پێشەکی: پاش چواردە ساڵ بەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام حوسێن لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، عێراق کەوتە دۆخێکی نوێوە؛ دۆخێک کە ھەموو ھەوڵێکی بۆ درا لەسەر سێ بنەما پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتسازیی بۆ بکرێت، کە بریتی بوون لە: سازان، ھاوسەنگی و ھاوبەشێتی. سەرەتاکانی ئەو دەوڵەتسازییە، بە پەراوێزبوونی پێکھاتەی عەرەبی سوننە دەستی پێ کرد، پاشان جەنگی ناوخۆییی دەستەبژێری فەرمانڕەوایی شیعە لە عێراق، پاشان جێبەجێنەکردنی دەستووری ھەمیشەییی ٢٠٠٥ لەگەڵ کورد و، ھەوڵدان بۆ کاڵکردنەوەی ئەو سێ بنەمایە، ھەنگاو بە ھەنگاو دەستی پێ کرد. کێشەی بنەڕەتی، ئەوە نەبوو کە ئەم دەوڵەتە فرەپێکھاتەی ئایینی، ئایینزایی و نەتەوەیی بوو، بەڵکوو کێشەی بنەڕەتی لە بەڕێوەبردنی ئەو فرەیییەدا بوو، لە لایەن دەستەبژێری فەرمانڕەوا لە عێراق.
پاش چواردە ساڵ، ئامارەکانی دەوڵەتی عێراق بەم جۆرەن: ٥،٦ ملیۆن بێباوک، ٦ ملیۆن نەخوێندەوار، ٢٧١ ھەزار بەندکراو، ٤،١ ملیۆن ھەڵھاتوو و ١٢٤ ملیار دۆلار قەرز. ئەمانە ئاماری وەزارەتەکانی حکوومەتی عێراقن کە بە کۆی گشتی، وێنەی دەوڵەتێکمان پیشان دەدات بەگوێرەی بنەماکانی زانستی سیاسەت و زاستی بەڕێوەبردن پێی دەگوترێت "دەوڵەتی شکستخواردوو". پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کاتێک بە زمانی ژمارەکان لەو شکست و ماڵوێرانییە دەدوێین، ھۆکارە سەرەکییەکەی چییە؟ گومانی تێدا نییە ھۆکاری سەرەکی، بریتییە لە شکستی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە لایەن دەستەبژێری فەرمانڕەواوە. دوای چواردە ساڵ ئەو سێ بنەمایە چییان لێ ھاتووە کە دەویسترا بکرێنە کەرەستەی دەوڵەتسازکردنەوە و بنیاتنانەوەی دەوڵەت؟
بێ گومان، یان ئەو بنەمایانە لە ئێستادا نەماون، یان زۆر زۆر کاڵ بوونەتەوە. "عێراق چۆن بەڕێوە دەچێت؟" ئەو پرسیارەیە کە ڕەنگە ھیچ تیۆرییهکی سیستەمی سیاسی لە ئێستادا نەتوانێت وەڵامی بداتەوە و دەستەوهسان ڕاوەستن لە بەرامبەر ئەو پرسیارە کە ئایا عێراق لە ئێستادا چییە؟ دەوڵەتە، ناوچەیەکی داگیرکراوە، خاکێکی پڕکێشەیە، وڵاتێکە بە کردەوە دابەش بووە، سێنتراڵە، فیدراڵە، یەکگرتووە، دیموکراتییە، لیبراڵییە، ئیسلامییە، سۆسیالیستییە، یان ڕاستر بڵێین دەوڵەتێکە ناسنامەی نییە، یان ونی کردووە؟ ئەگەر وەڵامی وردی ھەموو ئەو پرسیارانەمان پێ نەبێت، دەکرێت ئەوە بزانین کە عێراق سیستەم و دەوڵەت و دامەزراوە شکستخواردووە؛ وڵاتی خوێن و ئاگر و سەرزەمینی پراکتیزەکردنی تیرۆر و دۆزەخێکی بێئەندازە تاقەتپرووکێنە. لێرەدا قسەمان لەسەر ئەوە نییە ئایا کورد لە عێراقدا بمێنێتەوە یان نا؟ لانی کەم بۆ عاقڵمەندان ئەوە بڕاوەتەوه کە عێراق بەکەڵکی خۆیشی نایەت، نەک ئەوەی بەکەڵکی کورد بێت. قسەی سەرەکی لەسەر ئەوەیە: عێراق پاش کوردستان چۆن دەبێت و، کوردستانیش پاش عێراق چۆن بێت؟
یەکەم: عێراقی پاش کوردستان: لە خوێندنەوەی ئێمەدا عێراقی پاش کوردستان لەم عێراقە باشتر نابێت کە ئێستا ھەیە. عێراقێک دەبێت زیاتر لە ئێستا تەنگژاوی، عێراقێک دەبێت دامەزراوە بە حوکمی پێکھاتە کۆمەڵایەتییەکانی و ململانێ ئایینزایییەکانی، تا ئەوپەڕی ناسەقامگیر دەبێت؛ ململانێی شیعە و سوننە فۆرمی جیاوازتر لەوەی ئێستا بەخۆیەوە دەبینێت ململانێی ناوخۆیی شیعەی سیاسی دۆخ و بار و شێوەی دیکە وەردەگرێت؛ ئاراستەی عروبە و نیشتمانپەروەری و عێراقچێتی و پاشکەوتەیی بۆ ھێزی ھەرێمایەتی، تووشی پێکدادانی گەورەی سیاسی دەبێت. دەبێتە دەوڵەتی کودەتا و شکستھێنانی حکوومەت لە ڕێگهی شەقامەوە؛ ناسەقامگیر لە ڕووی ئابووری و سیاسی و خزمەتگوزارییەوە. ئەگەر نەتوانێت مامەڵەی دروست لەگەڵ پێکھاتەکانی دیکە بکات، پاش سەربەخۆییی کوردستان زیاتر بچووک دەبێتەوە. داتاکانی بێباوکبوون و نەخوێندەواری و کۆچکردووان و ھەڵھاتووان، زیاتر دەبن لەوەی ئێستا ھەیە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا باشە عێراقی پاش کوردستان بەو جۆرە بێت؟
ئەگەر عەقڵانی بدوێین و دوور بین لە خوێندنەوەی سۆزگەرایی، ئەو عێراقە لەسەر دەوڵەتی کوردستان پۆزەتیڤ نابێت. حوکمی نەگۆڕی جوگرافیا دەیسەپێنێت کە عێراق باشترە، بێ ئەو کێشانە بێت بۆ دەوڵەتی کوردستان؛ چونکە کوردستان ناتوانێت بێ پەیوەندیی دراوسێیەتی بێت لەگەڵ عێراق. تێکچوونی دۆخی عێراق لە ڕووی سیاسییەوە بە حوکمی پەیوەندییەکانی ئێستا و ڕابردوو، ڕەنگە کێشە بۆ دەوڵەتی کوردستانی داھاتوو دروست بکات؛ لە ڕووی ئابوورییشەوە دەروازەیەکی سنووری دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی کوردستان. لە ڕووی تەناھییەوە، ھەبوونی گرفتی ئاسایشی، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ئاسایشی دەوڵەتی کوردستان دەبێت، بە حوکمی ھاوسنوورییەکی زۆر، کە بە ھەزاران کیلۆمەتر دەبێت. باشترە عێراقێک ھەبێت کە بەشێک لە تەنگژەکانی ئێستای تێ پەڕێنێت و، لانی کەم "نیمچەسەقامگیر" بێت؛ بۆ ئەوەی کاریگەری و لێکەوتەی نەرێنی لەسەر دەوڵەتی کوردستان دانەنێت.
دووەم: کوردستانی پاش عێراق: کوردستانی پاش عێراق، دەوڵەتێکە بەرەنجامی بەرخودانێکی مێژووییی زۆر مەزنە؛ ئامانجێکی گەورە و بنەڕەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردە. بەڵام ئەوە کۆتایی نییە؛ کوردستانی پاش عێراق ھەرچۆنێک بێت، لەو عێراقە بێکەڵکەی ئێستا باشترە. بەڵام، ئەمە نابێت بەھانە بێت بۆ ئەوەی نەتوانین بڵیین کوردستانی پاش عێراق پێویستە بەم جۆرە بێت، بۆ ئەوەی جێگهی ئومێدی کوردستانیان بێت: ھەنگاوی یەکەمی دەوڵەتی کوردستان، پێویستە بە "پەیماننامەی شەرەف" دەست پێ بکات بۆ ڕێگریکردن لە ھەر جەنگێکی ناوخۆیی؛ وێڕای بوونی یاسایش لەم بوارەدا و ڕێگریکردن لە وەلائی ھەر حزبێکی سیاسی بۆ ھیچ دەوڵەتێک. دەوڵەتی دامەزراوە بێت و، ھەڵەکانی عێراقی ئێستا و ڕابردوو لەبارەی پێکھاتەکان دووبارە نەکاتەوە. لە ئێستادا ئاماژەی ئەرێنی بۆ پێکەوەژیان و گرنگیدان بە پێکھاتەکانی دیکە ھەن، بەڵام پێویستە فراوانتر بکرێن و بە دەستوور و یاسا پارێزراو بکرێن. ئهم دهوڵهته، پێویسته تەواوی مافە مەدەنی، سیاسی، کهلتووری و ئابوورییەکانی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایییهکان دابین بکات.
لە ڕووی ئابوورییەوە نموونەیەکی جیاوازتر لەم سێ ساڵەی ڕابردوو نیشان بدات، بە گرتنەبەری پلان و بنەماکانی شەفافییەت و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بۆ تێپەڕکردنی قەیرانەکان. دەوڵەتی کوردستان، پێویستە مەودای ئازادییەکان تیایدا فراوانتر بێت؛ دیموکراسییەت و پاشکۆکانی، گرنگی زیاتریان پێ بدرێت؛ بەرگری و پارێزگاری لە دۆخی ئێستای ئاسایش و، ئارامیی دەوڵەت بەردەوامیی ھەبێت. ھەموو ئەمانە، بۆ گەشەپێدان و گەیاندنی کوردستانی پاش عێراق بە دەوڵەتێکی جیاوازتر لە عێراقی ئێستا و عێراقی پاش کوردستان، بنەما و کەرەستەی خاویان ھەیە. ئەم تێڕوانینانە تێڕوانینی ئاییندەیین؛ باسکردن نییە لە ڕیفراندۆم و پاشان سەربەخۆیی، چونکە ھەر گەلێک دۆزێکی ڕەوای ھەبێت و زۆرینەی زۆری دانیشتووانەکەی پشتگیریی بکەن، ھەر دەگاتە وێستگەی سەربەخۆیی. سەربەخۆییش لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە بە بارێکدا کیانێکی سیاسی و یاساییی باوەرپێکراوی پێ دەبەخشێت و، زیاتر وەک ئەندامێکی دەوڵەتی ناو کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی ڕۆڵ دەگێڕێت و، بە بارێکی دیکەدا دەبێتە زیاتر مایەی سەرنج و لێوردبوونەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و، بەچڕتر چاودێریی دەوڵەتی کوردستان دەکەن. ئەم گوتانە، ھیواخواستن و چەند دێرێکی وتارێکی پوخت نییە لەسەر کوردستانی پاش عێراق، بەڵکوو پێویستییە بنەڕەتییە ژیارییەکانی دەوڵەتی کوردستانە بۆ مانەوە و گەشەکردن و کارابوونی وەک دەوڵەتێکی ئازاد و ئاشتیویستی ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی .