جیهانگیر سدیق/ ماسته‌ر له زانستی ئابووری/ پسپۆڕ له داراییی گشتی
ته‌وه‌ره‌ی سێیه‌م/ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی داراییی هه‌رێم
پلان و هه‌نگاوی دروست بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دارایی له هه‌ر وڵاتێكدا، ده‌ره‌نجامی خوێندنه‌وه‌ی دۆخی تایبه‌تیی وڵاته‌كه، جۆر و سروشتی كێشه‌كه‌ی و، خه‌سڵه‌ت و هۆكار و ڕه‌هه‌نده‌كانییه‌تی. ئه‌و ڕێكار و میتۆد و مۆدێلانه‌ی له‌و بواره‌دا له ئارادان، ڕه‌چه‌ته‌ی تێر و ساز و ئاماده نین بۆ چاكسازی له گشت وڵاتێكدا و، ته‌نیا ده‌توانرێت له چه‌ند لایه‌نێكی ته‌كنیكییه‌وه سوودیان لێ وه‌ربگیرێت. له ته‌واوی وڵاتان و له هه‌موو پرۆگرامه‌كانی تایبه‌ت به چاكسازیی ئابووری و دارایی و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ئه‌و بواره‌دا، به‌شێكی گرنگ له ڕیكار و هه‌نگاوه‌كان تایبه‌تن به لایه‌نی كارگێڕی و یاسایی و سیاسییه‌وه، وه‌ك: چاكسازی له "به‌ڕێوه‌بردن، كارگێڕیی دارایی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی". له‌م ڕووه‌وه ئه‌زموون و میتۆد و مۆدێلی ناوازه و به‌سوود هه‌ن كه ده‌كرێت له هه‌رێمی كوردستانیش سوودی زۆریان لێ وه‌ربگیرێت. به‌ڵام به‌شێكی تری بابه‌ته‌كه په‌یوه‌سته به لایه‌نی ئابوورییه‌وه؛ له‌م به‌شه‌دا ڕۆڵ و هێژموون و هه‌ڵسوكه‌وتی گۆڕاوه ئابوورییه‌كان و سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بزاوتی ئابووری به‌گشتی، ئاستی توانا و ده‌رفه‌تی سوودلێوه‌رگرتن، یان په‌یڕەو‌كردنی میتۆد و مۆدیله ئابوورییه‌كانی ئه‌و بواره دیاری ده‌كه‌ن.
بۆ پێشنیاركردنی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دارایی و ئابووری له هه‌رێم و داڕشتنی پلانی چاكسازی و په‌ره‌پێدان، دوو بابه‌تی گرنگ هه‌ن كه ده‌بنه كۆسپی گه‌وره له به‌رده‌م سوودوه‌رگرتن له تیۆری و میتۆد و مۆدێله ئابوورییه‌كاندا: بابه‌تی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه هه‌رێم سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كانی ده‌وڵه‌تی له ئه‌ستۆدایه، به‌ڵام ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌ری نییه؛ ئامرازه‌كانی به‌ڕێوه‌بردن و په‌ره‌پێدانی ئابووریی به‌ته‌واوی له به‌رده‌ستدا نییه؛ ناتوانێت سوود له سیاسه‌ته‌كانی نه‌ختیه‌نه‌یی و دراو و بازرگانی و پێگه‌ی سه‌روه‌رێتیی ده‌وڵه‌ت وه‌ربگرێت؛ ئه‌مانه‌یش له خاڵه بنچینه‌یی و پێویسته‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی و په‌ره‌پێدانن. بابه‌تی دووه‌میش په‌یوه‌سته به خه‌سڵه‌ته‌كانی ئابووریی هه‌رێمه‌وه. وه‌ك له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره‌دا باسمان كرد، ئابووریی هه‌رێم ئابوورییه‌كی دواكه‌وتوو و كرێخۆر و تاكسه‌ر‌چاوه‌یه؛ ده‌زگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی زۆر لاوازه؛ باج وه‌ك گۆڕاوێك له هاوكێشه ئابوورییه‌كاندا ڕۆڵێكی ئه‌وتۆی نییه؛ بابه‌ته‌كانی پاشه‌كه‌وتكردن و قه‌رزی بانكی و وه‌به‌رهێنان و نرخی سوویش به هه‌مان شێوه؛ له كاتێكدا كه ئه‌مانه له گرنگترین و بنچینه‌ییترین گۆڕاوه‌كانی ئابووریی هاوچه‌رخن و، جێیی بایه‌خی تیۆری و میتۆد و مۆدێله ئابوورییه‌كانن. ئه‌و دوو خاڵه به‌گشتی، بابه‌تی بنه‌ڕه‌تین له مه‌سه‌له‌كانی چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووریدا. كاتێكیش كه ئه‌مانه له ئابووریی هه‌رێمدا جێگه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، ئیدی ده‌رفه‌ت و بواری سوودوه‌رگرتن له تیۆری و میتۆده ئابوورییه پێشكه‌وتوووه‌كانی ئه‌و بواره له ئێستا تا ڕادده‌یه‌كی زۆر سنورداره. هه‌ر بۆیه ئێمه به‌بێ چوونه ناو قووڵاییی كیشمه‌كێشمی تیۆرییه ئابوورییه جیاوازه‌كان و به‌بێ پشتبه‌ستنی ته‌واو به تیۆری و مۆدێلێكی دیاریكراو، هه‌وڵی دیاریكردنی ڕێگه‌چاره‌كان ده‌ده‌ین.
به‌و پێیه‌ی كه به‌شێكی گه‌وره‌ی كێشه‌ی دارایی له هه‌رێم په‌یوه‌سته به لایه‌نی كارگێڕیی دارایی و سیاسی و یاسایییه‌وه، بۆیه ئه‌و بابه‌تانه له دووتوێی چاره‌سه‌ره‌كاندا جێگه‌یه‌كی گه‌وره داگیر ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تییش له مه‌ودای كورتخایه‌ن و مامناوه‌نددا؛ چاره‌سه‌ره‌كانیش له چوارچێوه‌ی چه‌ند هه‌نگاو و پرۆسه‌یه‌كی دیاریكراودا ده‌خه‌ینه ڕوو كه به‌پێی مه‌ودای زه‌مه‌نی، دابه‌ش ده‌بن بۆ هه‌نگاو و پرۆسه‌ی خێرا و كورتخایه‌ن، مامناوه‌ندی، درێژخایه‌ن. بۆ ئه‌مه‌یش پۆلێنبه‌ندیی مه‌ودای زه‌مه‌نیی چاره‌سه‌ره‌كان به جۆرێك ده‌كه‌ین كه، چاره‌سه‌ری كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی، هه‌نگاوی خێرا و ده‌ستبه‌جێ و كورتخایه‌ن بێت و، چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه دارایییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدایش هه‌نگاوی مامناوه‌ندی ده‌بێت له ڕووی زه‌مه‌نییه‌وه و، چاكسازی و په‌ره‌پێدانی ئابووری و ڕاستكردنه‌وه‌ی لاسه‌نگییه ئابوورییه‌كانیش هه‌نگاو و پرۆسه‌ی درێژخایه‌ن و دوورمه‌ودا ده‌بێت.
هه‌نگاوی یه‌كه‌م/ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی
كێشه‌كانی بواری به‌ڕێوه‌بردنی دارایی له هه‌رێمی كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی دارایی له ئێستادا په‌یوه‌ستن به چه‌ند بابه‌تێكی سه‌ره‌كییه‌وه وه‌ك: هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه، به‌تایبه‌تیش سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین (تقشف) و زیادكردنی باج و ڕسوومات، ناكاراییی دامه‌زراوه‌كان و ناسیسته‌ماتیكی له به‌ڕێوه‌بردنی دارایی و هه‌بوونی بێمتانه‌یی له زۆربه‌ی ناوه‌نده‌كاندا، هه‌بوونی گه‌نده‌ڵی و لاوازیی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كان له چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و قه‌ڵاچۆكردنیدا. له خواره‌وه خوێندنه‌وه‌ی پێویست و دیدگه‌ی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ری هه‌ر یه‌ك له‌و بابه‌تانه ده‌خه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م/ باش به‌ڕێوه‌بردن و ڕێكخستنه‌وه‌ی داهات و خه‌رجییه‌كان له بری زكهه‌ڵگووشین و زیادكردنی هه‌ڕه‌مه‌كیی باج و ڕسوومات
1- ژیرانه خه‌رجكردن (ترشید الانفاق) له بری زكهه‌ڵگووشین (التقشف)
ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵه حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌ستی داوه‌ته سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین له شێوه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌یه‌كی زۆری خه‌رجییه گشتییه‌كان و زیادكردنێكی گه‌وره‌ی باج و ڕسوومات. پاساوی ده‌ستدانه ئه‌م كاره‌یشی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بریتی بوو له بڕانی پشكی بوودجه‌كه‌ی له لایه‌ن به‌غداوه، له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی نه‌وت و، زیادبوونی خه‌رجییه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جه‌نگی داعش. به‌ده‌ر له باسكردنی ڕه‌وایه‌تیی پاساوه‌كان له سه‌ره‌تا و له ئێستادا، سه‌رنج ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی خودی سیاسه‌ته‌كه.
سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین له هه‌رێم هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تاكوو ئێستا به‌رده‌وام له دوو ڕوانگه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ كراوه: ڕوانگه‌ی یه‌كه‌م، ڕوانگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمه كه پێی وا بووه ئه‌م سیاسه‌ته له ڕووی ناچارییه‌وه باشترین بژارده و سیاسه‌تی سه‌ركه‌وتوو بووه و، ڕێگریی كردووه له زیاتر داڕووخانی باری دارایی و ئابووریی هه‌رێم و شكستهێنانی حكوومه‌ت؛ پێی وا بووه كه به‌بێ په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیاسه‌ته، حكوومه‌ت نه‌یده‌توانی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی كه له‌م چه‌ند ساڵه‌دا جێبه‌جێی كردووه جێبه‌جێی بكات و، سه‌ره‌نجام چاره‌نووسی هه‌رێم به شكستهێنانی حكوومه‌ت و داڕووخانی دارایی و ئابووریی زیاتر كۆتایی ده‌هات. حكوومه‌ت به‌كرده‌وه ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه پێی وا بووه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه بژارده‌یه‌كی باشتری له به‌رده‌مدا نه‌بووه. ئه‌م پاساو و تێڕوانینه‌یش نه‌ك هه‌ر له لا‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ڵكوو له لا‌ی ته‌واوی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی په‌یڕه‌وییان له سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین كردووه به‌رده‌وام ئامادەییی هەبووە.
ڕوانگه‌ی دووه‌م بۆ خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و سیاسه‌ته، بریتییه له ڕوانگه‌ی به‌شێكی زۆر له‌و هاووڵاتیانه‌ی كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاواز بۆ ئه‌و سیاسه‌ته ده‌كه‌ن و، جه‌خت له‌سه‌ر كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی ده‌كه‌نه‌وه و، پێیان وایه كه بژارده‌ی باشتر له جێبه‌جێكردنی ئه‌و ڕادده‌یه‌ی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین له سه‌ره‌تاوه و له ئێستایشدا، بریتییه له ژیرانه خه‌رجكردن و باش كۆنترۆڵكردن و ڕێكخسته‌نه‌وه‌ی داهاته‌كان؛ ئه‌م ڕوانگه‌یه‌یش پشتئه‌ستوره به لۆژیك و ئه‌رگیۆمێنتی واقعی و ئابووری و مێژوویی. به‌پێویستی ده‌زانین له خواره‌وه كه‌مێك له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌و دوو بژارده‌یه بدوێین.
أ- سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین
سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین (التقشف- Austerity)، به واتای ئه‌وپه‌ڕی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت دێت به‌بێ ڕه‌چاوكردنی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی. ئه‌م سیاسه‌ته نه‌ك هه‌ر له هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكوو به درێژاییی ده‌یان ساڵ و له ته‌واوی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه په‌یڕه‌و‌یان كردووه، ته‌نیا كاریگه‌ریی نه‌رێنی و شكستی به دوای خۆیدا هێناوه؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تاكوو ئێستا یه‌كێكه له‌و ڕێوشوێنانه‌ی كه به‌رده‌وام هانای بۆ ده‌بردرێت. جۆن كۆیگین له په‌رتووكی "ئابووریی زۆمبی: چۆن هێشتا بیرۆكه مردووه‌كان به نێوانماندا دێن و ده‌چن- الاقتصاد الزومبی: كیف لاتزال افكار میتة تمشی بیننا" پێی وایه، كه زكهه‌ڵگووشین یه‌كێكه له بیرۆكه‌كانی ئابووریی زۆمبی؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ڵه و شكست و ئاسه‌واره نه‌رێنییه‌كانی به‌به‌رده‌وامی سه‌لمێنراون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تاكوو ئێستا له بره‌ودایه. ئه‌و، ئابووریی زۆمبی بۆ ناوزه‌دكردنی ئه‌و بیرۆكه ئابوورییانه به‌كار ده‌هێنێت كه سه‌ره‌ڕای دژیه‌كی و پارادۆكسی لۆژیكیی زۆر و، تێكشكانی گه‌وره له ڕووی پراكتیكی و ئه‌زموونییه‌وه، كه‌چی فه‌رامۆش ناكرێن و هه‌میشه ئاماده‌یییان هه‌یه.
كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی ئه‌گه‌ر هاوكات بێت به كه‌مكردنه‌وه‌ی باج، ئه‌وه زاده‌ی بیری هه‌ر دوو قوتابخانه‌ی ئابووریی "لیبراڵییه‌تی كلاسیكی و لیبراڵییه‌تی نوێیه" و له ڕوانگه‌ی لایه‌نگرانی ئه‌و دوو قوتابخانه‌یه‌وه ئه‌م سیاسه‌ته نه‌ك هه‌ر پاساوی ئابووریی هه‌یه، به‌ڵكوو له خۆیدا پێویستییه‌كی سه‌ره‌كیی سه‌قامگیری و گه‌شه‌ی ئابوورییه. ئه‌وان چاره‌سه‌ری زۆرینه‌ی كێشه‌كانی ئابووری، ده‌به‌ستنه‌وه به بچووككردنه‌وه‌ی قه‌باره و ده‌ستێوه‌ردان و كاریگه‌ریی ده‌وڵه‌ته‌وه له بواری ئابووریدا؛ بۆ ئه‌مه‌یش كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیی گشتی و باج، یه‌كێكه له ڕێكاره پێشنیاركراوه بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان و چه‌ندین پاساوی ئابووریی لۆژیكییان بۆی هه‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، كه زۆربه‌ی جار په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین له وڵاتانی پێشكه‌وتووی سه‌رمایه‌داری و له وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوویشدا له ده‌ره‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك و فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌و تێزه‌دایه؛ به‌جۆرێك كه كه‌مكردنه‌وه‌ی زۆری خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت، هاوكاته به قه‌رزكردن و زیادكردنی باج و ڕسوومات، به‌تایبه‌تیش له سه‌روبه‌ندی هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی داراییدا.
ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین ته‌نیا كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان بێت بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتووودا باج و ڕسووماتیش كه‌م بكرێته‌وه، ئه‌مه جۆرێك له پاساو و، ڕه‌وایه‌تیی هه‌یه. له‌م باره‌یه‌وه به‌شێك له لایه‌نگرانی قوتابخانه‌ی نیولیبراڵی و به‌تایبه‌تیش لایه‌نگرانی تیۆریی پێشبینییه ژیرانه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌ی لایه‌نگرانی قوتابخانه‌ی كینزییه‌وه پێیان وایه كه سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین له خراپترین دۆخی بێبازاڕیدا ده‌بێته هۆی بووژانه‌وه. ئه‌مه‌یش به پشتبه‌ستن به لۆژیكی تیۆریی پێشبینییه‌كان كه پێی وایه به‌كاربه‌ر و وه‌به‌رهێنه‌ران وا پێشبینی بۆ ئه‌نجامی په‌یڕه‌كردنی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین ده‌كه‌ن كه له داهاتوودا حكوومه‌ت پێویستیی به زیادكردنی باج نابێت؛ بۆیه له ئێستاوه ئه‌وانیش ئاستی به‌كاربردن و وه‌به‌رهێنانیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی بووژانه‌وه. له‌م باره‌یه‌وه "ئه‌لبێرتۆ ئه‌لسینا" و "سیلیڤیا ئه‌ردانیا" له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیاندا به ناونیشانی "گۆڕانه گه‌وره‌كان له سیاسه‌تی داراییی گشتیدا: باج له به‌رامبه‌ر خه‌رجی"، گه‌یشتنه ئه‌و بڕوایه‌ی كه باشترین كات و شوێن بۆ سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین بریتییه له ده‌می بازاڕكزی. پاشتریش ئه‌و بابه‌ته له شێوه‌ی نامه‌یه‌كدا درایه ئه‌نجومه‌نی كاروباری داراییی ئه‌وروپی و له‌وێیشدا بایه‌خێكی ته‌واوی پێ درا و، بووه به‌شێكی سه‌ره‌كیی ڕاگه‌یه‌نراوی كۆتاییی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه له ساڵی2010دا.
به‌ڵام نه‌یارانی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین به پشتبه‌ستن به لێكدانه‌وه‌كانی كینز پێیان وایه، كه په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیاسه‌ته به‌و شێوه‌یه له ده‌می قه‌یران و پووكانه‌وه و بێبازاڕیدا له ڕووی ئابوورییه‌وه پاساوێكی ئه‌وتۆی نییه و، ئه‌وان وای بۆ ده‌چن كه ئه‌مه ته‌نیا بۆ پارێزگاریكردنه له كۆمه‌ڵێك دامه‌زراوه‌ی ئابووریی كه‌رتی تایبه‌ت و سیاسه‌تی هه‌ڵه، كه خۆیان هۆكاری قه‌یرانه‌كه بوون. هه‌ندێك جاریش ئه‌م سیاسه‌ته ته‌نیا بۆ ئامانجی دارایی- پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بوودجه‌ی گشتی- به‌كار ده‌هێنرێت؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه سندووقی نه‌خت و بانكی نێوده‌وڵه‌تی به‌به‌رده‌وامی بۆ وڵاتانی قه‌رزار پێشنیاری ده‌كه‌ن و، وه‌ك مه‌رجی پێدانی قه‌رزیش ده‌یسه‌پێنن به‌بێ ڕه‌چاوكردنی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌ده‌بیاتی ئابووری و سیاسی له‌باره‌ی چاكسازی و، لێكۆڵینه‌وه‌كانی تایبه‌ت به كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته له چه‌ندین وڵاتی جیاوازدا، پڕیه‌تی له‌و به‌ڵگانه‌ی كه گه‌واهیی ده‌ره‌نجامی نه‌رێنی و شكستی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین ده‌ده‌ن.
ئه‌م سیاسه‌ته جگه له ڕه‌هه‌نده ئابوورییه‌كه‌ی، ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی و سیاسییشی هه‌یه كه شایسته‌ی بایه‌خ و لێوردبوونه‌وه و حیساببۆكردنن. Mark Blythمامۆستای زانكۆی "براون" له ئه‌مریكا له په‌رتووكی "زكهه‌ڵگووشین: مێژووی بیرۆكه مه‌ترسیداره‌كه - التقشف، تأریخ فكره خطرة- Austerity: The History of a Dangerous Idea-"، باس له‌وه ده‌كات كه چۆن له سایه‌ی بیری لیبراڵی و، له سه‌روبه‌ندی بره‌وی ئابووریدا، دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و بانكه‌كان به‌ته‌واوی گه‌وره ده‌بن و ڕۆ ده‌چنه ناو ته‌واوی ناوچه و جه‌مسه‌ره‌كانی هێژموونه‌وه و، ده‌بنه هه‌ڵسووڕێنه‌ر و كارتێكه‌ری ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر گشت بواره‌كان. كاتێكیش هه‌ڵپه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری و جامبازییه‌كانیان هه‌موو سنوورێك تێ ده‌په‌ڕێنێت و ده‌بێته هۆی ڕوودانی قه‌یرانی دارایی و، خۆیان ڕووبه‌ڕووی شكست و داڕووخان ده‌بنه‌وه، ڕاسته‌وخۆ له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌ست بۆ ئه‌و پاساوه ده‌بردرێت كه: ئه‌و دامه‌زراوانه له‌وه گه‌وره‌ترن ڕێگه به شكستهێنانیان بدرێت (too big to fail). ئیدی به په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین و قه‌رزكردن و به‌كارهێنانی پاره‌ی باجده‌ران، كار بۆ پارێزگاریكردن له‌و دامه‌زراوانه ده‌كرێت كه هۆكاری دروستبوونی قه‌یرانه‌كه بوون.
ئه‌م سیاسه‌ته له پاڵ كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی له ڕووی ئابوورییه‌وه، هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئه‌خلاقییشه، له‌م باره‌یه‌وه "ئیمانوێل سایز" له زانكۆی "بیركلی كالیفۆرنیا" باس له‌وه ده‌كات، له كاتێكدا كه سێیه‌كی سوودی گه‌شه‌ی ئابووریی سێ ده‌یه له ئه‌مریكا له (1976-2008) ته‌نیا بۆ 1%ی گه‌لی ئه‌مریكا چووه و، به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و گه‌له لێی بێبه‌ش بوون، كه‌چی له‌سه‌ریشیانه قوربانی به داهات و كار و كرێ و مووچه‌كانیان بده‌ن بۆ پارێزگاری له‌وانه‌ی كه له گشت خێروبێرێكی ماوه‌ی بره‌و و بووژانه‌وه سوودمه‌ند بوون و، هه‌ر خۆیشیان هۆكاری قه‌یرانه‌كه بوون. واته به‌ش و به‌ركه‌وته‌ی زۆرینه‌ی هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران و باجده‌ران بریتییه له بێبه‌شبوون له خێروبێری بره‌و و بووژانه‌وه‌ی ئابووری له لایه‌ك و، هاوبه‌شبوون له تێچووونی چاره‌سه‌ری قه‌یران له لایه‌كی تره‌وه. Mark Blyth بۆ وێناكردنی ئه‌و جۆره له دابه‌شكردنی ڕۆڵه‌كان، لێكچوواندنێكی سه‌رنجڕاكێش و ساكار ده‌خاته ڕوو و ده‌ڵێت: "ئێمه هه‌ندێكمان بانگهێشتی ئاهه‌نگ و خوانه‌كه كراوین، كه‌چی له‌سه‌ر هه‌موومانه تێچوووی ئاهه‌نگه‌كه بده‌ین."
به‌ڵام ئایا سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین له هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی چ جۆره قه‌یرانێكه؟ ڕه‌هه‌ند و كاریگه‌رییه‌كانی چین و ده‌ره‌نجامه‌كانی چۆن بوون؟ ئایا جێگره‌وه‌یه‌كی باشتر له‌و بژارده‌یه هه‌یه؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه به‌م جۆره ده‌ست پێ ده‌كه‌ین: له هه‌رێمی كوردستان و زۆربه‌ی وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوودا زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی دارایی، جیاوازه له وڵاتانی پێشكه‌وتووی لیبراڵی. لێره زه‌مینه‌كه زیاتر په‌یوه‌سته به بونیادی ئابووری و چه‌ند هۆكارێكی كارگێڕی و سیاسییه‌وه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كه زه‌مینه‌ی قه‌یرانه‌كان له‌ناو هه‌ناوی فه‌لسه‌فه و سیسته‌مه ئابووری و سیاسییه‌كه‌دا بێت، به‌و جۆره‌ی له وڵاتانی سه‌رمایه‌داریی لیبراڵی‌دا هه‌یه. هۆكاره‌كانی ده‌ركه‌وتن و زه‌قبوونه‌وه‌ی كێشه‌كه‌یش به هه‌مان شێوه جیاوازن.
له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌مان به‌وه كرد، كه چۆن له سایه‌ی بونیادی ئابووری و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی و سیاسی‌دا هه‌میشه زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی دارایی و ئابووری له هه‌رێمدا به شێوه‌یه‌كی جیاواز له وڵاتانی تر ئاماده‌یه. هۆكاره ڕاسته‌وخۆكانی ده‌ركه‌وتن و هه‌ڵایسانی ئه‌م كێشه‌یه‌ی ئێستایش، به هه‌مان شێوه جیاوازن له‌و هۆكارانه‌ی كه له وڵاتانی سه‌رمایه‌داریدا ده‌بنه هۆی ده‌ركه‌وتنی قه‌یرانه‌كان. ئێمه ناتوانین باوه‌ڕ به‌وه بهێنین كه هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م قه‌یرانه‌ی هه‌رێم وه‌ك ئه‌وانه‌ی ڕۆژاوا، به‌شی زۆری په‌یوه‌سته به هه‌ڵسوكه‌وتی گه‌وره كۆمپانیاكان و بانكه‌كانه‌وه، به‌ڵكوو به‌ڕوونی ئه‌وه دیاره كه زه‌مینه‌كه‌ی بریتییه له لاوازیی بونیادی ئابووریی هه‌رێم و خراپ به‌ڕێوه‌بردنی بواری دارایی و ئابوورییه‌وه، وه‌ك پێشتر باسمان كردوون؛ هۆكاره ڕاسته‌وخۆكه‌یشی په‌یوه‌سته به بڕینی پشكی بوودجه‌ی هه‌رێم و نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و جه‌نگی گرووپی تیرۆریستیی داعشه‌وه. به‌ڵام زۆر كه‌س پێیان وایه لێره‌یش هه‌ڵتۆقینی سه‌رمایه‌داری گه‌وره، زه‌به‌لاحبوونی كۆمه‌ڵێك كۆمپانیا و، به‌شینه‌وه‌ی پاره‌ی گشتی به‌سه‌ر كه‌سانی ناشایسته‌دا، به‌به‌رده‌وامی هۆكارێكی سه‌رهه‌ڵدان و زه‌قبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه بووه و، له ئێستایشدا زكهه‌ڵگووشینی هاووڵاتیان باجی زۆرخۆریی ئه‌وانه و، ئه‌وان له لا‌ی حكوومه‌ت و حزبه‌كان له‌وه گه‌وره‌ترن كه ڕێگه به لاوازبوونیان بدرێت.
ئه‌م بۆچوونه ئه‌گه‌ر نه‌یشتوانێت به‌ته‌واوی شرۆڤه‌ی زه‌مینه و هۆكاره‌كانی ده‌ركه‌وتنی كێشه‌كه‌مان بۆ بكات، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی جێگه‌ی بایه‌خپێدانه و، له چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌یشدا ده‌بێت ڕه‌چاو بكرێت؛ به‌تایبه‌تیش ئه‌و خاڵه‌ی كه باس له به‌هه‌ده‌ردانی به‌رده‌وام و به‌شینه‌وه‌ی بێمانای پاره‌ی گشتی و پڕكردنی وڵات له مووچه‌خۆری بندیوار و بێبه‌رهه‌م ده‌كات. ئه‌مانه وه‌ك هۆكاری زه‌قبوونه‌وه‌ی كێشه‌كه و ئه‌گه‌ری دروستبوونی قه‌یرانێكی ئه‌خلاقی له سایه‌ی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشیندا ده‌شێ جێگه‌ی سه‌رنج بن؛ چونكه زۆر كه‌س پێیان وایه به‌شێكی هۆكاری چاره‌سه‌رنه‌بوونی كێشه‌ی دارایی و به‌رده‌وامیی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین، په‌یوه‌سته به پارێزگاریكردن له مانه‌وه‌ی مووچه و ئیمتیازات و به‌خششی مووچه‌خۆرانی نایاسایی و گرووپێكی دیاریكراو و به‌هه‌ده‌ردان و خه‌رجكردنی بێبنه‌ماوه. له هه‌رێمدا ئه‌و هه‌سته هه‌یه كه نه‌ك هه‌مووان له ڕێگه‌ی زكهه‌ڵگووشینه‌وه به‌یه‌كسانی تێچوووی هه‌ڵه و زیاده‌خۆریی هه‌ندێك ده‌ده‌ن، به‌ڵكوو ئه‌وانه‌ی زیاتر شیاوی سزای پاكبوونه‌وه و دانی تێچووی زیاده‌خۆرییه‌كه‌یانن، له كه‌مترین ئاستدا تێچووه‌كه‌ی ده‌ده‌ن و هێشتایش له‌سه‌ر هه‌مان ڕێڕه‌و به‌رده‌امن. له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و سێكته‌ر و بوارانه‌ی كه پێویست بوو به كه‌مترین ڕێژه به‌ر ئه‌و سیاسه‌ته بكه‌ون، كه‌چی زۆرترین پشكیان له دانی تێچوونه‌كه‌دا هه‌یه؛ وه‌ك بواره‌كانی ته‌ندروستی و فێركردن و ئه‌و بوارانه‌ی كه ڕۆڵ له دروستكردنی هه‌لی كار و داهاتدا ده‌بینن و، له به‌رامبه‌ریشدا داهاتی گشتی بۆ چه‌ند بوارێكی تری ناپێویست و نادیار خه‌رج ده‌كرێت؛ ئه‌مه‌یش ڕوویه‌كی نادادوه‌ریی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه.
له ڕووی ئابوورییشه‌وه، پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین كه سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین له هه‌رێمدا كه له ده‌می بێكاری و بێبازاڕیدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له كاتێكدایه كه تاكوو ئێستایش خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت سه‌رچاوه‌ی به‌شی زۆری خواستی گشتین و، به‌كاربردن پاڵنه‌ری سه‌ره‌كیی ته‌واوی چالاكییه ئابوورییه‌كانه و، له سایه‌ی نه‌بوونی ڕۆڵی قه‌رزی بانكی بۆ وه‌به‌رهێنان و نه‌بوونی ڕۆڵی نرخی سوود، هیچ كات خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت نابنه هۆی وه‌ده‌رنانی وه‌به‌رهێنانی تایبه‌ت و، له سایه‌ی نه‌بوونی ڕۆڵی باجیشدا پێشبینییه‌كان ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان نییه له دیاریكردنی هه‌ڵسوكه‌وتی به‌كاربه‌ر و وه‌به‌رهێنه‌راندا. له‌به‌ر ئه‌مانه و چه‌ند هۆكارێكی تر كه ئێمه له پێشتردا باسمان كردوون، پێمان وایه كه ئه‌م سیاسه‌ته له ڕووی ئابوورییه‌وه هیچ پاساوێكی نییه و، ده‌ره‌نجامه‌كانی په‌یڕه‌وكردنیشی له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا له واقعدا به‌ڕوونی دیاره و، ئاماره فه‌رمی و نافه‌رمییه‌كانیش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌ژاری و بێكاری و بێبازاڕی و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵێك گرفتی سیاسی و ئابووری هه‌بووه. به‌ڵام ئایا به‌ڕاستی هه‌رێم ناچاره به پاساوی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهات، درێژه به‌م سیاسه‌ته پڕكێشه و قه‌یرانه بدات یان بژارده‌ی تری له به‌رده‌مدایه؟ وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد، هه‌ندێك پێیان وایه له هه‌موو كاتێكدا بژارده‌ی جێگره‌وه‌ی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین بریتییه له ژیرانه خه‌رجكردن و په‌ره‌پێدان و باشتر كۆنترۆڵكردنی داهاته‌كان.
ب- ژیرانه خه‌رجكردن (ترشید الانفاق)
ڕێكخستنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی خه‌رجییه‌كان له‌به‌ر ڕۆشناییی داهاته‌كاندا هه‌میشه هه‌نگاوێكی دروسته. به‌و پێیه‌ی كه حكوومه‌تی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك له ئامرازه دارایی و نه‌ختینه‌یییه‌كانی ده‌وڵه‌تی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه، بۆیه زیاتر له ده‌وڵه‌تان ناچاره به‌رده‌وام ئه‌م كاره بكات؛ به‌ڵام چۆنێتیی ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره و میكانیزمه‌كانی، له هه‌موو دۆخێك‌دا جێگه‌ی گرنگی و بایه‌خن. له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی دارایی، ئه‌م كاره‌ی به ساكارانه‌ترین ته‌كنیك و به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ئاستی پێویستی پێوه‌ره ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌نجام دا، به‌ڵام له پاش ئه‌وه‌ی كه به‌شی زۆری پاساوه‌كانی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین نه‌مان، ئیدی حكوومه‌ت له ڕێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌وه هه‌نگاوی بۆ زیادكردنی خه‌رجییه‌كان و سووككردنی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین نا؛ له ئێستایشدا كه‌وتووه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه زكهه‌ڵگووشین تاكه بژارده و باشترین بژارده نییه و، له پاڵ كه‌مێك باشبوونی دۆخی داهاته‌كانیدا ده‌توانرێت به چاكسازیكردن له بواری خه‌رجییه‌كانیشدا ڕێگه‌یه‌كی باشتر بگیرێته به‌ر. بۆ ئه‌مه‌یش هه‌نگاو به‌ره‌و چاكسازیكردن له مووچه و ده‌رماڵه و خانه‌نشینی ده‌نێت و، وای ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه به سه‌ركه‌وتنی ئه‌و هه‌نگاوه، به‌ره‌و نزیكبوونه‌وه له كۆتایییه‌كانی سیاسه‌تی زكهه‌ڵگووشین ده‌ڕوات. حكوومه‌ت بۆ سه‌ركه‌وتنی له‌م هه‌نگاوه‌دا پێویستی به په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی خه‌رجكردنی ژیرانه هه‌یه؛ هه‌روه‌ك له سه‌ره‌تایشدا به هه‌مان شێوه پێویستی پێی هه‌بوو به‌ڵام په‌یڕه‌ی نه‌كرد. به‌بێ په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیاسه‌ته، ئه‌سته‌مه هیچ چاكسازی و سه‌قامگیربوونێكی شیاو و به‌رده‌وام له دۆخی داراییدا فه‌راهه‌م ببێت.
چاكسازی له خه‌رجییه گشتییه‌كان ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه به كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌یانه‌وه، به‌ڵكوو له پاڵ ئه‌وه‌دا و بگره له‌ویش گرنگتر، په‌یوه‌سته به "به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانستی له ڕێكخستن و په‌یكه‌ربه‌ندیكردنی خه‌رجییه‌كان له قۆناغی ته‌رخانكردن و، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كارایی له قۆناغی جێبه‌جێكردندا". ئه‌مانه به‌شێكی سه‌ره‌كین له جه‌وهه‌ری پرۆسه‌ی خه‌رجكردنی ژیرانه. گرنگیی ئه‌م هه‌نگاوانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هه‌م خودی خه‌رجییه جۆراوجۆره‌كان كاریگه‌ریی جیاوازیان له‌سه‌ر بواری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه و، هه‌میش چۆنێتیی دابه‌شكردن و په‌یكه‌ربه‌ندیكردنی ته‌رخانكراوه‌كان و ئاستی توانستی و كارایی له جێبه‌جێكردنیان. خه‌رجكردنی ژیرانه، نه زكهه‌ڵگووشین و لێگرتنه‌وه‌ی زۆره و نه ده‌ستبڵاوی، به‌ڵكوو دروستترین ڕێكاری ته‌رخانكردن و خه‌رجكردنه به‌و جۆره‌ی كه به كه‌مترین خه‌رجی، باشترین ئامانج به‌ده‌ست بهێنرێت. هه‌ندێك وا گوزارشت له خه‌رجكردنی ژیرانه ده‌كه‌ن، كه فه‌زیڵه‌یه‌كه له نێوان هه‌ر دوو ڕه‌زیڵه‌ی ده‌ستبڵاوی و زكهه‌ڵگووشیندا.
حكوومه‌تی هه‌رێم ناچاره قه‌باره‌ی خه‌رجییه‌كانی به ڕه‌چاوكردنی قه‌باره‌ی داهاته‌كانی و ئاستی پێویستیی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی دیاری بكات؛ واته له‌گه‌ڵ كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاته‌كانیدا كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌باه‌ری خه‌رجییه‌كانی كارێكی دروسته و به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه ئه‌و كه‌مكردنه‌وه و زیادكردنانه به ڕادده‌یه‌ك نه‌بن كه كاریگه‌ریی زۆر توند و نه‌رێنی بكه‌نه سه‌ر گه‌شه و بزاوتی ئابووری و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی. له‌م ڕووه‌یشه‌وه چه‌ند ڕێكارێكی گرنگ هه‌ن له چوارچێوه‌ی ڕێكاره‌كانی خه‌رجكردنی ژیرانه‌دا، پێویسته په‌یڕه‌و بكرێن:
2- كۆنترۆڵكردن و ڕێكخستنه‌وه‌ی داهاته‌كان له بری زیادكردنی هه‌ڕه‌مه‌كیی باج و ڕسوومات
له به‌رامبه‌ر چاكسازیكردن له سیاسه‌تی خه‌رجكردندا، پێویسته له‌سه‌ر حكوومه‌ت ڕێكاری كاریگه‌رتر بۆ ڕێكخستن و كۆنترۆڵكردن و زیادكردنی داهاته‌كانی بگرێته به‌ر، چونكه داهاته گشتییه‌كان سه‌رچاوه‌ی پاره‌داركردنی خه‌رجییه‌كانی حكوومه‌ت و، به‌سته‌ری سه‌ره‌كین (القید الرئیسی) له دیاریكردنی قه‌باره‌ی خه‌رجییه‌كاندا. سه‌رچاوه و داهاته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم دیاریكراون و قه‌باره‌یشیان سنورداره و، وه‌ك هه‌ر حكوومه‌تێكی تر ناتوانێت به ئاره‌زووی خۆی زیادیان بكات، به‌ڵام له ڕێگه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی باشتر و كۆنترۆڵی زیاتره‌وه ده‌توانێت تا ئاستێكی دیاریكراو ئه‌و كاره بكات.
حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دارایی به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ئاستی داهات و توانای باجدان و دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، نزیكه‌ی سێ ساڵه باج و ڕسووماته جۆراوجۆره‌كانی به بڕ و ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رز كردووه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده به ئامانجی دارایی -به‌رزكردنه‌وه‌ی داهات- ئه‌م كاره ئه‌نجام ده‌دات به‌ڵام ڕه‌چاوی مه‌رج و پێویستییه‌كانی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ی نه‌كردووه (چونكه به‌رزكردنه‌وه‌ی باج و ڕسوومات له دۆخێكی له‌و جۆره‌دا و به‌و بڕ و ڕێژه زۆره، شییانی ئه‌وه‌ی نییه كه ببێته هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی حكوومه‌ت. ئێمه له نووسینێكی ترماندا له‌و باره‌یه‌وه له‌به‌ر ڕۆشناییی مۆدێلی ئابووریی Arthur Lafeer ئه‌و بابه‌ته‌مان ڕوون كردووه‌ته‌وه). ئه‌مه‌یش له كاتێكدا كه تاكوو ئێستا زۆرێك له‌و باج و ڕسووماتانه‌ی شیاوی وه‌رگرتنن وه‌رناگیرێن و ناچنه گه‌نجینه‌ی حكوومه‌ته‌وه و، خۆدزینه‌وه‌ى جۆراوجۆر له دانی باج و گومرگ و ڕسووماته‌كانی تر چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و، لێخۆشبوونه زۆروزه‌وه‌نده‌كانیش به‌رده‌وامن. به هه‌مان شێوه حكوومه‌ت له‌و زیادكردنه‌دا به ڕادده‌ی پێویست ڕه‌چاوی توانستی ئابووری (كفاءة الاقتصادیة) و دادوه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی (عدالة الاجتماعیة) نه‌كردووه. سه‌ره‌نجام زیادكردنی باج و ڕسووماته‌كان له‌و ڕووه‌یشه‌وه له بری كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر دۆخی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌پێچه‌وانه‌وه كاریگه‌رییه‌كه‌یان نه‌رێنی بووه.
سه‌رچاوه‌كانی داهاتی حكوومه‌تی هه‌رێم له ئێستادا بریتین له داهاتی فرۆشتنی نه‌وت و داهاته ناوخۆیییه‌كانی باج و گومرگه‌كان و ڕسووماته جۆراوجۆره‌كان؛ هه‌ندیك جاریش ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه له به‌غداوه دێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌خشینانه‌ی كه له لایه‌ن ئه‌مریكا و هێزی هاوپه‌یمانه‌نه به هێزی پێشمه‌رگه ده‌درێت.
تاكوو ئێستا داهاتی فرۆشتنی نه‌وت به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی داهاته‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم پێك ده‌هێنێت. له داهاتوویه‌كی نزیكیشدا هه‌ر به‌و جۆره ده‌بێت و هه‌رێم بۆ پاره‌داركردنی بوودجه‌كه‌ی، به ڕێژه‌یه‌كی زۆر پشتی پێ ده‌به‌ستێت. بۆیه به‌رده‌وامیدان به سیاسه‌تی نه‌وتی و په‌ره‌پێدانی و هه‌وڵدان بۆ زیاتركردنی به‌رهه‌م و هه‌نارده‌كردن و زیادكردنی داهاته‌كه‌ی، یه‌كێكه له ڕێگه سه‌ره‌كییه‌كانی زیادكردنی داهاتی حكوومه‌ت؛ هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕێكی شیاو له بوودجه‌ی ساڵانه‌ی عێراق وه‌ك پشكی هه‌رێم، یه‌كێكه له هه‌نگاوه پێویست و گرنگه‌كان بۆ زیادكردنی داهاتی هه‌رێم (له به‌شی چواره‌می ئه‌م وتاره‌دا به‌دوورودرێژی قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته ده‌كه‌ین).
چاكسازیكردن له سیاسه‌تی باج و ڕێكخسته‌وه و تۆكمه‌كردن و كۆنترۆڵكردنی باج و ڕسوومات و داهاته جۆراوجۆره‌كانی ئه‌و بواره، یه‌كێكه له هه‌نگاوه هه‌ره پێویست و ئه‌ركه هه‌نووكه‌یییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم. قسه‌كردن له ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و بابه‌ته، پێویستی به نووسین و توێژینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه و لێره‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌وه‌نده پێویسته بڵێین كه ئه‌و كاره پێویسته به جۆرێك ئه‌نجام بدرێت، كه به ڕادده‌یه‌كی گونجاو له خزمه‌تی ئامانجی دارایی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا بێت.
دووه‌م/سیسته‌ماتیككردنی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی
كارگێریی داراییی تۆكمه و پێشكه‌وتوو و خاوه‌ن ڕه‌وایه‌تی و جێگه‌ی متمانه، نه‌ك هه‌ر بۆ چاره‌سه‌ری كێشه دارایییه‌كان پێویسته، به‌ڵكوو له كاتی ئاسایی و سه‌قامگیریی دارایی و خۆشگۆزه‌رانییشدا، پێویستییه‌كی بێ چه‌ندوچۆنی به‌ڕێوه‌بردنی ئابوورییه و، ئامرازێكی گرنگی ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری و په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتنه. هه‌موو ئه‌و ئامانج و خه‌ون و هه‌نگاو و پێشنیارانه‌ی له‌باره‌ی باشكردنی دۆخی دارایی و ئابوورییه‌وه هه‌ن، خۆبه‌خۆ و به شێوه‌ی ئۆتۆماتیكی جێبه‌جێ نابن؛ ئه‌م كاره پێویستی به دامه‌زراوه‌ی تایبه‌تمه‌ند و پێشكه‌وتووو و به‌توانا و خاوه‌ن ڕه‌وایه‌تی هه‌یه. پێشتر به‌كورتی ئاماژه‌مان دا به ڕای هه‌ر یه‌ك له Francis Fukuyama, James A. Robinson, Daron Acemoglu, Niall Firguson)، كه چۆن نهێنیی سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتن و هۆكاری شكست و دواكه‌وتن، ده‌به‌ستنه‌وه به جۆری دامه‌زراوه ئابووری و كارگێڕی و سیاسییه‌كانه‌وه.
هه‌رێم له‌م ڕووه‌وه كه‌موكوڕیی زۆری هه‌یه؛ نه سیسته‌مێكی به‌ڕێوه‌بردنی پێشكه‌وتووی هه‌یه و، نه دامه‌زراوه‌كانی تۆكمه و پێشكه‌وتوو و خاوه‌ن توانان و، نه به‌ته‌واوی پیشه‌یییانه كاره‌كان ڕاده‌په‌ڕێنن. ئه‌م كه‌موكوڕییانه جگه له حكوومه‌ت، په‌رله‌مان و ده‌زگه‌ی چاودێری و دامه‌زراوه‌ی یاساییش ده‌گرنه‌وه كه گرنگترین ئه‌ڵقه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایین. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ری كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی و بێمتمانه‌یی بكات، پێویسته دامه‌زراوه‌كانی په‌رله‌مان و چاودێریی دارایی و یاسایی، ڕۆڵی پیشه‌یییانه‌ی خۆیان به‌جێ بگه‌یه‌نن و، به‌دوور له مه‌رام و ئامانج و بانگه‌شه‌ی حزبی، چاودێری و ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن بكه‌ن به‌ره‌و باشترین شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی. به‌بێ ڕۆڵی په‌رله‌مان و چاودێریی دارایی و دامه‌زراوه‌ی یاسایی، ئه‌سته‌مه هیچ چاكسازییه‌كی ئه‌وتۆ له بواری كارگێڕیی داراییدا سه‌ر بگرێت و به‌رده‌وام بێت. ئه‌و سێ دامه‌زراوه‌یه، پێویسته دامه‌زراوه‌ی سه‌نگین و خاوه‌ن ڕه‌وایه‌تی و به‌ده‌سه‌ڵات و جێگه‌ی متمانه‌ی هاووڵاتیان بن؛ كاره‌كانیان ته‌كنۆكراتییانه به‌جێ بگه‌یه‌نن نه‌ك به‌ته‌واوی ڕۆڵی چالاكوانی مه‌ده‌نی و بانگه‌شه‌كاری حزبی ببینن. چاودێریكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی ئه‌وانه هه‌م كاره‌كانی حكوومه‌ت ده‌خاته سه‌ر ڕێی ڕاست و هه‌م كۆتاییش به‌و بێمتمانه‌یییه ده‌هێنێت كه ئێستا له ئارادایه.
باشترین ڕێگه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی و به‌سیسته‌ماتیككردنی و نه‌هێشتنی بێمتمانه‌یی، له‌گه‌ڵ ئاماده‌ییی دروستی هه‌ر سێ دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان و چاودێریی دارایی و یاسایی، بریتییه له دانانی یاسای بوودجه‌ی ساڵانه و كارپێكردنی. ئه‌و هه‌نگاوه ئه‌گه‌ر وه‌كوو پێویست هه‌موو قۆناغه‌كانی جێبه‌جێ بكرێن، جگه له‌وه‌ی ڕاسته‌ڕێی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایییه، له هه‌مان كاتیش‌دا خێراترین ڕێگه‌یه بۆ كۆتاییهێنان به بێمتمانه‌یی. واته له هه‌موو شت گرنگتر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دارایی ئه‌وه‌یه، كه دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم، به حكوومه‌ت و په‌رله‌مان (ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان)ه‌وه، ببنه دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی و خاوه‌ن ڕه‌وایه‌تی و به‌ده‌سه‌ڵات؛ ببنه خاوه‌نی ڕۆڵ و پێگه و متمانه و سه‌رچاوه‌ی زانیاری بۆ هاووڵاتیان. له كاتێكیشدا ئیراده‌ی چاكسازی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وی گه‌نده‌ڵی و ناشه‌فافییه‌ت هه‌بێت، هه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه ده‌بنه ده‌سته‌به‌ری سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كاره و هه‌موو پلان و پرۆژه و ئامانجه‌كانی تریش.