ڕێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان، له‌و ڕێگه و که‌ناڵه سه‌ره‌کییانه‌ن که ڕۆشنبیری له کۆمه‌ڵگه‌دا بڵاو ده‌کەنه‌وه و، تاکه‌کانی له‌سه‌ر بابه‌ت و دیارده سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌کان هوشیار ده‌کەنه‌وه. ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ده‌زگایه‌کی فه‌رمانڕە‌وایی نییه، به‌ڵکوو جۆرێکه له چالاکیی ئاره‌زوومه‌ندانه و، له‌سه‌ر ڕۆشنبیرییه‌کی ئاره‌زوومه‌ندانه بنیات ده‌نرێ و، له ڕێگه‌ی چالاکوانه‌کانیشییه‌وه له‌سه‌ر وه‌گه‌ڕخستن و ڕۆشنکردنه‌وه‌ی ڕۆح و هه‌ستی کاری به‌کۆمه‌ڵ و پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشایییانه‌ی که ده‌وڵه‌ت ناتوانێت پڕیان بکاته‌وه، کار ده‌کات. واته، ده‌وڵه‌ت هه‌رچه‌نده داموده‌زگه‌ی زیاتری هه‌بێت، ناتوانێت سه‌رتاپای پێداویستییه جۆراوجۆره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵگه پڕ بکاته‌وه. ئه‌مه‌یش وا ده‌کات که ئۆرگانی دیكه له ناو ده‌وڵه‌تدا هه‌بن، تاکو ئه‌و که‌لێنانه پڕ بکه‌نه‌وه.
ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، پێویسته ببنه بنه‌مای دروستکردنی پردی دیالۆگ و گفتوگۆ له نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکدا؛ دیالۆگێکی مه‌ده‌نی، له‌سه‌ر بنه‌مای گوێگرتن و خستنه‌ڕووی خواسته ڕە‌واکان له لایه‌ن سه‌رجه‌م چین و توێژە‌کانی کۆمه‌ڵگه. بێ گومان، ڕێکخراوی مه‌ده‌نیی ئه‌کتیڤ و کارا، له هه‌ر سیسته‌مێک و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیموکراسیدا بێت، له بره‌ودان به بزاڤی ڕۆشنبیری، ڕۆڵیکی چالاکانه‌ی هه‌یه و، ده‌بێته سه‌کۆیه‌کی دیالۆگ و گفتوگۆ و پردی په‌یوه‌ندی له نێوان خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هۆشیارکردنه‌وه و ڕۆشنبیرکردنی تاکه‌کان به‌رامبه‌ر به پرسه جیاوازه‌کان.
ئاشکرایه زانایانی بواری سیاسی و کۆمه‌ڵناسی به‌گشتی، بایه‌خ و گرنگییه‌كی گه‌وره‌یان به پێناسه و شرۆڤه‌کردنی چه‌مکی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی داوه و، زاراوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به یه‌ک ڕسته‌ی جێگیر، پێناسه ناکرێ به‌ڵکوو به شێوازی جۆربه‌جۆر گوزارشتی لێ کراوه. هه‌روه‌ها، ئه‌رکی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌وه‌دا چڕ ده‌بێته‌وه که گرووپێک له خه‌ڵک له ده‌وری یه‌ک کۆ ببنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی کێشه هاوبه‌شه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. بۆیه، کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بریتییه له "کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که ئه‌ندامه‌کانی، ئه‌وه‌نده ئازادن، ده‌توانن بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاروباره سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان ڕێکخراو و ئه‌نجومه‌نی جۆراوجۆر پێک بهێنن".
کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه که ئامانجیان ئه‌وه‌یه سیستەمێكی سیاسیی دیموکراسی یان ئایدۆلۆژییه‌کی ته‌ندروست، یان حکوومه‌تێکی کارا بێننه سه‌ر کار، هه‌ڵبه‌ته له ڕێگه‌ی ئه‌و کار و چالاکییانه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن و هه‌وڵ بۆ دروستکردنی تاکێکی ڕۆشنبیر و کۆمه‌ڵێکی هوشیار ده‌ده‌ن. کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا، نموونه‌یه‌کی نوێی سیسته‌مێکی دیموکراسیی هاوچه‌رخه. بیرمه‌ندی ئیتاڵی "ئه‌نتۆنیۆ گرامشی"، وای ده‌بینێت که ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، له هه‌ژموونی ڕۆشنبیری و بره‌ودان به ڕه‌وتی هۆشیاری له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا، ده‌ورێکی چالاکانه‌یان هه‌یه.
له لایه‌کی تره‌وه، بیرمه‌ندی ئینگلیزی، "تۆماس بین"، یه‌که‌مین که‌سه، که له نێوان ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا جیاوازیی کردووه. به بۆچوونی ئه‌و، ده‌وڵه‌ت کیانێکی دروستکراوه و به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا سه‌پێنراوه و، ڕێگه به ده‌وری تاکه‌کان نادات که هەوڵی ئاره‌زوومه‌ندانه بدەن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، به سروشتی خۆی، خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته. به‌ڵام کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به‌پێچه‌وانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی _ده‌وڵه‌ت_ه‌وه، ڕۆحی به‌کۆمه‌ڵ و چالاکیی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی تێدایه و، پانتاییی ئه‌خلاقی له نێوان فەرمانڕەوا و فەرمانڕەوایكراودا به‌رجه‌سته ده‌کات. هه‌روه‌ها، چه‌مکی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی لای تۆماس بین، بریتییه له‌و گۆڕە‌پانه‌ی که دامه‌زراوه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه له نێوان تاک و ده‌وڵه‌تدا له‌خۆ ده‌گرێت.
ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، ڕۆڵێکی ئه‌وه‌نده گرنگیان له به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی دیموکراسی هه‌یه، كه زۆر له شاره‌زایان ئاماژە بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، مه‌حاڵه قسه له‌سه‌ر دیموکراسی له وڵاتێک‌دا بکرێت، ئه‌گه‌ر ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌و وڵاته‌دا نه‌بن، یان هه‌بن به‌ڵام له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و پارته سیاسییه فه‌رمانڕەواكانه‌وه په‌کیان خرابێ و کۆنترۆڵ کرابن. به‌ڵام، ده‌بێت ئه‌وه‌یش له‌یاد نه‌که‌ین که کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، به‌بێ جۆرێکی تایبه‌ت له زانیاری و ڕۆشنبیری و مه‌عریفه و وشیارییه‌کی پته‌و و به‌رز، مه‌حاڵه دروست ببێت.
ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، بۆ چه‌ندین ڕێکخراو و گرووپ پۆلێن ده‌کرێن. یه‌کێک له‌و گرووپانه، پێیان ده‌گوترێت ڕێکخراوه هزری و ڕۆشنبیرییه‌کان، که ئه‌و ڕێکخراوانه ده‌گرێته‌وه که له بوارێکی دیاریکراوی ڕۆشنبیریدا، بایه‌خ به پته‌وکردن و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ڕۆشنبیریی توێژه جۆربه‌جۆره‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌یان ده‌ده‌ن.
|