ڕامانێك له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئابووری و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت - به‌شی سێیه‌م
جیهانگیر سدیق/ ماسته‌ر له زانستی ئابووری
ده‌وڵه‌ت و بنیاتنانی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی
به‌پێی ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه له به‌شه‌كانی پێشوودا بۆ چه‌مكی نه‌ته‌وه بره‌ومان پێ دا، بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری بتوانێت ڕۆڵی ئه‌رێنی له بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌دا بگێڕێت، پێویسته هه‌م ببێته پاڵنه‌ری سه‌راپاگیركردنی كه‌لتووری هاوبه‌ش و زمانی ستانده‌ر، هه‌م ببێته ڕایه‌ڵی پێكه‌وه‌به‌سته‌نه‌وه‌ی ناوچه و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و، به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی ئابووری بێنێته كایه‌وه. بۆ ئه‌مه‌یش به‌ر له هه‌ر شتێك، پێویسته ئه‌و ئابوورییه هه‌م وه‌ك په‌یكه‌ر و هه‌م وه‌ك سیسته‌م ئابوورییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بێت؛ به‌و مانایه‌ی كه له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره‌دا ڕوونمان كرده‌وه. به‌ڵام دیاره كه ئابوورییش خۆبه‌خۆ نابێته ئابوورییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵكوو پێویستی به ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه‌ی سیاسی و په‌یڕه‌وكردنی پلان و سیاسه‌تی ئابووریی تایبه‌ت و هه‌لومه‌رجی له‌بار هه‌یه. ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، چۆن ئابوورییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی بنیات بنێت؟ ئه‌وه پرسیاره سه‌ره‌كییه‌یه كه ئه‌م به‌شه‌ی وتاره‌كه‌مان هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌دات؛ چۆنیش ئابووری ڕۆڵ له بنیاتنانی نه‌ته‌وه و پته‌وكردن پایه‌كانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا بگێڕێت؟ له به‌شی داهاتوودا هه‌وڵی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌ده‌ین.
ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت له ئاراسته‌كردنی ئابووریدا
بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه كه ده‌وڵه‌ت یان ده‌سه‌ڵاتی سیاسی چۆن ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی بنیات بنێت، سه‌ره‌تا پێویسته سه‌رنج بخه‌ینه سه‌ر ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت له ئاراسته‌كردنی ئابووریدا تاكوو بزانین ئایا له‌م سه‌رده‌مه گۆڕاوه‌دا هێشتا ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ ئه‌و كاره ده‌رفه‌ت و بواریان له‌به‌رده‌ستدایه؟ چونكه له‌م سه‌رده‌مه‌دا بابه‌تی ڕۆڵبینینی ده‌وڵه‌ت له كایه‌ی ئابووریدا ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تێكی میدیاییی گه‌وره بووه‌ته‌وه و هه‌ر كات باس له‌و بابه‌ته ده‌كرێت، به كۆمه‌ڵێك چه‌مك و ڕسته‌ی ئاماده و بالۆره‌ی شاش به‌رپه‌رچی ده‌درێته‌وه، به‌وه‌ی گوایه سه‌رده‌می ئه‌م بابه‌ته به‌سه‌ر چووه. له ڕاستیدا له‌باره‌ی قسه‌كردن له‌م بابه‌ته‌وه مشتومڕێكی نه‌بڕاوه له نێوان دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌دا هه‌یه كه یه‌كێكیان ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له كاروباری ئابووری ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و به سه‌رچاوه‌ی قه‌یران و شكسته ئابوورییه‌كانی ده‌زانێت و پێی وایه كه ئابووریی بازاڕ و ئازادیی بازرگانی و باڵاده‌ستیی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌سته‌به‌ری پێشكه‌وتنی ئابووری ده‌كات؛ به‌پێچه‌وانه‌وه ئاراسته‌كه‌ی تر پێی وایه كه ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت ئه‌و كه‌موكوڕییانه چاره‌سه‌ر ده‌كات كه ئابووریی بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌ت دروستیان ده‌كه‌ن.
ئه‌و دو ئاراسته‌یه بۆ گوتار و بانگه‌شه‌كانیان پاڵپشت و ئارگیۆمێنتی تیۆری و پێدراوی واقعییان هه‌یه؛ كتێب و سه‌چاوه‌كانی تایبه‌ت به بیری ئابووری و به‌شێكی زۆر له ئه‌ده‌بیاتی ئابووری و سیاسیی سه‌رده‌م پڕە له‌و بابه‌تانه. ئێمه لێره‌دا ناچینه ناو ئه‌و مشتومڕه بێزه‌نتییه‌وه و، ته‌نیا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه له دنیای هاوچه‌رخدا ڕۆڵی ده‌وڵه‌تی به‌رهه‌مهێن كۆتایی هاتووه و، بواره‌كانی ده‌وڵه‌تی ده‌ستێوه‌رده‌ر‌یش له چه‌ند ڕووێكه‌وه به‌ره‌و ته‌سكبوونه‌وه چوون. به‌ڵام ئه‌مه به كۆتاییی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت له كایه‌ی ئابووریدا ته‌واو نه‌بووه، چونكه تاكوو ئێستایش كاریگه‌ریی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر كایه‌ی ئابووری، به‌به‌هێزی ماوه‌ته‌وه و، ئه‌وه‌ی گۆڕاوه ته‌نیا شێوازی ڕۆڵگێڕان و كاریگه‌ریدروستكردنه‌كه‌یه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه؛ ئه‌ویش گۆڕانی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته له ده‌وڵه‌تی به‌رهه‌مهێن و فه‌رمانده‌ره‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی ڕێساكان. ئێمه ئه‌مه‌مان پێشتر له نووسینی تردا ڕوون كردووه‌ته‌وه، ئیستا ته‌نیا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر پێگه‌ی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی له پانۆرامای په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ئابووریدا، تاكوو بزانین گوتار و بانگه‌شه‌كان، تێز و تیۆرییه‌كان چه‌ند له‌گه‌ڵ واقعدا ڕاستگۆ بوون؛ بزانین ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت له كایه‌ی ئابووری و پێگه‌ی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر ئاستی جیهان له ڕابردوو و ئێستادا له كوێی ئه‌م دیالێكتیكه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه.
پێگه‌ی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی له پانۆرامای په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و ئابووریدا
به چاوپۆشی له بانگه‌شه جۆراوجۆره‌كان، ده‌توانین به‌ڕوونی ئه‌وه ببینین كه ڕێبه‌رانی ڕه‌وته جیاوازه‌كانی بیری ئابووری، به درێژاییی مێژوو ئه‌وه‌نده‌ی له كۆششی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی نه‌ته‌وه و به‌هێزكردنی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییدا بوون، هیچ كات به‌و ئه‌ندازه‌یه ئابووریی جیهانیان وه‌ك گشتێك نه‌كردووه‌ته خاڵی بنه‌ڕه‌تی و جێگه‌ی بایه‌خ. له‌م باره‌یه‌وه ڕێگه و شێوازی جیاجیا و زۆر جار دژبه‌یه‌كیان گرتووه‌ته به‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌جێگیری و خاڵی هاوبه‌شی هه‌موویان ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه، كه ئابووری نه‌ته‌وه‌یی هه‌میشه چه‌قی بابه‌تی جێگه‌ی بایه‌خ بووه. له ڕووی پراكتیكیشه‌وه ده‌وڵه‌تانیش به هه‌مان شێوه هه‌میشه پاڵپشتییان له بنیاتنانی ئه‌و تێزه ئابوورییانه كردووه كه له قازانجی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یییاندا بوون و، په‌یڕه‌وییان له‌وانه كردووه كه له‌گه‌ڵ دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییاندا گونجاو بوون.
له سه‌روبه‌ندی كۆتاییهاتنی قۆناغی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و چه‌كه‌ره‌كردنی قۆناغی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا، سه‌رهه‌ڵدان و بره‌وسه‌ندنی قوتابخانه‌ی مێركه‌نتاڵی له ئه‌وروپا هاوڕێیه‌تیی ڕه‌وتی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كرد. بابه‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌م قوتابخانه‌یه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره بوو كه، چی بكرێت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی نه‌ته‌وه؟ ئه‌و ڕێگه‌یانه چین كه پاڵپشتی له هێزی سیاسی و ئابووریی ده‌وڵه‌ت ده‌كه‌ن؟ "ئه‌مه بۆ هه‌موو قوتابخانه‌كانی تری بیری ئابوورییش ڕاسته." هه‌موو ئه‌و ڕه‌وتانه‌ی كه سه‌ر به‌م قوتابخانه‌یه بوون له‌سه‌ر خاڵێكی جه‌وهه‌ری كۆك بوون، ئه‌ویش بریتی بوو له پێویستیی ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت له كاروباری ئابووری، به‌تایبه‌تیش له بواری بازرگانیی ده‌ره‌كیدا به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی زیاده له ته‌رازووی بازرگانی و ده‌سكه‌وتنی زێڕ و زیو كه به سه‌رچاوه‌ی هێزی ئابووری و سیاسیی ده‌وڵه‌تیان داده‌نا. بۆ ئه‌مه‌یش جه‌ختیان له‌سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی پاراستنی گومرگی و كه‌مكردنه‌وه‌ی هاورده و، هاندانی پیشه‌سازی و به‌روبوومی ناوخۆیی ده‌كرده‌وه به مه‌به‌ستی زیادكردنی هه‌نارده. گه‌رچی ئه‌و سه‌رده‌مه چه‌مكی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی باو نه‌بوو، به‌ڵام خودی ئه‌و ڕێكار و هه‌نگاوانه‌ی ئه‌وان بره‌ویان پێ ده‌دا، به‌شی هه‌ره سه‌ره‌كیی ڕێكاره‌كانی بنیاتنان و پاراستنی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یین.
پاساوه‌كانی داخوازی بۆ ئه‌و سیاسه‌تانه له لای مێركه‌نتاڵییه‌كان، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ نزیكیی ئاستی گه‌شه‌ی ئابووریی وڵاتانی ئه‌وروپی له‌و سه‌رده‌مه‌دا. ئه‌و جۆره نزیكییه ده‌بووه هۆی توندبوونی ئاستی كیبه‌ركێ و له‌گه‌ڵیشیدا ئاره‌زووی پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆیی بره‌وی ده‌سه‌ند؛ له كاتێكدا كه جیاوازیی ئاستی گه‌شه‌یش به هه‌مان شێوه ده‌بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی داخوازیی په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی پاراستن، وه‌ك پاشتر ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌ی مێركه‌نتاڵییه‌كانه‌وه، له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مه‌وه، یه‌كه‌م جار له فه‌ڕه‌نسا و ئه‌وجا له بریتانیا داخوازی بۆ ده‌ستێوه‌رنه‌دانی ده‌وڵه‌ت و، ئازادیی ئابووری سه‌ری هه‌ڵدا. ئه‌و بابه‌ته‌یش سه‌ره‌تا له فه‌ڕه‌نسا له لایه‌ن فیزیۆكراته‌كانه هاته ئاراوه. تێزی سه‌ره‌كیی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه بریتی بوو له ئازادیی تاك و خاوه‌ندارێتیی تایبه‌ت و ده‌ستێوه‌رنه‌دانی ده‌وڵه‌ت له كاروباری ئابووری، به‌ڵام پاشتر ئه‌م داخوازییه له فه‌ڕه‌نسا بره‌وی نه‌ما؛ به هۆی ئه‌وه‌ی كه ئابووریی ئه‌و وڵاته پێویستیی به پاراستنی گومرگی هه‌بوو، به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر كێبه‌ركێی كاڵای بریتانی. واته سه‌ره‌تا ئه‌و تێزانه كه له لایه‌ن قوتابخانه‌ی فیزیۆكراته‌كانه‌وه له فه‌ڕه‌نسا داهێنران و بره‌ویان پێ درا، له كاتێكدا بوو كه فه‌ڕه‌نسا له ڕووی كشتوكاڵییه‌وه پێشكه‌وتوو بو و توانای هه‌نارده‌كردنی به‌هێز بوو، به‌ڵام پاش گۆڕانی ئه‌و دۆخه فه‌ڕه‌نسا پشتی كرده ئه‌و تێزانه و بره‌وی به ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت و په‌یڕه‌كردنی سیاسه‌تی پاراستنی گومرگی دا.
له بریتانیا به‌پێچه‌وانه‌وه به هۆی به‌هێزیی توانای هه‌نارده‌كردنه‌وه، ئه‌و تێزانه به‌رده‌وام له بره‌ودا بوون و ده‌ركه‌وتنی قوتابخانه‌ی كلاسیكیی ئابوورییشی له‌سه‌ر ده‌ستی "ئاده‌م سمیس" به‌دوادا هات، كه بره‌وی زیاتری به‌و تێزانه دا. ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه بوو كه ئازادیی بازرگانیی ده‌ره‌كی و ده‌ستێوه‌رنه‌دانی ده‌وڵه‌ت له قازانجی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییی بریتانیادا بوو؛ واته سه‌ره‌ڕای بایخی پێگه‌ی تاك له‌چاو ده‌وڵه‌ت و بانگه‌شه‌ی ئازادیی ئابووری له‌ناو هزری ئه‌م ڕه‌وته ئابوورییه‌دا، كه‌چی سیاسه‌ت و میكانیزمه ئابوورییه‌كان هه‌میشه له‌سه‌ر بنه‌مای سوودی ئابووریی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بنیات ده‌نران. به‌و جۆره، بریتانیا به‌رده‌وام بوو له بانگه‌شه‌كردن بۆ ئازادیی ئابووری و هه‌ڵگرتنی كۆسپه‌كانی سه‌ر ڕێی بازرگانیی ده‌ره‌كیی ئازاد. ئه‌و تێزانه‌یش له‌گه‌ڵ بارودۆخی تایبه‌تیی بریتانیا ده‌گونجان، چونكه خاوه‌نی زه‌ویی فراوانی كشتوكاڵی و پیشه‌سازیی به‌هێزی وا بوو كه له كێبه‌ركێی هیچ هێزێكی ئابووری نه‌ده‌ترسا و، له به‌رژه‌وه‌ندییدا بوو كه سه‌رنجی ده‌وڵه‌تانی تر بۆ باشییه‌كانی پره‌نسیپی بازرگانیی ئازاد ڕابكێشێت و باوه‌ڕیان پێ بهێنێت بۆ په‌یڕه‌وكردنی؛ دیاره ئه‌مه‌یش به ئامانجی مسۆگه‌ركردنی گه‌یشتی كاڵای بریتانی بۆ بازاڕه بیانییه‌كان. ئه‌م شێوازی بره‌وپێدانه تاكوو ئێستایش له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وانه‌وه كاری پێ ده‌كرێت كه سوود له كرانه‌وه‌ی بێمه‌رجی بازاڕی وڵاتان به‌ڕووی كاڵاكانیاندا وه‌رده‌گرن.
به‌ڵام هه‌ر ئه‌وده‌م و له ڕۆژاوا له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه له ڕووی پیشه‌سازییه‌وه پێش نه‌كه‌تبوون و توانای گه‌وره‌یان نه‌بوو بۆ كێبه‌ركێی بازرگانی، به‌رژه‌وه‌ندییان ئه‌وه‌ی ده‌خواست كه په‌یڕه‌وی له سیاسه‌تی پاراستن بكه‌ن. له ڕووی تیۆرییه‌وه ئه‌م داخوازییه له له لایه‌ن ئابووریناسی ئه‌ڵمانیی به‌ناوبانگ "فردریك لیست"وه فۆرمۆله كرا و وه‌ك بناغه‌ی تێزی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی بایه‌خی پێ درا. لیست كه به دامه‌زرێنه‌ر و ڕێبه‌ری سه‌ره‌كیی تێزی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت، خۆی به مانا فه‌لسه‌فی و سیاسییه‌كه‌ی لیبراڵی بوو، به‌ڵام له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی "سیسته‌می نه‌ته‌وه‌یی بۆ ئابووریی سیاسی"، ڕه‌خنه‌ی له بیرۆكه‌كانی ئاده‌م سمیس گرت له‌وه‌ی كه تایبه‌تمه‌ندیی دۆخی وڵاتانی جیاواز له‌به‌رچاو ناگرێت و بۆچوونه‌كانی وه‌ك یه‌ك ڕه‌چه‌ته بۆ گشت وڵاتان پێشكه‌ش ده‌كات. ئه‌مه‌یش واتای فه‌رامۆشكردنی ئینتیمای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یییه. لیست پێی وا بوو كه له نێوان ئاستی تاك و ئاستی مرۆڤایه‌تیدا ئاستیگی گرنگ هه‌یه، كه ئه‌ویش ئاستی نه‌ته‌وه‌یه و پێویسته ڕه‌چاو بكرێت. فه‌رامۆشكردنی ئاستی نه‌ته‌وه‌یی به‌و جۆره‌ی له نووسینه‌كانی ئاده‌م سمیسدا ده‌رده‌كه‌وێت، ئابووری له ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌كه‌ی داده‌ماڵێت، كه ئه‌مه‌یش كارێكی په‌سه‌ند نییه، چونكه تاك ته‌نیا به‌رهه‌مهێنه‌ر یان به‌كاربه‌ر نییه به‌ڵكوو خه‌سڵه‌تێكی گرنگتری هه‌یه كه ئه‌ویش هاووڵاتییه. بۆیه له ڕوانگه‌ی لیسته‌وه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كیانێكی ئابووریی تایبه‌تیی هه‌یه كه پێویسته به‌پێی خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه و دۆخه ئابوورییه‌كه‌ی، سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی بۆ دابڕێژێت.
لیست هه‌ڵمه‌تێكی توندی كرده سه‌ر پره‌نسیپی بازرگانیی ئازاد له نێوان ده‌وڵه‌تانی جیهاندا، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی دۆخی تایبه‌تیی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك. ئه‌و پێی وا بوو كه ئازادیی بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی، كاتێك بۆ ده‌وڵه‌تیكی ده‌وڵه‌مه‌ند و پێشكه‌وتووی وه‌ك بریتانیادا شیاوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه پیشه‌سازی تێیدا پێشكه‌وتوو و سه‌قامگیره و مه‌ترسیی كێبه‌ركێی هیچ ده‌وڵه‌تێكی له‌سه‌ر نییه. ئه‌مه بۆ هه‌ندێ وڵاتی تر گونجاو نییه كه به‌و ئاسته نه‌گه‌یشتوون. بۆیه زۆر به‌موكوڕی داوای په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی پاراستنی له بازرگانیی ده‌ره‌كیدا ده‌كرد. ئه‌و خواستی سیاسه‌تی پاراستنی به‌سته‌وه به پێویستیی ئابوورییه نه‌ته‌وه‌یییه تازه پێگه‌یشتووه‌كانه‌وه كه هێشتا نه‌گه‌یشتبوونه قۆناغی به‌هێزبوون. ئه‌و وای بۆ ده‌چوو كه ئه‌گه‌ر ئه‌و ئابوورییانه به‌پێی پره‌نسیپه‌كانی ئازادیی ئابووری ڕێ بكه‌ن، ئه‌وه پیشه‌سازی تێیاندا گه‌شه ناكات، چونكه كاڵای ئینگلیزیی پێشكه‌وتوو له ڕووی ته‌كنیك و، هه‌رزان له ڕووی نرخ و تێچوونه‌وه، بازاڕه‌كانیان پڕ ده‌كات و ده‌بێته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م پێشكه‌وتنی پیشه‌سازیی نیشتمانی. هه‌ر له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه شكستهێنانی پیشه‌سازیی ناوخۆیی و كرانه‌وه‌ی بازاڕه ناوخۆیییه‌كان به‌ڕووی كاڵای بیانی‌دا و نه‌بوونی یه‌كه‌یه‌كی گومرگیی یه‌كگرتوو، له بری بنیاتنان و به‌هێزكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه هاوكات ده‌كات له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سهێنانی دۆخه ئابوورییه‌كه‌یدا، چونكه به‌هێزیی پیشه‌سازیی نیشتمانی و یه‌كه‌ی گومرگیی یه‌كگرتوو له‌و بنه‌ما هه‌ره به‌هێزانه‌یه كه ده‌سته‌به‌ری یه‌كگرتووییی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت ده‌كات. ئه‌مه ئه‌و خاڵه هه‌ره گرنگه بوو كه ئه‌ڵمانیا له‌و سه‌رده‌مه‌دا پێویستیی پێ بوو، چونكه ئه‌وده‌م ئه‌ڵمانیا له چه‌ندین ناوچه‌ی لێكجیا و چه‌ندین یه‌كه‌ی گومرگیی ناوخۆیی پێك هاتبوو؛ بۆ یه‌كگرتنه‌وه و یه‌كخستنه‌وه‌ی، پێویستیی به پیشه‌سازییه‌كی نیشتنمانیی به‌هێز و یه‌كه‌یه‌كی گومرگیی یه‌كگرتوو و سیاسه‌تێكی پاراستنی بازرگانی هه‌بوو.
ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌ڵمانیا له ڕووی ئابووری و سیاسییشه‌وه تا ڕادده‌یه‌كی زۆر هاوشێوه‌ی دۆخی هه‌ر یه‌ك له فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مریكا بوو. بیرۆكه و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی لیستیش پشتیوانی و په‌ره‌پێدانی بیرۆكه و هه‌نگاوه‌كانی هه‌ر یه‌ك له "ئه‌لیكسه‌نده‌ر هاملتۆن -یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌مریكا" و "ویلیا‌م ماكینلی - سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌و وڵاته" و، "جان باتێست كۆڵبێر- وه‌زیر داراییی فه‌ڕه‌نسا" بوو. ئه‌و دوو وڵاته‌یش له‌و سه‌رده‌مه‌دا به هۆی لاوازیی توانای پیشه‌سازی و بازرگانی و، هه‌روه‌ها به هۆی پێویستییان بۆ پاراستنی یه‌كگرتووییی نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ته‌كانیان، پشتگیری‌یان له ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی پاراستن و پشتگیریی پیشه‌سازیی نیشتمانی ده‌كرد. لیست ئه‌و ئابوورییانه‌ی به منداڵێك چوواند كه پێویستیی به پاراستن و چاودێری هه‌یه. هه‌ر بۆیه پێی وا بوو كه پێویسته له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت، په‌یڕه‌وی له پاراستنی ئابووریی تازه پێگه‌یشتوو بكات له كێبه‌ركێی بیانی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو، تاكوو كاتی پێشكه‌وتنی پیشه‌سازی و به‌ده‌ستهێنانی توانای كێبه‌ركێی پیشه‌سازییه پێشكه‌وتووه‌كان.
به بڕوای لیست بازرگانیی ئازاد جگه له نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو، هیچ نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تێكی تر لێی سوودمه‌ند نابێت؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش تیۆریی لیست بۆ پاراستن، به "پاراستنی پیشه‌سازییه تازه پێگه‌یشتووه‌كان- حمایة الصناعات الناشئة) ناوبانگی ده‌ركرد. زۆر له ئابووریناسان و شاره‌زایانی بواری په‌ره‌پێدان سوودیان لێ وه‌رگرت؛ له‌وانه‌یش هه‌ر یه‌ك له "ڕائۆل پریبیش" (Raoul Prebisch) و "هانس سنجه‌ر" (Hans Singer) و "پۆڵ باران" (Paul Baran) كه كاریان له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌كردنی تیۆریی پاڵپشتیكردنی پیشه‌سازیی نیشتمانی كرد و تیۆریی پاشكۆیه‌تیی ئابووریی كلاسیكی و نوێیان داهێنا كه تایبه‌ت بوون به ڕه‌خنه‌گرتن له‌و ناهاوسه‌نگییه‌ی به هۆی ئازادیی ئابووری و بازرگانییه‌وه له نێوان وڵاتانی ناوه‌ند و كه‌ناردا دروست بووه و فۆرمێكی هاوچه‌رخه له داگیركاری؛ كرۆكی تیۆرییه‌كانی ئه‌مانیش خۆبه‌خۆ بره‌ودان بوو به ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی.
له واقعدا ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتووی پیشه‌سازی هه‌ر كات پێویستیان به ده‌ستێوه‌ردانی ئابووری هه‌بووبێت و ئه‌و كاره‌یان به قازانجی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی زانیبێت، ڕاسته‌وخۆ ڕوویان كردووه‌ته په‌یڕه‌وكردنی و، پشتیان كردووه‌ته ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه خۆیان بانگه‌شه‌ی سه‌راپاگیركردنیان كردووه له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا. نزیكه‌ی دوو سه‌ده‌یه بانگه‌شه‌ی ئابووریی ئازاد و باڵاده‌ستیی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ كات به‌ته‌واوی ده‌ستیان له سیاسه‌تی گومرگی هه‌ڵنه‌گرتووه و ده‌سبه‌رداری سیاسه‌ته نه‌ختینه‌یی و دارایییه‌كانیان نه‌بوون. تاكوو حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوویش هه‌نگاوی گه‌وره‌یان نه‌ناوه بۆ به‌تایبه‌تیكردن. له هه‌ر كاتێكیشدا ئابووریی نیشتمانی‌یان خواستبێتی، ئه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ستێوه‌ردان. له پاش قه‌یرانی ئابووریی ساڵانی 1929-1931ه‌وه ئه‌م ده‌ستێوه‌ردانه زیاتر له ڕێگه‌ی سیاسه‌تی دارایییه‌وه په‌یڕه‌و ده‌كرا و پشتی به تێزه‌كانی تیۆریی كینزی به‌ستبوو. ئه‌وه‌یش به‌رده‌وام بوو تاكوو ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م. پاشتریش له قه‌یرانی داراییی 2008دا جارێكی تر گه‌ڕانه‌وه سه‌ری. ئه‌مه بۆ قه‌یرانی داراییی 1997ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیایش ڕاسته؛ له ئێستایشدا جه‌نگی ئابووریی ده‌وڵه‌تان و هه‌وڵ و هه‌نگاو و بانگه‌شه‌كانی بره‌وپێدانی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی شارا‌وه نییه و، ئاماده‌ییی ده‌وڵه‌ت له كایه‌ی ئابووریدا ده‌سه‌لمێنێت.
ئه‌وه‌ی له ئێستادا ئیداره‌ی "دۆناڵد ترا‌مپ"ی سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌نگاوی بۆ ده‌نێت، هیچی كه‌متر نییه له‌و هه‌وڵ و هه‌نگاوانه‌ی سه‌رده‌می هاملتۆن و ماكینلی كه له سه‌ره‌تای بنیاتنان و دامه‌زراندنی ئه‌مریكا و پته‌كردنی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییدا بوون. له‌م سه‌رده‌مه‌دا پاش ئه‌وه‌ی كه جیهانگیریی ئابووری و بازرگانیی ئازاد له لایه‌كه‌وه بوونه هۆی گواستنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و، له لایه‌كی تریشه‌وه بوونه هۆی پاشه‌كشه‌ی پیشه‌سازییه ته‌قلیدییه‌كانی ئه‌مریكا و داخرانی هه‌زاران كارگه و بێكاربوونی سه‌دان هه‌زار كرێكار؛ له‌گه‌ڵ زۆر ده‌ره‌نجامی تری كیبه‌ركێی بازرگانی له‌سه‌ر ئاستی بازاڕه‌كانی ئه‌مریكا و جیهان كه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی ئه‌مریكادا نین، بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كه خواستی پاراستنی پیشه‌سازیی نیشتمانی و پاراستنی گومرگی و بره‌وی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی له ئه‌مریكای لیبراڵیترین وڵاتی سه‌رده‌مه‌وه كه سه‌ركردایه‌تیی جیهانگیری و ئابووریی ئازاد ده‌كات جارێكی تر به‌توندی سه‌ری هه‌ڵبداته‌وه. ئه‌مریكای ئێستا كاتێك بانگه‌شه بۆ ئه‌مریكایه‌كی به‌هێز ده‌كات، ئه‌وا پێی وایه كه هه‌روه‌ك قۆناغی سه‌ربه‌خۆیی و بنیاتنان ئێستایش ده‌وڵه‌تی به‌هێز و نه‌ته‌وه‌ی به‌هێز هه‌ر له‌سه‌ر بناغه‌ی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییی به‌هێز ڕاده‌وه‌ستێت.
به‌م جۆره ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له هه‌موو سه‌رده‌مێكدا له هه‌وڵی بنیاتنان و به‌هێزكردنی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییدا بووه. بۆ ئه‌مه‌یش سه‌ره‌كیترین ڕێگه كه پشتی پێ به‌ستووه بریتییه له بنیاتنان و پاراستن و په‌ره‌پێدانی پیشه‌سازیی نیشتمانی و یه‌كانگیركردنی بازاڕه ناوخۆیییه‌كان و په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی پاراستنی گومرگی له بازرگانیی ده‌ره‌كیدا بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو به‌پێی خواستی ئابووریی نیشتمانی، تاكوو ئه‌و ده‌مه‌ی كه پیشه‌سازیی نیشتمانی توانای كێبه‌ركێی به‌هێز ده‌بێت و پێویستیی به بازاڕی كراوه‌ی جیهانی ده‌بێت.
ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی، نه ئابووریی قۆناغی كشتوكاڵییه و نه كرانه‌وه و واڵابوونی بێمه‌رجی بازاڕی ناوخۆیییه له به‌رده‌م كاڵای بیانی‌دا، نه ئابووریی ڕه‌یعیشه، به‌ڵكوو ئابوورییه‌كی پیشه‌سازییه كه په‌یوه‌ندییه‌كی ئاسۆیی له نێوان ته‌واوی ناوچه و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی سنووری ده‌وڵه‌تدا به‌رپا ده‌كات و، ده‌بێته پاڵنه‌ری به‌رجه‌سته‌بوونی زمان و كه‌لتووری هاوبه‌ش و، له ڕێگه‌ی تۆڕی په‌یوه‌ندییه پێشینه‌یی و پاشینه‌یییه‌كانه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش له نێوان تاك و گرووپ و چینه جیاوازه‌كاندا دروست ده‌كات. هه‌ر بۆیه بنیاتنانی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ده‌وڵه‌ته‌وه ته‌نیا به ڕێگه‌ی بنیاتنانی پیشه‌سازی و سیاسه‌تی پاراستنی بازرگانیدا تێدەپە‌ڕێت.