كێشه‌ی داراییی هه‌رێم: ڕه‌هه‌ند و به‌رپرسیار‌ێتی و چاره‌سه‌ره‌كان (به‌شی چواره‌م)
جیهانگیر سدیق/ ماسته‌ر له زانستی ئابووری/ پسۆڕ له داراییی گشتی
هه‌نگاوی دووه‌م/ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا
ئامانجه‌كانی هه‌رێم له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا له دوو خاڵی سه‌ره‌كیدا چڕ ده‌بنه‌وه: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه پشكێكی شیاو و دادوه‌رانه له داهاته گشتییه‌كانی عێراق، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه، بۆ هه‌رێم ته‌رخان بكرێت؛ دووه‌میش ئه‌وه‌یه كه مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌ڕێوه‌بردنی دارایی و ئابووریی خۆی و، به‌شداریكردن له به‌ڕێوه‌بردنی دارایی و ئابووریی عێراقدا وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی ئه‌و وڵاته و به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی ده‌سته‌به‌ر بكرێن. ئه‌مانه‌یش ده‌كه‌ونه ناو چوارچێوه‌ی ڕێكاره‌كانی به‌شكاریی ده‌سه‌ڵاتی داهاته‌كان و گواستنه‌وه دارایییه‌كان، هه‌روه‌ك له به‌شی دووه‌می ئه‌م وتاره‌دا باسمان كردن. دیاره كه جێه‌جێكردن و ئاوێزانكردنی ئه‌و بابه‌تانه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و ئه‌رك و پابه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و سنووری ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵیدا، پێویسته به جۆرێك بێت كه هاوسه‌نگییه‌كی گونجاو له نێوان هه‌ر دوو پره‌نسیپی سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كگرتووییدا() بهێننه دی.
ئه‌گه‌رچی تاكوو ئێستا زۆرینه‌ی پێدراوه‌كان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه چه‌سپاندنی فیدراڵییه‌ت و دیموكراسییه‌ت و پێكه‌وه‌ژیان و به‌شداریی ڕاسته‌قینه له عێراق له ماوه‌یه‌كی نزیكدا كارێكی مه‌حاڵه و، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات كه چاره‌سه‌ری ڕیشه‌ییی كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كارێكی سه‌خت بێت، به‌ڵام تاكوو هه‌رێم به‌شێك بێت له ده‌وڵه‌تی عێراق، هه‌م دارایی و ئابوورییه‌كه‌ی كاریگه‌ر ده‌بێت به دۆخی په‌یوه‌ندییه سیاسی و دارایییه‌كانییه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا و، هه‌م بۆ چاره‌سه‌ریش پێویسته وه‌ك یه‌كێك له هه‌نگاو و ڕێكاره‌كان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا بكات.
تاكوو ئێستا له عێراقدا نه زه‌مینه‌ی كه‌لتووری و سیاسی له‌باره بۆ پێكه‌وه‌ژیان و به‌شداریی ڕاسته‌قینه، نه زه‌مینه‌ی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی؛ ئه‌مه‌یش كۆسپی هه‌ره سه‌ره‌كییه له به‌رده‌م چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كاندا. ئێمه پێشتر له چه‌ند نووسینێكدا به‌وردی ئه‌و بابه‌تانه‌مان ڕوون كردووه‌ته‌وه(). ئه‌وه‌ی لێره‌دا به‌گرنگی ده‌زانین ئه‌وه‌یه، كه خاڵ بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له ڕووی یاسایی و دامه‌زراوه‌یییه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان و له‌وێیشه‌وه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی داراییی هه‌رێم پێویستن.
سروشتی سیسته‌می فیدراڵی و ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تان و دۆخی ساڵانی ڕابردووی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه، كه به‌بێ چه‌سپاندنی فیدراڵییه‌تی دارایی به مانا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی، زه‌مینه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا مه‌یسه‌ر نابێت. په‌یوه‌ندی و مامه‌ڵه سیاسییه‌كان له باشترین باردا ته‌نیا ده‌توانن بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی و به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی، جۆرێك سه‌قامگیری له په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان بهێننه دی و كێشه جه‌وهه‌رییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌ك داپۆشن. لە ئێستادا چه‌سپاندنی فیدراڵییه‌تی دارایی له عێراق، لانی كه‌م پێویستیی به كاركردن له‌سه‌ر دوو بواری زۆر سه‌ره‌كی هه‌یه كه هه‌ر دوو بواره‌كه‌یش په‌یوه‌ستن پێكه‌وه، ئه‌وانیش بریتین له: بواری یاسایی و، بواری دامه‌زراوه‌یی و تەکنیکی:
یه‌كه‌م/ بواری یاسایی: له عێراق و هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا، پێویسته په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و یاسا تایبه‌ته‌كان ڕێك بخرێن. ده‌ستوور و یاساكان گرنگی و بایه‌خی خۆیان هه‌بێت و تاكه بنه‌مای كاركردن بن. دیاره كه ده‌ستوور هه‌میشه بنه‌ما و چوارچێوه و پره‌نسیپه گشتییه‌كان دیاری ده‌كات و، ورده‌كارییه‌كان بۆ یاسا و ڕێكاره‌كانی تر به‌جێ ده‌هێڵدرێن. ده‌ستووری عێراقیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌یه: زۆربه‌ی ورده‌كارییه‌كانی په‌یوه‌ست به ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی به یاساكان سپاردوون. له ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا ئه‌و بۆشایییه به یاسای تایبه‌ت پڕ كراوه‌ته‌وه و یاساكانیش له هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا به شێوازی جۆراوجۆر، ده‌ربڕی پێداویستییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی و ئابووری و ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانن؛ به‌ڵام به‌گشتی له ڕێسا و پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی سیسته‌می فیدراڵییه‌تی دارایییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
له عێراقدا تاكوو ئێستا یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بواری ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان یان ده‌رنه‌كراون، یان وه‌ك پێویست ڕێسا و پره‌نسیپه سه‌ره‌كییه‌كانی فیدراڵییه‌تی دارایی‌یان تێدا ڕه‌چاو نه‌كراوه، یانیش له ڕووی جێبه‌جیكردنه‌وه وه‌ك خودی ده‌ستووره‌كه له دۆخێكی ناهه‌موواردان. سه‌ره‌نجامیش هه‌ر لایه‌نێك به لێكدانه‌وه‌ی خۆی و له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه‌كاندا ده‌كات. له‌م ڕووه‌یشه‌وه دادگه‌ی فیدراڵی تاكوو ئێستا نه‌یتوانیوه ئه‌و بۆشایییه پڕ بكاته‌وه. به‌م جۆره له بواری یاساییدا بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵی بۆشایییه‌كی گه‌روه هه‌یه و، ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوودا ڕۆڵی بینیوه، دۆخی سیاسی و ته‌رازووی هێز و هاوپه‌یمانێتیی كاتیی لایه‌نه‌كان بووه. ئه‌وه‌یش ته‌نیا دۆخێكی ناجێگیر و پڕكێشه‌ی لێ هاتووه‌ته به‌رهه‌م؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا بینیمان.
بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا ڕێك بخرێن و سه‌ره‌نجام هه‌رێم پشكی شایسته‌ی خۆی له بوودجه‌ی گشتیی عێراق و، ده‌سه‌ڵات و مافه‌كانی له به‌ڕێوه‌بردنی بواری ئابووری و داراییدا ده‌سته‌به‌ر بكات، بایه‌خدان به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه به گرنگ و پێویست ده‌زانین:
ده‌ركردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی (مجلس الاتحاد): له هه‌موو ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له دوو ئه‌نجومه‌ن پێك دێت: یه‌كه‌میان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه و، دووه‌میش ئه‌نجومه‌نێكه له نوێنه‌رانی هه‌رێمه‌كان پێك دێت و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندیی دیاریكراوی هه‌یه. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه یه‌كێكه له مه‌رج و پێكهاته و سیماكانی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا. له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تانی فیدراڵییشدا ناوی جیاوازی هه‌یه و، ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیشی له ده‌وڵه‌تێكه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تێكی تر جیاوازن به‌ڵام له هه‌موویاندا ئه‌نجومه‌نێكی گرنگ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه. له هه‌ندێ ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ڕۆڵی سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه له بابه‌ته دارایی و ئابوورییه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به هه‌رێمه‌كان و ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانه‌وه ده‌گێڕێت. له ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك ئه‌ڵمانیادا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له بابه‌تی په‌سه‌ندكردنی بوودجه و پشكی هه‌رێمه‌كاندا مافی ڤیتۆی له‌سه‌ر یاسا و بڕیاره‌كان هه‌یه. له هه‌ر یه‌ك له سویسرا و ئه‌مریكا و زۆرێك له ده‌وڵه‌ته فیدراڵییه‌كانی تردا ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ڕۆڵێكی یه‌كجار گرنگ له‌و بوارانه‌دا ده‌گێڕێت.
به‌پێی مادده‌ی (48)ی ده‌ستووری عێراق، ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له دوو ئه‌نجومه‌ن پێك دێت: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی (مجلس الاتحاد). به‌پێی مادده‌ی (65)یش، پێویسته ئه‌نجومه‌نێكی یاسادانان به ناوی "مجلس الاتحاد" له نوێنه‌رانی هه‌رێمه‌كان و ئه‌و پارێزگه‌یانه‌ی كه له چوارچێوه‌ی هه‌رێمێكدا ڕێك نه‌خراون پێك بهێنرێت و، پێكهاته‌كه‌ی و مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی و هه‌موو شتێكی په‌یوه‌ست به‌و ئه‌نجومه‌نه به یاسایه‌ك و به زۆرینه‌ی 2/3ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕێك بخرێن. به‌ڵام تاكوو ئێستا كار به‌و مادده ده‌ستوورییانه نه‌كراوه و ئه‌و یاسایه ده‌رنه‌كراوه. به‌مه‌یش پێكهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له عێراقدا گرفت و كه‌موكوڕییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه و له‌گه‌ڵ سروشتی سیسته‌می فیدراڵیدا وێك نایه‌ته‌وه. بۆیه یه‌كێك له ئه‌وله‌وییه‌ته‌كانی هه‌رێم، پێویسته كاركردن بێت بۆ ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه و پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه وه‌ك پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی سیسته‌می فیدراڵی له عێراق. به‌ڵام پێویسته ئه‌و یاسایه‌ی ده‌رده‌كرێت ته‌نیا ڕووكار نه‌بێت؛ ناوه‌ڕۆك و مادده و بڕگه‌كانی گوزارشت له ده‌وڵه‌تی فیدراڵیی عێراق و تایبه‌تمه‌ندیی هه‌رێم بكه‌ن.
ده‌قی مادده‌ی (65)ی ده‌ستوور كه داوای پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ده‌كات به جۆرێك داڕێژراوه، كه یاسادانه‌ری عێراقی ده‌توانێت به شێوه‌ی لێهه‌ڵبژاردن (الانتقائی) ئه‌وه‌ی لێ بخوێنێته‌وه كه ده‌كرێ هه‌رێم له‌م یاسایه‌دا وه‌ك نوێنه‌ری چه‌ند پارێزگه‌یه‌ك به‌شداریی تێدا بكات، چونكه ده‌قی مادده ده‌ستوورییه‌كه وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد، ده‌ڵێت ئه‌نجومه‌ن له نوێنه‌رانی هه‌رێمه‌كان و ئه‌و پارێزگه‌یانه‌ی كه له چوارچێوه‌ی هه‌رێمدا ڕێك نه‌خراون پێك ده‌هێنرێت. به‌مه‌یش پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه بریتی ده‌بێت له نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگه‌کانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق. ئه‌مه خاڵێكی جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌له‌سه‌ركردنه. پێویسته نوێنه‌رانی هه‌رێم له كاتی ئامادده‌كردن و په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌دا كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و، هه‌وڵ بده‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك تاكه هه‌رێم له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا تێدا جێگیر بكه‌ن و، ئه‌نجومه‌نه‌كه وه‌ك ئه‌نجومه‌نێكی فیدراڵیی ڕاسته‌قینه بێت نه‌ك دامەزراوەیەک له‌ناو سیسته‌می فیدراڵییه‌تی پارێزگه‌كاندا.
یاسای نه‌وت و گاز
بابه‌تی نه‌وت و گاز یه‌كێكه له كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا: حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت و گاز به‌مافی خۆی ده‌زانێت و، ڕای حكوومه‌تی فیدراڵییش له‌م ڕووه‌وه پێچه‌وانه‌وه‌یه. ده‌ستووری عێراق له چه‌ند مادده‌یه‌كدا ئاماژه‌یه‌كی گشتی به چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز و مافی سوودمه‌ندبوون له سامانه‌كانی كردووه، به‌ڵام تاكوو ئێستا له نێوان هه‌رێم و به‌غداد لێكدانه‌وه‌ی هاوبه‌ش و كۆڕایی له‌باره‌ی ئه‌و ده‌قه ده‌ستوورییانه‌وه دروست نه‌بووه و، له سایه‌ی نه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به نه‌وت و گاز له عێراق، ناكۆكییه‌كانی ئه‌و بواره بوونه‌ته یه‌كێك له گرێ سه‌ره‌كییه‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان. له كاتێكیشدا كه ده‌ستووری عێراق له خاڵی یه‌كه‌می مادده‌ی (112)دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه زۆربه‌ی بواره‌كانی تایبه‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له عێراقدا به یاسایه‌كی تایبه‌ت ڕێك بخرێن.
به‌پێی ده‌ستووری عێراق، به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گازی هه‌رێمه‌كان جگه له‌وه‌ی له‌ناو ده‌سه‌ڵاته تایبه‌تمه‌نده‌كانی حكوومه‌تی فیدراڵیدا نه‌هاتووه، له مادده‌ی (112) خالی یه‌كه‌مدا ئەو مافە له‌و كێڵگانه‌ی كه پێش په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووره‌كه‌وه نه‌وتیان لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، دراوه به حكوومه‌تی فیدراڵی؛ به‌ڵام كێڵگه‌كانی پاش په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوور و كانزاكانی تریش له ده‌ستووردا ئاماژه‌یان پێ نه‌كراوه. بۆیه به‌پێی حوكمه‌كانی بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م له مادده‌ی (121)، مافی به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز و كانزاكانی تریش له‌و كێڵگانه‌ی كه له پاش په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووره‌كه‌وه ده‌ستیان به به‌رهه‌مهێنان كردووه، بۆ هه‌رێمه. به‌ڵام به‌غدا ناچێته ژێرباری ئه‌وه و، ته‌نیا به خوێندنه‌وه‌ی مادده‌ی (111)، به‌وه‌ی كه "نه‌وت و گاز موڵكی گشت گه‌لی عێراقن له گشت هه‌رێم و پارێزگه‌كان"، ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی سامانه‌كان له ده‌ستی خۆیدا قۆرخ بكات. له كاتێكدا خوێندنه‌وه‌ی دروست بۆ كۆی مادده‌كانی په‌یوه‌ست به نه‌وت و گاز ئه‌وه‌یه، كه هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی سامانی نه‌وت و گازی هه‌یه له‌و كێڵگانه‌ی كه له پاش په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووره‌كه‌وه دەستیان بە به‌رهه‌مهێنان کردووە.
له خاڵی دووه‌می مادده‌ی (112)یشدا هاتووه كه: "حكوومه‌تی فیدراڵی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم و پارێزگه به‌رهه‌مهێنه‌كان ده‌ست ده‌كه‌ن به نه‌خشه‌كێشانی یاسا ستراتیژییه پێویسته‌كان بۆ په‌ره‌پێدانی سامانی نه‌وت و گاز؛ به جۆرێك كه زۆرترین سوود به گه‌لی عێراق بگه‌یه‌نێت به پشتبه‌ستن به نوێترین ته‌كنه‌لۆژی و پره‌نسیپه‌كانی بازاڕ و هاندانی وه‌به‌رهێنان." به‌م جۆره، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێم مافی ده‌ستووریی له به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گازی هه‌رێمدا هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به له‌به‌رچاوگرتنی مادده‌ی (111) و خاڵی دووه‌می مادده‌ی (112)، ده‌توانین بڵێین له بواره‌كانی "نه‌خشه‌كێشانی سیاسه‌ته ستراتیژییه‌كانی په‌ره‌پێدانی سامانی نه‌وت گاز و، چۆنێتیی سوودمه‌ندبوونی گشت گه‌لی عێراق له‌و سامانه"، هه‌ندێك ئه‌رك و پابه‌ندبوون ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هه‌ر دوو لایه‌ن، كه پێویسته به هه‌ماهه‌نگی كاریان بۆ بكرێت. ئه‌وه‌یش پێویستیی به ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گازی فیدراڵی و ڕه‌چاوكردنی ئه‌و بنه‌ما ده‌ستوورییانه‌ی سه‌ره‌وه و، كاركردنی هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو و پێوه‌ری ورد و بابه‌تی و زانستی هه‌یه.
دووه‌م/ بواری دامه‌زراوه‌یی و ته‌كنیكی
ده‌سته و دامه‌زراوه هاوبه‌شه‌كان له ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا، به‌شێكی گرنگن له ئامرازه‌كانی ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان. له ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیی دنیادا چه‌ندین دامه‌زراوه و كۆمیسیۆنی هاوبه‌ش و پسپۆڕ هه‌ن كه تایبه‌تن به ڕێكخستن و سه‌رپه‌رشتی و چاودێریی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان و، له‌و باره‌یه‌وه ڕۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن و ڕا و ڕاسپارده‌كانیان یه‌كلاكه‌ره‌وه و پشتپێبه‌ستراون.
بۆ نموونه: هه‌ر یه‌ك له ئوسترالیا و هند، چه‌ندین جۆر له لیژنه‌ی شاره‌زایان دامه‌زراندووه، كه بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان و دابه‌شكردنی داهاته‌كان، كار به پێوه‌ری ورد و ڕێسای گونجاو ده‌كه‌ن. به‌ڵام له هه‌ندێ ده‌وڵه‌تی تری فیدراڵی، ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌ت و پێكهاتوو له نوێنه‌رانی حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان ئه‌م كاره ده‌كات، وه‌ك: ئه‌نجومه‌نی داراییی مالیزیا. جۆری سێیه‌میش بریتییه له بوونی نوێنه‌ری فه‌رمیی هه‌رێمه‌كان له‌ناو ئه‌نجومه‌نی یاسادانان، كه به‌شداری له په‌سه‌ندكردن و ڕاستاندنی به‌خشینه‌كان و پشكی بوودجه‌ی هه‌رێمه‌كانیان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌ڵمانیا و سویسرا و ئه‌مریكادا هه‌یه. جۆری چواره‌میش بریتییه له چه‌ند لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی پێكهاتوو له به‌رپرسانی حكوومه‌تی فیدراڵی و هه‌رێمه‌كان بۆ تاووتوێكردنی بابه‌ت و په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان.
ده‌ستووری عێراق له‌م باره‌یه‌وه ئاماژه‌ی به ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی و دوو ده‌سته‌ی هاوبه‌ش كردووه، وه‌ك له سه‌ره‌وه باسمان كرد ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی تاكوو ئێستا یاسای بۆ ده‌رنه‌چووه و ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی دیاری نه‌كراون و، به‌ر له هه‌موو شت پێویستی به ده‌ركردنی یاسا هه‌یه و ئه‌مه‌یشمان له سه‌ره‌وه ڕوون كرده‌وه. بۆیه له خواره‌وه ته‌نیا له‌باره‌ی پێكهێنانی دوو ده‌سته هاوبه‌شه‌كه‌ی تره‌وه ده‌دوێین:
ده‌سته‌ی گشتیی چاودێری و ته‌رخانكردنی داهاته فیدراڵییه‌كان و ئەرکەکانى
به‌پێی مادده‌ی 106ی ده‌ستووری عێراق، پێویسته به یاسا ده‌سته‌یه‌كی گشتی بۆ چاودێری و ته‌رخانكردنی داهاته ئیتیحادییه‌كان، له شاره‌زایانی حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێم و پارێزگه ڕێكنه‌خراوه‌كان له‌ناو هه‌رێمدا دروست بكرێت. ئه‌ركی ئه‌م ده‌سته‌یه بریتییه له هێنانه‌دیی دادوه‌ری له دابه‌شكردنی داهاته ئیتیحادییه‌كان و به‌گه‌ڕخستنی سه‌رچاوه‌كان به باشترین شێوه و، ده‌سته‌به‌ركردنی شه‌فافییه‌ت و دادوه‌ری له ته‌رخانكردنی دارایی بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان و پارێزگه ڕێكنه‌خراوه‌كان له هه‌رێمدا. جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و مادده ده‌ستوورییه و ده‌رنه‌كردنی ئه‌و یاسایه له ماوه‌ی 12 ساڵی ڕابردوودا، یه‌كێك بووه له بۆشایییه یاسایییه‌كانی ئه‌و بواره و، دانه‌مه‌زراندنی ده‌سته‌كه‌یش یه‌كێك بووه له بۆشایییه‌كانی بواری دامه‌زراوه‌یی.
دواجار "یاسای ده‌سته‌ی گشتیی چاودێری و ته‌رخانكردنی داهاته ئیتیحادییه‌كان" به ژماره‌ی (55) له ساڵی 2017دا له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه په‌سه‌ند كرا. ئێستا پێویسته كار بۆ دروستكردنی ده‌سته‌كه بكرێت؛ به جۆرێك كه له‌گه‌ڵ ده‌ستووری عێراق و ڕێساكانی سیسته‌می فیدراڵییه‌تی داراییدا بگونجێت. به‌ڵام به‌ر له هەموو شتێک، گرفتێک لە دەقى یاساکەدا هەیە كه پێویسته ڕه‌چاو بكرێت: لە یاساکەدا ڕۆڵی نوێنه‌ری هه‌رێم و پارێزگه‌كان ته‌نیا وه‌ك شاره‌زای سه‌ر به ده‌سته دیاری كراوه، نەک وەک ئەندامى بنەڕەتیى دەستەکە؛ له كاتێكیشدا كه هه‌ر به‌پێی ده‌قی یاساكه ده‌سته ده‌توانێت جگه له‌وان هاریكاری له چه‌ند شاره‌زایه‌كی تریش وه‌ربگرێت. به‌م جۆره به‌پێی ده‌قی یاساكه، ده‌توانرێت له‌ناو پێكهاته‌ی خودی ده‌سته‌كه و ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردندا جێگه‌ی نوێنه‌ری هه‌رێم نه‌كرێته‌وه و ته‌نیا وه‌ك پسپۆڕ و شاره‌زا حیسابی بۆ بكرێت. ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی مادده ده‌ستوورییه‌كه و پێچه‌وانه‌ی سروشتی ئه‌و جۆره ده‌ستانه‌یشه. جگه له‌وه‌یش مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ستكردنی ده‌سته‌كه به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه، وه‌ك له یاساكه‌دا هاتووه، یان به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه، وه‌ك له بڕیاری دادگه‌ی فیدراڵی ژماره 58 له 17/10/2017دا هاتووه، بابه‌تێكه جێگه‌ی تێبینییه و، پێویسته یاساناسانی هه‌رێم كاری له‌سه‌ر بكه‌ن؛ چونكه ئه‌و ده‌سته به‌پێی ده‌ستوور، پێویسته ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بێت و له ده‌ستووردا ئاماژه به‌وه نه‌كراوه كه سه‌ر به یه‌كێك له ده‌سه‌ڵاته‌كان بێت؛ وه‌ك ئه‌و ده‌سته و دامەزراوە سه‌ربه‌خۆیانه‌ی كه له مادده‌ی 102 و 103ی ده‌ستووردا به ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه وابه‌سته كراون. ئەو گرفتانەى ناو یاساکە، پێویستە لە لایەن یاساناسانى هەرێمەوە کاری جددییان لەسەر بکرێت.
کێشەى هەرە گەورەى پەیوەندییە دارایییەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا، بریتییە لە دابەشکردنى دەسەڵاتى بەڕێوەبردنى سامان و داهاتەکان و پشکى بوودجە. ده‌رباره‌ی به‌شكاریی ده‌سه‌ڵاتی داهاته‌كان له عێراقدا، پێویسته ئه‌وه بڵێین كه تاكوو ئێستا هیچ یاسا و پێوه‌ر و ڕێككه‌وتنێك نییه كه به‌وردی و دروستی، ده‌ری بخات داهاته ئیتیحادییه‌كانی ناو هه‌رێمه‌كان كامانه‌ن و، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان له بواری داهاته‌كاندا چه‌نده. ده‌ستوور له‌و باره‌یه‌وه جگه له‌وه‌ی كه له مادده‌ی (110) خاڵی سێیه‌مدا ئاماژه‌ی به نه‌خشه‌كێشانی سیاسه‌تی دارایی كردووه وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی تایبه‌تمه‌ند بۆ ناوه‌ند، هیچ ورده‌كارییه‌كی تری تێدا نییه. دیاره كه نه‌خشه‌كێشانی سیاسه‌تی دارایی، چه‌مكێكی تایبه‌تە و نابێت ئه‌وه‌ی لێ بخوێنرێته‌وه كه ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی داهاته‌كان له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا ته‌نیا تایبه‌ت بێت به حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق هه‌وڵی چه‌سپاندنی ده‌دات. ڕاڤه‌كردنی مادده‌كه به‌و جۆره، به‌ته‌واوی ناكۆك ده‌بێت له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی بڕگه و مادده بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ده‌ستووره‌كه و، به هیچ جۆرێكيش له‌گه‌ڵ سیسته‌می فیدراڵیدا ناگونجێت.
له یاساكانیشدا ته‌نیا ده‌سته‌واژه‌ی "داهاته ئیتیحادییه به‌ده‌ستهاتووه‌كان له هه‌رێم" به‌دی ده‌كرێت، كه ئه‌ویش له یاساكانی بوودجه‌ی عێراقدا هاتووه. له‌و ساڵانه‌ی كه په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كان به‌رده‌وام بوون و پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم ده‌درا، ساڵانه بڕێك له پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم ده‌بڕدرا، وه‌ك ڕووته‌نكردنی (المقاصة) ئه‌و داهاته ئیتیحادییانه‌ی كه له هه‌رێم وه‌رده‌گیران. ئه‌و بڕه‌یش ته‌نیا به خه‌مڵاندنی فه‌رمانگه‌ی ژمێركاریی ناوه‌ندی له عێراق دیاری ده‌كرا و هیچ ڕێسا و بنه‌مایه‌كی بابه‌تی نه‌بوو بۆ هه‌ژماركردنی.
ئێستا كه یاسای ژماره (55)ی ساڵی 2017 هه‌یه بۆ پێكهێنانی ده‌سته‌ی گشیی چاودێری و ته‌رخانكردنی داهاته ئیتیحادییه‌كان له سه‌رانسه‌ی عێراقدا وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و هاوبه‌ش و پسپۆڕ، پێویسته ئه‌و ده‌سته‌یه پێك بهێنرێت و، كار بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشیایییه و دیاریكردنی داهاته ئیتیحادییه‌كان و چۆنێتیی ته‌رخانكردن و به‌كارهێنانیان و دیاریكردنی ئه‌و داهاتانه‌ی كه مافی خودی هه‌رێمه‌كانه؛ ئه‌وه‌یش به دانانی ڕێسا و پێنوێن و پێوه‌ری گونجاو له‌و باره‌یه‌وه.
ده‌رباره‌ی بنه‌ماكانی دیاریكردنی پشكی هه‌رێم له بوودجه‌ی فیدراڵی، تاكوو ئێستا ته‌نیا خاڵی سێیه‌می مادده‌ی (121)ی ده‌ستووری عێراق هه‌یه كه تێیدا هاتووه: "پشكێكی دادوه‌رانه له داهاته ئتییحادییه به‌ده‌ستهاتووه‌كان بۆ هه‌رێم و پارێزگه‌كان ته‌رخان بكرێت، كه به‌شی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كانیان بكات؛ له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی سه‌رچاوه و پێداویستییه‌كانیان و ڕێژه‌ی دانیشتووانیان." ئه‌مه‌یش به واتای گواستنه‌وه‌ی داراییی بێمه‌رج و ته‌رخانكردنی پشكی بوودجه دێت بۆ چاره‌سه‌ری كورتهێنانی دارایی له هه‌رێم و چاره‌سه‌ری لاسه‌نگییه‌كان. واته ئه‌ركی داراییی حكوومه‌تی فیدراڵی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بریتییه له ته‌رخانكردنی به‌شێكی دادوه‌رانه له داهاته ئیتیحادییه‌كان بۆ هه‌رێم له ڕێگه‌ی بوودجه و گواستنه‌وه دارایییه‌كانه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و مادده ده‌ستوورییه‌دا هاتووه چه‌مكێكی لاستیكییه و پێویستی به دیاریكردن و ورده‌كاریی زیاتر و ڕوونتر هه‌یه؛ ئه‌مه‌یش یه‌كێك ده‌بێت له كاره‌كانی ئه‌و ده‌سته‌یه.
دانانی پێوه‌ری بابه‌تی و ڕێسا و پێنوێنی گونجاو بۆ دیاریكردنی پشكی داهات و بوودجه و گواستنه‌وه دارایییه‌كان كه ده‌كه‌وێته چوارچێوه‌ی كاری ته‌رخانكردنه‌وه، به‌شێك ده‌بێت له كاره ته‌كنیكییه‌كانی ئه‌م ده‌سته‌یه. لەو نێوەیشدا چارەسەرکردنى گرفتەکانى تایبەت بە تەرخانکردن بۆ خەرجییەکانى سەروەرى و فەرمانڕەوایى (النفقات السیادیة والحاکمة) و قەرز و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان و پشکى هەرێم و چۆنێتیی سوودمەندبوون لێیان، ئەرکێکى گرنگى ئەم دەستەیە دەبێت. بەگشتى پێویستە ڕاسپارده‌كانی ئه‌م ده‌سته‌یه له‌و بوارەدا بكرێنه بنه‌مای دابه‌شكردنی داهاته‌كان له بوودجه‌ی گشتیدا و له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی فیدراڵییه‌وه به‌ته‌واوی پشتیان پێ ببه‌سترێت.
ده‌سته‌ی گشتیی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هه‌رێم و پارێزگه نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێمه‌وه
له مادده‌ی (105)ی ده‌ستووری عێراقدا هاتووه: "ده‌ستەیەکى گشتی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هه‌رێم و پارێزگه نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێم بۆ به‌شداریكردن له به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگه جۆراوجۆره‌كانی ده‌وڵه‌تی فیدراڵی و نێرده‌کان (البعثات) و زه‌ما‌له‌كانی خوێندن و شانده‌كان و كۆنگره هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دروست ده‌كرێت. پێكهاته‌ی ئه‌م ده‌سته‌یه‌یش بریتی ده‌بێت له نوێنه‌رانی حكوومه‌تی فیدراڵی و حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان و پارێزگه نه‌به‌ستراوه‌كان به هه‌رێم؛ ئه‌مه‌یش به یاسا ڕێک ده‌خرێت."
ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌سته‌یه ڕاسته‌وخۆ تایبه‌ت نییه به كاروباری كارگێڕی و دارایی، به‌ڵام وه‌ك ده‌سته‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند به ڕاگرتنی یه‌كێك له كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كانی فیدراڵییه‌ت كه بریتییه له به‌شداریكردن، ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه له‌سه‌ر پته‌وكردن و سه‌قامگیركردنی ته‌واوی سیسته‌می فیدراڵی، به فیدراڵییه‌تی داراییشه‌وه.
چه‌ندین ساڵ بە هۆى جێبه‌جێنه‌كردنی ئه‌و مادده ده‌ستوورییه و ده‌رنه‌كردنی یاسای تایبه‌ت به پێكهێنانی ئه‌و ده‌سته‌یه، بۆشایییه‌كی گه‌وره له‌و بواره‌دا به‌زه‌قی دیار بوو؛ بەڵام له ساڵی (2016) یاسایه‌كی تایبه‌ت به پێكهێنانی ئه‌و ده‌سته‌یه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه ده‌رچووه. له ئێستادا پێكهێنانی ده‌سته‌كه كارێكی گرنگه، چونكه وه‌ك له مه‌به‌سته‌كانی دروستكردنی ده‌سته‌كه‌دا هاتووه، ده‌كرێت ڕۆڵێكی باشی له ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هه‌رێم له به‌شداریكردنی به‌ڕێوه‌بردنی داموده‌زگه فیدراڵییه‌كانی عێراقدا هه‌بێت. ئه‌مه‌یش ڕۆڵی گه‌وره‌ی ده‌بێت له چه‌سپاندنی فیدراڵییه‌ت به‌گشتی و فیدراڵییه‌تی دارایی به‌تایبه‌تی و، ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و شایسته دارایییه‌كانی هه‌رێم له به‌شداریی ده‌سه‌ڵات و داهاتدا.