پێشەکی: لە ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەوروپا بە چەند وێستگەیەکدا گوزەریان کردووە کە ڕەھەندی ململانێ تیایدا تۆختر بووە وەک لە ڕەھەندی ھاریکاری و پەیوەندیی دۆستانە. ئەوروپا بە بارێکدا وەک ھاوبەشێکی دانەبڕاو و سەرەکیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکەوتووە، بە بارێکی دیکەیشدا ھەندێک ڕایان وایە کە ئەوروپا بەبەردەوامی لە ھەوڵی ئەوەدا بووە لە مامەڵە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا جیاوازتر دەربکەوێت؛ جیاوازتر لە ھەندێک بەھا و بابەت کە پرەنسیپێکی قووڵترن لای ئەوروپییەکان و، کۆمەڵێک بەھای ھاوبەشی ئەوروپی و جیھانین سەبارەت بە دیموکراسی و پراکتیزەکردنی مافەکانی مرۆڤ. ئەوروپپیەکان ھەندێک جار، بە شێوەیەکی ڕێژەیی، دوور لە پراگماتییەت لە بواری بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەرکەوتوون، سەبارەت بە گرنگیدان بە دیموکراسی و ئازادی و ئاستی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا. ئەم ڕەھەندە ئەگەرچی جۆرێک لە تایبەتمەندی و جیاکاریی بە ئەوروپییەکان بەخشیوە لە پەیوەندیدا بە ئێرانەوە، بەڵام لە کۆی گشتیدا، لە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا ھاونزیکییەکی زۆر لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکا بەدی دەکرێت، کە دیدگهی سیاسییان زۆر خاڵی ھاوبەشی بۆ دروست کردوون. لە پاش ڕێککەوتننامەی ٥+١ لەگەڵ ئێران سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپا جووڵە و گڕوتینێکی دیکەی تێ کەوت؛ چالاکییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان فراوانتر و چڕتر بەدەردەکەون.
ڕەنگە ئەوروپییەکان زیاتر ھاندەر بن بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتننامەیە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، چونکە لە لایەک ئەوروپا جارێکی دیکە تێکەڵ بە دۆسییەکی دیکەی تەنگژاویی وەک دۆسیەی ئەتۆمی نابێتەوە، لە لایەکی دیکەیشەوە ئەوروپا وەک زۆنێکی پیشەسازی، پێویستییەکی زۆری بە وزە ھەیە و بەبەردەوامی لە ھەوڵی فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی وزەدایە کە ڕەنگە ئێرانی دەوڵەمەند بەم بابەتە، یەکێک بێت لە ئەلتەرناتیڤەکان بۆ ئەوروپا؛ چونکە ئێران سێیەم دەوڵەتە لە ڕووی یەدەگی گازی سروشتییەوە و، چوارەم دەوڵەتە لە ڕووی یەدەگی نەوتەوە؛ ئەمە جیا لەوەی وەبەرھێنان و پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەوروپا و ئێران زیاتر گەشە بەخۆوە دەبینێت. لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە توێژەران خوێندنەوەی ئەرێنی بۆ داھاتووی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەوروپا دەکەن، بەڵام چەند دۆسیەکی گرنگی جێناکۆک لە نێوان ھەر دوو لادا بەردەوامیی ھەیە. بە چەند تەوەرێک تیشک دەخەینە سەر ئاسۆی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەوروپا و پێویستیی ھەر دوو لا بە یەکدی و تەوەرەکانی جیاوازیی دیدگه و تێڕوانینیان :
تەوەری یەکەم: ڕەھەندی کرانەوەی زیاتری ئەوروپا بۆ ئێران: وەک ھەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ھەندێک لەو گرفتانەی دوای تەنگژەی ئابووریی جیھان لە ساڵی ٢٠٠٨دا تووشی ئەوروپا ھات، دامەزراوە و، کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپا ھەوڵی فراوانکردنی چالاکییە ئابوورییەکانیان دەدەن لە ژینگەیەکی گرنگی بواری وەبەرھێنان، کە ئێرانە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئابووریی کۆمپانیای "مید" بۆ پرۆژەی تایبەت لە دوبەی، ئەوە خراوەتە ڕوو کە ئێران ژینگەیەکی بەپیتی بواری سەرمایەگوزاری و وەبەرھێنانە لە سێکتەری وزەدا، کە ڕەنگە بەھاکەی نزیک بێتەوە لە ١٦٧ ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیا ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان. لە ئێستادا ١٩٧ پرۆژە تەنیا لە بواری وزە لە کەرتەکانی نەوت و گازی سروشتی و پترۆکیمیایی و پیشەسازی لە ئێراندا، یان پلانی بۆ دانراوە، یان لەژێر کاردایە؛ ئەم ژمارەیە ئەگەری زیادبوونی ھەیە ئەگەر ھات و گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران کەمتر بکرێنەوە. وێڕای ئەوەی ئێران ٤٠%ی نەوت بۆ ئەوروپا دابین دەکات، ئومێدی ئەوە دەکرێت کە ڕێککەوتننامەی ٥+١ لەگەڵ ئێران ڕێگه بۆ بووژاندنەوەی زیاتری ئەم بوارە خۆش بکات. لە لایەکی دیکەوە ئەوروپییەکان تێگەیشتنێکی وردیان ھەیە بەوەی کە ئێران ٨٠ ملیۆن دانیشتووی ھەیە و ڕێژەیەکی زۆری بەکاربەرە، کە ئەوروپا ھەوڵ دەدات بیکاتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی.
ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە ڕەھەندێکی دیکەی کرانەوەی ئەوروپی لەگەڵ ئێراندا، دەگەڕێتەوە بۆ خوێندنەوەی وردی ئەوروپییەکان و تێگەیشتنیان لەوەی کە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا لە چەندین تەنگژەدایە و، لە ئاییندەیش ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی بوومەلەرزەی سیاسیی گەورە دەبێتەوە و، تەنگژەی قووڵتر ڕووی تێ دەکات و، ئێرانیش کاراکتەرێکی گرنگ و کارا و کارتێکەری ناوچەکەیە و، ڕۆڵی ھەیە لەو ململانێ و تەنگژانەی کە لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن. بۆ چارەسەری بەشێک لە ئاریشە و ململانێکان، ئەوروپییەکان پێویستییان بە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا دەبێت و، لەو ڕێگهیەوە دەتوانن ڕۆڵێکی کاراتر بگێڕن. ڕەنگە ئەم تێڕوانینە، بە بارێکدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی دروست بێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا بۆچوونی باو و زاڵ ئەوەیە کە ئاراستەی ڕۆژاوایییەکان، بەتایبەت ئەمریکا، بۆ زیاتر بەرسنووردارکردنی ڕۆڵی ئێرانە لەناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نەک ھاوبەشیپێکردن لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیە و تەنگژەکاندا.
تەوەری دووەم: درێژکردنەوەی سزاکان لەبارەی مافی مرۆڤ: ئەوروپا لە ڕوانگەی بەھا باڵاکانەوە تێڕوانینی بۆ دۆسیەی مافی مرۆڤ ھەیە لەو دەوڵەتانهی ڕێژەی پێشلکارییەکان بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ دیار و بەرچاون. ئێران بە ھۆکاری بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بە شێوەیەکی بەردەوام لە لایەن ڕێکخراوەکانی چاودێریی مافی مرۆڤەوە تۆمەتبار دەکرێت. بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان لە ئێران، دەرھاوێشتەی سیستهمی فەرمانڕەواییی ئەو وڵاتەیە و ڕەھەندەکانی ئایینی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، لە گرنگترین ئەو بوارانەن کە ئازادییەکانیان تێدا سنووردار کراوە و لەژێر چاودێریی وردی دەوڵەتدان؛ ئەمە جیا لەوەی ئێران لە دیدگهی ئەوروپییەکانەوە نەیتوانیوە ئاستێکی باشی پراکتیزەکردن و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ بەرجەستە بکات و، لە ھەمان کاتدا نەیتوانیوە مامەڵەیەکی دادپەروەرانە و دروستیش لەگەڵ پێکھاتە ئایینی و ئایینزایی و نەتەوەیییەکانی ناو دەوڵەتی ئێران بکات.
وەک پەرچەکردارێک بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، ڕێکەوتی ١١ی نیسانی ٢٠١٧، یەکێتیی ئەوروپا سزاکانی سەر ئێرانی بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە درێژ کردەوە؛ کە لە بنەڕەتدا سزان لەسەر پشکی ٨٢ کەسایەتی و یەک دامەزراوە لەگەڵ قەدەغەکردنی ھەناردەکردنی ئەو کەلوپەلانەی لە بواری سەرکوتکردنی ھاووڵاتیان بەکار دەھێنرێن لەگەڵ ئەو ئامێرانەی بۆ چاودێریکردنی بواری پەیوەندییەکان بەکار دەھێنرێن. ئەم سزایانە لە ساڵی ٢٠١١هوە بەرکارن و، ساڵانە لەگەڵ باشنەبوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران نوێ دەکرێنەوە؛ بەتایبەتی کە پێشێلکارییەکان فراوانن و دژ بە ڕۆژنامەنووسان، بزووتنەوەی قوتابییان، چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و، داخستنی دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە ئەنجام دراون. کۆمیسیۆنی چاودێریی مافی مرۆڤ لە ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی چاودێریی ئەم بوارە، بەوردی ئەو پێشێلکارییانە تۆمار دەکەن کە دەرھەق بە مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.
تەوەری سێیەم: ڕەوەندی شیعە لە ئەوروپا و ڕۆڵی ئێران: ئێران لە پشتگیریکردنی شیعەکانی ئەوروپادا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت. ئەگەرچی ژمارەی شیعەکان لە ئەوروپا لە ژمارەی سوننەکان کەمترە، بەڵام توانیویانە نەرمتر و زیرەکانەتر مامەڵە بکەن. جگە لە چەند چالاکییەکی توندڕەوی حزبوڵڵای لوبنانی لە ئەوروپا، بە شێوەیەکی گشتی موسڵمانە شیعەکان کەمترین تێوەگلانیان لە کاری تیرۆر و توندڕەویدا ھەیە و، کەمتر مەترسییان لەسەر ئاسایشی گشتیی ئەوروپا دروست کردووە. ئهوان خاوەنی دەیان ناوەند و مزگەوتن کە لەناو موسڵمانانی سوننەمەزھەبدا بەوردی کار لەسەر پرۆسەی بەشیعەکردن دەکەن؛ بەتایبەت لە ھۆڵهندا و بەلژیکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا توانیویانە نزیکەی سێ ھەزار ھاووڵاتیی مەغریبی و جەزائیری و تونسیی سوننەمەزھەب، بکەن به شیعە. ئەمەیش بەڕوونی لە لێدوانەکانی وەزیری کاروباری ئایینی و ئەوقافی جەزائیری، "محەمەد عیسا"دا دەردەکەوێت کە ئاماژە بە گۆڕانکاریی مەزھەبی دەکات لای جەزائیرییەکان؛ بەتایبەت لای ئافرەتان لە وڵاتانی ئەوروپی و، پاشان کاریگەریی لەسەر ناوخۆی جەزائیر دەبێت. دەوڵەتانی عەرەبی، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە پشت ئەو دامەزراوانەیە کە شیعەگەرایی لە ئەوروپادا لەنێو ڕەوەندی موسڵمانی سوننەمەزھەب بڵاو دەکهنەوە.
کۆتایی: دۆسیەی پەیوەندیی ئێران و ئەوروپا دۆسیەکی گشتگیرە. ھەوڵمان داوە چەند ڕەھەندێکی بخەینە ڕوو؛ جیا لەو جیاوازیی تێڕوانینەی لە نێوان ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکان و ئیسڕائیلدا سەبارەت بە ئێران ھەیە. ھاتنی ترامپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بانگەشە و تێڕوانینەکانی سەبارەت بە ڕێککەوتنی دۆسیەی ئەتۆمی، ئەوروپییەکانی تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ کرد؛ جیاکاریی گرنگ لە نێوانیاندا بەدی دەکرا، بەوەی ئەوروپییەکان بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ ھەڵنەوەشاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنەن و، جەنگ بە ئەلتەرناتیڤی مامەڵە لەگەڵ ئێراندا نازانن.
ئیسڕائیلیش بە تێڕوانینە نزیکەکانی لە ئەمریکا، لە ھەوڵی ڕازیکردنی ئەوروپییەکان بوو بۆ دیدگهکەی ترامپ. سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل لەگەڵ بریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، چەند ھەوڵێکی دیپلۆماسییانەی دا، بەڵام سەبارەت بەو ڕێککەوتنە و ھەڵنەوەشاندنەوەی، ھەڵوێستێکی ھاوبەشی لە ئەوروپییەکان وەرگرت. بۆ دابەشنەبوونی ھەڵوێستی ڕۆژاوایییەکان، ئەمریکا و ئەوروپا پێویستییان بە تێگەیشتنی زیاتر و گفتوگۆی چڕتر ھەیە، چونکە دیمەنی ئێستای جیاوازییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا، بە سوودی زیاتری ئێران دەکەوێتەوە.