پێشه‌كى:
سه‌ره‌تاكان و فۆرمى دروستبوون و دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تێك به ناوى عێراق، له سه‌ره‌تاى بیسته‌كانى چاخى ڕابردوو، له پاش چنینه‌وه‌ى ده‌ستكه‌وته‌كانى جه‌نگى جیهانیى یه‌كه‌م، سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنێكى ئاڵۆز و پڕ له گیروگاز بوو. ده‌ستپێكى خوڵقاندنى ڕێكخستنه‌وه‌ى " Border") و " Order" سنوور و سیسته‌م) ى نوێ بوو بۆ به‌شێك له جوگرافیاى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. كوردى باشوور له‌و ده‌وڵه‌ته نوێیه‌دا، خرانه چوارچێوه‌ى سنوور و سیسته‌مێكى حوكمڕانیكردن، كه له قه‌ده‌رێكى ناخۆشتر له به‌رله ده‌وڵه‌تبوونى عێراق هیچى دی نه‌بوو.
ده‌وڵه‌تێك دامه‌زرا له ڕووى بونیادییه‌وه ناجۆر بوو. وه‌ك د.عه‌لى وه‌ردى له "دراسه فی طبیعة المجتمع العراقي"دا ده‌ڵێت: "عێراق له دامه‌زراندنییه‌وه ته‌نگژه‌یه‌كى بونیادیى درێژخایه‌نى بۆ خوڵقاوه، ته‌نگژه‌یه‌ك وێنا ده‌بێت له چوارچێوه‌ى سنوورێكى جوگرافیی ده‌ستكرد و پرۆسه‌ى تێكه‌ڵبوون و به‌زۆرلكاندنى پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌ته‌وه‌یییه جیاوازه‌كان و ملكه‌چكردنیان بۆ فۆرمێكى دیاریكراوى به‌ڕێوه‌بردنى ناسیستمیانه‌ى سیاسی و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگی."
فره‌ییی كه‌لتوورى و پێكهاته‌یی :
وه‌ك له وێناكردنى ده‌ستپێكدا ئاماژه‌مان پێ دا، عێراق له دروستبوونییه‌وه تا ئێستا، له ڕووى پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌یی و ئایینى و ئاینزایی و كه‌لتوورییه‌وه ده‌وڵه‌تێكى فره‌یی بووه، كه ده‌كرێت به ده‌وڵه‌تێكى نایه‌كانگیرى كۆمه‌ڵایه‌تى ناوزه‌د بكرێت. بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م جۆره له ده‌وڵه‌ت، له ناوچه‌یه‌كى وه‌ك ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و زۆنى هه‌ژموونگه‌راییی كه‌لتوورى زۆرینه‌ى زاڵ، ئاراسته هزرییه‌كان، به‌تایبه‌ت قوتابخانه‌كانى پۆست‌مۆدێرن، له‌وانه‌ى كه گرنگیى فكرییان بۆ تیۆریى مه‌ڵتى كه‌ڵچرالیزم هه‌یه و ڕه‌خنه له دیدگاى لیبرالیزمى و سۆسیالیزمى ده‌گرن ده‌رباره‌ی ئه‌و گرووپه كه‌لتوورى و نه‌ته‌وه‌یییانه‌ى له ڕووى ژماره‌وه كه‌مترن له "نه‌ته‌وه‌ى زاڵ و كه‌لتوورى زاڵ"، پێمان ده‌ڵێن كه نه‌ته‌وه یان كه‌لتووره كه‌مه‌كان به ژماره، پێویستیان به مامه‌ڵه‌ى تایبه‌ت هه‌یه."
"پێرخ"(Parekh) ، كه بیرمه‌ندێكى تیۆریى فره‌كه‌لتوورییه، به‌ته‌واوى دژى ئاراسته‌ى "توانه‌وه"یه له‌ناو چه‌مكى هاووڵاتیبووندا و، له‌وێشه‌وه، ده‌رباره‌ى "دادپه‌روه‌رى" له هاووڵاتیبووندا بۆ پێكهاته كه‌لتوورى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان، ڕه‌خنه له هزرى لیبرالى ده‌گرێت. ئه‌و ڕاى وایه، ته‌نانه‌ت له ده‌وڵه‌تى دیموكراس و هاووڵاتیبوونیشدا، بۆ به‌دیهاتنى دادپه‌روه‌رى به‌رامبه‌ر پێكهاته كه‌لتوورى و نه‌ته‌وه‌یییه جیاوازه‌كان، پێویسته سیاسه‌تى بایه‌خپێدان "سیاسه ایلا‌ء الاعتبار" په‌یڕه‌و بكرێت. ئه‌م تێڕوانیینه‌ى پێرخ، بۆ ده‌وڵه‌تێكى دیموكراس و ده‌وڵه‌تى هاووڵاتیبوونیشه، كه ده‌یه‌وێت له‌ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا مافی گرووپ و پێكهاته كه‌لتوورى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان په‌راوێز نه‌خرێ و شوناسیان وه‌ك ئه‌وى دى (شوناسی زاڵ) لێ نه‌كرێت، چ جا ئه‌گه‌ر له‌باره‌ى ده‌وڵه‌تێكى وه‌ك عێراق قسه بكرێت كه به‌چه‌ندین ده‌یه‌ى دیكه‌یش ناگاته ئه‌و ده‌وڵه‌تى هاووڵاتیبوونه.
هزرى نه‌ته‌وه‌ییی زاڵ له عێراق و مافی پێكهاته‌كان:
بیرمه‌ندى كه‌نه‌دى "ویل كیمیلیكا" (Will Kymlicka) ده‌ڵێت: "پاراستنى مافى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ى له ڕووى ژماره‌وه كه‌مترن له نه‌ته‌وه‌ى زاڵ، به هزرى نه‌ته‌وه‌ییی زاڵ و ئاراسته‌ى "لیبرالییه‌تى یه‌كسانخواز – اللیبرالیة المساواتیة" نه‌شیاوه، به‌ڵكو به پاراستنى فره‌كه‌لتوورى ده‌بێت. بە واتایەکی دیکە، نە هەژموونی نەتەوەی سەردەست و نە ڕێبازی یەکسانسەیرکردنی هاووڵاتیان دەتوانێت گرووپ و پێکهاتە کەمەکان بپارێزێت، بەڵکو تەنها سیاسەتی پاراستنی فرەکەلتووری ئەو توانایەی هەیە. فره‌كه‌لتووریش به هیچ جۆرێك ڕووبه‌رووى ناخ و كرۆكى تیۆریى دادپه‌روه‌رى نابێته‌وه. دروستكردنى كۆسپ له‌به‌رده‌م مافى كه‌سانى زۆرینه، دادپه‌روه‌رى پێشێل ناكات به‌ڵكو ماف ده‌پارێزێت. هه‌ندێك كۆسپى بچووك، ڕێگاى له‌ناوچوونى میلله‌تێك یان نه‌ته‌وه‌یه‌كى ژماره كه‌م ده‌گرێت؛ ئه‌مه‌یش حیكمه‌تى فره‌كه‌لتوورییه. كیملیكا ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ى له ڕووى ژماره و ده‌سه‌ڵاته‌وه كه‌مترن، ئه‌گه‌ر نه‌پارێزرێن به گوێره‌ى ئه‌و بنه‌ما كه‌لتوورییه‌ى كه شوناسى بۆ دروست كردوون، نه‌ك به‌شێوه‌ى كه‌سى"، واتە دەبێت پاراستنیان لەسەر بنەمای شوناسیان بێت نەک وەک هاووڵاتی، ئه‌وا له‌ناو ده‌چن و ناتوانن به‌خته‌وه‌ر بن و تووشى په‌راوێزخستن ده‌بنه‌وه و ژیانیان لێ ته‌سك ده‌كرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م تێزه هزرییه‌ی "كیمیلیكا"، له تێگه‌یشتن له بایه‌خى پێكهاته جۆراوجۆره‌كان و گرنگیى میتۆدى ئاگالێبوون له پێكهاته نه‌ته‌وه‌یییه ژماره كه‌مه‌كان به به‌راورد به پێكهاته‌ى نه‌ته‌وه‌ییی زاڵ، كۆمه‌كمان بكات، هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین عێراق له دروستبوونییه‌وه تا ده‌گاته ئێستا، ئه‌م تێزانه‌ى تێدا نائاماده و ونن؛ ونبوونێك كه هیچ ڕێگایه‌ك نه‌ی بردووه‌ته‌وه بۆ سه‌ر ڕێگاى ڕاستى خۆى. به درێژاییی مێژووی ئەم دەوڵەتە، سیاسەتی بایەخپێدان و ئاگالێبوونی پێکهاتە فرەییەکان، نه‌ك كارى پێ نه‌كراوه، به‌ڵكوو پێچه‌وانه‌كه‌ى كارى پێ كراوه. هه‌وڵى ڕابردووى حوكمڕانى له عێراق به دوو ئاست بووه. ئاستێكیان بریتی بووه له له‌بیركردنى ئه‌وه‌ى عێراق له ڕووى ستراكچه‌رى دروستبوون و ده‌وڵه‌تى، ته‌نگژاوییه. ئاستى دووه‌م بریتى بووه له تۆخكردنى شوناسى پێكهاته‌ى زاڵ و سڕینه‌وه‌ى شوناسى پێكهاته‌كانى دیكه‌ى نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتوورى. شوناسێکی دیاریکراو به جۆرێك هه‌وڵى تۆخكردنى دراوه كه شوناسى ئه‌وانى دیکەش وه‌ك خۆى لێ بكات. لێره‌وه تێ ده‌گه‌ین، چ تێزه‌كه‌ى "پێرخ" له سیاسه‌تى گرنگیپێدانى پێكهاته ژماره كه‌مه‌كان، چ تێزه‌كه‌ى "كیملیكا" بۆ پاراستنى كه‌لتوور و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یییه ژماره كه‌مه‌كان، پراكتیزه نه‌كراوه، تاكو ده‌وڵه‌تێك له عێراق به‌رهه‌م بێت له‌م فۆرمه‌ى ئێستاى جیاواز بێت.
ته‌نگژه‌ى به‌ڕێوه‌بردن :
پاش ئه‌وه‌ى هه‌وڵمان دا به‌پوختى ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو، كه عێراق ته‌نگژه‌ى بونیادیى هه‌یه و چه‌ند ئاماژه‌یه‌كى خێرامان به‌و تێزه هزریانه دا، كه جه‌خت له گرنگیى بایه‌خپێدان به نه‌ته‌وه و كه‌لتووره جیاوازه‌كانى ناو ده‌وڵه‌تێك ده‌كه‌ن، عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت، وه‌ك سیسته‌مى حوكمڕانیكردن هیچ بایه‌خێكى بۆ نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان نه‌بووه و به‌توندى هه‌وڵى زاڵكردنى شوناسى زاڵى داوه، سه‌ره‌نجام له‌وه تێ ده‌گه‌ین كه گرفتى گه‌وره‌تر له عێراقدا بریتییه له به‌ڕێوه‌بردنى فره‌یی. به‌ڕێوه‌بردنى فره‌یی، ئه‌گه‌ر به جۆرێك بوایه بیتوانییایه دۆخێك له‌وه‌ى ڕابردوو و ئێستا جوداترمان بۆ بخوڵقێنێت، ئه‌م فره‌ییبوونى كه‌لتوورى و نه‌ته‌وه‌یییه‌ى له عێراقدا، نه‌ده‌كرده بابه‌تێك كه به‌م جۆره‌ى ئێستا وێنا بكرێت.
ئه‌گه‌رچى دیدگایه‌ك هه‌بێت فره‌یی بۆ ده‌وڵه‌تێكى وه‌ك عێراق لا ئاسایی بێت، به‌ڵام ناتوانێت ئه‌و ڕاستییه نادیده بگرێت كه عێراق گرفتى گه‌وره‌یشى له ئیداره‌دانى فره‌ییدا هه‌یه. هیچ كات عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت، وه‌ك سیسته‌مى حوكمڕانى، هه‌وڵى خه‌مخۆرانه‌ى نه‌بووه بۆ ئیداره‌دانێكى پۆزه‌تیڤى فره‌ییی نه‌ته‌وه‌یی و كه‌لتوورى. قۆناغى حوكمڕانیى عێراق له 1921 تا ده‌گاته 2003، قۆناغگه‌لێك بووه كه به‌ڕێوه‌بردنى فره‌یی، تا ڕادده‌یه‌كى زۆر، نێگه‌تیڤانه بووه. ئه‌وه‌یشی كه وه‌ك ئاماژه‌یه‌كى پۆزه‌تیڤانه، به درێژاییی ئه‌و سیاقه زه‌مه‌نییه، بوونى هه‌بووبێت، به‌ره‌نجامى خه‌باتى ڕزگاریخوازى پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان بووه، به‌تایبه‌ت كورد. به‌ڵام ئه‌وه‌ى له 13 ساڵى ڕابردوویشدا، كه به قۆناغى عێراقى نوێ ده‌ناسێنرێت، قۆناغێكى دژوار و ناساغڵه‌م بووه له ئیداره‌دانى فره‌ییی پێكهاته‌كان له عێراق. هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌م بڕگه‌یه‌ى كۆتاییدا وه‌ك خۆى وێنای بكه‌ین، كه تیایدا تاڕاده‌یه‌كى زۆر، قۆناغی "گواستنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت" خه‌ریكى خۆدووباره‌كردنه‌وه‌یه، به فۆرمێك كه زۆر له ئاماژه و هێڵه‌كانى، له قۆناغى پێش 2003 ده‌چێت.
عێراق و شكستهێنانى قۆناغى گواستنه‌وه‌ى ده‌وڵه‌ت:
لە دوای 9/4/2003، تیڕوانینگەلێكی زۆر لەسەر عێراق و ئاییندەی پرۆسەی سیاسی و دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و بەمەدەنیكردن و دیموكراسیكردنی سیستەمی حوكمڕانی لە عێراقدا هەبوو. ئاماژەكانی گۆڕانكارییە سەرەتایییه‌كان لە عێراقدا، گفتوگۆی زۆری لەبارەوە دەكرا. بەشێكی زۆری هێز و پێكهاتە ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەیییەكانی عێراق، بە بەرنامەی تێپەڕاندنی دۆخی حوكمڕانیی پێش 9ی نیسان، هێڵە گشتییەكانی عێراقێكی نوێیان، لەسەر بنەمای ناسەنتەربوونی ئیدارە، حوكمڕانی لە عێراق و هێنانەكایەی فۆرمێكی دیكەی حوكمڕانی، كە بنەماكانی هاوبەشێتی و سازان و باڵانسڕاگرتن (الشراكه، التوافق، التوازن) لەخۆ بگرێت، وێنا كردبوو.
لەم ڕوانگەیەوە عێراقی 13 ساڵی ڕابردوو، عێراقێك بوو بۆ قسەكردن لەسەر ئەم چەمك و بەهایانە، كە ببنە هێڵی گشتی و خەسڵەتی تایبەتی قۆناغی گواستنەوە لە ستەمەكارییەوە بۆ دادپەروەری و، له تۆتالیتاریزمی حوكمڕانییەوە بۆ مەدەنیبوونی حوكمڕانی، لە نادامەزراوەیییەوە بۆ دامەزراوەییبوون، لە پێكدادانەوە بۆ پێكەوەژیان، لە سڕینەوەوە بۆ لێبووردەیی و...هتد. دوای 13 ساڵ حوكمڕانیی پاش سەدام حوسێن و دوای 13 ساڵ ئەزموونی پێكەوەكاركردن، عێراق بە كوێ گەیشت و بەچی گەیشت؟ ئەمە ئەو پرسیارە بنەڕەتییەیه، كە دەبێت بۆ وەڵامدانەوەكەی، ئەو چوارچێوە زەمەنییە بخرێتە بەردەم لێوردبوونەوە و تێڕامانی قووڵەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێ ئەوە دیاری بكرێ كە چی ویستراوە، بەڵام چی ڕووی داوە: كورد لە كوێی پرۆسەی "گواستنەوەی دیموكراسی" و ئەزموونی 13 ساڵەی حوكمڕانیی عێراقدایە؟
یەكەم: ناسەنتەربوونی حوكمڕانی: یەكێك لە پایە گرنگەكانی دەربازبوون لە ستەمكاریی سیاسی، ئیداری و حوكمڕانی بریتییە لە پشتبەستن بە مۆدێلێكی ناسەنتەربوونی ئیدارەدانی دەوڵەت. لە بنیاتنانەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بابەتی ناسەنتەربوونی حوكمڕانی، بابەتێكی دیفاكتۆئامێز بووە. واتا كوردستان بەر لە گەڕانەوە بۆ بەغدا، جاڕی مۆدێلی فیدرالیزمی داوە، وەك یەكێك لە بژاردەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، پاشان ئەم بابەتە سیاقێكی یاسایی و دەستووری لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا بۆ جێبەجێ كراوە. بابەتی ناسەنتەربوونی ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقی، بەرنامە و ویستی ناوەند نەبووە و كارێكی پراكتیكی بووە. لە پاشاندا لە ڕووی تیۆری و سیاسییەوە چارەسەر كراوە.
پاش سێزدە ساڵ حوكمڕانی لە عێراقی نوێ‌دا، دیدگای ناوەند بۆ ناسەنتەربوونی حوكمڕانی بە چ ئاراستەیەك بووە؟ ئایا حكومەتی ناوەند، لە هەوڵی گەشەپێدان و گشتاندنی ئەم مۆدێلە بوو، یاخود لە هەوڵی بەسنوورداركردن و قەتیسكردنیدا بووە لە چوارچێوەیەكی جوگرافیی دیاریكراودا؟ هەوڵی بەغدا بۆ گۆڕینی فۆرمی ناسەنتەربوونی حوكم (فیدرالیزم وەك نموونە)، چ جۆرە هەوڵێك بووە؟ لە پاش سێزدە ساڵ حوكمڕانیی دیدی سەنتەر (بەغدا)، پاشەكشە بووە لە ناسەنتەربوونەوە بۆ سەنتەرالیزمی حوكم.
ڕێگرییەكانی بەردەم بەسرە بۆ فیدرالیزم، ڕێگرییەکانی دەسەڵاتی ئیداری بەردەم زۆنی عەرەبی سوننە، دەرخەری مەیلی پاوانخواز و سەنتەراڵئامێزی بەغدایه بۆ ئیدارەدانی عێراق. تێگەیشتن لەم بابەتە، وەڵامدەرەوەی ئەو پرسیارەیە كە بەغداد، لە خەمی گشتاندنی مۆدێلێكی ناسەنتەربوونی حوكمڕانی نەبووە. خەمی سەنتەر (بەغداد)، خەمی قەتیسكردن و سنوورداربوونی مۆدێلی ناسەنتەراڵ بووە. بە بارێكی دیكەدا، ئەگەر لەم فۆرمە بترازێین و تێڕامانێكی جددیمان لە مامەڵەی سەنتەر لەگەڵ ناسەنتەربوونی حوكم هەبێت، بەتایبەتی لە پەیوەندیی بە كوردستانەوە، ئەوە ڕوون دەبێتەوە مامەڵەی سێزدە ساڵەی ڕابردووی بەغدا بە شێوەیەكی گشتی و، 6 ساڵی ڕابردوو بەتایبەتی، مامەڵەیەك بووە بۆ گۆڕینی مۆدێلی فیدارلیزمی كوردی لەسەر بنەمای نەتەوەیی- جوگرافی بۆ فیدرالیزمی ئیداری و، دواجار بە بەتاڵكردنەوەی شەرعییەتی ناسەنتەربوونی حوكم لە عێراق. فیدرالیزمی بەسرایییەكان، بە پەراوێزخستنی بەسرە كۆتایی هات، فیدرالیزمی سوننە بە پرۆسەی سەربازی كۆتایی هات، فیدرالیزمی كوردی بە هەوڵدان بە برسیكردنی كورد و بڕینی بودجە و، پاشانیش سەری كێشا بۆ هەوڵی خاڵیكردنەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسی، لەژێر ناوی حكومەتی تەكنۆكرات.
دووەم: هاوبەشێتی لە حوكمڕانی: یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی عێراق دوای 9ی نیسان، بریتییە لە غیابی ئەقڵییەتی هاوبەشێتی لە حوكمڕانیكردندا. كۆمەڵگەیەكی نایەكانگیری وەك عێراق، نایەكانگیر لە ڕووی ئایین و ئاینزا و نەتەوە و پێكهاتەی سیاسیی جیاواز، پێویستیی بەوە بووە لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوودا چەمكی هاوبەشبوون لە پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانی دەوڵەتدا بە شێوەیەكی قووڵ پراكتیز بكرێت.
ئەگەرچی لە سەرەتای پرۆسەكەدا، پێكهاتەی عەرەبی سوننە و نوخبەی سیاسیی ئەم پێكهاتەیە، لە خەیاڵدانی گەڕانەوەی حوكمڕانێتیی عەرەبی سوننەدا بۆ عێراق و ڕەتكردنەوەی عێراقی جیاواز لە جاران، هەوڵی تەریككردن و پەراوێزبوونی خۆیان بەدەستی خۆیان دا. بەڵام پاش تێگەیشتن لەوەی كە مەحاڵە دۆخی ڕابردوو وەكو خۆی بگەڕێتەوە، بۆیە هەوڵیان دا بە شێوەیەكی چڕ‌وپڕ لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەشدار بن. یەكێك لە هیواكانی كوردیش، بریتی بوو لە پێكەوەژیان لە عێراقدا لەسەر بنەمای هاوبەشێتی لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا. پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا عێراق توانی ئەم هاوبەشێتی و هاوبەشیبوونە وەك ستراتیژێك لە قۆناغی گواستنەوەدا سەیر بكات، بۆ ئەوەی عێراق بكاتە دەوڵەتێكی جیاوازتر لە جاران و جیاواز لە ناوچەكە؟
ئەگەر پۆلێنبەندییەك بۆ سێزدە ساڵی ڕابردووی هاوبەشێتی لە عێراقدا بكەین، دەكرێت لەسەر دوو ئاست تێڕوانین بخەینە ڕوو: ئاستی سیاسی: لە ئاستی سیاسی‌دا، بۆ تێپەڕاندنی دۆخی قۆناغی گواستنەوە، پرۆسەی خاڵیكردنەوەی پێكهاتەی دەرەوەی شیعە لە بەغداد، پرۆسەیەكی هێمنانەی سەركەوتووانە بوو. لە قۆناغی یەكەمدا توانرا سوننە بە ئاستێك پەراوێز بخرێت و ڕۆڵ و قورساییی سیاسیی كەم بكرێتەوە. دیارە ئەم بابەته‌یش هۆكارگەلێكی هەیە كە بەشێكیانی وابەستەیە بە سەركردایەتیی لاوازی پێكهاتەی عەرەبی سوننە و غیابی مەرجەعیەتێكی سیاسیی عەرەبی سوننە و تێكەڵبوونی هەندێكیان بە تیرۆر و توندوتیژی و، بەشەكەی دیكەیشیان وابەستەیە بە هەوڵی ستەمكارانەی نوخبەی سیاسیی عەرەبی شیعە، لە بەرامبەر نوخبەی سیاسیی عەرەبی سوننە و پێكهاتەی كۆمەڵایەتیی عەرەبی سوننە.
لە قۆناغی دووەمدا، هەوڵی جددی درا بۆ كاڵكردنەوەی هاوبەشێتی سیاسی لەگەڵ كورددا. لە ئێستادا حوكمڕانیی ڕاستەقینە، بە ڕاست و چەپ لە بەغدا، نوخبەیەكی سیاسیی شیعەیە. ئەوەی لە ئێستای عێراقدا ناتوانێت، یا دروستتر ئەوەیە ڕێگەی پێ نادرێت كە هیچ سەربارێكی (اضافة) پۆزەتیڤی بۆ پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانی حوكمڕانیی عێراق هەبێت، كوردە. مانەوەی كوردیش بەو جۆرەی ئێستا لە پرۆسەی سیاسی‌دا و لە چوارچێوەی عێراقی ئێستادا، تووشی گەورەترین ستەمكاریی سیاسی دەكاتەوە. دامەزراوەكانی "دەوڵەتی عێراق"، جگە لە دامەزراوەی تەشریعی (یاسادانان)، تا ڕاددەیەكی زۆر خاڵین لە كورد. كورد، پاش سێزدە ساڵ لە كاری پێكەوەیی، لە كوێی ناوەندی بڕیاردایە لە بەغدا؟ گومان نییە، كورد لەناو بازنەی بڕیاری ئیدارەی دەوڵەت لە سەنتەر، لە حاڵەتی لاوازدایە. كە ئەمه‌یش دەرەنجامی غیابی هاوبەشێتییە. دەرەنجامی مەیلی سەنتەراڵخوازانەی نوخبەیەكی ناو نوخبەی سیاسیی شیعەی عێراقە. ئاستی دووەم لە بەشداریی كورد لە پرۆسەی سیاسی و ئیداریی دەوڵەت، ئاستی سەربازی و تەناهییە.
لەگەڵ ڕووداوەكانی 9ی نیسان و هەڵوەشاندنەوەی سوپای پێشووی عێراق، كورد بەشداریی كارای لە بنیاتنانەوەی دامەزراوە سەربازی و تەناهییەكانی عێراقدا هەبوو. بەڵام هەوڵەكانی سەنتەر، بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دامەزراوەی سەربازی و تەناهیدا بە چەند ئاراستەیەكدا بوون. ئاراستەی یەكەم: میلیشیا هێزێكە، كه دەكرێت بۆ هەموو كارێكی دژ بە نەیارانی نوخبەی سیاسیی شیعە، پشتی پێ ببەستێت. ئەم قۆناغە، قۆناغی فراوانكردن و پشتگیریكردنی سەربازیی شیعە بوو. ئاراستەی دووەم، بریتی بوو لە بنیاتنانی دامەزراوەی سەربازی، بە هاوبەشێتییەكی كەم لەگەڵ كورد و عەرەبی سوننە و، پاشان خاڵیكردنەوەیان (تفریغ) لەو پێكهاتانە.
كەواتە، ئێستا وێنەكە ڕوونە: لە ئاستی سیاسی‌دا، ئەوەی حوكمڕانە لە عێراق، نوخبەی سیاسیی عەرەبی شیعەیە و، قسەكردن لەسەر هاوبەشبوون و هاوبەشێتی لە ئێستادا، لە سەرابێكی گەورەی بیابانی عەرعەر زیاتر، هیچی تر نییە. لە ئاستی سەربازی و تەناهیدا، بەغداد جگە لەوەی ناتوانێت لەگەڵ پێكهاتە كۆمەڵایەتییەكانی دیكەدا هاوبەشبوون پیادە بكات، بەڵكوو ڕێگری سەرەكییە لە بەردەم گەیاندنی هاوكاریی سەربازیی جیهان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە ئێستا لە جەنگێكی قورسدایە.
سێیەم: بەرهەمهێنانەوەی ستەمكاری: پاش ئەوەی عێراق لەم ساتەدا، خاڵی بووەوە لە هەموو بنەماكانی هاوبەشێتی و سازان (ئەوەی كە هەیە، شێوەیەكی دیكۆرئامێزە و هیچ ئاماژەیەكی تێدا نییە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا)، لە ئێستادا دەیان فۆرمی ستەمكاریی ڕەمزیی سەنتەر، بەرامبەر كوردستان خۆی بەیان دەكات. ترسی گەوره‌یش ئەوەیە، ئەم ستەمكارییە دۆخی پێش 9ی نیسان بخوڵقێنێتەوە و، عێراق وەكو دەوڵەت و وەك حوكمڕانی، لە لووتكەی بێباكیدایە بەرامبەر تاكی كورد و هەندێك پێكهاتەی تر، ئیدی گەڕان بەدوای هێڵە ونبووەكانی هاوبەشێتی، جگە لە كارێكی تاقەتپڕوكێنەر، هیچی دیكە نییە. خەمی تاكێكی كورد و ئازارەكانی لە عێراقدا، زۆر جیاوازترە لە خەمی كەتەلۆنییەك لەناو دەوڵەتی ئیسپانی، یا خەمی كیوبیكییەك لەناو دەوڵەتی كەنەدی. خەمی ئێمە، ناڵاندنە بە ستەمكارییەوە.
چوارەم: كورد و سەربەخۆیی: جیا لەوەی سەربەخۆییی كوردستان ویستێكی نەتەوەیییە، هەوڵێكە بۆ بنیاتنانی كیانێكی سیاسی- یاسایی‌ی پێشكەوتووتر لەم فۆرمەی ئێستا. بە بارێكی دیكەدا، خاڵەكانی یەكەم و دووم و سێیەم، دەبێت باشترین پاڵنەر بن بۆ ئەكتیڤكردن و دەستبردنی خێرا بۆ سەربەخۆیی. ئەلتەرناتیڤی عێراقێكی ناسەقامگیر، دەبێت لە حاڵی ئێستادا پرۆژەی سەربەخۆیی بێت، سەربەخۆیییەك، بە نموونە و تامی سەنگاپوورەی 1965، سەربەخۆیییەك، ئازارەكانی ڕابردوو سارێژ بكات. چونكە ئەوەی ئاشنای مێژووی یەك بە یەكی حوكمڕانەكانی عێراق نەبێت، نازانێت كوردستان لە پێكەوەلكاندنییەوە بە عێراق، تا بە ئێستا دەگات، چەند بەبێئۆقرەیی ژیاوە. جگە لە سیاقی خەبات و خوێن و شەهید و قوربانی، تەنیا شەرعییەتێك لە ئێستادا به‌س بێت بۆ سەربەخۆبوون، بریتییە لە شكستهێنانی ئەم فۆرمەی "پێكەوەژیان" لەگەڵ عێراق. بۆ گەیشتن بەم حاڵەته‌یش، پێویستمان بە دوو هەنگاوی گرنگە، هەنگاوی یەكەم: بوونی ئیرادەیەكی بەهێز بۆ وازهێنان لە عێراق و هەڵنەچنینی هیواكان بە دەوڵەتی عێراق؛ ئەم هەنگاوە گرنگیی لە ڕاددەبەدەری هەیە. چونكە، هەر بوونی ئێمە لە عێراقدا بەبێ ویستی ئێمە، گەورەترین ستەمكارییە. هەر هەوڵێكیش بۆ دەرچوون لەو ستەمكارییە، كەموكوڕینواندن نییه لە بەرامبەر بەغدا، به‌ڵكوو خەباتە.
هەنگاوی دووەم: بریتییە لە ڕێكخستنەوەی ناوماڵی كوردی و كۆبوونەوە لە دەوری پرۆژەیەكی نیشتمانی بۆ سەربەخۆبوون. لە ئێستادا، گرنگە هزر لەو نموونانەی مێژووی سەربەخۆییی دەوڵەتان بكەینەوە، كە چەندین فۆرمی جیاوازیان هەیە، وەك: جیابوونەوەی بەنگلادیش لە پاكستان بە شێوەیەكی تاكلایەنانە لە 16/ 12/ 1971، یان سوودوەرگرتن لە پرۆسەی بەلكانیزەیشن، جیابوونەوەی لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیا لە پاش جەنگی سارد لە ساڵی 1991، یان ڕێككەوتن وەك ئەوەی لە نێوان سوودان و باشووری سوودان ڕووی دا لە 2011، یان ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم لەژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام بەبێ دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی كەیسی "الصحرا‌ء الغربیه". ئەمانە و دەیان فۆرمی دیكەی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی هەن كە كوردستان دەتوانێت پراكتیزەیان بكات، چ وەك مافی نەتەوەیی، چ وەك ئەڵتەرناتیڤێك بۆ ئەم پێكەوەنەژیانە لە سایەی عێراق.