(ڕامانێك له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئابووری و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت) - به‌شی یه‌كه‌م
جیهانگیر سدیق/ ماسته‌ر له زانستی ئابووری
پێشه‌كی
شه‌پۆلی گۆڕانكارییه گه‌وره‌كان دێن و زۆر شت له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌گۆڕن؛ ئێمه زۆرینه‌ی جار نه‌ك به‌شێك نین له‌و گۆڕانانه، به‌ڵكوو به‌ته‌واویش لێیان تێ ناگه‌ین و هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌یان ناده‌ین. به‌ر له هه‌زاران ساڵ شۆڕشی كشتوكاڵی و سه‌رده‌می نیشته‌جێبوونی مرۆڤ دێت و، تاكوو كۆتاییی سه‌ده‌ی هه‌ژده ده‌خایه‌نێت. له‌م قۆناغه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی ده‌وڵه‌ت داده‌هێنێت و به درێژاییی قۆناغه‌كه ده‌وڵه‌تانی ئایینی و ئیمپراتۆرییه‌ته گه‌وره‌كان مێژوو سیخناخ ده‌كه‌ن له ڕووداو. كورد یه‌كێكه له‌و گه‌لانه‌ی كه مێژووی نیشته‌جێبوونی زۆر كۆنه، كه‌چی له‌و مێژووه‌دا بوونێكی ئه‌وتۆی نییه. هه‌رچه‌نده له‌و ده‌مه‌دا نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك ئێستا بوونیان نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌م نائاماده‌گییه له‌ناو مێژوو و ڕووداوه گه‌وره‌كاندا، هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بوونی ده‌وڵه‌تێك كه له‌ژێر سه‌ردارێتی و هێژموونداریی كورددا بووبێت.
له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مه‌وه شۆڕشی پیشه‌سازی دێت و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌دایك ده‌بێت. زۆربه‌ی نه‌ته‌وه و گه‌لانی دنیا ده‌بنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییی خۆیان. كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییش له پاش چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌وه ورده ورده پێ ده‌نێته ناو قۆناغی پیشه‌سازی و سه‌رده‌می مۆدێرنه‌وه، به‌ڵام هه‌م به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بنیات بنێت و، هه‌م هێشتا پێیه‌كیشی له‌ناو قۆناغی كشتوكاڵیدایه.
له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا شۆڕشی گه‌یاندن و زانیارییه‌كان دێت. جیهان پێ ده‌نێته قۆناغی جیهانگیری و به‌ره‌و كۆتاییی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مل ده‌نێ، كوردیش به هه‌مان شێوه‌ی گه‌لانی دنیا تێكه‌ڵ به قۆناغه سه‌ره‌تایییه‌كانی جیهانگیری ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا پێیه‌كی له قۆناغی كشتوكاڵی و پێیه‌كی له قۆناغی پیشه‌سازی و سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌دایه و، هێشتایش ده‌وڵه‌تی خۆی نییه.
سیمای ئه‌م دنیا نوێیه‌ی ئێستا سیمایه‌كی ئاڵۆزه؛ تێكه‌ڵه‌یه‌كه له ڕوخساره‌كانی سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه و جیهانگه‌رایی. له‌پاڵ كرانه‌وه‌ی ئابووری و بازرگانیی ئازاد و سه‌ربه‌ستیی جووڵه‌ی دراو و سه‌رمایه‌دا، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هێشتا كاراكته‌ری سه‌ره‌كیی گشت ڕوداوه‌كانه و ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییش كه هه‌میشه له پشت سیاسه‌ته ئابوورییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی دنیاوه بووه، له هه‌وڵی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی پێگه‌كه‌یدایه.
باشووری كوردستان كه زیاتر له چاره‌كه سه‌ده‌یه‌كه هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ و فه‌رمانڕه‌وایییه‌كی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری هه‌یه، یه‌كێك له‌و پرسیار و ڕه‌خنانه‌ی كه هه‌میشه ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه، په‌یوه‌ستن به ناسنامه‌ی ئابووری و دیدگه‌ی فه‌لسه‌فی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابوورییه‌كه‌ی. هه‌رێم ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه و له دیاریكردنی ناسنامه و داڕشتنی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی گونجاو و به‌ڕێوه‌بردنی ئابوورییه‌كه‌یدا زۆر گرفت دێنه سه‌ر ڕێی. له ڕووی پره‌نسیپه‌وه زۆر له لایه‌نه گرنگه‌كانی ئه‌و بواره له تایبه‌تمه‌ندێتیی ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌رین، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندیی هه‌رێم به‌وه‌ی كه هه‌م له واقعدا وه‌ك كیانێكه له سه‌رووی هه‌رێمێكی فیدراڵییه‌وه جووڵه و پراكتیكی ده‌سه‌ڵات ده‌كات، هه‌م به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ئه‌ركه سیاسی و ئه‌خلاقی و مێژوویییه‌ی به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ئه‌ستۆیدایه، دۆخێكی تایبه‌تیی ده‌داتێ، كه سه‌ره‌ڕای كۆسپ و گرێوگۆڵه‌كان تا ڕادده‌یه‌كی زۆر ڕێگه‌ی بۆ ده‌كاته‌وه و ده‌یخاته به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی واوه كه ئه‌نجامدانی ئه‌م ئه‌ركه له ئه‌ستۆ بگرێت.
له بابه‌ت ناسنامه و فه‌لسه‌فه‌ی ئابوورییه‌وه ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه له سه‌رده‌مانی پێشتر جیا ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه، له ئێستادا تێڕوانین بۆ ناسنامه و فه‌لسه‌فه‌ی ئابووری، تێڕوانینێكی ئایدیۆلۆژی نییه، به‌ڵكوو تێڕوانینێكه له‌سه‌ر بنه‌مای پراگماتیزمی ئابووری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان بنیات ده‌نرێت. له ئێستادا دیاریكردنی گونجاوترین شێواز و ڕێكار بۆ په‌ڕینه‌وه بۆ ئابووریی بازاڕ و چوونه ناو ئابووریی جیهانگیرییه‌وه به‌و جۆره‌ی كه باشترین خزمه‌ت به ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی بكات، ئه‌و مۆدێل و فه‌لسه‌فه ئابوورییه‌یه كه وڵاتانی ڕووله گه‌شه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و وڵاتانی پیشه‌سازیی پێشكه‌وتوویش به جۆرێك له جۆره‌كان په‌یڕه‌وییان لێ كردووه، به‌ڵام ئایا چۆن ئه‌و ڕێكاره بگیرێته به‌ر؟ ئێمه پێمان وایه ئه‌گه‌ر ویستی پێویست و دیدگه‌ی ڕوون و فراوان و كۆششی لێبڕاوانه هه‌بێت، ئه‌وا ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك سیسته‌م و سیاسه‌ت و میكانیزم ده‌توانێت ئه‌م ئه‌ركه له ئه‌ستۆ بگرێت و، هه‌ر ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییش وه‌ك په‌یكه‌ر و بابه‌ت لیێ سوودمه‌ند ببێت و به‌روبوومه‌كه‌ی ده‌چنێته‌وه. ئه‌م وتاره له ڕێگه‌ی ناساندنی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی و، ڕاڤه‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئابووری و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و په‌یوه‌ندییه ئاڵۆزه‌كانی سه‌رده‌می جیهانگیرییه‌وه هه‌وڵی به‌رچاوڕوونی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌دات.
ده‌روازه‌یه‌ك بۆ چوونه ناو بابه‌ته‌كه؛ سیما ئاڵۆزه‌كانی جیهانی گۆڕاو
سروشتی مرۆڤ به جۆرێكه كه بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی و مانه‌وه و پێشكه‌وتنی، پێویستیی به گردبوونه‌وه و كۆمه‌ڵكاری و دروستكردنی په‌یوه‌ندی هه‌یه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش مرۆڤه‌كان به درێژاییی مێژوو گرووپ و كۆمه‌ڵی جۆراوجۆریان پێك هێناوه و، كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی‌یان به‌ره‌وپێش بردووه. به‌ڵام ئه‌م گردبوونه‌وه و كۆمه‌ڵكارییانه هه‌رگیز بێئاریشه نه‌بوون؛ هانز ئاده‌م (Hans-Adam II) له كتێبی "ده‌وڵه‌ت له هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا" باس له‌وه ده‌كات كه چۆن كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ر دوو خه‌سڵه‌تی "سه‌ربه‌خۆیی و ڕه‌فتاری كۆمه‌ڵایه‌تی" له مرۆڤدا، له لایه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌ی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان و مانه‌وه و پێشكه‌وتنیانه، له لایه‌كی تریشه‌وه سه‌رچاوه‌ی زۆرینه‌ی كێشه‌كان.
مرۆڤ نه ده‌توانێت به‌ته‌نیا بژی و نه ده‌یشتوانێت وه‌ك مێگه‌ل به‌بێ مه‌رج و به‌ئاسانی ئاوێزانی هه‌موو گردبوونه‌وه‌كی مرۆیی بێت و تێیدا ببێته ئه‌ندام. ئه‌و دوو خه‌سڵه‌ته به شێوه‌یه‌كی گشتی مرۆڤه‌كان ناچار ده‌كه‌ن كه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا بژین، هه‌لومه‌رجی پێویستی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سایكۆلۆژی و كه‌لتووریی بۆ پێكه‌وه‌ژیانی تاكه‌كانی تێدا بێت و ئه‌وانیش ڕه‌چاوی ئه‌و لایه‌نانه بكه‌ن. واته مرۆڤه‌كان ناچارن به‌ر له‌وه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی بن، تاكی گه‌لیك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك بن كه له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كه‌لتووری و سایكۆلۆژییه‌وه سازاو بێت بۆیان و، ئه‌وانیش ئینتیمایان بۆی هه‌بێت.
مرۆڤ به هیچ جۆرێك ناتوانێت به‌ته‌نیا بژی به‌ڵام كاتیك خه‌سڵه‌تی خۆپه‌رستییه‌كه‌ی هێژمووندارتر ده‌بێت به‌سه‌ر ڕه‌فتاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا، ئه‌وكات باز به‌سه‌ر یاسا و پێوه‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌دات و، لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوورییه‌كان وه‌لا ده‌نێت و هیچ به‌هایه‌ك بۆ ناسنامه و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ناهێڵێته‌وه. ڕوانگه‌ی باوی نیولیبراڵیزمی ئابووری وای ده‌بینێ، كه مرۆڤ هه‌موو ڕه‌فتاره‌كانی عه‌قڵانین و، هه‌موو هه‌نگاوێك له‌سه‌ر بنه‌مای حیسابی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كه‌ڵك ده‌نێت به‌ده‌ر له ڕه‌چاوكردنی هیچ لایه‌نێكی تر. ئه‌م تێڕوانییه له ڕووی تیۆرییه‌وه یه‌كێكه له بنه‌ماكانی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی كه كار له‌سه‌ر سڕینه‌وه‌ی ناسنامه جیاوازه‌كان ده‌كات و، هیچ پێگه‌یه‌ك بۆ ناسنامه و خه‌سڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و سایكۆلۆژییه‌كانی مرۆڤ دانانێت و، ته‌نیا وه‌ك به‌رهه‌مهێن و به‌كاربه‌ر و كڕیار و فرۆشیار مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كاندا ده‌كات. ئه‌مه یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه له ئێستادا هه‌ڕه‌شه له ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه و ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات و بووه‌ته هۆی دروستبوونی هاوپه‌یمانێتییه‌كی بازرگانیی بان ده‌وڵه‌تی له نێوان چینی بازرگان و ده‌ستڕۆیشتووی ناوخۆی وڵاتان و كۆمپانیا جیهانییه‌كاندا.
هه‌وڵی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌كان بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی تاك و كۆمه‌ڵ و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و، پێشكه‌وتنی ئابووری و خۆشگوزه‌رانی، ڕیشه‌یه‌كی قووڵی له مێژوودا هه‌یه و، تاكوو ئێستایش به‌رده‌وامه. ئه‌و هه‌وڵانه تاكوو ئێستا بنیاتنانی چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی جۆراوجۆر و هێنانه‌كایه‌ی چه‌ندین سیسته‌می جیاجیایان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه؛ هه‌ر له بنیاتنانی ده‌وڵه‌ته‌وه له سه‌رده‌می نیشته‌جێبوونی مرۆڤ و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵگه كشتوكاڵییه‌كانه‌وه، تاكوو سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی پیشه‌سازی و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و، تا سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌یاندن و بره‌وسه‌ندنی جیهانگه‌رایی. لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه سه‌ره‌ڕای هه‌موو ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنه‌كان، تاكوو ئێستا هه‌وڵه‌كان بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیخوازی و خۆپه‌رستی له لای تاك و نه‌ته‌وه‌كان نه‌ك هه‌ر به ئاكامی پێویست نه‌گه‌یشتوون، به‌ڵكوو ئه‌و خه‌سڵه‌تانه ڕۆژ به ڕۆژ تۆختر ده‌بنه‌وه و، سه‌ره‌نجامی ئه‌وه‌یش بریتییه له به‌رده‌وامیی ناكۆكی و ململانێ و شه‌ڕی تاك و گرووپ و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانیان به شێوازی جۆراوجۆر. به‌م جۆره مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه به‌ریه‌ككه‌وتنی له‌گه‌ڵ دۆخێكی زۆر ناله‌بار‌دا هه‌یه؛ دۆخێك ده‌یسه‌لمێنی كه له یه‌ك كاتدا سێ به‌ره‌ی جه‌نگ به‌ڕوویدا كراوه‌ته‌وه: به‌ره‌یه‌كی تایبه‌ت به جه‌نگی ئه‌زه‌لیی خۆپه‌رستی و پێكه‌وه‌نه‌سازانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاك و گرووپه‌كان له ناوخۆدا؛ به‌ره‌یه‌كی تایبه‌ت به جه‌نگی ئابووریی به‌رده‌وامی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌كان به‌رامبه‌ر به یه‌كدی و، به‌ره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و هاوپه‌یمانێتییه بان ده‌وڵه‌تییه‌ی كه له نێوان چینی بازرگان و ده‌ستڕۆیشتووی ناوخۆ و كۆمپانیا جیهانییه‌كاندا هه‌یه به مه‌به‌ستی ڕووتاندنه‌وه‌ی ئابووری و سامانی ناوخۆییی گه‌لانی ڕووله گه‌شه.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له كایه‌ی ئابووری و له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا ده‌گوزه‌رێت، دۆخێكی ئاڵۆز و ناوازه‌یه و، له‌گه‌ڵ خواستی هیچ یه‌ك له ڕه‌وته ئابوورییه‌كاندا وێك نایه‌ته‌وه. ئه‌مڕۆ له‌پاڵ بازاڕی ئازاد و بره‌وسه‌ندنی لیبراڵیزمی ئابووریدا، ده‌وڵه‌تیش به قورساییی خۆی و به ڕۆڵی كارای ئابوورییه‌وه ماوه‌ته‌وه. ته‌وژمی جیهانگه‌رایی له‌وپه‌ڕی گوڕوتینی خۆیدایه، كه‌چی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییش نه‌ك هیچ كات له گۆڕه‌پانه‌كه ده‌رنه‌كراوه به‌ڵكوو به‌رده‌وام له ڕووی گوتار و پراكتیكه‌وه سیسته‌مێكی كارا بووه و، له ئیستایشدا مه‌یلێكی گه‌وره و زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رده‌می زێڕینی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییی هه‌یه. سیاسه‌تی ئابووری و بازرگانیی زۆربه‌ی وڵاتان به درێژاییی ده‌یان ساڵی ڕابردوو تاكوو ئێستا و، هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی ئێستای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به ئاراسته‌ی په‌یڕه‌كردنی سیاسه‌تی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی و، گۆڕانه‌كان له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ئه‌وروپی و زوڵاڵبوونی ده‌نگی لایه‌نگرانی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی و، هه‌ڵكشانی ده‌نگی ڕاستڕه‌و و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان له دوا هه‌ڵبژاردنه‌كانی زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژاوا ئه‌و ڕاسته‌یه ده‌سه‌لمێنن.
ئێمه پێمان وایه ئابووریی ئازاد و كرانه‌وه و چوونه ناو جیهانگیرییه‌وه، حه‌تمییه‌تێكی مێژوویییه و ڕێگه‌یه‌كه له به‌رده‌ممان كه ده‌بێ پێیدا بڕۆین، به‌ڵام بۆچوونی ئێمه له‌م باره‌یه‌وه پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌یه كه پێیان وایه ئه‌م ڕێگه‌یه به‌سه‌ر ته‌رمی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییدا تێ ده‌په‌ڕێت. ڕاسته ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك دیارده و ڕووداێكی مێژوویی، چۆن سه‌ره‌تایان هه‌یه، ده‌كرێ كۆتاییشیان هه‌بێت، ڕاستیشه له ئێستادا زۆر دیارده‌ی جیهانگه‌رایی شوێنی دیارده‌كانی پێشتریان گرتووه‌ته و، به‌شێكی زۆر له به‌رهه‌مهێنان و كاروباره بازرگانی و دارایییه‌كان له لایه‌ن تۆڕێك له كۆمپانیا و ده‌زگه سنووربه‌زێنه‌كانه‌وه به‌ڕێوه ده‌چن كه ناكه‌ونه ژێر چاودێریی فه‌رمیی ده‌وڵه‌ت و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه، به‌ڵام نه ئه‌مه ته‌واوی دیمه‌نه‌كه‌یه و، نه ده‌وڵه‌ت به‌و جۆره له كایه‌كه كشاوه‌ته‌وه كه بانگه‌شه‌ی سه‌رده‌می خۆراوابوونی بكرێت و، نه ئه‌و ڕه‌وشه‌یش وه‌ك ڕه‌چه‌ته بۆ هه‌موو ده‌وڵه‌ت و له هه‌موو قۆناغ و كاتێكدا ده‌س ده‌دات. له‌م باره‌یه‌وه چیرۆكگه‌لێكی زۆر له‌پشت سیناریۆی هه‌موو دراماكانه‌وه هه‌ن. ئێمه له به‌شه‌كانی تری ئه‌م وتاره‌دا زیاتر له‌و باره‌یه‌وه ده‌دوێین. لێره‌دا پوخته‌ی ئه‌و بۆچوونه‌مان ده‌خه‌ینه ڕوو، كه پێمان وایه وه‌ك چۆن ژیانی تاك له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌سته‌مه و، وه‌ك چۆن بوونی نه‌ته‌وه به مانا نوێیه‌كه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تدا نامومكینه، به‌و جۆره‌یش خۆهاوێشتنه ناو ئابووریی جیهانگه‌رایییه‌وه ئه‌گه‌ر له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تێكی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یییه‌وه نه‌بێت، ئه‌وا جگه له ڕووتاندنه‌وه‌ی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن تۆڕێكی بازرگانیی ناوخۆیی و جیهانییه‌وه، ئه‌سته‌مه ئه‌نجامێكی تری هه‌بێت. ئێمه له‌م وتاره‌دا سه‌ره‌ڕای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی زۆر لایه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئابووری و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت، ئارگیۆمێنتكاریی پێویست بۆ ئه‌و بۆچوونه‌مانه‌یشمان ده‌كه‌ین.
چه‌مكی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی
ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی به‌و جۆره‌ی كه له ئه‌ده‌بیاتی ئابووریدا به‌كار ده‌هێنرێت، چ وه‌ك په‌یكه‌ر چ وه‌ك سیسته‌م، ئه‌وه‌نده‌ی گوزارشته له ئابووریی ده‌وڵه‌تێك به گشت سێكته‌ره تایبه‌تی و گشتییه‌كانییه‌وه، ئه‌وه‌نده په‌یوه‌ست نییه به‌و مانا ئایدیۆلۆژییه‌ی كه له لای هه‌ندێ گرووپی سیاسی و ئیتنیكی به‌كار ده‌هێنرێت. ئه‌م جۆره به‌كارهێنانه‌ی چه‌مكی نه‌ته‌وه له ئه‌ده‌بیاتی ئابووریدا مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و هاوتایه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی زانستی ئابووریی سیاسی و، له ئێستایشدا هه‌ماهه‌نگه به‌و تێڕوانینه نوێیه‌ی كه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا بۆ ئه‌م چه‌مكه باوه. لێره‌دا ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی یان نیشتمانی له دیوێكییه‌وه كاتیگۆرییه‌كی بابه‌تییه بۆ خوێندنه‌وه و پێوان و هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی ئابووریی ده‌وڵه‌ت به‌گشتی؛ له دیوه‌كه‌ی تریشییه‌وه سیسته‌م و سیاسه‌تێكه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری. بۆ ئه‌مه‌یش دوو ده‌روازه‌ی سه‌ره‌كی ده‌خاته سه‌ر پشت: یه‌كێكیان تایبه‌ته به قه‌باره و ئاست و ئاراسته‌ی چالاكییه‌كانی كه‌رت و یه‌كه ئابوورییه‌كان و كۆی گشتیی ئابووریی ده‌وڵه‌ت، ئه‌ویتریشیان تایبه‌ته به شێواز و مۆدێلی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شكردنی كار و سامان و، شێوازی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان؛ ئه‌م بابه‌ته‌یش به‌گشتی جه‌وهه‌ری ئابووریی سیاسی پێك ده‌هێنێت.
ویلهێلم ڕۆخه‌ر یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی قوتابخانه‌ی مێژوویی ئابووری پێی وایه كه كرۆكی ئابووریی سیاسی بریتییه له یاساكانی پێشكه‌وتنی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی. ئه‌و پێی وایه كه له ناواخنی ئابووریی سیاسی‌دا جه‌وهه‌ری ئابووریی نه‌ته‌وه‌كانمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه و، په‌ی به‌و دیارده نموونه‌یییانه ده‌به‌ین كه له لای نه‌ته‌وه دووباره ده‌بنه‌وه، وه‌ك: دیارده‌كانی دابه‌شكردن و ڕێكخستنی كار، دابه‌شكردنی داهات، دامه‌زراوه ئابوورییه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌و یاسایانه‌ی كه گه‌ل سامانی پێ ده‌هێنێته بوون له ڕێگه‌ی كاره‌كانییه‌وه، پاشتر سامانه‌كه‌ی پێ زیاد ده‌كات و دابه‌شی ده‌كات، به‌كاری ده‌بات و ئه‌وجا سه‌رله‌نوێ به‌دیی ده‌هێنێته‌وه.
ڕۆخه‌ر له كتێبی "بنه‌چه‌ی ئابووریی سیاسی"دا ده‌ڵێت: "كۆی ئه‌و دامه‌زراوه و دیاردانه‌ی كه پێداویستییه‌كانی گه‌ل به‌گشتی پڕ ده‌كه‌نه‌وه و بۆ ڕازیكردنی گه‌ل به‌كار ده‌هێنرێن، ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی پێك ده‌هێنن." دیاره كه ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ئابووریی تایبه‌تدا دابه‌ش ده‌بێت، كه به هۆی پێویستیی ته‌واوكاری و دابه‌شكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌وه پێكه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه و، چه‌ندین ڕایه‌ڵی په‌یوه‌ندی له نێوانیاندا هه‌یه؛ هه‌ر یه‌ك له‌وانه كارێكی دیاریكراو ئه‌نجام ده‌دات كه سوودی بۆ ئه‌وی تر هه‌یه و پێكه‌وه‌یش په‌یكه‌ری ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی یان ئابووریی ده‌وڵه‌ت پێك ده‌هێنن. فرانسوا كینای ڕابه‌ری قوتابخانه‌ی ئابوورییی فیزیۆكراتییه‌كان ئه‌و په‌یوه‌ندییه به په‌یوه‌ندیی نێوان ئۆرگانه پێكهێنه‌ره‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌چوێنێت. به‌ڵام ئایا ئه‌و ئابوورییه تایبه‌تانه چین كه ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی پێك ده‌هێنن؟ ڕۆخه‌ر پێی وایه كه ئابووریی خێزانی ئه‌و ڕایه‌ڵه توندوتۆڵ و په‌یوه‌ندییه ته‌واوكارییه دروست ناكات كه بۆ ئابوورییه‌كی نه‌ته‌وه‌ییی یه‌كگرتوو پێویستن، به‌ڵكوو له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه كارگه و كێڵگه و پرۆژه و دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كانن كه وه‌ك یه‌كه‌ی ئابووریی تایبه‌ت ده‌بنه پێكهێنه‌ری ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی.
ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی سه‌ره‌وه زیاتر ئه‌و دیوه‌ی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یییان ڕوون كرده‌وه كه وه‌ك په‌یكه‌ر یان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی بابه‌تییه. سه‌باره‌ت به دیوه‌كه‌ی تر كه وه‌ك سیسته‌م و سیاسه‌ت و میكانیزم لێی ده‌ڕوانرێت، له‌م دیوه‌وه ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی وا ده‌ناسرێت كه، فۆرمێكه له سیسته‌می ئابووری كه ده‌وڵه‌ت ڕۆڵی كارای تێدا ده‌گێڕێت. ئه‌م سیسته‌مه سنوور بۆ تاكگه‌رایی و جیهانگه‌راییی ئابووری داده‌نێت؛ هه‌موو ئه‌و سیاسه‌تانه تێدا ده‌گیرێنه به‌ر كه بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی نه‌ته‌وه له ململانێ و جه‌نگی ئابوورییی گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كاندا، پێویستن. ئێمه له به‌شه‌كانی داهاتووی ئه‌م وتاره‌دا كار له‌سه‌ر هه‌ر دوو دیوه‌كه‌ی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تیش دیوی دووه‌م، واته ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك سیسته‌م و سیاسه‌ت.
به‌ڵام ئێستا با بزانین، ئه‌و په‌یوه‌ندییه چییه كه ئابووری و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه؟ بۆچی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌ربڕینه بۆ ئابووریی ده‌وڵه‌ت؟ ئاخۆ خه‌سڵه‌ت و شێوازی كاركردنی ئابووری، چ له ناوخۆ و چ له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه، چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت هه‌یه؟ به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه و ڕه‌هه‌نده كه‌لتووری و سیاسییه‌كانیان چ كاریگه‌رییه‌كیان له‌سه‌ر لایه‌نی ئابووری هه‌یه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌كییانه‌ن كه پێویسته لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی، وه‌ڵامیان بداته‌وه. ئه‌م پرسیارانه‌یش ده‌مانبه‌نه‌وه سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كیی تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ر یه‌كه له: "ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه"، "ئابووری و نه‌ته‌وه"، "ده‌وڵه‌ت و ئابووری" كه له خواره‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌باره‌یانه‌وه بدوێین.
ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه
به‌دروستی مێژووی دروستبوونی ده‌وڵه‌ت دیار نییه به‌ڵام كۆڕاییی پێویست له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه مرۆڤ له سه‌رده‌می ڕاو و شكار و ڕنینه‌وه‌ی به‌روبوومدا خاوه‌نی ده‌وڵه‌ت نه‌بووه و، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی كشتوكاڵی و نیشته‌جێبوون. به‌ڵام سه‌باره‌ت به نه‌ته‌وه له‌ناو ئه‌و بیرمه‌نده نوێیانه‌ی كه تێز و بۆچوونیان له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه، جیاوازیی به‌رچاو هه‌یه؛ ئه‌نتۆنی سمیت پێی وایه كه نه‌ته‌وه پێدراوێكی مێژوویییه و به‌ر له سه‌رده‌می مۆدێرنه بوونی هه‌بووه و، بوونی نه‌ته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانی هه‌ره دێرینی مێژوو و، نه‌ته‌وه نوێیه‌كانیش فۆرمی نوێ و تایبه‌تی گرووپه ئیتنیكییه كۆنه‌كانن. له‌ناو مۆدێرنیسته‌كادا ئه‌مه ڕای كه‌مینه‌یه، له به‌رامبه‌ردا زۆرینه‌یان وه‌ك "ئه‌رنه‌ست گێڵنه‌ر"، "ئه‌ریك هۆبزباوم"، "به‌ندیكت ئه‌ندرسۆن" پێیان وایه كه نه‌ته‌وه به‌رهه‌می سه‌رده‌می مۆدێرنه و ئابووریی پیشه‌سازی و بیرۆكراتییه‌تی ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زیی سه‌رده‌می مۆدێرنه‌یه و، سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆتایییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده.
نوێگه‌ره‌كان به‌مكوڕییه‌وه ئارگیۆمێنتكاری بۆ ئه‌و بۆچوونه ده‌كه‌ن كه نه‌ته‌وه، ده‌وڵه‌ت دروست ناكات، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه دروست ده‌كات. هه‌ر یه‌ك له‌وان به شێوازی تایبه‌ت جیاكاری له نێوان سه‌رده‌می مۆدێرنه و ئابووریی پیشه‌سازی له‌گه‌ڵ پێش ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌كه‌ن. ئه‌رنه‌ست گێڵنه‌ر بۆ ئه‌م جیاكارییه پشت به ڕاڤه‌كردنی په‌یوه‌ندیی كه‌لتوور و ده‌سه‌ڵات له‌و دوو سه‌رده‌مه جیاوازه‌دا ده‌به‌ستێت و، ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه به‌ر له سه‌رده‌می مۆدێرنه و شۆڕشی پیشه‌سازی له هه‌ر دوو قۆناغی ڕاو و شكار و قۆناغی كشتوكاڵیدا نه‌ته‌وه بوونی نه‌بووه، چونكه به بۆچوونی ئه‌و به‌بێ هه‌بوونی كه‌لتوورێكی باڵای هاوبه‌ش له نێوان تاك و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و بوونی په‌یوه‌یوندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ و ئاوێزانبوونی كه‌لتووری، نه‌ته‌وه بوونی نابێت.
له قۆناغی ڕاو و شكاردا به هۆی نه‌بوونی ده‌وڵه‌ته‌وه هیچ زه‌مینه و ویست و پێویستییه‌ك بۆ دروستبوونی نه‌ته‌وه له ئارادا نه‌بووه؛ له قۆناغی كشتوكاڵییشدا سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌وڵه‌ت به‌ڵام به هۆی نه‌بوونی كه‌لتوورێكی باڵای هاوبه‌شه‌وه نه‌ته‌وه بوونی نه‌بووه. ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بره‌ودان به كه‌لتووری باڵای هاوبه‌ش و په‌روه‌رده و زمانی ستانده‌ر بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كشتوكاڵیی داخراو، بایه‌خێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه، بگره زۆر جاریش پێچه‌وانه‌ی خواستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و جۆره كۆمه‌ڵگه‌یانه بووه. به باوه‌ڕی گێڵنه‌ر، ئابووریی پیشه‌سازی له یه‌ك كاتدا هه‌م پێویستیی به كه‌لتوورێكی نوێی هاوبه‌ش هه‌یه و هه‌میش به ده‌وڵه‌تێكی نوێی مه‌ركه‌زی. ئه‌و دووانه‌یش پێویستی و ته‌واوكه‌ری یه‌كترین؛ هه‌م كه‌لتوور و په‌روه‌رده‌ی هاوبه‌ش به‌بێ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی بنیات نانرێت و سه‌راپاگیر ناكرێت، هه‌م ده‌وڵه‌تیش پێویستیی به‌و كه‌لتووره لێكچوو و هاوبه‌شه هه‌یه بۆ پته‌وكردن و مانه‌وه و به‌هێزكردنی؛ ناسیۆنالیزمیش هه‌ر دوو ئه‌ركه‌كه ڕاده‌په‌ڕێنێت. لێره‌دا ناسیۆنالیزم ناوه‌ڕۆكێكی سیاسیی په‌تیی هه‌یه و له ڕێگه‌ی هه‌ماهه‌نگكردنی یه‌كه‌ی كه‌لتووریی كۆمه‌ڵگه پیشه‌سازییه‌كه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ی سیاسی له سنووری ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا پرۆسه‌ی بنیاتنانی نه‌ته‌وه به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت. تێڕوانینی گێڵنه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا تێڕوانینێكی سیاسییه و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ماهه‌نگكردن و یه‌كانگیركردنی یه‌كه‌ی كه‌لتووری و یه‌كه‌ی سیاسی كار ده‌كات.
هه‌ر یه‌ك له ئه‌ریك هۆبزباوم و به‌ندیكت ئه‌ندرسۆن له زۆربه‌ی خاڵه جه‌وهه‌رییه‌كاندا له گێڵنه‌ره‌وه نزیكن. جگه له ڕاجیایییان له‌سه‌ر شێوازی كه‌لتووری هاوبه‌ش، جیاوازیی بنه‌ڕه‌تی له نێوانیاندا ئه‌وه‌یه كه گێڵنه‌ر پێی وایه كه‌لتووری هاوبه‌ش له ڕێگه‌ی خوێندن و فێركردنی فه‌رمییه‌وه بنیات ده‌نرێت و سه‌راپاگیر ده‌كرێت، به‌ڵا هۆبزباوم ئه‌م كاره به ئه‌ركی ئابووری و میدیا و هۆیه‌كانی گه‌یاندنی نوێ ده‌زانێت؛ به‌ندیكت ئه‌ندرسۆنیش ئه‌و كاره به له‌دایكبوونی "سه‌رمایه‌داریی چاپ"ه‌وه گرێ ده‌دات و، پێی وایه میدیای نوێ، به‌تایبه‌تی ڕۆژنامه، ئه‌و ئه‌ركه ئه‌نجام ده‌دات. تێڕوانینی ماركسییانه‌یش بۆ نه‌ته‌وه جه‌خت له‌سه‌ر فاكته‌ری ئابووری و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش ده‌كاته‌وه (كه پاشتر لێی ده‌دوێین). پوخته‌ی سه‌رنجیش له‌م ڕوه‌وه هه‌ر ئه‌وه‌یه كه هیچ ئابوورییه‌كی هاوبه‌ش و یه‌كگرتوو له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تدا بوونی نییه، به‌ڵكوو ئابووریی هاوبه‌ش له ڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته‌وه دروست ده‌بێت.
له لای هه‌ر یه‌ك له گێڵنه‌ر و هۆبزباوم نه‌ته‌وه بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی دروست ناكات، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه بزاڤی نه‌ته‌وه‌یییه نه‌ته‌وه دروست ده‌كات؛ واته جگه له زه‌مینه و پێشمه‌رجی ئابووریی پیشه‌سازی، ده‌كرێ بوونی بزاڤی نه‌ته‌وه‌ییش پێشمه‌رجێك بێت بۆ بنیاتنانی نه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی كه هه‌م هه‌لومه‌رجی ئابووریی پیشه‌سازی و، هه‌م پێداویستییه‌كانی دروستبوونی نه‌ته‌وه له كه‌لتووری هاوبه‌ش و زمانی یه‌كگرتوو و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه دروست ده‌كرێن. هه‌ر بۆیه بزاوتی نه‌ته‌وه‌ییش ته‌نیا له ڕێگه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌توانێ كار بۆ بنیاتنانی نه‌ته‌وه بكات. له‌م باره‌یه‌وه "ماسیمۆ دازیلیۆ" سه‌ركرده‌ی به‌ناوبانگی شۆڕشی ئیتاڵی له سه‌رده‌می یه‌كخستنی ئیتاڵیادا، گوته‌یه‌كی به‌ناوبانگی هه‌یه كه ده‌ڵێت: "ئێمه ئیتاڵیامان دروست كرد، ئێستایش ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه ئه‌وه‌یه كه ئیتاڵییه‌كان دروستن بكه‌ین."
دیاره تێگه‌یشتن له‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه بێخه‌وش نییه و، هه‌ندێك له‌و پرسیارانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه ده‌كرێن مێژوویان كۆنتره له تێزه‌كانی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان بۆ كرا. چه‌ند پرسێكیش تاكوو ئێستا دووباره ده‌كرێنه‌وه. ئه‌رنه‌ست ڕێنان كه جه‌خت له ویست و ئیراده‌ی هاوبه‌ش ده‌كات بۆ بنیاتنانی نه‌ته‌وه، له وانه‌یه‌كیدا له ساڵی ١٨٨٢ به ناونیشانی "نه‌ته‌وه چییه؟" به چه‌ند پرسیارێكی كراوه ئه‌و بابه‌ته‌ی ورووژاند، ئه‌وانیش: بۆچی سویسرا نه‌ته‌وه‌یه له كاتێكدا پێك هاتووه له سێ زمان و دوو ئایین و چوار ڕه‌چه‌ڵه‌ك، به‌ڵام بۆ نموونه توسكانا نه‌ته‌وه نییه له كاتێكدا تا ڕادده‌یه‌كی زۆر یه‌كچه‌شنه؟ بۆچی نه‌مسا ده‌وڵه‌ته، كه‌چی نه‌ته‌وه نییه؟ ئه‌م پرسیارانه چه‌ندین پرسیاری تریان به‌دوادا دێن، وه‌ك: ئایا هه‌موو ده‌وڵه‌تێك ده‌توانێت نه‌ته‌وه بنیات بنێت؟ ئه‌ی بۆچی ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك عێراق نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه نه‌یتوانیوه ئه‌و كاره ئه‌نجام بدات؟ له دنیادا ده‌وڵه‌تانێك هه‌ن كه نه‌ته‌وه نین وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی بۆ كرا و، نه‌ته‌وه‌یش هه‌ن كه ده‌وڵه‌ت نین وه‌ك كورد؛ نه‌ته‌وه‌یش هه‌ن كه چه‌ندین ده‌وڵه‌تیان هه‌یه وه‌ك عه‌ره‌ب. هه‌رچه‌نده ئه‌م پرسیار و سه‌رنجانه گومان ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌شێكی زۆری ئه‌و پرسه په‌یوه‌ندیی به جیاوازی له تێگه‌یشتن و تێڕوانییه‌وه هه‌یه بۆ چه‌مكی نه‌ته‌وه، به‌وه‌ی كه ئایا ئه‌م تایپه‌ی نه‌ته‌وه له كوێی چه‌مكی نوێی نه‌ته‌وه‌دایه؟
تێزه نوێیه‌كان تا ڕادده‌یه‌ك وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یان داوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئاڵۆزی و جیاوازیی تێڕوانینه‌كان هێشتا به‌رده‌وامن. ئێمه لێره‌دا ده‌رفه‌تی شیكردنه‌وه و داوه‌ریكردنی ته‌واوی ئه‌و تێز و بۆچوونانه‌مان نییه و، ئه‌وه‌یش كاری ئه‌م وتاره نییه؛ ئه‌وه‌نده‌ی بۆ بابه‌ته‌كه‌ی ئێمه پێویسته ئه‌وه‌یه، ئاماژه به‌وه بده‌ین كه نه‌ته‌وه به مانا سیاسییه‌كه‌ی به‌و جۆره‌ی كه هه‌ر یه‌ك له گێڵنه‌ر و هۆبزباوم و ئه‌ندرسن و هاوڕاكانیان وێنای ده‌كه‌ن، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌یه كه نه‌ته‌وه گوزارشت بێت له پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكیی یه‌كچه‌شن و یه‌كزمان و، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی بێت بۆ پێكهاته‌یه‌كی نه‌ژادیی یه‌كچه‌شن، به‌ڵكو نه‌ته‌وه ئه‌و داهێنراوه سیاسییه‌یه كه له ڕێگه‌ی هێژموونداركردنی كه‌لتوورێكی باڵا و زمان و په‌روه‌رده‌یه‌كی هاوبه‌ش و ئابوورییه‌كی هاوبه‌شه‌وه بنیات ده‌نرێت. لێره‌یشدا زمان و كه‌لتووری هاوبه‌ش ئاماژه نییه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی یه‌كزمان و یه‌كڕه‌چه‌ڵه‌ك و یه‌كچه‌شن، به‌ڵكوو دروستكردنی ڕایه‌ڵه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی- زمانی - كه‌لتووریی باڵایه له نێوان گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه جۆراوجۆره‌كانی ناو سنووری ده‌وڵه‌تێكدا؛ به جۆرێك له‌گه‌ڵ پێداویستییه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سه‌رده‌می ئابووریی پیشه‌سازی و بازاڕ و دنیای مۆدێرندا بگونجێت. بۆ ئه‌مه‌یش پێویسته كه ئه‌و زمان و كه‌لتووره باڵایه به‌سه‌ر زمان و كه‌لتووره لۆكاڵییه‌كاندا هێژمووندارتر و پایه‌دارتر بكرێت. دیاره ئه‌مه‌یش ته‌نیا له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌كرێت؛ هه‌ر ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێك نه‌توانێت له‌ناو سنووره سیاسییه‌كه‌یدا ئه‌م پرۆسه‌یه ئه‌نجام بدات، ئه‌وه له بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو نابێت و، به‌مه‌یش ده‌وڵه‌ته‌كه مه‌رجێكی گه‌وره‌ی به‌هێزی و تۆكمه‌یی و سه‌قامگیری له‌ده‌ست ده‌دات. ئه‌م بۆچوونه‌یش بۆچوونی هه‌ره باوی ناو كایه‌ی سیاسی و ئابوورییه له ئێستادا. به‌گشتی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه كه وای كردووه چه‌مكی نه‌ته‌وه وه‌ك كاتیگۆرییه‌كی بابه‌تی بۆ خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕاڤه‌كردن له بواره‌كانی سیاسی و ئابووریدا گوزارشت له ده‌وڵه‌ت بكات.