ئاماژەکانی سەردانی ترامپ بۆ سعوودیا

دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دۆخێکی ھەستیار و پڕتەنگژەیە. ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆتە زۆرترین کەرەستەی توێژینەوەی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ توێژەران لە ڕووی زانستییەوە، لە ڕووی سیاسییشەوە شانۆیەکی پڕئەکتەری سیاسیی زلھێز و ھێزە ھەرێمایەتییەکان و ھێزە لۆکالییەکانە. ناوەندێکی گەورەی گەمەی ئابووری و بازرگانییشە؛ بە دیوێکی دیکەدا گۆڕەپانێکی کراوەی  ھاوکێشە ھەواڵگرییەکانیشە. دۆخی ناسەقامگیری سیاسی و تەناھی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم ناوچەیە زۆرترین خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، کە تەواوی کایەکانی لە تەنگژە و ململانێی قووڵدا دەژین. زەمەنی سەرۆکایەتیکردنی ئۆباما لە ئەمریکا و ستراتیژییەتی ئەمریکییەکان لە ھەشت ساڵی حوکمڕانیی ئۆبامادا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی خستبووە فۆرمێکی دیکەوە. ڕۆژھەڵاتێکی ناوەڕاست کە لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە دەستوپەنجەی لەگەڵ ئەوەدا نەرم کردبوو کە ئەمریکا وەک ھێزێکی گەورەی نێودەوڵەتی، زۆرترین و چڕترین ئامادەییی لەم ناوچەیەدا ھەبووە، ھێزە ھەرێمایەتی و لۆکاڵییەکان جیا لەوەی بەشێکی زۆریان وابەستە بوون بە ھێژموونیی ئەمریکاوە، لە ھەمان کاتدا زۆرترین چاوەڕوانیشیان لە دەستێوەردانی نەرم و نانەرمی ئەمریکا لە ھاوکێشە سیاسییەکانی ئەم ناوچەیەدا ھەبوو. بەڵام بەشێک لە توێژەران و، زۆر کاتیش ھەندێک لە سیاسییەکان ئەوە دەدرکێنن کە لە قۆناغی سەرۆکایەتیی ئۆبامادا ئەمریکایەکی تا ڕاددەیەک جیاواز بەدی کرا؛ ئەمریکایەک کەمترین ھێزی سەربازیی بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی بەکار ھێنا و، زۆرترین ھێزی نەرم ئامادەیی ھەبوو. لە بەرامبەر ئەم فۆرمی ڕۆڵگێرانەی ئەمریکادا، ھەڵکشانی ڕۆڵی چەند ھێزێکی دیکەی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی زۆرتر بەدی کرا، وەک: ڕووسیا و ئێران و تورکیا و سعوودیا. بەڵام لەگەڵ ھاتنی ترامپ، ئەمریکا وا دەردەکەوێت، ھەرچەندە سەرەتایە، کە بیەوێت ئەو فۆرمەی ئۆباما لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی ڕێژەیی گۆڕانکاریی تێدا بکات.

سیماکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا، لەو دۆخە دەچێت کە دۆخی ئامادەیی بوو بۆ گۆڕانکاری لە ھاوکێشە سیاسییەکان. سەردانی ترامپ بۆ سعوودیا تا ڕاددەیەک ھاوشێوەی ئەو سەردانەی "ڕۆزڤێلت"ە، کە لە ١٤ی شوباتی ١٩٤٥دا بۆ لای شا عەبولعەزیزی ئال سعوود ئەنجامی دا. ئەم سەردانەی ترامپ پێچەوانەی ئەو عورفە باوەیە کە سەرۆکەکانی ئەمریکا لە سەدەی ڕابردوودا ئەجێندای یەکەمین سەردانەکانیان کەنەدا و مەکسیک و بریتانیای ھاوپەیمانی کلاسیکی ئەمریکا بوو. ترامپ وەرچەرخانێکی دیکەی لەم بوارەدا کرد و، خوێندنەوەیەکی ڕیالیستییانەتری ھەبوو بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆڵی ئەمریکا لە گەمە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لە چەقی ململانێ و تەنگژەکان و ناوچەی گەرمی سیاسەتکردن لە دونیادا کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە. دەکرێت خاڵبەندییەک بکەین، چ وەک زانیاریخستنەڕوو، چ وەک ئاماژە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی ئەم سەردانەی ترامپ:

١- سعوودیا چوارەمین دەوڵەتە لە ڕووی دابینکردنی خەرجیی سەربازییەوە لە جیھاندا؛ یەکەمە لە کڕینی چەکی ئەمریکیدا. لەم سەردانەی ترامپدا گرێبەستی کڕینی چەک بە بەھای ٣٤٠ ملیار دۆلار، بە گرێبەستێکی گەورە و مێژوویی ئەژمار دەکرێت، کە لە پێشەکیدا بە بەھای ١٠٠ ملیار دۆلار دەست پێ دەکات و، ئەوەی دیکەی کە دەمێنێتەوە لە ماوەی ١٠ ساڵی داھاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمە جیا لەوەی کە کوالێتی و جۆری چەکەکان، جیاوازن لەوانەی لە ڕابردوودا گرێبەستیان لەسەر کراوە. بەدەر لەمانەیش، سعوودیا بە بەھای ٧٥٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی لە بازاڕی ئەمریکیدا ھەیە .

٢- ئەنجامدانی سێ دیداری لووتکە لەسەر ئاستی ناوخۆی سعوودیا، پاشان کەنداو و پاشان ھەندێک وڵاتی عەرەبی، پەیامی سیاسیی گەورەی تێدابوو کە ترامپ سعوودیای کردۆتە وێستگەی دەستپێکی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی بەشێک لە ناوچەکە.

٣- سەردانەکەی ترامپ و بایەخی بە سعوودیا، ڕەنگە خوێندنەوەی ئەوەی بۆ بکرێت پێچەوانەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی ترامپ بێت کە لەو کاتەدا ھەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەکار دەھێنا کە دوور بوو لە عورفی دیبلۆماسی و ئەتەکێتی سیاسی، بەڵام لە ڕاستیدا پێچەوانە دەرکەوتنەکە ڕووکەشە، چونکە ئەو کاتیش ترامپ لە بنەڕەتدا نەیدەویست پشت لە سعوودیا بکات، بەڵکوو ئامانجی بوو پەیامێکی سیاسی بداتە سعوودیا کە ئەمریکا بەرژەوەندیی ئابووریی لە سعوودیا دەوێت. پەلکێشکردنی سعوودیا بۆ ناو ئەو دڵەڕاوکێیەی کە ترامپ لێ دەگەرێت تەمەدوودی فارسی پەل بکێشێت بۆ کەنداو لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ھیچ نەبوو جگە لەوەی کە ترامپ لە سەردانەکەیدا ویستی بۆ ئەمریکییەکان بەدی بھێنێت. ئەمەیش وای کرد سعوودییەکان وەلی عەھد، ئەمیر محەمەد بن سەلمان، بنێرنە لای ترامپ  و ئامادەسازی بکەن بۆ ئەو سەردانە و، ئەوەیش بەیان بکەن کە سعوودییەکان ڕەزامەندن لەسەر داواکارییەکانی ترامپ .

٤- سعوودیا بە سەردانی ترامپ چەند ئامانجێکی گرنگی خۆی خستە چوارچێوەی بواری پراکتیکییەوە، لەوانە: گەیاندنی ئەو پەیامەی کە جەخت لەسەر گرنگیی ڕۆڵی ھەرێمایەتیی سعوودیا دەکاتەوە و، ھەوڵدان بۆ ڕەواندنەوەی ھەندێک لە و نیگەرانییانەی لە پەیوەندییەکانی دەوڵەتانی کەنداو و ئیدارەی پێشووی ئەمریکا ھەبوون؛ جیا لەوەیش، خوڵقاندنی پاڵپشتییەکی سیاسی لە بەرامبەر ھێژموونیی ئێران، چ لە ئاستی ئەمریکی و چ لە ئاستی تا ڕاددەیەک عەرەبیدا .

٥- ترامپ بەو سەردانە، پەیامێکی سیاسیی یەکلاکەرەوەی دایە ئێران کە ھێژموونیی ئێرانی وەک پێشووتر نابێت. پڕچەککردنی سعوودیا بە چەکی نوێ، ڕەنگە دوو خوێندنەوەی بۆ بکرێت: یەکەمیان بۆ پڕچەککردنی ناوچەکە بێت کە دواجار سەر بکێشێت بۆ تەنگەژەی قووڵتر؛ دووەمیان، ڕەنگە کارتێکی گوشار بێت بۆ سەرلەنوێ چێککردنەوەی باڵانسی ھێز و ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی ھێژموونیی ئێران.

٦- سەردانی ترامپ بۆ سعوودیا وای لێ دەخوێنرێتەوە دابەشبوونێکی سیاسیی قووڵتر لە ناوچەکەدا بخوڵقێنێت. ئاماژەکانی دروستکردنی بەرەیەکی عەرەبی و ئیسلامی لە بەرامبەر ھێژموونیی ئێران، ڕەنگە ئێرانیش ھان بدات بۆ کۆکردنەوەی زیاتر لە چوارچێوەی دامەزراوەیەک، یان ھاوپەیمانێتییەکی دامەزراوتر لە نێوان ئێران و لوبنان و عێراق و سووریا و پاڵپشتیی ڕووسیا. ئەم دۆخە، ناوچەکە بەتۆخی بۆ دوو بلۆکی دژبەیەک دابەش دەکات کە دووجەمسەریی ڕاستەقینەی لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لێ دەکەوێتەوە. بە واتایەکی دیکە، بە مەترسیدار پیشاندانی ھێژموونیی ئێران لە لایەن ترامپەوە و، بە قووڵبوونەوەی دۆخی ململانێی سیاسیی سوننە – شیعە لە ناوچەکەدا، ئەمریکا دەیەوێت کاراتر لە جاران بەڕێوەبەری ئەو تەنگژەیە بێت .

پوختە: ڕەنگە سەردانی ترامپ بۆ سعوودیا ئەوەی لێ بەدی بکرێت کە  ھاوکێشە سیاسی و تەناھییەکانی بەشێک لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەک پێش سەردانەکە نابێت. ئەمریکای ترامپ، لە ڕاستیدا لە ھەوڵی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ھەندێک لە پەیکەری ھەرێمایەتی و داخڵبوونەوەیەکی چڕتر و کاراترە لە ئیدارەی ئۆباما. ترامپ بەو سەردانەی، توانیی خەمی کەنداوییەکان تا ڕاددەیەک بڕەوێنێتەوە کە لە سێ بابەتی سەرەکیی ئیدارەی ئۆباما نیگەران بوون: یەکەم، پاشەکشەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق؛ دووەم، ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٥+١ لەگەڵ ئێران؛ سێیەم، نەبوونی بڕیارێکی جددی و یەکلاکەرەوە دژبە بەشار ئەسەد و ئاییندەی بەعس لە سووریا. ئەم سێ تەوەری نیگەرانییە، بۆ کەنداوییەکان بەگشتی و سعوودییەکان بەتایبەتی، مایەی نیگەرانیی قووڵ بوون. ترامپ بەو سەردانەی، بەشێک لەو نیگەرانییانەی ڕەواندەوە، بەوەی کە ئەمریکای وەک ھاوپەیمانی ستراتیژیی ئەوان پیشان دا و، لە ھەوڵی بەھێزکردنی بەرەی دژبە ئێرانە. ڕەنگە سەردانەکەی ترامپ، ئێران لە ئاییندەدا بخاتە بەردەم دوو بژاردەوه‌: بژاردەی تێگەیشتن لە سنووردارکردنی ھێژموونەکەی و بژاردەی بەرەنگاربوونەوە دژبە بژاردەی سنوورداربوونی ڕۆڵی ئێران. بۆ ئەم بژاردەیە، ڕەنگە ئێران پێویستیی بە دوو بابەتی گرنگ ھەبێت: یەکەم، خۆڕێکخستنەوەی ھاوپەیمانە ھەرێمایەتییەکەی؛ دووەم،  پشتبەستنی زیاتر بە پاڵپشتیی ڕووسیا بەتایبەت و، چین بەگشتی. ئەم سەردانەی ترامپ تەنیا بۆ سنوورێکی دیاریکراو نییە، ڕەنگە ھەوڵێک بێت بۆ بەشداریپێکردنی ئیسڕائیلیش بەو ھاوپەیمانێتییەی کە چاوەڕوانی دروستبوونی دەکرێت، یان لانی کەم  دروستکردنی ھەماھەنگییەکیش بێت لەگەڵ ئیسڕائیل. بەڵام دواجار، دەکرێت بگوترێت سەردانەکەی ترامپ سەردانێکی ئاسایی نەبوو. ناوچەکە دەخاتە بەردەم چەند ئەگەرێکی جیاوازتر لەوەی ئێستا دەگوزەرێت، کە ڕەنگە لە دیارترین ئەو ئەگەرانەیش قووڵبوونەوەی زیاتری بلۆکبەندیی ناوچەکە بێت، یان سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ھەیکەلییەتێکی ھەرێمایەتیی سیاسی- تەناھی بێت بۆ چێککردنەوەی باڵانس لە بەردەم ھێژموونی ئێران بەتایبەت و، ڕووسیا بەگشتی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples