار میلیشیای چەکدار هەن کە چەکی پێشکەوتوویان لایە و دەوڵەت هیچ دەسەڵاتێکی بەسەریاندا نییە؛ ئەمە جگە لەوەی کە داعش تا ئێستا هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر عێراق؛ هەڵبەتە ئەمە بێجگە لە کێشە ئابوورییەکانی عێراق، ڕێژەی بێكاری و هەڵاوسانی گەنجان، کە هەڕەشەن لەسەر پرۆسەی سیاسی بەگشتی تا ئاستی شکستهێنان و مایەپووچبوونی دەوڵەت. لە لایەکی تر، ململانێکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئەوپەڕی. چەند ڕۆژێکی تر حکوومەتی عێراق و ئەمریکییەکان دادەنیشن بۆ تاوتوێکردنی ڕێکكەوتنی ستراتیژیی نێوانیان، کەچی هێزە شیعییەکان وەک پێشمەرج بۆ ئەم دانیشتنە، هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراقدا. بۆ نموونە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، هەر ئەمڕۆ گوتی: "هیچ دەرفەتێك بۆ مانەوەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە "عەین ئەسەد" و تەنانەت بنكەی سەربازیی هەریر لە هەولێر و هیچ سووچێكی عێراق نەماوە."
ئەم ئاماژانە گشتیان پێمان دەڵێن کە عێراق لەسەر لێواری تەقینەوەدایە. فەڕەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەگەرچی کاریگەریی بەرچاو و دیاری نییە لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان، بەڵام بەتەواوی ئاگاداری ئەم دۆخە هەستیارەی عێراقه. ڕاستییهكهی، فەڕەنسا دەمێکە نییەتی ئەوەی هەیە ڕۆڵێکی زیاتر لە عێراقدا بگێڕێت. لە ساڵی ٢٠١٩ هەر یەکە لە فەڕەنسا و حکوومەتەکەی عادل عبدولمەهدی، ڕێک کەوتن لەسەر نەخشەڕێگهیەک کە فەڕەنسا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقدا، بەتایبەت کە ئەوکات ئەمریکا بە نیازی کشانەوەی هێزەکانی بوو لە عێراق. ئەو هەنگاوەی ئێستای سەرۆک ماکرۆنیش، هەوڵێکە بەو ئاراستەیەدا؛ واتا بنیاتنانەوە و داڕشتنەوەی ستراتیژیی فەڕەنسا لە عێراق. بەتایبەت نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە دۆستایەتییەکی زۆر هەیە لە نێوان سەرۆک ماکرۆن و جۆ بایدندا؛ بە جۆرێک دوور نییە ماکرۆن ئەمریکییەکانیشی لە هەوڵێکی لەو جۆرە ئاگادار نەکردبێتەوە. هەڵبەتە سیاسەتی جۆ بایدنیش بە ئاراستەی کارکردنە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانیان؛ ئەمەیش وا دەکات کە لەمەودوا فەڕەنسا ڕۆڵێکی زیاتری هەبێت لە عێراقدا.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە: بۆچی سەرۆک ماکرۆن سەرەتا کاک نێچیرڤانی لەو هەوڵە ئاگادار کردۆتەوە، یاخود ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم چییە لەو بەتەنگەوەهاتنەی فەڕەنسا؟ ئاشکرایە ئەوە چەند ساڵیک دەبێت، بەتایبەتیش لە کاتی جهنگی داعش، دۆستایەتییهکی پتەو لە نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەتایبەتیش لە نێوان نێچێرڤان بارزانی و ماکرۆندا. ماکرۆن، بارزانی وەک کەسێتییهکی هاوسەنگ و متمانەپێکراو دەبینێت لە عێراقدا کە لە هەمان کاتدا پەیوەندیی باشی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان هەیە و، دەکرێت هاوکار بێت بۆ ئەو نەخشەڕێگهیەی فەڕەنسا. چونکە ماکرۆن دەزانێت کە هەر یەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مستەفا کازمی و سەرۆککۆماری عێراقیش لە ڕاستیدا پاڵپشتیی پەرلەمانیان نییە؛ کازمی ئەگەر پشتگیریی نێودەوڵەتیی نەبێت، دەمێک بوو بە دەردی عادل عەبدولمەهدییان بردبوو. لەم دیدگهیەوە پێشبینی دەکەم سەرۆکی هەرێم لەمەودوا هەوڵی کۆکردنەوەی هێزە عێراقییەکان بدات بۆ دیالۆگێکی نیشتمانی وەک دەروازەیەک بۆ ئەو نەخشەڕێگهیەی فەڕەنسا. خاڵێکی تر کە بۆ فەڕەنسا گرنگە ئەوەیە کە، سەرۆکی هەرێم جێگهی ڕەزامەندیی وڵاتانی دراوسێی عێراقیشە، چونکە لە یەک کاتدا پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەر یەکە لە تورکیا و ئێراندا هەیە؛ ئەمە لە ڕاستیدا ستوونێکی گرنگه بۆ سەرکەوتنی ئەو هەوڵەی سەرۆک ماکرۆن، چونکە کەسێتییهك کە کێشەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت، هەرگیز ناتوانێت خاڵی دەسپێکردنی ئەو پرۆژەیە بێت.
ههروەک سەرۆکی هەرێم لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەیشدا ئاماژەی پێ دا، ئەوان باسیان لە پرسی سووریایش کردووە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیش، بەتایبەت جەنەڕاڵ مەزلووم عەبدی، پەیوەندیی باشی هەیە. ئەو هاوسەنگییە دیپلۆماسی و پێگە سیاسییەی کە سەرۆکی هەرێم هەیەتی، لەو دۆخە ناهەموار و ئاڵۆزەی عێراقدا، لە ڕاستیدا هاوکارن بۆ جێبەجێکردنی نەخشەڕێگهیەکی نوێ بۆ عێراق؛ هەڵبەتە نەک ئەو فۆرمە عێراقەی کە ئەمریکییەکان لە دوای ٢٠٠٣ دایان ڕشتەوە بەڵکوو عێراقێک کە دەبێت دەستی ئەوروپی و ئەمریکی و هێزەکانی ناتۆ و کۆمهڵگهی نێودەوڵەتیشی تێدا بێت و لەسەر بنەمایهكی نیشتمانی بنیات بنرێتەوە. پرسێکی تر کە بۆ سەرکەوتنی ئەو هەوڵەی فەڕەنسا گرنگە، بریتییە لە داڕشتنەوەی فۆڕمی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر کە بەداخەوە لە دوای ٢٠١٤ بە ئاقارێکی مەترسیداردا تێ دەپەڕێت، چونکە خراپیی پەیوەندیی ئەو دوو لایە، ناسەقامگیریی سیاسیی زیاتر بەرهەم دێنێت و عێراق دەگەڕێنێتەوە خاڵی سەرەتا. بۆ نموونە پەیوەندیی خراپی مالیکی لەگەڵ هەولێر لە دوای ٢٠١١، بووە هۆی زیادبوونی ناڕەزاییی سوننەکانیش کە دواتر کارەساتی هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی لێ کەوتەوە. هەروەک سەرۆکی هەرێمییش ئاماژەی پێ دا، سیستهمی فیدراڵی عێراق دەبێت ئهکتیڤ بکرێتەوە، چونکە عێراقی دوای ٢٠٠٣ ناتوانێت ببێتە عێراقێکی ناوەندگەرا و دەسەڵاتگەرا؛ ئەمە بۆ "سەددام"یش نەچووە سەر تا بۆ شیعەکان بچێتە سەر. هەڵبەتە، کۆی ئەم پرۆسەیە دەسکەوتێکی گرنگە بۆ پێگەی سیاسیی هەرێم لەو هاوکێشەیەدا؛ بەتایبەت کە ئێستا لە بەغدا، نییەتێک بە ئاراستهی پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان دروست بووە، كه دەیانەوێت لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییشەوە هەرێم بگەڕێننەوە قاڵبی پارێزگاکانی تری عێراق.
هەرێمی کوردستان ئەگەر نەفەسێکی مابێت، ئەوا ئەو جموجۆڵە دیپلۆماسییانەیە کە بۆ هەرێمی کوردستان لە هەر شتێکی تر گرنگترە، چونکە پرسی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەیشدا پرسێکی جەمسەرییە؛ هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی یەکێک لە گەورەترین نەتەوە بێدەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە نهتهوهی کوردە. بۆیە دەبێت نەک تەنیا حکوومەتی هەرێم بەڵکوو لایەنە سیاسییەکانیش، بە ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتەوە، پشتگیریی ئەو هەوڵانەی سەرۆکی هەرێم بكهن، چونکە دواجار دەسکەوتەکەی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و سەرمایەکەیشی بۆ تەواوی هەرێمی کوردستانە.