پۆست-ڕاستی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

لە سەرەتاکانی ئەمساڵدا، دامەزراوەی فەرھەنگی و زمانەوانیی ئۆکسفۆرد، بڕیاری دا بە زیادکردنی وشەی "پۆست-ڕاستی"POST-TRUTH) ) بۆ فەرھەنگەکەی و، وەک زاراوەیەکی دانپێدانراو ناساندی. وەک ئاشکرایشە ئەم دامەزراوەیە چەند دەیەیەک دەبێت، میکانیزم و میتۆدێکی زۆر سەختی بۆ زیادکردنی وشە و زاراوەی نوێ و دانپێدانان بە زاراوە نوێیەکان و ناساندن و پێناسەکردنیان ھەیە. ئەم زاراوەیە لە پێناسە سەرەتایییەکەیدا ئاماژەیە بۆ بارودۆخێک کە تیایدا ڕای گشتی، بە پێدراو و فاکتەکانه‌وه‌ کاریگەر نابێت، بەڵکوو بەو گوتارانەوه‌ کاریگەر دەبێت کە لەسەر بنەمای سۆز و ھەڵچوون و ھەڵسەنگاندنی کەسی، بنیات نراون. بە واتایەکی سادەتر، ئەوەی کە ڕای گشتی دروست دەکات، زیاتر سۆزە نەک عەقڵ.

ڕوخسەتدان بە بەکارھێنانی ئەم زاراوەیە لە لایەن ئەم دامەزراوەیەوە، ھەروەھا "فەرھەنگی وێبستەر"ی ئەمریکیش، وەک شەرعییەتپێدانێک هه‌ژمار دەکرێت. ڕایەک هەیە دەڵێت: "لە مێژوودا هێنده‌ی ئەمڕۆ، چەمکەکان لەسەر بنەمای سۆز و ھەڵچوون و ھەڵسەنگاندنی کەسی، بەسەر فاکت و پێدراوە بابەتییەکاندا (المعطيات الموضوعية) زاڵتر نەبوون." ڕاستە مێژوو خاڵی نییە لە ناڕاستی و درۆی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاریکردن بە ھەست و سۆز، بەڵام ئەمە لە ئێستادا بۆتە دیاردەیەکی مەترسیدار و بەربڵاو. پاشان که‌لتووری ناڕاستی(NON TRUST) ، لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردەیەکی باو کە ڕۆژانە بەکار دێت. ئەم بابەتە، تەنیا وابەستە نییە بە کەسانێک کە ئاکارخراپ و دەروونخراپ بن (واتە تەنیا پەیوەندیی بە مرۆڤە خراپەکانه‌وه نییە‌)، بەڵکوو سەری کێشاوە بۆ کەسانێک، کە دەبێت ڕا و بۆچوونیان ھەبێت، بەڵام بەبێ ئەوەی توانستی شیکردنەوەی ورد و لێوردبوونەوەی چڕیان بۆ بابەت و ڕووداوەکان هه‌بێت.  

پرسیارێک لێرەدا دەورووژێت کە ئایا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسن لەم دۆخە؟ ڕەنگە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بە "بەڵێ"یەکی ڕەھاگیر دروست نەبێت، بەڵام گومان لەوەدا نییە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشداری سەرەکین لە بڵاوبوونەوە و گشتاندنی ئەم دیاردەیەدا. ئەو ژمارە زۆرەی ھەواڵ کە لەم تۆڕەدا ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت، ملکەچ نییە بۆ ھیچ جۆرە چاودێرییەکی یاسایی و مۆراڵی و ویژدانی و پیشەیی. ژمارەیەکی زۆریش لە مرۆڤەکان ڕۆژنامە و گۆڤارەکان ناخوێننەوە، بەڵکوو ئەم تۆڕانە بوونەتە سەرچاوەی خوێندنەوە و ھەواڵ و زانیارییان.

 لە توێژینەوەی یەکێک لە زانکۆکانی ئوسترالیادا ژمارەیەک توێژەر ڕایان وایە کە کاتێک زانیارییە ھەڵەکان دەگەنە مرۆڤەکان، ڕاستەخۆ کاریگەریی لەسەر زیھنییەتیان دادەنێت، بەتایبەت ئەگەر ئەو زانیارییە ھەڵانە، لەگەڵ باکگراوندی ئایینی، یان ئایدیۆلۆژیی سیاسییاندا بگونجێن. لەو بارەیەیشەوە سایمون جینگینز، نووسەر لە ڕۆژنامەی گاردیانی بریتانی دەڵێت: "جیھانی پۆست-دیجیتاڵی، وا کاریگەریی لەسەر ھزرمان دروست کردووە کە لە خێراگەڕانێکدا بین بە دوای جریواندن و پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە؛ بە جۆرێک کە ھیچ ئارامگرتنێکمان بۆ خوێندنەوەی دێر و گوتە دوورودرێژەکان نەماوە، جگە لەوەی توانست و بڕستی خوێندنەوەی پەڕتووک و توێژینەوە زانستییەکانیشمان نەماوە.

"کارستن ڕاینما"، شارەزا  لە زانستی پەیوەندییەکان لە زانکۆی میونشنی ئەڵمانی دەڵێت: "لە جیھانی ئەو تۆڕە گریمانەیییە پێکەوەگرێدراوانەدا (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان)، خێرایی زاڵترە لە وردبینی و دیقەتدان؛ ئەمەیش وا دەکات ناڕاستی زاڵتر بێت بەسەر ڕاستیدا، بە شێوەیەک کە تاکێک دەتوانێت ھەواڵێکی ھەڵبەستراو دروست بکات و، ببێتە ھەواڵی سەدان و ھەزاران مرۆڤی دیکە و تۆڕەکان. 

گرنگە ئەوەمان لەیاد نەچێت كه‌ یەکەمین بەکارھێنانی ئەم زاراوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەندی ئەمریکی، "رالف کییس"، لە ساڵی ٢٠٠٤ کە پەڕتووکی "چاخی پۆست-ڕاستی: نائارامی، فێل لە ژیانی ھاوچەرخدا"ی بەچاپ گەیاند؛ کە تیایدا ئەو ئارگۆمێنتانە دەخاتە ڕوو کە چۆن ناڕاستی (درۆ)، شوێنی ڕاستیی لە ژیانی ئەمریکییەکاندا گرتۆتەوە؛ بە جۆرێک درۆ و ڕاستی، بوونەتە دوو شتی لێکجیانەکراوە لە سایەی ئەو لێشاوە زۆرەی جیھانی زانیاری و پۆست-دیجیتاڵی، کە بەسانایی ناتوانیت و پێ ڕاناگەیت کە شیکار و لێوردبوونەوەیان بۆ بکەی. سنوورێک لە نێوان ڕاستی و ناناڕاستی و پاک و گەندەڵ و عاقڵ و ناعەقڵانی نەماوە. بە جۆرێک، ئەوەی بەرژەوەندیی لە بەردەوامبوونی گەندەڵیدایە، لە ھەمووان سەرسەختر خۆی نمایش دەکات و دژەگەندەڵ دێتە بەرچاو.

لەبارەی پۆست-ڕاستییەوە بیرمەندی ئەڵمانی، ھاری فرانکفۆرت، لە ٢٠٠٦ وەک ئەوەی پێشبینیی ھاتنی سیاسییەکی وەک ترامپ بکات، یان پێشبینیی ئەو دیاردەیە بکات کە بە دیاردەی ترامپی ناسراوە، دەڵێت: "لە چرکەساتێکدا سیاسییەکانی زەمەنی پۆست-ڕاستی، "ناڕاستییەکان " وا ڕێک دەخەن کە خۆیان دەیانەوێت و، لە چرکەساتێکی دیکەدا توانای ئەوەیان ھەیە وا بیگونجێننەوە کە خۆیان دەیانەوێت. ئەمەیش وا لە ھاووڵاتیی ئاسایی دەکات، توانستی جیاکردنەوەی ھەڵەی لە ڕاستی نەمێنێت .کەواتە پۆست-ڕاستی لەم ڕوانگەیەوە، لێکجیانەکردنەوەی ڕاستی و ناناڕاستییە لە یەک.

وشە و زاراوەی پۆست-ڕاستی لە ئێستادا زەمینەیەکی گونجاو و لەباری ھەیە و، بەکارھێنانێکی بەربڵاو و باوی ھەیە. گرنگیدان بەم چەمکە، زیاتر لەوە سەرچاوە دەگرێت کە مەیلی مرۆڤەکان بۆ دروستبوونی ڕا و قەناعەتیان لەسەر بنەمای ھەست و سۆز، نەک لەسەر بنەمای ڕاستییەکان، لە زیادبووندایە؛ بەتایبەت لە کاروباری سیاسی و گشتیدا مەیلی مرۆڤەکان بۆ ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکان و قبووڵکردنی ناڕاستییەكان ئەگەر زۆریش ئاشکرا بێت، دیارە ئەم بابەتە ڕەھا نییە و بە شێوەیەکی ڕێژەیی قسەی لەسەر دەکەین. دیارترین نموونەیش ئەو پۆستەی دۆناڵد ترامپ بوو کە ئاماژە بەوە دەدات باراک ئۆباما لە دەرەوەی ئەمریکا لەدایک بووە و، لە وڵاتی باوکی کە "کینیا"یە ھاتۆتە دونیاوە؛ ئەمە بۆ فیگەرێکی وەک ترامپ، سانا نەبوو کە لە تویتەردا جریواندنی بۆ بکات؛ لە پاشاندا دەرکەوت کە "ترامپ"یش باوەڕی بە ھەواڵە ناڕاستەکان کردووە. سەرۆکی دامەزراوەی ئۆکسفۆردیش ڕای وایە کە زیاتر بەکارھێنانی ئەو زاراوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دوو ڕووداوی گرنگی سیاسی، کە بریتین لە: ڕیفراندۆمی بریتانیا بۆ مانەوە، یان جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەوروپا، ھەروەھا پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی ئەمریکا و سەرکەوتنی ترامپ. سەرۆکی ئەو دامەزراوەیە تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە قووڵبوونەوە و بڵاوبوونەوەی ئەو زاراوەیە. نموونە بۆ ئەو ھەواڵە ناڕاستەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە دەھێنێتەوە، کە بریتانیا ھەفتانە ٣٥٠ ملیۆن جونەیھی ئیسترلینی دەداتە یەکێتیی ئەوروپا و، بە دەرچوونیشی لەو یەکێتییە، ئەو بڕە پارەیە بۆ بریتانییەکان پاشەکەوت دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ بوودجەی دەوڵەت؛ ئەمە لە کاتێکدایە بریتانیا ھیچ جۆرە پابەندبوونێکی داراییی لەو جۆرەی بەرامبەر یەکێتیی ئەوروپا نەبوو ھەتا ھەفتانە ئەو بڕە پارەیە بدات، بەڵام دروستکردنی دۆخێک کە پێی دەگوترێت پۆست-ڕاستی، وای کرد کە جووڵە بە ھەست و سۆزی بریتانییەکان بکرێت و ھەواڵی نادروست، بە دروست وەربگرن.

بیرمەندی ئەڵمانی، "پتر سلوتردایک"، لەبارەی ئەم دیاردەیەوە دەڵێت: "دیموکراسییەتەکانی ڕۆژاوا، لە دۆخی نەخۆشێکدان کە تووشی نەخۆشیی ژێرپەنجە بووە و، لە ڕووی پزیشکییەوە ھیچ چارەسەرێکی نەماوە و پەنا دەباتە بەر چارەسەری سیحری بۆ چاکبوونەوە بۆ گەیشتن بە ھیوایەکی ئەستەم. کە پشتبەستراوە بە زۆرینەیەکی عاقڵ لە دەنگدەران." یەکێکیش لە سیماکانی ئەو دۆخە نەخۆشەی دیموکراسییەتی ڕۆژاوا لای سلوتردایک، پەرەسەندن و گشتاندنی دیاردەی پۆست-ڕاستییە لە زۆربەی کایەکانی ژیان، بەتایبەت کایەی سیاسەت و کاروباری دەوڵەت .

بەپوختی، پۆست-ڕاستی لە سایەی لێشاوی زانیارییەکان و نەبوونی لێوردبوونەوە و سانسۆرنەبوونێکی مۆراڵی و ویژدانی و یاسایی و پیشەیی، لە پەرەسەندندایە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەرچی تەنیا ھۆکاری دەرکەوتنی ئەم چەمک و دیاردەیە نین، بەڵام گومان لەوەدا نییە لایەنی سەرەکی و بنەڕەتیی بڵاوبوونەوە و گشتاندنی زیاتری ئەم دیاردەیەن. جیھان لە بەردەم داڕمانێکی گەورەدایە کاتێک ناڕاستییەکان دەکرێنە ڕاستی و، ئاڕاستەی ژیان و بیرکردنەوەکان بە ڕێچکەیەکی ناڕووندا دەبردرێت و، سنوورێک لە نێوان ڕاست و ناڕاستدا بەدی ناکرێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples