پێشه‌كی
كێشه‌ی داراییی هه‌رێم كیشه‌یه‌كی قووڵ و جددییه و، ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵه لێكه‌وته جۆراوجۆره‌كانی كاریگه‌رییه‌كی ته‌واو نه‌رێنییان كردوه‌ته سه‌ر زۆرینه‌ی بواره‌كان و بووه‌ته گرنگترین و سه‌رنجڕاكێشترین پرس و سه‌نته‌ری زۆرینه‌ی مشت‌ومڕ و باسوخواسه‌كان. ئه‌م كێشه‌یه پێشینه‌ی جۆراوجۆر و ڕه‌هه‌ندی جیاواز و ئاستی به‌رپرسیارێتیی فره‌لایه‌نی هه‌یه و، چاره‌سه‌ریشی ڕێگه‌ی جۆراوجۆر ده‌خوازێت و، له‌وه ئاڵۆزتره له‌ناو گوتارێكی سیاسیی تۆمه‌تئامێز و بانگه‌شه‌كاردا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت. ئه‌م وتاره هه‌وڵ ده‌دات له ڕووی بابه‌تییه‌وه تیشك بخاته سه‌ر ڕه‌هه‌ند و ئاسته‌كانی به‌رپرسیارێتی و ڕێگه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م/ ڕه‌هه‌نده‌كانی كێشه‌ی داراییی هه‌رێم
كێشه‌ی داراییی هه‌رێم كێشه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌نده؛ هه‌م لێكه‌وته‌كانی فره‌چه‌شنه‌ن و، هه‌م هۆكاره‌كانی زیاتر له هۆكارێكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. ئه‌گه‌ر له ڕووی مێژوویییه‌وه به‌شێك له هۆكاره‌كانی ئه‌م كێشه‌یه په‌یوه‌ست بن به بونیادی ئابووریی هه‌رێم و سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراقه‌وه، ئه‌وا به‌شی سه‌ره‌كییشیان په‌یوه‌ستن به شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی لایه‌نی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه و، مامه‌ڵه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵیش ڕۆڵی گه‌وره‌یان تێدا ده‌گێڕێ. بۆیه هه‌ر شرۆڤه‌كردنێكی بابه‌تی له‌و بوارانه و دیاریكردنی هۆكاره ڕیشه‌یییه‌كانی كێشه‌كه، پێویسته له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌ی ته‌وه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی خواره‌وه بێت:
١- كێشه‌ی دارایی، وه‌ك به‌شێك له كێشه‌ی بونیادیی ئابوورییی هه‌رێم
هه‌وڵه‌كان بۆ شرۆڤه‌كردنی هۆكاره‌كانی دواكه‌وتووییی ئابووری و په‌ره‌پێدان، له ئه‌ده‌بیاتی ئابووریدا جێگه‌یه‌كی گه‌وره‌یان هه‌یه. چه‌ندین تیۆری و قوتابخانه‌ی جیاواز بایه‌خ به پرسی كێشه ئابوورییه‌كان و دواكه‌وتن و په‌ره‌پێدانی ئابووری ده‌ده‌ن. گریمانه‌ی شوێنی جوگرافی، كه‌لتوور، فاكته‌ری ده‌ره‌كی و... له‌و تیۆرییانه‌ن كه ده‌توانرێت تا ڕادده‌یه‌ك بۆ شرۆڤه‌كردنی كێشه ئابوورییه‌كان و زانینی به‌شێك له هۆكاره‌كانی، سوودیان لێ وه‌ربگیرێت، به‌ڵام ئه‌و تیۆری و تێڕوانینانه‌ی كه بایه‌خ به خوێندنه‌وه‌ی بونیادی ئابووری ده‌ده‌ن بۆ هه‌مان مه‌به‌ست، هه‌ر له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه تاكوو ئێستا زیاترین بره‌ویان هه‌یه و، ده‌كرێت له‌و ڕووه‌وه سوودی باشیان لێ وه‌ربگیرێت.
له نێوان كێشه دارایییه‌كان و لاسه‌نگییه‌كانی په‌یكه‌ری ئابووریی زۆربه‌ی وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوودا (البلدان النامیه)، په‌یوه‌ندییه‌كی دووسه‌ره و ته‌واوكار هه‌یه. به هه‌مان شێوه له هه‌رێمی كوردستانیش كێشه‌ی دارایی، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به بونیادی ئابووری و كێشه ڕیشه‌یییه‌كانییه‌وه هه‌یه. هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له عێراق، له‌مێژه هه‌ڵگری زۆرینه‌ی سیما و خه‌سڵه‌ته‌كانی وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندووه، به‌تایبه‌تیش: لاسه‌نگییه‌كانی په‌یكه‌ری كۆبه‌رهه‌می ناوخۆیی، لاوازیی سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان، تاكسه‌رچاوه‌ییی داهات و پشتبه‌ستن به فرۆشتنی نه‌وتی خاو، بچووكیی قه‌باره و تواناكانی كه‌رتی تایبه‌ت و گه‌وره‌یی و باڵاده‌ستیی كه‌رتی گشتی، كورتهێنانی ته‌رازووی بازرگانی، بوونی بێكاریی شاراوه، نزمیی ئاستی ته‌كنه‌لۆژی و هتد.
هه‌ر له سه‌ره‌تای لكاندنی كوردستانی باشوور به ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه تاكوو ساڵی 1991، جه‌نگه به‌رده‌وامه‌كان و سیاسه‌تی حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق بۆ په‌راوێزخستنی ئابووریی كوردستانی باشوور و له‌كارخستنی توانای سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و، ڕاگواستن و وێرانكردنی گوند و مینڕێژكردنی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانی و، دوورخستنه‌وه‌ی هێزی كاری كوردستان له چالاكییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و خزاندنی بۆ ناو دامه‌زراوه سه‌ربازی و ئه‌منی و چه‌كداری و مه‌ده‌نییه‌كان، ئه‌وه‌نده‌ی تر سیماكانی لاوازی و دواكه‌وتوویییان له ئابووریی كوردستاندا چڕتر كرده‌وه.
له پاش ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991ه‌وه تاكوو ساڵی 2003، گه‌مارۆ ئابوورییه‌كان و جه‌نگی ناوخۆ و، بێتواناییی حكوومه‌تی هه‌رێم و هێزه سیاسییه‌كان له باش به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و په‌ره‌پێدانیدا، بوونه هۆی ئه‌وه‌ی كه كاری پێویست بۆ چاره‌سه‌ری كێشه بونیادییه‌كانی ئابووریی هه‌رێم نه‌كرێت و، سه‌ره‌نجامیش هه‌رێم له دۆخێكی ئابووریی نه‌خوازراودا بمێنێته‌وه. ئه‌وكات به هۆی كه‌میی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی حكوومه‌ت و نزمیی بڕی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه، دامه‌زراندن له كه‌رتی حكوومیدا تا ڕادده‌یه‌ك سنووردار بوو و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌ك ئێستا هه‌ڵنه‌كشابوو؛ كێشه‌ی پێدانی مووچه‌یش به‌م جۆره‌ی ئێستا گوشاری له‌سه‌ر گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ت دروست نه‌كردبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تاكوو ساڵی 2003 كێشه‌ی بێكاری و كه‌میی مووچه و نزمیی ئاستی داهاتی تاكه‌كان و لاوازیی دامه‌زراوه و سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ته‌واوی چالاكییه ئابوورییه‌كان له ئاستێكی مه‌ترسیداردا بوو؛ ئاستی ژیان و گوزه‌را‌نی هاووڵاتیانیش له‌وپه‌ڕی خراپیدا بوو.
له پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له به‌غدا له ساڵی 2003، به هۆی هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی ئابووری له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێم، سوودمه‌ندبوونی هه‌رێم له بوودجه‌ی گشتی عێراق، سه‌قامگیریی دۆخی سیاسی و ئه‌منیی هه‌رێم و، نه‌مانی جه‌نگی ناوخۆ، دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێم تا ڕاده‌یه‌كی زۆر گۆڕان و گه‌شه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی. به‌ڵام ئه‌و گۆڕان و گه‌شه‌یه (النمو) گه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه و به‌رده‌وام نه‌بوو، چونكه به‌ره‌نجامی پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان (التنمیة- Development) نه‌بوو؛ هیچ كات زاده‌ی گه‌شه‌كردنی سێكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و فره‌چه‌شنه‌كردنی ئابووری نه‌بوو؛ به‌ره‌وپێشچوونی نیشانده‌ره‌ره‌كانی بواری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییش، به‌ره‌و پێشچوونێكی ڕوكه‌ش و كاتی بوو، په‌یوه‌ست بوو به خه‌رجكردنی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه له بوودجه‌ی گشتیی عێراقه‌وه ده‌هاته هه‌رێم، كه ئه‌ویش له داهاتی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو و به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. به‌م جۆره، ئابووریی هه‌رێم له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، تاكسه‌رچاوه‌یی سیمایه‌كی سه‌ره‌كیی بوو. له‌وه‌یش زیاتر، له ڕێگه‌ی ده‌ستی دووه‌وه ئابوورییه‌كی كرێخۆر (اقتصاد الریعی- Rent economy) بوو و، هه‌موو نه‌خۆشییه‌كانی ئه‌و جۆره ئابوورییه به‌ته‌واوی تێیدا گه‌شه و نه‌شونمایان كردبوو. له ڕووی داراییشه‌وه زیاتر له هه‌ر ئابوورییه‌كی كرێخۆر له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیدا بوو. ئه‌گه‌ر داراییی وڵاتانی كرێخۆر له‌ژێر كاریگه‌ریی گۆڕانی نرخ و ڕه‌وشی بازاڕی كه‌ره‌سته خاوه هه‌نارده‌كراوه‌كانیاندا بووبێت، ئه‌وا داراییی هه‌رێم سه‌رباری ئه‌وه هه‌میشه له‌ژێر كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانیشیدا بووه له‌گه‌ڵ به‌غدا و، مه‌ترسیی بڕین و كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم به‌رده‌وام بووه.
وڵاتانی دواكه‌وتوو و تاكسه‌رچاوه، به‌تایبه‌تییش وڵاتانی كرێخۆر، له‌نێویشیاندا عێراق و هه‌رێم، چه‌ند خه‌سڵه‌تێك كۆیان ده‌كاته‌وه وه‌ك: پشتكردنه په‌ره‌پێدانی سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و سه‌ره‌نجام سستبوونی توانستی ده‌زگه‌ی به‌رهه‌مهێنان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی ناوخۆیی و پشتبه‌ستن به هاورده‌كردنی كاڵای بیانی، بێتواناییی سێكته‌ره ئابوورییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت له وه‌خۆگرتنی قه‌باره‌ی گونجاوی هێزی كار، گه‌وره‌بوونی كه‌رتی گشتی له‌سه‌ر حسابی كه‌رتی تایبه‌ت، كێشه و لاسه‌نگییه‌كانی بازاڕی كار، لاوازیی دامه‌زراوه‌ی كارگێڕیی ده‌وڵه‌ت له ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی له‌باری كێبركێ و ڕاگرتنی سه‌قامگیریی دۆخی ئابووری، لاوازیی دامه‌زراوه دارایی و ئابوورییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتی و هتد. هه‌موو ئه‌وانه‌یش به هۆی پشتبه‌ستنی ته‌واوه‌تی و درێژخایه‌نه‌وه‌یه به داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی خاو. به‌شێكی زۆر له ده‌رهاوێشته نه‌رێنییه‌كانی ئه‌و دۆخه‌یش، هه‌میشه له كورتهێنانی دووانه‌یی (عجز المزدوج)دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه یه‌كێكه له سیماكانی زۆربه‌ی وڵاتانی دواكه‌وتوو له ڕووی ئابوورییه‌وه؛ مه‌به‌ستیش لێی كورتهێنانی به‌رده‌وامه له هه‌ر دوو بواری بازرگانیی ده‌ره‌كی و داراییی گشتیدا. له بواری بازرگانیی ده‌ره‌كیدا هه‌میشه ته‌رازووی بازرگانیی وڵات ڕووبه‌ڕووی كورتهێنانی گه‌وره و درێژخایه‌ن ده‌بێته‌وه. به واتای ئه‌وه‌ی بڕ و قه‌باره‌ی هاورده، زۆر زیاتره له بڕ و قه‌باره‌ی هه‌نارده. له بواری داراییی گشتیشدا بوودجه‌ی گشتی، هه‌میشه ڕووبه‌ڕووی كورتهێنان ده‌بێته‌وه و بڕی خه‌رجییه گشتییه‌كان، زیاترن له بڕی داهاته گشتییه‌كان. ئه‌مه‌یش هۆكارێكی سه‌ره‌كیی قه‌رزاری و مانه‌وه‌ی ئابووریی زۆربه‌ی وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندووه له بازنه‌ی دواكه‌وتووییدا.
ئه‌وانه كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و سیمای وڵاتانی دواكه‌وتوون له ڕووی ئابوورییه‌وه، كه چه‌ندین ساڵه له ئابووریی هه‌رێمیشدا ڕه‌نگیان داوه‌ته‌وه. سه‌ره‌نجام ته‌واوی سێكته‌ره ئابوورییه‌كان و بازاڕ و دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت له هه‌رێمی كوردستان، چه‌ندین ساڵه نه توانای به‌رهه‌مهێنانی كاڵا و خزمه‌تگوزاریی پێویستیان هه‌یه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواستی ناوخۆیی، نه توانای وه‌خۆگرتنی هێزی كار و دروستكردنی ده‌رامه‌تیان هه‌یه بۆ هاووڵاتیان. له دۆخێكی له‌و جۆره‌یشدا هه‌موو گوشاره‌كان ڕووبه‌ڕووی حكوومه‌ت و داراییی گشتی ده‌بنه‌وه. هه‌ر ده‌وڵه‌تێك ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ڕیشه‌ییی ئه‌و كێشانه نه‌كات، ئه‌وا وه‌ك چاره‌سه‌ری كاتی و سڕكه‌ر له كاتی هه‌بوونی داهاتدا به زیادكردنی خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردن و به‌گه‌ڕخستن و كرێ و مووچه و دامه‌زراندن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا ده‌كات و، له كاتی كورتهێنانیشدا له ڕێگه‌ی قه‌رزكردن و ده‌سپێوه‌گرتن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێ و مووچه و ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه ڕووبه‌ڕووی دۆخه‌كه ده‌بێته‌وه. له ماوه‌ی ڕابردوویشدا حكوومه‌تی هه‌رێم، هه‌ر دوو ڕێكاره‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی خراپ په‌یڕه‌و كردووه. بۆ وێناكردنی ئه‌و جۆره هاوكێشه‌یه جارد دایموند (Jared Diamond) له كتێبی "أسلحة، جراثيم وفولاذ: مصائر المجتمعات البشرية"Societies Guns, Germs, and Steel: The Fates of) Human) لێكدانه‌وه‌یه‌كی دروستی هه‌یه كه ده‌ڵی ئه‌و وڵاتانه‌ی پشت به فرۆشتنی سامانی سروشتی ده‌به‌ستن، نابنه خاوه‌نی گه‌شه‌ی به‌رده‌وام و دۆخی ئابووریی سه‌قامگیر، به‌ڵكوو ئه‌وان یان له جه‌ژندان یان له قه‌یران و برسیێتی و قاتوقڕی، چونكه سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كه‌یان ناسه‌قامگیره و هه‌میشه له‌ژێر هێژموونی كارتێكه‌ره ده‌ره‌كییه‌كاندایه.
٢- كێشه‌ی داراییی هه‌رێم، وه‌ك به‌شێك له كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردن
سه‌ره‌ڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری لێكۆڵیاران له گرنگیی ڕۆڵی فاكته‌ره مێژوویی و كه‌لتووری و جوگرافییه‌كان و بونیادی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ركه‌وتن و شكستی ئابووریی ده‌وڵه‌تاندا، به‌ڵام به‌شێكیش له لێكۆڵێنه‌وه نوێیه‌كانی بواری په‌ره‌پێدان و تێڕوانینی نوێی بیرمه‌ندان بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتن و په‌ره‌پێدان و شكستهێنانی و، هه‌روه‌ها ئه‌زموونه جیاوازه‌كانی ده‌وڵه‌تانیش له ڕه‌وتی مێژوودا ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه: دواكه‌وتووییی ئابووری، چاره‌نووسی تاهه‌تاییی هیچ ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه. فاكته‌ره جوگرافی و كه‌لتوورییه‌كان و بونیادی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌گه‌ر كۆسپیش له به‌رده‌م په‌ره‌پێدانی ئابووریدا دروست بكه‌ن، ئه‌وا هه‌رگیز نابنه ڕێگری به‌رده‌وام له به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌دا؛ به‌و مه‌رجه‌ی حكوومه‌ت خاوه‌نی ده‌زگه‌ی كارگیڕیی تۆكمه و دامه‌زراوه‌ی ئابووری و سیاسیی كارا بێت و، ویست و پلان و به‌رنامه‌ی بۆ په‌ره‌پێدان هه‌بێت و به‌لێبڕاویه‌وه كاری بۆ بكات.
هه‌ر یه‌ك له "فره‌نسیس فۆكۆیاما" له كتێبی "بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت: كێشه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی و به‌ڕێوه‌بردن له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا" و، "دارن ئه‌جیمۆغلۆ و جیمز ئه‌ی. ڕۆبنسۆن" له كتێبی "بۆچی نه‌ته‌وه‌كان شكست ده‌هێنن: بنچینه‌كانی ده‌سه‌ڵات و گه‌شه‌كردن و هه‌ژاری"، زۆر به‌چڕی جه‌خت له ڕۆڵی دامه‌زراوه كارگێڕی و ئابووری و سیاسییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه له سه‌ركه‌وتن و شكستی ده‌وڵه‌تان له بواره‌كانی په‌ره‌پێدانی ئابووریدا؛ به جۆرێك ڕۆڵی ئه‌و فاكته‌ره ده‌خه‌نه سه‌رووی ته‌واوی فاكته‌ره‌كانی تره‌وه، كه ئه‌گه‌ر نه‌توانین بڵێین به تاكه فه‌كته‌ری ده‌زانن، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین له پێگه‌ی كاریگه‌رترین فاكته‌ردا دای ده‌نێن. فۆكۆیاما هێزی ده‌وڵه‌ت و شیاوێتی مانه‌وه‌ی و تواناكانی له فه‌راهه‌مكردنی سیسته‌م و ئاسایش و حوكمی یاسا و پاراستنی موڵكی تایبه‌ت و بازاڕی ئازاد و گه‌شه‌پێدانی ئابووریدا، ده‌به‌ستیته‌وه به شێوازی فه‌رمانڕه‌وایی و به‌هێزی و ڕه‌وایه‌تیی ده‌زگه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه. هه‌ر یه‌ك له "ئه‌جیمۆغلۆ" و "ڕۆبنسۆن"یش به‌ته‌واوی ئه‌وه ساغ ده‌كه‌نه‌وه كه سه‌ركه‌وتن و شكستهێنان، په‌یوه‌ستن به ئاست و شێواز و توانستی دامه‌زراوه كارگێڕی و ئابووری و سیاسییه‌كانه‌وه و، فاكته‌ره‌كانی تر ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان نییه. ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تانیش ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له هه‌مان ناوچه‌ی جوگرافی و له‌ناو هه‌مان كه‌لتوور و بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی دواكه‌وتووه‌وه هه‌نگاویان به‌ره‌و په‌ره‌پێدان ناوه و، له سایه‌ی داموده‌زگه‌ی كارگێڕیی تۆكمه و فه‌رمانڕه‌واییی به‌هێز و خاوه‌ن پلان و دیدگه‌ی ستراتیژییه‌وه توانیویانه، به ماوه‌یه‌كی كه‌م به باشترین ئاستی په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتنی ئابووری بگه‌ن. هه‌رچه‌نده ئه‌و بۆچوونانه تاكه لێكدانه‌وه نین و به‌ده‌ریش نین له ڕه‌خنه، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا ڕۆڵی دامه‌زراوه و ده‌زگه‌ی كارگێڕیی شیاو و پێشكه‌وتوو له به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و پێشخستنیدا هێشتا به‌ته‌واوی له پێشه‌وه‌ی فاكته‌ره‌كانی تره‌وه‌یه.
"ئه‌جیمۆغلۆ" و "ڕۆبنسۆن" چه‌مكی "دامه‌زراوه‌ی گشتگیر و له‌خۆگر" بۆ به‌راوردكاریی نێوان دامه‌زراوه ئابووری و سیاسییه‌كانی نێوان و ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو و سه‌ركه‌وتوو له ڕووی ئابوورییه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوو به‌كار ده‌هێنن؛ جه‌ختیش له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه بوونه خاوه‌نی شێوازێكی تایبه‌ت له هه‌ر یه‌ك له‌و دامه‌زراوانه، په‌یوه‌سته به هه‌لومه‌رجی سیاسیی مێژوویییه‌وه. دیاره كه دۆخی هه‌رێم له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه به درێژاییی مێژوو به جۆرێك بووه، كه ناكرێت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌راوردكردن له‌گه‌ڵ دۆخ و داموده‌زگه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو، سه‌ركۆنه‌ی جۆری دامه‌زراوه‌كانی و ئاستی پێشكه‌وتنی ئابوورییه‌كه‌ی بكرێت؛ به‌ڵام مانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی له‌م ئاسته لاوازه‌دا و ده‌سته‌وسانبوون له چاره‌سه‌ری كێشه هه‌نووكه‌یییه‌كان و دابینكردنی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان و مانه‌وه‌ی كێشه ئابوورییه ڕیشه‌یییه‌كان به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی، ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كه به‌شێكی زۆر له سه‌رنج و ڕه‌خنه و پرسیاره‌كان ئاراسته‌ی دامه‌زراوه كارگێڕی و ئابووری و سیاسییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه بكرێت.
حكوومه‌تی هه‌رێم به هۆی نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌رفه‌ت و ئامرازه تایبه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌وه، تا ڕادده‌یه‌ك بواری بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووریی به‌رده‌وام سنوورداره، به‌ڵام هۆكاری مانه‌وه‌ی دۆخی دارایی و ئابوورییه‌كه‌ی له‌م ئاسته ناله‌باره‌دا زیاد له هه‌ر شتێك، په‌یوه‌سته به شێوازی داموده‌زگه كارگێڕی و سیاسی و ئابووری و یاسایییه‌كان و نه‌بوونی دیدگه و پلانی ستراتیژی و ئیراده‌ی به‌هێزی كاركردنه‌وه بۆ چاكسازیی دارایی و په‌ره‌پێدانی ئابووری. حكوومه‌تی هه‌رێم چه‌ندین ساڵه به هۆی جه‌نگی ناوخۆ و دووئیداره‌یی و ناكۆكی و ململانێ حزبییه‌كانه‌وه، نه توانیویه‌تی ببێته خاوه‌نی ده‌زگه‌یه‌كی كارگێڕیی تۆكمه‌ی یه‌كگرتوو و پێشكه‌وتوو، نه به ڕادده‌ی پێویست توانیویه‌تی كار بۆ بنیاتنانی دامه‌زراوه‌ی ئابووری و داراییی كارا بكات. له بواری به‌ڕێوه‌بردنی داراییدا تاكوو ئێستا نه خاوه‌نی دامه‌زراوه‌گه‌لی داراییی یه‌كگرتوو و پێشكه‌وتووه و، نه په‌یڕه‌وی له پره‌نسیپه‌كانی شه‌فافییه‌ت و به‌شداری و لێپرسینه‌وه و به‌رپرسیارێتی ده‌كرێت و، نه كاروباره‌كانیشی به‌ته‌واوی وابه‌سته‌ن به سیسته‌می داراییی گشتی و ڕێساكانی ژمێریاریی حكوومییه‌وه. ئه‌مانه‌یش له پاڵ هۆكاری سیاسی و ڕۆڵی حزبه نه‌یاره‌كاندا، بوونه‌ته هۆی دروستكردنی بێمتمانه‌یییه‌كی زۆر له نێوان حكوومه‌ت و هاووڵاتیاندا به‌رامبه‌ر به پرسه دارایییه‌كان.
حكوومه‌تی هه‌رێم كه له ساڵانی ڕابردوودا ڕێژه‌یه‌كی دیاریكراوی له بوودجه‌ی گشتیی عێراقی ڕاده‌ست ده‌كرا، نه‌یتوانی ئه‌و داهاته به‌كار بهێنێت بۆ بووژاندنه‌وه‌ی سێكته‌ره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و فره‌چه‌شنه‌كردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و، فراوانكردنی بواره‌كانی به‌گه‌ڕخستنی هێزی كار و دروستكردنی هه‌لی كاری جۆراوجۆر؛ تاكوو هه‌م گوشار له‌سه‌ر كه‌رتی حكوومی و بوودجه‌ی گشتی كه‌م ببێته‌وه و، هه‌میش حكوومه‌ت و ئابووریی هه‌رێم به‌گشتی ببنه خاوه‌نی داهاتی سه‌قامگیر و به‌رده‌وامتر، به‌ڵكوو به‌رده‌وام بوو له هه‌نگاوه هه‌ڵه‌كانی، وه‌ك: دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك له‌ناو داموده‌زگه‌كانی حكوومه‌ت و حزبه‌كان، زیاتركردنی بێكاریی شاراوه، فه‌رامۆشكردنی كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان و پشتبه‌ستن به هاورده‌كردنی به‌شی هه‌ره زۆری پێداویستییه‌كانێ. بۆ ئه‌مه‌یش ته‌نیا پشتی به‌و پاره كاشه به‌ستبوو، كه وه‌ك پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم له به‌غداوه ده‌گه‌یشته ده‌ستی. له ڕووی به‌ڕێوه‌بردنی دارایییه‌وه جگه له‌وه‌ی كاری پێویستی بۆ په‌ره‌پێدان و جۆراوجۆركردنی سه‌رچاوه‌كان نه‌كردووه، له كاری ڕێكخستن و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و داهاتانه‌ی كه شیاوی به‌ده‌ستهێنان بوون كه‌مته‌رخه‌میی زۆری ئه‌نجام داوه و تاكوو ئێستا سیسته‌مێكی ڕێكخراو و تۆكمه و سه‌رده‌مییانه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته نییه و، سه‌ره‌نجام زۆرێك له داهاته‌كان، یان وه‌رنه‌گیراون و كۆ نه‌كراونه‌ته‌وه، یان نه‌چوونه‌ته ناو گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ته‌وه. زۆربه‌ی كاری دابه‌شكردنی ته‌رخانكردنه‌كان و خه‌رجكردن و به‌هه‌ده‌ردانی به جۆرێك ئه‌نجام داوه، كه نه‌ك ته‌نیا ببێته هۆی گوشاری زۆر له‌سه‌ر بوودجه‌ی گشتی، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی خراپیش كار بكاته سه‌ر سستبوونی چالاكیی سێكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئابووری، تا ڕادده‌ی ئیفلیجبوونی زۆربه‌ی بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنان. بابه‌ته‌كانی سیسته‌می بانكی و قه‌رزدان و هاندان و ڕێكخستنی پاشه‌كه‌وتكردن و ئاراسته‌كردنی بۆ وه‌به‌رهێنان و چه‌ندین بابه‌تی تری گرنگی په‌یوه‌ست به به‌ڕێوه‌به‌ردنی كه‌رتی دارایییه‌وه، هه‌نگاوێكی ئه‌وتۆیان بۆ نه‌نراوه.
ئابوورییه‌كی تاكسه‌رچاوه و كرێخۆر و چاوله‌ده‌ست له سایه‌ی به‌ڕێوه‌بردنێكی له‌و جۆره‌دا، هه‌ر چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت، كه وه‌ك "جارد دایمۆند"Jared) Diamond) وێنای كردووه له كاتی هه‌بوونی پاره و داهاتی حكوومه‌تدا مووچه‌ی زۆر و خه‌رجیی بێبنه‌ما و بێبه‌رهه‌م و، زیاده‌مه‌سره‌ف و به‌هه‌ده‌ردان و، له كاتی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی حكوومه‌تیشدا قه‌رزاربوون و ده‌ستپێوه‌گرتن و سكهه‌ڵگوشین و كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێ و مووچه و دابه‌زینی ئاستی داهاتی هاووڵاتیان و زیادبوونی بێكاری و...ی پێ بێت. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی كه ده‌یبینین هه‌رێمی كوردستان له پێش بڕینی به‌شه بوودجه‌كه‌یه‌وه له لایه‌ن عێراقه‌وه له جه‌ژنی بووژانه‌وه و خه‌رجكردن و مووچه‌ی زۆر و به‌هه‌ده‌رداندا بوو، له پاش بڕینی به‌شه بوودجه‌كه‌یشییه‌وه، چووه دۆخی سكهه‌ڵگوشین و كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه و دانه‌مه‌زراندن و زیادبوونی بێكاری و هتد.
٣- كێشه‌ی داراییی هه‌رێم، وه‌ك به‌شێك له كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا
ده‌ركه‌وتن و زه‌قبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی داراییی هه‌رێم و كاریگه‌ری و لێكه‌وته نه‌رێنییه‌كانی، هاوكات بوو به بڕینی پشكی بوودجه‌ی هه‌رێمه‌وه له لایه‌ن به‌غداوه، چونكه وه‌ك له‌سه‌ره‌وه باس كرا، ئابووریی هه‌رێم به درێژاییی چه‌ندین ساڵی ڕابردوو و تاكوو ئێستایش نه‌یتوانیوه، سه‌رچاوه‌ی داهاتی گونجاو و مسۆگه‌ر بۆ پاره‌داركردن و به‌ڕێوه‌بردنی خه‌رجییه‌كان و گه‌شه‌پێدان فه‌راهه‌م بكات و، جگه له ساڵانی نێوان 1991-2003 هه‌میشه له لایه‌ن ناوه‌نده‌وه پاره‌داركراوه و به‌ڕێوه براوه. له دۆخێكی له‌و جۆره‌یشدا، شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه كه بڕینی پشكی بوودجه‌كه‌ی له لایه‌ن به‌غداوه ببێته سه‌رچاوه‌ی كێشه‌ی داراییی گه‌وره.
له ئێستا و داهاتوویشدا تاكوو هه‌رێم به‌شێك بێت له ده‌وڵه‌تی عێراق، ئه‌وا ئابووری و داراییی هه‌رێم به‌شێك ده‌بێت له عێراق وه‌ك هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی. له‌و ڕووه‌یشه‌وه ئه‌رك و پابه‌ندبوون ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌ر دوو لایه‌ن. تێڕوانینی حكوومه‌تی فیدراڵی له به‌غدا تاكوو ئێستا بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییه، تێڕوانینێكی نه‌رێنی و مه‌ركه‌زییه و میراتی كه‌لتوور و دونیابینیی ده‌وڵه‌ت و گه‌لی عه‌ره‌بی عێراقه. له به‌رامبه‌ردا تێڕوانین و مامه‌ڵه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمیش تاكوو ئێستا پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه بووه و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك ڕوه‌وه چ وه‌ك كاردانه‌وه و چ وه‌ك تێگه‌یشتنی جیاواز سنووری سیسته‌می فیدراڵیی تێ په‌ڕاندووه. به‌غدا پێی وایه بۆ مانه‌وه‌ی هه‌رێم به لاوازی و چاوله‌ده‌ستی له‌ناو عێراقدا، پێویسته ڕێگه نه‌درێت به‌وه‌ی كه هه‌رێم ببێته خاوه‌نی توانای پشتبه‌خۆبه‌ستن له ڕووی ئابوورییه‌وه و، له‌و ڕووه‌یشه‌وه سه‌ركه‌وتوو بووه. ده‌وڵه‌تی عێراق چه‌ندین ساڵه له‌سه‌ر ئه‌وه ڕاهاتووه كه بۆ پاره‌داركردنی به‌ڕێوه‌بردن و ته‌واوی خه‌رجییه‌كانی، به‌ته‌واوی پشت به داهاتی نه‌وت ببه‌ستیت و، سه‌رچاوه‌ی نه‌وت و داهاته‌كانی تریش به‌ته‌واوی پاوانی ده‌ستی حكوومه‌تی ناوه‌ندی بێت. تاكوو ئێستا حكوومه‌تی به‌غدا و هێزه عێراقییه‌كان، ناتوانن باوه‌ڕی ته‌واو به فیدراڵییه‌ت بهێنن بۆ پێكه‌وه‌ژیان و، ئه‌وه هه‌رس بكه‌ن كه له‌ناو ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا، ده‌كرێت هه‌رێمه‌كان خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی سامانه سروشتییه‌كان بن و، له ڕووی داراییشه‌وه خاوه‌نی به‌شێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی تایبه‌ت به كۆكردنه‌وه و به‌ڕێوه‌بردنی داهاته‌كان بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا هه‌یه و ده‌ستووری عێراقیش ڕێگه به‌وه ده‌دات. ئه‌وان به‌ڕاشكاوی كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت و گاز و داهاته‌كانی باج و گومرگه‌كان مه‌ركه‌زی بن و، ته‌واوی داهاته‌كان بگه‌ڕێنه‌وه گه‌نجینه‌ی به‌غدا و، له‌وێیشه‌وه به‌بێ پشتبه‌ستن به كۆمه‌ڵێك پێوه‌ری بابه‌تی و به‌بێ به‌شداریی هه‌رێم له بڕیارله‌سه‌ردانیان، وه‌ك خێر و سه‌ده‌قه و به‌مه‌رج بڕیك پاره بنێرن بۆ هه‌رێم، كه به هیچ جۆرێك توانای به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانی و گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابوورییه‌كه‌ی نه‌بێت (ده‌رباره‌ی پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم و چۆنێتیی ناردنی و كێشه تایبه‌تییه‌كانی ئه‌و بواره، ئێمه پێشتر له چه‌ند وتارێكدا به‌دوورودرێژی قسه‌مان كردووه و، دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌پێویست نازانین).
كاتێكیش حكوومه‌تی هه‌رێم كار بۆ به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ده‌كات، له بری ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و له‌سه‌ر بنه‌مانی پره‌نسیپه‌كانی سیسته‌می فیدراڵیدا كار بۆ دیاریكردنی ئه‌رك و ماف و پابه‌ندییه‌كان بكه‌ن و په‌یڕه‌وی له میكانیزمه باوه‌كانی به‌شكاریی داهاته‌كان و چاره‌سه‌ری لاسه‌نگییه دارایییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له سیسته‌می فیدراڵییه‌تی داراییدا كاریان پێ ده‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه به دروستكردنی چه‌ندین كێشه‌ی سیاسی و یاسایی و دارایی ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه و، پشكی بوودجه‌كه‌ی لێ ده‌بڕن. له‌م كاته‌یشدا هه‌رێم به‌شی زۆر له سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانی له‌ده‌ست ده‌دات، له كاتێكدا وه‌ك له سه‌ره‌وه باسمان كرد هه‌رێم تاكوو ئێستا به چه‌ندین هۆكاری جۆراوجۆر، نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی داهاتی پێویستی خۆی (هه‌میشه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وه‌یش سیاسه‌ته‌كانی به‌غدا بووه)؛ بۆیه ڕاسته‌وخۆ به بڕانی پشكی بوودجه‌كه‌ی له لایه‌ن عێراقه‌وه، ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ی دارایی ده‌بێته‌وه. ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێم له ڕووی دارایییه‌وه، درێژه‌دانه به هه‌مان سیاسه‌تی ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق: له لایه‌كه‌وه به هه‌موو جۆرێك ڕێگری له‌وه ده‌كات كه هه‌رێم ببێته خاوه‌نی توانایه‌كی دارایی و ئابووریی ئه‌وتۆ و، له لایه‌كی تریشه‌وه هه‌ر كات ویستی چ به مه‌رامی سیاسی، یان ئابووری، پشكی بوودجه‌كه‌ی لێ ببڕێت، یان كه‌می بكاته‌وه و هه‌رێم دوچاری كێشه‌ی دارایی گه‌وره بكاته‌وه. به‌م جۆره تاكوو هه‌رێم له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا بێت و تاكوو سیسته‌می فیدراڵی به‌ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌كرێت، داراییی هه‌رێم هه‌میشه له‌ژێر هێژموون و كاریگه‌ریی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدادا ده‌مێنێته‌وه و، به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی داراییی لێ ده‌كرێت.
|