ئێران و پاکستان؛ ناکۆکی و بەرژەوەندیی ھاوبەش

پێشەکی: ئێران و پاکستان بە دوو ئه‌کتەری گرنگی سیاسیی خاوەن ھێژموون لە ڕۆژاوای ئاسیادا ئەژمار دەکرێن؛ سنوورێکی فراوان لە نێوانیاندا ھەیە کە بە ١٢٠٠کم  ئەژمار دەکرێت. پەیوەندیی نێوانیان کاریگەری و کارلێکی گرنگ لەسەر ئاستی گۆڕەپانی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا دروست دەکات. پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ھاوبەش بونیات ناوە، لەگەڵ بوونی چەندین دۆسیەی جێناکۆک لە نێوانیاندا: ئەفغانستان  و ئاییندەی ململانێکان پاش کشانەوەی ئەمریکا، پەیوەندی لەگەڵ هندوستان، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا، پەیوەندی لەگەڵ سعوودیا، گرووپە سوننە و شیعە توندڕەوەکان و گۆڕانکارییە ستراتیژی و جیۆستراتیژییەکانی ناوچەکە.

تەوەری یەکەم: لە پەیوەندییەکی باشەوە بۆ ناکۆکی: ئێران یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی کە بە شێوەیەکی فەرمی، داننانی بە دەوڵەتی پاکستان ڕاگەیاند. پاش جیابوونەوەی لە هندوستان لە ١٩٤٧دا، لە پەنجاکان و شەستەکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو پەیوەندییەکانیان بە ئاستێک نایاب بوو کە ھەندێک توێژەر بە پەیوەندییەکی ئایدیاڵی ناوزەدیان دەکرد؛ بە ھۆی ھاوڕابوونیان لە دۆسیە ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، بەتایبەتیش بەشداربوونیان لە ھاوپەیمانیی بەغداد (سانتۆ) لە ساڵی ١٩٥٥ و زیادبوونی پشتیوانیی ئێران بۆ پاکستان لە جەنگی لەگەڵ هندوستان لە ساڵی ١٩٦٥ و پێدانی نەوت و گازی سروشتیی ئێران بە پاکستان بە نرخێکی ھەرزان و ھاریکاریی سەربازیی دوولایەنەی نێوانیان لە سەرکوتکردنی بزووتنەوەی جوداخوازی بەلووچستان.

پاش ئەوەی لە سەرەتای حەفتاکانی سەدە ڕابردوو پاکستانی ڕۆژھەڵات جیا بووەوە، لەژێر ناوی بەنگلادیشدا دەوڵەتێکی نوێ دروست بوو. شای ئێران گوتی کە ئێران سەبارەت بەو دۆخە ناوخۆیییەی پاکستان بێدەنگ نابێت و، دەست بەسەر بەلووچستاندا دەگرێت. پاش ھاتنی "زولفەقار عەلی بۆتۆ" بۆ حوکمڕانی و، ئامادەنەبوونی شا لە کۆنگرەی لووتکەی ئیسلامی لە لاھۆر ساڵی ١٩٧٤ و، پاشان ڕووداوە گرنگەکانی داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و ھاریکاریی پاکستان بۆ ئەمریکا دژ بە فراوانبوونی ھێژموونیی شیوعییەت، پەیوەندییەکان بەرەو ناکۆکیی زیاتر دەچوون. پانتاییی ناکۆکییەکان فراوانتر بوون، کاتێک ئێران لە ھەوڵی ھەناردەکردنی ھزری شۆڕش و پرۆسەی پشتگیریی شیعەکان بوو و، ھەوڵی زیاتر بەدامەزراوەییکردنی دەدان. ئەمەیش کاتێک بەڕوونی بە دیارکەوت کە حکوومەتی "ڕەزا ئەلحەق" لە پاکستان زەکاتدانی لەسەر موسڵمانان فەرز کرد و، لەو نێوەندەیشدا شیعەکانی پاکستان ڕەتیان کردەوە بچنە بەردەم باری ئەو فەرمانە. ئەمەیش، بووە ھۆی دروستبوونی چەندین گرووپی شیعی و سوننیی توندڕەو، کە تائیفەگەری بە شێوەیەکی قووڵ لە پاکستان بەدی دەکرا و، پەیوەندییەکان بە ئاقارێکی ناتەندروستدا بران.

لە جەنگی عێراق و ئێراندا، وێڕای ھەوڵی بێلایەنبوونی پاکستان، بەڵام ئێران بەوە تۆمەتباری دەکرد کە پاڵپشتی عێراقە. نزیکبوونەوەی زیاتری پاکستان لە ئەمریکا و نزیکبوونەوەی زیاتری ئێران لە هندوستان و بەشداریی هندوستانیش لە نوێکردنەوەی بەندەری چابەھار و بەندەر عەباس، ململانێکانی قووڵتر کردەوە. پاش شکستی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، جۆرێک لە خاوبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ھەر دوو دەوڵەتدا بەدی دەکرا، بەڵام تا ئێستایش نەتوانراوە بگەینرێتە ئاستی پێویست؛ وێڕای بوونی زەمینەیەکی باش بۆ گەشەکردنی پەیوەندییەکانیان.

تەوەری دووەم: بەربەستەکانی بەردەم گەشەکردنی پەیوەندیی نێوان ئێران – پاکستان: چەندین گرفت لە بەردەم پەیوەندییەکانی ئێران و پاکستاندا ھەن، کە دەکرێت پوخت بکرێنەوە بۆ:

١- پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا: وێڕای ئەوەی ئیسلامئاباد ھەوڵی بەدیھێنانی ھاوسەنگی داوە لە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆنی ھاوپەیمانی و تارانی دراوسێی، بەڵام ئێران ڕای وایە نزیکبوونەوەی پاکستان و ئەمریکا و گەیشتنیان بە ھاوپەیمانێتی، کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر پێوەندییەکانیان بەجێ دەھێڵێت. ئەمریکا ڕێگر بووە لە ئەنجامدان، یان جێبەجێکردنی چەندین ڕێککەوتننامەی بازرگانی و ئابووریی نێوان ئێران و پاکستان؛ پاکستان ببووە بەشێک لە میکانیزمی جێبەجێکردنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران. پاش ڕێککەوتنی ٥+١ لەگەڵ ئێران، ڕەنگە پاکستان لە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا زیاتر دەستاوەڵا بێت.

٢- پەیوەندی لەگەڵ هندوستان: باشبوون و گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هندوستان و ئێران، بۆتە ھۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە لای پاکستان. ھەتا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هندوستان بەرەو ھەڵکشان بچێت، پەیوەندییەکانی ئێران – پاکستان بەرەو داکشان دەچێت. هندوستان لە ڕێگەی بوونی پەیوەندیی باش لەگەڵ ئێران، ھەوڵ بۆ دروستکردنی پانتایییەک لە ھێژموون لە ئەفغانستان دەدات؛ ئەمەیش بۆ پاکستان مایەی نیگەرانییە. هندوستان لە ھەوڵی تەواودایە بۆ کارکردنی چڕ لە بەندەری چابەھار لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران، چونکە دەبێتە دەروازەیەک بۆ گەیشتن بە ئاسیای ناوەند و ئەفغانستان. بە  تەواوبوونی ئەو بەندەرەیش، هندوستان توانای تێپەڕاندنی پاکستانی ھەیە و، دەتوانێت دەروازەیەک لەگەڵ ئەفغانستاندا بکاتەوە، چونکە بە لای هندوستانەوە ئەو دەروازەیە پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ گواستنەوەی شمەک و خزمەتگوزاری بۆ ئەفغانستان، کە پاکستان بەئاسانی ڕێگەی پێ نادات؛ لە ھەمان کاتدا دەبێتە دەروازەیەکیش بۆ ئێران بە مەبەستی بازرگانی لەگەڵ هندوستاندا.

٣- دۆسیەی ئەفغانستان: لە ڕابردوودا دیدگه‌یەکی ھاوبەشی لێکنزیک لە نێوان پاکستان و ئێراندا سەبارەت بە ئەفغانستان نەبووە؛ پاکستان بەوە تۆمەتبار دەکرا کە پاڵپشتیی بزووتنەوەی تاڵیبان دەکات، ئێرانیش دژایەتیی تاڵیبانی دەکرد و پاڵپشتیی ھاوپەیمانێتیی باکووری دەکرد لە ئەفغانستان. پاش شکستی تاڵیبان، بەربژێری فەرمانڕەوا لە ئەفغانستان، پاکستانی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ھەوڵی لەباربردنی پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتەدا دەدات. پاش ڕێککەوتنی ئەمریکی– ئەفغانی، کە گرەنتیی مانەوەی بنکەی سەربازیی ئەمریکی دەکات لەو دەوڵەتە، ئێران و پاکستان نیگەرانیی ھاوبەشیان دەربڕی و، بە ھەڕەشە و مەترسی لەسەر دۆخی وڵاتەکانیان ئەژماریان کرد. لێرەوە دەردەکەوێت کە ئەفغانستان بۆتە ناوچەی ململانێی ھێژموونیی ئێران و پاکستان.

٤- ململانێی ئایینزایی: بەر لە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، دەیان ناوەند و دامەزراوەی فارسی لە پاکستاندا ھەبوون به‌ مەبەستی گرنگیدان بە زمانی فارسی، بەڵام پاش شۆڕش ئەم دامەزراوانە، ئاماژەن بۆ دامەزراوەی ئایینیی شیعە. بە واتایەکی دیکە، لە دامەزراوەی فێربوونی زمانەوە، بوونەتە دامەزراوەی گرنگیپێدان بە ئایینزای شیعە و بڵاوکردنەوەی بەھا ئایینزایییەکانی شیعە. ئەمەیش ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەشێکی زۆر لە خەڵکی پاکستان بۆتەوە. لە پاکستانیشدا ئایینزای شیعە ئەگەرچی کەمینەن، بەڵام دووەم گەورەترین گرووپی شیعەی جیھان، لە پاش ئێران، لە پاکستان دەژین. ململانێی سعوودیا و ئێران و پاڵپشتیکردنی ھەر یەک لەم دوو دەوڵەتە بۆ چەندین گرووپی سوننە و شیعی، فۆرمێکی لە ململانێی ئایینزایی خوڵقاندووە، کە ھەندێ کجار بۆ توندوتیژیی فیزیکی، سەر دەکێشێت. لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕفاندن و تاوانی ڕێکخراو و بە ھۆکاری ناسنامەی ئایینزایی لە کەراچی تۆمار کراون؛ پاشان سند، بنجاب، بەلووچستان و ڕوالپێندی گرتەوە. ئەم فۆرمە لە توندوتیژیی تائیفی، بەشێکی پەیوەندیی ھەبوو بە پاڵپشتیی ئێران بۆ گرووپە شیعەکان و دروستکردنی ناسەقامگیریی سیاسی لە پاکستان و، بەشێکی دیکەیشی پەیوەندیی ھەبوو بە ھاریکاریی سعوودیا و دەوڵەتانی دیکەی کەنداو بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر بەشیعەکردنی پاکستان.

سعوودیا زۆر ھەوڵی دا پاکستان بھێنێتە ڕیزی ئەو ھاوپەیمانێتییەی کە دژ بە حوسییەکان لە یەمەن لە ساڵی ٢٠١٥دا ھەڵی گیرساندبوو، بەڵام پاکستان ھۆشیارانە مامەڵەی کرد و، خۆی کردە ھەڵگری پەیامی نێوەندکار لە نێوان ئێران و سعوودیا و، ئامادەییی بۆ لێکنزیکردنەوەیان دەربریی؛ چونکە ھەر بەشدارییەکی پاکستان لە پاڵ سعوودیا دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئێران و گرووپێکی شیعەئایینزا، دەبێتە ھۆی گواستنەوەی جەنگی شیعی – سوننی  بۆ پاکستان، کە نزیکەی ٣٨ ملیۆن شیعەئایینزا لەو وڵاتەدا دەژین کە نزیکەی ٥ ملیۆنیان ئەحمەدین و، بەگوێرەی یاسای پاکستانی بە شیعە پۆلێن نەکراون .

تەوەری سێیەم: بەرژەوەندیی ھاوبەش: چەند بەرژەوەندییەکی ھاوبەش لە نێوان ئێران و پاکستاندا ھەیە، کە دەکرێت پۆلێن بکرێت :

١- بازرگانی: لە ئێستادا کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ھاوبەشی بازرگانی لە نێوان ئێران و پاکستاندا بوونی ھەیە، کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان کەمتر لە یەک ملیارد دینارە؛  بەشی زۆریش لەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییە، بۆ بەرژەوەندیی ئێرانە. پێش دوو ساڵ، ٥ یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان دەستەی باڵای ئابووریی ئێرانی و ھاوتا پاکستانییەکەی واژوو کرا، کە تیایدا پلانێکی تۆکمە دانرا بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی نێوانیان ساڵانە بە ڕێژەی ٢٠% و، چەندین لیژنە بۆ ئه‌کتیڤکردنی کاروباری بازرگانیی نێوانیان دانران؛ بەڵام لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە کاری ئەو لیژنانە، ئه‌کتیڤ نین .

٢- ھێڵی گاز: پاکستان پێویستیی بە گازی سروشتیی ئێران ھەیە. پێشوازیش لە پرۆژەی بۆڕیی گازی سروشتی دەکات، کە بەردی بناغەی پرۆژەکە لە کێڵگەکانی پارس لە باشووری ڕۆژاوای ئێران دانراوە، کە گاز بگوێزێتەوە بۆ ناوچەی "نواب شا" لە نزیکی "کەراچی" لە کەناراوەکانی باشووری ڕۆژھەڵاتی پاکستان، کە بە ھەرێمەکانی سند و بەلووچستاندا تێ دەپەڕێت و بە "پرۆژەی ئاشتی" ناو دەبردرێت بە درێژاییی ٢ هه‌زار کیلۆمەتر؛ بڕی تێچووەکەی بە زیاتر لە ٧ ملیارد دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە لای ئێرانەوە بە درێژاییی ١٢٢٠ کیلۆمەتر، پرۆژەی بۆڕییەکان تەواو بووە و، لە دیوی پاکستانیشەوە کار لە ٧٨٠ کیلۆمەترەکەی دیکە دەکرێت. لە ئێستادا ئەم پرۆژەیە چەند گرفتێکی لە بەردەمدایە: وەک پاشەکشەی هندوستان لە پرۆژەکە و نیگەرانیی ئەمریکا دەربارەی پرۆژەکە و ھەستیاریی دۆخی ھەرێمی بەلووچستان. لەگەڵ ئەوەیشدا، "شاھد خاقان عه‌باسی"، وەزیری نەوت و سەرچاوەی سروشتی پاکستان، ڕای گەیاند کە کۆمپانیایەکی چینی تا کۆتاییی ئەمساڵ، ٢٠١٧، پرۆژەکە دەگەیەنێتە قۆناغی کۆتایی.

کۆتایی: بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لە نێوان ئێران و پاکستاندا چڕن، بەڵام جیا لە بیرکردنەوەی جیاوازی ھەر دوو دەوڵەت بۆ چەمکی بەرژەوەندییەکانیان و چۆنێتیی جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکان، سیاسەتی دەرەوەی ھەر دوو دەوڵەت، بەتایبەت پاکستان، مەحکوومن بە چەند فاکتەرێکی دەرەکی و چەندین ھاوکێشەی سیاسیی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی. ژێرخانی پەیوەندییەکی ئابووری و بازرگانیی باش لە نێوان ھەر دوو لادا فەراھەمە، بەڵام چەند دۆسیەکی ھەڵپەسێردراو کە تا ئێستا نەتوانراوە لێکتێگەیشتنی زیاتری لەسەر دروست بێت، ھۆکارن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان نەگەنە ئاستی پێویست. کێشەی بەلووچستان و پەیوەندیی ستراتیژیی ھندوستان و ئێران و پەیوەندیی بەھێزی پاکستان لەگەڵ ئەمریکا و سعوودیا، بە گرفتی بەردەم گەیشتن بە پەیوەندییەکی باشی نێوانیان ئەژمار دەکرێت .

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples