دەستپێک: ٢٥/٩، ڕۆژێکی گرنگە لە دیرۆکی کوردستان. ڕۆژی بەرجەستەبوون و پراکتیزەبوونی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە؛ ئیرادەیەک کە زەمەنێکە لە بەردەم سەدان ھەوڵی بەربەرییانە و نامرۆڤانەدا وەک شاخ خۆڕاگرە، بەڵام ھێشتا زیندووە و گڕوتینی بەھێزی ھەیە. مێژووی کوردستان لێوانلێوە لە بەرەنگاربوونەوەی شکاندنی ئیرادەی دانیشتووانەکەی، بەڵام پاش سەدەیەک لە ھەوڵدان بۆ پەرتکردنی ئیرادەی، خەڵکەکەی ئێستا بە دەنگی بەرز و دلێرانە بانگەشەی بەرجەستەبوونی ئەو ئیرادەیە دەکات بۆ فۆرمێکی نوێی ژیان و سەربەستبوون و سەربەخۆبوون. ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ئیرادەی کوردستانیان و وێستگە جیاوازەکانی، تا دەگات بە بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.
١- ئەگەر بەوردی بڕوانینە مێژووی بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق و قۆناغەکانی پێش دروستبوونی ئەم دەوڵەتە، ھەوڵی پەراوێزخستنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەڕوونی دەبین لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی سایکس – پیکۆ و لە لایەن دەوڵەتانی کۆلۆنیالەوە، کە چۆن تایبەتمەندیی کورد لەبەرچاو ناگرن وەک نەتەوەیەک و ھەموو ئەو نەتەوانە و ئایین و ئایینزایانەی لەم جوگرافیایەدا دەژین. دەوڵەتێک دروست دەکەن کە تیایدا کورد لە مافەکانی خۆی بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە بێبەش دەکەن. بەڵام وەڵامی کوردستانیان بۆ ئەو ھەوڵەی تێکشکاندنی ئیرادە، ھەڵبژاردنی شۆڕشە لە دژی پێشێلکردنی مافەکانی. پاش ئەوەی کورد بە شێوەی جیاجیا و پاشان ھەندێک جار پچڕپچڕ و لۆکاڵییانە شۆڕش دەکات، ئەنجامەکانی ھەرچی بن، گرنگ ڕەتکردنەوەی تێکشکاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانە. شۆڕشە بەردەوامەکانی کورد لەناو دەوڵەتی عێراقدا، گەواھیدەری ئەوەن کە کورد بەسەختی جەنگاوە بۆ بەرزڕاگرتنی ئیرادە ئەمە ڕوونتر دەردەکەوێت کاتێک شۆڕشی ئەیلوول بەرەنجامی ئیرادەی شۆڕشگێڕان و پشتگیریی کوردستانیان بۆ شۆڕش، حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار دەکات بە داننان بە مافی ئۆتۆنۆمی وەک سەرەتاییترین فۆرمی خۆبەڕێوەبەری. پاشان شۆڕشی کوردستانی بە پشتبەستن بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان، دەتوانێت بەشێکی زۆری خاکی داگیرکراوی کوردستان ڕزگار بکات و سیستهمی ئۆتۆنۆمی بگۆڕێت بۆ سیستهمی فیدراڵی و زیاتر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، تا دەگات بەوەی کە لە دەستووری ھەمیشەییی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥دا بیچەسپێنێت .
٢- ئەو کورتە مێژوویەی لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێ کراوە، لە ڕووی بەدەستھێنانەوەی بەشێک لە مافەکانهوه، بەرەنجامی بوونی ئیرادەیەکی بەھێز بووە لە لایەن کوردستانیانەوە. لەناو ئەو مێژووەدا چەندان ھەوڵی گەورە و مەترسیدار بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی میللەتێک ھەبوون، کە خۆیان بینیوەتەوە لە پرۆسەی بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردن و ڕاگواستن و خاپوورکردنی ھەزاران گوندی کوردستان و پرۆسەکانی جینۆساید بە ھەموو فۆرمەکانییەوە و گرتنی تاک و بەکۆمەڵ و و ئەشکەنجەدان و بەکرێگرتن و ھێرشی سوپایی و دروستکردنی دەیان ناوچەی قەدەغەکراو لە نیشتەجێبوون بونیاتنەدانی پرۆژەی ستراتیژی و پاشان پەراوێزخستنی کورد لە پرۆسەی سیاسی، تا دەگات بە نانبڕینی خەڵکی کوردستان و سیاسەتی گەمارۆخستنە سەر دانیشتووانەکەی و پێشێلکردنی مافە سیاسی و ئابووری و فەرھەنگییەکانی، کە دەکرێت بۆ دوو قۆناغ پۆلێن بکرێت: قۆناغی یەکەم: لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە دەست پێ دەکات، تا ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام حوسێن. قۆناغی دووەم: لە ڕووخاندنی ڕژێمی عێراقەوە لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣وە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە ئەمڕۆ. لە ھەر دوو قۆناغەکەدا، بە گۆڕانی بارودۆخ و ھەلومەرجی سیاسی لە ئاستی ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، ئامانجی دەوڵەتی ناوەند تێکشکاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بووە بە چەندین شێواز و ئامرازی جیاواز. بەڵام بوونی ئیرادەیەکی پۆڵایین لە لایەن کوردستانیانەوە تا دەگات بە ئێستا، بە ھەموو ھەوراز و نشێوییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانەوە، توانراوە ئەم ئیرادەیە ھێشتا زیندوو و بەرز بێت و تێک نەشکێت .
٣- ژینگەی نێودەوڵەتی و ئیرادەی کوردستان: لە بەشێک لە وێستگە گرنگەکاندا دەوڵەتانی گەورەی دونیا ههر لەسەرەتاوە بۆ ئیرادەی خەڵکی کوردستان ھاوسۆز نەبوون، بەڵام کاتێک بەو ڕاستییە گەیشتوون كه گەلێک ھەیە توانای بەرەنگاربوونە و چەسپاندن و پراکتیزەکردنی ئیرادەی ھەیە، ناچار بوون بە دروستبوونی دیفاکتۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێ و پێشھات و گۆڕانکارییە نوێیەکانی گۆرەپانی سیاسیی خەڵکی کوردستان بکەن. کاتێک کوردستان فیدراڵییەتی ڕاگهیاند، لەسەر بنەمای پشتیوانیی زلھێزەکانی دونیا نەبوو، بەڵام سەرەنجام ئیرادەی خەڵکی کوردستان ئەو گۆڕانکارییەی خوڵقاند و، دەوڵەتانی گەورە و خاوەن کاریگەری لە ژینگەی نێودەوڵەتیدا، وەک دیفاکتۆ مامەڵەیان لەگەڵ کرد و دانیان پێدا نا. کاتێکیش "پۆل بریمەر" دژی پێشمەرگە بوو و، ھەوڵی دەدا فیدراڵییەتی پارێزگهكان لە عێراقدا بچەسپێنێت، ئیرادەی سیاسیی کوردستان بوو کە ھەوڵەکانی سەر نەگرێت؛ لە کاتێکدا ئەو فەرمانڕەوای مەدەنیی ئەمریکییەکان بوو لە عێراقدا. کاتێک دەیانویست کورد ئاڵا کۆنەکەی بەعس ھەڵبکات، ئیرادەی سیاسیی کوردستان بوو نەیھێشت ئەو ئاڵایە لە خاکی کوردستان ھەڵبکرێت و، ئاڵاکەیان گۆڕی. کاتێکیش کورد بەفەرمی ئاڵای لە کەرکووک ھەڵکرد، مۆڵەتی لە ھیچ زلھێزێک وەرنەگرتبوو بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، بەڵام ئیرادەی خەڵکی کوردستان بوو ئەوە بەرجەستە بوو و، ھیچ پەرچەکردارێکی نێودەوڵەتیی توندی بەدوای خۆیدا نەھێنا. ئێستایش کاتێک کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی داوە و لە ٢٥/٩دا ئەنجامی دەدات، تەنیا ئیرادەیەک لەم پرسەدا زۆر گرنگ و جێی بایەخ بێت، ئیرادە و دەنگی خەڵکی کوردستانە، بە تەواوی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانەوە.
٤- ئیرادە چۆن ڕیفراندۆم سەر دەخات؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، پۆلێنبەندییەک لەسەر سێ ئاست دەکەین:
ئاستی یەکەم: عێراق: وەک لە خاڵی ١ و ٢دا بەپوختی ئەوەمان ڕوون کردۆتەوە، بە درێژاییی سهدهی ڕابردوو، عێراق ھەموو فۆرمەکانی تێکشکاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستانی تاقی کردۆتەوە، بەڵام تیایدا سەرکەوتوو نەبووە. زیندووترین ئەرگیومێنت بۆ سەلماندنی ئەم وتەیە ئەوەیە، كه کوردستان لە ئێستادا دەسەڵاتی فەرمانڕەوایییەکەی بەسەر زیاتر لە ٩٠%ی خاکەکەی خۆیدا پراکتیزە دەکات، کە ھەندێک وێستگەی مێژوویی ھەبووە فەرمانڕەواییی کوردی تیایدا لە چەند گوندێک نەترازاوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا عێراق بە ھەموو قۆناغەکانی ١٠٠ ساڵی ڕابردووی خۆیەوە و بە ھەموو توانا دارایی و سیاسی و سەربازییەکانییەوە، توانیویەتی ئیرادەی ئێمە تێک بشکێنێت و ڕێگر بێت لەوەی کە ئێمە لە ئێستادا لەسەر خاکی خۆمان فەرمانڕەوای خۆمان بین؟ ئەی ئێستا چۆن دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، لە کاتێکدا لە ڕووی دارایییەوە وەک جاران بەھێز نییە، لە ڕووی سوپایی و سیاسییەوە وەک جاران بەھێز نییە، لە ڕووی ئەمنییەوە خاوەنی دەیان و سەدان کێشەی ئەمنیی جۆراوجۆرە؟
ئاستی دووەم: ژینگەی ھەرێمایەتی: لە ئێستادا ژینگەی ھەرێمایەتی، چ جۆرە ژینگەیەکە؟ ئایا ھەر ئەو ژینگه کۆنە بێبەرژەوەندییە ئابوورییەی جارانە، یان گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا ھاتووە؟ سووریا لە دۆخێکی سەربازی و شڵەژانێکی ئەوەندە گەورەی ئەمنیدایە، کێشەکانی خۆی پێ چارەسەر ناکرێت و، ناتوانێت ڕووبەڕووی کوردستان ببێتەوە. تورکیا و ئێران ئەگەرچی نیگەران و ھەتا دژیش بن بەم پرسە، بەڵام خاوەن بەرژەوەندیی ئابووریی گرێدراون بە کوردستانەوە، دۆخی بێبەرژەوەندیی جاران کۆتایی ھاتووە. بڕی ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی کوردستان لەگەڵ ھەر دوو دەوڵەت، ١١ ملیارد دۆلاری تێ پەڕاندووە. ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کەم بە گەمارۆ و سزای ئابووری، ھەوڵی تێکشکاندنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بدەن، بەڵام سەرەنجام کوردستان چەند زیان بکات ئەوان دە بەرامبەر زەرەرمەند دەبن و ناتوانن بەردەوامی بەو سیاسەتە بدەن. دەوڵەتانی عەرەبیش، بەتایبەت کەنداو، لەگەڵ عێراقدا چەندین گرفتی دیرۆکی و ئێستایییان لە چەندین بواردا ههیه و، ناتوانن ڕاستەوخۆ و چڕوپڕ دژ بە خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان ببنەوە.
ئاستی سێیەم: ژینگەی نێودەوڵەتی: لە خاڵی ٣ی ئەم وتارەدا بەپوختی تیشک خراوەتە سەر دۆخی نێودەوڵەتی و، بەتایبەتیش ھەڵوێستی ئەمریکا لەم بابەتەدا. ئەوەی گرنگە بۆ ئەوروپا، بابەتی جهنگی داعشە کە لە ناوچەکەدا بە جۆریک لە جۆرەکان گۆڕانکاریی بەسەر ڕۆڵیاندا ھاتووە، بەڵام شارەزایانی بواری پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوە دەدەن کە بوونی دەوڵەتی کوردستان، لە ڕێکخستنەوەی ناوچەکە و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی باڵانسی ھێز و بابەتە ئابوورییەکان، بەتایبەت لە بواری وزەدا لە پلانێکی ستراتیژیدا، لە بەرژەوەندیی ئەواندایە و، ناکۆک نییە لەگەڵ دیدگهی ئەوروپی لەمبارەیەوە.
پوختە: قۆناغی پاش زۆربەی جەنگەکان، قۆناغی دابەشکردنەوە و ڕێکخستنەوەی تەرازووی ھێزە. قۆناغی پاش داعش، ئەوە بە کوردستان دەڵێت کە ھەر ھەوڵێک ھەبێت، پێویستە بۆ شێوازێکی دیکەی پێشکەوتووتر بێت لەو شێوازەی کە ئێستا ھەرێم بە بەغداوە دەبەستێتەوە. ئیرادەی خەڵکی کوردستان خاڵی دەستپێک و سەرەتا و گرنگترین خاڵیشە لە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان؛ لەو ڕوانگەیەوە ئەم ڕیفراندۆمە، ڕیفراندۆمی ئیرادە و بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی ئیرادەی خۆسەپێنی و ستەمکارییە .