پێشەکی: پچڕاندنی پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و ئەمریکا، لە ساڵی ١٩٧٩وە سیمایەکی گشتیی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریکا بووە. لە ماوەی سێ دەیە و نیو زیاتر، کەمن ئەو وێستگانەی کە پێکگەیشتنی دیپلۆماسی تیایاندا ڕووی دابێت. ئیدارەی جۆرج بۆشی کوڕ لە جەنگی ئەفغانستان و عێراقدا لە ڕێگهی لایەنی سێیەم (سویسرا)، توانییان جۆرێک لە تێگەیشتن لەگەڵ ئێران بۆ دۆخی سیاسیی ئەو کاتە بخوڵقێنن، بەتایبەت لە گۆنگرەی ئەڵمانیا توانرا سەرلەنوێ سیستهم و فۆرمی حوکمڕانیی ئەفغانستان دابرێژنەوە؛ ئەمە بەئهستەم ڕووی دەدا ئەگەر لێکتێگەیشتنی ئەمریکی –ئێرانی لەبارەوە دروست نەبوایە. پاش سەرکەوتنی "ڕۆحانی" لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، ئۆباما ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ڕۆحانییەوە کرد و پیرۆزباییی سەرکەوتنی لێ کرد. پاشان ئەم پەیوەندییە گوازرایەوە بۆ سەر ئاستی دیداری وەزیرەکانی ھەر دوو لا، بەتایبەت جۆن کێری و جەواد زەریف، وەزیرانی دەرەوەی ھەر دوو وڵات. لە کۆتاییشدا پاش چەندین گەڕی قورسی دانیشتن و گفتوگۆ، توانرا ڕێککەوتننامە لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران واژوو بکرێت. بە شێوەیەکی گشتی، لەگەڵ ئەو ھەموو ساڵە لە دابڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی ڕاستەوخۆ، ئەو دوو قۆناغە لە مێژووی پەیوەندیی دیپلۆماسیی ئێرانی – ئەمریکی لە پاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە، ناوازەن. سەرکەوتنی ترامپ لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و پەیامەکانی لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و، ئاماژەدان بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا، ڕەنگە پەیامی پۆزەتیڤ نەبن بۆ ئێران.
تەوەری یەکەم: بە شێوەیەکی گشتی گوتاری سیاسیی دۆناڵد ترامپ و لێدوانەکانی، لە بەردەوامبوونی سیاسەتی کرانەوە بە ڕووی ئێراندا ئاماژەی گەشبینی نین. بەشێکی زۆر لە تیمی وەزاریی ترامپ، لە قوتابخانەی ڕاستڕەوی کۆنسێرڤاتیڤن. ئەم قوتابخانەیە لە ڕووی مێژوویییەوە لە لایەنگرانی پچڕانی پەیوەندیی دیپلۆماسیی ڕاستەوخۆن لەگەڵ ئێران. بڕوایان بە سیاسەتی دەوردان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران ھەیە؛ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ھاوتەریبە بە ھزری ڕاستڕەوی ئیسڕائیلی. بە شێوەیەکی گشتی، لە تێگەیشتنی سەرەتاییی پەیوەندیی نێوان ئیدارەی ئەمریکای ترامپ و ئێران لەبارەی ڕێککەوتننامەی ٥+١ لەگەڵ ئێران، دوو ئاراستە پێویستە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، کە بریتین لە:
ئاراستەی یەکەم: ترامپ و ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی (٥+١): وتەکانی ترامپ سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، جۆرێک لە دژبەیەکیی تێدا بەدی دەکرێت. ھەندێک جار، تۆنی گوتاری ترامپ بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران زۆر توندە و، لە ھەندێک باری دیکەدا جۆرێک لە خاوبوونەوەی پێوە دیارە. ئەمەیش شرۆڤەکارانی خستۆتە بەردەم ڕایەکەوە کە بڵێن ترامپ خاوەن دیدگهیەکی ڕوون و ستراتیژییهکی تۆکمە نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێککەوتنی ٥+١ لەگەڵ ئێران. ھەندێک جار ترامپ ئەو ڕێککەوتنە بە کارەسات ناو دهبات و، ڕای وایە سەرەنجام دەبێتە ھۆلۆکۆستێکی ئەتۆمی. لە بەردەم لیژنەی کاروباری ئەمریکی – ئیسڕائیلی(AIPAC) ، کە گەورەترین گرووپی لۆبیی ئیسڕائیلییە لە ئەمریکا، ترامپ ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ئەو ڕێککەوتنە کارەساتبارە ھەڵبوەشێتەوە. ئەگەر لەم ئاراستەیەی یەکەمدا لەسەر ئەم سیناریۆیە گفتوگۆ بکەین، کە توندترین سیناریۆیە، دەکرێت بڵێین کە جێبەجێکردنی ئەم سیناریۆیە، ئەمریکا ڕووبەڕووی گرفت دەکاتەوە و، ڕەنگە زیان لە پێگەی سیاسیی ئهمریکا بدات. ئەو ڕێککەوتننامەیە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی ١٥ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن (ھەمیشەیی و ناھەمیشەیی)، دەرچوێنراوە و پارێزراوە. جگە لە ئەمریکا و ئێران، دەوڵەتەکانی وەک ڕووسیا و چین و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بریتانیا، لە گەیشتن بەو ڕێککەوتنە بەشدار بوون؛ ھەڵوەشاندنەوەیشی، پێویستیی بە بڕیارێکی دژی ئەو بڕیارە ھەیە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وەری گرتووە.
لە ئێستایشدا ڕووسیا و چین بە ھۆی دۆخی نوێی سیاسەتی نێودەوڵەتی و پاشان سەرقاڵییان بە کێشەی سەروەری لەسەر دەریای چینی باشوور و تەنگژەی سووری، بابەتی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لە پێشینەی بەرنامەی سیاسەتی دەرەوەیاندا نییە. جیا لەوەیش ئەڵمانیا و فەڕەنسا کە دوو دەوڵەتی گرنگی ئەوروپیی ناو ڕێککەوتنەکەن، ڕەنگە بە سیاسەتی نوێی ترامپ بە ڕامبەر ئەو ڕێککەوتنە، ھاوسۆز نەبن، بە ھۆی ئەنجامدانی چەندین مامەڵەی ئابووریی گەورە لەگەڵ ئێران کە لە ڕووی ئابوورییەوە زیانمەندی یەکەم دەبن، ئەگەر دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
ئاراستەی دووەم: لە ھەندێک حاڵەتدا ترامپ جیا لە باسكردن لە ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی ٥+١ لەگەڵ ئێران، باس لەوه دهكات كه سەرلەنوێ گفتوگۆ دەربارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، دهست پێ بكاتهوه. ترامپ بڕوای وایە ئەو ڕێککەوتنە، ئەوەی بەخشیوەتە ئێران کە شایستەی نییە. بۆ ئەو مەبەستەیش ترامپ دۆسیەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ ھەڵسەنگاندن ئاراستەی تیمێکی پسپۆر کردووە بۆ ئەوەی بەوردی دیاری بکەن کە ئێران لە سایەی ئەو ڕێککەوتنە، چیی بەدەست ھێناوە و، چیی لەسەر پێویستە بۆ جێبەجێکردن. ھەندێک لە توێژەران ڕایان وایە ئەم سیناریۆیەی ترامپ ڕەنگە زۆر ڕیاڵیستی نەبێت، چونکە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان وابەستەیە بە ڕەزامەندیی لایەنی بەرامبەر، کە ئێرانە؛ ئەوەش لە ئێران چاوەڕێ ناکرێت کە جارێکی دیکە خۆی بخاتەوە دۆخی پێش ڕێککەوتنەکە.
ڕێگهی گونجاوی بەردەم ترامپ: لەبارەی دۆسیەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ترامپ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و زیانپێگەیاندنی، دەستبەستراو نییە. ڕەنگە بژاردەی یەکەم کە تایبەتە بە ھەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکە و بژاردەی دووەم کە تایبەته بە سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ، تا ڕاددەیەک ئەستەم بێت، بەڵام بەر لە گەمارۆ نێودوڵەتییەکان، ئەمریکا بە دەیان گەمارۆی تاکلایەنەی جۆراوجۆری بەسەر ئێراندا سەپاندبوو. ترامپ دەتوانێت ڕێگری لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران؛ هەروەها دەتوانێت لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دەیان ئاستەنگ دروست بکات، کە ڕێککەوتننامەکە بە بەرژەوەندیی ئێران کۆتایی نەیەت .
پەرچەکرداری ئێرانی: لە پاش ڕێککەوتننامەکە، ئێران چاوەڕوانی لابردن، یان کەمکردنەوەی سزا سەپێنراوەکان بوو، نەک دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی. لەو ڕوانگەیەوە ئەمریکا ھەنگاو بۆ ھەر یەک لەو دوو سیناریۆیە بنێت، ئێران بەتوندی بە ڕوویدا دەوهستێتەوە. دۆخی سیاسیی نێوانیان و پەیوەندییەکانیان بەرەو گرژیی زیاتر ئاراستە دەبێت و، ئێرانیش دەکەوێتە دۆخی پەرچەکرداری توندەوە؛ چونکە بابەتی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ناوخۆی ئێراندا، بەو ئاراستەیە مارکیتینگی بۆ کراوە کە دەبێتە ھۆی دووبارە بووژاندنەوەی ئابووریی ئێران لە ناوخۆدا و سەرلەنوێ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەرچوون لە گۆشەگیری .
سیناریۆی ڕیاڵیستانەی بەردەم ترامپ: بە دیدێکی ڕیاڵیستیانەوە، گونجاوترین سیناریۆ و بژاردەی بەردەم ترامپ ئەوەیە کە زۆر بەتوندی چاودێریی پابەندبوونی ئێران بکات بە ناوەرۆکی ڕێککەوتننامەکەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، لە توانایدایە کە ئەو بەرەپیرەوەچوونەی ئیدارەکەی ئۆباما بۆ ئێران، کاڵتر بکاتەوە، کە گەیشتبووە ئاستێک وەزیری دەرەوەی ئەمریکای ئیدارەی ئۆباما سەرکردایەتیی ھەڵمەتی ھاندانی کۆمپانیا و بانکە گەورەکانی ئەوروپای دەکرد بۆ وەبەرھێنان لە ئێراندا. لە کۆتاییی تیشکخستنەسەر سیاسەتی ترامپ بەرامبەر ڕێککەتننامەکە، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە ترامپ کەسایەتییەکی بزنسمانی گەورەیە و باکگراوندێکی ئابووری و بازرگانیی باشی ھەیە. ڕەنگە ههڵسەنگاندنی کۆتایی بۆ ئەم بابەتە، لە ڕوانگەی تەرازووی قازانج و زیانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە سەرچاوە بگرێت. ئەگەر ھەڵسەنگاندنی ئابوورییانە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا نەبێت، دەکرێت توندتر مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکات. پێچەوانەکەیشی دروستە؛ بە شێوەیەکی گشتی، تیمێک لە توێژەران ڕایان وایە حساباتی ئابووری لە ڕووی قازانج و زیانهوه، لە حساباتی ئەمنی و ستراتیژی زاڵتر بێت. ئاییندەی بڕیاری ترامپ لەسەر ئەو دۆسیەیە، ڕاست و چەوتیی ئەم دیدگهیە دەردەخات.
تەوەری دووەم: ترامپ و پێگەی ئیران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی: وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، ترامپ لە ڕووی ھزرییەوە سەر بە قوتابخانەی ڕاستڕەو و ڕاستڕەوی پۆپۆلیستە، کە لە ڕووی مێژوویییەوە بە دژایەتیی سەرسەختی پەیوەندی لەگەڵ ئێران ناسراون. بە شێوەیەکی گشتی، وا دەخوێنرێتەوە کە ترامپ لە سیاسەتی دەرەوەیدا بەرامبەر بە ئێران نەرم نەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، ناتوانێت ئەو ڕاستییە جیۆسیاسییانەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاو نەگرێت و، یەکێکیش لەو ڕاستییانە بریتییە لە ھێژموونیی فراوانی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، کە بەیرووت، بەغدا، دیمەشق و سەنعای گرتۆتەوە؛ ھەر ڕێکارێکی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکەدا بگیرێتە بەر، بەبێ لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات. لەبەرچاوگرتنی ھەندێک ڕۆڵی ئێرانی لە وتاری بانگەشەکانی ترامپدا ڕەنگی دابووەوە، کە ئاماژەی بەوە دەدا لە سووریا پێویستە فۆکەس لەسەر تێکشکاندنی گرووپە تیرۆریستییەکان بێت. لە ھەمان کاتدا، ئاماژەی بە پێویستیی ڕاوەستاندنی ھاریکاریی سەربازی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووری دا، بە بیانووی ئهوهی ئەوانە نەناسراون و ھیچ گەرەنتییەک بۆ وەلائیان بەدی ناکرێت.
ئەم دیدگهیەی ترامپ ئەگەر لەبەرچاوگرتنی ڕاستەوخۆی پێگەی جیۆسیاسیی ئێرانیش نەبێت، ئەوا ناڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە. لە بارێکی دیکەدا، ئەمریکا ناتوانێت حساب لەسەر پێگەی جیۆسیاسیی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڵکشانی چین نەکات. وەک ئاشکرایە چین ھەوڵ بۆ فراوانکردنی ھێژموونی بە ئاراستەی دەریای چینی باشوور و لە وشکانییەوە و لە ڕووی ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ئاسیای ناوەند و دەستگرتن بەسەر ھێڵی بازرگانیی نێودەوڵەتی دەدات؛ ئێرانیش خاوەن پێگەیەکی جوگرافیی گرنگە، کە لە باکوورەوە بە شێوەی ئاسۆیی درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای قەزوین، تا دەگاتە کەنداوی عەرەبی لە باشوورەوە و، بە بەربەستێکی سروشتی دادەنرێت لە شیتی (الصفيحة) کیشوەری نێوان ئاسیا و ئەوروپا، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چین، ناتوانێت بەتەواوی پەراوێزی بخات.
ڕەنگە بۆ مەبەستی ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ھێژموونیی چین، پێویستیی بە ئێران بێت و، بۆ ئەو مەبەستەیش، دەکرێت لە ڕێگهی ڕووسیاوە گوشار لەسەر ئێران دروست بکات. وەک چۆن نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧٢ بە مەبەستی فراوانبوونی ھێژموونیی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو ئەو کارتەی بەکار ھێنا و، لەگەڵ کیسنجەر سەردانی پەکینی کرد و لە ڕێگهی چینەوە نەیھێشت ھێژموونیی یەکێتیی سۆڤیەت زیاتر بەرفراوان بێت، ئێستایش ترامپ دەتوانێت لە ڕێگهی ڕووسیا و ئێرانەوە ھەمان سیناریۆی نیکسۆن دووبار بکاتەوە.
پوختە: ڕەنگە ھێشتا سەرەتا بێت بۆ ئەوەی خوێندنەوەیەک بۆ ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ دروست بکەین. ئەگەر پەیوەندییەکانی ئەمریکای سەردەمی ترامپ لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژی و حساباتی ڕێگریکردن لە ھێژموونیی ئێران بنیات نرابێت، ئاسۆیەکی پۆزەتیڤ بۆ پەیوەندییەکانیان بەدی ناکرێت. ئەگەر دیدگهی جیۆستراتیژی و خوێندنەوەی پێگەی ئێران بۆ ڕێگرتن لە کێبرکێکارە گەورەگەی ئەمریکا خوێندنەوەی بۆ بکرێت، پێ دەچێت ئەو توندییەی ئیدارەی ترامپ کە لە لێدوانەکان ھەستی پێ دەکرێت، بەرەو ئاراستەیەکی دیکەی پێچەوانە بڕوات.