" ئۆزبەکستان و تاجیکستان بە نموونە
پێشەکی: گرفتی وەبەرھێنان لەسەرچاوە ئاوییە ھاوبەشەکان لە ناوچەی ئاسیای ناوەنددا، دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی چاخی ڕابردوو. سیاسەتی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، بریتی بوو لە گرنگیدان بە فراوانکردنی کەرتی کشتوکاڵی و زیادبوونی بەرھەمە کشتوکاڵییەکان. پاش بەدەستھێنانی سەربەخۆییی دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە و جیابوونەوەیان لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، چەندین گرفت لە بواری ئاو و سەرچاوەکانی وزە و سوێربوونی خاک و کزبوون و کەمبوونەوەی ئاوی دەریای ئارال و بەبیابانیبوونی بەشێک لە زەوییەکان، ڕووی لەو دەوڵەتە تازە لەدایکبووانە کرد. لە پاڵ ئەم گرفتە ژینگەیییانەدا گرفتێکی سیاسیی قووڵ لە نێوان سەرکردە سیاسییەکانی ئەو دەوڵەتە تازە جیابووانەدا بوونی ھەبوو، کە سەرەکیترینیان بریتی بوو لە نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی بۆ دانیشتن و گفتوگۆکردن دەربارەی دانانی سیستهمێکی ئاوی، کە تیایدا گرەنتیی دابەشبوونێکی دادپەروەرانەی سەرچاوە ئاوییەکان لە نێوان ئەو دەوڵەتانەدا بکات.
بە شێوەیەکی سادە، ئاسیای ناوەند یەکێکە لەو جوگرافیایانەی کە بەدەست کەمئاوییەوە گرفتارە، بەڵام گرفتاربوون و کێشەی قووڵتر ئەوەیە کە نایەکسانی لە دابەشبوونی سەرچاوە ئاوییەکانیدا ھەیە. بە نموونە، قرقیزستان و تاجیکستان لە نێوان ئەو پێنج دەوڵەتەدا بڕێکی باش و گونجاوی سەرچاوە ئاوییەکانی ھەیە و سەرچاوەکانی دیکەی وزەی کەمە؛ دەوڵەتانی دیکەیش گرفتاری سەرەکیی کەمئاوین و ڕێژەیەکی باشی سەرچاوەکانی وزەیان ھەیە. لە ساڵی ٢٠٠٥دا سەرۆکی ھەر پێنج دەوڵەتەکەی ئاسیای ناوەند (ئۆزبەکستان، تاجیکستان، تورکمانستان، قرقیزستان و کازاخستان) ڕێککەوتنێکی سەرەتایییان ئەنجام دا سەبارەت بە پێویستبوونی ڕێککەوتنێکی ھاوبەشی ستراتیژی بۆ بەکارھێنان و دابەشکردن و چاکسازی لەسەرچاوە ئاوییەکان لە ئاسیای ناوەنددا؛ بەڵام ئێستایش پاش زیاتر لە چارەکە سەدەیەک بەسەر سەربەخۆبووندا، گرفتە ئاوییەکان بە بەراورد بە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تەنگژاویترە، بەتایبەت ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە بە سنووری چەند دەوڵەتێکدا تێ دەپەڕن.
ئاو و دروستبوونی تەنگژە: لە ئابی ٢٠١٣دا حکوومەتی تاجیکستان لە "دووشەنبە"ی پایتەخت کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی فراوانی بە ھاوکاریی ڕێکخراوەکانی پسپۆر لە نەتەوە یەکگرتووەکان ساز کرد. بەڵام گفتوگۆ چڕوپرەکان لە بواری کردەییدا زۆر لاوازن و کێشەکان لەو کۆنگرە و کۆڕبەندانەدا چارەسەر نابن، چونکە گرفتی پشک و دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان لەم ناوچەیەدا لای بەشێک لە توێژەران گەیشتۆتە بنبەست و، چارەسەرکردنی زۆر قورسە. بەڵام ھەندێک لە پسپۆرانی ئەم بوارە ڕایان وایە کە گەیشتن بە چارەسەر، پێویستیی بە مامەڵەیەکی لۆژیکییانە و ھێمنانە ھەیە. نموونەی ئەوە دەھێننەوە کە ئەو تەنگژەیەی لە نێوان تاجیکستان و ئۆزبەکستاندا ھەیە چارەسەری ئەستەم نییە چونکە دەرفەتێکی باش فەراھەمە بۆ ھاریکاریی ئابووری لە نێوانیاندا. ئۆزبەکستان خاوەن گازێکی سروشتیی زۆرە و، لە ھەمان کاتدا لە تاجیکستانەوە سەرچاوە ئاوییەکانی بۆ دێت. واتە ئەو دەوڵەتەیە کە ئاوی تێ دەڕژێت، تاجیکستانیش خاوەن سەرچاوەیەکی ئاویی زۆرە و، دەتوانێت سوود لە گازی سروشتیی ئۆزبەکستان وەربگرێت و، بەپێچەوانەیشەوە ئۆزبەکستان دەتوانێت لە ئاوی تاجیکستان سوودمەند بێت.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی ئەم ھاریکارییە لەم بوارەدا، بەدی نایەت؟ یەکێک لە گرفت و ڕێگرییە گەورەکان بریتییە لە ھەوڵی بەردەوامی تاجیکستان بۆ بننیاتنانی بەنداوی "ڕۆجون" لەسەر ڕووباری "ڤهخش" (Vakhsh River). ئەم پرۆژەیە، تەنگژەی نێوانیانی قووڵتر کردۆتەوە. پسپۆرە سۆڤیەتییەکان لە حەفتاکانی چاخی ڕابردوودا پلان و دیزاینێکی سەرەتایییان بۆ ئەو بەنداوە کێشا، کە وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبایشی تێدا بوو و، چاوەڕوان دەکرێت بەرزاییی بەنداوی ڕۆجون ٣٣٥ مەتر بێت، کە بە بەرزترین بەنداو لە جیھاندا دادەنرێت. بەڵام پاش ھەرەسی سۆڤیەت، بۆ ماوەیەک پرۆژەکە ھەڵپەسێردرا و، لە دواییشدا بە ھۆی جهنگی ناوخۆی تاجیکستان، نەتوانرا پرۆژەکە کاری تێدا بکرێت؛ وهلێ لەگەڵ دەستپێکی چاخی نوێ و سەرەتاکانی دووھەزارەوە، کارکردن لە پرۆژەی بەنداوەکەدا دەستی پێ کردەوە.
بە ھۆی گرژییەکانی نێوان ھەر دوو سەرۆک ڕەحمانۆف و کریمۆف، بابەتی بەنداوی ڕۆجون بۆتە بابەتێکی ستراتیژی بۆ ھەردوو دەوڵەت. لە حاڵەتی تەواوبوونی بەنداوەکەدا تاجیکستان توانای کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری ئەو سەرچاوە ئاوییانەی دەبێت کە لە تاجیکستانەوە دەڕژێنە ئۆزبەکستان. لە پاڵ ئەمەیشدا، وێستگەی ڕۆجون بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، توانای ئەوەی دەبێت کە وزەی کارەبای پێویست بە تێچوویەکی کەم بۆ تاجیکستان فەراھەم بکات و، بشتوانێت وزەی کارەبای زیادە ھەناردەی دەوڵەتانی دراوسێ بکات. توێژەران دەڵێن تەواوبوونی بەنداوەکە و وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەباکەی، ڕەحمانوف دەکاتە سەرکردەیەکی خاوەن ھێژموون لەسەر ئاستی ئاسیای ناوەند. ئۆزبەکستانیش بە ھەموو توانای خۆی، ھەوڵ دەدات کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە بکات.
بە درێژاییی ساڵی ٢٠١٣ ئۆزبەکستان وەک سزایەک بەرامبەر تاجیکستان سێ جار ھەناردەی گازی سروشتیی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگرتووە. ئەو ھەنگاوەیش زیانێکی گەورەی لە ھاوڵاتیان داوە و، ھەروەھا بۆتە مەترسیی گەورە لەسەر ڕاوەستانی کارەکانی کارگە و گەورە کۆمپانیای ئەلەمنیۆمی "تالکو"، کە %٧٥ی دراوی بیانی بۆ دەوڵەت دەستەبەر دەکات. ھەروەھا، بەتوندی کاریگەریی داناوە لەسەر ئەو کارگەیەی چیمەنتۆ، کە کەرەستەی چیمەنتۆی پێویست بۆ بەنداوی ڕۆجون دابین دەکات و بە گازی سروشتی کار دەکات کە لە ڕێگهی ئۆزبەکستانەوە گواستراوەتەوە بۆی. ھەروەھا وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر سیاسەتە ئاوییەکانی تاجیکستان، کە ئۆزبەکستانی نیگەران کردووە، سنووری سیاسیی ئۆزبەکستان دەروازەیەکی گرنگە بۆ بەشی باشووری تاجیکستان.
جیا لە نەناردنی گازی سروشتی، ئۆزبەکستان ڕێگری لە ناردنی شمەک و پێداویستییەکان دەکات بۆ ئەو بەشەی تاجیکستان و، پاش تەقینەوەکانی ڕێگهی جالابا- ئەموزانج ئۆزبەکستان ھێڵی ئاسنینی بە ڕووی ئەو بەشەی تاجیکستاندا داخست. بەو جۆرە، ئۆزبەکستان توانیویەتی کە باشووری تاجیکستان لە پەیوەندیکردن بە دونیای دەرەوە داببڕێت و گۆشەگیری بکات. ئەمە لە کاتێکدایە ھەر دوو دەوڵەت دەیانتوانی زەمینەی لێکتێگەیشتن بخوڵقێنن و، تاجیکستان واز لەو سیاسەتە توندەی بھێنێت لە دۆسییەی ئاودا و، تورکمانستانیش سوودمەند بکات و، خۆیشی ئەو گرفتانەی ئاماژەمان پێ دا، چارەسەر بکات و، بتوانێت لە گازی سروشتی ئۆزبەکستان سوودمەند بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە نیو ملیۆن ھاوڵاتیی ڕەگەز ئۆزبەکی لە تاجیکستاندا دەژین و، ملیۆنێک ھاوڵاتیی ڕەگەز تاجیکی لە ئۆزبەکستان دەژین. ئێستاكه بە ھۆی تەنگژەی پەیوەندییەکانی نێوانیانەوە، کە ئاو یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکان، ھاتووچۆکردن لە ڕێگهی وشکانی، بۆ ھاوڵاتیانی ھەر دوو دەوڵەت زۆر ئەستەم بووە.
پوختە: لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، کە ئەم ناوچەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەیدا بوو، بە جۆرێک مامەڵەی دەکرد کە جۆرێک لە ھاوسەنگیی لە نێوان بڕی ئاوی زیادەی تاجیکستان و قرقیزستان لەگەڵ سەرچاوەکانی وزەی وەک گازی سروشتی کە لە ھەرێمەکانی تورکمانستان و ئۆزبەکستان و کازاخستاندا ھەبووە، دروست کردبوو. پاش کەوتنی یەکێتیی سۆڤیەت و بەدەستھێنانی سەربەخۆییی ئەم دەوڵەتانە، ئەم سیستهمە لە ئیدارەدان ھەڵوەشایەوە. چیدیکە تاجیکستان ڕێگه نادات ئەو ئاوەی بە وڵاتەکەیدا تێپەڕ دەبێت بۆ ئۆزبەکستان، بەبێ بەرامبەر بڕوات؛ لە کاتێکدا کە ئۆزبەکستان گازی سروشتیی پێ دەفرۆشێت. ئەم ھەنگاوانە تەنگژەیەکی دروست کردووە کە کاریگەریی كردۆته سەر پەیوەندییە سیاسییەکان. گرفتێکی دیکەی ئەم وڵاتانە ئەوەیە کە ڕێژەی بەکارھێنانی ئاویان زۆرە. بە نموونە، بەکارھێنانی بڕی ئاو لە ئۆزبەکستاندا، نزیک دەبێتەوە لەو بڕەی کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەکار دەھێنرێت. ئەگەر ئەم دوو دەوڵەتە بەتایبەت و، دەوڵەتانی ئاسیای ناوەند بە شێوەیەکی گشتی، نەگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و دانانی سیستهمێکی بەڕێوەبردنی دادپەروەرانە و، نەتوانن ئاسانکاری بكهن و، لە بابەتی ئاو و گازی سروشتیدا ھاوکار بن، پێشبینیی ئەوە دەکرێت کە تەنگژەکان لە ئاییندەدا لەبارەی سەرچاوە ئاوییەکان فۆرمێکی توندتر بەخۆوە ببینێت.