كوردستان پێویستی بە حكوومەتێكی بەهێز ‌و ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا هەیە

سەروەر حەمە ئەحمەد، مامۆستا لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەڵاحەددین – هەولێر

دەروازە

پرسی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانە كە لە 30ی ئەیلوولی 2018 ئەنجام درا‌وە، كە تیایدا 16 حزب ‌و پێكهاتەی نەتەوەیی ‌و ئایینی، توانییان كورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنن. ئێستایش كە لە سەروبەندی پێكهێنانی حكوومەتی نوێداین، پێویستە لە پاڵ پێكهێنانی كابینەی وه‌زاری _حكوومەت_، هێزێكی ئۆپۆزیسیۆنی كارایش لە پەرلەمان بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی تابلۆی حكوومەتداری بەتەواوی بنەخشێنرێت. ئێمە مەبەستمانە لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا قسە لەسەر ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە بنیاتنانی حكوومەتێكی بەهێزدا بكەین.

ئۆپۆزیسیۆن (المعارضة/ Opposition)

ئۆپۆزیسیۆن بەو حزب‌ و لایەنانە دەگوترێت كە لە دەسەڵات نین ‌و لەناو پێكهێنانی حكوومەتیشدا بەشدار نین، بەڵام ئامانجیان گەیشتنە بە دەسەڵات لە هەر هەلێكی نزیكدا. یان بە واتایەكی تر، ئۆپۆزیسیۆن بریتییە لە هەوڵ و كۆششی حزب و دەستە و ڕێكخراوەكان بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە دیاریكراوەكانی خۆیان كە زیاتر مەبەستەكانیان ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی لەخۆ گرتووە.

بۆ ئەوەی باشتر لە ئۆپۆزیسیۆن تێ بگەین، دەبێت جیاوازی بكەین لە نێوان ئامانجی حزبی سیاسیی دەسەڵاتدار ‌و، هێزی ئۆپۆزیسیۆن ‌و، گرووپەكانی گوشار (لۆبی/ lobby)؛ بە جۆرێك كە ئامانجی هەموو حزبێك گەیشتنە بە دەسەڵات و، ئامانجی حزبی سیاسیی دەسەڵاتداریش مانەوە لە دەسەڵات ‌و قایمكردنی زیاتری پێگەی خۆیەتی لە دەسەڵاتدا. ئامانجی گرووپەكانی گوشاریش _لۆبی_ بریتییە لە گوشارخستنە سەر دەسەڵات نەك گەیشتن بە دەسەڵات، تاوەكوو دەسەڵات بڕیارێك دەربكات كە لە قازانجی لۆبیكەران بێت.

بەڵام ئۆپۆزیسیۆن جیاواز لەو دوو شێوەی پێشوو، گوزارشتە لەوەی كە سیاسەت ‌و ستراتیژییەتی حزبێكی سیاسی، جیاواز بێت لە حزبی دەسەڵاتدار كە حكوومەتی پێك هێناوە. بە جۆرێك كە هێزە بەرهەڵستكارەكە نەتوانێت لە پێكهێنانی حكوومەتدا بەشدار بێت؛ بەم جۆرە دەكرێت حزبی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەماندا درێژە بە كار‌ و چالاكیی خۆی بدات. بەڵام هەر كە لە حكوومەت بەشدار بوو، ئیدی سیفەتی ئۆپۆزیسیۆن بوونی پێوە نامێنێت. ئامانجی حزبی ئۆپۆزیسیۆنیش وەك هەر حزبێكی دیكە، بریتییە لە گەیشتن بە دەسەڵات؛ واتە حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەمان ئامانجیان هەیە كە گەیشتنە بە دەسەڵات یاخود فراوانكردن ‌و تۆكمەتركردنی دەسەڵاتی خۆیانە.

ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا لە بەدیهێنانی حكوومەتێكی بەهێزدا

لە پاڵ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆن هێزی چاودێرە بەسەر كارەكانی حكوومەت، بەڵام تەواوكەری هاوكێشەی سیاسی و حوکمڕانییە لە كۆمەڵگەدا؛ نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێزیش حكوومەتێكی ناتەندروست ‌و دیموكراسییەكی ناكامڵ لە وڵاتدا بەرهەم دەهێنێت.

گەشەكردن و پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگەیەك، بە ڕاددەیەكی زۆر وابەستەیە بە بوونی حوکمڕانییەكی باش و ڕەشید -الحكم الصالح والرشید/ Good Governance-، حوكمی باش ‌و ڕەشیدیش بەرهەمی سیستەمێكی سیاسیی تەندروستە، كە سەقامگیریی سیاسی فەراهەم بكات.

لە سیستەمە سیاسییە هاوچەرخەكانیشدا هەوڵی بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی لە ڕێگه‌ی ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دراوە. ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش، كاتێك بەدی دێت كە هەر یەك لەو دووانە _دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن_ ڕێزلێگیراو بن لە كۆمەڵگەدا و، بە یاسا ئەرك و مافیان دیاریكراو بێت. پێویستیشە ئەو هەستە لای دەسەڵات و هاووڵاتیانیش دروست ببێت كە بوونی ئۆپۆزیسیۆن گەرەنتیی بەدیهێنانی حوکمڕانییەكی باش و تەندروستە و، بەشێكی سەرەكیی سیستەمی سیاسییە؛ چونكە كاتێك ئەم تێڕوانینە هەبوو، ئەوا چیدیكە گومانی خراپ بە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكان نابرێت و، بەردەوام وەك تۆمەتبار سەیریان ناكرێت كە تۆمەتی جۆراوجۆر بخرێتە پاڵیان.

پێویستە لە سیستەمی سیاسیدا بەڕوونی هێڵەكانی جیاكەرەوەی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات دیاری بكرێت، تا خەڵك و جەماوەر دوچاری چەواشەكردن نەكرێن و حزبەكانیش ئەوەندە نەتوانن یاری بە هەستی هاونیشتمانیان بكەن؛ لە لایەك بەشدار بن لە حكوومەت و، لە لایەكی ترەوە لە شەقام و ڕاگەیاندنەوە ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بگێڕن.

ئەگەر سەیری سیستەمی سیاسیی وڵاتانی پێشكەوتوو بكەین، دەبینین بوونی ئۆپۆزیسێونێكی چالاك و كارا لە بەرانبەر دەسەڵات، جۆرێك لە سەقامگیری و هاوسەنگیی دروست كردووە؛ هەر بۆ نموونە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە نێوان حزبی كۆمارییەكان و دیموكراتەكان بەبەردەوامی ڕۆڵەكانیان دەگۆڕدرێت. یان وڵاتێكی وەك بریتانیا، بەردەوام دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە نێوان هەر دوو حزبی كرێكاران و پارێزگاراندا ئاڵوگۆڕ دەكرێت. یان لە فەڕەنسا لایەنێك یان ئەو چەند لایەنەی كە حكوومەت پێك دەهێنن بەواقعی لە بڕیاری حكوومەتدا بەشدارن و ئەو لایەن یان چەند لایەنەیشی كە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، بەتەواوی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دەگێڕن. ئەمەیش دەبێتە هۆی پاراستنی سەقامگیریی سیاسی لە وڵاتەكەیاندا.

لێرەوەیە بۆمان دەردەكەوێت كە بوونی ئۆپۆزیسێون خزمەتێكی بەرچاو بە پرۆسەی سیاسی ‌و بنیاتنانی حكوومەتێكی بەهێز ‌و بەرپاكردنی سەقامگیریی سیاسی دەكات لە كۆمەڵگەدا. لە هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەوەی هەمان ئەزموونی سەركەوتووی وڵاتانی پێشكەوتوو دووبارە بكەینەوە، پێویستمان بەوە هەیە كە بە شێوەیەكی كردەیی پیادەی ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا بكەین لەناو پرۆسەی سیاسیی وڵاتدا.

بۆ ئەم خولەی پەرلەمان _خولی پێنجەم_ كە پێدەچێت ڕەشنووسی دەستوور لە پەرلەمان تێ پەڕێنرێت، پێویستە لە دەستووردا ڕەچاوی گەرەنتیی بوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا بكرێت و مافەكانی دیاریكراو بێت، بۆ ئەوەی كوردستان بەرەو سیستەمێكی سیاسیی سەقامگیر هەنگاو بنێت و، دەسەڵات ‌و كابینەی نۆیەم بتوانێت حوکمڕانییەكی دروست پیادە بكات و، ئۆپۆزیسیۆنیش ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت و كۆمەڵگە بەرەو قۆناغی گەشەكردن هەنگاو بنێت و متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بگەڕێتەوە.

دەبێت ئۆپۆزیسیۆنیش جۆرێك بێت لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەرێنی و چالاك ‌و كارا، چونكە ئەگەر بوونەئۆپۆزیسیۆن هەر بۆ ئەوە بێت قسە بكرێت و ڕەخنە بگیرێت، ئەوە پێویست بە بوون بە ئۆپۆزیسیۆن ناكات، چونكە دامەزراوەی دیكە زۆر هەن كە كاریان بەس قسەكردن بێت وەكوو جۆرێك لە ڕاگەیاندنەكان. بۆیە ئۆپۆزیسیۆنبوون لە ئێستادا پێویستە ڕێبەرایەتیی خەڵك بكات ‌و، پلان ‌و بەرنامەی گشتگیری هەبێت بۆ چاكسازی ‌و باشتركردنی دۆخی سیاسی ‌و ئابووری ‌و كۆمەڵایەتی ‌و ...؛ لە هەمان كاتدا ئۆپۆزیسیۆنی كارا، دەبێت هاوشانی دەسەڵات لە بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی لە كۆمەڵگەدا بەشدار بن.

كۆتایی

هەبوونی‌ ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا، یەكێكە لە پێداویستییەكانی‌ پرۆسەی‌ دیموكراسی ‌‌و كاری پەرلەمانی لە تەواوی ئەزموونی پێشكەوتووی دونیادا و؛ ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی كوردستاندا ئەزموونێكی‌ نوێیە و لە دەیەی یەكەمی تەمەنیایەتی.

بۆیە وا باشە هەموو لایەك لە دامەزراوە نیشتمانییەكانی‌ كوردستان ‌و حزبە سیاسییەكان ‌و میدیا و دامەزراوە مەدەنییەكان مامەڵەی‌ لەگەڵ‌ بكەن، بۆ ئەوەی‌ زووتر ئاوێتەی‌ پرۆسەی‌ سیاسی‌ ببێت. لەم قۆناغەدا هەرێمی كوردستان پێویستی بە حكوومەتێكی بەهێز ‌و، ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا هەیە و، لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستە تێكڕای پرۆسەی‌ سیاسی‌ ‌و كاری‌ پەرلەمانی ‌‌و حكوومەت ‌‌و دامەزراوەی دادوەری‌، لە خزمەتی‌ باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان ‌و پرۆسەی حوکمڕانیدا بێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples