چەمکی ئاسایشی ئاو

پێشەکی: ئاو بە یەکێک لە بابەتە چارەنووسسازەکان لەسەر ئاستی جیھانی دادەنرێت، بەو گوێرەی پێکھێنەری سەرەکیی ژیانە بەر لەوەی ماددەیەکی ستراتیژی بێت. گرنگی و بایەخ و بەسەنتەربوونی ئاو بۆ پێکھێنانی ژیان و بەردەوامیی ئەو، وای کردووە ئاو ببێتە گرنگترین کۆڵەکە لە بواری گەشەپێدانی گشتگیردا. بەبەردەوامی فەراھەمبوونی ئاو دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی خوڵقاندووە و، چەندین ھۆکار ڕۆڵی لە دروستبوونی ئەم نیگەرانییەدا ھەبووە، بەتایبەت: زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی جیھان بە شێوەیەکی سەرەکی لە چاخی ڕابردوودا، کە دەبێتە ھۆی زۆربوونی بەکارھێنان لە لایەن مرۆڤەکان و زۆربوونی بەکارھێنانی بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی؛ لە پاڵ ئەمانەیشدا پیسبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە جیھاندا، ئاستی دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکانی زیاد کردووە. لەو ڕوانگەیەوە سنوورداربوونی سەرچاوە ئاوییەکان و کەمیی ئەم سەرچاوانە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتووان، گرفتی کەمئاویی لەسەر ئاستی جیھاندا خوڵقاندووە. ئەم ناھاوسەنگییە لە سەرچاوەی ئاو بەرامبەر ڕێژەی بەکارھێنان، ھانی توێژەرانی داوە کە بە ھاوشێوەی گفتوگۆکردن لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئاسایشی خۆراکی، توێژینەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئاسایشی ئاوەوە بکەن.

تەوەری یەکەم: دیدگه‌یەکی گشتی: بە شێوەیەکی گشتی، ئاسایشی ئاوی ئاماژەیە بۆ فەراھەمبوونی بڕێک لە ئاوی پاک و باش کە شیاوی بەکارھێنانی مرۆیی بێت، کە بە شێوەیەکی چەندێتی و چۆنێتی، پێداویستییەکان پڕ بکاتەوە. لەگەڵ گرەنتیی بۆ بەردەوامبوونی ئەو بڕە، ئەمەیش دەکرێت لە ڕێگه‌ی باش بەکارھێنانی سەرچاوە ئاوییەکان و پێشخستنی میکانیزمەکانی بەکارھێنانی ئاو و گەشەپێدانی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێستا و گەڕان بەدوای سەرچاوەی نوێی ئاودا بەدی بھێنرێت. بە بارێکی دیکەدا ئاسایشی ئاو بە وەبەرھێنانی بەرزکردنەوە و گەشەپێدانی ئاستی سەرچاوە ئاوییەکان  فەراھەم دەبێت، بۆ ئەوەی ھاوسەنگییەک لە نێوان سەرچاوە ئاوییەکان و ڕێژەی داواکاری لەسەریان، بخوڵقێت.

تەوەری دووەم: پێناسەی ئاسایشی ئاوی: دووەمین کۆڕبەندی جیھانیی ئاو، کە ساڵی ٢٠٠٠ لە ھۆڵه‌ندا لەژێر ناونیشانی "ئاسایشی ئاو لە سه‌ده‌ی بیست و یەکدا" بەسترا، ھەوڵی داوە پێناسەیەک بۆ ئاسایشی ئاو پێشکەش بکات. کۆڕبەندەکە ئاسایشی ئاو لەسەر ئاستی "ماڵێکی ئاسایی، تا کۆی گشتیی جیھان" پێناسە دەکات؛ بەوەی کە ھەر کە سێک، یان تاکێک بتوانێت ئەو بڕە پێویستەی خۆی لە ئاوی پاک بۆ فەراھەم بێت، بە نرخێک، یان تێچوویەک کە لە توانایدا بێت بۆ ئەوەی ژیانێکی پاک و تەندروست و بەرھەمدار بژی، لەگەڵ گرەنتی و دڵنیاییی تەواو کە ژینگە سروشتییەکەی دەوروبەری پارێزراوە. لە لایەکی دیکەوه‌، ڕێکخراوی GWP کە ڕێکخراوی ھاوبەشێتیی جیھانییە بۆ ئاو، پێناسەی ئاسایشی خۆراک دەکات و، ئاماژە بەوە دەدات کە جیھانێک ئاسایشی ئاویی بەخۆوە دەبینێت کە جیھانێک بێت بایەخ و گرنگی بە بەھای ڕاستەقینەی ئاو و سیسته‌می بەکارھێنانی دروستی ئاو لە پێناو خۆشگوزەرانیی مرۆڤایەتی بدات و، ئەو جیھانە، دەبێت ھێزی بەرھەمھێنانی ئاوی، زیاتر بێت لە ھێزی پیسکردن و وێرانکردنی ئاو. ئەو جیھانەی ئاسایشی ئاویی تێدا بێت، دەبێت جیھانێک بێت تاکەکانی ئاوی پاکیان بە نرخێکی گونجاو لەبەردەست بێت. دەبێت جیھانێک بێت پارێزراو بێت لە لافاو و  وشکەساڵی و ڕۆچوونی زەوی و ئەو نەخۆشییانەی کە بە ھۆی ئاوەوە دەگوێزرێنەوە.  لە ھەمان کاتدا بەڵگەنامەکانی ئەنجومەنی جیھانی بۆ ئاو لەژێر ناونیشانی "دەستبەکاربوون بە ئاراستەی ئاسایشی ئاو"، وا پێناسەی ئاسایشی ئاوی دەکات کە بریتییە لە بەدەستھێنانی بڕە ئاوێک بۆ ھەر تاکێک لە کۆمەڵگەدا تا ژیانێکی دروست و تەندروستی پێ ببەخشێت، بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر ژینگەی سروشتی ھەبێت .

تەوەری سێیەم: ھۆکارەکانی تێکچوون، یان نەبوونی ئاسایشی ئاوی لە بەشێک لە دەوڵەتان: 

•       کەمئاوی: ئابووریناسان ڕایان وایە دڵەڕاوکێی جیھان سەبارەت بە گرفتی ئاو، دەگەڕێتەوە بۆ کەمئاوی و زیادبوونی ڕێژەی خواست لەسەر بەکارھێنانی ئاو لە جیھان. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی جیھان بە ڕێژەیەکی بەرچاو، گرفتێکی دیکەیە. لە ساڵی ١٨٠٠دا ژمارەی دانیشتووانی جیھان ١ ملیار كه‌س بووە؛ لە ساڵی ١٩٥٠دا ئەم ژمارەیە بەرز بۆتەوە بۆ  ٣ ملیار كه‌س؛ لە ئێستایشدا ژمارەی دانیشتووانی جیھان گەیشتتۆتە ٧ ملیار كه‌س.  ئەگەر ڕێژە و بڕی ئاو بەجێگیری و نەگۆڕی ئەژمار بکرێت،  کەواتە بە بەراورد بە ساڵی ١٨٠٠، ڕێژە و بەرکەوتی تاک لە ئاو، حەوت ھێندە کەمی کردووە. لە بارێکی دیکەدا پرۆسەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی شارە گەورەکان لە زیادبوونێکی بەردەوامدایە و، ئەمەیش وای کردووە خواست لەسەر بەکارھێنانی ئاو زیاتر بێت و تێچووی دابینکردنیشی گرانتر بێت.

•       گۆڕانکاری لە بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی ئاستی ژیان و گۆڕانکاری لە شێوازی بەکارھێنانی ئاودا، گرفتی بۆ ئاسایشی ئاوی لەسەر ئاستی جیھان دروست کردووە.

•       زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان، کاریگەریی گەورەی لەسەر پەرەپێدان و فراوانبوونی کەرتی کشتوکاڵی داناوە. گرنگیدان بە کشتوکاڵ و دابینکردنی خۆراک، بەتایبەت ئەو جۆرە شمەکانەی ئاوێکی زۆریان پێویستە تاوەکو بەرهەم دەهێنرێن بۆ دانیشتووان.  ھۆکارێکی دیکەی کەمئاوی و گرفتی ئاسایشی ئاوە لە جیھاندا.

•       گەشەسەندنی پیشەسازی، یەکێکی دیکەیە لە ھۆکارەکان؛ چونکە پیشەسازی، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئاو دەبەستێت. بە واتایەکی دیکە، ھیچ  پیشەسازییەک لە دونیادا بوونی نییە کە ئاو یەکێک لە ڕەگەز و پێکھێنەرەکانی نەبێت. ئەم بابەتە لە وتارێکی دیکەدا لەژێر ناوی ئاوی گریمانەیی(virtual water) دا ڕوونکردنەوەی پێویستی لەبارەوە دەدەین .

•       بەشێکی زۆری ئابووریناسان ڕایان وایە کە یەکێک لە ھۆکارەکانی گرفتی ئاو و ئاسایشی ئاو لە دەوڵەتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بریتییە لە نەبوونی سیاسەت و پلانی گونجاو و، خراپ بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئاو .

•       ناجۆری و نایەکسانی و نادادپەروەری لە دابەشبوونی ئاو لە جیھاندا: کیشوەری ئاسیا لە ٦٠% دانیشتووانی جیھان لەخۆ دەگرێت بەڵام ٣٦% ڕێژەی ئاوی تێدایە؛ کیشوەری ئەفریقا لە ١٣%ی دانیشتووانی جیھان لەخۆ دەگرێت بەڵام ١١%ی ڕێژەی ئاوی جیھان لەم کیشوەرەدایە؛ لە کاتێکدا کیشوەری ئوسترالیا ٢١%ی دانیشتووانی تێدایە ڕێژەی ٥١%ی ئاوی تێدایە؛ ئەمریکای باکوور لە ٨%ی دانیشتووانی جیھانە، ١٥%ی ڕێژەی ئاوی تێدایە؛ ئەمریکای باشوور ٦%ی دانیشتووانی جیھانە، ٢٦%ی ئاوی جیھانی تێدایە.  جیا لەمەیش، ئاوی شیرین کە گرنگییەکی زۆری ھەیە، بە ھەمان شێوە ناجۆری و نادادپەروەری و نایەکسانیی تێدا بەدی دەکرێت. ئەم داتایانە  دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە نایەکسانیی دابەشبوونی ئاو، گرفتی ئاسایشی ئاویی بۆ زۆرێک لە دەوڵەتان دروست کردووە .

•       پیسبوونی ئاو، بە یەکێکی دیکە لە گرفتەکان بۆ بابەتی ئاسایشی ئاوی دادەنرێت .

 

تەوەری چوارەم: ڕێگه‌کانی باشتر دابینکردنی ئاسایشی ئاوی: بە شێوەیەکی گشتی چەند ڕێگه‌ و میکانیزمێک دەگیرێنە بەر بۆ باشترکردنی ئاسایشی ئاوی لە دەوڵەتان. ئەم ھەنگاو و میکانیزمانە ناتوانن بەڕەھایی ئاسایشی ئاوی دابین بکەن، بەڵام دەتوانن دۆخی ئاسایشی ئاوی باشتر بکەن، کە بریتین لە:

١ - بەدەستھێنانی سەرچاوەی نوێی ئاو لە ڕێگه‌ی وەبەرھێنان لە بواری بەنداوەکان و پرۆسەی ڕاکێشانی ئاوەوە.

٢-  پشتبەستن بە پرۆسەی دووبارە بەکارھێنانەوەی ئاو لە بوارە جیاوازەکان .

٣ گرنگیدان بە ھۆشیارکردنەوەی زیاتری ھاووڵاتیان و دروستکردنی تێگەیشتنی زیاتر بۆ گرنگی و بایەخی ئاسایشی ئاوی .

٤- زیادکردنی پشکی دەوڵەت لە بری ئاوی ھاوبەش لە نێوان دەوڵەتان، یان لە ڕێگه‌ی ھاوردەکردنی ئاوەوە؛ کە لە ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه‌ ئەم حاڵەتە ئاسایشێکی ئاویی کاتی دابین دەکات، نەک ئاسایشی ئاویی ڕاستەقینە و بەردەوام و دروست .

٥ گرتنەبەری ڕێگه‌ و میکانیزمی مۆدێرن سەبارەت بە پرۆسەی شیرینکردنی ئاو بۆ ئەو دەوڵەتانەی لە نزیک دەریان و ئاوی شیرین، یان ئاوی پاکی خواردنەوە و بەکارھێنانیان نییە. ئەم پرۆسەیە گرنگە، بەڵام لە ڕووی دارایییەوە تێچووی زۆرە.

٦ گرتنەبەری میتۆدی "بەڕێوەبردنی کارا" لە کاروباری ئاوی لەناو دەوڵەتدا. لە ئێستادا لە ھەندێک دەوڵەتدا بۆ بەدەستھێنانی ئاسایشی ئاوی، گرنگیی زیاتر بەم میتۆدە دەدرێت؛ وەک شانشینی عوممان لە ساڵی ٢٠١٤دا لە بەرمەبنای ٥٨ توێژینەوەی زانستیی کۆنفڕانسی ئاودا بڕیاری لەسەر دا.

پوختە: ئاسایشی ئاو بە یەکێک لە پرسە گرنگەکان بۆ دەوڵەت دادەنرێت. ھۆکاری سەرەکیی ئەم گرنگیدانە، دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیی ئاو وەک ڕەگەزێکی گرنگی پێکھێنان و بەردەوامبوونی ژیان و بەکارھێنانی لە گشت بوارەکاندا. بوارێک، یان سێکتەرێک بوونی نییە لە کۆمەڵگه‌دا، کە یەکێک لە پێداویستییەکانی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی، ئاو نەبێت. لەو ڕوانگەیەوە دەوڵەتان بۆ گەیشتن بە ئاسایشی ئاوی لە ھەوڵی بەردەوامدان. وێڕای نەبوونی پێناسەیەکی گشتگیر کە ھەموو ڕەگەزەکان لەخۆ بگرێت، بەڵام لە ساناترین واتادا ئاسایشی ئاو ئاماژەیە بۆ توانای دەوڵەت لە دابینکردنی بڕی پێویستی ئاو لە ڕووی چۆنێتی و چەندێتییەوە بۆ ھاووڵاتییەکانی. نادادپەروەری لە دابەشبوونی ئاو، بە گرنگترین ھۆکار و ڕێگری بەردەم دابینکردنی ئاسایشی ئاو، لەپاڵ بوونی دەیان ھۆکاری دیکە، ئەژمار دەکرێت .

سەرچاوەکان:

1-  محمود ابو زيد، المياه صدر للتوتر في القرن 21 (القاهرة: مركز الأهرام للترجمة والنشر، 1998م) .

2- محمود الاشرم، اقتصاديات المياه في الوطن العربي والعالم (بيروت مركز دراسات الوحدة العربية، 2001) .

3- طه بن عثمان الغراء، أمن الموارد المائية في دول الخليج العربية: الواقع والمستقبل: http://studies.aljazeera.net/ar/files/gccpath/2015/01/20151158464753763.html

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples