پێشەکی: "ئالبیرتۆ نیسمان"، داواکاری گشتیی پێشووی ئەرجەنتین، کە لە بارودۆخێکی ناھەمواردا لە ماڵەکەی خۆی بە فیشەکێک، بەر لە گەواھیدانی بە ڕۆژێک لە بەردەم کۆنگرێسی ئەرجەنتینی سەبارەت بە کەیسی تەقینەوەی کۆمەڵەی دۆستایەتیی ئەرجەنتینی – یەھوودی ساڵی ١٩٩٤، لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥دا کۆتایی بە ژیانی ھێنرا. لە ڕاپۆرتێکیدا کە لە ساڵی ٢٠١٣دا ئاماژەی پێ داوە دەڵێت: "لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ئێران توانیویەتی بەسەرکەوتوویی تۆڕێکی فراوانی ھەواڵگری و ناوەندی نھێنی لە ھەشت دەوڵەتی ئەمریکای لاتین بنیات بنێت، کە بریتین لە بەڕازیل، چیللی، کۆلۆمبیا، غینا، پاراگوای، سۆرینام، ترینیداد تۆباگۆ و ئۆرۆگوای." ئەم وتەیە گەرچی باجی بە ژیانی نیسمان دا، بەڵام بۆ پسپۆری بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی گرنگ و کەرەستەی بنەڕەتیی تێدایە بۆ توێژینەوەی سیاسی دەربارەی ئاستی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی لاتین و مەودای تێپەراندنی دووریی جوگرافیا و جیاوازیی ئایدیۆلۆژی.
بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ئەمریکای لاتین کامانەن؟ گرنگیی ئەمریکای لاتین لە ستراتیژ و سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا چییە؟ ئێران لە دووریی جوگرافیا و جیاوازیی ئایدیۆلۆژییهوە چیی لە ئەمریکای لاتین دەوێت؟ چۆن دەیەوێت ململانێکانی لەگەڵ ئەمریکادا بەڕێوە بەرێت؟ بەرژەوەندیی ئابووری چییە؟ پاڵنەر و میکانیزم و ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە وڵاتانی لاتین چین و کامانەن؟ ئەم پرسیارانە جێگهی تێڕامان و وەڵامدانەوەی زانستین، کە ھەوڵ دەدەین لە چوارچێوەی ئەم تەوهرانەی خوارەوەدا وەڵام و شرۆڤەیان بخەینە ڕوو:
پاڵنەرەکانی گرنگیدانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بە ئەمریکای لاتین: لە پاش ھەرەسی یەکێتیی سۆڤیەت، یەکێک لە سیماکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بریتی بووە لە ڕەتکردنەوەی سیستهمی جیھانی لەسەر بنەمای تاکجەمسەری. ھەنگاوەکانی ئێران بۆ ئەم مەبەستە ئەگەرچی خێرا نین، بەڵام ئاماژەن بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو سیستهمە و ھێژموونیی ئەمریکا. بەو جۆرەی لە سیستهمی نێودەوڵەتیدا ھەستی پێ دەکرێت، ئێران بە یەکێک لەو دەوڵەتانە ئەژمار دەکرێت کە دژی تاکجەمسەریی نوێی سیستهمی جیھانە و، بەوردی کار دەکات بۆ ئەوەی سیستهمی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای فرەجەمسەری پێک بێت. ئەگەرچی بەشێکی زۆری توێژەران ڕایان وایە گۆڕینی ئەو سیستهمە، لە توانا و کەرەستەی دەوڵەتێکی وەک ئێراندا نییە، بەڵام بەشێکی کەم لە توێژەران ئەو ئاماژەیە دەدەن کە ئێران لە ئێستادا بە ھۆی ئەوەی کە ئهکتەرێکی بەھێزی ھەرێمایەتییە، توانیویەتی کەم تا زۆر کاریگەر بێت لەسەر سیستهمی جیھانی و، بەھێزییهكهی لە بواری ھەرێمایەتیدا وای لێ کردووە لە ھەوڵی پەلھاوێشتن بێت بۆ دەرکەوتن وەک ئهکتەرێکی گرنگی ناو کۆی سیستهمی نێودەوڵەتی. لەو ڕوانگەیەیشەوە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا ھەوڵی داوە زۆرترین مامەڵەی دیپلۆماسی و کارلێکی سیاسی و ئابووری لەگەڵ بەشێکی گرنگی ئەو دەوڵەتانە ھەبێت، کە لە ڕەھەندەکانی جیۆپۆلیتیک و جیۆسیاسی و جیۆئیکۆنۆمییەوە گرنگن. ئەمریکای لاتینیش بە دوو ھۆکاری سەرەکی، یەکێکە لە زۆنە گرنگەکان:
١- پاڵنەر و ھۆکاری سیاسی: ستراتیژیی ئێرانی لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا، بریتییە لە فراوانکردنی بازنەی دەوڵەتانی ھاوڕێ و دۆست و، تەسککردنەوەی بازنەی دەوڵەتانی دژ بە ئێران. بۆ ئەو مەبەستەیش، سروشت و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و سیستهمی فەرمانڕەوا لە بەشێک لە دەوڵەتانی ئەمریکای لاتین، تا ڕاددەیەک بۆ بەدیھاتنی ئەو ستراتیژە، گونجاو بووە. لە بابەتی ڕەوانەکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، کە ئەوکات لەناو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گفتوگۆی لەسەر دەکرا، کوبا و ڤەنزوێلا دوو دەوڵەتی تەواو ھاوسۆز بوون بۆ ئێران. پاڵنەری سیاسیی ئێران بۆ مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی لاتین، بۆ فراوانکردنی دەوڵەتانی دۆستە و، زیادکردنی دەوڵەتانی پشتگیرە لە سیاسەتی ئێرانی و، لە ھەمان کاتیشدا ھەوڵێکە بۆ بنیاتنانی چەند ھاوپەیمانێتییەک و دروستکردنی چەند بلۆکبەندییەک کە ئێران تیایدا ژمارەیەکی قورس بێت؛ جیا لەوەیش درووستکردنی ئاریشەیە بۆ ھێژموونیی ئەمریکی لەو زۆنەدا و، ھەوڵێکە بۆ ڕازینەبوون بە تاکجەمسەریکردنی سیستهمی نێودەوڵەتی. ھەوڵی ئێران بۆ بوونی پەیوەندییەکی سیاسیی باش، دەگەڕێتەوە بۆ سێ ھۆکاری سەرەکی لەگەڵ ئەم بەشەی باشووری گۆی زەوی: یەکەمیان: پێویستیی ئێران بۆ دەرچوون لە گۆشەگیری و دەربازبوون لە سزا و گەمارۆ سەپێنراوەکان بەسەریدا، دووەمیان: پێویستیی ئێران بە وزە،سێیەمیان، بریتییە لە بوونی ھزری شۆڕشگێری و ئۆپۆزیسیۆنێکی توندی جەماوەری بۆ لیبراڵیزم و گلۆبالیزەیشن و ھێژموونیی سیاسیی ئەمریکا، کە تا ڕاددەیەک ھاوبەشییەکی بۆ ئێران خوڵقاندووە.
٢- پاڵنەر و ھۆکاری ئابووری: ئێران بەرژەوەندیی ئابووریی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکای لاتیندا ھەیە؛ بەتایبەت لە بواری نەوتدا، کە ڤەنزوێلا ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێکە، لەگەڵ ئێراندا ھاوڕا و ھاوھەڵوێستە. لە بارێکی دیکەدا ئێران وابەستەیە بە چەندین ڕێککەوتننامەی ئابوورییەوە لەگەڵ دەوڵەتانی لاتین؛ بۆ نموونە ڕێککەوتننامەی پێدانی قەرز بە بڕی ١ ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بە بۆلیڤیا بە مەبەستی گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی سەرەتایی و کانەکان؛ ھەمان ڕێککەوتننامەیش لەگەڵ ئیکوادۆر بۆ ھەمان مەبەست بە بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار. بە شێوەیەکی گشتی لە ئێستادا ئێران خاوەنی دەیان ڕێککەوتننامەی ئابووری، بازرگانی و وەبەرھێنانە لەگەڵ دەوڵەتانی لاتین. ئەو ڕێککەوتننامانە بە شێوهی جیا، لەگەڵ دەوڵەتانی لاتین واژوو کراون. لە ھەمان کاتدا لەگەڵ ھاوپەیمانێتی (ئەلبا)، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن چافێز و کاسترۆوە دامەزراوە، ڕێککەوتننامەی گرنگ لە نێوانیاندا ھەیە.
ڕێککەوتننامەکانیش لە بواری دروستکردنی ئامێری کشتوکاڵی و دامەزراندنی کارگەی چیمەنتۆ و کەرتی کارۆئاوی (كهرومائي) و کانزاکاندایە. ڤەنزوێلا بە ھۆی نزیکی و ھاوسۆزی لە ئێرانەوە، پشکی شێری لە ڕێککەوتننامەکان بەرکەوتووە، کە بەھاکەی دەگاتە بڕی ١٧ ملیار دۆلار؛ پرۆژە و ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بۆلیڤیا لە بوارەکانی نەوت و کارگەی کۆکردنەوە و بەستنی ئۆتۆمبێل و ئامێری کشتوکاڵيی veniran و، بەشداریی ئێران لە دۆزینەوەی یەدەگی نەوت لە کێڵگەکانی "ئۆرینۆکۆ"، کە بەھای وەبەرھێنانی ئێرانی دەگاتە ٤ ملیار دۆلار لەو پرۆژەیەدا؛ هەروەها ناردنی ٤٠٠ ئەندازیاری بواری بیناسازی بۆ ھاریکاریکردنی حکوومەتی ڤەنزوێلا بۆ گەشەپێدانی کەرتی خانووبەرە. ئێرانیش ڤەنزوێلای بەشدار کردووە لە پرۆژەی فراوانکردنی کێڵگە پترۆلییەکانی (فارس)، جیا لەوەش بەردەوامە لە ھاریکاریکردنی ڤەنزوێلا بە ھاوردەکردنی بەنزینی ڤەنزوێلی چونکە گەمارۆی ئەمریکی – ئەوروپی ئاستەنگی بۆ ڤەنزوێلا خوڵقاندووە بۆ ساغکردنەوەی بەنزینەکەی لە بازاڕەکانی جیھاندا.
بۆلیڤیا وەک یەکێک لە ھەژارترین دەوڵەتانی لاتین، خاوەنی چەند گرێبەستێکه لەگەڵ ئێران. بە ھۆی نزیکیی سیاسیی بۆلیڤیا لە ڤەنزوێلاوە و، سەردانەکانی پێشووی ئەحمەدینەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران، بۆ لابازی پایتەختی بۆلیڤیا، ئێران توانیویەتی لە بواری سیاسی و ئابوورییشدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت؛ ڕێککەوتننامەی گەشەپێدانی بواری نەوت لە بۆلیڤیا بە بەھای ١.١ ملیار دۆلار لە نێوانیاندا واژوو کراوە. ڕێککەوتن بە بەھای ٢٣٠ ملیۆن دۆلار بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریی وڵاتی بۆلیڤیا و کردنەوەی چەندین نۆرینگەی پزیشکیی ئێرانی لە لاباز و شار و دێھاتەکانی دیکهی بۆلیڤیا لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی ئێرانەوە، نیشانەن بۆ بوونی ھەماھەنگی و ھاریکارییەکی ئاستبەرز لە نێوانیاندا.
نیکاراگوای دەوڵەتێکی دیکەی لاتینی خاوەن سیستهمێکی حوکمڕانیی چەپ و دژ بە ئەمریکا، کە دانیێل ئۆرتیگا سەرۆکایەتیی دەکات، چەندین ڕێککەوتننامەی ئابووری و بازرگانیی لەگەڵ ئێراندا ھەیە. ھاریکارییەکانی ئێران بۆ نیکاراگوای لە بوارەکانی کەرتی نەوت و کشتوکاڵ و پرۆژەی شیرینکردنی ئاو و بەندەرەکاندایە. بەندەری کەناراوەکانی ڕۆژھەڵاتی نیکاراگوای، یەکێکە لەو پرۆژە ھاوبەشانەی کە ئێران بە بەھای ٣٥٠ ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانی تێدا دەکات. جیا لەوەیش، نیکاراگوای لە ساڵی ٢٠٠٨ دا توانیی پاڵپشتیی داراییی ئێران بە بەھای ٢٣١ ملیۆن دۆلار بۆ بنیاتنانی پرۆژەی کارەبا لەسەر یەکێک لە بەنداوەکانی بەدەست بێنێت و، لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئێران بە بڕی ٢ ملیۆن دۆلار ھاریکاریی بنیاتنانی نەخۆشخانەیەکی لە ماناگوای پایتەخت کرد. لە ئیکوادۆر و لەگەڵ ھاتنەسەرحوکمڕانیی ئابووریناسێکی چەپی وەک ڕافاییل کورییا، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران ھەڵکشانی بەرچاوی بەخۆوە بینی. خاوەنی ٢٥ ڕێککەوتننامەی ئابووری و بازرگانین و، نووسینگەی بازرگانیی ئیکوادۆر لە تاران ڕۆڵی گرنگی لە گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان ھەیە؛ ئێرانیش پاڵپشتیی بنیاتنانی پاڵاوگەیەکی نەوت و کارگەیەکی پترۆکیمیاییی لە باشووری ئیکوادۆر و دروستکردنی وێستگەیەکی ھایدرۆکارەبایی لە ناوچەی "کوکا کودۆ سینکلێر"دا کردووە.
بەڕازیل یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە تا ڕاددەیەک توانیویەتی سوود لە تێکچوونی ئاستی پەیوەندییەکانی ئەرجەنتین و ئێران وەربگرێت. بەگوێرەی ئامارەکان، ٢٩% لە شمەکی فرۆشراوی بەڕازیل لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا لە بازاڕەکانی ئێراندا ساغ دەکرێنەوە؛ بە واتایەکی دیکە ئێران بۆتە بازاڕێکی گرنگ بۆ کاڵای بەڕازیلی. بە دەستبەکاربوونی باڵوێزی نوێی بەڕازیل لە تاران لە سەرەتای شوباتی ٢٠١٧دا، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ "جەواد زەریف"ی وەزیری دەرەوەی ئێران، باڵوێزی بەڕازیلی ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی ئابووریی نێوانیان دا و، ویستی بەڕازیلی پیشان دا بۆ ھاریکاریی بازرگانیی زیاتری نێوانیان، بەتایبەت لە بواری نەوت و بوارەکانی دیکەی وزە؛ بە نموونەیش گرێبەستی کۆمپانیای پتروبراسی بەڕازیلی بۆ گەڕان بەدوای نەوت لە کێڵگەکانی کەناراوەکانی ئێران، کە دەکەوێتە بەرامبەر کەنداوی عەرەبییەوە. لە ڕەھەندێکی دیکەدا، ئێران و بەڕازیل پلانیان ھەیە بۆ زیاتر فراوانبوونی تۆڕی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان.
ئەرماندۆ مۆنتیرۆی وەزیری بازرگانیی ئیسڕائیل لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠١٦دا ڕای گەیاند، پلان ھەیە تا ساڵی ٢٠١٩، بڕ و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و بەڕازیل، بگاتە ٥ ملیار دۆلار ساڵانە لەگەڵ ئەرجەنتین. پەیوەندییە ئابوورییەکان مەحکوومن بە تەنگژەی تەقینەوەکانی ساڵی ١٩٩٤، کە تیایدا چەندین بەرپرسی ئێرانی بە تێوەگلان لەو دۆسیه تۆمەتبار کراون.
٣- پاڵنەر و ھۆکاری سەربازی و ھەواڵگری: لە ئێستادا ئێران لە دۆخی ھەماھەنگیی سەربازیدایە لەگەڵ ھەندێک لە دەوڵەتانی ئەمریکای لاتین. بۆلیڤیا و ڤەنزوێلا و ئیکوادۆر، لە پێشەنگی ئەو دەوڵەتانەن کە ئامادەییی ھاریکاری و ھەماھەنگیی سەربازییان لەگەڵ ئێراندا ھەیە. خافێر بۆنسی وەزیری بەرگریی ئیکوادۆر، لە ھەوڵی کرینی چەکی ئێرانیدایە بۆ ئامادەکردن و پڕچەککردنی سوپای وڵاتەکەی. ئێران ھاریکاریی بەردەوامی ڤەنزوێلا و نیکاراگوای و بۆلیڤیایە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی سوپای وڵاتەکانیان. جیا لەوەیش، ئێران بە ھاوکاریی ڕەوەندی لوبنانیی شیعەمەزھەب، تۆڕێکی فراوانی بۆ کاری ھەواڵگری لەو جوگرافیایەدا دروست کردووە. خاڵێکی دیکەیش کە ئێران بۆ فراوانبوونی بازنەی کاری ھەواڵگری سوودی لێ دەبینێت، بریتییە لە زیادکردنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی لە وڵاتانی لاتین و فراوانبوون و زیادکردنی تیمی باڵوێزخانە و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکانی. کۆنگرێسی ئەمریکی، چەند دۆکیۆمێنتارییەکی خستۆتە ڕوو سەبارەت بە چڕکردنەوەی ھەوڵەکانی ئێران بۆ فراوانبوونی کاری ھەواڵگری، کە چەندین کارمەندی ئیتلاعات و دەزگهی ئاسایشی نیشتیمانی و ئەندامی فەیلەقی قودسی وەک کارمەند لە نوێنەرایەتییەکانی خۆی لە ئەمریکای لاتین داناوە و، توانیویانە تۆڕێکی فراوان لە کاری ھەواڵگری، بە سوودی ئێران ئەنجام بدەن.
دەرەنجام: ئێران لە ھەوڵی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ وڵاتانی لاتین، سەردانە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردۆتەوە، گرێبەستە ئابووری و بازرگانییەکانی فراوان کردووە، بایەخی بە لایەنی ڕۆشنبیری و کهلتووریی ئەو بەشەی باشووری گۆی زەوی داوە، چەند کەناڵێکی تەلەڤزیۆنیی تەرخان کردووە بە پەخشکردن بە زمانی ئیسپانی و، چەند پێگەیەکی ئەلیکترۆنیش کە پەیوەندییە کهلتووری و سیاسییەکان بەھێز بکات. جیا لەوە، میکانیزمێکی گرنگی کارکردنی ئێران لەو بەشەی باشووری گۆی زەوی، بریتییە لە ڕەوەندێکی گەورەی موسڵمانی شیعەمەزھەب، بە ڕەچەڵەک لوبنانی و عێراقی و، ھەندێکی دیکە کە بوونەتە شیعەمەزھەب؛ بەتایبەت لە ناوچە ھەژارنشینەکانی پیرۆ و سلڤادۆر و ھۆزی وایو (wayuu) لە باکووری کۆلۆمبیا و باکووری ڕۆژاوای ڤەنزوێلا لەسەر کەناراوەکانی دەریای کاریبی. ئەم ڕەوەندە شیعەمەزھەبە، میکانیزمێکی گرنگی کارکردنن بۆ ئێران لە بواری بازرگانی و کاری ھەواڵگری و بازرگانی و بەقاچاغبردنی چەک. نوێترین ڕاپۆرتی ھەندێک ناوەندی گرنگی جیھان، باس لە بەقاچاغبردنی چەک دەکەن لە دەوڵەتانی ئەمریکای لاتینەوە بە ڕێگهی ئەفریقا و، پاشان دەریای سوور بۆ حوسییەکانی یەمەن. لەگەڵ پاڵنەر و میکانیزمە فەراھەمبووەکانی ستراتیژیی کاری ئێرانی لە وڵاتانی لاتین، چەند ئاستەنگ و ڕێگرییەک بوونیان ھەیە، کە دەکرێت پوختی بکەینەوە بۆ:
١- ئەمریکا بەبەردەوامی لەسەر ھێڵی گەرمی بەدواداچوونە بۆ ھێژموونیی ئێران لە لاتیندا. ھەوڵی ئەمریکا بۆ بەرتەسککردنەوه و سنووردارکردنی ڕۆڵ و پەیوەندییەکانی ئێرانە لەو ناوچەیەدا. ئابووری، چەکێکی بەھێزی ئەمریکایە بەرامبەر ئەو دەوڵەتانەی دەیانەوێت پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئێران ھەبێت. کاری ھەواڵگری و لەمپەردروستکردن لە ناوەندی بڕیاری لاتیندا، یەکێکە لە میکانیزمەکانی بەردەست ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی ئێران. جیا لەوەیش، ئەمریکا پشتگیریی تەواوی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتە چەپەکان دەکات، کە ھەڵگری ھزری شۆڕشگێری و ڕاوەستانن بە ڕووی ئەمریکادا و، جۆرێک لە نائارامیی سیاسی و ناجێگیریی دۆخی ئەمنیی بۆ دروست کردوون .
٢- ئیسڕائیل ئەو دەوڵەتەیە کە بەبەردەوامی لە ھەوڵی کەمکردنەوەی ھێژموونیی ئێرانە لەو ناوچەیەدا. سەردانە دیپلۆماسییەکانی ئیسڕائیل بۆ ئەو ناوچەیە زۆر زیادی کردووە، بەتایبەت گوشارخستنەسەر ئەرجەنتین و بەڕازیل لەو بارەیەوە و، ھەروەھا پەرەسەندی ھاریکاریی سەربازیی نێوان ئیسڕائیل و کۆلۆمبیا. جیا لەوەیش ڕاپۆرتەکانی ویکلیکس ئاماژە بە ھاریکاریی نێوان ئیسڕائیل و حکوومەتی شیلی دەدەن بۆ چاودێریخستنەسەر باڵوێزخانەی ئێران لەو وڵاتە .
٣- ھەندێک سەرچاوە باس لە بوون و ڕۆڵی دەوڵەتانی عەرەبی، بەتایبەت کەنداو دەکەن لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا. ھەندێک توێژەر ڕایان وایە بەشێک لە دەوڵەتانی لاتین، بە لایانەوە پەسەندترە کە زیاتر لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداودا پەرە به پەیوەندیی بازرگانی بدەن وەک لە ئێران، بەڵام بەشێک لە توێژەرانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پەیوەندییەکانی بەشێک لە دەوڵەتانی عەرەبی بە ئاستەنگ نازانن لە بەرامبەر ھێژموونی و پێگەی ئێران لەو ناوچەیەدا؛ چونکە ڕایان وایە وێڕای دیداری لاتینی –عەرەبی و بوونی جۆرێک لە پەیوەندی، بەڵام دیدگهی عەرەبی بۆ ئەو ناوچەیە دیدگهیەکی ناکامڵ و ناڕوونە؛ ھێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی وەک ئێران ھەنگاوی جددی بنێت. لەو ڕوانگەیەوە، چاوەرێ ناکەن لە بەردەم پێگەی ئێران لەناو وڵاتانی لاتیندا ئاستەنگ دروست بکەن .