پێشەکی: ئاو و ژیان پەیوەندییەکی بنچینەیی لە نێوانیاندا ھەیە؛ ئاو و شارستانییهتییەکانیش پەیوەندییەکی دێرین و ھاوتەریبیان بەیەکدییەوە ھەیە. شارستانییهتە کۆنەکان لە نزیک دەریا و ڕووبار و سەرچاوە ئاوییە گەورەکان دامەزراون، ئاو بۆتە سەرچاوەیەکی گرنگی ھێزی سیاسی و ئابووری و بازرگانی بۆیان؛ لەوانەیش: شارستانییەتی میسری کۆن لە نزیک ڕووباری نیل، شارستانییەتی دۆڵی ڕافیدەین لە نزیک دیجلە و فورات، شارستانییەتی چینی کۆن لە نزیک ڕووباری زەرد و شارستانییەتی ھیندی کۆن لە نزیک ڕووباری سند.
بەپوختی، لە دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە ئاو گرنگییەکی لە ڕاددەبەری لەسەر ژیانی زیندەوەران ھەیە؛ ڕۆڵێکی گرنگی لە بازرگانی، پیشەسازی، ژیار (شارستانییهت)، ئابووری و سیاسهتدا ھەیە. لە ڕێگهی زنجیرە وتارێکەوە لە داھاتوودا بەوردی تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ڕەھەندەکانی ململانێی ئاو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، لەسەر ئەو دۆسیە گرنگانە دەوەستین کە بابەتی ناکۆکی، پاشان ململانێ و پاشانیش تەنگژە و، دواجاریش بابەتی جەنگی نێوان دەوڵەتانە. تیشک دەخەینە سەر ڕۆڵ و گرنگی و بایەخی ئاو لە بواری پەیوەندیی بازرگانیی نێودەوڵەتیدا. چەمکی ئاوی گریمانەیی (virtual water) و پەیوەندیی ئەم چەمکه بە ئاسایشی خۆراک و سەروەریی دەوڵەتەوە، لێکدانەوە دەکەین بۆ ئەو بابەتانەی کە کێشەی کەمئاوی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان خوڵقاندوویەتی. باری یاساییی ڕێکخستنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا، تەوەرێکی گرنگی وتارەکانی داھاتوومان دەبێت. گرنگیی ئاو بەرامبەر نەوت، ڕۆڵی ئاو لە دروستبوونی دەوڵەتی نوێ، پرۆژەکانی ھاریکاریی ئاویی نێوان دەوڵەتان و خاڵە جێناکۆکهكانیان و چەندین بابەتی گرنگی دیکەی تایبەت بە ئاو، کەرەستی وتارەکانی داھاتوومان دەبن.
یەکەم: زانیارییە سەرەتایییەکان: بڕی ئەو ئاوەی لەسەر زەوی ھەیە، بە ١٤٠٠ ملیۆن کیلۆمەتر سێجا ئەژمار دەکرێت؛ واتە ئاو نزیکەی ٧١%ی ڕوووبەری گۆی زەویی داپۆشیوە . زۆرینەی ئەو بڕەیش، کە بە ٩٧.٥% مەزەندە دەکرێت، ئاوی سوێرە کە لە زەریا و دەریا گەورەکاندایە؛ ٢.٥ %ی ئەو بڕەی دیکەیش بریتییە لە ئاوی شیرین و سازگار، لەو بڕە ئاوە شیرینەیش ٤٠% لە ناواخنی زەویدایە، ٤٠% لە چیا بەرز و سەختەکان و ناوچە جەمسەرییەکاندایە؛ ٢٠%ی بڕی ئەو ئاوە شیرینە فەراھەمە و بەئاسانی بەردەست دەکەوێت. لێرەوە گرفتێک بەڕوونی سەر ھەڵدەدات کە بریتییە لە نایەکسانی و ناھاوسەنگی لە نێوان بڕی ئەو ئاوە شیرین و سازگارەی گۆی زەوی لەگەڵ ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی و، ئەو زیادبوونە بەرچاوەی ساڵانە لە ژمارەی دانیشتووانی جیھاندا دروست دەبێت. لێرەوە ئاو دەبێتە ماددەیەکی گرنگی جێی بایەخ و سەرنجڕاکێش و، ماددەیەکی ئابووریی ستراتیژی بۆ ماددەیەکی جێگهی ناکۆکی و ململانێ لە نێوان دەوڵەتاندا. لەو ڕوانگەیەیشەوە بابەتی ئاو، بووهتە بابەتێکی جێگهی بایەخی بەشێکی زۆری زانستەکان؛ لە ڕووی دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو و بەڕێوەبردنیان و شیکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕەھەندی ململانێی دەوڵەتان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان .
دووەم: ئاو، بابەتی ھاریکاری یان جەنگ: بەشێک لە توێژەران و تا ڕاددەیەک سیاسییەکانیش کە گرنگی بە ئاو دەدەن، وەک ڕەگەزی یەکەمی ژیان، بەسەر دوو تیمدا دابەش بوون: تیمێک ڕای وایە کەمیی ڕێژەی ئاوی سازگار و، ناجۆری و ناھاوسەنگی لە دابەشبوونی ئاو و، نەبوونی ڕێسا و یاسایەکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ڕێکخستنی بەکارھێنان و سوودوەرگرتن لە ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ھاوسەنگ، دەبێتە ھۆی ڕووددانی تەنگژە؛ وەک لە ئێستادا چەندین دۆسیەی تەنگژەی ئاوی لە نێوان وڵاتاندا بوونی ھەیە و، پاشانیش ئەگەری ڕوودانی جەنگ لە نێوان دەوڵەتان لەسەر سەرچاوەکانی ئاو ئەگەرێکی زۆر نزیکە و، بەشێک لە جەنگی داھاتوو لەبارەی ئاوەوە دەبێت.
تیمی دووەم ڕای وایە، کە ڕاستە سەرچاوەکانی ئاوی شیرین و سازگار بە شێوەیەکی گشتی بڕەکەی کەم و دیاریکراوە و بە شێوەی وەک یەک بەسەر دەوڵەتاندا دابەش نەبووە، بەڵام دەرگهی ھاریکاری و گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان دەوڵەتان دەرگهیەکی کراوەیە و، بە ھۆی ئەوەی کە ئاو ڕەھەندێکی مرۆییشی ھەیە ئاسۆی ھەڵگیرسانی جەنگ لەسەر ئاو بەدی ناکرێت. لە دیدی ئێمەدا ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی لە بۆچوونی ھەر دوو تیمەکە بڕوانین، دەبینین کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی ڕێژەیی، ڕا و دیدگهی تیمی یەکەم بە ھۆی زیادبوونی کێشە ئاوییەکانی نێوان دەوڵەتان، زاڵتر و باوترە؛ لەگەڵ ئەوەیشدا ناتوانین ئەوە نادیدە بگرین کە پرەنسیپی "سەروەریی بەرژەوەندییە باڵاکان" لەم بوارەدا ڕۆڵی گرنگی بۆ خاوکردنەوە و کاڵکردنەوەی ململانێ ئاوییەکان گێڕاوە. بە نموونە ململانێی توندی نێوان ھندۆستان و پاکستان لەبارەی ئاوی ڕووباری "ئیندۆس"؛ کە پشت بەم پرەنسیپە بەسترا و، بانکی نێودەوڵەتی توانیی ھاریکاری و ئاسانکاریی ھەر دوو لا بکات بۆ لابردنی ئەو لەمپەرانەی کە لەبەردەم بەڕێوەبردنی پرۆسەی ڕێکخستنی ئاوی ڕووبارەکەدا ھەبوون. ھەرچەندە لە ئێستادا ناکۆکییەکان سەرلەنوێ لەبارەی ئاوی ئەو ڕووبارەوە لە نوێبوونەوەدان.
سێیەم: ھایدرۆپۆلیتیکس: چەمکی ھایدرۆپۆلیتیکس پێشینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زانای بواری ئاو "جۆن واتربری"، کە لە ساڵی ١٩٧٩دا بۆ یەکەم جار ئەم چەمکەی بەکار ھێنا وەک دەستەواژەیەک بۆ گوزارشتکردن لە پەیوەندیی نێوان دوو بواردا؛ کە بریتین لە زانستی سیاسەت و زانستی ئاو و پەیوەندیی پێکەوەگرێدراوی نێوانیان. لە دیدگهی "جۆن واتربری"یەوە، کاری ئەم چەمکە، شرۆڤە و لێکدانەوە و توێژینەوەی پەیوەندی و کارلێکە نێودەوڵەتییەکانە لەسەر ڕۆشناییی فاکتەرە ئاوییەکان؛ بە جۆرێک کە ئەم چەمکە دەری دەخات که ئاستی پەیوەندیی نێوان دیاردە سیاسییەکان و دیاردە ئاوییەکان، پەیوەندییەکی پێکەوەگرێدراوه. لەسەر ئاستی گشتیش، زاراوەی ھایدرۆپۆلیتیکس بەو واتایە دێت کە ئاو سیاسەتە و، ھایدرۆپۆلیتیکسیش ئاماژەیە بۆ پرۆسەیەکی سیاسی لە نێوان دەوڵەتان سەبارەت بە بەکارھێنانی ئاوی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان. چەمکی ھایدرۆپۆلیتیکسیش بە پلەی یەکەم، بریتییە لە سیاسەت لە نێوان دەوڵەتان سەبارەت بە کۆکردنەوە و دابەشکردن و و تەحەکومکردن بە سەرچاوە ئاوییەکانەوە؛ دەوڵەتیش لە پرۆسەی ھایدرۆپۆلیتیکسدا دەوڵەتێکی نەتەوەیییە، یان لانی کەم گوزارشتە لە خواستە نەتەوەیییەکان، بە نموونە: کێشە ئاوییەکانی نێوان میسر و سوودان، ئەمریکا و مەکسیک، پاکستان و ھندۆستان، نیپاڵ و ھندۆستان و بەنگلادش. خاڵێکی دیکەی گرنگ لە چەمکی ھایدرۆپۆلیتیکس بریتییە لەوەی کە فەرھەنگی ئەم چەمکە بۆ دوورخستنەوەی ململانێکان و شوێنگرتنەوەیەتی بە چەمکی ھاوکاری؛ واتە گرنگیدانە بە ھاریکاریی نێوان دەوڵەتان و وەلانانی ململانێکان.
چوارەم: ناوەندەکانی ململانێ ئاوییەکان: بەشێکی زۆر لە ڕاپۆرت و توێژینەوە ئەکادیمییەکان و بەشێکیش لە ململانێکان کە ئێستا لەسەر شانۆی سیاسیی نێودەوڵەتی بەرجەستە دەبن، ئاماژە بە توندیی ململانێکان و کێشە ئاوییەکان لە نێوان دەوڵەتان دەدەن. تەنگژە و ململانێکان لەبارەی ڕووباری نیل و ڕووباری دیجلە و فورات و ڕووباری ئۆردن و تەنگژەکانی باشووری ئەفریقا و ڕۆژاوای ئاسیا و کیشوەری ئەمریکای لاتین و بەشێکی ئەوروپا، بەدی دەکرێن. ڕاپۆرتێکی ئەمریکی ئاماژ دەدات بەوەی کە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گەرمترین ناوچەی ململانێیە لەسەر کێشە ئاوییەکان و، ئەگەری ھەڵگیرسانی جەنگ لەسەر سەرچاوەکانی ئاو لە پەرەسەندایە .
کۆتایی: ئاو لە ئێستادا بەگوێرەی توێژینەوەکان، بووهتە ماددەیەکی دیاری ململانێ لە نێوان دەوڵەتاندا. کەمیی سەرچاوە ئاوییەکان و بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی جیھان و ناجۆری لە دابەشبوونی ئاو لە نێوان دەوڵەتان و نەبوونی یاسایەکی جیھانی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخستنی سوودوەرگرتن و چۆنێتیی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، ھۆکاری لەپێشینەی زیادبوونی ململانێ و تەنگژەکانە. بۆ ھەڵوەستەکردن لەسەر گرنگیی ئاو و کاریگەرییەکەی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان و وردەکاریی نموونەی ململانێ ئاوییەکان و گرنگترین لێکەوتەکانی، ھەوڵ دەدەین بە چەند وتارێک خزمەت به خوێنەرانی پێنووس بکەین .
سەرچاوەکان:
1- د. ابراهيم سليمان عيسى، أزمة المياه في العالم العربي: المشكلة و الحلول الممكنة، دار الكتاب الحديث، القاهرة، الطبعة اولى، 1999.
2- د. ڕمزي سلامة، مشكلة المياه في الوطن العربي: احتمالات الصراع والتسوية، منشأة المعارف بالاسكندرية، مصر،2001.
3- سهام فوزي، الهيدروبوليتكس، http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=161976