كێشه‌ی داراییی هه‌رێم: ڕه‌هه‌ند و به‌رپرسیارێتی و چاره‌سه‌ره‌كان /به‌شی پێنجه‌م و كۆتایی
جیهانگیر سدیق/ ماسته‌ر له زانستی ئابووری/ پسپۆڕ له داراییی گشتی
هه‌نگاوی سێیه‌م/ چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری
وه‌ك له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌مان بۆ كرد، بونیادی ئابووریی هه‌رێم وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوو (گه‌شه‌ستێنن) بونیادێكی فشۆڵ و لاواز و ناهاوسه‌نگه. هه‌میشه زه‌مینه‌یه‌كی ساز و له‌باره بۆ سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی دارایی و ئابووریی گه‌وره. به‌بێ چاكسازیكردن له بونیادی ئابووری و په‌ره‌پێدانی، هه‌موو كات هه‌رێم له به‌رده‌م مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه و ته‌نگژه‌ی دارایی و ئابووریدا ده‌بێت.
دوو به‌شی پێشتری ئه‌م وتاره، تایبه‌ت بوو به باسكردنی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی له هه‌رێم و، كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، وه‌ك هه‌نگاوی خێرا و كورتخایه‌ن و مامناوه‌ند؛ ئه‌م به‌شه‌یش ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی چه‌ند بۆچوونێك ده‌رباره‌ی بابه‌ت و پێشمه‌رج و پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری وه‌ك هه‌نگاوی درێژخایه‌ن و دوورمه‌ودا.
پێشمه‌رج و پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری
ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری، ته‌نیا له ڕێگه‌ی دانان و جێبه‌جێكردنی كۆمه‌ڵێك پلان و پرۆژه‌ی ورد و زانستی و تۆكمه‌وه مه‌یسه‌ر ده‌بێت. ئه‌م پرۆسه‌یه له لایه‌كه‌وه پێویستیی به ئاماده‌ییی كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رج و پێداویستیی سه‌ره‌كیی هه‌یه و، له لایه‌كی تریشه‌وه خودی پرۆسه‌كه له ڕووی ورده‌كارییه‌وه پرۆسه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌ند و هه‌ستیار و ئاڵۆزه و، پێویستیی به كۆششی هاوبه‌شی دامه‌زراوه تایبه‌تمه‌نده‌كانی حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و، ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی و، كه‌رتی تایبه‌ت و ته‌نانه‌ت شاره‌زاییی نێوده‌وڵه‌تییش هه‌یه. ئه‌م كاره پێویستیی به داتا و زانیاریی ورد و دروست و شیكردنه‌وه‌ی دۆخی ئارای هه‌ر یه‌ك له سێكته‌ره ئابوورییه‌كان و پێویستییه‌كانیان و ڕه‌وشی گۆڕاوه جۆراوجۆره‌كان و، دیاریكردنی ئامانجی دوور و نزیك و میكانیزم و، پێنوێنی تایبه‌تیی جێبه‌جێكردن و مه‌ودای زه‌مه‌نیی دیاریكراو بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك هه‌یه.
هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌ست به پرۆسه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه بكات، سه‌ره‌تا پێویستی به سازكردنی كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رج و پێداویستیی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه وه‌ك: دیاریكردنی فه‌لسه‌فه‌ی ئابووری و ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت، دیاریكردنی میتۆدی چاكسازیی ئابووری و په‌ره‌پێدان، پلاندانان بۆ په‌ره‌پێدان و، دیاریكردنی گونجاوترین ستراتیژییه‌ت بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری. به‌ر له قسه‌كردن ده‌رباره‌ی گه‌ڵاڵه‌كردنی دیدگه‌یه‌كی ڕوون له‌سه‌ر ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه، هه‌ر قسه‌كردنێك له ورده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری، چ له لایه‌ن تاك یان له لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه، ئه‌سته‌مه جێگه‌ی خۆی بگرێت. هه‌ر بۆیه ئێمه لێره‌دا به‌بێ په‌لهاوێشتن و قسه‌كردن له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كان، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ته‌نیا قسه له‌سه‌ر مه‌رج و بنه‌ما و پێداویستییه هه‌ره بنچینه‌یییه‌كانی ده‌ستپێكردن و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری بكه‌ین.
حكوومه‌تی هه‌رێم له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه تاكوو ئێستا، وه‌ك عێراق و زۆر له وڵاتانی گه‌شه‌ستێنی تر، خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ئابووریی ڕوون و دیاریكراو نییه بۆ ڕێكخستنی چوارچێوه و سنووری ڕۆڵ و ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی له كایه‌ی ئابووریدا و، دیدگه‌ی ڕوون و پلان و میكانیزمی دیاریكراوی نییه بۆ ئاراسته‌كردنی ئابووری و به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌كانی چاكسازی و په‌ره‌پێدان. تاكوو ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌تدا به‌پێی یاسا و سیسته‌مێكی دیاریكراو ڕێك نه‌خراون و، پێگه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان له كایه‌ی ئابووریدا به‌گشتی و له پرۆسه‌كانی چاكسازیی ئابووری و په‌ره‌پێداندا به‌تایبه‌تی دیار نییه. له لایه‌كی تریشه‌وه سه‌ره‌ڕای باسكردنی به‌رده‌وام و ڕاگه‌یاندنی پلان و پرۆژه‌ی چاكسازی، به‌ڵام تاكوو ئێستا نازانرێت كه حكوومه‌ت به‌نیازه په‌یڕه‌وی له چ میتۆدێكی چاكسازی بكات. سه‌باره‌ت به په‌ره‌پێدانی ئابوورییش نه پلانێكی ورد و واقعی و زانستیی هه‌یه، نه بایه‌خ به دیاریكردنی ستراتیژییه‌تێكی گونجاو ده‌دات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. بێ گومان له دۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا به‌ر له قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه، قسه‌كردن و پێشنیار له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی چاكسازی و په‌ره‌پێدان به كارێكی دروست و به‌رهه‌مدار نازانین. بۆیه ئێمه له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌مێك له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌و بابه‌ت و پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییانه بدوێین.
یه‌كه‌م/ دیاریكردنی فه‌لسه‌فه‌ی ئابووری: ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت، كه‌رتی تایبه‌ت، ئابووریی بازاڕ و قۆناغی په‌ڕینه‌وه
له ئێستادا باسكردن له‌م بابه‌ته، پتر له‌وه‌ی بابه‌تێكی ئایدیۆلۆژی بێت، بابه‌تێكی ته‌كنیكیی ئابووری سیاسییه؛ به‌و پێیه‌ی مه‌سه‌له‌ی ئابووریی سۆسیالیستی و خاوه‌ندارێتیی ده‌وڵه‌ت تا ڕادده‌یه‌كی زۆر، چ وه‌ك پراكتیك چ وه‌ك تیۆری، گۆڕه‌پانه‌كه‌یان چۆڵ كردووه و، ئابووریی بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌ت به‌ته‌واوی له بره‌ودایه و، زانستی ئابوورییش تا ڕادده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته یه‌كلایی بووه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ئیتر ڕوانگه‌ی ده‌وڵه‌تان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و سنووری ڕۆڵگێڕان و ده‌ستێوه‌ردانیان کۆدنگیی ته‌واوی له‌سه‌ره و، زانستی ئابووری ڕه‌چه‌ته‌یه‌كی ئاماده و دیاریكراوی بۆ هه‌مووان خستووه‌ته به‌رده‌ست و، بابه‌ته‌كه بێمشتومڕ و گرێوگۆڵه، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه، تاكوو ئێستا هه‌م ده‌وڵه‌تان له ته‌واوی دنیادا به شێوازی جۆراوجۆر به‌رده‌وامن له ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ئابووری و، هه‌میش مشتومڕێكی زۆر و، كۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی لێكجیاواز هه‌ن له‌باره‌ی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت، چ له كاتی ئاسایی و چ له قۆناغی په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و ئابووریی بازاڕ و هێژموونداریی كه‌رتی تایبه‌ت.
كێشه‌ی ئێستا بریتی نییه له چۆنێتیی هه‌ڵبژاردن له نێوان سیسته‌می ئابووریی سۆسیالیستی، یان لیبراڵی، یان ئیسلامی به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها، به‌ڵكوو بریتییه له دۆزینه‌وه‌ی گونجاوترین ڕێگه و میكانیزم بۆ په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و ئابووریی بازاڕ و هێژموونداریی كه‌رتی تایبه‌ت؛ به جۆرێك كه پرۆسه‌كه به‌سه‌ركه‌وتوویی و به كه‌مترین زیان و لێكه‌وته‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و، به زۆرترین ده‌سكه‌وت بگاته ئه‌نجام. ده‌ره‌نجامی ئه‌زموونی هه‌ر یه‌ك له چین و وڵاتانی گه‌شه‌كاری باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ته‌نانه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا و توركیا و چه‌ند وڵاتێكی تریش، له‌گه‌ڵ بۆچوونی زۆرێك له لێكۆڵه‌رانی بواری په‌ره‌پێدان، ئه‌و تێڕوانینه‌یان به‌ته‌واوی سه‌نگین كردووه كه پێی وایه سه‌ركه‌وتنێكی له‌و جۆره ته‌نیا له سایه‌ی ڕۆڵگێڕانی ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن دامه‌زراوه‌ی به‌هێز و، به پلانی زانستی و تۆكمه و، به‌لێبڕاوی و كۆششی به‌رده‌وام و بوێرانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی دێته دی؛ ئه‌ویش به پشتبه‌ستن به میتۆد و میكانیزمی گونجاو و، به‌دوور له خۆبه‌ستنه‌وه به ته‌ونه جۆراوجۆره‌كانی ئایدیۆلۆژییه‌كی دیاریكراوه‌وه.
زۆر كه‌س سه‌ركه‌وتنی چین له بواری ئابووریدا، ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌سته ئایدیۆلۆژییه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی پراگماتیزمی ئابووری له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی چینه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه "دینگ شیاو پینگ"ی سه‌ركرده‌ی چینی وته‌یه‌كی پڕبایه‌خی هه‌یه كه ده‌ربڕی جه‌وهه‌ری سیاسه‌ته سه‌ركه‌وتووانه‌كه‌یه‌تی؛ ئه‌و ده‌یگوت: "گرنگ نییه پشیله‌كه سپی بێت یان ڕه‌ش، گرنگ ئه‌وه‌یه له ڕاوكردنی مشكه‌كاندا سه‌ركه‌وتوو بێت." مه‌به‌ستی له‌مه‌یش، پاساوهێنانه‌وه بوو بۆ پابه‌ندنه‌بوون به به‌ربه‌سته ئایدیۆلۆژییه‌كان له كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ناوه‌ندگه‌راییی ده‌وڵه‌ت و فراوانكردنی ڕۆڵی بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌ت.
چین به ڕێبه‌رایه‌تیی حزبی كۆمۆنیستی، له سایه‌ی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز و حزبێكی فه‌رمانڕه‌وای تۆكمه‌دا، پێ به پێ هه‌نگاوی به‌ره‌و لامه‌ركه‌زییه‌تی دارایی و ئابووری و، بازاڕی ئازاد و به‌تایبه‌تیكردن نا و، سه‌ركه‌وتنێكی كه‌موێنه‌ی له بواری چاكسازیی ئابووری و په‌ره‌پێداندا به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام ڕووسیا له پاش ڕووخانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت، له‌سه‌ر پاشماوه‌ی ده‌وڵه‌تێكی ڕووخاو و، له سه‌رده‌می نه‌بوونی حزبێكی فه‌رمانڕه‌وای به‌هێزدا، هه‌نگاوی به‌ره‌و چاكسازیی ئابووری نا. هه‌رچه‌نده‌یش ئه‌وده‌م ڕووسیا هه‌نگاوی به‌ره‌و لیبراڵیزم ده‌نا، به‌ڵام له لایه‌كه‌وه ده‌ستبه‌رداری ناوه‌ندێتیی بڕیاره دارایی و ئابوورییه‌كان نه‌بوو و، له لایه‌كی تریشه‌وه به‌بێ زه‌مینه‌سازیكردنی پێویست بۆ په‌ره‌گرتنی ئابووریی بازاڕ، ده‌ستی دایه پرۆسه‌ی به‌تایبه‌تیكردنی خێرا و به‌په‌له. ئه‌مه‌یش جۆرێك بوو له پارادۆكس و شێوازی لێهه‌ڵبژاردن (الانتقائیه- selectivity) له‌و میتۆدی چاكسازییه‌ی كه له ئه‌ده‌بیاتی ئابووریدا به چاره‌سه‌ری به‌شۆك (العلاج بالصدمة) به‌ناوبانگه و سه‌رچاوه‌كه‌یشی بۆ بیرۆكه‌كانی Milton Friedmanده‌گه‌ڕێته‌وه كه یه‌كێكه له به‌ناوبانگترین دامه‌زرێنه‌رانی قوتابخانه‌ی نیولیبراڵیزم؛ سه‌ره‌نجامی ئه‌وه‌یش، پرۆسه‌ی چاكسازی له ڕووسیا ڕووبه‌ڕووی شكستێكی كه‌موێنه بووه‌وه.
په‌ندێك له به‌راوردكردنی ئه‌و دوو ئه‌زموونه بریتییه له سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ڕۆڵی ئایدیۆلۆژی له نه‌خشاندنی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت و سنووری ده‌ستێوه‌ردانی له ئابووریدا به یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یی نه‌ماوه‌ته‌وه. په‌ندێكی تریش بریتییه له جه‌ختكردنه‌وه له گرنگیی پێگه‌ی ده‌وڵه‌تی به‌هێز و ڕۆڵی سه‌قامگیریی سیاسی و دامه‌زراوه كارا و تۆكمه‌كان له كایه‌ی ئابووریدا به‌گشتی و، له ڕێبه‌رایه‌تیكردنی پرۆسه‌ی چاكسازیی ئابووری و په‌ره‌پێداندا به‌تایبه‌تی. په‌ندێكی تریش بریتییه له سه‌لماندنی سه‌ركه‌وتن و دروستیی ڕێڕه‌وی ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی كه پێ به پێ و به‌ر له ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی به‌تایبه‌تیكردنی خێرا، كاری ته‌واویان كردووه بۆ په‌ره‌گرتنی ئابووریی بازاڕ. ئه‌م ئه‌زموونه ته‌نیا له چیندا به‌رجه‌سته نه‌بووه، به‌ڵكوو له ئه‌وروپای ڕۆژاوا و، ته‌نانه‌ت وه‌ك زانای ئابووریی هه‌نگاری Janos Kornai ئه‌نجامگیریی كردووه، له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو و، زۆربه‌ی وڵاتانی گه‌شه‌كاری باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیایش هه‌ر به‌و شێوه‌یه بووه. به ڕای Kornai، سه‌ركه‌وتنی ئه‌و جۆره ئه‌زموونانه ته‌نیا په‌یوه‌ندیی نییه به خێرایی، یان هێواشیی جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌كه‌وه، به‌ڵكوو زیاتر له‌وه، په‌یوه‌سته به جه‌وهه‌ری ستراتیژییه‌تی په‌ڕینه‌وه‌وه بۆ ئابووریی بازاڕ كه ده‌وڵه‌ت و ئیراده‌ی سیاسیی به‌هێز و دامه‌زراوه‌ی كارا ڕۆڵی گه‌وره‌ی تیدا ده‌گێڕن.
له‌و قۆناغه‌دا كه پێی ده‌گوترێت "قۆناغی په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و ئابووریی بازاڕ" و، پاش ئه‌ویش له "قۆناغی به‌تایبه‌تیكردن" و، پاشتریش له قۆناغی ڕاگرتن و سه‌رپه‌رشتیكردنی سیسته‌مه ئابوورییه‌كه‌دا، ده‌وڵه‌ت خاوه‌نی ڕۆڵ و كاریگه‌ریی تایبه‌تیی خۆیه‌تی. هه‌ر بۆیه كاتێك باس له دیاریكردنی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت ده‌كرێت، هیچ كات به مانای ده‌ستكێشانه‌وه‌ی ته‌واوه‌تیی ده‌وڵه‌ت له كاروباری ئابووری و كۆتاییهاتنی ڕۆڵه‌كه‌ی نییه، به‌ڵكوو مه‌به‌ست له دیاریكردن و ڕێكخستنی ڕۆڵه‌كه‌یه‌تی، به‌و جۆره‌ی كه باشترین خزمه‌ت به سه‌قامگیری و په‌ره‌پێدان و پێشخستنی ئابووری بكات و ئامانجه جۆراوجۆره‌كانی به‌دی بهێنێت.
له دنیای هاوچه‌رخدا ڕۆڵی ده‌وڵه‌تی به‌رهه‌مهێن كۆتایی هاتووه و، بواره‌كانی ده‌وڵه‌تی ده‌ستێوه‌رده‌ر‌یش به‌ره‌و ته‌سكبوونه‌وه چوون. به‌ڵام ئه‌مه به كۆتاییی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت له كایه‌ی ئابووریدا ته‌واو نه‌بووه، چونكه تاكوو ئێستایش كاریگه‌ریی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر كایه‌ی ئابووری، له‌وپه‌ڕی به‌هێزیدا ماوه‌ته‌وه و، ئه‌وه‌ی گۆڕاوه ته‌نیا شێوازی ڕۆڵگێڕان و كاریگه‌ریدروستكردنه‌كه‌یه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه؛ ئه‌ویش گۆڕانی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ته له ده‌وڵه‌تی به‌رهه‌مهێن و فه‌رمانده‌ره‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی ڕێساكان. له‌مڕۆدا چاوخشاندنه‌وه به ڕۆڵی ئابووریی ده‌وڵه‌تدا، پێویستیی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ سه‌ر ڕۆڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ده‌سه‌پێنێت، كه ده‌سه‌ڵاتێكه پێویسته له ڕێگه‌ی یاسا و سیاسه‌ته ئابوورییه‌كانه‌وه ئاراسته‌ی ئابووریی وڵات بكات نه‌ك له ڕێگه‌ی ڕۆچوون به‌ناو ورده‌كارییه‌كانی كاروباری به‌رهه‌مهێنان و بازرگانیدا، كه ده‌بنه هۆی دوورخستنه‌وه‌ی له ڕۆڵه بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ی له دانانی چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كان و چاودێری و سه‌رپه‌رشتی و، دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان.
بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی ئابووری و په‌ره‌پێدان، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم سه‌ره‌تا له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌زموونه سه‌ركه‌وتووه‌كان و به پاڵپشتیی بنه‌ما زانستییه‌كان و به‌پێی دۆخی تایبه‌تیی هه‌رێم و ئامانج و ئاسۆكانی داهاتووی، چوارچێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ڕۆڵ و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی له كایه‌ی ئابووریدا دیاری بكات و، دیدگه‌ی تایبه‌تیی خۆی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئابووری و ڕێبه‌رایه‌تیی پرۆسه‌ی چاكسازیی ئابووری و په‌ره‌پێدان ڕه‌نگڕێژ بكات؛ به جۆرێك كه حكوومه‌ت ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌خۆ له كاروباری ئابووری و بازاڕ كه‌م بكاته‌وه و، له به‌رامبه‌ردا له ڕێگه‌ی یاسا و ڕێساكانه‌وه كاری چاودێری و سه‌رپه‌رشتیكردن و، ئاراسته‌كردنی ئابووری و بازاڕ سیسته‌ماتیك و تۆكمه بكات و، له‌و ڕێگه‌یه‌وه كار بۆ هێنانه‌دیی ئامانجه‌كان بكات؛ ئه‌و دیدگه‌یانه‌یشی وه‌ك فه‌لسه‌فه ببنه بنه‌ما بۆ "دیاریكردن و ڕه‌نگڕێژكردنی میتۆدی چاكسازيی گونجاو و، داڕشتنی پلانی په‌ره‌پێدانی ئابووری و، دیاریكردنی ستراتیژییه‌تی په‌ره‌پێدان" كه پاشتر باسیان ده‌كه‌ین.
به‌ڵام به‌ر له‌وه، پێویسته دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت كارا بكرێن، سیسته‌مه‌كانی سه‌رپه‌رشتی و چاودێری و به‌دواداچوون بایه‌خی ته‌واویان پێ بدرێت، كار به پرنسیپه‌كانی شه‌فافییه‌ت و به‌شداری و لێپرسینه‌وه بكرێت، پابه‌ندبوون به یاسا و ڕێساكان بكرێته كه‌لتوور، له ڕێگه‌ی سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی یاساوه ڕێگری له هه‌موو سه‌رپێچی و به‌لاڕێداچوون و ده‌ستێوه‌ردانێكی نایاسایی له كاروباری ئابووری و بازاڕدا بكرێت؛ چونكه وه‌ك ده‌گوترێت هه‌میشه په‌ند له جێبه‌جێكردندایه و، به‌بێ هه‌بوونی داموده‌زگه‌ی جێبه‌جێكاری چالاك و مكوڕبوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسا و سیاسه‌ته‌كان، هه‌بوونی فه‌لسه‌فه و پلان و ستراتیژ ته‌نیا ده‌بێته مه‌ڕه‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز.
دووه‌م/ دیاریكردنی گونجاوترین میتۆدی چاكسازیی ئابووری
بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی ئابووری له هه‌رێمی كوردستان یان هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تردا، پێویسته پشت به میتۆد و سیاسه‌تی دیاریكراو ببه‌سترێت؛ به جۆرێك كه ڕێكاره‌كان بۆ چۆنێتیی ئه‌نجامدانی چاكسازیی ئابووری، گونجاو بن له‌گه‌ڵ دۆخی ئابووری و، سروشتی په‌یوه‌ندیی سێكته‌ر و گۆڕاوه ئابوورییه‌كان و، بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی سه‌قامگیریی سیاسیی وڵات، چونكه ئه‌زموونی چاكسازیی ئابووری له وڵاتانی جیاوازدا ئه‌نجامی جیاوازی لێ به‌دی هاتووه و شوێنه‌واری جۆراوجۆری ئه‌رێنی و نه‌رێنیی به‌دوادا هاتوون. ئه‌گه‌ر هۆكارێكی ئه‌مه په‌یوه‌ست بووبێت به دۆخی ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی وڵاته‌كه و ئاستی توانستی كارگێڕی و به‌جێگه‌یاندنی پرۆسه‌كه‌وه، ئه‌وا هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تییشی په‌یوه‌ندیدار بووه به میـتۆد و سیاسه‌تی چاكسازییی په‌یڕه‌وكراوه‌وه.
به شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازیی ئابووری، دوو میتۆدی جیاواز هه‌ن كه له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه په‌یڕه‌و ده‌كرێن، ئه‌وانیش بریتین له: "میتۆدی سندووقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی" و "میتۆدی سه‌ربه‌خۆ، یان میتۆدی گه‌شه‌كاری". له نێوان ڕێكار و ئامانج و خه‌سڵه‌ت و كاریگه‌رییه‌كانی جێبه‌جێكردنی هه‌ر یه‌ك له‌و میتۆدانه‌دا جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه و، زۆریش پێویسته كه حكوومه‌تی هه‌رێم گونجاوترینیان هه‌ڵبژێرێت بۆ په‌یڕه‌ویكردنی له پرۆسه‌ی چاكسازیی ئابووریدا. له خواره‌وه به‌كورتی له‌باره‌ی هه‌ر یه‌كێكيانه‌وه ده‌دوێین:
ئه‌م میتۆده كه به میتۆدی چاكسازی (منهج الاصلاحي) و میتۆدی پووكاندنه‌وه (منهج الانكماشی)یش ناسراوه، بریتییه له‌و سیاسه‌تانه‌ی كه سندووقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی له ڕێگه‌ی مه‌رج و ڕاسپارده‌كانیانه‌وه وه‌ك پاكێجی چاكسازی به‌رامبه‌ر به پێدانی قه‌رز و ئاسانكاریی دارایی بۆ ئه‌و وڵاتانه گه‌ڵاڵه‌ی ده‌كه‌ن كه له كێشه و ته‌نگژه‌ی داراییدان. بیرۆكه‌كانی ئه‌م میتۆده هه‌ڵهینجراوی بیری نیولیبراڵین و ئامانجی هه‌ره سه‌ركییان بریتییه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تیی ڕۆڵی ده‌وڵه‌ت و، باڵاده‌ستكردنی كه‌رتی تایبه‌ت و، ئازادكردنی بازرگانیی ده‌ره‌كی و كرانه‌وه‌ی بێمه‌رجی وڵاتان به ڕووی بازاڕه جیهانییه‌كان و وه‌به‌رهێنانی بیانی‌دا. به‌پێی به‌رنامه‌كانی ئه‌م میتۆده، چاكسازیی ئابووری به دوو قۆناغ ئه‌نجام ده‌درێت: له قۆناغی یه‌كه‌مدا سیاسه‌تی جێگیركردنی ئابووری (التثبیت الاقتصادی- (Economic stabilization جێبه‌جێ ده‌كرێت كه سندووقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات. له قۆناغی دووه‌میشدا سیاسه‌تی "التكییف الهیكلی" (Structural Adjustment)جێبه‌جێ ده‌كرێت كه بانكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رپه‌رشتیی ده‌كات. به شێوه‌یه‌كی گشتیش جه‌خت له سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌م ڕێكارانه‌ی خواره‌وه ده‌كرێته‌وه:
ئه‌وانه نموونه‌ی سه‌ره‌كیی ئه‌و مه‌رجانه‌ن كه هه‌ر یه‌ك له سندووقی نه‌خت و بانكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك ڕه‌چه‌ته‌ی چاكسازیی ئابووری، ده‌یانسه‌پێنن به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی كه به هۆی قه‌رزاری و دۆخی ناله‌باری دارایی، به‌ناچارییه‌وه هانا ده‌به‌نه به‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه و، سه‌ره‌نجامیش وه‌ك باوترین میتۆدی چاكسازی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. ده‌یان ساڵه و له ده‌یان وڵاتی تازه گه‌شه‌سه‌ندوو (گه‌شه‌ستێن) ئه‌و سیاسه‌تانه جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌ڵام ده‌ره‌نجامیان نه‌ك هه‌ر ئه‌رێنی نه‌بووه، به‌ڵكوو به‌گوێره‌ی ده‌یان لێكۆڵینه‌وه، كه له لایه‌ن توێژه‌ران و دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كان و ته‌نانه‌ت خودی سندووقی نه‌خت و بانكی نێوده‌و‌ڵه‌تییشه‌وه ئه‌نجام دراون، دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی زۆرینه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به‌ره‌و خراپتر ڕۆیشتووه و، هه‌ژاری و بێكاری و هه‌ڵاوسانی نرخ و كورتهێنانی دارایی و ته‌رازوی بازرگانی و ڕێژه‌ی قه‌رزه‌كان ڕوو له هه‌ڵكشان بوون؛ زۆر جاریش سه‌رهه‌ڵدان پشێوی و ئاژاوه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌دوادا هاتووه. له‌م باره‌یه‌وه زۆربه‌ی وڵاتانی باشووری ئه‌فریقا و ئه‌رجه‌نتین و مه‌غریبی عه‌ره‌بی و مه‌كسیك و میسر و یۆنان و غانا و زامبیا و چه‌ندین و چه‌ندین وڵاتی تر نموونه‌ی به‌رچاون. هۆكارێكی سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌یش بۆ ناسازی و نه‌گونجاویی مه‌رج و ڕاسپارده و ڕه‌چه‌ته‌كانی ئه‌م میتۆده ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رج و پێداویستییه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا.
تاكوو ئێستا به‌هێزترین خاڵی سه‌رنجڕاكێشی ئه‌م میتۆده بریتییه له پێدانی قه‌رز و پێشكه‌شكردنی ئاسانكارییه‌كانی بواری دارایی و قه‌رزپێدان (التسهیلات المالیة والائئتمانیة) له لایه‌ن ئه‌و دوو ڕێكخراوه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تان. هه‌رچه‌نده ئه‌م خاڵه له خۆیدا خاڵێكی زۆر به‌هێزه، به‌ڵام به هۆی ناله‌باریی مه‌رجه‌كانه‌وه تا ڕادده‌یه‌ك له بایه‌خ و گرنگییه‌كه‌ی داماڵراوه. وه‌ك ده‌بینین چه‌ندین ده‌وڵه‌ت له كاتی زۆر پێویستدا، به هۆی ڕازینه‌بوون به جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كان، وه‌رگرتنی ئه‌و قه‌رزانه‌یان ڕه‌ت كردوه‌ته‌وه و، سه‌ره‌نجامیش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان به قازانج بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه. بۆ نموونه مالیزیا له سه‌روبه‌ندی ته‌نگژه‌ی داراییی كۆتاییی نه‌وه‌ده‌كاندا و، مالاوی له ساڵی 2005 به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی سندووقی نه‌خت و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی مه‌رجه‌كانیان ئه‌نجامی ئه‌رێنی و سه‌ركه‌وتنی به‌رچاویان به‌ده‌ست هێنا؛ به‌پێچه‌وانه‌وه وڵاته دراوسێكانیان، هه‌ر یه‌ك له تایله‌ند و ئه‌نده‌نووسیا و، وڵاتانی باشووری ئه‌فریقا كه كه له هه‌مان ماوه‌دا قه‌رز و مه‌رجه‌كانی سندووقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تییان قبووڵ كرد، تا ساڵانێكی دوورودرێژ به‌ده‌ست كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانه‌وه گیرۆده بوون.
خاڵێكی تری جێی سه‌رنجی ئه‌م دوو ڕێكخراوه له‌و ڕووه‌وه، بریتییه له پێشكه‌شكردنی ئامۆژگاری و ڕاسپارده له بواری ته‌كنیكی و ئابووری و داراییدا، به‌ڵام به هۆی چه‌قبه‌ستووییی ڕاسپارده و ئامۆژگارییه‌كان و نه‌گونجانی زۆربه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوودا، زۆربه‌ی جار زیانیان زیاتر بووه له سوود. هه‌ر بۆیه له تێڕوانینی هاوچه‌رخدا بۆ مه‌سه‌له‌كانی په‌ره‌پێدان، ئه‌م بابه‌ته وه‌ك تیۆری له‌ژێر ناوی "مۆدێلی نموونه درۆزنه‌كه" (نموذج المثال الكاذب) بۆ شیكاركردنی هۆكاری مانه‌وه‌ی وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوو له بازنه‌ی دواكه‌وتوویی و قه‌رزاری و قه‌یران و كێشه‌كاندا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
ئه‌و وڵاتانه‌یش كه توانیویانه سوود له قه‌رز و به‌رنامه چاكسازییه‌كانی ئه‌م میتۆده وه‌ربگرن، هونه‌ره‌كه‌ی بۆ موكوڕبوونیان ده‌گه‌ڕێته‌وه له ملنه‌دانی ته‌واو به گشت مه‌رجه‌كان و له‌قاڵبنه‌دانی چاكسازییه‌كانیان به‌ته‌واوی له‌ناو ئه‌و ڕه‌چه‌ته‌یه‌دا. ئه‌و وڵاتانه به ئه‌نجامدانی گه‌ڕی گفتوگۆی ماراسۆنیی به‌رده‌وام بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌رجه‌كان و، ده‌ستبه‌ردارنه‌بوون له پرۆگرامی چاكسازیی سه‌ربه‌خۆی خۆیان به‌پێی هه‌لومه‌رجی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌یان، توانیویانه له‌و سیاسه‌ت و هاریكارییه دارایییانه سوودمه‌ند بن. له‌م باره‌یه‌وه توركیا و به‌ڕازیل نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاون. له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا چه‌ندین وڵاتی تر به‌بێ په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م میتۆده و له ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی چاكسازیی سه‌ربه‌خۆوه سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێناوه. هه‌رچه‌نده ئه‌وه ڕوونه كه هیچ جۆره سیاسه‌ت و میتۆدێكی چاكسازی، تاكه كلیلی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه نییه و، له‌و باره‌یه‌وه ئیراده‌ی سیاسی و توانستی دامه‌زراوه‌ی كاگێڕی و یاسایی‌ی تۆكمه و، موكوڕبوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردن و چاودیری و به‌دواداچوون و، دۆخی سیاسی و دارایی ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌زموونه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه ڕیژه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه بژارده‌ی ئه‌لته‌رناتیڤی سیاسه‌ته‌كانی سندووقی نه‌خت و بانكی نێوده‌وڵه‌تییان په‌یڕه‌و كردووه، زیاتر سه‌ركه‌وتوو بوون.
بێ گومان سه‌ره‌ڕای نه‌گونجاویی ئه‌و مه‌رجانه له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ناوخۆییی وڵاتانی تازه‌گه‌شه‌سه‌ندوو به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستانیش به‌تایبه‌تی، پێویسته ئه‌وه‌یش بڵیین كه ڕێككه‌وتن و ئۆفه‌ری قه‌رز و ئاسانكارییه دارایییه‌كانی ئه‌م دوو ڕێكخراوه ته‌نیا بۆ ده‌وڵه‌تانه و، هه‌رێمی كوردستان ناتوانێت سوودیان لێ وه‌ربگرێت، بۆیه ئێمه پێمان وا نییه هیچ بوار و پاساوێك هه‌بێت بۆ چوونه‌ژێرباری ئامۆژگاری و ڕاسپارده نه‌گونجاوه‌كانی ئه‌و دوو ڕێكخراوه و، په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و میتۆده بۆ ئه‌نجامدانی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری له هه‌رێمی كوردستان.
چاكسازیی سه‌ربه‌خۆ، به‌پێچه‌وانه‌ی میتۆدی سندووقی نه‌ختی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی، جه‌خت له‌سه‌ر چاكسازی و په‌ره‌پێدانی سه‌ربه‌خۆ به‌ده‌ر له‌ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به پشتبه‌ستن به توانا خۆیییه‌كان و پێویستیی به‌شداری و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت ده‌كاته‌وه له پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووریدا. به‌شێك له سه‌رچاوه و بیرۆكه‌كانی ئه‌م میتۆده به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ تێزه‌كانی گه‌شه‌پێدانی قوتابخانه‌ی بونیادی (المدرسة الهیكلیة) و پاشتریش بۆ تێزه‌كانی ئابووریناسی ئه‌مریكی Paul Baran ده‌گه‌ڕێنه‌وه؛ ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تانیش له‌م باره‌یه‌وه ڕۆڵی گه‌وره‌ی له گه‌ڵاڵه‌كردن و خه‌مڵاندنی ئه‌م میتۆده‌دا هه‌بووه. له‌باره‌ی ئه‌م میتۆده‌وه هێشتا مشت‌ومڕ به‌رده‌وامه له‌سه‌ر سنوور و ڕۆڵ و ئاستی به‌شداریی ده‌وڵه‌ت له كایه‌ی ئابووری و چاكسازی و په‌ره‌پێدانیدا. هه‌ندێك له لایه‌نگرانی ئه‌و میتۆده تا ئاستێكی زۆر به‌شداری و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌ت به‌پێویست ده‌زانن و به‌شێكی تریشیان له‌گه‌ڵ سنوورداركردنیدان، به‌ڵام به‌گشتی له لای ئه‌م میتۆده‌وه ده‌وڵه‌ت له پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدان له كایه‌ی ئابووریدا به‌گشتی خاوه‌نی ڕۆڵی گه‌وره و كارایه. ڕێكاره سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌م میتۆده له چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌كدا خۆیان ده‌بیننه‌وه وه‌ك: ژیرانه خه‌رجكردن له بری زكهه‌ڵگووشین، په‌یكه‌ربه‌ندیكردنه‌وه و ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌وله‌وییه‌تی خه‌رجییه گشتییه‌كان، فره‌چه‌شنه‌كردنی په‌یكه‌ری داهاته گشتییه‌كان، پاڵپشتی و پارێزگاریكردن له پیشه‌سازی و به‌روبوومی ناوخۆیی له به‌رامبه‌ر به‌روبوومی بیانی، ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و، بایه‌خدان به پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی دانیشتووان و، دروستكردنی هه‌لی كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی هه‌ژاری و هتد.
بێ گومان سه‌ربه‌خۆیی له پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدان هیچ كات به واتای دابڕان له دنیای ده‌ره‌وه و، خۆبژێوی و خۆگرمۆڵه‌كردن له‌سه‌ر توانا و بازاڕ و به‌روبوومه ناوخۆیییه‌كان نایه‌ت، به‌ڵكوو مه‌به‌ست لێی بریتییه له سه‌ربه‌خۆییی بڕیار و پلان و پرۆژه‌كان به‌ده‌ر له كاریگه‌ریی ده‌ره‌كی و، داڕشتنی پرۆگرام و سیاسه‌ته‌كان ته‌نیا به ڕه‌چاوكردنی پێداویستی و توانا خۆیییه‌كان و ده‌رفه‌ت و بژارده جۆراوجۆره‌كان. له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ر په‌یوه‌ندی و هاریكارییه‌كی ده‌ره‌كی، چ له ڕووی بازرگانی یان له ڕووی دارایی و ته‌كنیكییه‌وه، ئه‌گه‌ر هاوشان نه‌بێت به مه‌رج و، كاریگه‌ری نه‌رێنیی نه‌بێت له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆییی پلان و پرۆژه‌كانی ئه‌و بواره، نه‌ك هه‌ر جێگه‌ی نیگه‌رانی نییه به‌ڵكوو وه‌كوو پێویستییه‌كی زۆر گرنگ و بنه‌ڕه‌تی حسابی بۆ ده‌كرێت، به‌تایبه‌تیش په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كان. جیاوازیی هه‌ره جه‌وهه‌ریی ئه‌م میتۆده له‌گه‌ڵ میتۆده‌كه‌ی تردا، ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی پلان و پرۆسه و جووڵه ئابوورییه‌كان له قۆناغی چاكسازیدا به سه‌رپه‌رشتی و له‌ژێر چاودێریی ده‌وڵه‌ت و له پێناوی به‌هێزكردنی ئابووریی نیشتمانی و چاره‌سه‌ری كێشه ناوخۆیییه‌كانیدا ئاراسته ده‌كرێن. به‌م جۆره، ده‌توانین بڵێین كه هه‌رچه‌نده ده‌شێت كێشه‌ی ته‌مویلی دارایی یه‌كێك بێت له كێشه‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده و لێبڕاویی به‌هێز هه‌بێت، حكوومه‌ت خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی تایبه‌ت و دیدگه‌یه‌كی ڕوون بێت بۆ سنوور و چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بازاڕ و كه‌رتی تایبه‌تدا، ئه‌م میتۆده ڕێڕه‌وێكی دروستتره بۆ چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری و، ئه‌زموونی وڵاتانیش له‌و ڕووه‌وه پاڵپشتیی ئه‌و بۆچوونه ده‌كات.
سێیه‌م/ پلاندانان بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری
مه‌رجی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به ئاستی گونجاوی په‌ره‌پێدان، پابه‌ندی دوو خاڵی سه‌ره‌كییه: یه‌كه‌میان بریتییه له جۆری پلانی په‌ره‌پێدان و، دووه‌میش كارایی له جێبه‌جێكردن و چاودێری و به‌دواداچوونیدا. خاڵی دووه‌م، په‌یوه‌سته به كاراییی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته‌وه، كه پێشتر وه‌ك مه‌رجێكی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دارایی و ئابووری به‌گشتی قسه‌مان له‌سه‌ر كرد. هه‌رچی خاڵی یه‌كه‌مه، په‌یوه‌سته به جۆری پلانی په‌ره‌پێدانه‌وه، كه پێویسته هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌كانی پلانی سه‌ركه‌وتووی تێدا بێت وه‌ك: ڕوونی، تێروته‌سه‌لی، گونجاوی، واقعیبوون، نه‌رمونیانی (مرونة) و هتد.
وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێم له ساڵانی ڕابردوودا دوو جار پلانی ستراتیژیی بۆ په‌ره‌پیدان ڕاگه‌یاند: پلانی په‌ره‌پێدانی ستراتیژی بۆ هه‌رێمی كوردستان 1912-1916) و پلانی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵانی 1915-1919. ئه‌و دوو پلانه به‌شێكی زۆری كه‌موكوڕی و پێداویستییه‌كانی سێكته‌ره جۆراوجۆره‌كانیان دیاری كردبوو و، تا ڕادده‌یه‌كی باش ئامانج و ڕێكاره‌كانی جێبه‌جێكردنیان تێدا دیاری كرابوون، به‌ڵام له زۆر ڕووه‌وه پڕ كه‌موكوڕی بوون. پتر له‌وه‌ی پلانی كاركردن (Action Plan) بن، خستنه‌ڕووی دۆخی سێكته‌ره‌كان و ئاستی پێویستیی په‌ره‌پێدانیان بوون؛ له ڕووی داڕشتنیشه‌وه پتر له‌وه‌ی پلانی ستراتیژی بن، له توێژینه‌وه‌ی شیكارییه‌وه نزیك بوون؛ به جۆرێك كه كه‌مترین خه‌سڵه‌ته‌كانی پلانی ستراتیژییان تێدا به‌رجه‌سته كرابوو، ئامانجه‌كان وه‌ك پێویست ورد نه‌كرابوونه‌وه، پێنوێنی تایبه‌تییان بۆ دیاری نه‌كرابوو، ورده‌كاریی ئاسته‌كانی به‌رپرسیارێتیی جێبه‌جێكردنی ئامانجه جۆراوجۆره‌كان و گه‌یشتن به پێنوێنه خوازراوه‌كان و ماوه‌ی زه‌مه‌نی بۆ هه‌ر یه‌كێكیان دیاری نه‌كرابوو. ئه‌مانه و چه‌ندین كه‌موكوڕیی تر وایان كردبوو كه پلانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی له شیكاری و ته‌نانه‌ت له دروشمبازی بچن، ئه‌وه‌نده له پلانی كار نه‌چن. زۆربه‌ی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌یش له ئه‌نجامی كه‌مئه‌زموونی و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زۆری پلانی په‌ره‌پێدانی نیشتمانیی عێراق بوو به‌سه‌ر ته‌واوی پلانه‌كانی هه‌رێمدا؛ به جۆرێك كه ستراكچه‌ر و به‌شێكی زۆر له ناوه‌رۆكی پلانه‌كانی هه‌رێم، كۆپیی پلانه‌كانی په‌ره‌پێدانی نیشتمانیی عێراق بوون.
سه‌ره‌نجام ئه‌و پلانانه، چ به هۆی كه‌موكوڕییه‌كانیانه‌وه و چ به هۆی نه‌بوونی هه‌لومه‌رجی سیاسی و كارگێڕی و دارایی و دامه‌زراوه‌ییی گونجاوه‌وه، نه‌چوونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ده‌كرێت وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك سوود له هه‌ڵه و كه‌موكوڕییه‌كانی ئه‌و ئه‌زموونه وه‌ربگیرێت و، له داهاتوودا پلانی دروست و ورد و دیاریكراوتر دابڕێژرێت و كاری پێ بكرێت. پلانێك له‌به‌ر ڕۆشناییی فه‌لسه‌فه‌ی ئابووریی دیاریكراوی هه‌رێم و میتۆدی ده‌ستنیشانكراوی چاكسازی دابڕێژرێت و، بۆ هه‌ر قۆناغێك ستراتیژییه‌تێكی په‌ره‌پێدانی تایبه‌ت كرابێته بنه‌ما، كه هه‌ر یه‌ك له‌مانه‌یش له‌م وتاره‌دا تیشكیان خراوه‌ته سه‌ر.
چواره‌م / دیاریكردنی ستراتیژییه‌تی په‌ره‌پێدانی ئابووری
په‌ره‌پێدانی ئابووری، یه‌ك ڕێگه و یه‌ك ستراتیژ و میكانیزمی دیاریكراوی نییه و، ڕێگه و ستراتیژه‌كانی جۆراوجۆر و، تا ڕادده‌یه‌كی زۆر پێكناكۆكن. هه‌ر بۆیه كاتێك مه‌رج و پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ر یه‌ك له پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری له هه‌رێمدا ئاماده بن، به‌تایبه‌تیش "نیاز و ئیراده‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدان، دیدگه‌ی ڕوون و فه‌لسه‌فه‌ی دیاریكراوی ئابووری، میتۆدی گونجاو بۆ پرۆسه‌كه، سه‌رچاوه‌ی سروشتی و مرۆیی و..."، ئیدی پێویسته ستراتیژییه‌تێكی گونجاو بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری دیاری بكرێت و، له‌ناو پلانی په‌ره‌پێداندا بكرێته خاڵی بنه‌ڕه‌تی و جه‌وهه‌ری.
حكوومه‌تی هه‌رێم، بۆ په‌ره‌پێدانی ئابووری، پێویسته كار له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌ك بكات، كه ئه‌وانیش بریتین له: فره‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات، كه‌مكردنه‌وه‌ی لاسه‌نگییه‌كانی په‌ریكه‌ری كۆبه‌رهه‌می نیشتمانی، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌شداریی سێكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری، كه‌مكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی ته‌رازووی بازرگانیی ده‌ره‌كی و پشتننه‌به‌ستنی ته‌واو به هاورده، چاره‌سه‌ری كورتهێنانی بوودجه‌ی گشتی، كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بێكاری، كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی له ئاسته‌كانی داهات. بێ گومان كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی ئابووری، كارێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نییه و، پێویستیی به ستراتیژییه‌تی دیاریكراو و گونجاو هه‌یه. پێویسته حكوومه‌ت ئه‌وه یه‌كلایی بكاته‌وه كه ئایا چۆن و له چ سێكته‌رێك و له چ خاڵێكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و، ستراتیژ و میكانیزمه‌كانی جێبه‌جێكردن كامانه‌ن و، ڕێڕه‌وه جۆراوجۆره‌كانی پرۆسه‌كه به چ ئاراسته‌یه‌كدا گوزره‌ر ده‌كه‌ن؟ به‌واته حكوومه‌تی هه‌رێم، پێویسته ڕێچكه و ستراتیژیی تایبه‌تیی خۆی له‌باره‌ی چۆنێتیی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌وه دیاری بكات.
ئێمه پێمان وایه كه حكوومه‌تی هه‌رێم له توانایدا نییه به په‌یڕه‌وكردنی تیۆریی په‌ره‌پێدانی هاوسه‌نگ و تیۆریی پاڵی به‌هێز (نظرية الدفعة القوية) كار بۆ په‌ره‌پێدانی گشت سێكته‌ر و بواره‌كان پێكه‌وه بكات. بۆیه ده‌كرێ كار بۆ په‌ره‌پێدانی ئه‌و سێكته‌ر و بوارانه بكات كه توانا و زه‌مینه و شیانی په‌ره‌پێدانیان هه‌یه و خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی ڕێژه‌یین (میزة النسبیة) و، ده‌بنه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی بێكاری و سه‌رچاوه‌ی داهات و، یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ په‌ره‌پێدانی كه‌رت و بواره‌كانی تریش. له‌م باره‌یه‌وه "هێرشمان" (Albert O. Hirschman)، یه‌كێك له تیۆریسیه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی تیۆریی په‌ره‌پێدانی ناهاوسه‌نگ پێی وایه، كه به هۆی كێشه‌ی كه‌می و ده‌گمه‌نییه‌وه، جێبه‌جێكردنی په‌ره‌پێدانی هاوسه‌نگ، كارێكی مه‌حاڵه و، پێویسته سه‌رچاوه‌كان به باشترین شێوه بخرێنه گه‌ڕ و، بۆ پێشخستنی سێكته‌ره ستراتیژییه‌كان ته‌رخان بكرێن. سه‌ره‌نجام پێشخستنی چه‌ند كه‌رتێك له ڕێگه‌ی په‌یوه‌ستییه پاشه‌كی و پێشه‌كییه‌كانه‌وه (الارتباطات الامامیة والخلفية)، ده‌بێته هۆی په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتنى كه‌رته‌كانی تریش.
به ڕه‌چاوكردنی پره‌نسیپی فره‌یی و ده‌گمه‌نیی سه‌رچاوه‌كان، پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌رتی كشتوكاڵ بكاته یه‌كێك له‌و كه‌رتانه‌ی كه له سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌وه كار بۆ په‌ره‌پێدانی ده‌كرێت. ئه‌مه‌یش به واتای فه‌رامۆشكردنی كه‌رته‌كانی تر نایه‌ت و به‌ڵكوو هاوكات كه‌رته‌كانی گه‌شتیاری و پیشه‌سازیی سووك له چوارچێوه‌ی بایه‌خپێداندا ده‌بن. بۆ ئه‌مه‌یش، پێویسته ڕه‌چاوی په‌یڕه‌وكردنی ستراتیژی گونجاو بكرێت سه‌باره‌ت به پرۆژه‌كانی ئه‌و سێكته‌رانه؛ بۆ نموونه له‌و پرۆژانه‌وه ده‌ست پێ بكرێت كه پێویستیان به ده‌ستی كاری زۆر هه‌یه له بری چڕیی سه‌رمایه. ئه‌مه‌یش به واتای فه‌رامۆشكردنی ته‌كنه‌لۆژی نایه‌ت. هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تادا كار له‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنانی كاڵای به‌كاربردن بكرێت له بری به‌رهه‌مهێنانی ئامێر و كاڵای وه‌به‌رهێنان كه پێویستی به سه‌رمایه و ته‌كنه‌لۆژی و شاره‌زایی و كارامه‌ییی زۆر هه‌یه. به هه‌مان شێوه له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌دا، وا باشتره په‌یڕه‌وی له ستراتیژی جێگرتنه‌وه‌ی هاورده (استرتیجیة احلال الاستیرادات) و به‌رهه‌مهێنانی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كان بكرێت. ئه‌مانه به‌شێك له‌و بیرۆكه و تیۆری و میكانیزم و ستراتیژانه‌ن كه له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی ئابووری و ئه‌زموونه‌كانی په‌ره‌پێداندا بایه‌خێكی زۆریان هه‌یه؛ پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد بكات بۆ حكومدان له‌سه‌ر ئاستی گونجاویی هه‌ر یه‌ك له‌وانه، یان ئه‌لته‌رناتیڤه‌كانیان.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین كه مه‌به‌ست له فره‌چه‌شنه‌كردنی ئابووری و په‌ره‌پێدانی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری و، كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به داهاتی نه‌وت، هه‌رگیز به‌و مانایه نایه‌ت كه كه‌رتی نه‌وت و گازی هه‌رێم فه‌رامۆش بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌و كه‌رته به یه‌كێك له كه‌رته ستراتیژییه‌كان ده‌مێنێته‌وه و، پێویسته زیاتر په‌ره‌ی پێ بدرێت، به‌ڵكوو مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه حكوومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی تری كرێخۆری نه‌وت، ته‌نیا سه‌رقاڵی فرۆشتنی نه‌وت و خه‌رجكردنی داهاته‌كه‌ی نه‌بێت له بواری به‌كاربردندا، به‌ڵكوو له پاڵ گرنگیدان به‌و سێكته‌ره، كار بۆ په‌ره‌پێدانی سێكته‌ره‌كانی تر بكات؛ هه‌م بۆ په‌ره‌پێدانی سێكته‌ره‌كانی تر سوود له داهاته‌كانی نه‌وت وه‌ربگرێت و، هه‌میش كار بۆ بنیاتنانی پیشه‌سازیی نه‌وت و پترۆكیمیاوی بكرێت.
ئه‌نجام
ده‌توانین پوخته‌ی ئه‌نجامگیریی هه‌ر پێنج به‌شی ئه‌م وتاره به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه چڕ بكه‌ینه‌وه:
كێشه‌ی داراییی هه‌رێم كێشه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌نده و، لایه‌نی ئابووری و كارگێڕی و سیاسی و یاسایی، له ڕه‌هه‌نده گرنگ و سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م كێشه‌یه‌ن. هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كه‌یش فره‌لایه‌نن. هۆكاره بنه‌ڕه‌تییه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه زه‌مینه‌سازی بۆ سه‌رهه‌ڵدان و گه‌وره‌بوون و قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه دارایییه‌كان و ده‌سته‌وه‌ستانبوون له چاره‌سه‌ریان ده‌كه‌ن، بریتین له لاوازی و فشۆڵی و ناهاوسه‌نگی له په‌یكه‌ری ئابووریی هه‌رێم و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی بواری دارایی و ئابووری. هۆكاره ڕاسته‌وخۆكان، كه له‌م ساڵانه‌دا بریتی بوون له بڕانی پشكی بوودجه و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و جه‌نگ، ده‌كرێ له داهاتوویشدا به شێوازی تر سه‌ر هه‌ڵبده‌نه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێم توانای پێشلێگرتن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كان و چاره‌سه‌ری ئه‌و جۆره كێشانه‌ی هه‌بێت، پێویستی به كاركردنی لێبڕاوانه هه‌یه به دوو ئاراسته‌ی سه‌ره‌كی، ئه‌وانیش بریتین له: باشكردن و تۆكمه‌كردنی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی له هه‌رێم و، ئه‌نجامدانی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری. بۆ ئه‌مه‌یش بنیادنان و كاراكردنی دامه‌زراوه كارگێڕی و ئابووری و دارایی و سیاسییه‌كان و، هه‌بوونی دیدگه‌ی ڕوون و فه‌لسه‌فه‌ی ئابووریی دیاریكراو، و هه‌ڵبژاردنی میتۆدی چاكسازیی گونجاو و، دانانی پلانی په‌ره‌پێدانی ورد و تێروته‌سه‌ل و واقعی، له‌سه‌ر بنه‌مای گونجاوترین ستراتیژیی په‌ره‌پێدان له هه‌موو شتێك گرنگترن و، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانیش له ئێستا هاوكارێكی یاریده‌ده‌ر ده‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی جۆرێك له سه‌قامگیریی دارایی و، یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت له سه‌رخستنی هه‌نگاوه سه‌ره‌تایییه‌كانی تردا.