پێشه‌كی
كێشه‌ی كورد له عێراق و ناوچه‌كه‌دا مێژویه‌كی دوورودرێژی هه‌یه و، زۆر كۆنتره له نه‌خشه‌ی سیاسیی نوێی ئه‌م ناوچه‌یه. به درێژاییی ئه‌و مێژووه‌یش، له‌م ناوچه‌یه‌دا گۆڕانكاریی گه‌وره و جۆراوجۆر به‌سه‌ر ته‌واوی كایه‌كاندا هاتووه، دۆخی سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكێشه‌كانی هێز به به‌رده‌وامی له‌گۆڕاندا بووه. چه‌ندین جار پێگه و ڕۆڵه‌كان دابه‌ش كراونه‌ته‌وه و، نه‌خشه‌ی سیاسی دا‌ڕێژراوه‌ته‌وه؛ ئه‌وه‌ی به‌نه‌گۆڕی ماوه‌ته‌وه ته‌نیا پێگه‌ی كورد و دۆخی په‌یوه‌ندییه‌كانی بووه له‌گه‌ڵ گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌دا؛ ئه‌مه‌یش له كاتێكدا كه كورد به‌رده‌وام له خه‌بات و تێكۆشاندا بووه بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی و به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌ی شایسته‌ی خۆی. به‌ڵام بۆچی دۆخی كورد تاكوو ئێستا به‌م شێوه‌یه ماوه‌ته‌وه؟ ئه‌ی داهاتوووی دۆخی سیاسی و په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه چۆن ده‌بێت؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیارانه‌ن كه ته‌نیا گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه سیاسییه ڕاگوزه‌ره‌كان، لێكدانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تان و، شیكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی به‌و جۆره‌ی كه باوه، ناتوانێت وه‌ڵامیان بداته‌وه. بۆ وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و پرسیارانه له پاڵ ئه‌و جۆره لێكدانه‌وانه‌دا، شه‌نوكه‌وكردنی تێڕوانین و دونیابینیی كورد و گه‌لانی ناوچه‌كه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، نه‌ك هه‌ر بڕگه‌یه‌كی ته‌واوكه‌ره به‌ڵكوو پێویسته بكرێته خاڵی بنه‌ڕه‌تی و جه‌وهه‌ری.
كێشه‌ی كورد له عێراق و ناوچه‌كه‌دا؛ شه‌ڕ و كیشمه‌كێشی دوو دونیابینیی ناكۆك و دژبه‌یه‌ك
گه‌لی كورد له كوردستانی باشوور و له پارچه‌كانی تریش، ده‌یان ساڵه له ڕێگه‌ی خه‌بات و كۆشش و قوربانیدانه‌وه، ده‌یه‌وێت بگاته یه‌كێك له‌م دوو ئامانجه: یان پێكه‌وه‌ژیانی هاوبه‌ش و شكۆمه‌ندانه له‌ناو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه به‌سه‌ریاندا دابه‌ش كراوه، یانیش سه‌ربه‌خۆبوون. هه‌ر یه‌ك له‌و ئامانج و بژاردانه‌یش، له ناوچه‌كه‌دا نه‌ك هه‌ر قبووڵكراو نین، به‌ڵكوو ته‌واوی هێز و وزه‌ی گه‌لان و ده‌سته‌بژێری سياسيى ناوچه‌كه به‌رده‌وام له سه‌نگه‌ری دژایه‌تیكردنیاندان. ئه‌مه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه زه‌مینه كه‌لتووری و سیاسییه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه، كێڵگه‌ی به‌رهه‌مهێنان و به‌رده‌وامیپێدانی فه‌رهه‌نگێكی توند و دژه‌ئاراسته‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له فۆرمه‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی هاوبه‌ش و سه‌ربه‌خۆبووندا؛ فه‌رهه‌نگێك كه جگه له فۆرمی سه‌رده‌ست و بنده‌ست، سه‌ردار و كۆیله، داگیركه‌ر و داگیركراو، سه‌ركه‌وتوو و دۆڕاو، هیچ فۆرمێكی تر بۆ په‌یوه‌ندی قبووڵ ناكات. ئه‌مه كرۆكی كێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورده له‌گه‌ڵ گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه؛ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه نه له چوارچێوه‌ی كۆیلایه‌تی و كۆڵۆنیالیزمی ته‌قلیدیدا فۆرموله ده‌بن (وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌یانه‌وێت)، نه پێیشیان ناوه‌ته ناو دونیای هاوچه‌رخی په‌یوه‌ندییه‌كانه‌وه (وه‌ك ئه‌وه‌ی كه كورد خوازیاریه‌تی).
دونیابینیی ده‌وڵه‌ت و گه‌لانی ناوچه‌كه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كورد
له دونیای هاوچه‌رخدا به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر گۆڕانكاری به‌سه‌ر فۆرمی په‌یوه‌ندییه‌كاندا هاتووه، به‌ڵام كه‌لتووری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌لانی ناوچه‌كه به جۆرێكه، كه تاكوو ئێستایش له‌سه‌ر بنه‌مای هاوكێشه‌ی ته‌قلیدیی كۆیله و سه‌ردار، سه‌رده‌ست و بنده‌ست، داگیركه‌ر و داگیركراو ده‌ڕواننه په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد؛ هه‌میشه خۆیان به سه‌ردار و كورد به كۆیله، خۆیان به سه‌رده‌ست و كورد به بنده‌ست ده‌زانن. دیاره له‌م جۆره په‌یوه‌ندییه‌یشدا كۆیله‌كان نه شایسته‌ی هاوبه‌شی و یه‌كسانین له‌گه‌ڵ سه‌رداره‌كانیان، نه مافی ئه‌وه‌یشیان هه‌یه كه ئازاد بن و لێیان جیا ببنه‌وه و به‌سه‌ربه‌خۆیی بژین. ئه‌مه ڕێك ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌یه كه ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه تاكوو ئێستایش له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن. ئه‌وان نه ئاماده‌ن له چوارچێوه‌ی پێكه‌وه‌ژیانێكی هاوبه‌ش و هاوسه‌نگدا مافه‌كانی بسه‌لمێنن، نه ئازادبوون و جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆبوونیشی لێ قبووڵ ده‌كه‌ن. بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌ر دوو باره‌كه‌یش به هه‌مان شێوه‌ی سه‌رده‌می كۆیلایه‌تی و كۆڵۆنیاڵیزمی ته‌قلیدی، پشت به به‌كارهێنانی میكانیزمه هه‌ره ته‌قلیدییه‌كانی هێز و ئابووری ده‌به‌ستن (هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م دوایییانه‌ی به‌غدا به‌رامبه‌ر به هه‌رێم كه بریتین له: جه‌نگ و هێرشی سه‌ربازی، هه‌ڕه‌شه و زه‌بروزه‌نگ و گه‌مارۆدان و برسیكردن، به‌رجه‌سته‌كه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه‌یه).
دونیای مۆدێرن له ته‌واوی بواره‌كاندا پڕە له جۆره‌ها تایپی په‌یوه‌ندیی كۆیله و سه‌ردار. ئێمه له به‌رده‌م مێژوویه‌كداین له‌سه‌ر ئه‌و په‌یمانه دامه‌زراوه كه له نێوان كۆیله‌كان و سه‌رداره‌كاندا هه‌یه؛ له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كان و له گشت بواره‌كاندا ته‌نیا شێوه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه گۆڕاوه و خودی ڕێككه‌وتنه‌كه به‌رده‌وامیی هه‌یه. پێدراوه‌كانی دونیای هاوچه‌رخ ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه په‌یوه‌ندیی كۆیله و سه‌ردار له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا له گشت بواره‌كاندا ئاماده‌ییی هه‌یه، به‌ڵام شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كه و میكانیزمه‌كانی ڕاگرتنی و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كان گۆڕاون.
له دونیای گۆڕاودا لایه‌نه‌كان بۆ ڕاگرتن، یان گۆڕینی هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان پشت به ستراتیژ و میكانیزمی جیاوازتر ده‌به‌ستن له‌وه‌ی كه له سه‌رده‌می كۆیلایه‌تیی ته‌قلیدی و دونیای كۆڵۆنیالیستیی كۆندا هه‌بوو. جاران ستراتیژه‌كان بریتی بوون له داگیركردن و ملكه‌چپێكردن و كۆنترۆڵكردنی خاك و به‌تاڵانبردنی سامان؛ بۆ ئه‌مه‌یش پشت به میكانیزمه‌كانی جه‌نگ و هێرشی سه‌ربازی و له‌ناوبردن و تۆقاندن و برسیكردن ده‌به‌سترا. به‌ڵام له ئێستادا ستراتیژه‌كان گۆڕاون بۆ: سه‌رنجڕاكێشان و وابه‌سته‌كردن و به‌پاشكۆكردنی سیاسی و ئابووری و كه‌لتووری؛ میكانیزمه‌كانیش گۆڕاون بۆ توخمه‌كانی هێزی نه‌رم وه‌ك: په‌روه‌رده، میدیا، بازاڕ و نرخ و بازرگانی، په‌یوه‌ندی و گه‌یاندن، دیپلۆماسییه‌ت و هتد. ئه‌م گۆڕانه دۆخێكی وای هێناوه‌ته ئاراوه كه له زۆر ناوچه‌ی ئه‌م جیهانه و له زۆر بواری په‌یوه‌ندییه‌كاندا، لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌نده له په‌یوه‌ندییه‌كانیان ڕازین كه ئه‌گه‌ر زۆر به‌قووڵی لێیان ڕانه‌مێنین، ناتوانین لێكیان جیا بكه‌ینه‌وه؛ له‌وه‌ی ئاخۆ كامیان كۆیله و كامیان سه‌ردارن، كامیان سه‌رده‌ست و كامیان بنده‌ستن. له ئیستادا زۆربه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی گه‌ل و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان له‌ناو ده‌وڵه‌تانی دیموكراسیی ڕۆژاوایی‌دا ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌و فۆمه‌وه. هه‌ر ئه‌م تایپه له په‌یوه‌ندی، له دونیای گۆڕاودا هێژموونیی ته‌واوی به‌سه‌ر سیسته‌می په‌یوه‌ندییه‌كانی بازاڕ و بازرگانی و په‌یوه‌ندیگرتن و میدیا و كه‌لتوور و ته‌واوی بواره‌كانی تریشدا هه‌یه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا تێڕوانین و مامه‌ڵه‌ی ئه‌و گه‌ل و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه، بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد، نه‌ك هه‌ر سه‌رده‌می كۆیلایه‌تیی ته‌قلیدیی تێ نه‌په‌ڕاندووه، به‌ڵكوو بۆ ڕاگرتنی دۆخی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ستبه‌رداری میكانیزمه هه‌ره ته‌قلیدییه‌كانی هێزی زبریش نه‌بوون. هۆكارێكی سه‌ره‌كیی ئه‌مه‌یش بۆ دواكه‌وتووییی دۆخی كه‌لتووری و سیاسی و ئابووریی ده‌وڵه‌ت و گه‌لانی ناوچه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه تاكوو ئێستا ڕێگره له‌وه‌ی هه‌م تێڕوانینیان بۆ په‌یوه‌ندی بگۆڕێت و، هه‌میش میكانیزمه هاوچه‌رخه‌كانی به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی هێژموونی و باڵاده‌ستی، جێگه‌ی میكانیزمه ته‌قلیدییه‌كان بگرنه‌وه؛ به‌و جۆره‌ی كه له دونیای دیموكراسی و كرانه‌وه و ئابووریی بازاڕدا بره‌ویان هه‌یه.
دونیابینیی كورد بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تر
ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی بۆ كرا، ته‌نیا لایه‌كی هاوكێشه‌كه‌یه كه په‌یوه‌ندیداره به تێڕوانین و فه‌رهه‌نگ و هه‌نگاوه‌كانی گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌وه. لایه‌كه‌ی تر كه په‌یوه‌ندیداره به گه‌لی كورده‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه؛ به واتای ئه‌وه‌ی كه كورد ته‌نیا ئه‌و دۆخه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به‌سه‌ریدا بسه‌پێنن، ئه‌ویش ژێرده‌سته‌یی و كۆیلایه‌تیه و، به‌رده‌وام خوازیاری یه‌كێك له دو بژارده‌كه‌ی تره كه ئه‌وان دژایه‌تیی ده‌كه‌ن ئه‌وانیش بریتین له: پێكه‌وه‌ژیانی هاوبه‌ش و شكۆمه‌ندانه، یان سه‌ربه‌خۆیی. خه‌سڵه‌تی ملكه‌چنه‌كردن و قبووڵنه‌كردنی كۆیلایه‌تی له لای كورد، خه‌سڵه‌تێكی بنچینه‌یی و ئه‌سڵه. مێژوو ده‌ری ده‌خات كه ئه‌و گوشار و سه‌ركوتكردنه گه‌وره و به‌رده‌وامانه‌ی به درێژاییی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان ڕووبه‌ڕووی كورد كراونه‌ته‌وه، شیانی ئه‌وه‌یان هه‌بووه كه هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بتوێننه‌وه، یان ته‌واو لاواز‌و ملكه‌چی بكه‌ن، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی خه‌سڵه‌تێكی له‌و جۆره نه‌بێت.
گه‌لی كورد نه‌ك هه‌ر كۆیلایه‌تی و ژێرده‌سته‌یی قبووڵ ناكات و به‌رده‌وام به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه، به‌ڵكوو به درێژاییی مێژوو ئه‌وه‌یشی سه‌لماندووه كه هه‌میشه به گژ ناوه‌ندچێتیی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكیشدا ده‌چێته‌وه،؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكی خۆماڵییش بێت. واته سه‌ربه‌خۆییخوازی، له بنچینه‌ییترین توخمه پێكهێنه‌ره‌كانی دونیابینیی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییه. له پاڵ ئه‌وه‌یشدا كورد ویستی سه‌ردارێتیكردنی ئه‌وانی تری نییه. كورد له مێژوودا نه كۆیلایه‌تیی قبووڵ كردووه و نه كۆششی بۆ سه‌ردارێتیكردنی ئه‌وانی تر كردووه. له كاتێكدا كه یاساكانی هه‌موو جه‌نگ و ململانێكانی دونیا هه‌میشه به‌و جۆره بوون كه به‌پێی به‌ره‌نجامی جه‌نگ و ململانێكان، هه‌ر یه‌ك له‌و پێگانه بكرێنه به‌ركه‌وته‌ی لایه‌نه‌كان، واته براوه‌كان هه‌میشه پێگه‌ی سه‌رده‌ستیان پێ بڕاوه و دۆڕاوه‌كانیش بنده‌ست، به‌ڵام كورد هه‌میشه ئه‌و دوو پێگه‌یه‌ی ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه. وه‌ك ده‌بینین له‌ناو ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌ی كه به‌سه‌ریاندا دابه‌ش كراوه، به‌پێی یاساكانی ئه‌و یارییه‌ی كه براوه‌كان ده‌كات به سه‌ردار و دۆڕاوه‌كان ده‌كات به كۆیله یاریی نه‌كردووه، به‌ڵكوو ئه‌و هه‌ر له بنه‌ڕه‌تدا نه‌چووه‌ته ناو ململانێی بردنه‌وه و دۆڕاندنه‌وه.
بۆیه هیچ كات نه تورك و فارس و عه‌ره‌بی به براوه زانیوه، تاكوو ببنه سه‌رداری، نه خۆیشی به دۆڕاو زانیوه، تاكوو قبووڵ بكات ببێته كۆیله و بنده‌ستیان([1])؛ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه "چه‌ركه‌س" به‌رامبه‌ر به تورك و، "ئازه‌ر" به‌رامبه‌ر به فارس قبووڵیان كردووه. كورد له زۆر وێستگه‌ی مێژوودا ڕۆڵی گه‌وره‌ی له دروستكردنی ده‌وڵه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌دا بینیوه، به‌ڵام هیچ كات كاری بۆ ئه‌وه نه‌كردووه كه خۆی ببێته سه‌ردار و ئه‌وانی تر بكاته كۆیله و بنده‌ست. ئه‌مه‌یش به‌و ئومێده‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی هاوكێشه‌ی كۆیله و سه‌ردار، یان سه‌رده‌ست و بنده‌ستدا بسازێنرێن، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی لایه‌نه‌كانی تر و به‌دیكردنی بچووكترین هه‌لدا، ڕاسته‌خۆ خواستی سه‌پاندنی هاوكێشه‌ی كۆیله و سه‌ردار له لای ئه‌وانی تر هه‌ڵی داوه‌ته و، هه‌موو هه‌وڵێكیان داوه تاكوو دۆخی كویله‌یی و ژێرده‌ستی به‌سه‌ر كوردا بسه‌پێنن. كوردیش به‌پێی ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی كه باس كرا، هیچ كات ئه‌وه‌ی قبووڵ نه‌كردووه و، خێرا ده‌ستی داوه‌ته‌وه خه‌بات و به‌گژداچوونه‌وه. مێژووی كورد زنجیره‌یه‌كی به‌رده‌وامه له‌م بێنه‌وبه‌رده‌یه كه نوێترین ئه‌ڵقه‌ی بریتییه له بنیاتنانه‌وه‌ی عێراقی نوێ و، پاشتر ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا.
سه‌ده‌یه‌ك زیاتره كه ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه به هیچ شێوه‌یه‌ك مافه‌كانی كورد ناسه‌لمێنن و كورد به شایسته‌ی هاوبه‌شی و یه‌كسانی له ده‌سه‌ڵات و ماف و ئه‌ركه‌كان نازانن. كوردیش بۆ سه‌لماندنی ئه‌و مافانه و زه‌مینه‌سازی بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه خه‌باتی به‌رده‌وام ده‌كات، به‌ڵام به جینۆساید و ئاگر و ئاسن وه‌ڵام ده‌درێته‌وه. ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌گۆڕین و هیچ كات مافه‌كانی كورد ناسه‌لمێنرێن و زه‌مینه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی هاوبه‌ش ناڕه‌خسێنرێت؛ هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر كورد به‌رده‌وام ده‌بن و جینۆساید و هه‌وڵه‌كانی تواندنه‌وه‌ی، هه‌میشه ئه‌گه‌ری كراوه ده‌بن له به‌رده‌میدا؛ كاتێكیش كه به‌ته‌واوی له پێكه‌وه‌ژیان نا‌ئومێد ده‌بێت و هه‌نگاو به‌ره‌و بژارده‌ی دووه‌م، "واته سه‌ربه‌خۆیی" ده‌نێت، به هه‌موو جۆره هێزێك ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه.
به‌م جۆره ده‌رده‌كه‌وێت كه كێشه‌ی كورد و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌یه‌كی قووڵی نێوان دوو دونیابینیی ناكۆك و دژه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان. ڕه‌گه‌كانی ئه‌م كێشه‌یه له نه‌خشه‌ی سیاسیی نوێی ناوچه‌كه كۆنترن، به‌ڵام بوونی جۆرێك له ته‌باییی سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ دونیابینیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی هه‌ندێ جیاوازی و، بوونی به‌رژه‌وه‌ندیی نێوان ده‌وڵه‌تانی زلهێزی دونیا و ناوچه‌كه و، سه‌ره‌نجامیش هێشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه به‌م جۆره، فاكته‌ری كاریگه‌رهن بۆ مانه‌وه‌ی دۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه.
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخی ئێستا و هه‌نگاونان به‌ره‌و داهاتوو
له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌وه باس كرا، ده‌توانین بڵێین كه كێشه‌ی كورد و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه له ئێستادا زاده‌ی سێ توخمی سه‌ره‌كییه، ئه‌وانیش بریتین له: دونیابینیی كورد بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان و شێوازی خه‌باته‌كه‌ی، دونیابینیی گه‌لانی ناوچه‌كه بۆ شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كان، سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كان له ناوچه‌كه‌دا. به‌م پێیه‌یش به‌بێ دروستبوونی گۆڕانكاری له یه‌كێك له‌و سێ توخمه‌دا، ئه‌سته‌مه په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه بچنه دۆخێكی باشتره‌وه.
بۆ هه‌ر یه‌ك له كورد و گه‌لانی ناوچه‌كه، ده‌سبه‌رداربوونی دونیابینی و خه‌سڵه‌ته‌كانیان له مه‌ودایه‌كی نزیكدا كارێكی نزیك له ئه‌سته‌مه. كورد له كاتێكدا كه ژێرده‌سته‌یی قبووڵ ناكات، ئیدی ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌و دووڕییانه‌ی كه یان ده‌بێت كار بۆ سازكردنی زه‌مینه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی هاوبه‌ش، یان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكات. بۆ ئه‌مه‌یش پێویسته كورد له كوردستانی باشوور، به‌ر له هه‌ر بڕیارێك به‌راودكاریی ورد له نێوان تێچوونی هه‌ر دوو بژارده‌كه‌دا بكات. له سه‌د ساڵی ڕابردوودا بژارده‌ی یه‌كه‌م واته "پێكه‌وه‌ژیان"، له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌دا بووه و تێچوونه‌كه‌ی تاكوو ئێستا جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیاباران و وێرانكاری بووه. سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بژارده‌یه له داهاتوویشدا، زیاتر په‌یوه‌سته به گۆڕانی دونیابینیی گه‌لانی ناوچه‌كه‌وه و، له توانای كورد و هیچ هێزێكی تردا نییه ئه‌م كاره بكات. به‌ڵام تێچوونی بژارده‌ی دووه‌م كه سه‌ربه‌خۆیییه، چه‌ندی په‌یوه‌ندیداره به هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌وه ئه‌وه‌نده‌یش په‌یوه‌سته به تواناكانی كورد و خۆسازكردنییه‌وه بۆ ئه‌و هه‌نگاوه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه. به هه‌مان شێوه، سیاسه‌تی زلهێزه‌كان و دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه و ئاڵوگۆڕه چاوه‌ڕوانكراوه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و سیاسییه‌كان ڕۆڵی خۆیان ده‌گێڕن.
سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی تاكوو ئێستا به جۆرێك ده‌ستبه‌رداری پیرۆزیی نه‌خشه‌ی سیاسیی ناوچه‌كه نه‌بووه، به‌ڵام گۆڕانی ئه‌م نه‌خشه‌یه له داهاتوودا ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه. به چاوپۆشی له به‌رژه‌وه‌ندی و هاوكێشه سیاسی و ئابوورییه‌كان، له نێوان دونیابینیی گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوا و دونیابینیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌دا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گه‌لانی ناو یه‌ك ده‌وڵه‌ت، ده‌لاقه‌یه‌كی تا ڕادده‌یه‌ك فراوان و جیاوازییه‌كی ڕێژه‌یی هه‌یه. تێڕوانینی دونیای ڕۆژاوا له‌وباره‌یه‌وه تێڕوانینێكی میانڕه‌وه و ده‌كه‌وێته نێوان دونیابینیی كورد و دونیابینیی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌وه. ئه‌مه‌یش خه‌سڵه‌تی نه‌رمی (مرونة- flexibility)ى ده‌داتێ؛ به جۆرێك كه تواناكانی هه‌ر لایه‌نێك ڕۆڵی گه‌وره ده‌گێڕێت له‌وه‌ی كه چۆن بتوانێت سوودی لێ وه‌ربگرێت و به قازانجی خۆی به‌كاری بهێنێت.
ئه‌وه‌ی له لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م هاوكێشانه و دۆخی ئێستای ناوچه‌كه ده‌توانین به‌ده‌ستی بهێنین، چه‌ند ده‌ره‌نجامێكن: یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه تێڕوانین و دونیابینیی گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تیش له عێراقدا، له داهاتوویه‌كی نزیكدا شیاوی گۆڕانی ئه‌وتۆ نییه. به‌و پێیه‌یش له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه كورد ته‌نیا شیاوی پێگه‌ی ژێرده‌سته‌یییه. هه‌ر بۆیه پێویسته مانه‌وه له چوارچێوه‌ی عێراقدا، ته‌نیا به شێوازی ژیرانه وه‌ك ده‌رفه‌تی خۆسازدانه‌وه‌ی باشتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت؛ به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر بكرێته ستراتیژ، له دووباره‌كردنه‌وه‌ی مێژووی شكستخواردووی سه‌د ساڵی ڕابردوو زیاتر هیچ به‌رهه‌مێكی تری نابێت. ئه‌گه‌ر به یه‌كگرتوویی و وریایییه‌وه ئاماده‌سازیی پیشوه‌خت بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكرێت و، له كاتی گونجاو‌دا هه‌نگاوی بۆ بنرێت و كه‌ڵك له هه‌ڵه و ئه‌زموونه‌كان وه‌ربگیرێت، هیچ كات تێچوونه‌كه‌ی له مانه‌وه له‌ناو عێراق زیاتر نییه. ده‌ره‌نجامی دووه‌میش كه پاڵپشتییه بۆ ده‌ره‌نجامی یه‌كه‌م، دوو به‌شه: به‌شێكیان تایبه‌ته به پێشبینیی گۆڕانكاری له دۆخی سیاسیی ناوچه‌كه و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌كه‌ی، كه ده‌كرێت وه‌ك ده‌رفه‌ت سوودی لێ وه‌ربگرێت. به‌شی دووه‌میش تایبه‌ته به‌و تێڕوانینه ناوه‌ندگیره‌ی كه له دونیابینیی گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوایی و دونیای دیموكراسیدا هه‌یه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان؛ كه به هه‌مان شێوه وه‌ك ده‌رفه‌تێك ده‌كرێ سوودی لێ وه‌ربگیرێت بۆ هێشتنه‌وه‌ی هه‌رێم به به‌هێزی له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا، تاكوو ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ بژارده‌ی تر ده‌ڕه‌خسێت. پوخته‌ی هه‌مو ئه‌وانه‌یش له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه كه كورد هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك بگرێته به‌ر، له هه‌ر شتێك پێویستیی به یه‌كگرتوویی، یه‌كگوتاری، تۆكمه‌ییی به‌ره‌ی ناوخۆیی و دیدگه‌ی ڕوون و یه‌كگرتوو هه‌یه بۆ ته‌واوی مه‌سه‌له ستراتیژییه‌كان و، پێویسته لێبڕاوانه كار بكات بۆ به‌نیشتمانیكردنی ته‌واوی دامه‌زراوه‌كان، چاره‌سه‌ری كێشه ناوخۆیییه‌كان، به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی، به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی هێژموونی و باڵاده‌ستی به‌سه‌ر ته‌واوی خاك و سامانه‌كه‌یدا و، تۆكمه‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له ناوچه‌كه و جیهاندا.
[1] - له‌مباره‌یه‌وه بڕوانه: دكتۆر عرفان مسته‌فا، بوونی نه‌ته‌وه‌یی كورد له نێوان فه‌لسه‌فه و سۆسیۆپۆله‌تیكدا، چاپخانه‌ی ڕه‌نج، چاپی یه‌كه‌م، 2011.