(ڕامانێك له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئابووری و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت) - به‌شی دووه‌م
جیهانگیر سدیق/ ماسته‌ر له زانستی ئابووری
ئابووری و نه‌ته‌وه
له نێوان ئابووری و نه‌ته‌وه‌دا په‌یوه‌ندی و كاریگه‌ریی دووسه‌ره هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م كاریگه‌ری و كارلێكه چۆنه؟ گۆڕاوه‌كانی ناو ئه‌و هاوكێشه‌یه چین و په‌یوه‌ندییان چۆنه؟ ئه‌وه به‌ر له هه‌ر شتێك جۆری تێڕوانین بۆ نه‌ته‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه ده‌داته‌وه، چونكه دواجار نه‌ته‌وه چه‌مكێكه و ته‌نیا له ڕێگه‌ی توخم و ڕایه‌ڵه پێكهێنه‌ره‌كانییه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ بواره‌كاندا ساز ده‌كات. له‌م باره‌یه‌وه له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و ئابووریدا تێڕوانینه‌كان به‌گشتی دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر دو جۆردا: یه‌كه‌میان تێڕوانینی ئه‌وانه‌یه كه نه‌ته‌وه به پێدراوێكى سروشتى ده‌زانن و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕه‌چه‌ڵه‌ك پێناسه‌ى ده‌كه‌ن؛ ئه‌وان خه‌سڵه‌ت و ڕه‌فتاره تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و شێوازی ده‌زگه و دامه‌زراوه ئابووری و سیاسی و ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ده‌به‌ستنه‌وه به نه‌ژاد و ڕه‌چه‌ڵه‌كه جیاوازه‌كانه‌وه و، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یش ڕاڤه‌ی هه‌موو جۆره په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئابووريدا ده‌كه‌ن، واته نه‌ژادی نه‌ته‌وه‌كان و دۆخی ئابوورییان ده‌كه‌نه گۆڕاوه‌كانی هاوكێشه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه. به‌ڵام دووه‌میان تێڕوانینی ئه‌وانه‌یه كه نه‌ته‌وه به چه‌مكه نوێیه‌كه‌ی ده‌ناسن. ئه‌وان ڕاڤه‌ی په‌یوه‌ندی و كاریگه‌رییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای خوێندنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان كه‌لتووری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ ئابووریدا ده‌كه‌ن، چونكه له لای ئه‌وان ڕایه‌ڵی نه‌ته‌وه بریتییه له كه‌لتوور و زمان و ئیراده‌ى هاوبه‌ش، يان به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، نه‌ك نه‌ژاد و ڕه‌چه‌ڵه‌ك. به‌م جۆره ئه‌وان كه‌لتوور و په‌روه‌رده له‌گه‌ڵ دۆخی ئابووریی نه‌ته‌وه‌كان، ده‌كه‌نه گۆڕاوه سه‌ره‌كییه‌كانی هاوكێشه‌كه. له خواره‌وه له ڕوانگه‌ی ئه‌و ڕه‌وته جیاوازانه‌وه تیشكێك ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ر دوو جه‌مسه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كه.
جه‌مسه‌ری یه‌كه‌م: كاریگه‌ریی نه‌ته‌وه له‌سه‌ر كایه‌ی ئابووری
هه‌ر به‌و جۆره‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد، سه‌باره‌ت به كاریگه‌ریی نه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئابووری، دوو جۆر تێڕوانینی سه‌ره‌كی ده‌خه‌ینه ڕوو:
تێڕوانینی یه‌كه‌م: تێڕوانینی ئه‌وانه‌ی كه نه‌ته‌وه وه‌ك پێدراوێكی سروشتی ده‌ناسێنن و، بنچینه‌ی نه‌ته‌وه ده‌به‌ستنه‌وه به ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌وه. ئه‌م تێڕوانینه پێی وایه كه نه‌ته‌وه به هۆی توخمه پێكهێنه‌ره‌كانییه‌وه بوونێكی ڕه‌سه‌نی ده‌بێت و، زۆر پابه‌ندی كاریگه‌ریی فاكته‌ری تر نابێت، به‌ڵكوو خودی توخمه پێكهێنه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه له ڕه‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژاد، ده‌بنه تاكه لایه‌نی كارا و توخمی كارتێكه‌ر له په‌یوه‌ندییه‌كاندا. واته له‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا هه‌میشه ڕه‌چه‌ڵه‌كی نه‌ته‌وه گۆڕاوی سه‌ربه‌خۆیه و لایه‌نه‌كانی تر گۆڕاوی پاشكۆن.
به‌پێی بۆچوونی لایه‌نگرانی ئه‌و تێڕوانینه، خه‌سڵه‌ته سروشتییه‌كانی تاك و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌پێی نه‌ژاد و ڕه‌چه‌ڵه‌كی نه‌ته‌وه‌یی ده‌گۆڕێن و، له‌وێوه كاریگه‌ریی جیاوازیان له‌سه‌ر بواره جیاجیاكان ده‌بێت، به بواری ئابوورییشه‌وه. گۆستاڤ لۆبۆن له كتێبی "نهێنیی پێشكه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كان" كۆششێكی جددی ده‌كات بۆ پایه‌داركردنی ئه‌و بۆچوونه و، به‌ڵگه‌كاریی زۆر ده‌كات بۆ سه‌لماندنی. ئه‌و پێی وایه كه ڕێژه‌ی خه‌سه‌ڵه‌ته‌كانی تاك له ئازایه‌تی، كۆششكردن، په‌رۆشی بۆ كار، گیانی ڕیسككردن، دونیابینی و نه‌ریتی بیركردنه‌وه و، متمانه‌به‌خۆبوون و... به‌پێی نه‌ژادی نه‌ته‌وه‌كان ده‌گۆڕێن. ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌یش كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر پێشكه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كان هه‌یه. بۆ ئه‌مه‌یش به‌راورد له نێوان ئه‌مریكای باكوور و ئه‌مریكای لاتینی ده‌كات و هۆكاری جیاوازییه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ جیاوازیی خه‌سه‌ڵه‌ته كه‌سییه‌كان له نێوان نه‌ژادی ئه‌نگلۆ سه‌كسۆنی و نه‌ژادی ئیسپانی.
ئه‌م ڕه‌وته پییان وایه كه ته‌واوی كه‌لتوور و ده‌زگه و ئاكاره ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كان هه‌ڵقووڵاوی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌ن، كه ئه‌ویش په‌یوه‌سته به تایبه‌تمه‌ندییه ڕه‌چه‌ڵه‌كییه‌كانه‌وه، یان لانی كه‌م له‌ژێر كاریگه‌ریی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌دا فۆرمۆله ده‌بن،. لۆبۆن له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی پێكهاته و په‌یكه‌ری هزریی تایبه‌ت به خۆیه‌تی؛ به شێوه‌یه‌كی سروشتییش هه‌ر ئایینێك یان هونه‌ر و كه‌لتوورێك په‌سه‌ند بكات، ئه‌وا به‌پێی په‌یكه‌ر و پێكهاته‌ی هزریی خۆی و به‌پێی داب و نه‌ریت و دونیابینی و نواڕینی خۆی ده‌یگۆڕی." ئه‌گه‌رچی كاریگه‌ریی دونیابینیی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌كان له دووباره داڕشتنه‌وه‌ی فۆرم و ناوه‌ڕۆكی ئایینه‌كاندا نكۆڵیی لێ ناكرێت، به‌ڵام گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی هه‌موو كاریگه‌رییه‌كان بۆ ڕه‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژاد، له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕوانگه نوێیه وێك نایه‌ته‌وه كه ئێمه له‌م وتاره‌دا بره‌ومان پێ داوه، چونكه ئێمه پێمان وایه چۆن ڕۆحی نه‌ته‌وه‌كان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر وه‌رگرتن و داڕشتنه‌وه‌ی كه‌لتوور و ئاكاره‌كاندا هه‌یه، به هه‌مان شێوه و بگره زیاتریش كه‌لتوور و ئایین و دامه‌زراوه سیاسی و ئایینی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش ڕۆڵی مێژوویییان له بنیاتنانی ڕۆحی نه‌ته‌وه و نه‌ریتی بیركردنه‌وه و دنیابینییه‌كه‌یدا هه‌یه. نه‌ریتی بیركردنه‌وه‌وه و دنیابینی و ئاكار و خه‌سڵه‌ت و ڕه‌فتاره تاكه‌كه‌سی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ڵقووڵاوی كه‌لتوور و په‌روه‌ده‌ی كۆمه‌ڵگه و دامه‌زراوه ئایینی و سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن، هیچ كات ئه‌وه‌ند په‌یوه‌ندییان به ڕه‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژاده‌وه نییه.
تێڕوانینی دووه‌م: ڕێبه‌رانی ئه‌م ڕه‌وته لایه‌نگری جیاكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ن له نه‌ژاد. ئه‌وان توخمه ناسروشتییه‌كانی كه‌لتوور و سیاسه‌ت و ئابووری به ڕایه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه ده‌زانن. له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه له‌و هاوكێشه‌یه‌ی كه كاریگه‌ریی نه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئابووری دیاری ده‌كات، كه‌لتووری نه‌ته‌وه ده‌بێته گۆڕاوی سه‌ره‌كی و سه‌ربه‌خۆ و، گۆڕاوه ئابوورییه‌كانیش ده‌بنه پاشكۆ. لێره‌دا مه‌به‌ست له كه‌لتووری نه‌ته‌وه هه‌موو ئه‌و پاشخانه نه‌ریتی و ئایینی و دامه‌زراوه‌یییانه‌ن كه نه‌خشه‌ڕێژی بۆ ڕه‌فتاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه ده‌كه‌ن و ڕه‌فتاره‌كانی تاك ئاراسته ده‌كه‌ن و، سه‌ره‌نجامیش ڕه‌فتاری ئابوورییانه‌ی تاك و كۆمه‌ڵی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن. دیاره كه هه‌ر یه‌ك له كه‌لتووری میللی و كه‌لتووری فه‌رمییش ده‌توانن به‌و كاره هه‌ڵسن، به‌ڵام به‌و پێودانگه‌یه‌ی ئه‌رنه‌ست گێڵنه‌ر بۆ ڕۆڵی كه‌لتوور له بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌دا دای ده‌نێت، كه‌لتووره میلییه‌كان ته‌نیا له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌كانی قۆناغی به‌ر له نه‌ته‌وه‌دا ئه‌و ڕۆڵه ده‌گێڕن؛ له سه‌رده‌می نه‌ته‌وه‌دا به هۆی هێژموونداریی كه‌لتووری فه‌رمیی سه‌راپاگیركراو له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌كانییه‌وه، ئیدی كه‌لتووره فه‌رمییه‌كه ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌و بواره‌دا ده‌گێڕێت.
مۆدێرنیسته‌كان به شێوازی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌خۆ و به تێڕۆنینی جۆراوجۆر گوزارشتیان له په‌یوه‌ندیی كه‌لتووری نه‌ته‌وه و ئابوورییه‌كه‌ی كردووه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و تێڕوانینه‌ی كه جه‌خت له‌سه‌ر كاریگه‌ریی كه‌لتووری نه‌ته‌وه ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر لایه‌نی ئابووری، سه‌رچاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ "ماكس ڤیبه‌ر" كه له كتێبی "ئه‌خلاقی پرۆستانتی و ڕۆحی سه‌رمایه‌داری" كاری له‌سه‌ر كردووه. ئه‌و به پێچه‌وانه‌ی تێزی ماركسییه‌كانه‌وه، هه‌وڵی دا ئه‌وه بسه‌لمێنێت كه گۆڕانكاری و هێزه ئابوورییه‌كان كه‌لتوور و ئایین و ئایدیۆلۆژی به‌رهه‌م ناهێنن، به‌ڵكوو ئه‌وه كه‌لتووره كه شێوازی دیاریكراو له ڕه‌فتاری ئابووری دروست ده‌كات و، ده‌بێته هۆی نه‌خشاندنی په‌یكه‌ر و سیما و دۆخی ئابووری. به‌ر له‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی ماكس ڤیبه‌ر، له‌نێو تێڕوانینه نوێیه‌كاندا ئه‌وه‌ی جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كرایه‌وه له په‌یوه‌ندیی نێوان نه‌ته‌وه و ئابووریدا، ته‌نیا كاریگه‌ریی لایه‌نی ئابووری بوو له بنیاتنان و پێكهێنانی نه‌ته‌وه، به‌ڵام له پاش ئه‌وه باسی كاریگه‌ریی كه‌لتووری نه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئابووری به‌چڕی هاته ناو كایه‌ی لێكۆڵینه‌وه ئابووری و سیاسییه‌كانه‌وه.
ماكس ڤیبه‌ر له ئه‌نجامی لێكدانه‌وه‌ی دۆخی ئابووریی نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان و وردبوونه‌وه له ئایینه‌كان، گه‌یشته ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه كه‌لتووری ئایینی و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ڕۆڵی گه‌وره له نه‌خشاندنی دۆخی ئابووریی نه‌ته‌وه‌كاندا ده‌گێڕن. ئه‌و گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه: سه‌رمایه‌داری له ئه‌وروپا ته‌نیا به هۆی هاتنه‌ئارای هه‌لومه‌رجی ته‌كنه‌لۆژیی گونجاوه‌وه سه‌ری هه‌ڵنه‌دا، به‌ڵكوو به‌ر له هه‌موو شتێك ئه‌وه به‌رهه‌می كه‌لتوورییی بیروباوه‌ڕی پرۆستانتی بوو كه به‌های كاری دنیاییی پیرۆز كرد و جه‌ختی كرده‌وه له‌سه‌ر توانای دڵسۆزیی تاك به‌بێ ناوه‌ندگیریی دامه‌زراوه ته‌قلیدییه‌كانی وه‌ك كه‌نیسه‌ی كاسۆلیكی. ئه‌و پێی وایه كه چاكسازیی پرۆستانتی و ئاكاری پرۆستانتییانه، له ڕێگه‌خۆشكردن بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی پیشه‌سازی له ئه‌وروپای ڕۆژاوا ڕۆڵیكی گه‌وره‌یان گێڕا. پێی وایه كه پرۆستانتییه‌ت و به‌تایبه‌تتریش ڕێچكه‌ی كاڵڤینی، پایه‌ی كاركردن و به‌رهه‌مهێنان و بازرگانی و كۆششی دنیاییی به جۆرێك به‌رز كرده‌وه كه هاوتای په‌رستش بێت و، له هه‌مان كاتیش‌دا بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به زوهد و دووركه‌وتنه‌وه له ده‌ستبڵاوی و به‌هه‌ده‌ردان و فه‌زیڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گرنگییه‌كی ته‌واویان پێ ده‌درا. له‌پاڵ ئه‌مانه‌یشدا له ڕێگه‌ی گۆڕینی تێڕوانین و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سووی قه‌رز و ڕێگه‌پێدانی بۆ كاروباری و سه‌رمایه‌گوزاری و وه‌به‌رهێنان به شێوه‌ی پێ به پێ و، هاندانی پاشه‌كه‌وتكردن و وه‌به‌رهێنانه‌وه، ده‌رگه‌یه‌كی نوێی به ڕووی كه‌له‌كه‌كردنی سه‌رمایه و پاشه‌كه‌وت و وه‌به‌رهێناندا كرده‌وه.
ئه‌وانه به‌گشتی، بوونه هۆی پێشكه‌وتنی ئابووریی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه په‌یڕه‌وی ئایینزای پرۆستانتیان ده‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه زیاتر پابه‌ندی ئایینزای كاسۆلیكی و ئایینه‌كانه‌كانی تر بوون و كه‌متر بایه‌خیان به كاری دنیایی ده‌دا و زیاتر خه‌ریكی په‌یاداركردنی په‌رستش و كاره ئایینییه‌كان بوون و به‌توندی په‌یڕه‌وییان له بێبه‌هاكردنی كۆششی ئابووری له چاو په‌رستش و ئایینداریدا ده‌كرد و، پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه بوون كه ڕێگرییان له كه‌له‌كه‌بوونی سه‌رمایه و پاشه‌كه‌وت و وه‌به‌رهێنان ده‌كرد. له‌م باره‌یه‌وه له نێوه‌ند‌ی به‌راوردكردنی دۆخی ئابووری و ئاستی گه‌شه‌كردن له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه په‌یڕه‌وی ئایینزای پرۆستانتی بوون به‌رامبه‌ر به وانه‌ی كه په‌یڕه‌وی كاسۆلیكی بوون، نموونه‌ی به‌ڵگه‌كانی خۆی خستووه‌ته ڕوو. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكوو به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش هێنایه‌وه كه له‌ناو یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك ده‌وڵه‌تدا ئه‌وانه‌ی په‌یڕه‌وی ئایینزای پرۆستانتی بوون، پتر له كاروباری ئابووری و بازرگانیدا سه‌ركه‌وتوو بوون و زۆرینه‌ی كار و پرۆژه گه‌وره‌كانیان له‌ده‌ستدا بووه.
ئه‌وه‌ی له كاره‌كانی ڤیبه‌ردا هه‌ڵده‌هێنجرێت و به لای ئێمه‌وه زیاتر جێگه‌ی بایه‌خه ئه‌وه‌یه، كه پێشكه‌وتنی ئابوووری پێویستیی به جۆرێك له ڕه‌فتاری ئابوورییانه‌یه كه پێكهاته‌یه‌ك بێت له ئاكار و عه‌قڵانییه‌ت؛ واته كار و ڕه‌فتاره ئابوورییه‌كان له یه‌ك كاتدا له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵانییه‌ت (به پاڵنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت و به‌ده‌ستهێنانی كه‌ڵك و قازانجی كه‌سی) و، ئاكار و به‌ها و فه‌زیڵه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی وه‌ك: ڕاستگۆیی و متمانه و هاریكاری و كۆششی دڵسۆزانه له كار و، پابه‌ندبوون و... به‌ڕێوه بچن. به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی ڤیبه‌ر، ئایینزای پرۆستانتییه‌ت له ئه‌وروپای ڕۆژاوا توانیی به ئاوێزانكردن و هه‌ماهه‌نگكردنی ئه‌و دوو خه‌سڵه‌ته پێكه‌وه، بنه‌مایه‌كی وا بۆ ڕه‌فتاری ئابووریی تاك و كۆمه‌ڵگه پرۆستانتییه‌كان به‌رجه‌سته بكات كه ببێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی پیشه‌سازی و پێشكه‌وتنی ئابووری، به‌ڵام ئایین و ئایینزاكانی تر له‌م كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
گریمانه‌ی كاریگه‌ریی كه‌لتوور له‌سه‌ر ئابووری ته‌نیا له‌سه‌ر ئایین كار ناكات، به‌ڵكوو جۆره‌كانی تری كه‌لتوور و به‌ها و ئاكاره‌كان ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام به‌و پێیه‌ی كه ئایینه‌كان به درێژاییی مێژوو ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه له ڕه‌نگڕێژكردنی نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دیزاینكردنی سیسته‌می په‌روه‌رده و دروستكردنی هۆشیاریی تاكه‌كان و ئاراسته‌كردنی ڕه‌فتاره‌كانیاندا، ئیدی ئایین به‌و جۆره بووه‌ته جێگه‌ی بایه‌خ و سه‌رنجدان له‌م جۆره لێكۆڵینه‌وانه‌دا.
ئه‌م كاره‌ی ڤیبه‌ر هه‌رچه‌ند له ورده‌كارییه‌كاندا ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك تێبینی و ڕه‌خنه بووه‌ته‌وه، به‌ڵام دواجار هه‌ر به‌شێك له ئابووریناسانی خسته سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌یه‌یه‌ی كه كه‌لتوور به‌گشتی (كه‌لتووری ئایینی و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و په‌روه‌رده و...) وه‌ك فاكته‌رێكی گرنگ له نێوه‌ند‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی بواری په‌ره‌پێداندا ڕه‌چاو بكه‌ن. هه‌ر یه‌ك له "جەرید ڕوبن" و "تێموور كورێن" له‌م باره‌یه‌وه هه‌وڵی به‌رچاو و لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌تییان ئه‌نجام داوه بۆ شیكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی ئایین له ڕؤژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دنیای ئیسلامدا. له ئێستایشدا بایه‌خدان به په‌روه‌رده و فێركردن، به یه‌كێك له هۆكاره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی په‌ره‌پێدانی ئابووریی وڵاتان داده‌نرێت، به‌ڵام په‌روه‌رده و فێركردن له خۆیاندا ئامرازی سه‌راپاگیركردنی كه‌لتوورن (چ كه‌لتووری ئاكاری و چ كه‌لتووری پیشه‌یی).
ئه‌و كه‌لتووره‌ی كه په‌روه‌رده له سایه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌دا كاری سه‌راپاگیركردنی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، پێكهاته‌یه‌كه له كه‌لتووری ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و دامه‌زراوه‌ییی شێلراو به ڕۆح و نه‌ریتی بیركردنه‌وه و دونیابینیی نه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌و كه‌لتووره نه‌ته‌وه‌یییه‌یشه كه ده‌بێته گۆڕاوی سه‌ره‌كی و كارتێكه‌ر له‌سه‌ر كایه‌ی ئابووری. به‌م جۆره ئه‌و كه‌لتووره‌ی كه سه‌راپاگیر ده‌كرێت و له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده و میدیا و ڕێگه‌كانی تره‌وه ده‌كرێته كه‌لتووری نه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له خزمه‌تی په‌ره‌پێدان و پێشكه‌وتنی ئابووریدا بێت، پێویسته هه‌موو ڕه‌گه‌زه‌كانی پێشخستن و په‌ره‌پێدانی ئابووری له‌خۆ بگرێت.
له‌م نێوه‌دا ئاكاری كاركردن بابه‌تێكه سه‌رنجی زۆری له‌سه‌ره، كه ئه‌ویش زاده‌ی هه‌ر دوو شێوازه‌كه‌ی كه‌لتووری ئاكاری و كه‌لتووری پیشه‌یییه؛ چونكه به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه نیوكلاسیكییه‌ی كه له بیری ئابووریدا باوه، مرۆڤ ته‌نیا له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵانییه‌ت و به پاڵنه‌ری به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كه‌ڵكی ماددی كار ناكات، به‌ڵكوو مرۆڤ له هه‌مان كاتدا بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه و به‌شیك له ڕه‌فتاره‌كانی زاده‌ی كه‌لتوور و به‌ها و ئاكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانییه‌تی، كه ئه‌وانیش به شێواز و ڕێژه‌ی جیاواز له نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا هه‌ن و به‌شێك له ڕه‌فتاره‌كانی تاك ئاراسته ده‌كه‌ن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووری داده‌نێن.
فرانسیس فۆكۆیاما له كتێبی "متمانه: چاكه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕۆڵیان له خۆشگوزه‌رانیی ئابووریدا" به‌دوورودرێژی قسه‌ی له‌سه‌ر كاریگه‌ریی به‌ها و كه‌لتوور و ئاكاره‌كان كردووه له‌سه‌ر لایه‌نی ئابووری. "فردریك لیست"یش كه به تیۆریسیه‌نی سه‌ره‌كیی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی داده‌نرێت، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: "مرۆڤ ته‌نیا به‌رهه‌مهێنه‌ر و به‌كاربه‌ر نییه به‌ڵكوو دواجار مرۆڤ هاووڵاتییه." واته ته‌واوی ڕه‌فتاره‌كانی مرۆڤ به شێوه‌ی په‌تی ئابوورییانه نین و، زاده‌ی خه‌سڵه‌تی خۆپه‌رستی و به‌رژه‌وه‌ندیخوازی نین، به‌ڵكوو به‌شێكیان له‌ژێر كاریگه‌ریی به‌رپرسیارێتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و مرۆیی‌دا ئاراسته ده‌كرێن. به‌م جۆره كه‌لتووری ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده و دامه‌زراوه ئایینی و سیاسی و ئابوورییه‌كانی نه‌ته‌وه، كاریگه‌ریی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن و شكستی ئابوورییه‌كه‌ی هه‌یه.
دیاره كه گریمانه‌ی پایه‌داركردنی ڕۆڵی كه‌لتووری نه‌ته‌وه له‌سه‌ر ئابووری، گریمانه‌یه‌كی ته‌واو قبووڵكراو نییه و، وه‌ك زۆربه‌ی گریمانه‌كانی تر نه‌یاری هه‌یه. له‌م باره‌یه‌وه "دارون ئه‌جه‌مۆغلۆ و جیمس ئه‌ی ڕۆبنسن" له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یاندا به ناوی "بۆچی نه‌ته‌وه‌كان شكست ده‌هێنن" ئه‌م گریمانه‌یه و ته‌واوی گریمانه‌كانی تر ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه گرنگترین و سه‌ره‌كیترین فاكته‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌كان، په‌یوه‌سته به شێوازی ده‌زگه ئابووری و سیاسییه‌كانیانه‌وه؛ به‌ڵام تێڕوانینی ئێمه له‌م باره‌یه‌وه ئه‌وه‌یه كه خودی ده‌زگه، چ به‌و جۆره‌ی كه ئه‌وان له كتێبه‌كه‌یاندا باس له بنچینه و خه‌سڵه‌ت و هه‌لومه‌رجی بنیاتنانه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، چ به‌و جۆره‌ی كه دۆگلاس نۆرسی، دامه‌زرێنه‌ری قوتابخانه‌ی دامه‌زراوه‌ییی نوێ پێناسه‌ی ده‌كات، تێكهه‌ڵچوون و په‌یوه‌ستییه‌كی زۆری به كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌وه هه‌یه.
جگه له‌مه‌یش ئه‌وه‌ی كه له سه‌ره‌وه باس كرا، له لای لایه‌نگرانی ته‌وژمی پۆست-نه‌ته‌وه و جیهانگه‌رایییه‌وه تا ڕادده‌یه‌كی زۆر ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه و، گومان ده‌خرێته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له سه‌رده‌می كرانه‌وه و جیهانگه‌رایی و تێكه‌ڵبوونی كه‌لتووره جیاوازه‌كان و ئازادیی ئایینی و... دا، بایه‌خدانێكی له‌و جۆره به ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی جێگه‌ی ببێته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه ئاشكرایه له دنیای گۆڕاوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا له‌پاڵ ئه‌و پانتایییه‌ی كه بۆ ئازادیی ئایینی و كه‌لتووری و سیاسی و ئه‌و تێكه‌ڵبوونه كه‌لتوورییه‌دا هه‌یه، دواجار هه‌ر كه‌لتووره نه‌ته‌وه‌یییه‌كه و یاسا و ڕێسا و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كانن به‌شی هه‌ره زۆری هه‌ڵسوكه‌وتی تاك و دامه‌زراوه‌كان ڕه‌نگڕێژ ده‌كه‌ن. ڕاسته كرانه‌وه‌ی ئابووری و بازرگانیی ئازاد سیمای سه‌رده‌مه نوێیه‌كه‌یه، به‌ڵام هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌ت-نه‌وه‌ته‌ن كه تاكوو ئێستایش سیاسه‌تی بازرگانیی زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان ڕه‌نگرێژ ده‌كه‌ن،؛ ڕاسته له زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تاندا تاكه‌كان ئازادیی ئایینی و مافی په‌رستش و ڕێوڕه‌سمه ئایینییه جیاجیاكانیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر ئایینی سه‌رتاپاگیركراوی نه‌ته‌وه و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ن كه به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له نه‌ریت و یاسا و ڕێساكاندا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه و ئاكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕه‌فتاره ئابوورییه‌كانی تاك و دامه‌زراوه‌كان ئاراسته ده‌كه‌ن. ئازادیی فێربوون و ئاخاوتن و به‌كارهێنانی زمانه جۆراوجۆره‌كان له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا ئاسایییه، به‌ڵام دواجار له هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا تاكه زمانێكی فه‌رمی هه‌یه كه فێربوونی، ده‌رفه‌ت ده‌داته تاك تاكوو ببێته هاووڵاتیی ئه‌و ده‌وڵه‌ته و كاری ده‌ست بكه‌وێت و پراكتیكی پیشه و به‌هره‌ی خۆی بكات كه ئه‌ویش زمانی فه‌رمیی نه‌ته‌وه‌یه. تاكه‌كان ماف و ئازادیی فێربوونی زانست و فه‌رهه‌نگی جیاجیایان هه‌یه به‌ڵام تاكوو به پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا تێ نه‌په‌ڕن و ئاشنا نه‌كرێن به كه‌لتووره فه‌رمییه نه‌ته‌وه‌یییه‌كه و به‌هاكانی ئه‌و كه‌لتووره نه‌ته‌وه‌یییه‌یان تێدا نه‌چێنرێێت، نه ده‌بنه هاووڵاتیی ئه‌و ده‌وڵه‌ته و نه له ته‌واوی ماف و ئیمتیازاته‌كان به‌رهره‌مه‌ند ده‌بن. هه‌موو ئه‌مانه وا ده‌كه‌ن كه هێشتا كه‌لتووری نه‌ته‌وه به فاكته‌ری كارتێكه‌ر و كاریگه‌ر له‌سه‌ر كایه‌ی ئابووریدا دابنرێت.
جه‌مسه‌ری دووه‌م: كاریگه‌ریی ئابووری له‌سه‌ر نه‌ته‌وه
به هه‌مان شێوه‌ی جه‌مسه‌ری یه‌كه‌م، لێره‌یشدا بۆ خستنه‌ڕووی تێڕوانینه‌كان هه‌ر باس له دوو تێڕوانینی سه‌ره‌كی ده‌كه‌ین:
تێڕوانینی یه‌كه‌م: ئه‌م تێڕوانینه‌یه، وه‌ك له سه‌ره‌وه و له دووتوێی باسی جه‌مسه‌ری یه‌كه‌می په‌یوه‌ندییه‌كاندا ئاماژه‌مان پێ دا، نه‌ته‌وه وه‌ك پێدراوێكی سروشتی ده‌ناسێنێت و، بنچینه‌كه‌ی به ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. هه‌ر بۆیه خودی توخمه پێكهێنه‌ره‌كانی نه‌ته‌وه له ڕه‌چه‌ڵه‌ك و نه‌ژاد، هه‌میشه به تاكه لایه‌نی كارا و توخمی كارتێكه‌ر و گۆڕاوی سه‌ربه‌خۆ له هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كاندا داده‌نێت و لایه‌نه‌كانی تریش به گۆڕاوی پاشكۆ. به‌م جۆره ئابووری و فاكته‌ره‌كانی تر له خه‌سڵه‌تی توخمی پێكهێنه‌ر و فاكته‌ری بنیاتنه‌ر و كارتێكه‌ر داده‌ماڵێت و، بایه‌خێكی ئه‌وتۆ به ڕۆڵی ئابووری و توخمه‌كانی تر نادات.
تێڕوانینی دووه‌م: ئه‌م تێڕوانینه تیشك ده‌خاته سه‌ر كاریگه‌رییه‌كانی ئابووری له‌سه‌ر بنیاتنان و پێكهینانی نه‌ته‌وه و، له‌م ڕوه‌وه ئابووری به فاكته‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌و كایه‌یه داده‌نێت. تێڕوانینه‌كانی ئه‌م ڕه‌وته جۆراوجۆرن و ڕێبه‌رانی ڕه‌وته‌كه‌یش هه‌ر یه‌ك به شێوازێك جه‌خت له ڕۆڵی ئابووری له بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌دا ده‌كه‌نه‌وه. تێڕوانینی ماركسییه‌كان له تێڕوانینه پێشینه‌كانی ئه‌م ڕه‌وته‌یه. له تێڕوانینی ماركسییانه‌دا چالاكیی ئابووری، بنچینه‌ی هه‌موو بزاوتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌وهه‌ری هه‌موو گۆڕانێكی كه‌لتوورییه، كه ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی ماكس ڤیبه‌ر و هاوبیره‌كانییه‌تی له‌و باره‌یه‌وه. له لای ماركسییه‌كان شێوازی ڕێكخستنی ئابووری (هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان) ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه له ئاراسته‌كردنی هه‌موو ڕووداوه‌كاندا ده‌گێڕێت؛ واته ئابووری هه‌میشه گۆڕاوی سه‌ربه‌خۆ و سه‌ره‌كی و كارتێكه‌ره له هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كاندا و، لایه‌نه‌كانی تر گۆڕاوی پاشكۆ و كارتێكراون. تێزی تایبه‌تیی ماركسی بۆ نه‌ته‌وه، زیاتر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ستالین، كه له ڕوانگه‌یه‌كی ماركسییانه‌وه خوێندنه‌وه‌ی بۆ بابه‌تی نه‌ته‌وه كرد. ئه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدیۆلۆژی و تێڕوانینی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌وه ژیانی ئابووریی هاوبه‌شی، به سه‌ره‌كیترین مه‌رجی دروستبوونی نه‌ته‌وه دانا.
ماركسییه‌كان سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه و بزووتنه‌وه نه‌ته‌وه‌یییه‌كان به پێداویستییه‌كانی سه‌رمایه‌دارییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه. به‌پێی تێڕوانینی ئه‌وان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و گرنگیدان به ڕایه‌ڵه ئابوورییه‌كان له نێوان ناوچه جیاوازه‌كان و، ئاوێزانكردنی بازاڕه ناوچه‌یییه‌كان له بازاڕێكی یه‌كگرتوودا، بنه‌مای ئابووری بوون بۆ خه‌مڵینی نه‌ته‌وه. له لای ئه‌وان كه‌لتووری هاوبه‌ش به‌بێ ئابووریی هاوبه‌ش بوونی نییه.
تۆم نه‌یرن كه یه‌كێكه له‌و ماركسیسته نوێیانه‌ی تێز و تێڕوانینی تایبه‌تیی بۆ نه‌ته‌وه هه‌یه، پێی وایه نه‌ته‌وه به‌رهه‌می پێشكه‌وتنی نایه‌كسانی ئابوورییه (التطور اللامتكافیء) له نێوان ده‌وڵه‌تانی پێشكه‌وتوو (سه‌نته‌ر) و ده‌وڵه‌تانی دواكه‌وتوو (كه‌نار). "مایكل هێكته‌ر"یش كه سه‌ر به هه‌مان ڕه‌وته و خاوه‌نی كتێبی "داگیركاریی ناوخۆیی"یه، نه‌ته‌وه به به‌رهه‌می ئاڵوگۆڕی نایه‌كسانی ئابووری و پێشكه‌وتنی ناهاوسه‌نگی ناوخۆیی ده‌زانێت.
جگه له ماركسییه‌كان، چه‌ندین بیرمه‌ندی تریش ڕۆڵی ئابووری له پێكهێنانی نه‌ته‌وه‌دا به سه‌ره‌كی و گرنگ ده‌بینن. ویلهیلم ڕۆخه‌ر و فردریك لیست، تیۆریسیه‌نانی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی، گه‌شه‌ی پیشه‌سازیی نیشتمانی و ڕایه‌ڵه پێشینه‌یی و پاشینه‌یییه‌كان (الارتباطات الامامیة و الخلفیة)ی یه‌كه ئابوورییه‌كان و، یه‌كێتیی گومرگی (وحدة كمركیة) و بازاڕی یه‌كگرتووی ناوخۆیی به مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی و فاكته‌ری هه‌ره گرنگی بنیاتنانی نه‌ته‌وه و ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانن.
هه‌ر یه‌ك له ئه‌ریك هۆبزباوم و ئه‌رنه‌ست گێڵنه‌ر و به‌ندێكت ئه‌ندرسن، به جۆرێكی تر بایه‌خ به ڕۆڵی ئابووری ده‌ده‌ن له پێكهێنانی نه‌ته‌وه‌دا. ئه‌وان پێیان وایه كه هۆكاری ئابووری له ڕێگه‌ی سازكردنی كه‌لتووری هاوبه‌شه‌وه له بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕێ. سه‌راپاگیركردنی زمان و كه‌لتوورێك بۆ ئه‌وه‌ی ببێته زمان و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌یی، به‌ر له هه‌ر شتێك زاده‌ی پێداویستییه‌كانی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌یه كه ئابووریی پیشه‌سازی و پێویستییه‌كانی بازاڕ ده‌یهێنێته ئاراوه. هۆبزباوم ڕای وایه كه جگه له‌وه‌ی نه‌ته‌وه به‌ره‌نجامی كۆشش بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یییه، له هه‌مان كاتدا ته‌نیا له ڕه‌وتی قۆناغێكی دیاریكراوی ئابووری و ته‌كنه‌لۆژیدا به‌رجه‌سته ده‌بێت؛ بۆ نموونه ناكرێت پێش داهێنانی چاپه‌مه‌نی و بڵاوبوونه‌وه‌ی خوێندن و فێركردن له‌نیۆ توێژه فراوانه‌كانی كۆمه‌ڵگه و فێركردنی جه‌ماوه‌ریدا زمانه نیشتمانییه‌كان كه توخمی پێكهێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ن، به‌و جۆره ده‌ركه‌ون.
ئه‌رنه‌ست گێڵنه‌ریش سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه به هه‌لومه‌رجی ئابووریی پیشه‌سازییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، چونكه له ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه ئه‌و كه‌لتوور و په‌روه‌رده‌یه‌ی كه ده‌بێته هۆی یه‌كانگیریی گرووپ و ناوچه جیاوازه‌كان و بنیاتنانی نه‌ته‌وه، له بنه‌ڕه‌تدا هه‌م پێویستیی ئابووریی سه‌رده‌می پیشه‌سازییه و، هه‌میش له‌ژێر كاریگه‌ریی هه‌لومه‌رجه‌كانی ئابووریی پیشه‌سازیدا دێته بوون. به‌م جۆره ده‌بینین كه له بیری سیاسی و ئابووریدا ئه‌و تێگه‌یشتنه به‌ته‌واوی به‌رجه‌سته‌یه كه ئابووری له سه‌رده‌می پیشه‌سازیدا هه‌م پێویستی به یه‌كانگیركردنی بازاڕ و ناوچه جیاوازه‌كان و پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی یه‌كه ئابوورییه جیاوازه‌كانه له‌ناو یه‌كه‌یه‌كی ئابووریی نه‌ته‌وه‌ییدا، هه‌میش پاڵنه‌ری دروستكردنی ئه‌و كه‌لتوور و زمان و په‌روه‌رده هاوبه‌شه‌یه كه پێویستییه‌كه بۆ ئه‌و یه‌كانگیركردنه. له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ر پێشكه‌وتنی ئابوورییه ئه‌و ئامرازانه ده‌سته‌به‌ر ده‌كات كه بۆ دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندی و یه‌كانگیرییه پێویستن، وه‌ك: ئامرازه‌كانی په‌یوه‌ندی و گه‌یاندن.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاكوو سه‌ده‌ی بیسته‌م پێشكه‌وتنه ئابووری و ته‌كنه‌لۆژییه‌كان فاكته‌ری یه‌كانگیركردنی ناوخۆیی و دروستكردنی بازاڕ و ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی بووبن، ئه‌وه له‌و مێژووه به‌دواوه، ئه‌و پێشكه‌وتنانه، به‌تایبه‌تی له فراوانبوون و كرانه‌وه‌ی بازاڕ و بواره‌كانی په‌یوه‌ندی و گه‌یاندندا، له‌پاڵ ئه‌و ئه‌ركه‌یاندا تا ڕادده‌یه‌كیش بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی، چونكه پێداویستییه‌كانی بازاڕ و بازرگانی و گه‌شه‌ی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه و گه‌یاندن، په‌یوه‌ندییه‌كی وایان له‌ناو هه‌ندێك له بازاڕ و كه‌لتووره لۆكاڵییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كاندا دروست كردووه كه زۆر كه‌متر نییه له په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كه ئابوورییه‌كان و بازاڕه ناوخۆیییه‌كانی یه‌ك ده‌وڵه‌ت. واته ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی شۆڕشی پیشه‌سازی بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و بنیاتنانی نه‌ته‌وه‌كان و بره‌وی ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی سازی كرد، له ئێستادا ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاریی شۆڕشی گه‌یاندن و بازرگانیی ئازاد و جیهانگه‌رایی ده‌بێته‌وه؛ ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له خاڵه‌كانی به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌و دوو سه‌رده‌م و سیسته‌مه ئابوورییه جیاوازه. به‌م جۆره ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستا سه‌رده‌مێكه، تێیدا ئابووریی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ك سیسته‌مێكی پایه‌دار نه بایه‌خی خۆی له‌ده‌ست داوه و نه ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌میشی تێ په‌ڕاندووه.