ئامانجە ڕاگەیەنراو ‌و ڕانەگەیه‌نراوەكانی ئەمریكا لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا

سەروەر حەمە ئەحمەد، مامۆستا لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان/ زانكۆی سەڵاحەددین – هەولێر

دەروازە

تا دێت ململانێكان توندتر ‌و هەڕەشە ‌و سزاكان جددیتر ‌و، دۆخەكە ئالۆزتر دەبێت؛ ڕەنگە ئەمە گوزارشت ‌و پێناسەیەكی تەواو دروست بێت بۆ پەیوەندییەكانی قۆناغی ئێستای نێوان ئەمریكا ‌و كۆماری ئیسلامیی ئێران. لەم ڕۆژانەی دواییدا ئەمریكا كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئابراهام لینكۆڵن" (USS Abraham Lincoln)ی لە دەریای سپیی ناوەڕاستەوە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە. دواتریش چوار فڕۆكەی بۆمبهاوێژی B-52ی بۆ بنكەی ئاسمانیی "ئەلعودەید" لە قەتەر ناردووە و وا بڕیاریشە بە هەزاران سەربازی پیادەی دیكە ڕەوانەی نێو بنكە سەربازییەكانی خۆی لە ناوچەكە بكات. ئەمانە زەنگی دۆخێكی پڕكێشمەكێش لە ناوچەكە لێ دەدەن. ئێمە لە دووتوێی ئەم وتارە شیكارییەدا دەمانەوێت تیشكێك بخەینە سەر پانۆرامای ئەم سزایانەی ئەمریكا بۆ سەر ئێران ‌و، خستنەڕووی ئامانجە ڕاگەیەنراو ‌و ڕانەگەیه‌نراوەكانی ئەمریكا لە سەپاندنی سزا بەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

پانۆرامای سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران

ڕیشەی ئەم ململانێیانە لە سەردەمی ئیدارەی "دۆناڵد ترامپ" (Donald J. Trump)، بۆ كانوونی یەكەمی ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە؛ كاتێك كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕاپۆرتێكی لەسەر ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریكا بڵاو كردەوە، كە بەپێی ڕاپۆرتی ستراتیژییەتی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ساڵی 2017، ویلایەتە یەكگرتووەكان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی دەوێت كە نەبێتە لانكەی پێگەیاندنی تیرۆریستە جیهادییەكان ‌و، لە لایەن هێزێكەوە كۆنتڕۆڵ نەكرێت كە دوژمنی ئاسایش ‌و بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ‌و هاوپەیمانەكانی بێت، كە بەڕاستەوخۆ مەبەستیان لەو هێزە كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، كە ئەمریكییەكان پێیان وایە ئێران لە ئاستی جیهانیدا ڕێبەرایەتیی تیرۆریزم دەكات.

لە ساڵی 2018وە هەنگاوە كردارییەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بەرامبەر ئێران دەستی پێ كرد، بە جۆرێك كە لە ڕێكەوتی 8ی ئایاری 2018 ترامپ كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی نێوان ئێران ‌و وڵاتانی (5+1) ڕاگەیاند؛ كە ئەم ڕووداوە بە یەكێك لە گرنگترین ‌و پڕمشتومڕترین بڕیارەكانی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەرانبەر بە ئێران دادەنرێت. دواتر لە 7ی ئابی 2018، ئەمریكا گەڕی یەكەمی سزاكانی ئەمریكای بۆ سەر ئێران چالاك كردەوە كە چەند كەرتێكی جیاجیای ئێرانی گرتەوە، وەك: مامەڵەكردن بە دۆلار و گواستنەوەی داهاتەكانی ئەو وڵاتە بۆ بانك و دامەزراوە ئێرانییەكان. پاشان لە 5ی تشرینی دووەمی 2018 گەڕی دووەمی سزاكانی بەسەر ئێراندا سەپاند كە كەرتی وزە ‌و هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتەی گرتەوە. دواتر لە بڕیارێكی كەموێنەدا لە مێژووی ململانێكانی ئەمریكا ‌و ئێران، لە ڕۆژی 8ی نیسانی 2019 دۆناڵد ترامپ، سەرۆككۆماری ئەمریكا، لە بڕیارێكیدا بەفەرمی پلانی ئیدارەكەی بۆ ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ڕاگەیاند و، سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی تیرۆری وەزارەتی دەرەوە؛ كە ئەمەیش ویست ‌و ئیرادەی ئیدارەی ترامپی لە دژایەتیكردنی ئێران جددیتر كرد.

لە لایەكی دیكەیشەوە لە ڕۆژی 22ی نیسانی 2019، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داوای لەو هەشت وڵاتەی‌ كە نەوتی ئێران دەكڕن، كرد، كە دەست لە هاوردەكردن و كڕینی نەوتی ئەو وڵاتە هەڵگرن و، لە ڕۆژی 2ی ئایاری 2019وە هەر وڵاتێك پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە. بەمەیش ئیدارەی كۆشكی سپی ڕای گەیاند چیدی ئامادە نییە مۆڵەتی تایبەتی كڕینی نەوتی ئێران بۆ ئەو هەشت وڵاتە درێژ بكاتەوە كە پێشتر بەخشرابوون. لە 8ی ئایاری 2019یش لە ساڵیادی كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران، ترامپ بڕیاری دا سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێ كە سزا نوێیەكان كەرتی پیشەسازی دەگرێتەوە و، قەدەغەی كردووە مس، پۆلا، ئاسن، بەردی كانزایی و ئەلەمینیۆمی ئێران هەناردەی دەرەوە بكرێت.

پاش ئەم مانۆڕە سزایانە بە چەندین قۆناغی جیاواز، دۆخی پەیوەندییەكانی ئەمریكا ‌و ئێرانی خستە قۆناغێكی ئاڵۆزترەوە؛ بە جۆرێك كە هەر دوو لایان ئامادەی هەر جۆرە بەرهەڵستییەكن كە هه‌ر یه‌كێكیان بكاته‌ سەر ئەوی دیكە. بۆ ئەم مەبەستەیش لە ئێستادا ئەمریكا زیاتر لە هەشت كەشتیی فڕۆكەهەڵگر و چوار ژێردەریاییی ڕوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردووە، كە دیارترینان كەشتیی فڕۆكەهەڵگری "ئابراهام لینكۆڵن"، "ئایزنهاوەر"، "كوك" و "ستینیس"ه‌، كە توانای وەڵامدانەوەی هێرشی ئەتۆمییان هەیە. پێمان وایە ئەمریكا دەیەوێت لە ڕێگه‌ی سزا ئابوورییەكانەوە بۆ سەر ئێران، چەندین ئامانجی ڕاگەیەنراو ‌و ڕانەگەیه‌نراو بەدی بهێنێت.

ئامانجە ڕاگەیەنراو ‌و ئاشكراكانی ئەمریكا لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا

بێ گومان لەپشت ئەم ململانێیانەی نێوان ئەمریكا ‌و ئێرانەوە كۆمەڵێك ئامانجی ڕاگەیەنراو ‌و ئاشكرا هەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر زاری وەزیران ‌و سیناتۆر و ڕاوێژكارانی نێو كۆشكی سپیەوە ئاماژەی پێ دەدەن، كە لە دیارترینیان بریتین لە:

  1. ئامانجی‌ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئە‌مریكا، لە‌باربردنی‌ كاریگە‌ریی‌ ئێرانە‌ لە‌سە‌ر ناوچەی‌ ڕۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست لە ‌ڕێگەی‌ بڕینی دەستی ئێران لەناو وڵاتانی ناوچەكە ‌و، كە‌مكردنە‌وەی‌ دە‌ستكە‌وتە‌كانی ‌‌و، كەمكردنەوەی ژمارەی‌ ئە‌و گرووپ‌ و ڕێكخراوانەی‌ پشتگیری ‌‌و هاوپەیمانیی‌ ئێران دە‌كە‌ن.
  2. ئەمریكا ڕێگە بە دەركەوتنی دەوڵەتێكی ئەتۆمی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نادات كە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە لاسەنگ بكات. بۆ ئەم مەبەستەیش هەموو ڕێگەیەك دەگرێتە بەر، بە ڕێگەچارەی سەربازییشەوە.
  3. ئامانجێكی تری سزاكان بریتییە لە كشانەوە و لەقاڵبدانی هێز و نفووزی ئێران لە ناوچەكەدا، بەتایبەت هاوكاری و دەستێوەردانەكانی لە سووریا و عێراق و یەمەن و لوبنان سنووردار دەكرێت. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەندارێتیی نزیكەی 40 گرووپ و میلیشیای چەكداری مەزهەبیی شیعی دەكات، كە بەهێزترینیان حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن و حەشدی شیعیی عێراقە، كە دەتوانن مەترسیی جددی و كاریگەر بن بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە. "جۆن بۆڵتن" (John Bolton)، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، هەواڵی ئەوەی بڵاو كردەوە، كە ئەم هەنگاوە توندانەی ئەمریكا لە بەرانبەر ئێران، بۆ ئەوەیە ڕێگری لە ئێران و گرووپەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێت كە هێرش بكەنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.
  4. پاراستن‌ و گواستنەوەی نەوت لە ڕێگه‌ی دەریایییەوە؛ بە جۆرێك سەرچاوەكەیشی لەژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت، لەگەڵ بەدەستهێنانی قازانجێكی درێژخایەن بۆ كۆمپانیا نەوتییە ئەمریكییەكان، چونكە لەم ڕێگه‌یەوە دەتوانێت بەسەر گشت هێزە جیهانییەكان كە دەیانەوێت كیبڕكێ‌ لەگەڵ ئەمریكادا بكەن، زاڵ بێت. كۆنتڕۆڵكردنی نرخی نەوت لە جیهاندا، بە شێوەیەك ببێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووریی ئەمریكا ‌و پڕكردنەوەی پێداویستییە ناوخۆیییەكانی، بەتایبەت لە بواری پیشەسازییەوە.
  5. ڕێگەگرتن لە بوونی هەر پڕۆژەیەك لە ناوچەكە، كە لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بێت، لەگەڵ پاراستنی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكە ‌و دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵیاندا.
  6. لە لایەكی ترەوە ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داكۆكی لەسەر ستراتیژییەتێكی تر دەكاتەوە كە بریتییە لە هاوكاریكردنی ماددی ‌و لۆجیستیی هاوپەیمانە ستراتیژییەكانی، بەتایبەتیش ئەو دەوڵەتانەی كە ئامانج‌ و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەپارێزن، وەك دەوڵەتانی كەندا‌و (میسر، ئیسڕائیل، ئوردن، لوبنان و هتد)؛ لە بەرامبەریشدا ئەمریكا پاریزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی ‌و ئابووریی ئەو دەوڵەتانە دەكات.

ئامانجە ڕانەگەیه‌نراو و نائاشكراكانی ئەمریكا لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا

بێ گومان لەپشت ئەم چەشنە سزا قورس ‌و ئەم ململانێ توندانەوە، كۆمەڵێك ئامانجی ڕانەگەیه‌نراو ‌و شاراوەیش هەن كە ویلایەتە یەكگرتووەكان بە سەركردایەتیی ئیدارەی ترامپ دەیانەوێت بەدەستی بهێنن، كە لە دیارترین ئەو ئامانجە نائاشكرایانەیش بریتییە لە:

  1. ئامانجە دوورمەودا و ڕانەگەیه‌نراوەكە گۆڕینی ڕژێمی ئێرانە، هەروەك "ڕیچارد كلارك" (Richard A. Clarke)، بەرپرسی دژەتیرۆر لە ئیدارەی پێشووتری ئەمریكی، پێی وایە ئامانجی شاراوەی ڕێوشوێنە توندەكانی ئیدارەی ترامپ "گۆڕینی ڕژێمە لە ئێران" و، ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە پێدەچێ سزا ئابوورییەكانیش هەر بۆ ئەو مەبەستە بن و ڕەنگە لە داهاتووێكی نزیك یان دووردا ئەمریكییەكان بەو ئامانجەی خۆیان بگەن. "ئاژانسی مێهری ئێرانی"یش لەسەر زاری "حەسەن ڕۆحانی" سەرۆككۆماری ئێران، دەڵێت: "ئامانجی ئەمریكا ئەوەیە لە ڕێی كەمكردنەوەی شەرعییەتی سیستەمی حكومڕانی، ڕژێمی ئێران بگۆڕێت." واتە ئەمریكا بە سەپاندنی گەمارۆ نەوتییەكان بە دوای گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانەوەیە.
  2. ئەمریكا وای دەبینێت هەڕەشەكانی ئێران بە داخستنی گەرووی هۆرمز، بۆ گوشارخستنە سەر ئەمریكا و بازاڕی نەوتی جیهانییە. بۆیە ئیدارەی كۆشكی سپی ئامانجێتی، سنوورێك بۆ ئەم ڕفتارەی كۆماری ئیسلامیی ئێران دابنێت، بەوەی كە جڵەوی بەڕێوەبردنی گەرووی هۆرمز لە ئێرانییەكان وەربگرێتەوە ‌و بیخاتە ژێر ڕكێفی خۆی یان وڵاتانی هاوپەیمانی لە ناوچەكە لە وێنەی ئیمارات. پەلاماردانی چوار كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی، ڕەنگە سەرەتای دوورخستنەوەی دەست ‌و هەڕەشەكانی ئێران بێت لە ئاوەكانی كەنداو، چونكە ڕۆژاوایییەكان پێیان وایە، ئێرانییەكان گەرووی هۆرمز وه‌ك چەكێكی سیاسی بەكار دەهێنن ‌و هەڕەشەی پێ دەكه‌ن.
  3. ئەمریكا دەیەوێت هێژموونی تاكلایەنەی خۆی دووبارە بەسەر جیهاندا بگەڕێنێتەوە، هەروەك دروشمی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپیش هەر ئەمە بوو (Make America Great Again). بۆیە ترامپ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو مەزنایەتییە، لە ئێرانەوە دەست پێ دەكات؛ واتە ئەمریكا دەیەوێت لە ڕێگه‌ی ئێرانەوە پاریزگاری لە هێژموون ‌و تاكجەمسەریی خۆی بكات.
  4. لە ڕوانگەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە، ئێران لە نێوان بژاردەی جه‌نگ و ئاشتیدا نییە، بەڵكوو لە نێوان بژاردەی یان جه‌نگ یان خۆبەدەستەوەداندایە؛ بەو مانایەی كە كۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوەختە دان بە دۆڕاندنی خۆیدا بنێت و پەڕاوی خۆبەدەستەوەدان بۆ ئەمریكا واژوو بكات. واتە ئەمریكا ئامانجییه‌تی، ئێران ڕێككەوتنێكی دیكەی ئەتۆمی بە مەرجی ئەمریكا واژوو بكات.
  5. ترامپ ‌و ئیدارەكەی، جددین لە ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگریكردن لە فراوانبوونی زیاتری ڕووسیا و چین لە ناوچەكە، چونكە بە مەترسیی بۆ سەر ئاییندەی سیاسی ‌و ئابووریی ئەمریكا و ڕۆڵی سەركردایەتیكردنی جیهان لە لایەن ئەمریكاوە دەزانن. واتە لە ڕێگه‌ی بەچۆكداهێنانی ئێرانەوە دەیەوێت ئابڵووقەی هەوڵەكانی ڕووسیا و چین بدات لە ناوچەكە.
  6. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە قۆناغی یەكەمی سزا ئابوورییەكانی دژ بە ئێران، ئامانجی زیادكردنی دەنگی ناڕەزایەتییە لە ناوخۆی ئێراندا و تەقینەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەرییە دژی دەسەڵاتی ئێستا و لەو ڕێگەیەوە دەسەڵات خۆبەخۆ دەرووخێت و، ئەگەر قۆناغی یەكەم سەر نەكەوت، ئەوا سزاكان بەردەوام دەبێت؛ بەوەیش دەسەڵاتی ئێستای ئێران ناچار دەبێت مل بۆ ئەمریكا كەچ بكات و ڕازی بێت جارێكی تر بچێتەوە دانوستانەكان و ئەمریكا مەرجەكانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت.

كۆتایی

بە شێوەیەكی گشتی، ئامانج ‌و ستراتیژیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت كە هەوڵ دەدات ئاسایشی نیشتمانی و هێژموونی سیاسی و ئابووری و سەربازی و كه‌لتووریی خۆی پتەو بكات و پارێزگاری لە پێگە و باڵادەستییە جیهانییەكەی بكات و بەرژەوەندییە زیندووەكانی لە هەموو جیهاندا بپارێزێت و ڕێگە بە هیچ دەوڵەتێكی تر نەدات كێبڕكێ بكات و جێگەی ئەمریكا بگرێتەوە یاخود ببێتە ڕێگر لە بەردەم بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەكانی؛ ئەمریكا بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە هەموو میكانیزمە سیاسی، سەربازی، ئابووری و كه‌لتوورییەكانی گرتۆتە بەر. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وەك ناوچەیەكی پڕبایەخ بەشێكی سەرەكی و گەورەی لە هزری ستراتیژیی ئەمریكا داگیر كردووە و بەردەوام وەك ناوچەی بەرژەوەندیی زیندوو، بەستراوەتەوە بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكاوە. بۆیە نایەوێت لە لایەن هێزێكی وەك كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە ببردرێت ‌و قۆرخ بكرێت.

ئەمریكا لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییشەوە زلهێزترین وڵاتی جیهانە، بە جۆرێك لە سەرانسەری دونیادا خاوەنی نزیكەی هەشت سەد و شەست پێگەی سەربازییە و بەشێكی ئەو بنكە سەربازییانەیشی لە ناوچەكەدایە كە ئەركیان پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە.

بە شێوەیەكی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خاوەنی چەندین ئامانجی ڕاگەیەنراو ‌و ڕانەگەیه‌نراوە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا. هەر ئەمەیشە وا دەكات كە لە هەموو ئەگەرەكاندا ئێران نەتوانێت وەك ئێستا بەردەوام بێت و هێز و دەسەڵاتی گۆڕانكاریی گەورەی بەسەردا دێت؛ لە ناوخۆی ئێرانیشدا گۆڕانكاریی گەورە ڕوو دەدات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples